ئەردەڵان عەبدوڵڵا
زۆرجار دەگووترێت یەکێک لە هۆکاری جەنگ و ململانێی نیوان دەوڵەتان جیاوازی ئایدۆلۆژیا و ئایینە، لەمبارەیەشەوە کۆمەڵێک نموونەمان هەیە، بەڵام کاتێک سەیری مێژووی هەندێک دەوڵەت دەکەین، تەواو پێچەوانەی ئەم بۆچوونەمان بۆ دەردەکەوێت.
جەنگی ماوییزم و ستالینیزم
لەسەدەی پێشوودا کاتێک ئایدۆلۆژیا رۆڵی گرنگی لەناو جیهاندا دەبینی، بەتایبەتی لەپاش دروستبوونی یەکێتی سۆڤێت و پێڕەوکردنی سیستەمی کۆمۆنیستی، ئایدۆلۆژیا هەژموونی گەورەی بەسەر جیهانەوە هەبوو. هەر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی جگە لە روسیا لە چینیش پارتی کۆمۆنیست توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و کۆتایی بە داگیرکاری ژاپۆنیی و حوکمی دەرەبەگایەتی بهێنێت و سیستەمێکی کۆمۆنیستی هاوشێوەی روسیا لە گەورەترین وڵاتی جیهاندا پێڕەو بکات. لەوکاتەدا ئەمە بەسەرکەوتنی گەورە بۆ کۆمۆنیزم دادەنرا لە جیهاندا، دەگووترا کە پاش ماوەیەکی تر هەموو دەوڵەتانی جیهان بەناچاری دەبنە کۆمۆنیستی، هەربۆیە تەوژمی کۆمۆنیستی لەتەواوی جیهاندا بەهێز بوو، بەڵام دەرئەنجامەکەی پێچەوانەوە دەرچوو. هەر لەپاش مردنی ستالین، جەنگێکی خوێناویی و قوورس لە نێوان یەکێتی سۆڤێت و چیندا دروستبوو، ساڵانێکی زۆر لە تەواوی جیهاندا هەردوو قووتابخانەی سۆڤێتی و چینی جەنگیان لە دژی یەکتری دەکرد، لەکاتێکدا هەردووکیشیان کۆمۆنیست بوون. بەداخەوە ئەم جەنگە فکرییە کوردستانی خۆشمانی گرتەوە، بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتادا.
ناسرییەکان و بەعسییەکان
لەڕۆژهەڵاتی ناڤینیشدا لەپاش هاتنە سەرکاری جەمال عەبدولناسر لە میسر، تەوژمی قەومچێتی و " عروبە" لەتەواوی وڵاتانی عەرەبی بەهێز بوو، لەوکاتەدا جگە لە ناسرییەکان، بەعسییەکان، هەژموونی گەورەیان لەناو وڵاتانی عەرەبیدا هەبوو. چ ناسرییەکان و چ بەعسییەکانیش، هەردووکیان ئیدعای نەتەوەپەرستیان دەکرد، بەڵام هەردووکیشیان