فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی سنە لەلایەن دامودەزگەی دادوەری و بەرپرسانی زیندانەوە بەندكراوێكی دیكەی كورد لەسێدارە درا.

بەپێی هەواڵی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1 – 9 – 2015 سزای سێدارەی “سەید زاهید حوسێنی” بەندكراوی كوردی خەڵكی شاری سەقز لە زیندانی ناوەندیی سنە بەڕێوە چووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە ئەو بەندكراوە كوردە بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك سزای سێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە و ماوەی 13 ساڵیش زیندانی كراوە.

سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە كەلە رۆژانی رابردوودا بەندكراوێكی دیكەی كوردی خەڵكی شاری شنۆ لە زیندانی خوڕەم ئاوا لە پارێزگای لوڕستان لەسێدارە دراوە و پێنجشەممەی هەفتەی بەرێش بەندكراوێكی دیكەی كورد بەناوی “جەمال جەعفەری” لە زیندانی سنە لەسێدارە درا.

لە ماوەی كەمتر لە یەك حەفتەدا سێ‌ بەندكراوی كورد لەلایەن ناوەندە دادوەرییەكانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

١/٩/٢٠١٥

 

 

رۆبه‌رت فۆرد، تاوەکو ساڵ و نیوێك پێش ئێستا پیاوی ئه‌مریكا بوو له‌ دیمه‌شق. فۆرد له‌ سووریا بوو كاتێك سوورییه‌كان دژی حكومه‌ته‌كه‌یان راپه‌ڕینیان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام ئەو له‌باره‌ی سووریاوە نائومێدده‌بێت له‌ ستراتیژی سه‌رۆكه‌كه‌ی کە باراك ئۆبامایە و ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌.

كه‌مێك دوای رۆیشتنی فۆرد له‌ پۆسته‌كه‌یدا، ئامانجی ئه‌مریكا 180 پله‌ گۆڕا و له‌ رووخانی ئه‌سه‌ده‌وه‌، ئامانج بووه‌ لێدان له‌ دووژمنێكی ئه‌سه‌د، كه‌ ئه‌ویش رێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)ه، گرووپێكی تووندڕه‌وی ئیسلامی، كه‌ بووەته‌ دووژمنی ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی كوشتنی دڕندانه‌ی چه‌ند هاووڵاتییه‌كی ئه‌مریكی و رۆژئاوایی له‌لایه‌ن ئه‌م گرووپه‌وه‌. 
 
له‌ دیدارێكی تایبه‌تی رووداودا له‌واشنتنی پایته‌ختی ئەمریکاوە. بۆیه‌كه‌مجار به‌ زۆرترین ورده‌كارییه‌وه‌، فۆرد، هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ ئیداره‌ی ئۆباما ده‌خاته‌ڕوو. 

قه‌یرانی سووریا بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانی مرۆیی له‌ جیهاندا كه‌ تاوەکو ئێستا 250 هه‌زار كه‌سی تێدا كوژراوه‌ و ملیۆنه‌هاش ئاوه‌ره‌و بێ ماڵ و حاڵ بوون. رۆبه‌رت فۆرد ده‌ڵێت "ره‌نگه‌ رووخاندنی ئه‌سه‌د هیچی دیکە بیرۆكه‌یه‌کی باش نه‌بێت". 

هه‌ركاتێک‌ قه‌یرانی سووریا قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، كورد زیاتر ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ستده‌هێنن. فۆرد پێشبینی دروستبوونی كیانێكی كوردی ده‌كات له‌و وڵاتەدا‌.

فۆرد ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌مریكا تاوەکو له‌ یه‌كێك له‌ باشترین زانكۆكانی ئه‌م وڵاته‌، زانكۆی یه‌ڵ، وانه‌یه‌ك بڵێته‌وه‌ به‌ناوی "ده‌وڵه‌ته‌ شكستخواردووه‌كان".

ئه‌زموونی سووریا بێگومان یه‌كێك ده‌بێت له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بۆ خوێندكاره‌كانی باسده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌ ته‌واوبوو، فۆرد ده‌ڵێت "باشترین پلان بۆ سووریا بریتییه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكی نامه‌ركه‌زی تاوەکو گرووپ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی وه‌كو كورد خۆیان حوكمڕانی خۆیان بكه‌ن". 

رۆبەرت فۆرد، دیپلۆماتکارێکی ناسراوی ئەمریکایە، لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 جێگری باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق. لە ساڵانی2006 بۆ 2008 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە جەزائیر و لە 2011 شدا وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە سووریا دیاریکرا. 

