ئیدارەی نوێی سوریا ڕوبەڕوی یەکێک لە ئاڵۆزترین ئاڵنگاریهكان دەبێتەوە لە ڕێگای پێکهێنانی سوپای نیشتمانیی یەکگرتو، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پێکهاتە نوێیەکەدا تێکەڵ دەکات، لە نێوان ئەو مەرجانەی کە ههسهده بۆ پاراستنی چەکەکانی وەک گەرەنتی بونی دایناوە و پێویستی نیشتمانی بۆ یەکخستنی کوتلە چەکدارەکان لە ژێر یەک ئاڵادا، هاوکێشەکە زۆر قورس دەردەکەوێت.
ئایا هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی سوپا هەنگاوێکی سیاسی یان سەربازییە؟
ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانەوەی سوپای نیشتیمانی سوریا، ڕەنگدانەوەی خواستی سەرکردایەتی نوێیە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و تێپەڕاندنی قۆناغی پارچەپارچەبون کە سوریا لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا ئەزمونی کردوە.
بەڵام ئەو پڕۆژەیە تەنها لە لایەنی سەربازیدا سنوردار نییە؛ بهڵكو هەنگاوێکی سیاسییە کە ئامانجی یەکخستنی پێکهاتەکانی سوریایە لە چوارچێوەی دیدگایەکی نوێدا کە گەرەنتی بەشداریکردنی هەموان دەکات، لەوانە ئەو کوتلانەی کە لە درێژخایەندا لەگەڵ ڕژێمی پێشوی سوریادا ناکۆک بون.
تا ئێستا زۆرێک لە فراکسیۆنەکان، وەک ههیئهی تەحریر شام و هەندێک کوتلەی سەر بە سوپای نیشتمانی، ئامادەیی خۆیان بۆ تێکەڵبون بە سوپای نوێ دەربڕیوە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) وەک حاڵەتێکی ناوازە دەمێننەوە، نەک تەنها بەهۆی پێکهاتەی سەربازییەوە، بەڵکو بەهۆی ئاڕاستە سیاسی و ستراتیژییەکانیشیەوە.
ئایا چەک لەدهستی ههسهده گەرەنتی بونە یان کارتی دانوستان؟
شارەزایان پێیانوایە هەڵوێستی پارتی یهكێتی دیموكرات (پهیهده) سەبارەت بە پرسی یەکگرتن لەگەڵ سوپای نیشتمانیدا ڕەنگدانەوەی هۆشیارییە لە ئاڵۆزییەکانی قۆناغی داهاتو، مەزڵوم عەبدی، فهرماندهی گشتی ههسه دوپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئامادەن بۆ یەکگرتن، بەڵام لەژێر هەلومەرجێکی ڕوندا، دیارترینیان پاراستنی چەکەکانە تا ئەوکاتەی دەگاتە فۆرمولێکی کۆدەنگی کە مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتودا زامن بکات.
فەریق ئەحمەد ڕەحال، شارەزای سەربازی به تۆڕی ههواڵی سكای نیوز-ی وتوه، کە "چەکەکانی هێزی سوریای دیموکرات تەنها هێزێکی سەربازی نین؛ بهڵكو کوردەکان درک بەوە دەکەن کە دەستبەرداربون لە چەک واتا لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین ئامڕازەکانی فشار لە هەر دانوستانێکی سیاسیدا، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشە و گرژییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵات".
گرژیی مەیدانی و کاریگەرییەکانی لەسەر گفتوگۆ
سەرەڕای دیدارەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردایەتی ئیدارەی نوێی سوریا و شاندی هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده) لە دیمەشق، پەرەسەندنی مەیدانی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تیشك دەخاتە سەر چانسی سەرکەوتنی گفتوگۆکە، تورکیا کە هێزەکانی ههسهده بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد.
هەڵوێستی ئیدارەی نوێ: دیدێکی ستراتیژی یان پێویستی کۆدەنگی؟
پێدەچێت ئیدارەی نوێی سوریا حەزبكات كه خۆی وەک ئۆرگانێکی یەکگرتو بۆ هەمو پێکهاتەکانی سوریا پیشان بدات، بەڵام لە وەرگێڕانی ئەم تەماحە بۆ واقیعی پراکتیکی ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە.
چاودێران پێیان وایە کە ئیدارەی نوێی سوریا هێشتا پلانێکی ڕونی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی ههسهده نەخستوهتەڕو، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکەی لەناو سوپا و پاراستنی تایبەتمەندییەکەی وەک هێزێکی چەکداری خاوەن سیمایەکی ناوخۆیی.
تەحەددای سەرەکی کە ڕوبەڕوی یەکخستنی هێزی سوریای دیموكرات دەبێتەوە لە سوپای نیشتمانی سوریادا دەتوانرێت لە چوارچێوەی سێ ڕەهەندی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە:
یهكهم: ڕەهەندی سەربازی
یەکخستنی هێزە سەربازییەکان لەگەڵ پێکهاتە ڕێکخراوەییە سەربەخۆکان، وەک ههسهده، پێویستی بە داڕشتنەوەی هەمەلایەنەی سوپا هەیە، کە هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا مسۆگەر بکات.
بونی نزیکەی شەش هەزار و 400 ئەفسەری هەڵهاتو لە ڕێژیمی سوریا، دەتوانێت ههڕهشهیهكی سەربازی بەهێز پێکبهێنێت، بۆیه پشتگوێخستنی ئەو ئەفسەرانە یان هەماهەنگینەکردن لەگەڵیان، ڕەنگدانەوەی لاوازییەکی پلاندانانی ستراتیژییە.
دوهم: ڕەهەندی سیاسی
گەیشتن بە کۆدەنگی سیاسی لە نێوان ئیدارەی نوێ و هێزهكانی سوریای دیموكرات پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ هەیە لەسەر پرسە سەرەکییەکان، وەک مافی کورد و لامەرکەزی ئیداری.
ههسهده داوای گەرەنتی ڕاستەقینە دەکات کە لە پەیوەندیکردن بە سوپا تێدەپەڕێت، بەڵکو نوێنەرایەتی سیاسی لەخۆدهگرێت کە ڕەنگدانەوەی قورسایی سەربازی و مەیدانی خۆی بێت.
سێیهم: ڕەهەندی مەیدانی
پەرەسەندنی مەیدانی بەردەوام لە باکوری ڕۆژهەڵات لە نێوان هێزەکانی ههسهده و تورکیا ئاڵۆزی دیمەنەکە زیاتر دەکات، هەر هەنگاوێک بۆ ڕادەستکردنی چەک یان پەیوەستبون بە سوپای نوێ بەبێ هێمنی لەسەر زەوی، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بە هەڕەشەیەکی وجودی هەژمار دەکرێت.
فەریق ئەحمەد ڕەحال، شارەزای سەربازی پێیوایە کە چارەسەر لە گرتنەبەری هەنگاوی وردە وردە و بە ئەنقەستدایە بۆ بەدیهێنانی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی نوێ.
ئهم خاڵانەی خوارەوە وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردن دەخرێنەڕو
دامەزراندنی وەزارەتی بەرگری بەهێز و سەربەخۆ کە لەلایەن ئەفسەری پیشەگەرەوە بەڕێوەدەبرێت و دور لە پەیوەندی به گروپه چهكدارهكان.
دڵنیابون لە نوێنەرایەتی دادپەروەرانە لە هەمو پێکهاتەکانی ناو وەزارەت، لەوانەش ههسهده و ئەفسەرانی هەڵهاتو.
کردنەوەی کەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ تاوتوێکردنی داهاتوی چەکەکانی و ڕۆڵیان لەناو سوپادا.
هەماهەنگی لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی تورکیا، بۆ کەمکردنەوەی فشاری مەیدانی لەسەر هێزهكانی سوریای دیموكرات، ئەوەش ڕەنگە ئاسانکاری بۆ قبوڵکردنی یەکگرتنەکە بکات.
لە کاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ داڕشتنەوەی سوپای نیشتمانی سوریا، پرسی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان دەمێنێتەوە کە پێویستی بە دیدگایەکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە لە حیساباتی سەربازی تێپەڕێت.
ههسهده دەستبەرداری چەکەکانی نابێت مەگەر بە گەرەنتی ڕون کە مافەکانی بپارێزێت و گەرەنتی بەشداری کاریگەرانەی لە سوریای نوێدا بکات.
ئیدارەی نوێی سوریا پێویستی بە بەدەستهێنانی هاوسەنگییەک هەیە لە نێوان ئاواتەکانی بۆ یەکخستنی سوپا و خواست و ترسەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده).
سەرکەوتن لە چارەسەرکردنی ئەو هاوکێشەیەدا دەبێتە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی توانای سەرکردایەتی نوێ بۆ بەدەستهێنانی دیدێکی گشتگیر بۆ سوریایەکی یەکگرتو و سەقامگیر، بەڵام پرسیارەکە هەر ماوەتەوە، ئایا ئیدارەی نوێی سوریا توانا و ئیرادەی هەیە بۆ گەیشتن بەم هاوسەنگییە ئاڵۆزە؟ پێویسته كات وهڵامی ئهو پرسیاره بداتهوه.
1/5/2025