نەبەزجەلال
چاو خستنە سەر جوڵەو، بەکارهێنانی ڕەوەندی کوردی، وەک مرازو هێزێکی کاریگەر، بۆ گروپ و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، جگە لە ئامادە سازییەکی بچوک، بۆ خوڵقاندنی دۆخی پەستان و، واڵاکردنی زیاتری دەرگای بەرژەوەندییەکانە، لە بازنەیەکی داخراودا، بۆ وەرگرتنی پۆست و پایەی دەسەڵات، بەدڵنیاییش وەک سەرکەوتن هیچ شتێک لەسەر گۆڕینی دۆخی سیاسی ناوچەکە ناگەیەنێتە ئامانج.
ئەو هەنگاوەش جگە لە بە هەدەر دانی وزەیەکی شاراوەی زۆرو کۆکراوەی بێ کۆتای، ڕەوەندی کوردییە، بێزارکردن و گەیشتنیشیانە بە ڕۆحی شکست و ڕەش بینییەکی خراپ، بۆ ئایندەو بێ ئومێدبوون بە هیواکانی ووڵات.
بەهەمان شێوەش دەبێتە هۆکاری پەرتەوازەیی زیاتری میللەت و سەر خستنی چەند سەرێکی قۆقزیشە، بۆ بەشی سەرەوەی گەمە سیاسیەکەی پێی دەچنە نێو دەسەڵاتی هێز و پلەی سیاسییەوە، لە خولی خولانەوەی خولێکی چاوبەستی تردا، بۆ ڕەوەندی کوردی وەک تەماشاکارێکی دورە دەست.
گەر لە نێو ئەم گەمە ناڕەوایی سیاسی و کەڵک چێتی کردارانەدا، بگەیتە هەر پۆست و پایەیەکی دەسەڵاتی سیاسی، ئێستاش نەبێ لە ئایندەدا، جگە لە چنینەوەی بودەڵی و کاڵفامی سیاسی، هیچی تر نا چنیتەوە بۆ خەبات و مێژووی تێکۆشان.
هەر وەک زۆر گەلێک لەوانەی ڕابوردوون و هەندێکیشان لە ئێستاشدا لەبەر چاون، کە بە چی ناو زەد دەکرێن و خاوەنی چ جۆرە نرخێکن لە نێو خەڵک و تەنانەت حیزبەکانی خۆشیاندا.
رەوەندی کوردی کەمافی دەنگدانی وەک پێویست پێ نەدرێ، وەک هاونیشتیمانی راستەقینە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، دیارە بەم کێشان و پێوانە ئەزمونییەی ڕابوردوو، ڕەوەندی کوردی بەگشتی مایە پوچی رەنج بە خەسار لەبن سێبەری چاوەڕوانیدا دەوەستێت و، بە دابڕاوی دەبێتەوە هەمان جۆر لەکەرەستەی خزان بە ملکەچی فەرمانەکانی ناوەوە و تەواو کاری بەرنامەکانی ویستی گروپ و دەستەی بەرژەوەند خواز بۆ خواستی کەسی.
تاکە کارێکی رەوەندی کوردی کەدەبێ هەوڵی ڕاستەقینەی بۆ بدات، خۆ کۆکردنەوەو خۆ ڕێکخستنە، بە لۆبی کردن، داینەمۆی وزە بزوێنەرەکەیەتی لە دروستکردنی ناوەندێکی سەربەخۆی کاریگەر و بڕیار بەدەست، بۆ گشت بوارەکانی خزمەت بەخەڵکی کوردستان،لەڕێگەی دەزگا پەیوەندیدار وفەرمییەکانی ووڵاتانی دەرەوەیە بۆ میللەت.
ئەوکات ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری ڕەوەندی کوردی دێتە بەرهەم و دەچێتە قۆناغێکی مێژوویی گرنگەوە، لەو گێرە کردنەی گروپ و حیزبیش قورتاری دەبێ و سەربەخۆ و کاریگەر دەمێنێتەوە.
21/12/2018