فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

عارف قوربانی
قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و كاریگەری و لێكەوتەكانی لەسەر خەڵك، گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار، بۆ ئەوەی كاردانەوەكانی نەگاتە دۆخێكی نەخوازراوی وا كە مەترسی لەسەر ئەزموونەكە دروست بكات، پێویستە حكومەت هەموو رێگەیەك بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە، تەنانەت بەو رێگایانەشەوە كە لێیان بێ ئومێد بووە.

دەكرا پرۆژە یاسای بودجەی عێراق یەكێك لەو دەرفەتانە بووایە كە هەرێمی كوردستان بە پرۆژەیەكی دیراسەتكراو و بە بەكاربردنی قورسایی خۆی و كارەكتەرەكانی كورد لە بەغدا، بە چەند بڕگەیەكی ئەو یاسایە، بەشێك لە ماف و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی دەستەبەر بكردایە، بەڵام بەهۆی ئەو ناتەباییە سیاسیەی لەناو ماڵی كورد هەیە و بەهۆی گواستنەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و لێكترازان و ناكۆكیی فراكسیۆنە كوردییەكان كە مەعلومە ئەنجامی ناتەباییش شكستە، هەروەها بەهۆی لاوازی و سستیی رۆڵی كارەكتەرەكانی كورد لە پایتەخت، نەك پرۆژە یاسای بودجەی عێراق نەبووە دەرفەت بۆ باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، بەڵكوو ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ نەكەین ئەویش دەبێتە بەڵایەكی تر.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمەدا زۆر كەمتەرخەم بوون و هیچ ئامادەكاری و تەنانەت هەماهەنگییەكیان لەگەڵ نوێنەرەكانی هەرێم نەكرد بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بێباكیش بوون لەو دابەشبوونەی نێوان فراكسیۆنەكانی كورد لە بەغدا و بێدەنگیش بوون لەو چەواشەكاریانەی لەو بارەیەوە دەكران. تەنانەت دەربەستی ئەوەش نەهاتن كە ئەم بابەتە سەرەتا دەبێتە هۆی ئومێدێكی زۆر لای هاووڵاتیان و دواتر كاریگەری و لێكەوتەكانی بێهیوابوون چ رەنگدانەوەیەكی خراپی دەبێت لەسەر كۆمەڵگەی كوردی. تەنانەت ئێستاش رێگە و شێوازێكی عەقڵانییان نەگرتەبەر تا بەرچاوی خەڵكی كوردستان بەشی ئەوە روون بكەنەوە كە لانیكەم هەرێم لە هەڵبژاردنی كام رێگەدا كەمتر زیانی بەردەكەوێت.

ئێستاش خەڵك نازانێ و تێنەگەیشت ئایا بە قسەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بكرایە باشتر بوو یان ئەو هەڵوێستەی حكومەتی هەرێم راستە. چونكە وەك فراكسیۆنەكان دابەش بوون، تێگەیشتنی خەڵكیش بەسەر ئەو دوو بۆچوونەدا دابەش بووە. هەندێ لە پەرلەمانتارەكان پێیانوایە بوون بە فریادڕەسی كورد و ئاوەدانییان بۆ هەرێمی كوردستان گێڕاوەتەوە، ئومێدی ئەوەیان لای خەڵك دروستكرد كە گیرفان نەك هەر بۆ مووچە، بەڵكوو بۆ پاشەكەوتی ساڵی رابردووش هەڵدوورن. لە بەرامبەر ئەوانیشدا، ئەو دەنگانە هەر دەبیسترێن كە ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا كردیان، رووبەڕووی نەهامەتی زیاترمان دەكاتەوە.

ئەمە پێویستی بە خوێندنەوەی ورد و هەڵسەنگاندن و شەنوكەوكردنی زیاتری بەند و بڕگەكانی ناو یاساكە هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر بچووكترین دەرفەتی تێدا هەبێت، ئاوەدانی زیاتر بخاتە ماڵ و دڵی هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمەوە، هەقە هەموومان هاندەری گرتنەبەری ئەو رێگەیە بین. خۆ ئەگەر دەشزانرێت بارقورسیی زیاتر دەخاتە سەر خەڵكی كوردستان، ئەوە بیر لە رێگەچارەی تر بكرێتەوە.

ئەوەی ئەمساڵ پشكی هەرێمی كوردستان لەناو یاساكە لە ساڵانی رابردوو جیادەكاتەوە، جۆرێك لە وابەستەبوونی پێوە پەیوەستكراوە كە دەبێت هەرێم پابەندی یاساكە بێت. هەرچەندە ئەوەش دەگوترێت كە لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمیشدا دادگای فیدراڵی رۆڵێكی نەرێنی ئەوتۆی نابێت، بەڵام بە تێگەیشتنی من چەسپاندنی ئەو بڕگەیە مەبەستی شاراوەی لە پشتەوەیە و شەرعیەت دەداتە بەغدا بۆئەوەی لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمدا بەشی كوردستان لە بودجەی (حاكیمە) ببڕن، كە ئەویش بریتییە لە بەشە ئازوقەی خەڵك و داودەرمانی نەخۆشخانەكان و ئیلتیزاماتی بەغدا لە وەرگرتنی بەروبوومی كشتوكاڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و یارمەتییەكانی ناوەند بۆ كەرتی كارەبا. بێگومان بڕینی ئەم پشكانەی هەرێم لە بەغداوە، هێندەی دیكە دەبێتە بارقورسی لەسەر هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە ئەگەری پابەندبوونی هەرێمی كوردستانیشدا كۆمەڵێك بڕگەی تر چەسپێندراون كە ئەوانیش بارێكی گرانن لەسەر هەرێمی كوردستان، بە كوردی و كورتیەكەی بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و ناكۆكیی فراكسیۆنە كوردییەكانەوە لە بەغدا، لایەنی عەرەبی ئەوەی قۆستووەتەوە كە كوردستان بخاتە ژێر فشارێكی زۆرەوە و پەرلەمانتارەكانیش بەهۆی جۆرێك لەهەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر عاتیفەی خەڵكی كوردستاندا، ئاگایان لەو مەترسیانە نەبووە. ئەگەر بە سەرپێییانەش تەماشایەكی یاساكە بكەیت، مەترسییەكان زۆربەیان دیارن، هەر لەوەی كە ئەگەر هەرێم پابەندی یاساكە بێت و نەوتەكەشی بداتە بەغدا، ئەوە هەر دەبێت هەرێم خۆی مافی دەرهێنان و پشكی كۆمپانیاكان بدات. واتا كرێی دەرهێنان و پشكی كۆمپانیاكان و تێچووی ئەو نەوتەی بەغدا دەیبات، دەبێت لە بەشە بودجەی خەڵكی كوردستان بدرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی كە بە مەبەست بودجەی سیادی زۆر قەبە كراوە بۆ نزیكەی 22 ملیار دۆلار، دەبێت هەرێمی كوردستان بە داهاتەكانی بەشداری بكات لە تەرخانكردنی ئەو 22 ملیار دۆلارە، بەڵام مافی ئەوەی نییە یەك دۆلاری لێ وەربگرێت.

تەنانەت ئەو قەرزە نێودەوڵەتیانەی لە رێگەی بانكی نێودەوڵەتی یاخود لە حكومەتەكان و كۆمپانیا و بانكەكان كراون و دەكرێن بۆ عێراق، لەو پارانە هیچی نادرێت بە هەرێم، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان لە دانەوەی ئەو قەرزانە بەشدار بێت. یەكێكی دیكە لەو خاڵە مەترسیدارانە كە دوور نییە ببێتە هۆكارێكی تر بۆ قووڵكردنەوەی قەیرانی دارایی، ئەوەیە كە دەبێت هەرێم پابەند بێت بە دانەوەی پارەی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا لە 2004 تا 2014. دەكرێت گومانی ئەوە بكرێت بەغدا بە مەبەست و بۆ ئامانجی تر ئەم دەستەواژە و بەند و بڕگانەی لە یاساكەدا چەسپاندبێت و بیەوێ بیكات بە هۆكارێك بۆ پابەندنەبوونی هەرێم و شەرعیەتدان بە بەغدا بۆ كاردانەوەكانی دوای ئەوە.

هێشتا دەرفەت لە بەردەممان ماوە بۆ بڕیاردانی دروست لەو بارەیەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنەی وردی بۆ بكات، سوود و زیانەكانی پابەندبوونی هەرێم بە یاساكەوە چییە؟ سوود و زیانەكانی پابەندنەبوونی بە یاساكەوە كامەیە؟ لە هەردوو حاڵەتەكەشدا پێویستە راستگۆیانە بۆ خەڵكی روون بكەنەوە، چونكە هێشتنەوەی ئەم بابەتە بەم شێوەیەی ئێستا كە هاووڵاتیان بەرچاویان روون نییە دەربارەی، بە دڵنیاییەوە دەكرێت بە ئامراز و كەرەسەیەكی خراپ بۆ زیاتر درزخستنە نێوماڵی كورد و گەورەكردنەوەی كەلێنی نێوان حكومەت و هاووڵاتیان.

بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان پێش هەر شتێك نێوانی فراكسیۆنەكانی رێكبخاتەوە و سەرلەنوێ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكاتەوە، هیچ نەبێت تا بەشێك لە بودجەی سیادیی عێراق بۆ هەرێم تەرخان بكرێت. یاخود دڵنیایی ئەوە بەدەست بهێنرێت لە ئەگەری پابەندبوونی هەرێم بە یاساكەوە، ئەو بەند و بڕگانەی گومانی "تەڵەیان" لێ دەكرێت، بخرێنە لاوە. تا بەهەر جۆرێك بێت بەشێك لە بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتیانی كوردستان كەم بكرێتەوە كە ئەمە سەرەكیترین ئەرك و بەرپرسیارێتی حكومەتەكەیەتی.
23/12/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان