گوتەبێژی فەرمی گەردەلوولی یەکلاییکەرەوە رایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەپێی ئەو خشتەیەی بۆی دانراوە، بەردەوامەو تاوەکو ئێستاش 1200 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون.
عەمید روکن ئەحمەد عەسیری، گوتەبێژی فەرمی گەردەلوولی یەکلاییکەرەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی راپۆرتی رۆژانە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە حوسییەکان و لایەنگرانیان لەیەمەن، رۆژی شەممە 11ی نیسانی 2015 رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر حوسییەکان و لایەنگرانیان لەیەمەن، بەپێی ئەو خشتەیەی بۆی دانراوە، بەردەوامە و تا ئێستاش 1200 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون، بە تێکڕایی رۆژانە 120 هێرشی ئاسمانی کراوە".
عەسیری ئاماژە بەوە دەدات "پەنابردنە بەر هێرشی زەمینی لە کاتێکی گونجاودا دەبێت".
لەکاتی گرێدانی کۆنگرەکە، عەسیری ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا فڕۆکە جەنگییەکان سەرنج دەخەنە سەر شوێنی لیواکان و سەربازگەی ملیشیاکان، لەو نێوانەشدا چەند لیوایەکی گەورەیان لە سەعدە، لیوای 125 و ئاسایشی ناوەندی لە عەدەن، بارەگاکانی بەرگری ئاسمانییان کردوونەتە ئامانج".
ئەو گوتەبێژە روونیدەکاتەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ئاسانتر دەتوانرێت ملیشیاکان بکرێنە ئامانج، بەتایبەت دوای بڕینی رێگەی سەرەکی لێیان.
دوو هەفتە زیاترە هاوپەیمانێتی گەردەلوولی یەکلاییکەرەوە، کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات دەستیپێکردووە. گوتەبێژی سوپای یەمەنیش رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودییە و هاوپەیمانان 200 منداڵیان کوشتووە.
عەقید شەرف لوقمان، گوتەبێژی سوپای یەمەن، کە پشتیگری لە حوسییەکان و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەکات دەڵێ "ئامانجی سەرەکی سعودیە ئەنجامدانی جەنگێکی گشتگیرە و لەشکرکێشییە بۆ سەر خاکی یەمەن". ئەو گوتیشی "زیاتر لە هەزار کەس کوژراون، 200 لە کوژراوەکان منداڵن، 40یان ئافرەتن، خۆتان لە تەلەفزیۆن بینیوتانە ئافرەتی دووگیان کوژراوە، هەروەها ٢٠ لە سەدی خەڵکی بەتەمەنن. ئێمە دژی ئەمە دەوەستینەوە و بە بنەماڵەی ئال سعود دەڵێین رێگاتان پێنادەین بەردەوام بن لەسەر ئەم تاوانانە".
١٢/٤/٢٠١٥