بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرەکیی "جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو ڕۆژە لەمەوبەر مامۆستایەکی ئایینی و وانەبێژی زانستە ئاینییەکانی قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیووبی دەستگیر کراوە.
عهبدولعهزیز عهبدی ناسراو بە (مامۆستا ڕهزا) له زانایانی بەناوبانگی ئەھلی سوننهت له پارێزگای ورمێ و مامۆستایی وانهبێژ له قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدین ئەییوبیی شاری ورمێییە کە بە حوکمی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی، لە شاری تەورێز دەستگیر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ئیسلاح وێب) ئەو مامۆستا ئایینییە ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەریش جار ڕووبەڕووی تۆمهتی جۆراوجۆر کرایەوه کە سەرەنجام لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی شاری تەورێزەوە، حوکمی شەش مانگ زیندان و دوو ساڵ دوورخستنەوە لە دەرەوەی شاری ورمێی بەسەریدا سەپا.
ھەرچەند بەھۆی پێداگریییەوە دەکرا حوکمی بێتاوانییەکەی ڕابگەیەندرێ، بەڵام لە بەشی پێداچوونەوە بە حوکمەکەی لەلایەن دادگای «پێجاچوونەوە»وە ديسانهوه حوکمی دادگای سەرەتایی پەسند کراو و ڕێکەوتی 2016 -12- 25 لە شاری تەورێز قۆلبەست کراوە.
ئەم مامۆستا ئایینییە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ھێوەرکردنەوەی ڕوانگەی توندوتیژی بووە و ھەروەھا بۆ بەھێزکردن و پتەوکردنی برایەتی و دووری لە شەڕاژۆیی نەتەوەیی و ئایینی ڕۆڵێکی کەم وێنەی بووە و لەم بوارەدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە لایەنی ئیسلامی میانڕهو کردووە.
مامۆستا ڕەزا عەبدی 63 ساڵ تەمەنییەتی و ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆی لە ڕێگای خزمەت بە زانستە ئایینیەکان، پێشنوێژی و خوتبەی ئایینی بەسەر بردووە.
27/12/2016
سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی ئێران، کە زانایەکی ناسراوی مەزهەبی شیعەیە، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند.
لە نامەیەکدا، کە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی بڵاو کراوەتەوە، مەهدی کەڕوبی، سەرۆکی پارتی ئیعتیمادی میللیی ئێرانی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتیی حزبەکەی، راگەیاندووە.
مەهدی کەڕوبی زانایەکی ئایینیی مەزهەب شیعە و یەکێکە لەسەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کە داوای ریفۆرم و چاکسازی لە رژێمی وڵاتەکەیان دەکەن.
ئەو سەرکردە ئێرانییە لە دوای سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە تێیدا رکابەریی مەحمود ئەحمەدینەژادی سەرۆکی پێشووی ئێرانی دەکرد، خراوەتە ژێر چاودێریی و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
27/12/2016
حكومەتی عێراق هێزهكانی پاسهوانی سنووری خۆی لە نێوان عێراق و ئێران لادهبات و پاسهوانی سنووری وڵاتانی دیکەی دراوسێ بههێز دهكات.
بهپێی سهرچاوهیهك بۆ ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، حكومەتی عێراق پلانی داناوە بۆ كێشانهوهی پاشماوهی ئهو هێزانهی كه پاسهوانی سنووری نێوان عێراق و ئێران دهكهن، چونكه حكومهتی عێراق پێی وایه پێویست بهبوونی پاسهوانی سنوور ناكات لهو ناوچانه، له كاتێكدا ئێران زۆرترین هێزی سهربازیی خۆی لهو ناوچه سنوورییانه بڵاو كردووەتەوه به درێژایی نزیكهی (1450) كیلۆمەتر.
ئامانجی حكومهتی عێراقی لهم ههنگاوه سوودوهرگرتنه لهو پاسهوانانهی سنوور به گواستنهوهیان بۆ ناوچه سنوورییهكانی دیکەی عێراق لهگهڵ پێنج وڵاته دراوسێكه (توركیا، سووریا، ئوردن، سعودیه و كوێت).
ههر بهپێی سهرچاوهكه، له سهردانهكهی عەقیل خەزعەلی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ ههولێر له سهرهتای ئهم مانگهدا، به بهرپرسانی حكومهتی ههرێمی كوردستانی ڕاگهیاندووه كه بوونی پاسهوانانی سنوور له ناوچه سنوورییهكانی لهگهڵ ئێراندایه، هیچ سوودێكی نییه و ئهركێكی زیادهیه، ههروهها پێی ڕاگهیاندوون كه حكومهتی عێراقی پلانی ههیه بۆ كشاندنهوهی پاسەوانانی سنوور لهو ناوچهیه و بهجێهێشتنی ئهركی چاودێریكردنی سنوورهكه به تهنها بۆ ئێران. لهگهڵ ئهوهی نزیكهی زیاتر له %55ی سنووری نێوان ههردوولا به تهواوی به دهست ئێرانهوهیه و هیچ سهربازێكی عێراقی لێ نییه.
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگهیاندووه به ڕێنمایی حكومهتی عێراقی یهكهكانی پاسهوانی سنووری نێوان عێراق و ئێران دهگوازرێنهوه و ئهو سنووره بهبێ پاسهوان دههێڵنهوه، چونكه ئێران دوژمن نییه و نایانهوێ پاسهوان لهو سنووره دابنێن.
چاودێرانی سیاسی لابردنی پاسهوانی سنوور له ناوچه سنوورییهكانی نێوان ئێران و عێراق به مهترسی دهزانن و ئهمهش به دهرگایهك و ههنگاوێكی مهترسیدار دادهنێن لهبارهی دۆسیهی ماده هۆشبهرهكان و هەڵاتنی داواكراوانی یاسایی و تاوانبارانی ئهمنی و زیادبوونی دیاردهی بەتاڵانبردنی كهلوپهل.
26/12/2016
لە بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ سووتانی سەروین، زانیاری نوێ ئاشكرا دەبێت و خزمێكی سەروین دوا قسەی ئەو كچە تەمەن 22 ساڵە لە نەخۆشخانە ئاشكرا دەكات، باوكیشی دەڵێت، بە كچەكەی نەگوتووە دژی ئەو هاوسەرگیرییەیە، تەنیا داوای پێدانی دەرفەتی كردووە.
کوڕە پورێكی سەروین (كچە 22 ساڵانەكەی شارۆچكەی بلێ) ئاشكرای دەكات، سەروین لە نەخۆشخانە پێی گوتووە، نیازی خۆسووتاندنی نەبووە، بەڵكو ویستوویەتی لەو رێگەیەوە فشار بخاتە سەر خانەوادەكەی بۆ ئەوەی خۆی هاوژینی ژیانی دیاری بكات.
بەگوتەی هیڤیدار داود، کوڕی پوری سەروین، كە لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووە، سەروین گوتوویەتی، نەیویستووە خۆی بسووتێنێت، بەڵكو هەوڵیداوە لەو رێگەیەوە فشار بخاتە سەر باوكی بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی هاوژینی ژیانی دیاری بكات.
ئەرشەد عەبدوڵڵا، مامی سەروین دەڵێت، ئەو و باوک و برایەکی بە هانایەوە چوون تاوەکو پەنا بۆ خۆسووتاندن نەبات، بەڵام بەهۆی زۆری ئەو بەنزینەی بە لاشەی خۆیدا كردووە، درەنگ ئاگرەكەیان بۆ كوژاوەتەوە.
پەیامنێری رووداو چووەتە ژووری تایبەتی سەروین، كە لە ژوورەكەیدا كتێب و كەلوپەلەكانی هێشتا لە شوێنی خۆیانن. هەر لە ژوورەكەیدا وێنەیەك دەبینرێت، كە سەروین بەر لە خۆسووتاندنی كێشاویەتی، لەوێنەکەدا کچێک دەردەكەوێت پشتی لە دونیا کردووە.
پەیامێنری رووداو چووەتە سەر گۆڕی سەروین و نۆبەدار عەبدوڵڵا، باوكی سەروین لەسەر گۆڕەكەی گریان و شیوەنیەتی و هاوار بۆ گەڕانەوەی ئەو كچەی دەكات، كە 22 ساڵە بەخێوی دەكات.
چەند رۆژێكە وێنەی سەروین نۆبەدار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە و هەزاران كەس دەڵێن، بەهۆی ئەوەی كوڕێكی خۆشویستووە و كوڕەكە چەندجارێك چووەتە داوای، لەلایەن باوكییەوە سووتێندراوە.
باوكی سەروین دەڵێت، راستە كەسێك هاتە خوازبێنی، بەڵام تەنیا بە كچەكەی گوتووە، دەرفەتێكی پێبدات بۆ بیركردنەوە لە بابەتەكە، نەك ئەوەی رەتیبكاتەوە.
نۆبەدار عەبدوڵڵا بە گریانەوە دەڵێت "راستە كوڕێك هاتە خوازبێنی، كچەكەشم زۆر درەنگ بە منی گوت. منیش گوتم وەك ئەركی باوكایەتی مەجالێكم پێبدە با بیری لێبكەمەوە، ئەگینا من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ كچەكەم نەبووە و كوڕەكەشم شایەتی ئەوەیە".
