هێمن سەیدی
له وتاری پیشوودا سێ روانینی جیاواز بۆ کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین هاتنه به‌ر باس که بریتی بوون له:
روانینی کولتوری- ئائینی (که سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی جیهان به رابردوويیهکی زۆر دوور ده‌گه‌ڕێنێته‌وه).
روانینی چینایه‌تی – کۆمه‌ڵایه‌تی (پێی وایه قۆناغی گه‌شه و مودێرنیته‌ی هاوچه‌رخ تاکوو ئێستاش له رۆژهه‌ڵاتى ناوین تێپه‌ڕ نه‌بووه).
ئاخر روانین که له سه‌ر تازه بوونی برینه‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین پێداگری ده‌کات و پێی وایه تاکوو سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌میش ئه‌م ناوچه‌یه وه‌کوو باقی ناوچه‌کانی جیهان بووه و رووداوه‌کانی 1918 به‌و لاوه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزیيهکان.
روانینی یه‌که‌م و دووهه‌م زۆر ره‌ها و ته‌ک ره‌هه‌ندی ده‌ڕواننه کێشه‌کان. خراپيیهکی دیکه‌یان ئه‌وه‌یه که رێگهچارهکانیان یا به له ناوچوونی کولتور و ئایینێک گرێدراوه یا رێگایه‌کی سه‌ت ساڵه‌مان پێشان ده‌دات، که ئه‌ویش هیچ گارانتییه‌ک نیيه دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ش سه‌ت ساڵی دیکه‌مان بۆ درێژ نه‌که‌نه‌وه! که واته واز له‌و دوو روانینه دێنین و روانینی سێهه‌م شی ده‌که‌ینه‌وه، که پێی وایه ئه‌گه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کانی دوای 1918 به ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌دا رۆیشتبا، چاره‌نووسی خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین ده‌کرا سه‌تا سه‌ت جیاواز با له ره‌وشی ئێستایان.
دوای 1918 چ قه‌وما که ئاوا رۆژهه‌ڵاتى ناوین تووشی ئاڵۆزی بوو؟ یا باشتره بپرسین سه‌ت ساڵ پێش چ دیارده‌یه‌ک بوونی نه‌بوو که دواتر به سه‌رهه‌ڵدانیان بوونه سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزیيهکان؟ ئه‌گه‌ر فیلمی سه‌ت ساڵی رابردوو بێنینه‌وه پێش چاومان ئه‌و دیمه‌نانه ده‌بینین:
1.بیر و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره وه‌کوو لیبرالیزم، ناسیونالیزم، سوسیالیزم له وڵاتانی رۆژئاوایيه‌وه هه‌نارده ده‌کرێن بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان، که پێشتر هیچ باسێکیان نه‌بوو.
2.نیزامێکی کۆن ده‌ڕوخێ واته سیستمی خلافه‌ت، نیزامێکی تازه داده‌مه‌زرێ وه‌کوو ده‌وڵه‌ت - نه‌ته‌وه به‌ڵام له سه‌ر بنه‌مایه‌کی هه‌ڵه و هێندێ نه‌ته‌وه‌ش به ته‌واوی بێبه‌ش ده‌بن.
3.نه‌وت ده‌دۆزرێته‌وه که بوبه سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئاسوده‌یی، به‌ڵام به داخه‌وه نه بۆ خه‌ڵکی ناوچه به‌ڵکوو بۆ وڵاتانی جیهان.
وڵاتێکی تازه به ناوی ئیسرائیل داده‌مه‌زرێ، برینی وڵاتێکی دیکه به ناوی فه‌له‌ستین به بێ ده‌رمان و ساڕ‌ێژ هه‌روا به کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
5.شه‌ڕی سارد ده‌گاته رۆژهه‌ڵاتى ناوین و وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه به سه‌ر دوو به‌ره‌ی ئه‌مریکا و سۆڤیه‌تدا دابه‌ش ده‌بن و دیکتاتۆره‌کان هه‌ر کامیان له ژێرباڵی یه‌کێک له‌و دوو زلهێزه خۆیان جێگیر ده‌که‌ن.
