فازڵ میرانی
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (رۆژنامەى شەرقولئەوسەت) فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان، داکۆکی لە خۆکاندیدکردنەوەى مەسعود بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو کرد و گوتى: "لایەنەکانى دیکە بۆیان نییە رێگری بکەن لەبەردەم خۆکاندیدکردنەوەى بارزانى، مادام لە چوارچێوەیەکى یاسایى ئەنجام دەدرێت".
راشیگهیاند: "مشتومڕ سەبارەت بەو بابهته شتێکى ئاساییە، چونکە سەرۆکایەتى هەرێم بەلاى هەمووانەوە گرنگە و ئێمەش لە بیروڕاى کەسانى دیکە بێزار نابین".
فازڵ میرانى گوتى: "بۆ زانینى هەڵوێستەکانیان دەربارەى پرسی هەڵبژاردن، سەردانى مەلا بەختیار و پارتەکانى ئۆپۆزسیۆنم کرد، بەڵام بەداخەوە ئێمە چاوەڕێ بووین سەردانمان بکەنەوە و پەیامێکمان سەبارەت بە هەڵوێستیان ئاراستە بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە بە بەیاننامەیەکى رۆژنامەوانى توشى شۆکیان کردین، ئەمەش بەیاننامەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش و کودەتا سەربازییەکانى بیرهێناینەوە".
سكرتێری مهكتهبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان، له چاوپێكهوتنهكهدا به سهرسوڕمانهوه له ههڵوێستى ههندێ لایهن دهڕوانێت سهبارهت به چۆنێتى ههڵبژاردنى سهرۆكی ههرێم و دهڵێ: "سهیر لهوهدایه ئەو پارتانەى ئەمڕۆ داوا دەکەن هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەرێگاى پەرلەمانەوە بێت، هەمان ئەو پارتانەن لە خولى یەکەمى ساڵى 2005 رەخنەیان لەو شێوازە دەگرت".
میرانى ئاماژهى بهوهشكردووه، كه ئهو پێی باشه سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهلایهن خهڵكهوه ههڵبژێردرێت، لەم بارەیەوە دەڵێت "هەڵبژاردنەوەی سەرۆک لەلایهن خەڵکەوە، بوار بە هەمووان دەدات بۆچوونی خۆیان بدەن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکێک بۆ خۆیان. هەروەها ئەو رێگایە بوار بە رکابەرانى دیکەش دەدات بەشدارى بکەن وەک هەڵبژداردنەکانى 2009".
پێشیوایە "هەڵبژاردنى سەرۆک لەناو پەرلەمان، دەبێتە هۆى بێبەشکردنی خهڵك لە رکابەریکردنى ئەو پۆستە".
فازڵ میرانى ئهوهشی گوتووه: "لەوانەیە لەناکاو سەرۆک بارزانى کشانەوەى خۆى رابگەیەنێ و هەموومان توشى شۆک بکات، بەتایبەتیش بۆخۆى گوتوویەتى ئەو مەبەستى پۆست نییە". دهشڵێت "دەبێ بۆ مێژوو دان بەوەدا بنێین، کە ئەو پیاوە لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوه بەرگرىی لە بنەما نەتەوەییەکان کردوەوە و پارێزگارى لە یەکپارچەیى هەرێمى کوردستان کردووە، لەبەرئەوە پێویستە رێزى بگرین جا ئەگەر دەنگى پێبدەین یان نا".
سەبارەت بە گەڕاندنەوەى پڕۆژەى دهستوور بۆ پەرلەمان، میرانى دهڵێت "پڕۆژەى دهستوور لەساڵى 2002 ئامادەکراوە پێش رووخانى رژێمى پێشوو، گفتوگۆى زۆرى لەسەرکراوە تاوەکو لە پەرلەمان بە کۆى 99%ى دەنگ پەسهندکرا، واته تەنیا یەک کەس ناڕازى بوو، لەبەرئەوە سەرۆک بارزانى مافى خۆیەتى پڕۆژەى دهستوور بخاتە راپرسییەوە".
لە وەڵامى پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەنجامدانى رێکكەوتنێک لە دەرەوەى پەرلەمان لەشێوەى ئەو رێکكەوتنەى لە هەولێر ئەنجامدرا و کۆتایى بە کێشەى حوکم هێنا لە عێراق، میرانى گوتى "ئەوەشمان خستە بەردەمى ئۆپۆزسیۆن، کە بەشداری لە حکومەتێکى نیشتیمانى بکەن، تاوەکو هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام رەتیان کردەوە، ئێمە مەبەستمان ئەوە بوو خۆیان سەرپەرشتى ئەو پڕۆسە چاکسازییە بکەن، کە داواى دەکەن، بڕوام وایە ئەو رێکكەوتنەى باسى دەکەن لەوانەیە بکرێت، ئەویش دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان کاتێک قەبارەى خۆیان دەزانن، ئێمە دەزانین ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام ئەوە هەرگیز نابێت تەنیا لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە نەبێت، با بەختى خۆیان تاقی بکەنەوە ئێمەش چاوەڕوانیانین".
سەبارەت به حوکمى بنەماڵەى بارزانى لەسەر سەرۆکایەتى هەرێم، میرانى گوتى: "سەرەتا ئێمە شەرم ناکەین بە پابەندبوونمان بە سەرکردایەتى خانەوادەى بارزانییەکان بۆ حیزب، ئەوان تاوەکو ئەمڕۆش سەرکردەى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان بوون. هەر هەموومان تەنانەت حیزبەکانى ئەمڕۆش وابەستەى ئەو حیزبە بوون و دەبێ سەرکردایەتى ئەو خانەوادە تێکۆشەرە قبوڵ بکەن، پاشان حیزبەکانى خانەوادەیى زۆرن، وەکو ئەوانەى ئەفغانستان و پاکستان و.. هتد. پێشتریش بەڕێز نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وتارى لەوبارەوە نوسیووە".
راشیگهیاند: "پرسی سەرکردایەتى حیزب کێشەى ئێمەیە و پەیوەندى بەکەسى دیکەوە نییە، سەبارەت بە کاندیدکردنمان بۆ هەر پۆستێک، ئەگەر لەچوارچێوەى یاسا بێت ئیتر ئەوانى دیکە بۆ رەخنە دەگرن؟ ئەگەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانیمان بۆ سەرۆکى حکومەتى هەرێم کاندیدکرد بۆ بەرهەڵستى دەکەن؟ ئەوانیش مافى خۆیانە وەزیرەکانى خۆیان لە حکومەت کاندید بکەن، هەروەها ئێمەش مافى خۆمانە سەرۆکێک بۆ هەرێم یان بۆ حکومەت کاندید بکەین. وەک چۆن رێز لە بڕیارەکانیان دەگرین، پێویستە ئەوانیش رێز لە بڕیارەکانى ئێمە بگرن مادام لەدەرەوەى یاسادا نییە".
سەبارەت بە هەڵوێستى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان دەربارەى پرسی خۆکاندیدکردنەوەی بارزانی و پرسی دەستوور، میرانى گوتى " دواى نەخۆشکەوتنى سهرۆك مام جهلال، لێدوانى دژبەیەکى حیزبەکەیمان بیست، بەڵام نیگەران نین و رێز لەو بارودۆخەى ئێستایان دەگرین، لە چارەنووسى رێکكەوتننامەى ستراتیژى نێوانیشمان ناترسین، بە بڕواى من یەکێتى بەردەوام دەبێ لەسەر خەباتى خۆى و هاوپەیمانی ستراتیژى نێوانمان".
لە وەڵامى پرسیارێکدا ئایا میرانى متمانەى هەیە بەو رێکكەوتنەى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ مالیکى ئیمزای کردووە، گوتى: "گفتوگۆ شێوازی سەردەمى ئەمڕۆیە، تەنانەت جەنگیش بە گفتوگۆ کۆتایى پێدێت، مالیکى تاوەکو ساڵى 2014 سەرۆک وەزیرانە، ههرچهنده هەوڵمان دا متمانەى لێ بستێنینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، چونکە دەنگى پێویستمان کۆنەکردەوە، کەواتە ئایا بایکۆتى بکەین؟ باشە تاکەى؟ یان لە عێراق جیابینەوە؟، ئەوەش لە بەرژەوەندى ئێمەدا نییە، کەواتە دەبێ گفتوگۆى لەگەڵ بکەین، کردیشمان و گەییشتینە رێککەوتنیش، بەڵام نابێ رێکكەوتنێک بێ لەسەر حیسابى سوننە و جوڵانەوەکانى سوننە، بەبڕواى ئێمە دەبێ سەرۆک وەزیران سنگى فراوان بێت بۆ هەمووان، نەک تەنها بۆ حیزبى دەعوە و شیعە. داواى لێدەکەم باوەش بۆ سوننەکان بکاتەوە، چونکە پێکهاتەیەکى گرنگن و دەسەڵاتى عێراق بەبێ ئەوان تەواو نابێ".
رووداو ـ الشرق الاوسط
12/05/2013