باوكی سەروین دەڵێت، كاتێك پۆلی 12ی ئامادەیی تەواو كردووە، بە كچەكەی گوتووە "دەچیتە كام زانكۆ بۆ خوێندن بچۆ، جلوبەرگەكانی خۆمت بۆ دەفرۆشم بۆ ئەوەی لە باشترین زانكۆ بخوێنیت".
سەروین نۆبەدار، قوتابی زانکۆی ئیشق و خەڵكی دەڤەری بارزانە، هەفتەی رابردوو بەهۆی سووتانەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر و 100%ی جەستەی سووتاوە، دوای مانەوەی بۆ چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
27/11/2016
سەرۆکی کازاخستان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پێشوازی لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە قەیرانی سووریا دەردەبڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا، توركیا و ئێران رێككەوتنی مۆسكۆ-یان راگەیاند.
لە كاتی سەردانەکەی بۆ سانپترسبۆرگی رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، نوور سوڵتان نزارباێف، سەرۆكی كازاخستان رایگەیاند، ئەستانەی پایتەخت ئامادەی پێشوازییکردنە لە هەموو لایەنەکانی تایبەت بە قەیرانی سووریا.
رۆژی هەینی 24-12-2016 ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند، رووسیا، ئێران، تورکیا و سووریا رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندنی ئاشتی تایبەت بە سووریا لە وڵاتی کازاخستان دەربڕیوە.
لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی حەلەب لە باکووری سووریا، ڤلادیمیر پوتین پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتییانەی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا، بەبەشداری هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران كرد.
رۆژی 20-12-2016 وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، توركیا و ئێران لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا كۆبوونەوە و راگەیێندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا لەسەر هەشت خاڵ لەبارەی سووریا رێككەوتن.
دەقی رێككەوتنی مۆسكۆ:
رۆژی 20-12-2016 وەزیرانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، رووسیای فیدراڵ و كۆماری توركیا لە مۆسكۆ كۆبوونەوە و لەسەر ئەو خاڵانە رێككەوتن:
1. ئێران، رووسیا و توركیا پشتیوانی خۆیان دووپاتدەكەنەوە بۆ سەروەری تەواوەتی، سەربەخۆیی، یەكگرتوویی و یەكپارچەیی كۆماری عەرەبی سووریا، وەك وڵاتێكی فرەئیتنیكی و فرەدینی و هەروەها وڵاتێكی دیموكراسی عەلمانی نامەزهەبی.
2. ئێران، رووسیا و توركیا هاوڕان لەسەر ئەوەی هیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ قەیرانی سووریا نییە، بەڵكو رۆڵی گرنگی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبەرچاودەگرن بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە بە پشتیوانی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. هەروەها لەبەرچاوگرتنی بڕیارەكانی گرووپی نێودەوڵەتی پشتیوانی سووریا (ISSG). داوا لە هەموو ئەندامانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ ئەوەی هاوكاربن بە نیەتێكی باش بۆ لابردنی گشت بەربەستەكان لە رێگای جێبەجێكردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان.
3. ئێران، رووسیا و توركیا پێشوازی لە هەوڵەكان لە رۆژهەڵاتی حەلەب دەكەن بۆ دەرچوونی خەڵكی مەدەنی هەروەها دەرچوونێكی رێكخراو بۆ گرووپە چەكدارەكان. هەر سێ وەزیر پێشوازی لە دەرچوونی مەدەنییەكانیش لە فوعا، كفریا، زەبەدانی و مەزایا دەكەن. هەروەها پابەندین بە تەواوكردنی ئەو پرۆسەیە بە باشترین شێوە، بۆ سەلامەتی هەمووان. هەروەها هەر سێ وەزیر سوپاسی نوێنەرانی (ICRC و WHO) دەكەن بۆ پشتیوانیان لە پرۆسەی دەرچوونی مەدەنییەكان.
4. هەر سێ وەزیر رێككەوتن لەسەر گرنگی فراوانكردنی ئاگربەست لە تەواوی سووریا، بە مەبەستی هاوكاری مرۆیی و جوڵانی ئازادانەی مەدەنییەكان.
5. ئێران، رووسیا و توركیا ئامادەیی خۆشیان دەربڕی بۆ ئاسانكاری گرنتیكردنی هەر رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن. داوشش لە هەموو وڵاتان دەكەن بە هەمان شێوە رەفتار بكەن، بەتایبەتی ئەوانەی كاریگەریان هەیە لە مەیدانەكەدا.
