شيرين عيبادى: ئێران به‌ره‌و چاره‌نووسێكى ناديار هه‌نگاو ده‌نێت
كورد له ئێران‌دا دوو جار ده‌چه‌وسێنرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى و ژنه چالاكى ئێران له بوارى مافه‌كانى مرۆڤ، شيرين عيبادى له هه‌ڤپه‌يڤينێكى تايبه‌تيدا، كه ئاواره هه‌ورامى په‌يامنێرى سويدى كوردستان24 له‌گه‌ڵيدا ئه‌نجاميداوه، ئيدانه‌ى مووشه‌كبارانى باره‌گاكانى ديموكرات له كۆيه ده‌كات و رايده‌گه‌يه‌نێت، كورد له ئێران‌دا دووجار بێبه‌ش بووه له مافه‌كانى، جارێك وه‌ك هه‌موو هاووڵاتييه‌كى ئێران و جارێكيش وه‌ك يه‌كێك له گه‌له‌كانى ئێران. هه‌روه‌ها باسى له سه‌ركوتى كورد كرد و رايگه‌ياند، زۆرينه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ى له سێداره ده‌درێن رۆڵه‌ى گه‌له‌كانى ئێرانن به تايبه‌تيش كورد. هاوخه‌ميشى بۆ كه‌سوكارى گه‌نجه له‌سێداره دراوه‌كان و قوربانيانى هێرشه مووشه‌كييه‌كه‌ى سه‌ر كۆيه ده‌ربڕى و راشيگه‌ياند، ئێران به‌و ره‌فتارانه‌ى به‌ره‌و چاره‌نووسێكى ناديار هه‌نگاو ده‌نێت. سه‌رسوڕمانى خۆيشى ده‌ربڕى كه سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕينى 40 ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشى كۆمارى ئيسلاميدا و دانانى ده‌ستوور، هێشتا ئه‌و مادده ده‌ستوورييه جێبه‌جێ ناكرێت، كه ماف ده‌داته گه‌لانى ئێران به زمانى دايكى خۆيان بخوێنن.
ده‌قى هه‌ڤپه‌يڤينه‌كه
كوردستان24: ئێران ره‌وشێكى دژوار تێده‌په‌ڕێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و سزايانه‌ى ئه‌مه‌ريكا سه‌پاندوويه‌تى، پێت وايه كۆمارى ئيسلامى تا چه‌نده به‌رگه ده‌گرێت
شيرين عيبادى: به‌داخه‌وه، خه‌ڵكى ئێران رۆژ به رۆژ هه‌ژار تر ده‌بن. دراوى ئێران به‌هاى له‌ده‌ستداوه. ئه‌مه بووه‌ته هۆى په‌ره‌سه‌ندى هه‌ژارى. هه‌ندێك ده‌رمان و ته‌نانه‌ت دايبى منداڵ زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌ون. ئه‌مه بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زياتر له رابردوو، له دۆخى خۆيان ناڕازى بن. هيچ حكومه‌تێكيش ناتوانێت به‌و حاڵه‌وه درێژه به بوونى خۆى بدات. سه‌ره‌نجام كاتى ئه‌وه دێت ئه‌م بارودۆخه گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا بێت.
كوردستان24: له چه‌ند مانگى رابردوودا، ئێمه شاهێدى سه‌رهه‌ڵدانى زياترى ناڕه‌زايه‌تى بووين، دژ به ده‌سه‌ڵات، توندوتيژيشيان لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ناڕه‌زايه‌تييانه هيچ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، هۆى چييه..
شيرين عيبادى: به‌داخه‌وه، ده‌وڵه‌تى ئێران، كاتێك خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قام ناڕه‌زايه‌تى ده‌رده‌بڕن، له برى ئه‌وه‌ى گوێيان لێبگرێت، به توندوتيژى رووبه‌ڕوويان ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ژماره‌يه‌ك كه‌سيش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كوژراوون. راسته خه‌ڵك له ترسى زيندان و كوشتن ده‌چنه‌وه ماڵه‌وه، به‌ڵام دانامركێنه‌وه و پاش ماوه‌يه‌ك له شوێنێكى ديكه‌وه ناڕه‌زايه‌تييه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و ده‌وڵه‌تيش ته‌نيا ده‌زانێت سه‌ركوتيان بكات.
كوردستان24: ئايا به‌شێكى زۆر له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێران به‌رژه‌وه‌ندييان له مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئێرانه..
شيرين عيبادى: پێم وا نييه، من و چه‌ند كه‌سێكى ديكه داوامان كرد، ده‌وڵه‌ت رێگه بدات ريفراندۆمێك له ژێر سايه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامبدرێت و پرسياريان لێبكرێت ئايا ئه‌و حكومه‌ته‌يان ده‌وێت يان نايانه‌وێت، پێش ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه بڕووخێت. كه نائارامى له ناوچه‌كه زۆر په‌ره پێده‌دات و به‌داخه‌وه داواكه‌مان جێبه‌جێ نه‌كرا. ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى سه‌ر شه‌قاميش ده‌يسه‌لمێنن، ده‌وڵه‌ت رۆژ له دواى رۆژ زياتر لايه‌نگرانى له‌ده‌ستده‌دات. هۆكاره‌كانيشى وه‌ك گوتم، په‌ره‌سه‌ندى هه‌ژارى و ئه‌و توندوتيژييه‌يه كه رۆژ له دواى رۆژ زياتر ده‌بێت. ده‌مه‌وێت ئاماژه به له‌سێداره دانى سێ لاوى كورديى ئێرانيى بكه‌م. لوقمان، زانيار مورادى و رامين حسێن په‌ناهى، سه‌ره‌خۆشى له بنه‌ماڵه‌كانيان ده‌كه‌م، به تايبه‌تى له دايكيان. سه‌ره‌خۆشى له هه‌موو خه‌ڵكى كوردستانيش ده‌كه‌م. ئه‌م سێ لاوه له دادگاييه‌كى دادپه‌روه‌رانه‌دا بێبه‌ش بوون. له زينداندا له سێداره دران. دڵى خه‌ڵكى ئێران له‌م نادادپه‌روه‌رييه پڕ له ژان بوو. له هه‌مووى به‌ژانتر ئه‌وه‌يه، نادادپه‌روه‌رى ته‌نيا به‌رامبه‌ر به‌م سێ لاوه نه‌بووه. من به‌رگريكارى مافى مر‌ۆڤم، هه‌ر بۆيه، هه‌موو كات ئاگادارى ژماره‌ى له‌سێداره‌دانه‌كان و به‌دواداچوونيشيان بۆ ده‌كه‌م. به‌داخه‌وه، زياتر له 90 له‌سه‌دى له‌سێداره دانه‌كان له ئێران‌دا، گه‌لانى ئێران ده‌گرێته‌وه. واته ئه‌وانه‌ى له سێداره ده‌درێن، يان به‌لووچن، يان كوردن، ياخود عه‌ره‌بن. پرسيار ئه‌وه‌يه، بۆچى ئه‌وه‌نده له گه‌لانى ئێران ده‌كوژرێن، راسته هه‌ڵسوكه‌وتى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵك خراپه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌لانى ئێران خراپتره.
كوردستان24: خۆتان باسى له‌سێداره‌دانى گه‌نجانى كوردتان كرد، بۆچى وڵاتانى ئه‌وروپايى هه‌مان هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ريكايان نييه، هۆكاره‌كه چييه، ئايا به‌رژه‌وه‌ندييان له‌وه‌يه كۆمارى ئيسلامى بمێنێ، يان ترسيان له نه‌مانى ئارامييه له ناوچه‌كه..
شيرين عيبادى: به بێ جياوازى، چ له ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا و چ له ئه‌فريقا، هه‌ر حكومه‌تێك له بير‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆيدايه. كه‌س ئاماده نييه له بير‌ى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى ئێران و عێراق و سووريادا بێت. ده‌بێت حكومه‌تى خۆمان له بير‌ى خه‌مى ئێمه‌دا بێت. بۆچى ئێران له بير‌ى خه‌ڵكى ئێران‌دا نييه، هيچ چاوه‌ڕوانييه‌كم له ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا نييه، چاوه‌ڕوانيم له حكومه‌تى خۆمانه، بۆچى ده‌بێت دادوه‌رى نه‌بێت و دادگا سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت و به جۆرێك ده‌سه‌ڵاتدارێتى بكرێت، كه خه‌ڵك به‌رده‌وام هه‌ژارتر بن. ئێمه هه‌رگيز هه‌ڵبژاردنى ئازادمان نه‌بووه، چونكه ئه‌نجوومه‌نى پاراستنى ده‌ستوور رێگه نادات، ناڕه‌زايه‌تى من دژى ئه‌مانه، نه‌ك وڵاتانى ئه‌وروپا، كارم به‌وان نييه، رووى قسه‌م له حكومه‌تى ئێرانه، كه ده‌بێت له خه‌مى خه‌ڵكدا بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه نييه.
كوردستان24: زۆربه‌ى حزبه‌كانى كوردستانى ئێران خوازيارى سيستمى فيدراڵيين، ئه‌و سيسته‌مه‌يان پێ باشترينه، ئێوه له‌و باره‌يه‌وه چى ده‌ڵێن.. به گشتى راتان له‌سه‌ر پرسى كورد له ئێران چييه..
شيرين عيبادى: پێويسته بڵێم خه‌ڵكى ئێران له زۆربه‌ى مافه‌كانيان بێبه‌شن. له ناوچه كوردنشينه‌كان ئه‌م بێبه‌شبوونه زياتره. كورده‌كانى ئێران جگه له‌و كێشانه‌ى هه‌موو خه‌ڵكى ئێران هه‌يانه، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ديكه‌يان هه‌يه. يه‌كێك له‌و كێشانه ئه‌وه‌يه رێگه‌يان پێ نادرێت به زمانى دايكيى بخوێنن. ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌ستوورى ئێران رێگه‌ى به‌وه داوه. دواى 40 ساڵ له دانانى ده‌ستوور، حكومه‌ت ئاماده نييه جێبه‌جێى بكات. زۆربه‌ى له‌سێداره‌دانه‌كان هى گه‌لانى ئێرانه. ئێران له ناوچه‌كانى كوردستان زۆر به كه‌مى سه‌رمايه‌دارى ده‌كات. به هۆى نه‌بوونى كاره‌وه، هه‌ندێك خه‌ڵك ناچارن كۆڵبه‌رى له ناوچه سه‌خته‌كان بكه‌ن. جگه له‌وه هيچ كارێكى ديكه‌يان نييه. حكومه‌ت به‌وان ده‌ڵێت قاچاغچى و ته‌قه‌يان لێده‌كات و ده‌يانكوژێت. كاتێكيش ناڕه‌زايه‌تى ده‌رده‌بڕن، ده‌ڵێن قاچاغچى، ئه‌گه‌ر بڵێين ئه‌و كاره ياسايى نييه، خۆ ده‌بێت به ياسا رێگرى بكرێت، نه‌ك بكوژرێن. ئه‌وه چ ده‌سه‌ڵاتێكه. ئه‌وه وايكردووه، كورده‌كانى ئێران ناڕازيتر بن له خه‌ڵكى ديكه. ئه‌م ناڕه‌زايه‌تييانه هه‌ندێكجار له‌سه‌ر شه‌قام و به شێوه‌ى توندتر خۆى ده‌ربڕيوه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كورده‌كان باشتر بوايه، ئێمه كوردستانێكى ئاراممان ده‌بينى.
بيستمان له‌ناو خاكى عێراقدا به هێرشى مووشه‌ك ژماره‌يه‌ك له هاووڵاتيانى ئێمه كوژران، دژى ئه‌و كرده‌وه‌يه، كوردستانى ئێران مانگرتنێكى سه‌رتاسه‌رى به‌ڕێوه‌برد. ئه‌و كرده‌وانه ته‌نيا ناڕه‌زايه‌تى زياتر ده‌كات. نازانم چۆن حكومه‌ت دواى 40 ساڵ هێشتا ناتوانێت خه‌ڵكى خۆى رازى بكات. ئه‌و دۆخه‌ى له كوردستانى ئێران درووستيان كردووه، مايه‌ى خه‌جاڵه‌تييه.
كوردستان24: ئێران باره‌گاكانى ديموكراتى له ناو خاكى عێراق بۆردومانكرد، ئه‌و كرده‌وه‌يه هه‌ڵگرى چ په‌يامێكه و رووى په‌يامه‌كه له كامه لايه..
شيرين عيبادى: ئه‌م كرده‌وه‌يه پێچه‌وانه‌ى ياسا نێوده‌وڵه‌تييه‌كانه. ئه‌وه ده‌ستدرێژييه بۆ سه‌ر وڵاتێكى ديكه. له كاتێكدا كۆبوونه‌وه‌ى هه‌بووه له خاكى وڵاتێكى ديكه‌دا، ئێوه به مووشه‌ك هێرشيان ده‌كه‌نه سه‌ر و ده‌يانكوژن. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ى ياساى نێوده‌وڵه‌تييه. به‌ڵام سه‌ير ئه‌وه‌يه، عێراقيش ته‌نيا به رسته‌يه‌ك نووسى ئێمه زۆر به‌داخه‌وه‌ين و ره‌خنه‌مان هه‌يه، ماناى چييه، ئێوه ده‌ستدرێژى كراوه‌ته سه‌ر وڵاته‌كه‌تان.
كوردستان24: به بڕواى ئێوه بۆچى حكومه‌تى عێراق، هيچ هه‌ڵوێستێكى به‌رچاوى نه‌بوو..
شيرين عيبادى: هۆكاره‌كه‌ى روونه، دواى سه‌دام حوسێن، عێراق هاوپه‌يمانى نزيكى ئێرانه و تاران زۆر ده‌ستى له عێراقدا ده‌ڕوات. ئه‌مه يه‌كه‌مجار نييه، ئێران ده‌ستدرێژى ده‌كاته سه‌ر خاكى ئه‌و وڵاته. پێشتريش ئه‌و تاوانه‌يان كردووه. ئه‌مجاره به‌داخه‌وه ژماره‌ى قوربانيان زۆره. ئێران بانگه‌شه ده‌كات، كه به فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان زانيويه‌تى بنكه‌يان له كۆيه‌يه و كۆبوونه‌وه‌يان هه‌بووه و له كاتى كۆبوونه‌وه‌كه هێرشيان كراوه‌ته سه‌ر. به‌ڵام له راستييدا به‌و جۆره نييه، وه‌ك له ميدياى كوردى به‌رگوێم كه‌وتووه، ژماره‌يه‌ك كه‌سى سيخوڕ ئه‌و زانيارييانه‌ى پێگه‌ياندوون. واته حكومه‌تى ئێران به سيخوڕى چووه‌ته ناو ئه‌و حزبانه و ئامانجه چه‌په‌ڵه‌كانى خۆى پێشده‌خات. لێره‌وه وێڕاى سه‌ره‌خۆشيم بۆ هاووڵاتيانى كورد، به هۆى كوژرانى ژماره‌يه‌ك له ئه‌ندامانى ديموكرات، پێيان ده‌ڵێم، ئاگايان له خۆيان بێت سه‌باره‌ت به بوونى كه‌سانى سيخوڕ له‌ناو ئه‌و حزبانه‌دا.
كوردستان24: ئايا پێت وايه كه‌سانى ديكه هه‌ن له هه‌رێمى كوردستان يارمه‌تى ئێرانيان دابێت..
شيرين عيبادى: ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌يه، به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى ئێران ده‌يڵێت، له رێگه‌ى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان زانيارييه‌كه‌ى پێ نه‌گه‌يشتووه، به‌ڵكو له رێى سيخوڕييه‌وه ئه‌و زانياريانه‌ى پێگه‌يشتووه، من ده‌زگاى هه‌واڵگرى نيم و نازانم كێ سيخوڕى كردووه. ميدياى كوردستان باسى له‌وه كردووه، ئه‌و زانياريانه له رێى كه‌سانى سيخوڕه‌وه گه‌يشتوونه‌ته ئێران و بۆيان خراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر به مووشه‌ك هێرش بكه‌ن ئه‌وا زيانيان زياتر پێده‌گات.
كوردستان24: ئايا ئه‌و په‌يامه رووى له كێ بوو.. عێراق، يان وڵاتانى ده‌وروبه‌ر ياخود ديموكراته‌كان..
شيرين عيبادى: من سياسى نيم. له ماناى په‌يامه‌كانيش تێناگه‌م. من پارێزه‌رى مافى مر‌ۆڤم. ده‌ڵێم ئه‌و كاره تاوانێكى گه‌وره بوو. من ياسا ناسام و ده‌ڵێم ئه‌م كاره ده‌ستدرێژييه بۆ سه‌ر وڵاتێكى ديكه و پێچه‌وانه‌ى ياسايه. من مر‌ۆڤم و دڵم ژان ده‌كات كاتێك كۆمه‌ڵێك مرۆڤ وا ده‌كوژرێن.
كوردستان24: به‌رده‌وام لاوانى كورد له سێداره ده‌درێن، ئێوه وه‌ك براوه‌ى نۆبڵ له‌و باره‌يه‌وه هيچ هه‌نگاوێكتان ناوه..
شيرين عيبادى: له سه‌رده‌مێكدا كه من له ئێران بووم، به هاوكارى ژماره‌يه‌ك پارێزه‌رى ديكه ئه‌نجوومه‌نێكمان به ناوى ناوه‌ندى به‌رگرى به‌رگريكارانى مافى مرۆڤ، بێ به‌رامبه‌ر پشتيوانيمان له تۆمه‌تبارانى سياسى و ئاينى ده‌كرد. كورده‌كان زۆرتر روويان له ئێمه ده‌كرد. بێ به‌رامبه‌ر زۆر پشتيوانيمان لێكردوون. هه‌ر شتێك روويدابێت، وه‌ك به‌رگريكارێكى مافى مرۆڤ خێرا راپۆرتم بۆ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و كۆميسياراى مافه‌كانى مرۆڤ ناردووه. به‌داخه‌وه حكومه‌تى ئێران نه به قسه‌ى ئێمه و نه خه‌ڵك و نه نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان ده‌كات. ئێستا زياتر له 20 ساڵه نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان، هه‌موو ساڵێك به هۆى پێشێلى مافى مرۆڤ به‌ياننامه ده‌رده‌كات و حكومه‌تى ئێران ئيدانه ده‌كات. به‌ڵام تاران گوێ ناداتێ و ده‌ڵێت ئه‌و بڕيارنامانه بێنرخن. 40 ساڵ پێش ئێستا و له 1979 كاتێك شۆڕش كرا، سه‌دا نه‌وه‌دى خه‌ڵك شۆڕشى ئيسلاميان ده‌ويست و حكومه‌ت زياتر له نه‌وه‌د له سه‌دى ده‌نگى خه‌ڵكى هه‌بوو. به‌ڵام ئێستا له هه‌ڵبژاردنى ئازاد ده‌ترسن. چونكه ده‌زانن ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ حكومه‌تن له سه‌دا پێنج تا شه‌ش زياتر نين، ئه‌ويش ئه‌وانه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندييان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌يه. هه‌ر بۆيه ئه‌وان به هۆى سه‌رنج نه‌دانيان به نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و توندوتيژيان دژى خه‌ڵك لايه‌نگرى خه‌ڵكيان له‌ده‌ستداوه.
كوردستان24: په‌يامى ئێوه بۆ خه‌ڵكى ئێران به گشتى و به تايبه‌تى بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد چييه..
شيرين عيبادى: خۆم به هاوبه‌شى خه‌مى كوردستانى ئێران ده‌زانم. زۆر به داخم له‌و دۆخه‌ى هاتووه‌ته پێش. سه‌ره‌خۆشى له بنه‌ماڵه‌ى قوربانيان ده‌كه‌م. تكا له هاووڵاتيانى كورد ده‌كه‌م، روومه‌كه‌نه توندوتيژى و سووربن له‌سه‌ر داواكارييه‌كانتان و به‌رگرى بكه‌ن، به هێمنى و ئاشتييانه. ئه‌گه‌ر رووبكه‌نه توندوتيژى، ئه‌وا بيانوو ده‌ده‌نه ده‌ست حكومه‌ت زياتر سه‌ركوتتان بكات. وه‌رن با هه‌موومان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ يه‌ك به به‌رگرى مه‌ده‌نى و ئاشتييانه ئه‌و حكومه‌ته ناچار بكه‌ين رێز له مافى هه‌مووان و به تايبه‌تيش كورد بگرن. ئێمه نموونه‌ى به‌رگرى مه‌ده‌نى زۆر باشمان هه‌بووه. بۆ نموونه له ئه‌سفه‌هان خه‌ڵك چوونه نوێژى هه‌ينى و كاتى نوێژ پشتيان كرده ئيمامه‌كه و دانيشتن و نوێژه‌كه‌يان تێكدا بێ ئه‌وه‌ى رووبكه‌نه توندوتيژى. يان ئه‌و كرێكارانه‌ى بێكار بوون، سفره‌ى به‌تاڵيان له‌سه‌ر شه‌قام راخست و گوتيان برسين. توندوتيژى له لايه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌بێته پاساو بۆ توندوتيژى له لايه‌ن حكومه‌ته‌وه. بۆيه هيوادارم هه‌موومان شان به‌شانى يه‌كتر له رۆژێك له ئێرانێكى ديموكراتدا كه دۆخى خه‌ڵكيش تێيدا باشتر بێت وه‌ك هاوڕێ پێكه‌وه بژين.
كوردستان24: زۆر سووپاس بۆ ئه‌و كاته‌ى ته‌رخانت كرد.
هه‌ڤپه‌يڤين: ئاواره هه‌ورامى