مایك ئامیتای، پسپۆڕی سیاسی ئەمریكی، شارەزایە لە پرسی كورد و توێژەری سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا لە دەزگای Open Societyی ئەمریكییە. ئەو لەساڵی 1996- 2005 سەرۆكی ئەنستیتیوتی كوردی بووە لە واشنتن. لەوماوەیەشدا چەندین پرسی گرنگی كوردی گەیاندە دەزگا گرنگەكانی واشنتن بە كۆمەڵگەی ئەمریكی ئاشنا كرد. لەو هەڤپەیڤینەدا مایك ئامیتای، هۆكاری بێدەنگی ئەمریكا رووندەكاتەوە بەرامبەر هەڵسوكەوتەكانی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەڵێ ئەمریكا ترسی لەوە هەیە ئەگەر دژایەتی مالیكی بكەن ، عێراق بە تەواوی بكەوێتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە.
رووداو: ئێستا عێراق رووبەڕووی بارودۆخێكی هەستیار بووەتەوەو زۆربەی ركابەرەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران، تۆمەتباری دەكەن كە مۆنۆپۆلی دەسەڵاتی كردووەو عێراق دەگەڕێنێتەوە سەردەمی كۆن، پێتوایە مالیكی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمە؟
مایك ئامیتای: مالیكیش وەك سیاسەتمەدارەكانی دیكەی عێراق، دەیەوێ پێگەی سیاسی خۆی پتەوتر بكات و كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئاسایش بكات، بەڵام بەداخەوە ناكۆكی تایفەگەری و درێژەكێشانی تووندوتیژییەكان، وایكردووە كە شێوازی دەسەڵاتی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێگە كۆنەكەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عێراقی 2013 ، عێراقی سەردەمی رژێمی سەدام نییە و ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیش هەیە، كە كاریگەری سیاسی و ئابووریان هەیە و توانای بەرگریكردن لە خەڵكەكەی خۆشیان هەیە.
رووداو: ئیدارەی ئەمریكا چەند جارێك كوردیان ئاگاداركردووەتەوە كە تاكلایەنانە هەڵسوكەوت نەكەن، بەتایبەتی لە بواری وزە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ توركیا. پێتوایە ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان مۆریان كردووە، كارێكی نایاساییە؟
مایك ئامیتای: هاتنی بەلێشاوی كۆمپانیای نێودەوڵەتییەكان بۆ كوردستان و مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بۆچوونە دروست ناكات، كە ئەو كارە كارێكی نایاسایی بێت. پێموابێ ئەو قسانە زیاتر ئامانجی سیاسی و ئابوورییان لەپشت بێت و هەروەها لێكدانەوەی جیاوازی دەستووری عێراقیش بێت، سەبارەت بە كاركردنی ئەو بوارە لەنێوان حكومەتی بەغدا و هەولێر.
رووداو: هەرێمی كوردستان و توركیا خەریكی پڕۆژەیەكن بەمەبەستی رەوانەكردنی نەوت و غازی كوردستان دوور لە كۆنتڕۆڵی بەغدا، بەڵام واشنتن نیگەرانە كە ئەو مامەڵەیە ببێتە هۆی پارچەبوونی عێراق، ئایا ئەو نیگەرانیەی ئەمریكا لەجێی خۆیەتی؟
مایك ئامیتای: لە نیگەرانییەكانی ئەمریكا تێدەگەم، كە رەنگە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ توركیا، سەربەخۆیی ئابووری كوردستان بەهێزتر بكات، بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە ببێتە هۆی پارچەبوونی عێراق.
رووداو: ئەی باشە بۆچی ئەمریكا بەردەوامە لە پشتگیریكردنی مالیكی، لەكاتێكدا زۆر لەلایەنە عێراقییەكان بە دیكتاتۆری نوێ ناوی دەبەن؟
مایك ئامیتای: بەشێكی پشتگیریكردنی واشنتن بۆ مالیكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوان قوربانییەكی زۆریان بۆ ئەو سیستەمەی ئێستای عێراق داوە، بەڵام ئەگەر پشتگیری خۆیان لە مالیكی بكشێننەوە، هەستدەكەن كە سیستەمەكەیان سەركەوتوو نەبووە. جگە لەوەش دوای كشانەوەی هێزەكانیان، ئەمریكا ئەوەندە دەسەڵاتی بەسەر بەغدادا نەماوە، لە هەمانكاتدا نایانەوێ عێراق بكەوێتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە. ئەمریكا لەو بڕوایەدایە دژایەتیكردنی مالیكی دەبێتە هۆی خێراكردنی پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی بەغدا لەلایەن ئێرانەوە.
رووداو: ئێستا لەڕووی ئابوورییەوە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی پتەوی هەیە و زوو زوو بابەتی سەربەخۆیی كوردستان دەوروژێنرێت، تۆ چۆن دەڕوانییە ئەو مەسەلەیە، پێتوایە سەربەخۆیی نزیكبووەتەوە؟
مایك ئامیتای: پێموابێ ئێستا سەربەخۆیی كوردستان لە هەموو كات نزیكترە، لەبەر چەندین هۆكار بەتایبەتیش بەهۆی گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی.
هەڤپەیڤین: هاوار عەبدولڕەزاق
رووداو – هەولێر
08/05/2013