6. ئێران، رووسیا و توركیا باوەڕیان وایە ئەم رێككەوتنە پێویستییەكی حەتمییە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریا، بە پابەندبوون بە بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش.
7. هەر سێ وەزیر بە گرنگی دەڕوانن لە بانگهێشتی سەرۆكی كازاخستان بۆ لەخۆگرتنی كۆبوونەوە لەسەر داهاتووی سووریا لە ئەستانە.
8. ئێران، رووسیا و توركیا پابەندبوونی خۆیان دووپاتكردەوە بۆ شەڕێكی هاوبەش لە دژی داعش و نوسرە، جیاكردنەوەی ئەو دوو گرووپەش لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی دیكە.
27/11/2016
شەوی رابردوو هاوکات لەگەڵ زۆربەی وڵتانی جیهان، کریستیانەکانی ئێران جەژنی کریسمسیان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئامارە فەرمیەکانی ساڵی 2011، 120 هەزار مەسیحی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەژین و هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دیكەش دەڵێن، ژمارەی کریستیانەکان زیاتر لە 200 هەزار کەسن.
هاووڵاتییەكی دانیشتوی تاران دەڵێت "زۆر سەرنجڕاکێشە کە دەتوانین لە وڵاتانی خۆمان جەژنی مەسیحیەکان بەڕێوەببەین".
26/11/2016
لە 18-12-2015 هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ورمێ رێگریان کرد لەوەی خەڵک لە مزگەوتی قودسی ورمێ نوێژ بکەن و رایانگەیاند: "مەلا رەزا عەبدی پێشنوێژی مزگەوتەکە لەکارەکەی دوور خراوەتەوە بۆ ماوەیەکیش تا دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە لەبری ئەو، مزگەوتە دادەخرێت".
ئەندامێکی بنەماڵەی مەلا رەزا عەبدی بۆ رووداو ئاشکرای کرد: "مەلا رەزا عەبدی سەرئەنجام دوای ساڵێک گوشار رۆژی چوارشەممە 21-12-2016 بە بڕیاری دادگای باڵای مامۆستایانی ئایینی شاری تەورێز بە تۆمەتی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکرا و ئێستاش لە گرتوخانەی تەورێز دەستبەسەرە".
ئەو ئەندامەی بنەماڵەکەی دەشڵێت: "دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی ئێران سەزای 6 مانگ گرتن و 2 ساڵ دوورخستنەوەی بەسەر ئەو مامۆستا سوننە مەزهەبەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندووە".
هەرچەند بەگوتەی ئەو ئەندامەی بنەماڵەی مەلا رەزا عەبدی، دۆخی تەندروستی مەلا رەزا جێگیر نییە و بەرپرسانی گرتووخانەش رێگە نادەن پزیشک سەردانی بکات.
مەلا رەزا عەبدی بەرپرسی قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیوبییە، کە گەورەترین قوتابخانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی سوننە مەزهەبە لە شاری ورمێ، قوتابخانەیەک کە بەپێچەوانەی زۆربەی قوتابخانەکانی دیکەی ئێران سەربەخۆیە و یارمەتی دارایی لە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران وەرناگرێت، بابەتێک کە بنەماڵەی مەلا رەزا بەهۆکاری سەرەکی گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر مامۆستایانی ئایینی قوتابخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە قەڵەمی دەدەن.
نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سنە رەتیکردەوە کە گوشاریان خستبێتە سەر مامۆستایانی سوننی مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە مافەکانی مامۆستایان پارێزراوە و یارمەتی دروستکردنی قوتابخانەی ئایینی بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینیش دەکەن.
سەید محەممەد حوسەینی شاهروودی نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سنە دەڵێت: "لە ئێران شتێکمان بە ناوی پێڕەوانی سوننی و شیعە نییە، ئێمە شتێکمان بە ناوی کەمینەی ئایینی هەیە وەک مەسیحی و جولەکە بەڵام موسڵمانەکان وەکوو یەکن و هەموو مافێکیشیان پارێزراوە، ئێوە دەبینن هەر ئەو خزمەتەی مامۆستایانی مەزهەبی شیعە دەکرێت هەر ئەو خزمەتە بە تەواوەتی بە مامۆستایانی سوننە مەزهەبیش دەکرێت، ئێستا لە کوردستان سەرجەم ئەو قوتابخانە مەزهەبیانەی دروستکراون لە بودجەی تایبەتی رێبەری گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
چالاکانی مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گومانەوە باسی یارمەتییەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و پێیان وایە یارمەتییەکان ئەوەندی بۆ نەهێشتنی سەربەخۆیی قوتابخانە و مامۆستایانی سوننە مەزهەبە، ئەوەندە بۆ پشتوانی ئەوان نییە.
26/12/2016
دادگایەكی سوێد سێ قاچاخچی سزا دا كە 170 كۆچبەریان بە شێوەی نایاسایی لە ئیتاڵیاوە هێنابووە سوێد.
هەفتەی رابردوو دادگای بەرایی سوێدەرتێرنس سێ قاچاخچی سزا دا، یەكەمیان بە دوو ساڵ زیندانی، دووەمیان ساڵێك و شەش مانگ زیندانی و ئەوەی دیكەشیان بە حوكمی مەرجدار، حوكم دا.
بەپێی راگەیەنراوێكی داواكاری گشتی ئەو سێ كەسە 170 كۆچبەریان بە 15 جار لە شاری میلانۆی ئیتاڵیاوە هێناوەتە سوێد. 500 یۆرۆشیان لە هەر كۆچبەرێك وەرگرتوووە، بەڵام منداڵەكانیان بەبێ بەرامبەر هێناون.
25/12/2016
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی توركیا و ئێران لەبارەی سەربەخۆیی باشووری كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیێنێ "پێناچێت تورکیا بەو شێوەیە ئامادەی ئەو بابەتە بێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، واش دەردەکەوێت پێش ئەوەی دابنیشین و دەربارەی پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسە بکەین، ئەوان بڕیاریان دابێت دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بن".
ئۆپەراسیۆنی موسڵ لەبەر دوو هۆكار هێواش بووەتەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ مۆنیتەر باسی چەند پرسێك دەكات و لەبارەی شەڕی موسڵ دەڵێت: "هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا هەیە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا رێگا بە سوپای عێراق دەدرێت پێ بنێتە نێو خاکی کوردستانەوە".
هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە نەیانهێشت سیناریۆی خوێناوی لە تەلەعفەر رووبدات
لەبارەی رێككەوتنی بەغدا و هەولێریش لەسەر ئۆپەراسیۆنی موسڵ، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەوتننەکە، چەند ناوچەیەک دانران بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئازادیان بکاتەوە و کۆنترۆڵیان بکات، ناوچەکانی دیکەش بۆ هێزە عێراقییەکان دانران تاوەکو ئازادیان بکەنەوە و کۆنترۆڵیشیان بکەن. هێزەکانی پێشمەرگە ئەرکی خۆیان تەواو کردووە و لەو ناوچانەشدان كە ئازادیان کردوونەتەوە".
مانەوەی پەکەکە لە شنگال دەبێتە هۆكاری زیاتر نائارامبوونی ناوچەکە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆكارەكانی سست بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت "وادیارە ئۆپەراسیۆنی موسڵ هێواش بووەتەوە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار. هۆکاری یەکەمیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سوپا نایەوێت کاولکاری زۆر بێت و زیانیش بە خەڵکی بگەیێنیت. هۆکاری دووەمیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە داعش بەرگرییەکی تووند دەکات."
سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە یارمەتیدەری ئاسایشی ناوچەکە
دەربارەی لێدوان و هۆشداریدانەکانی بەرپرسانی تورکیا لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەردا، نێچیرڤان بارزانی گوتی "داواکاری سەرەکی تورکیا ئەوەبوو نابێت میلیشیا شیعەکان بچنە نێو تەلەعفەرەوە، بۆ ئەوەی تووندوتیژی تائیفی لەنێوان تورکمانە شیعە و سوننەکاندا روونەدات، ئەوەش رووینەداوە و ئەو لایەنانەش كە وایانکرد ئەو سیناریۆ خوێناوییە روونەدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنقەرە و بەغدا بوون".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەوشی شنگالیش دەڵێت "کاتێک ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات لە شنگال،
رۆڵی پەكەكە لە پاراستنی ئێزدییەكان بەرزدەنرخێنین
هێزەکانی رۆژئاوای كوردستان رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستن و گەیاندنی ئێزیدییەکان بە ئارامی گێڕا و، ئێمەش بەو رۆڵە دەزانین و بەرز دەینرخێنین، بەڵام ئێستا، هەبوونی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال تەنیا دەبێتە هۆی زیاتر نائارامبوونی لە ناوچەکەدا. هەبوونی پەکەکە وایکردووە خانەوادەکان نەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو بابەتە قسەی لەگەڵ بەغدا و واشنتن کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە بەردەوامەکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
"لەبارەی پەكەكە لەگەڵ بەغدا و واشنتن لە گفتوگۆداین"
پرسی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەی نێچیرڤان بارزانی بووە و دەڵێت "کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی پرسی سەربەخۆیی دەکات، دەیەوێت چارەسەر بۆ کێشەیەک بدۆزێتەوە، نەک نائارامی دروست بکات".
وەك نێچیرڤان بارزانی باسی دەكات "سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە یارمەتیدەری ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت بە هەمان مۆدێلی رابردووی لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت. من یەکەم کەس بووم بەشێوەیەکی فەرمی پرسی سەربەخۆییم لەگەڵ بەغدا باسکرد. ئەو بابەتەم لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوپەیمانێتی شیعەکانی عێراق باسکرد".
عەبادی و هاوپەیمانیی شیعەكان بە قسەكانی من لەبارەی سەربەخۆیی شۆك بوون
دەشڵێت "ئەوەی من وەک نەخشەڕێگایەک دەیبینم هەبوونی دیالۆگێکی جددیە لەگەڵ بەغدا و ئەمەش گرنگترین هەنگاوە... من بە عەبادی و هاوپەیمانێتی شیعەکانم راگەیاند: دوایین جار، ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە، دەبێت ئێوەش ئەم بابەتە بە جددی وەربگرن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن". هەردووکیان رایانگەیاند قسەکەی من شۆکی کردن، بەڵام پێزانینیان بۆ راشکاویم هەبوو". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدووریشی زانی هیچ کەس و پارتێک لە هەرێمی کوردستان دژی سەربەخۆیی بێت.
پێناچێت تورکیا بەو شێوەیە ئامادە بێت، کە ئێمە لەبارەی سەربەخۆیی دەمانەوێت
دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکەش لە بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند پێناچێت تورکیا بەو شێوەیە ئامادەی ئەو بابەتە بێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، بەڵام دواجار تورکیا وڵاتێکی گرنگە و دەبێت لە بواری سەربەخۆییشەوە دیالۆگی لەگەڵ بکرێت.
وا دەردەکەوێت ئێران بڕیاری دابێت دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێت
دەربارەی هەڵوێستی ئێرانیش، بارزانی گوتی "میدیای ئێران هەر دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بڵێت ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستانە. بێگومان دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیش باس بکات، بەڵام وادەردەکەوێت پێش ئەوەی دابنیشین و دەربارەی قسە بکەین، ئەوان بڕیاریان داوە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بن".
25/12/2016
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا رایگەیاند، دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی عێراق ناكەن.
لە كۆنگرەی رۆژژنامەڤانی ساڵانەی، لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان، پوتین گوتی "ئێمە هیچ دەستێوەردانێك لە كاروباری ناوخۆیی عێراق ناكەین".
پوتین ستایشی رۆڵی كوردی كرد لە شەڕی تیرۆر و ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد و رایگەیاند، هێزێكی قارەمان و كاریگەربوون لە بەرەكانی شەڕدا.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسيا راشیگەیاند "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گەلی کورد زۆرباشن، رووسیا هەمیشە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد باش بوون. كورد رابردوویەكی سەخت و دژواریان هەیە".
رۆژی هەینی 23-12-2016 ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ساڵانەى ئەنجامدا، كە تێیدا نزیكەی هەزار میدیا و هەزار و 437 رۆژنامەڤان ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە دەبن.
تۆڕی میدیایی رووداویش یەکێک بوو لەو کەناڵە جیهانیانەی، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا بەشداربوو.
24/12/2016
لە دەقی کۆتایی جاڕنامەی مافی هاووڵاتیبوونی حکومەتی ئێراندا، بەراورد بە رەشنووسەکەی، چەندین گۆڕانکاری کراوە کە گرینگترینیان نەهێشتنی ماددەی تایبەت بە مافی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکانی نێو ئێرانە.
لە رەشنووسەکەدا بە دوو خاڵ باس لە رێزگرتنی حکومەت لە مافی پێکهاتەکان کرابوو، بەڵام لە دەقی جاڕنامەکەدا ئاماژەی پێنەدراوە.
رۆژی دووشەممە 19-12-2016 دوای سێ ساڵ، حەسەن روحانی، ئەمە وەک هەنگاوێکی گەورەی روو لە پێش دەبینێت، بەڵام شارەزایان رەخنەگەلێکی زۆری لەسەر باس دەکەن.
یەکەم شت، نەبوونی گارانتی بۆ جێبەجێکردنیەتی، حکومەت خۆشی لەمە بێ ئاگا نییە، ئێلهام ئەمین زادە، یاریدەدەری سەرۆککۆمار بۆ مافی هاووڵاتیبوون، دەڵێت "پرسی جێبەجێکردنی تاوتووێ دەکرێت".