فۆرد، لەکاتی سەرهەڵدانی راپەڕینی سووریا لەو وڵاتە بوو. لە ساڵی2014، بەهۆی ناڕەزایەتی لە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

 رووداو لەسەر چەندین بابەتی دیکەی وەکو قەرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پەیەدە و ئەمریکا هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ رۆبەرت فۆرد ئەنجامداوە و لە هەڤپەیڤینەكەدا فۆرد لەمەڕ تورکیا و ئێران هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو.

هەڤپەیڤینەکە شەوی چوارشەممە،2-9-2015 کاژێر 23:30 خولەک لە تەلەڤزیۆنی رووداو پەخشدەکرێت.

1/9/2015

 

یونوس کۆجا، سەرۆکی پێشووی لقی گەنجانی پارتی دادو گەشەپێدان AKP لە ئامەد، لە هێرشێکی چەکداریدا كوژرا. هێرشەکە رۆژی دووشەممە 31 -8- 2015 لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ئەنجامدرا. 

کۆجای 31 ساڵ لە ئامەد خاوەنی دەرمانخانە بوو و کاژێر 02:30 ی خولەکی پاشنیوەڕۆ، چەکدارەکان لەنێو دەرمانخانەكەی کوشتوویانە.

کۆجا ساڵی رابردوو وازی لە پۆستی بەرپرسی گەنجانی AKP لە ئامەدی باکووری کوردستان هێنا، لە هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانی رابردوودا هەوڵیدابوو ببێتە کاندیدی AKP، بەڵام نێوی نەچووە نێو  لیستی کاندیدانی حیزبەكە. 

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، بەتووندی ئیدانەی کوشتنی بەرپرسە گەنجەکەی AKP ی کرد و لە نووسینێکدا لە پەڕەی تایبەتی لە تویتەر، نووسیویەتی “کوشتنی یونوس کۆجا بە نەفرین دەکەم. داوادەکەم خوا لێی خۆشبێت و سەبووری کەسوکارەکەشی بدات”.

لە 24 ی حوزەیرانی 2015 ەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و تورکیا دەستیان پێکردووەتەوە، هەردوولاش یەکدی بە کوشتنی کەسانی سڤیل تۆمەتباردەکەن.

1/9/2015

 

پزیشکی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، کە لە ماوەی سێ مانگی بەهار و یەکەم مانگی هاوینی ئەمساڵدا، 939 کەس لەو وڵاتەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێک کە پزیشکی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، 838 کەس لەوان پیاو و 101 کەسیشیان ژن بوون. ئەم ئامارە بەپێی کاتی هاوشێوەی خۆی لە ساڵی رابردووی هەتاویدا بەرزبوونەوەیەكی كەم نیشاندەدات. لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 1393ی هەتاویدا 937 کەس گیانیان لەدەستدابوو.

لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا پارێزگای تاران بە 240 کەس، پارێزگای خوراسانی رەزەوی بە 122 و ئیسفەهان بە 62 کەس بەرزترین پلەکانی گیانلەدەستدانی تووشبووانی ماددە سڕکەرەکانیان لە ئێراندا هەیە.

هەروەها پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پارێزگایانەیە کە کەمترین رێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکانی لە ئێراندا هەیە. لە ماوەی چوار مانگدا لە پارێزگای ورمێ 4 تووشبوو بە ماددەی سڕکەر گیانیان لەدەستداوە.

1/9/2015

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبێتەوە، کە بەشداری دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانیان نەکرد.

ئایدن مەعرووف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بارزانی سەبارەت بە چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ چەند لایەنێک کۆدەبێتەوە". 

بە گوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی " لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبێتەوە، کە بەشداری دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانیان نەکرد".

لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، داوا لەلایەنەکانی دیکەی ناو حکومەت و پەرلەمان کرا بەشداری شەشەمین کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ) بکەن، بەڵام شیوعی، سۆسیالیست، بزووتنەوەی ئیسلامی و پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان رەتیانکردەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن. 

1/9/2015

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی كارەبای ھەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، كە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە 24 كاژێر كارەبا بەبەردەوامی دەدرێتە هاونیشتمانیان.

دوای كۆبوونەوەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی كارەبای پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی كارەبای ھەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كۆنترۆڵی كارەبا خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی كارەبای بۆ مانگی ئەیلوول راگەیاند و بەپێی خشتەكە، لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە 24  كاژێر كارەبا بە بەردەوامی بە هاونیشتمانیان دەدرێت. 

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا بۆ رووداو، ئێستا بەهۆی مامناوەندی پلەكانی گەرما، بەكارهێنانی كارەبا كەمتربووەتەوە، لەبەرئەوە دەتوانن كاژێری زیاتری كارەبا بۆ هاونیشتمانیان دابین بكەن.

