ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات كە بۆ "یەكگرتنەوە"ی یەكێتی و گۆڕان "نەخشە رێگا دادەنرێ و كاك نەوشیروانیش لەسەر ئەمە رازی بووە". ئەندامێكی دیكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێ ئەگەر حیزبەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان یەكبگرنەوە، ئەوە لەبەر پارتییە.
نەخشەڕێگاكە چییە؟
بابەتی یەكگرتن و نزیكبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی هێندەی مەسەلەی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەرمە، یەكێتیش بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەكی پێكهێناوە.
(رووداو) لە رێگەی چەند سەرچاوەیەكی نێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە زانیویەتی كە لێژنەیەكی باڵا پێكهاتووە بۆ نزیكبوونەوە و یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ئاگاداری كاری لێژنەكەیە، ناوی ئەندامانی ئەو لێژنەیەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "هەر یەك لە كاك عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجید ئەندامی لێژنەكەن".
ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشیگوت كە "لێژنەكە بەتەنیا لەگەڵ هەر یەك لە نەوشیروان مستەفا و هێرۆخان كۆبوونەتەوە". ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی وەڵامی نەوشیروان مستەفای كرد بۆ لێژنەكە و گوتی "كاك نەوشیروان بە ئەندامانی لێژنەكەی گوتبوو، لەم بارودۆخەدا بەتایبەتی كە نێوخۆی یەكێتی جێگیر نییە، ناتوانین بەم دەمودەستە یەكبگرین، بەڵام دەكرێ نەخشەڕێگایەك دابنێین بۆ یەكگرتنی هەردوولا".
دەربارەی هەنگاوەكانی یەكەمی ئەو نەخشەڕێگایە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ "ئێستا هەوڵێك هەیە لە فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان و عێراقەوە دەستپێبكرێ، بەتایبەت هەردوولا یەك هەڵوێستیان هەبێ لە یەكلاكردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەبێ لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ و هەردوولاش لەسەر ئەمە كۆكن".
لەسەر حیسابی پارتی نییە
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیكردەوە یەكگرتنەوەیان لەسەر حیسابی پارتی بێت و گوتی "لەبەر ئەوەی یەكێتی كێشەی سەركردەی هەیە، بۆیە ناچارین پەنا بۆ كاك نەوشیروان ببەین. كاك نەوشیروانیش گوتوویەتی لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی قسە دەكەم، بۆ ئەوەی ئەویش وێنەی هەنگاوەكانی لەبەرچاوبن و ئەم نزیكبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لەسەر حیسابی پارتی نییە".
نەوشیروان مستەفا مەرجی هەیە
نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێ مەرجی هەیە. (رووداو) لە سەرچاوەیەكی نزیك لە نەوشیروان مستەفاوە زانیویەتی كە مەرجەكانی ئەمانەن "نابێ هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی لە سەركردایەتی بمێنن، لەوانەش كۆسرەت رەسوڵ، حاكم قادر، عومەر فەتاح و مەلا بەختیار، چونكە كاتی خۆشی كە كاك نەوشیران لەنێو یەكێتیدا بوو دژی ئەمانە بوو، بەڵام بەردەوام مام جەلال بەرگری لەو كەسانە دەكرد".
ئەم مەرجانەی نەوشیروان مستەفا گەیشتوونەتەوە لای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە ئێستا یەكێكە لەو سەركردانەی بڕیار بە نێوی یەكێتییەوە دەدات.
نەوشیروان مستەفا لە 25/7/2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دروستكرد و بەفەرمی جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند.
"ئەگەر یەكبگرنەوە لەبەر پارتییە"
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی حەزی خۆی بۆ یەكگرتنی گۆڕان و یەكێتی ناشارێتەوەو بە (رووداو)ی گوت "خۆزگە دەخوازم یەكبگرن... ئەگەر گۆڕان و یەكێتی یەكبگرن ئەوا لەبەر پارتی یەكدەگرن". سەعدی پیرە هەروەها دەڵێ "پارتی هەندێ گومانی لا دروست بووە لەسەر مەسەلەی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان، بەڵام پێویست بە گومان ناكات".
20/4/2015