بەشێکی ئەم جاڕنامەیە بۆ رێکارەکانی جێبەجێکردن و چاودێریی بەسەر جاڕنامەکەوە تەرخان کراوە، یەک لەو رێکارانە دەستنیشانکردنی یاریدەدەرێکی تایبەتە، هەروەها دامودەزگا جێبەجێکارەکان ئەرکدار کراون رێوشوێنی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی رەچاو بکەن.
ئەم جاڕنامەیە هەموو ئێرانییەکان بە یەکسان دەبینێت، لەڕووی نەتەوەییەوە باس لە جیاوازییەکان ناکات، تاوەکو حکومەت پابەند بە پاراستنی مافەکانیان بێت.
بۆیە روانگەکان بۆ نەتەوەکان لە چاو پێشتر ناگۆڕێت، لەم جاڕنامەیەدا ئێران وەک یەک نەتەوە چاولێکراوە کە بەبێ هەڵاواردن هەموو لە بەرانبەر یاسادا یەکسانن.
لە روانگەی یاساناسانەوە، مەرجی پابەندبوون بەم جاڕنامەیە ئەوەیە کە لە پەرلەمان بکرێ بەیاسا، تاوەکو گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنی هەبێت.
24/12/2016
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان ئێران بە دەستوەردان لە كاروباری ئایینی نێوخۆی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، بەبێ ئاگاداری ئەوان كۆنفرانسی شافیعی لە سلێمانی رێكخستووە.
رۆژی چوارشەممە 21-12-2016 لە شاری سلێمانی كۆنفرانسی شافیعی بۆ پێكەوەژیان بەڕێوەچوو، لە بەرامبەردا وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە تووندی ئیدانەی دەكات.
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2016 لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "كۆنفرانسی شافیعی بەبێ ئاگاداری ئێمە و بە بەشداری نوێنەری رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران و چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، كە ئەوە دەستوەردانێكی خراپە لە كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان".
وەزارەتی ئەوقاف ئەو كۆنفرانسە بە "ئیستیفزازكردنی" وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی و مامۆستایانی ئایینی و خەڵكی كوردستان وەسف دەكات و دەڵێت "ناڕەزایی تووند بەرامبەر بە هەموو ئەو كەس و لایەن و، ئەم دەستوەردانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان دەردەبڕین".
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ناوچەكە بەتایبەتی عێراق و سووریا بە دۆخێكی بەریەككەوتنی تائیفی تووند تێپەڕ دەبێت، كەچی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ پرس كۆنفرانسی بەناو ئایینی لە سلێمانی دەبەستێت و قسە بە هەندێك لایەنی سوننە، ئەمریكا و هەندێك وڵاتی دیكە لە سەر خاكی كوردستان دەڵێت".
نەقشبەندی ئاماژە بەوە دەكات، لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەرانی فەرمیی ئێران بانگهێشت دەكرێن و ناڕەزاییەتی فەرمی هەرێمی كوردستانیان پێ رادەگەیێندرێت، چونكە "ئەوە یەكەمجار نییە ئێران دەست لە كاروباری ناوخۆی ئایینی هەرێمی كوردستان وەردەدات و چەندین جارە مامۆستای ئایینی ئێمە بەبێ پرس دەباتە ئێران بەناوی خول و كۆنفرانس".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف روونیشیكردەوە، لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانیش ئاگاداری كۆنفرانسی شافیعی نەبوون.
لە كۆنفرانسی شافیعی سەید محەممەد حوسێنی شاهرودی، نوێنەری عەلی خامنەیی، رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بەشداری كۆنفرانسەكەی كردووە.
23/12/2016
خەڵاتی ساڵانەی کەسایەتی ساڵی ناوەندی کولتووری و هونەری ڤەژین ، درا بە یەڵدا عەباسی، ژەنیار و گۆرانیبێژی کوردی خۆراسان.
ئەو خەڵاتە لە میانەی رێوڕەسمی شەوی یەڵدا پێشکەش بە یەڵدا عەباسی کرا، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، یەڵدا عەباسی رایگەیاند، زیاتر کار لەسەر پەرەپێدانی کولتوور و هونەری کوردی دەکات.
ناوەندی ڤەژین، شەش ساڵە خەڵاتی بەڕووی زێڕین کە هێمای خۆڕاگرییە دەداتە کەسێک کە زیاترین رۆڵی لە گەشەپێدانی کولتوور و هونەری کوردیدا هەبێت.
رێوڕەسمی شەوی یەڵدا لە مەریوان، رێوڕەسمێکی تایبەت کە ساڵانە ناوەندی ڤەژین بۆ بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ئەو رێکخراوە بە کەسایەتی ساڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەی دەبات.
لەو رێوڕەسمەدا نووسەر، شاعیر، چالاکڤانانی کولتووری و هونەری ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیلامەوە تاوەکو ماکۆ بەشداربوون.
هەروەها کوردانی خۆراسان کە دوای زیاتر لە 400 ساڵ دوورخرانەوەیان هێشتا پەیوەندی نەتەوەییان بەسەر دووری مەودایان زاڵە.
23/12/2016
گوتەبێژی سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئومێدەوارە ئیدارەی داهاتووی واشنتن سیاسەتێکی نوێ و ئەرێنی لە بەرامبەر رووسیا پەیڕەو بکات، بەڵام پێشبینی ئەوە ناكەن.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا رایگەیاند، ئومێد و گەشبینییەکەی بەرپرسانی رووسیا لەکاتێکدایە، دەشزانن هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا مەبەستییەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە جیهاندا بپارێزێت.
گوتەبێژەکەی پوتین بەدووریشی زانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئامادەبێت دەستبەرداری ژمارەیەک لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بێت، بە تایبەتی ئەو سیاسەتانەی پەیوەندییان بە رۆڵی ناتۆوە هەیە.
پێسکۆڤ گوتیشی "پێشبینی ئەوە ناکەین بتوانین تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەین. پێشبینی ناکەین ئەمریکا واز لە سیاسەتی بەرفراوانکردنی سنووری ناتۆ و نزیکبوونەوەی لە سنوورەکانمان بهێنێت. پێشبینی ناکەین لە پڕێکدا گەمارۆکانی سەر رووسیا هەڵبگیرێن و ناشمانەوێت باسی ئەم بابەتە بکەین. چەندینجار سەرۆک پوتین رایگەیاندووە، ئەم پرسە لە ئەجێندای باسکردنماندا نییە".
مۆسكۆ وەڵامی بۆ سزا نوێکانی واشنتن دەبێت
دوای ئەوەی واشنتن چەند سزایەکی نوێی بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، گوتەبێژی کۆشکی کریملین رایگەیاند، مۆسکۆ وەڵامی بۆ ئەو هەنگاوەی ئەمریکا دەبێت و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.
هاوكات دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەبەرامبەر ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا لە دژی رووسیا، مۆسکۆ وەڵامی دەبێت.
پیسکۆڤ بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات کە رووسیا چ رێکارێک بەرامبەر بە ئەمریکا دەگرێتەبەر، رایگەیاند، لەبەرامبەر ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا بۆ سەر رووسیا، رێکاری پێویست و ورد دەگرینەبەر.
گوتەکانی گوتەبێژی کۆشکی کرێملن لە کاتێکدایە، کە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەهۆی دەستوەردانەکانی رووسیا لە ئۆکراینا لە ساڵی 2014 و لکاندنی هەرێمی کریمیا بە وڵاتەكەی، خۆی سزای نوێی بەسەر چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەکی رووسیادا سەپاند.
22/12/2016
عارف قوربانی
قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و كاریگەری و لێكەوتەكانی لەسەر خەڵك، گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار، بۆ ئەوەی كاردانەوەكانی نەگاتە دۆخێكی نەخوازراوی وا كە مەترسی لەسەر ئەزموونەكە دروست بكات، پێویستە حكومەت هەموو رێگەیەك بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە، تەنانەت بەو رێگایانەشەوە كە لێیان بێ ئومێد بووە.
دەكرا پرۆژە یاسای بودجەی عێراق یەكێك لەو دەرفەتانە بووایە كە هەرێمی كوردستان بە پرۆژەیەكی دیراسەتكراو و بە بەكاربردنی قورسایی خۆی و كارەكتەرەكانی كورد لە بەغدا، بە چەند بڕگەیەكی ئەو یاسایە، بەشێك لە ماف و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی دەستەبەر بكردایە، بەڵام بەهۆی ئەو ناتەباییە سیاسیەی لەناو ماڵی كورد هەیە و بەهۆی گواستنەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و لێكترازان و ناكۆكیی فراكسیۆنە كوردییەكان كە مەعلومە ئەنجامی ناتەباییش شكستە، هەروەها بەهۆی لاوازی و سستیی رۆڵی كارەكتەرەكانی كورد لە پایتەخت، نەك پرۆژە یاسای بودجەی عێراق نەبووە دەرفەت بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، بەڵكوو ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ نەكەین ئەویش دەبێتە بەڵایەكی تر.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەدا زۆر كەمتەرخەم بوون و هیچ ئامادەكاری و تەنانەت هەماهەنگییەكیان لەگەڵ نوێنەرەكانی هەرێم نەكرد بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی