یادەوەریی ٢ی ڕێبەندان و خیانەتی سۆڤییەت لە گەلی کورد لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی ئەو خیانەتە مێژووییەی ڕووسەکاندا، ڕوسیا جارێکی دیکە پشتی کردووەتە کورد و ئاسمانی عەفرین داوەتە تورکیا بۆ ئەوەی بە فڕۆکە جەنگییەکانی گەلی کورد بۆردومان بکات و هەڕەشە بکات لە دەستکەوتێکی مێژوویی دیکەی گەلی کورد.
لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەمدا، بە پشتگیریکردنی ڕەزا شای پەهلەوی لە بەرەی نازییەکان، سۆڤییەت لە باکوری ئێرانەوە و بەریتانیاش لە باشورەوە هێزەکانیان ناردە ناو خاکی ئێرانەوە و ئێرانیان داگیر کرد، لە ساڵی ١٩٤١دا ڕەزا شاه لە پاشایەتی دوور خرایەوە و کوڕەکەی، محەمەد ڕەزا شاه وەک جێگرەوە بۆی دانرا.
لەکاتی داگیرکردنی ئێراندا لەلایەن سۆڤییەت و بەریتانیاوە، تەرکیزی حکومەتی ناوەندی لە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێراندا کەم بووەوە، هەر ئەوە ئەو هەلەی ڕەخساند کە لە شارەکانی مهاباد و تەبرێز دوو کۆمار بە ناوەکانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دابمەزرێن.
مێژوونووسان دەڵێن، کە سۆڤییەت لە باکوری ئێرانەوە تا ورمێیان کۆنتڕۆڵ دەکرد و بەریتانیاش لە باشوری ئێرانەوە تا ئیلامیان بە دەستەوە بوو، ١١ کەسایەتی و ڕۆشنبیری کورد لە ساڵی ١٩٤٢دا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان(ژ.ک)-یان بە مەبەستی ڕزگاریی گەلی کورد دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٤٣دا کۆمەڵەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە شاری مهاباد دا بەست و لە کۆنگرەکەدا کە زیاتر لە ١٠٠ کەس تێیدا بەشداربوون، بڕیار درا چالاکییەکانی کۆمەڵەکە لە نهێنییەوە بۆ ئاشکرا بگۆڕێن و گۆڤارێکیش بە ناوی نیشتمان بڵاوبکرێتەوە، بۆئەوەی لەو ڕێگایەوە ئامانجەکانی کۆمەڵەی ژ.ک بە خەڵک ڕابگەیەندرێت.
گۆڤاری نیشتمان لە یەکەم ژمارەیدا بەم شێوەیە باس لە ئامانجەکانی ژ.ک دەکات:”کۆمەڵەی ژ.ک بە هەموو هێز و توانای خۆی تێدەکۆشێت تا زنجیر و کەلەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ئێستا کوردستانێکی گەورەو ڕێکوپێک بێنێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تێیدا بژیت”.
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥دا کۆمەڵەی ژ.ک ناوی خۆی بە حزبی دیموکراتی کوردستان گۆڕی، لە کاتێکدا کە هاوکات لە شاری تەبرێزی ئازەربایجانی ئێرانیش هەوڵی هاوشێوە هەبوو بۆ ڕزگارکردنی گەلی ئازەری و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئازەربایجان.
هەر لە ساڵی ١٩٤٥دا شاندێکی حزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محەمەد سەردانی شاری تەبرێزیان کرد، بۆ ئەوەی لەوێ چاویان بە کۆنسۆلی سۆڤییەت بکەوێت و سەبارەت بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد دانوستانیان لەگەڵ بکەن، پاشان لە تەبرێزەوە بەرەو شاری باکۆی ئازەربایجان بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی دانوستانەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤییەت بە ئەنجام بگەیەنن.
لە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٥دا حزبی دیموکراتی ئازەربایجان بە سەرۆکایەتیی جەعفەر پیشەوەری پارێزگای ئازەربایجان (بە ناوەندی تەبرێز)یان لە چنگی سوپای ئێران ڕزگار کرد و کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند.
پێنج ڕۆژ پاش ئەوە لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، مەهاباد لە چنگی هێزەکانی سوپای ئێران ڕزگار کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا، واتە ٢ی ڕێبەندان، کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕاگەیەندرا.
کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە مهاباد، سەرەڕای تەمەنی کورتیان، سەردەمی زێڕینی گەلی کورد و گەلی ئازەرین، لەو سەردەمەدا دەیان ڕۆشنبیر و نووسەری کورد و ئازەری گەشەیان کرد و پەروەردە کران، مامۆستا هەژار موکریانی و مامۆستا هێمن لە سەردەمی کۆماری مەهاباددا نووسیویانە، غوڵام حسێن ساعدی و ڕەزا بەراهنی، دوو نووسەری گەورەی ئازەرین (کە بە زمانی فارسی نووسیویانە)، هونەری خۆیان بە قەرزداری تێپەربوونی سەردەمی منداڵیان لە کاتی کۆماری ئازەربایجاندا دەزانن.
پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کۆمارە زۆر باش بوو، وەک پاڵپشتی یەکدی لە قەڵەمدەدران، تا ئەو ڕادەیەی کە یەکێک لە مادەکانی مانیڤێستۆی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان بوو، ئەو دوو کۆمارە هەردوو لەسەر بنەمای ڕزگاریی گەلانی بندەست و هزری سۆسیالیستیدا دامەزران، ئەوە بە ئاشکرا لە شێوەی بەڕێوەبردنی کۆماری ئازەربایجان ڕا دیارە، لە کۆماری کوردستان لە مەهابادیشدا، لە یەکێک لە بەندەکانیدا ئاماژە بەوە دەدرێت: بە شێوەیەیکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ چینی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکان بکرێت.
لە مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا، سۆڤییەت لە گەڵ حکومەتی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی ڕێککەوت، لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٦، بەھۆی فشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، سۆڤیهت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران بکشێتەوە، لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر کۆماری ئازەربایجاندا، ئەمەش بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤیهت، لەوە بەدوا پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە سۆڤییەت بەپێی هزری لینین پابەندبوو بە هاوکاریکردنی گەلانی بندەست بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەری، هەر بەهۆی یارمەتییەکانی سۆڤییەتەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی باشوری سۆڤییەت بە خۆبەڕێوەبەری گەیشتن، بەڵام لە بارەی کورد و ئازەرییەوە ئەو پابەندییەیان پێشێل کرد.
دیارە ئەگەر کۆماری مەهاباد لەلایەن گەلی کورد لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە پشتگیریی بکرایە و خاوەنی ئەو هێزە بوایە کە بیتوانیایە لە بەرامبەر هێرشی داگیرکارانەی حکومەتی پەهلەویدا بوەستێت، کۆماری کوردستان لە مەهاباد سەرەڕای خیانەتی سۆڤییەتیش دەیتوانی لە سەر پێیان بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.
دوای دابڕانی کۆمار و سۆڤیەت، خێڵە کوردەکان کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لە کۆمار دەکرد، بەرھەم و سەرچاوەی داراییان نەما، ئیتر خێڵەکان هیچ بیانوویەکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەبوو، هەربۆیە زۆرێک لە خێڵەکان قازیان بەجێھێشت. لە ٥ ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان ڕاگەیاند کە ڕێگە لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە.
قازی محەمەد، نكۆڵيی لەو راستییە نەدەکرد کە لە ڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیهت بەستووە، جگە لەوەش کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە دەیناڵاند، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان خەڵکی شارو خێڵەکییەکاندا ھەبوو، ھاوپەیمانییەتییەکان بۆ مھاباد لە داڕماندا بوون.
پێشتر ڕایگەیاندبوو، خێڵەکان و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکاريی دارایی و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان گرتووە کە لە یەکێتی سۆڤیهتەوە وەریدەگرێت، ھەندێکی تر لە خێڵەکان دڵیان بە بارزانییەکان نەدەکرایەوە، لەبەرئەوەی نەیاندەویست سەرچاوە و داھاتەکانیان لەگەڵ بەش بکەن، لە رووی داراییەوە کۆماری کوردستان لە مھاباد نشوستی ھێنا و ئەوەش وەک مەحاڵ وابوو کە مھاباد لە ڕووی داراییەوە ھاوتا بێت لەگەڵ ئێران.
هەرچەندە ئەنجومەنی شەڕی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بڕیاری شەڕیان دابوو لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆماردا، بەڵام لە کاتی گەیشتنی هێزە ئێرانییەکان بۆ سەر سنوور، زۆربەیان ڕایان کرد و بەرەکانی بەرگری لە مهابادیان چۆڵ کرد.
بەم شێوەیە لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شاری مهاباد کە ناوەند و پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، دواتریش لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ١٩٤٧دا، قازی محەمەد و سێ لە هاوەڵانی لە سێدارە دا.
چاودێران پێیوانوایە کە لە دەستپێکی تێکۆشانی مۆدێرنی گەلی کوردەوە تا ئێستا گەلی کورد هەمیشە لە نەبوونی یەکێتیی نەتەوەیی زیانی بەرکەوتووە، ئەو دۆخە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.
rojnews
20/1/2021