ئازاد جوندیانی، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) كە لەرێگەی ئیمێلەوە ئەنجامدراوە دەڵی”قاعیدەی یەكێتی لە گەرمترین و تووندترین هەوڵی ئەملاو ئەولادا تەسلیمی ئیرادەی كەس نەبووە، كاركردن لەسەری، هەر كەسێك بێ خۆ مایەپووچكردنە”. سەبارەت بە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش گوتی “ئەو كەیسە لە تاووتوێكردندایە و هەركاتێك لەڕووی یاساییەوە تەواوبوو، یەكیتی و پارتی وەك دوو لایەنی هاوپەیمان قسەی نێوانی خۆیان دەكەین”. لەسەر قسەكانی سەلاحەدین بەهائەدینیش لەبارەی كاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ “ئەو قسانە قسەی كەش و هەوای هەڵبژاردنن”.
رووداو: سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند ، ئایا یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەكان؟
ئازاد جوندیانی: ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا گوتوومانە بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادەین.
رووداو : راستە دەگوترێت بارزانی بەبێ پرس و راوێژ لەگەڵ یەكێتی كە هاوپەیمانی ستراتیژی پارتییە وادەی هەڵبژاردنی راگەیاند؟
ئازاد جوندیانی: یاسا ئەو لایەنەی دیاریكردووە كە بڕیار لە وادەی هەڵبژاردنەكان دەدات.
رووداو: یەكێتی لە هەڵبژارنەكانی داهاتوودا بە لیستی جیا بەشداری دەبێت، ئایا مام جەلال ئاگاداری ئەم بڕیارەیە؟
ئازاد جوندیانی: بەڵی بەر لە سەفەری چارەسەر لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیدا ئەو بڕیارەدراو سەرۆك تاڵەبانیش پەسندی كرد.
رووداو: بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەڵێ تەنیا مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بڕیارەكانی پارتییە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان و بەتایبەت لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قاعیدەی یەكێتی وا بیر ناكاتەوە، ئایا بەڕاست ئەو بۆشاییە فراوانە لەنێوان مەكتەبی سیاسی و قاعیدەی یەكێتیدا هەیە؟
ئازاد جوندیانی: یەكێتی حیزبێكی دیموكراتە، بەتایبەت رای سیستماتیكی قاعیدە لەلای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی رێزلێگیراوە. لەبارەی كەیسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، هێشتا تاوتوێی دەكەین ، بۆیە ئاساییە بۆچوونی جیاش هەبێ، بەڵام دواجار كە گفتوگۆكان گەیشتنە قۆناخی بڕیار وەرگرتنی كۆتایی و بڕیاری یەكگرتوو درا، ئەوا دەبێتە بڕیاری هەموو یەكێتی.
رووداو: هەستناكەن بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو خۆی لە قاعیدەی یەكێتی نزیككردووەتەوەو خیتابەكەی بەشێكی هەرە زووری بۆ راكێشانی قاعیدەی یەكێتییە. بۆچی سەركردایەتی یەكێتی بەرامبەر بەم هەوڵەی گۆڕان بێدەنگە؟
ئازاد جوندیانی: قاعیدەی یەكێتی لە گەرمترین و تووندترین هەوڵی ئەملاو ئەولادا تەسلیمی ئیرادەی كەس نەبووە، ئێستا یەكێتییەكان زۆرپترلە جاران بەرژەوەندی خودی یەكێتی دەپارێزن و رەچاوی دەكەن . ئەوجۆرە هەوڵانە، لەهەر لایەكەوە بێ، بێ ئەنجام دەبن و خۆماندووكردنێكی بێ بەرهەمە.
رووداو: بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ ئەگەر مام جەلال ئێستا لە مەیدان بووایە و یەكێتی بەوشێوەیە نەدەبوو كە ئێستا هەیە و وەك خۆیان دەڵێن تەسلیمی پارتی نەدەبوون. هەست ناكەن گۆڕان بەپلان كار لەسەر قاعیدەی یەكێتی دەكات؟
ئازاد جوندیانی: كاركردن لەسەر قاعیدەی یەكێتی، هەر كەسێك بێ خۆ مایەپووچكردنەو هیچیتر نا.
رووداو: بەهۆی ئەو خیتابە ئیعلامییەی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر لایەنگران و جەماوەری یەكێتی هەیە، ئێستا قاعیدەی یەكێتی لەدژی پارتییە كە هاوپەیمانی ستراتیژی یەكێتییەو چەند ساڵە لە هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق پێكەوە كاردەكەن؟
ئازاد جوندیانی: قاعیدەی یەكێتی ئێستا بەهۆی بارودۆخی تایبەتی و گشتییەوە لەجاران هەستیارترە ، بۆیە جێی خۆیەتی پارتی هاوپەیمانیش باشتر و واقیعیتر لەو هەستیارییەی یەكێتییەكان بەگشتی بگات.
رووداو: ئێستا دەنگۆیەكی وا بڵاوبووەتەوە كە د.نەجمەدین كەریم پاڵێوراوە بۆ ئەوەی شوێنی بەرێز مام جەلال بگرێتەوە، ئایا ئەوە چەند راستە؟
ئازاد جوندیانی: سكرتێری یەكێتی مام جەلالە و ئێستاش شتێك لەبارەی جێگرەوەیدا لەئارادا نییە، جگە لەوە یەكێتی حیزبەو بەرنامەی خۆی هەیە و بەو پێیە كاردەكات.
رووداو: ئەگەر مەسعود بارزانی خۆی بپاڵێوێتەوە ئێوە وەك یەكیتی دەنگی پێدەدەن؟
ئازاد جوندیانی: كەیسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك لەسەرەوە گوتمان لە تاووتوێكردندایە و ئیشكالیاتی یاسایی و مشتومڕی سیاسیشی لێكەوتووەتەوە، با جارێ ئەو كێشانە چارەسەر ببن، ئەوسا ئێمەش و پارتیش وەك دوو لایەنی هاوپەیمان قسەی نێوانی خۆمان دەكەین.
رووداو: ئەمینداری پێشووی یەكگرتوو دەڵی ئەو ماوەی بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە خراپترین ساڵانی مێژووی سیاسی ئەوبووە. ئایا ئەوە راستە؟
ئازاد جوندیانی: ئێمە رامان وەك مامۆستا سەلاحەدین نییە و ئەو قسانەش قسەی كەشوهەوای هەڵبژاردنن و ڕەنگە زۆرتر كاردانەوە بێت تاوەكو رایەكی دیراسەكراو و نەگۆڕ. رەوتی سیاسی و حوكمڕانی سەركردەیەك یان حیزبێك بە قسەیەكی ئەم یان ئەو هەڵناسەنگێنرێت . هەمیشە سندوقی دەنگدان وەڵامی ئەوە دەداتەوە، نەك قسەی من یان ئەم و ئەو.
رووداو: پارتی دەڵێ مانەوەی مەسعود بارزانی بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، ئایا پارتی داوا لە یەكێتی كردووە كە دەبێ بارزانی بۆ ئەم قۆناغە بمێنێتەوە؟
ئازاد جوندیانی: ئێمەو پارتی هەموو بابەتێك بەڕاشكاوی لەگەڵ یەكتر باسدەكەین.
رووداو:بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوەی كە دەگوترێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، پێویستە بۆ چوار ساڵی دیكەش وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بمینێتەوە لەبەر پێویستی ئەو قۆناخە؟
ئازاد جوندیانی: یەكێتی هەر بڕیارێك بدات ئەوە بڕیاری یەكێتییە كە جەنابی مام جەلال سكرتێر و رابەریەتی.