بەشی فارسیی تەلەفزیۆنی (BBC) دیدارێکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە تێیدا لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەغدا و تورکیا، ڕوانگەی هەرێمی کوردستانی خستووەتەڕوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای وتووێژەکەدا لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی بەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی (حدک) لە کۆیە دەڵێت "ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو تەقینەوەیەمان ئیدانە کردووە و هەرکەس و لایەنێک کەلە پشتی ئەو هێرشانەوە بێت، کارێکی خراپ و ناشیرینی کردووە و ئێمە ئەو هێرشانە بەدژی خۆمان لەقەڵەم دەدەین. گوتیشی"گومانێکی زۆر هەیە کە ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەو هێرشەوە بووبێت، بەڵام بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە."
لەبارەی گرفتی شنگال و بوونی هێزەکانی (پەکەکە) لەوێ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (بی بی سی)دا ڕایگەیاند: "برایانی ئێمە لە کۆبانێ چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک تووشی گرفتی شەڕی داعش بوون، ئێمە هێزی پێشمەرگەمان بۆ یارمەتی و پشتیوانیی ئەوان نارد و کاتێک کۆبانێ ئازاد کرا و مەترسیی داعش ڕەوییەوە، داوایان لێ کردین هێزەکانمان بگەڕێنینەوە، ئێمەش ئەو کارەمان کرد، ئێستا ئێمەش هەر ئەم چاوەڕوانییەمان لە پەکەکە هەیە، ڕاستە هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە یارمەتیکردنی کوردانی ئێزدیدا ڕۆلێ گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە و سوپاسیان دەکەین و چاوەڕوانین ئەوێ بەجێ بهێڵن، مانەوەی پەکەکە لە شنگال یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەکە ناکات و لەو ناوچەیە پرسێکی هەستیار دێنێتە ئاراوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەڵێت موراد قەرەیلان گوتوویە سەرقاڵی کشانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچەیەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی "هەتا ئێستا بەکردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ چوونەوە دەرەوەی هێزەکانیان لە شنگال هەڵنەگیراوە و هیوادارم ئەو کارە بکەن."
لەبارەی گرفت و ئاستەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنیا یەک داوامان لە پارتی دەسەڵاتبەدەستی کوردستانی ڕۆژئاوا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە "هەموو لایەنەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و بگەنە ئەنجامێک، ئەوان ئیزن و دەرفەتی چالاکی و کاری سیاسی بە هیچ پارت و لایەنێکی دیکەی ڕۆژئاوا نادەن و سیاسەتی هاوشێوەی دیکتۆرەکانیان گرتووەتە پێش. سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوان بۆ پرسی مرۆڤایەتی و یارمەتیدان کراوەن، بەڵام لەوانەیە ئێمە پێش بە هێنان و بردنی چەکوچۆڵ بگرین، بەڵام بەمدوایانە ئێمە خەریکین لەم بارەوە گفتوگۆ دەکەین کە بە چ ڕێکارێک دەکرێت ئەو سنوورانە زیاتر کراوە بن، چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دایە."
لە درێژەدا و لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەککەوتنی کار و چالاکیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گوتی "لەو کاتەوەی کە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕاگیراون، ئەولەویەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان شەڕ لەگەڵ داعش بووە، چونکە داعش هەتا 35 کیلۆمەتریی هەولێر هاتبووە پێش، ئێمە ناچار بووین لە نێوان خراپ و خراپتردا یەکیان هەڵبژێرین، کە ئێمە خراپمان هەڵبژارد، بەڵام بەداخەوە بۆ لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان ئەم ئەولەویەتە گرنگ نەبوو، ئێستا ئیدی ئەولەویەتی ئێمە گەڕانەوەی پەرلەمانتاران و دەست بەکاربوونەوەی پەرلەمانە. ئیتر لەمەودا هەوڵی ئێمە بەو ئاراستەدا دەڕوات کە چۆن دەکرێت کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر بکەین."
لە بەشێکی دیکە لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ بەغدا جێگەی کێشەن نێچیرڤان بارزانی گوتی "بێگومان پاش نەمانی داعش ئێمە هەر لەو ناوچانە دەمێنینەوە و بە هیچ شێوەیەک ناکشێینەوە، بەڵام مانەوەمان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا ئێمە پاش 25 ساڵ ئیزنمان بە هێزە عێراقییەکان دا هەتا لەناو خاکی کوردستانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکەن. چەند ساڵ لەمەوبەر کەس باوەڕی بەوە نەبوو کە ئەمە بێتە ئاراوە، ئێمە لەگەڵ بەغدا هاوکاریی باشمان پێکەوە هەیە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە "پێشمەرگە بۆ عێراق لە داعش مەترسیدارترن" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە ڕێزێکی زۆرمان بۆ خەبات و شەهیدانی حەشدی شەعبی هەیە، ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕ لەدژی داعش هەیە، بەڵام پاش داعش دەبێ ڕێبەر و سەکردەکانی شیعە بیرێک لە ڕێکخستنی خۆیان بکەنەوە. ئەوان زۆر سەربەخۆ و سەرەڕۆیانە دەجووڵینەوە، ئەوان دەبێ بە جوانی ڕێک بخرێن و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، دەنا بە پێچەوانەی ئەمە لە داهاتوودا دەبنە سەرچاوەی کێشە و ناکۆکی."
لەبارەی پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا لە "باشیک" و ناکۆکیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد "لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لەگەڵ هەردوولایان هەمانە، توانیمان یارمەتیدەری دیداری نێوان بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا بین، تورکیا هەست بە نیگەرنییەکانی بەغدا دەکات، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کات و ڕێکەوتێک بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق دیاری نەکراوە، بەڵام تورکیا ئەوەی قەبووڵ کردووە لەم بارەوە درێژە بە گفتوگۆکانی بدات، هەتا بگەنە ئەنجامێک."
26/1/2017