لە دوای کۆبوونەوەی پارتە کوردستانییەکانی باکوری کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی دۆستایەتی نەتەوەیی، ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکە بڵاو کرایەوەو تێدا داوا لە هەموو لایەنێکی کوردستانی کرا ببنە پشتیوان بۆ سەرخستنی ئەم رێرەوە مێژووییەی گرتوویانە بەر.
نوێنەرەکانی هەر یەک لە کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک (کەجەدە) و پارتی گەلانی دیمۆکراتیک (هەدەپە) و پارتی هەرێمەکانی دیمۆکراتیک (دەبەپە) و کۆمەڵگای کۆردانی دیمۆکراتیکی شۆڕشگیڕ (دەدەکەدە) و پارتی دیمۆکراتی کوردستان-تورکیا (پەدەکە-تە) و پارتی دیمۆکراتی کوردستان-باکور (پەدەکە –باکور) و پارتی مرۆڤ و ئازادی و بزوتنەوەی رزگاری و پارتی ئازادی و پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، لە ژێر دروشمی ( یەکێتی نەتەوەیی) لە ئامەد کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش ئەمڕۆ راگەیێنراوی کۆتایی لە لایەن پارتی مرۆڤ و ئازادییەوە خوێنرایەوە.
دەقی ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە:
" دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان بنپێ دەکات. سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی شارەوانی کە بە دەنگی گەلەکەمان هەڵبژێردراون قبوڵ ناکات و لە جیگای ئەوان، قەیوم جێگیر دەکرێن. بەم شێوەیە زیان بە دیمۆکراسیی خۆجێیی و ئیرادەی گەلەکەمان دەگەیێنن. ئیرادەی گەلەکەمان راستەوخۆ قبوڵ ناکرێت. لە دژی کادرە سیاسییەکانمان ئۆپڕاسیۆنی دەستگیرکردن و گرتن و هەڵکوتانە سەرماڵان بەردەوامە. مافی یاسایی و شەرعیی سیاسەتی گەلەکەمان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی گەلەکەمان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ناو دبرێن.
بۆ ئەوەی ئەو رووداوانەی لێرەو لە دەرەوەی سنوورمان روودەدەن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەلەکەمان و کادرە سیاسیەکانمان و پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان دروست دەکەن، نەهێڵین، پێویستی بە گەڕان و بەدواداچوونێکی نوێ هەیە.
پێشکەوتنەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بووەتە جێگای سەرنجی گەلانی جیهان و رای گشتی. لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا، پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی هاتووەتە کایەوە. ئەگەر ئێمە هێزەکانمان یەک بخەین، قبوڵکردن و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئاشتییانەو سیاسیی ئێمە، زیاتر دەبێت. بۆ ئەوەی بتوانین لە بەرامبەر بارۆدۆخە قوڕسەکان بوەستینەوە، پێویستە هاوکاری یەکتر بین.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ پارتە سیاسی و بزوتنەوەکانمان کە لە خوارەوە ناویان هاتووە، لە ژێر رۆشنانیی هاوکاریی نەتەوەیی، کۆبوونەوە.
بڕیار
ئەو پلانانەی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان لەسەر دراوە:
١-بونیادنانی دۆستایەتی نەتەوەیی لە باکوری کوردستان.
٢-بۆ بونیادنانی دۆستایەتییەکی هەمیشەیی، بەردەوامی بە چالاکییەکانمان دەدەین لە ژێر ناوی "خەباتی دۆستایەتی کوردستانی".
٣-لە ١٨ و ١٩ی کانونی یەکەم بۆ دانانی بنچینە و چوارچێوەو پێکهاتەو رێبازەکانی دروستکردنی دۆستایەتی نەتەوەی، کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی ئەنجام دەدرێت.
٤-ئامادەکاری کۆبوونەوەکە لە لایەن کۆمیسیۆنێکەوە رێک دەخرێت کە ئەو کۆمیسیۆنەش لە ٥ کەس پێک دێت.
٥-دەرگای ئێمە کراوەیە بۆ هەموو ئەو پارت و بزوتنەوە کوردستانییانەی کە لە سەرەتای ئەم هەوڵ و خەباتەدا هاوکارن بۆ دروستکردنی دۆستایەتی نەتەوەیی و دەتوانن بەشداری ئەو دۆستایەتییە ببن.
وەک خەباتی دۆستایەتی کوردستانی گوێ لە هەموو بانگ و داواکارییەکانی گەلەکەمان دەگرین و ئێمەش بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان، بانگ لە هەموو رۆشنبیر و ریش سپی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین بەشداری ئەم غیرەت و هەوڵانەمان ببن و بە فکر و بیروبۆچونیان و بە رەخنەو پێشنیارەکانیان هێز و پشتیوان بن بۆ ئەم هەوڵە مێژووییەمان. با هەموومان ئەم رێرەوە بگەیێنینە قۆناغی سەرفرازی و یەکێتییەکی نەتەوەیی هەمیشەیی بونیاد بنێین.
ئەو پارت و بزوتنەوانەی ئەم ئەنجامنامەیەیان ئیمزا کردووە بریتین لە:
بزوتنەوەی ئازادی
پارتی دیمۆکراتیکی گەلان
کۆمەڵەی کورد-ی شۆڕشگێر و دیمۆکراتیک
کۆنگرەیا کۆمەڵگای دەمۆکراتیک
پارتی گەلانی دیمۆکراتیک
پارتی هەڵسانەوەو ئازادی
پارتی کۆمۆنیستی کوردستان
پلاتفۆرمی دیمۆکراتانی کورد
پارتی دیمۆکراتی کوردستانی تورکیا"
7/12/2019