سەید عەزیم حوسێنی، کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و باسی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و چەند پرسێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و لەبارەی درەنگکەوتنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی، " شتێکی سروشتییە تاوەکو ئێستا پێکنەهاتووە". کونسوڵی ئێران لە بارەی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند: "هەردوو ئامانجەکەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە ئیستیقلال و ئازادی بوون، تاڕاددەیەکی زۆر بەدیهاتووە و ئێستا ئێران یەکێکە لە سەربەخۆترین وڵاتەکانی دونیا". سەبارەت بە بەشداری کورد لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەری حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەید عەزیم گوتی: "زۆربەی ئەو حیزبانەی ئێوە پێتانوایە نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکەن و ئێمە پێمان قەبوڵ نییە، بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئێمە، زۆر زیاتر بوو لە پێشووتر". لەبارەی رەوشی سووریاوە، بە بۆچوونی حوسێنی ئێستا هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش هاتوونەتە سەر تێڕوانینی سێ ساڵ پێش ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران، کە چارەسەری رەوشی سووریا دەبێ بە رێگەی چارەسەری سیاسی بێت. هەروەها لەبارەی راگەیاندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، کونسوڵی ئێران لە هەولێر بۆچوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستەڕوو و گوتی: "ئێمە رێز لە بژاردەی خەڵک دەگرین، بە هەمان شێوەی عێڕاق، کە لە رێگەی فیدڕاڵیەتەوە یاسای جیاوازیان نووسیوەتەوە، لە سووریاش خەڵک چۆن بڕیار بدات کۆماری ئیسلامی ئێران رێزی لێدەگرێ و پەیوەندی باشی دەبێت و بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی لەخەڵکی سووریا دەکەین". سەید عەزیم لەبارەی ئامادەنەبووونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسیمی 35 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، گوتی: "ئێمە لێرە خۆمان میوانی کوردی عێڕاقین، بڕیار نییە ئێمە، کە میوانین، میوانداری بکەین، ئەوە بەرپرس و کاربەدەست و سەرۆکەکانی ئێرەن، کە دەبێ مەراسیم رێکبخەن و میوانداری لە ئێمە بکەن، ئێمە دەستوورنادەینە ئەوەی کێ بەشداری دەکات و کێ بەشداری ناکات، ئێمە پێمان خۆشە هەموو لایەک بێن، بەڵام ئەو کەسانە خۆیان بڕیار دەدەن بێن یاخود نەیەن، بێگومان بۆ نەهاتنیشیان هۆیەکیان هەیە". سەبارەت بە بانگهێشتی شاندێكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیوەندیدا لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاریگەریییەکانی ئێران لەسەر بڕیارە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە، کونسوڵی ئێران لە هەولێر گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە مشاوەرەیەکی دۆستانە و ئیسلامیانەیە، ئێران دەرگاکانی بەرووی هەموو لایەکدا کراوەتەوە". سەید عەزیم حوسێنی قسەی لەبارەی پێکنەهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەبوو و گوتی: "شتێکی زۆر سروشتییە، کە تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە، چونکە پێشتر حیزبەکان کەمتر بوون و زووتر پێکدەهاتن، ئێستا حیزبەکان زیاترن و بیروبۆچوونەکانیش رەنگاوڕەنگن".
rudaw
13/2/2014