6.وه‌کوو دژکرده‌وه‌یه‌ک ئیسلامی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌دا، شۆڕشی ئیسلامی له ئێران ده‌کرێ، دیارده‌ی چریکی ئیسلامی له ئه‌فغانستان په‌ره ده‌ستێنێ، دواتر ده‌بێته تێرۆری ئیسلامی و ئه‌لقاعیده و داعشی لێده‌که‌وێته‌وه.
ئه‌وه کورته‌یه‌ک بوو یا به‌شێک بوو له فیلمی رووداوه‌کانی سه‌ت ساڵی رابردوو. به‌راستی هه‌ر کامه‌یان به ته‌نیا بۆخۆی کافیه بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌ری ناوچه‌یه‌ک به قوڕ دا‌کا، جا بزانه کۆی ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته له سه‌ر یه‌ک چ وێرانکارییه‌ک به دوای خۆیدا ده‌هێنێ. که واته دیسان ده‌بێ بڵێین روانینی سێهه‌م ناحه‌ق نیه که پێی وایه کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین تازه‌ن.
به راستی سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هیچکام له‌و دیاردانه له ئارادا نه‌بوون. له‌م نوسراوه و له چه‌ند نوسراوه‌ی دواتردا یه‌ک به یه‌کی ئه‌و رووداوانه شی ده‌کرێته‌وه تا قورسایی هه‌ر کامیان و راده‌ی شوێنه‌واره خراپه‌کانیان باشتر ده‌ربکه‌وێ و بزانین هه‌رکامیان به چ رێگه‌یه‌کدا عیلاج ده‌کرێن و چ چاره‌یه‌کیان هه‌یه.
لێره‌دا به کورتی ئاوڕێک له خاڵی یه‌ک ده‌ده‌ینه‌وه. بیره سیاسیيه‌کانی لیبرالیزم، ناسیونالیزم و دواتر سوسیالیزم ته‌واو ئه‌وروپایی بوون، به‌ڵام ئیدعای جیهانی بوونیان هه‌بوو. واته هه‌ر سێ ئه‌ندیشه‌کان ههڵقۆلاوی رووداوه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌ی ئه‌وروپا بوون، به‌ڵام هاوکات هه‌ر سێ پێیان وابوو رێگه چاره‌یه‌کی جیهانیان دۆزیوه‌ته‌وه.
به واتایه‌کی تر بۆ داهێنه‌رانی ئه‌و بیره سیاسیانه جیهان یانی ئه‌وروپا هه‌ر بۆیه ئێستا له خودی زانکۆکانی ئه‌وروپا له‌و روانگه‌یه‌وه که‌وتوونه‌وه به‌ر ره‌خنه (یۆرۆ سه‌نته‌ریزم) . بۆ وێنه به‌شێک له پرۆفيسۆره مارکسیسته‌کانیش به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون که کاتێک مارکس هاواری ده‌کرد 'کرێکارانی جیهان یه‌کگرن' مه‌به‌ستی کرێکارانی ئینگلیس و فه‌رانسه و ئه‌ڵمانیا بوو! یا لیبرالیزم راست به‌رهه‌می رخنه له کلیسای ئوروپی له سه‌ده‌کانی ناوین بوو و هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی کولتوری وڵاتانی رۆژئاوایی بوو نه کولتورێکی جیهانشمول.
هه‌روه‌ها ناسیۆنالیسم به‌رهه‌می شۆڕشی فه‌رانسه و لاوازی شۆڕشگێڕه‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی دروشمی ئازادی و یه‌کسانی هه‌موو مروڤه‌کان بوو، که دواتر به ناچار بچووک کرایه‌وه بۆ دروشمی ئازادی و یه‌کسانی مرۆڤه‌کانی وڵاتی فه‌رانسه!
له‌هه‌مووی سه‌یرتر کاتێک بوو که ئه‌و بیرۆکانه گه‌یشتنه رۆژهه‌ڵاتى ناوین. واته کاتێک که هه‌ر سێیان هاوکات گه‌یشتن! لیبرالیزم باسی ئازادی تاکه که‌سی ده‌کرد، ناسیونالیزم لێی هه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه و باسی ئازادی کۆمه‌ڵێک ئینسانی به ناوی نه‌ته‌وه پێکه‌وه ده‌کرد که ده‌کرێ له پێناویدا ئازادی تاکه‌که‌سه‌کانیش قوربانی بکرێ. سوسیالیزمیش ده‌یگوت عه‌داله‌ت نه بۆ کۆمه‌ڵێک به‌ڵکوو بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان. که‌سی واشمان هه‌بوو که سۆسیالیستێکی لیبرال، ناسیونالیست بوو!
وڵاته زلهێزه‌کانیش که دوای رووخانی عوسمانی ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه گرتبوو سه‌ریان لێشێوابوو. له فه‌له‌ستین ناسیونالیزمیان مه‌منوع کردبوو و هاوکات له عێراق پشتگیری ناسیونالیزمیان ده‌کرد له حاڵێکدا هه‌ر دوو ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی بوون!
له به‌شی دوو دا که باسی رووخانی سیستمی عوسمانی ده‌کرێ ئه‌و به‌شه زیاتر شی ده‌کرێته‌وه. سۆسیالیزم خراپتریشی به سه‌رهات؛ بووبه سوسیالیزمی عه‌ره‌بی له میسر و سوسیالیزمی به‌عسی عه‌ره‌بی له عێراق و سوریه. هه‌ر دوو بیری سوسیالیزم و ناسیونالیزمیش به هه‌موو جیاوازیيهکانیانهوه له دوژمنایه‌تی لیبرالیزمدا پێکه‌وه کۆک بوون.
ده‌کرێت بڵێین لیبرالیزم هه‌ر به ساوایی کۆتایی به ژیانی هات و دوای چه‌ند ده‌یه جارجاره له قاڵبی دیموکراسی دا ناوی ده‌بیسترا. دیموکراسیش که ورده ورده ده‌یهه‌ویست جێی هه‌ر سێ ئه‌ندیشه‌کانی پێشوو بگرێته‌وه ئه‌وه‌نده ناکارامه و بێ وه‌ڵام بوو بۆ گرێکوێره‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین که به ته‌واوی کورتی هێنا و کار گه‌یشته قۆناغێک که له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا له ئهمریکارا هاورده بکرێ بۆ وڵاتانی ناوچه ئه‌ویش له رێگای هیرشی سه‌ربازیه‌وه!
ئه‌وه هه‌موو له حاڵێکدا بوو که خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین هێچ رۆڵێکیان له شکستهێنانی ئه‌و سی ئه‌ندیشه‌یه دا نه‌بوو. یا بۆخۆیان تایبه‌تمه‌ندی جیهانیان نه‌بوو و دیتمان له باقی ناوچه‌کانی جیهانیش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، یا زلهێزه‌کان به شیوازێکی خراپ هاورده‌یان کرد و به مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گرت که بۆ وێنه له باسی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له فه‌له‌ستین و عێراق ئاماژه‌ی پێکرا. خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین زیانی تاقی کرنه‌وه‌ی سێ بیری سیاسی ناکارامه‌یان دا‌و هه‌موو حه‌وله‌کانیان بۆ به خۆماڵیکردنی ئه‌م ئهندیشانه دیسان به ده‌ستکاری ده‌ره‌کی بوبه کارتۆن و فۆرمێکی بێ ناوه‌ڕۆکی هه‌ر سێکیان.
به‌شی دواتر ته‌رخان ده‌کرێ به باسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیستمی عوسمانی و ساز کرنی سه‌قه‌تی سیستمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و ئه‌نجامه خراپه‌کانی.
درێژه‌ی هه‌یه.
١/١/٢٠١٩