سەبارەت بە نیوەی یەكەمی مانگی ئەیلوولیش " حكومەت 21 كاژێر كارەبا دابیندەكات و تەنیا 3 كاژێر كارەبا لەلایەن موەلیدەكانەوە دابیندەكرێت، كە نرخی هەر ئەمپێرێكیشی لەلایەن پارێزگاكان دیاریدەكرێت".

1/8/2015

 

عەلی ئەكبەر وەلایەتی راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە دیدارێكی لەگەڵ نوێ،ەری پارتەكانی لوبنان ئاشكرای كرد: “ئێران یارمەتیكردنی سووریا و لوبنان بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ‌.”

وەلایەتی كە هاوكات سەرۆكی ناوەندی توێژینەوی ستراتیژیكی ئێرانیشە لە دیدارێ:ی لەگەڵ نوێنەری پارتەكانی لوبنان و بەرپرسان و مامۆستایانی زانكۆكانی لوبنان جەختی لە پشتیوانیەكانی ئێران بۆ گرووپ و لایەنەكانی لوبنان و سووریا كردەوە و گوتی: “ئێران هەتا دوایین چركە پاڵپشتیی سووریا دەكات و یارمەتییەكانیشمان بۆ لوبنان ئەركی سەرشانن.”

راوێژكاری خامنەیی ئاماژەی بەوەش داوە “وڵاتانی رۆژئاوایی بە یارمەتیكردنی وڵانی ناوچە بوونە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەكان.”
وەلایەتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: “ئێمە دەبێ‌ ئەوەش بزانین كاتێك هەموو دوژمنان دەستیان داوەتە دەستی یەك هەتا بەشار ئەسەد وەلا بنێن و حكوومەتێكی نوێ‌ بینات بنێن، بە پلەی یەكەم دەبێ‌ دژایەتییان بكەین و پاشان بە وردی لە هۆكارەكانی بكۆڵینەوە. كاتێك دوژمنان پێدارگی دەكەن كە دەبێ‌ بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا نەمێنێ‌، بێگومان زیانێكی بۆیان هەبووە و لە بەرانبەردا بۆ دۆست و هاوپەیمانەكانی ئێمە سوودی هەبووە.”

وەلایەتی لە لێدوانەكانیدا چەند جار جەتی لەسەر پاڵپشتیی ئێران لە سووریا و لوبنان كردەوە و رایگەیاند: “ئێران هەتا كۆتایی پشتیوانی لە حكوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد دەكات و هەرچەشنە دەستێوەردانێك لە كاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە ئیدانە دەكات و گوتیشی یارمەتیییەكانی ئێران بۆ سووریا و لوبنان ئەركی دینی و مرۆیی حكوومەتی ئێرانن.”

ئەم گوتانەی وەلایەتی لە كاتێك دان كە بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمەریكا ئێران بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی سووریا تۆمەتبار دەكەن و لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ شەڕی ناوخۆیی سووریا نزیكەی 200 ئەندامی سوپای پاسداران لەو وڵاتە كوژراون.

بە گوتەی بەرپرسانی خودی ئێران هەتا ئێستە نزیكەی 10 ملیار یارمەتییان بە سووریا كردووە.

31/8/2015

 

ستیڤ مان كە بازرگانێكی جوولەكەی كەنەدییە، پڕۆژەیەكی دەستپێكردووە بۆ رزگاركردنی ژیانی ئەو منداڵە مەسیحی و ئێزیدیانەی لەلایەن (داعش)ەوە دەستگیركراون. بۆ ئەو بازرگانە ئەوەی گرنگە رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە.

پڕۆژەكەی ستیڤ مان لەژێر ناوی ''ئازادكردنی منداڵانی مەسیحی و ئێزدیی عێراق''ە، تاوەكو ئێستا توانیویەتی 128 منداڵ كە وەك كۆیلەی سێكس لەلایەن داعشەوە بازرگانییان پێوەكراوە، رزگار بكات.

ستیڤ مان دەڵێ لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو منداڵانە بڕێك پارە دەدات. ستیڤ لە بایەخی ئەو نیگەرانیانەی كەمكردەوە ‌كە گوایە دانی پارە لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو منداڵانە هاوكاریی بەهێزكردنی رێكخراوێكی تیرۆریستی دەكات. ئەو بازرگانە كە دانیشتووی شاری مۆنتریالی كەنەدایە، بە رادیۆی cbcی گوت ''تەركیزی من لەسەر رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە".

