فوئاد سدیق
ئەوەی ئێستا لەناو كۆمەڵگای كوردیدا روودەدات، رێك هەرەسی ئەو شاخە بەفرینەیە كە كەوتۆتە بەر گەرمای هەتاو، جیاوازی لە رووخانی كۆمەڵگای كوردی لەگەڵ ئەو شاخە بەرزە بەفرینە كە هەردووكیان هەرەسدێنن، ئەوەیە، شاخە بەفرینەكە دەبێتە دەریاو رووبار، زەوی پێ سەوز دەكاتەوە، بەڵام داڕووخانی كۆمەڵگای كوردی ، ناسیستەماتیكی و ئاژاوەگێڕی و نەهێشتنی كارو مەعریفەو تا دەگاتە چەتەگەریی ،دروستدەكات.
كۆمەڵگای كوردی ئێستا لە دەستپێكێكی توندی هەڵوەشاندنەوەی خۆیەتی، گرفتی گەورە لەم لەباریەكچوون و هەڵوەشانەوەیە، ئەوەیە، هێشتا ئێمە نەگەیشتووینەتە دی سۆسۆرو دریدا تا رێگایەكی نوێ بۆ خوێندنەوەی كۆمەڵگا بدۆزینەوە. هێشتا ماركسێكمان نییە تا مەترسییەكانی ئەو توێژە مشەخۆرە بە خەڵك بناسێنێت كە لەماوەی رابردوودا، لە خاڵی سفرەوە بوون بە ملیاردێر. هێشتا مۆنتیسكیۆمان نییە تا رۆحی یاساكانمان پێ بناسێنێت و ، سیستەمێكمان بۆ دابهێنێت، كە لای كۆمەڵگای رەشورووت تازەو نوێ بێت،ئەوەتا هێشتا دابەشكردنی دەسەڵاتەكان ئێستا لەهەموو كات زیاتر مشتومڕی لەسەرە. ئێمە هێشتا جان جاك رۆسۆیەكمان نییە، دیموكراسی و ئازادیمان پێ ئاشنا بكات ، ئێمە هێشتا زۆرمان ماوە باس لە پراگماتیزمێك بكەین وەك ئەوەی چارلز پێرس و ويليام جيمس و جۆن ديوی بۆ كۆمەڵگای ئەمریكایان داهێنا. ئێمە هێشتا زۆرمان ماوە بگەین بە قۆناخی ئەمانۆئیل كانت، تا بە مێشكێكی ساردەوە، بیر لە ئەقڵانیەت و توانای ئەقڵی مرۆڤ و ئینجا بیر لە رەخنە بكەینەوە. زۆرمان ماوە بتوانین گرنگی دەوڵەت تێبگەین كە ٥٠٠ ساڵە تۆماس هۆبز پێداویستییەكانی ئەو دەوڵەتبوونەی بۆ كۆمەڵگاكان خستۆتە روو. هێشتا سپینۆزایەكمان نییە بنەماكانی ئەخلاق و گرفتی لاهوتیەت بخاتە بەرباس و لێكۆڵینەوە. خەریكە تازە چاوشاركێ و چاوبڕكێ لەسەر گرفتی ئایین لە كۆمەڵگادا دروستدەبێت. نایەمە سەر مرۆڤی سۆپەرمانی نیچەو منی باڵا ی فرۆید و گرێی ئۆدیبەكەی ، هێشتا فەیلەسوفانی مۆدێرنێتەو دوای ئەویش كە پۆست مۆدێرنێتەیە، میشێل فۆكۆ كە بە باوكی پۆست مۆدێرنێتەش دا نەنرێت ، بە دڵنیاییەوە رۆحی پۆست مۆدێرنێتەیە، بەڵام گەلی برادەرینە، ئێمە هێشتا كۆمەڵگایەكین نەگەیشتووینەتە قۆناخی رێنیسانس و رۆشنگەری، ئیتر چۆن بێین لە هایدگەرو دریداو فۆكۆو ....هتد وردبینەوە.
بەگشتی كۆمەڵگای كوردی بە ئاقارێكی پڕ لە مەترسیداردا رەتدەبێت، كە هیچ روون نییە ئەو سەرهەڵگرتنە لە كوێ و بە چ شێوەیەك بارگەو بنەی خۆی دادەنێ. پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تێكچوونەو، گۆشەگیرییەكی بێ ئامان جێگای خۆی خۆشدەكات بێتە شوێنی، چینەكانی كۆمەڵگا گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووەو، سەرمایەداری پارەدارمان هەن، بەڵام نەك سەرمایەدار بەو چەمك و تێگەیشتنەی تیۆرەزانانی وەك ئادەم سمیث و ماركس شەونخوونیان بەدیاریەوە چێشتووە. بەها كۆمەڵایەتییەكانمان تەواو بێ بەها كراون.
