سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین رایگەیاند، پلانەکەی ئەمریکا رەتدەکەنەوە و رازینابن بەوەی قودس بە ئیسرائیل بدەن و بە فەرمی هەموو پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندوون.
ئەمڕۆ شەممە 01-02-2020 مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە گوتەیەکدا لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە رایگەیاند، "کە گوتیان قودس بۆ ئیسرائیل دەبێت، بە هیچ شێوەیەک بەم چارەسەرە رازی نەبووم و نابم. هیچ کات رازینابم بەوەی مێژوو تۆماری بکات کە قودسی پایتەختی هەتاهەتاییمانم فرۆشتبێت".
مەحموود عەباس ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر رازیبووین بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر 22%ی خاکی مێژوویی فەلەستین، کەچی ئێستا داوای 30%ی ئەو رووبەرەش دەکەن کە ماوەتەوە، بۆیە بە فەرمی بە ئیسرائیل و ئەمریکامان راگەیاند کە هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا پچڕاندن و داوامان لە ئیسرائیل کرد وەک هێزی داگیرکار بەرپرسیارێتییەکانی لەئەستۆ بگرێت".
ئەم گوتانەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی دوای راگەیاندنی دەستپێشخەریی سەدە تایبەت بە بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند و هەر زوو دەسەڵاتی فەلەستینی رەتیکردەوە.
ترەمپ نەخشەیەکی نوێی بۆ سنووری ئیسرائیل و فەلەستین داناوە کە تیایدا ئۆرشەلیم (قودس) بە پایتەختی ئیسرائیل دانراوە و بەگوتەی خۆی، ئەو خاکەی بۆ فەلەستین لە نەخشە نوێیەکەدا دیاریکراوە، دوو هێندەی ئەوەی ئێستا دەبێت و رێککەوتنەکەی بە هەلێکی مێژوویی بۆ فەلەستینییەکان ناوبرد تاوەکو لە کۆتاییدا ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لە نەخشەی فەلەستیندا کەناری رۆژئاوا بە توونێلێک بە کەرتی غەززەوە دەبەسترێتەوە.
3/2/2020