ستیڤ مان گوتی ''من تەركیز ناخەمە سەر پارەدان و لایەنی لۆجیستی و شتەكانی دیكە، چونكە ئەو پارەیەی دەیدەم ئەوەندە زۆر نییە بۆ رێكخراوێك كە خاوەنی 4 ملیار دۆلارە". ئەو گوتیشی "ئایا لەو بڕوایەدای ئەو بڕە پارە كەمەی من كە 2- 3 هەزار دۆلارە بۆ منداڵێك، بەهیچ شێوەیەك هاوكاریی زیادكردنی ئەو هێز و دەسەڵاتە زۆرەی داعش دەكات. ئێمە لەگەڵ نێوەندگیر كاردەكەین، رەنگە و رەنگیش نییە ئەم پارەیە خۆی بخزێنێتە نێو ئەو 4 ملیار دۆلارەی داعش و بیكات بە 4 ملیار و 2000 دۆلار. ئەمە كەی جێگەی بایەخە؟".

پڕۆژەكەی ستیڤ مان لەگەڵ تیمێكی متمانەپێكراو لە عێراق كاردەكات بۆ كڕینەوەی ئازادی و ژیانی ژنان و منداڵان. ئەو گوتی ''پارە كۆدەكەینەوە، تیمێكی متمانەپێكراومان هەیە. ئەم كەسانە ئەو بودجەیەیان پێدەگات كە بۆیان دەنێرین. ئەم كەسانە لە 15 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەكی باشیان لە ناوچەكەدا دروستكردووە.'' گوتیشی "لەناو مووسڵ خەڵك هەیە هاوكاریی ئەم تیمە دەكات".

ئەم بازرگانە كەنەدیە ناسناوی ''جوولەكە شندڵەرەكە''ی لێنراوە. ئەم ناسناوە لە ناوی ئەو بازرگانە ئەڵمانییەوە هاتووە كە لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ژیانی زیاتر لە 1200 جولەكەی لە هۆڵۆكۆست رزگاركرد لەڕێی داڵدەدانیان لەناو كارگەكەی و بەكارخستنیان.

ستیڤ مان گوتی "ئەوەی گرنگە رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەیە، هەروەك چۆن شندڵەر ژیانی چەندین جولەكەی رزگار كرد لەبەرامبەر پێدانی پارە بە نازییە ئەڵمانییەكان بەشێوەیەكی نایاسایی".

ستیڤ مان گوتی هۆكاری دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیەی ئەوە بوو كە پاش چەند مانگێك لە دەستگیركردنی ئەو مەسیحی و ئێزدییانە لەلایەن داعش و چەوساندنەوەیان، هیچ كەسێكی نەبینی كار بۆ رزگاركردنیان بكات.

ئەو گوتی، بۆ ژنان و كچانی هەرزەكار هەمیشە پرسیارەكە ئەوەیە چەندجار دەستدرێژییان كراوەتە سەر "چەندین جار فرۆشراون، بیستوومانە كە لێیان دەدرێت و لە خواردن بێبەش دەكرێن و لە قەفەسدا بەند دەكرێن. هەڕەشەی سووتاندنیان لێدەكرێت ئەگەر سێكسیان لەگەڵ نەكەن".

ستیڤ مان گوتی، باكگراوندی ئەو وەك جوولەكەیەك وای لێكردووە‌ ئەو هەنگاوە بنێت بۆ رزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانە "ئەوەی هانیداوم بۆ ئەم كارە زۆر سادەیە، جوولەكە بیت و بەشێك بیت لە خەڵكێك كە بە هۆڵۆكۆستدا تێپەڕیون. ئێمە بۆ ماوەی شەش ساڵ چاوەڕێمان كرد، تاوەكو خەڵك وەڵاممان بدەنەوە و بێن بە هانامانەوە".

31/8/2015

 

 

رۆژی یەكشەممە 30-8-2015، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی تایبەت بە کرێکارانی کۆمپانیایەکی نەوت، 11 کەس گیانیان لەدەستداو 219 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەهۆی ئاگرەکەوە ژێرزەمینی باڵەخانەی کۆمپانیای ئارامکۆ، کە کۆمپانیایەکی زلهێزی نەوتی سعودییە، گڕی گرتووە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی کردووە.

بەپێی راگەیێندراوێكی فەرمانگەی بەرگریی شارستانی سعودیە، بەشێك لە قوربانیانی رووداوەكە هەڵگری رەگەزنامەی جیاوازن.

هەر بەهۆی ئاگرەکەوە ژمارەیەک خەڵک لەنێو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو، بۆ رزگاركردنیشیان وەزارەتی نێوخۆیی سعودیە چەندین هەلی کۆپتەری هەڵفڕاندن.

31/8/2015

hevidar ahmad rudaw

 

رۆژی یەکشەممە 30-8-2015 لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت و پەرلەمان لەهەولێر کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکان، کە چاوەڕواندەکرێت فراوانتربێت لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەتی ئەو شەش دەسەڵاتەی، کە تاوەکو ئێستا قسەیان لێوەنەکراوە و ناکۆکی زیاتری لایەنەکانی لەسەرە.

هەرچەند لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، بڕیاردرا لایەنەکانی دیکەش بەشداریی کۆبوونەوەکەیان پێبکرێت، بەڵام حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و چەند لایەنێکی دیکە رەتیانکردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن.

هێڤیدار ئەحمەد پەیامنێری رووداو لەشوێنی کۆبوونەوەکە، رایگەیاند " ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بگەنە رێککەوتن، ئەوا پرسی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو، کە ئاخۆ لەناو خەڵک هەڵبژێردرێت، یان لەپەرلەمان".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کە لەبەرپرسانی لایەنەکان دەستیکەوتوون" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە جێگای ناکۆکی لایەنەکانن تاوتوێدەکرێن، لەوانە دیارترینیان" فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، کە پارتی پێداگری لەوە دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە داوادەکەن، سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت".

پارتیش پێشنیازێکی دیکەی هەیە بۆ ئەو پرسە ئەویش ئەوەیە کە، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیاش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەبێت، ئەنجوومەنێکی بەرەڤانی دروستبکرێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، سەرۆکی حکومەت ، جێگرەکەی ، وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی تێیدا ئەندامبن".

پرسێکی دیکەی نێوان لایەنەکان وەک پەیامنێر رووداو باسی لێوەکرد " دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرەکانە، کە لایەنەکان داوا دەکەن، بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، بەگوێرەی جیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکان، دامەزراندنی دادوەرەکان هەر لەدەسەڵاتی خۆیان بێت، نەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایانبمەزرێنێت". 

بابەتێکی دیکەی جێگای ناکۆکیش " پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، کە لایەنەکان رەتیدەکەنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیا بڕیار لەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و پێکهێنانی شاند بدات بۆ ئەو پەیوەندییانە".

لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، باس لە سێزدە دەسەڵاتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، کە لایەنەکان هیچ ناکۆکیێکیان لەسەر نەبوو و لەسەری گەیشتنە رێککەوتن.

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی قوڵی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی باشووری كوردستان دروستکردووە و تاوەکو ئێستا جگە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان زیاتر لە 50 كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە كراون. هەروەها چەند وڵاتێكی بیانیش بۆ چارەسەركردنی پرسەكە هاتوونەتە سەر خەت وەك، ئەمریكا، بەریتانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، توركیا و ئێران.

30/8/2015

hevidar ahmad rudaw

 

رۆژی یەکشەممە 30-8-2015 لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت و پەرلەمان لەهەولێر کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکان، کە چاوەڕواندەکرێت فراوانتربێت لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەتی ئەو شەش دەسەڵاتەی، کە تاوەکو ئێستا قسەیان لێوەنەکراوە و ناکۆکی زیاتری لایەنەکانی لەسەرە.

هەرچەند لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، بڕیاردرا لایەنەکانی دیکەش بەشداریی کۆبوونەوەکەیان پێبکرێت، بەڵام حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و چەند لایەنێکی دیکە رەتیانکردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن.

هێڤیدار ئەحمەد پەیامنێری رووداو لەشوێنی کۆبوونەوەکە، رایگەیاند " ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بگەنە رێککەوتن، ئەوا پرسی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو، کە ئاخۆ لەناو خەڵک هەڵبژێردرێت، یان لەپەرلەمان".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کە لەبەرپرسانی لایەنەکان دەستیکەوتوون" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە جێگای ناکۆکی لایەنەکانن تاوتوێدەکرێن، لەوانە دیارترینیان" فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، کە پارتی پێداگری لەوە دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە داوادەکەن، سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت".

پارتیش پێشنیازێکی دیکەی هەیە بۆ ئەو پرسە ئەویش ئەوەیە کە، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیاش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەبێت، ئەنجوومەنێکی بەرەڤانی دروستبکرێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، سەرۆکی حکومەت ، جێگرەکەی ، وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی تێیدا ئەندامبن".

پرسێکی دیکەی نێوان لایەنەکان وەک پەیامنێر رووداو باسی لێوەکرد " دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرەکانە، کە لایەنەکان داوا دەکەن، بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، بەگوێرەی جیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکان، دامەزراندنی دادوەرەکان هەر لەدەسەڵاتی خۆیان بێت، نەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایانبمەزرێنێت". 

بابەتێکی دیکەی جێگای ناکۆکیش " پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، کە لایەنەکان رەتیدەکەنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیا بڕیار لەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و پێکهێنانی شاند بدات بۆ ئەو پەیوەندییانە".

لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، باس لە سێزدە دەسەڵاتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، کە لایەنەکان هیچ ناکۆکیێکیان لەسەر نەبوو و لەسەری گەیشتنە رێککەوتن.

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی قوڵی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی باشووری كوردستان دروستکردووە و تاوەکو ئێستا جگە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان زیاتر لە 50 كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە كراون. هەروەها چەند وڵاتێكی بیانیش بۆ چارەسەركردنی پرسەكە هاتوونەتە سەر خەت وەك، ئەمریكا، بەریتانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، توركیا و ئێران.

30/8/2015

mala mstafa u said qutp

 

رۆژی 29ی ئاب 49 ساڵ بە سەر لەسێدارەدانی نووسەرو بیرمەندی ئیسلامی سەید قوتب تێدەپەڕێت، کە لەسەردەمی دەسەڵاتی جەمال عەبدولناسر لە سێدارەدرا، سەركردەیەكی ئیخوانیش ئاشكرایدەكات كە" مەلا مستەفا بارزانی كاغەزی سپی واژۆكردووە تا لە سێدارە نەدرێت".

د.موحسین عەبدولحەمید، ئەمینداری پێشووتری حیزبی ئیسلامی عێراقی و یەكێك لە سەركردە باڵاكانی ئیخوان لە عێراق بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ساڵی 1966 لە بارەگای تایبەتی خۆی لە حاجی ئۆمەران شاندێكی باڵای ئیخوانی عێراق كە پێكهاتبوون لە نیزامەدین عەبدولحەمیدی برام و بەڕێز شێخ نازم عاسم سەردانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانییان كرد، داوایان لێ كرد كە پەیامێك بۆ جەمال عەبدولناسر، سەرۆككۆماری میسر بنێرێت و داوای لێبكات كە بیرمەند و موفەسیری قورئان سەید قوتب لە سێدارە نەدات"

ئەمینداری پێشووتری حیزبی ئیسلامی عێراقی لەبارەی هەڵوێستی مەلا مستەفای بارزانی گوتی" جەنابی بارزانی رەحمەتیش كاخەزێكی سپیی خستە بەر دەم شاندەكەی ئیخوان و واژۆی كرد، پێیگوتن: ئێوە چیتان پێ باشە بینووسن، لە پۆستەی هەولێریشەوە بۆ قاهیرە رەوانەی بكەن".

د.موحسین عەبدولحەمید گوتی:" بارزانی لە نزیكەوە ئاگاداری ناوبانگ و كاریگەری سەید قوتب بووە زۆر سەرسامبووە بە تەفسیرەكەی، ئەو هەڵوێستەشی بەرامبەر سەید قوتب لە نێوان ئیخوانەكانی عێراق جێگای رێزە، بە تایبەتی بارزانی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ جەمال عەبدولناسڕ هەبووە كاتێك لە سۆڤیەت گەڕاوە عێراق سەردانی میسری كردبوو لەوێ‌ ئاشناییەتی پەیدا كردبوو، بۆیە ئیخوان بەرێزەوە سەیری ئەم هەڵوێستەی كوردو سەركردایەتی شۆڕشەكەی دەكەن".

سەید قوتب كێیە؟

سەید قوتب ئیبراهیم حوسێن شازلی، لە 9ی ئەیلوولی 1906 لە گوندی موشا لە پارێزگای ئەسیوت لە دایكبووە ، دەرچووی كۆلێژی ئەدابە، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەمریكا ژیاوە، پاشان بووە ئەندامی حیزبی وەفدی میسری و پاشان وازهێنا چووە ریزی ئیخوان و دواتر ئەندامی مەكتەبی ئیرشادی ئیخوان و سەرۆكی بەشی دەعوە و بڵاوكردنەوە بووە. هەر لە منداڵییەوە هەموو قورئانی لەبەركردووە.

لە شارەزایی و بەلاغەت و كاریگەری نووسین و بڵاوكراوەكانی جەمال عەبدولناسر، ئامادەبوو وەزیری مەعاریفی پێبدات، بەڵام رەتیكردەوە، بۆیە چەندین جار دووچاری گرتن و راوەدوونان بووەتەوە، لە ساڵی 1954 بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی عەبدولناسڕ لەگەڵ هەزاران ئەندامی ئیخوان دەستگیركرا هەر لەو ماوەیە (تەفسیری فی زیلال قورئانی نووسیوە كە بە بڕوای موفەسیران لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو تەفسیری وا كاریگەرو بەهێز نەنووسراوە، دواین هاتنە سەرخەتی عەبدولسەلام عارف، سەرۆككۆماری ئەوكاتەی عێراق لە ساڵی 1964 سەید قوتب ئازادكرا.