كۆمەڵگای ئەوروپی لە سەردەمی رێنیسانس بەرەو ئاقارێك چوو، كە سەرتاپای هزرو لێكدانەوەكانیان گۆڕانكاری گەورەی تێكەوت، مایكاڤیلی و تۆماس مۆرو هۆبزو داڤنشی و مایكل ئەنجیلۆو كۆپەرنیكۆس و گالیلۆو تا دەگاتە دیكارت.ئەمانەو دەیانی دیكە لە فەیلەسوف و هونەرمەندی گەورە ،هاتن كۆمەڵگایان بەرەو ئاقارێكی نوێتر بردو زۆر بە جوانی كۆتاییان بە سەردەمی تۆما ئەكوینی و فەلسەفەی چەقبەستووی ئەرستۆ هێنا كە بە ئایینەوە گونجاندبووی. هەر ئەمەش بوو، سەری هەڵگرت بۆ دەستپێكی شۆڕشێكی گەورە لە فەرەنسا . ئێمە رەنگە نموونەی رۆپسپێرو میرابۆمان زۆر هەبن، بەڵام هێشتا نە (كانت) نە (دیكارت) نە كۆپەرنیكۆس و نە داڤنشی و نە ئەنجیلۆیەكمان هەیە. رەنگە هەوڵماندابێت سیاسەتی مایكاڤیلی پەیڕەو بكەین، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ئایین ببەینەوە ناو چوار دیواری مزگەوتەكان و نەشمانتوانیوە بیرتیژی مایكاڤیلی بۆ بەدەوڵەتبوونی خۆمان بەكاربهێنین.
تا میتۆدو تیۆرەمان لەبارەی ئەو هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگایە نەبێت و تا چەندین نموونەی جوانی دیكارت و مۆنتیسكیۆو ڤۆلتێرو سپینۆزامان نەبێت، هیچ ئومێدو هیوایەك بۆ ئاییندەی ئەو كۆمەڵگایە دروست نابێت كە كەوتۆتە ژێر چەتری كەسانێكەوە، كە هەموو بەهاكانی كۆمەڵگایان لە ژێر چەتری دۆلاردا چڕ كردۆتەوە. ئا لێرەدایە، نوخبەی كوردی نەك هەر پەرتەوازەیە، بەڵكو تا بڵێی بێ ئیرادەو بێ فكرو ترسنۆكە. نوخبەی كوردی تا بڵێی ، نوخبەیەكی ساختەو كۆپیكراوێكی سەقەتی وڵاتانی دەوروبەرە، بۆیە تا ئێستا هیچ میتۆدو بەرنامەیەكیان بۆ كۆمەڵگاكەیان پێ نییە.
ناكرێ كۆمەڵگای كوردی بە هیچ كۆمەڵگایەكی دەوروبەریشمان بەراورد بكەین، ئاخر كوا یەك فەیرۆزمان هەیە؟ لەگەڵ نان خواردنی سبەینان، بمانباتە ناو جیهانی جوانی و سروشت و بەرائەت. یەك جوبران خەلیل جوبرانمان هەیە؟ یەك (منير البعلبكي)مان هەیە ؟ لە شانۆ، لە هونەری شێوەكاری، لە مۆسیقا، لە دۆخێكی زۆر خراپداین. لە سی(٣٠)ساڵی رابردوودا، تا دێت بەرەو دواوە هەڵدێین، بەهایەكمان هەبوو ئەویشمان لەسەری دانا. ئێستا لەخۆمان بەتاڵتر ماوینەتەوە، بەهایەكمان نەماوە شانازی پێوە بكەین، هیچی نوێشمان دانەهێناوە.جارێ هێشتا لە هەڵوەشانەوەو داڕووخانداین، نازانین كەی بەتەواوی دەڕووخێین، ئینجا بونیاد دەنێینەوە، یان لە ناوەڕاستی رووخانەكەدا، بونیادنانەوە دەستپێدەكات. جارێ هیچ دیار نییە، ئەوەی دەبینرێ رووخان و هەڵوەشانەوەی بەردەوامە.
(ئەم نووسینە بابەتێكی درێژە لە رەشنووسی كتێبی بەرگی چوارەمی قەیرانی ئەقڵ بڵاودەبێتەوە)