بە تۆمەتی پیلانگێڕان دژی سیستەمی سیاسی وڵات لە لایەن دادگای سەربازی میسرەوە سزای لە سێدارەدانی لەگەڵ 6 سەركردەی دیكەی ئیخوان بۆ دەرچوو دوای هەفتەیەك لە 29ی ئابی 1966 سزاكە جێبەجێكرا.

بەشێك لە نووسەرانی رەوتی ئیسلامی و لێكۆڵەران لە ئیسلامی سیاسی سەید قوتب بە دامەزرێنەری فیكری سەلەفی جیهادی و تووندڕەوی دادەنێن و بەشێكی دیكە ئەو بۆچوونە رەتدەكەنەوە، بەڵكو پێیانوایە نووسین و بۆچوونەكانی سەید قوتب هەڵقوڵاوی زادەی واقیع و ستەمی سیاسی كۆمەڵایەتی و ئەشكەنجەو زیندانی ئەو بووە.

30/8/2015

bn ladnnnnnnnnn

 

ئیدوارد سنۆدن، کارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە ئێستا دانیشتووی رووسیایە رایگەیاندووە" ئوسامە بن لادن، رێبەری پێشووی قاعیدە هێشتا زیندووە".

ماڵپەڕێکی رووسی لە زاری سنۆدن رایگەیاندووە" بن لادن زیندووە و بەو هاوکارییانەی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بەدەستی دەگات لە دوورگەی باهاماس لە ئۆقیانووسی ئەتلانتیک، ژیانێکی شاهانە بەسەر دەبات".

سنۆدن راشیگەیاندووە، چەندین بەڵگەی هەیە کە هێشتا سی ئای ئەی مانگانە 100 هەزار دۆلار دەداتە بن لادن و ئەو پارەیە لە رێگەی بازرگان و رێکخراوە جیاوازەکانەوە مانگانە دەخرێتە ژمارەی حسابی بانکی بن لادن.

سنۆدن دەڵێت" دڵنیانیم لەوەی کە بن لادن ئێستا لە کوێ ژیان دەکات، بەڵام لە ساڵی 2013، بن لادن لەگەڵ 5 هاوژین و منداڵەکانی لە ڤێللایەک لە دوورگەی باهاماس ژیانی دەکرد".

هەروەها سنۆدن راشیگەیاندووە" سی ئای ئەی لەو کاتەی بن لادنی بۆ ئەو دوورگەیە دەگواستەوە، شانۆیەکی لەبارەی مردنی بن لادن رێکخست و بن لادن بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەرترین ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە و شانۆی دروستکراو لەبارەی مردنی بن لادن بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری پاکستان ئەنجامدراوە".

لە ساڵی 2011  وابڵاوکرایەوە کە ئوسامە بن لادەن لە لایەن دەستەیێکی تایبەت لە چەکدارانی ئەمریکی لە پاکستان و لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و دواتر تەرمەکەی لە دوای کفن و دفنی ئیسلامیەوە خرایە نێو دەریا.

30/8/2015

demirtash

 

سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە ماوەی چەند رۆژێکە لە ئەورووپایەو لە دوای سەردانەکەی بۆ سوید، رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 لە ڤییەنا لەگەڵ سەرۆککۆماری نەمسا کۆبوویەوە.

دەمیرتاش کە لەگەل رۆژنامەیەکی نەمسایی چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، و پرسیاری ئەوەی لیکراوە کە" پارتەکەی ئێوە دەیەوێ سیستەمی فیدراڵی نەمسا بە نموونە وەربگرێ و لە تورکیا کە بە شێوەی ناوەندەی بەرێوە دەچیت، جێبەجێ بکات. ئەم بابەتە بۆ ئەو هەرێمانەی کە زۆرێنەی کورد پێکدەهێنن بە چ مانایەک دێ؟"

دەمیرتاش لە وەڵامدا رایگەیاند:" ئەگەر لە پارێزگاکانی تورکیا وەک ئەوەی لە نەمسا هەیە، بەڕێوەبردن لە دەستی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکاندا بێت، وڵات دەتوانێ هەندێک بحەسێتەوە. ئێستا پارێزگار لە سەرەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکن و ئەمەش لە دژی مەرجەکانی دیموکراسییە".

دەمیرتاش هەروەها گوتی:" لە چاکسازییەکان دا نە تەنیا کورد سوودمەند دەبن بەڵکو ئەوانی دیکەش سوودمەند دەبن. ئێمە وەها بیر دەکەینەوە، ئەگەر ئەردۆغان بتوانێ سیستەمی سەرۆکایەتی پێکبهێنێ، ئەو کات ئێمەش مافمان دەبێ لە بارەی دەوڵەتێکی فیدرالی گفتوگۆ بکەین."

دەمیرتاش هەروەها جەختی کردەوە کە" بەشداربوونی 3 لە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەک وەزیر لە حکومەتی کاتی تورکیا کە هەتا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت لە 1-ی مانگی 11 دا کاروبارەکان بەڕێوە دەبات، دەتوانێ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش رێنیشاندەر بێ".

هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها روونیکردەوە کە" هەڵبژاردنی پێش وەخت دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵبژاردنانەن کە ماوەیەک پێش ئێستا بەڕێوە چوون و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت زۆر بێ مانایە".

سەلاحەددین دەمیرتاش لە درێژەی گفتوگۆکەیدا گوتی:" ئەوان لە بەندی 10% هەلبژاردنەکان ناترسن و هەدەپە حزبێکە ئیتر رۆژانە گەورەتر دەبێت".

دەمیرتاش حکومەتی تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە لەمانگی نیسانەوە بڕیاری شەڕی دەرکردوە.
ئەو گووتی" لە 4-ی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئۆجالانەوە نەکراوە و لەوکاتەوە گفتوگۆکان راوەستاون". 

سەلاحەدین دەمیرتاش باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو کرد و راگەیاند:" لە دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ داود ئۆغڵو کۆبووینەوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نەبوو و ئێستا ناتوانم لە بارەی هیچ هاوپەیمانییەکەوە قسە بکەم".
دەمیرتاش گوتی:" ئێمە ئامادەین بەشداری لە حکومەت بکەین، بەڵام ناتوانین لە بارەی هیچ هاوپەیمانییەکەوە  قسە بکەین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 28-8-2015 حکومەتی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەی پەسەند کرد کە لە وەزیرانی ئاک پارتی و هەدەپە و سەربەخۆکان پێکدێت.

هەدەپە لەو کابینەیەدا دوو وەزیری هەیە کە بریتین لە وەزارەتی کاروباری یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی پەرەپێدانن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا بەڵام هیچکام لە حیزبەکانی مەهەپە ، جەهەپە و هەدەپە کە زۆرترین کورسی هەڵبژاردنیان لەدوای ئاک پارتی بەدەستهێنابوو رازینەبوون بەوەی لەگەڵ ئاک پارتی حکومەتی هاوبەش پێکبهێنن.

بۆیە لەسەر داوای سەرۆککۆماری تورکیا ، سەعدی گوڤەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 1-11-2015 -ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی گشتی بۆ 26 -ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا دەستنیشانکرد.

29/8/2015

hakarekani kurdistan

 

بۆیەکەمجار لە عێراق و باشووری کوردستان کۆمەڵێک هاکەر و دیزاینەر و پرۆگرامساز و شارەزای کۆمپیوتەر کۆکرانەوەو لەلایەن دوو رێکخراوی بریتانی و ئەمریکی پێشبرکیان پێکرا بۆ پێشکەش کردنی پرۆژە.

ژمارەیان پەنجا گەنج دەبوو ، دابەشی سەر چەند گروپێک کران، بڕیاریش بوو ئەو گرووپەی پلەی یەکەم بەدەست بینێت بنێردرێت بۆ ئەمریکا بۆ بینینی خولێکی 11 هەفتەیی. 

لەناو ئەم گەنجانەدا چەند هاکەرێکی بەتوانا هەن ئەم پێشبرکییە هەلێکی باشە بۆ ئەوان بۆئەوەی لێرە تواناکانی خۆیان دەرخەن، دڵشاد یەکێکە لەوانە ئەو هەر زوو وەک بووە جێی سەرنجی هاورێکانی دوای ئەوەی کەمترین کات چووە ناو ماڵپەری هاکەرێکی ئەمریکی و کێشەکانی دۆزییەوە.

بەگووتەی خۆیان ژمارەی هاکەرە بەتوانا و پرۆفیشناڵەکان لە باشووری کوردستان هێندە کەمن کەبە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن ، بەڵام گرنگیان پێنادرێت.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو حکومەت بەشێوەی ئیلکترۆنی و ئۆنلاین سەرجەم کارەکانی رادەپەرێنێت بۆیە زۆرترین مەترسی دزینی داتاو زانیاریەکانیان لەسەرە بەڵام لە رێگەی هاکەرەکانەوە پرۆگرامەکانیان دەپارێزرێن.

30/8/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان