فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

babaker-pdk irak

 

لە کۆبوونەوەی نێوان ئۆپۆزسیۆنی کوردیی سووریا لەگەڵ حکوومەتی ڕووسیای فیدراڵدا، ڕووسیا داوای لە کوردەکان کردووە، ئەو چاڵە نەوتییانە بپارێزن کە دەکەونە سنووری دەستەڵاتی ئەوانەوە. نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا دکتۆر خۆشەوی مەلا ئیبراهیم بابەکر لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا باس لە وردەکارییەکانی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم مەسعوود بارزانی بۆ ڕووسیا دەکات. سەرۆکی هەرێم لەو سەردانەیدا داواکاری و پەیامی کوردانی سووریای بە مۆسکۆ گەیاندووە. خۆشەوی مەلا ئیبراهیم کە پێشتر نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ڕووسیا بووە، پێی وایە ڕووسیا بە مەرج ئامادەیە پشتگیری لە دروستبوونی هەرێمێکی کوردی لە سووریادا بکات.  پێش سەردانەکەی بۆ ڕووسیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی سووریادا کۆ بووەوە و وەک ئەوان دەڵێن سەرۆک بارزانی پەیامی کوردانی سووریای بۆ ڕووسیا بردووە. وەڵامی ڕووسیا بۆ داوا، یان پێشنیازەکانی کوردانی سووریا چ بووە؟ 

- ئێستا بارودۆخی سووریا یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاستەوخۆ کارتێکەری بەسەر سیاسەت و سەقامگیریی وڵاتانی ڕۆژئاوا و و ڕووسیاوە هەیە، سووریا دەکەوێتە هەرێمی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە. بە لای هەرێمی کوردستانەوە چارەی پرسی کورد ئامانجێکی ستراتیژییە و چارەنووسی کورد لە هەر بەشێکی کوردستاندا کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر ڕێڕەوی کوردستانی باشوورەوە هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی لەو ڕوانگەیەوە هەوڵی چارەی ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە سووریادا دەدات. هەر لە ڕۆژی یەکەمی گەییشتنی بارزانیدا لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لەگەڵ چەندین ڕۆژنامەنووس پێداگری لەسەر چارەی کێشەی کورد بە پێی خواستەکانی خودی ئەو گەلە کرد و هیوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی خواست. بێشک هەڵوێستی ڕەچاوکردن و پێداگری لەسەر دابینکردنی مافی کورد لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی سووریادا لە هەموو گفتوگۆکان باسی لێوە کراوە. سەرۆکی هەرێم زۆری پێ خۆش بوو کە خواستەکانی گەلی کورد لە سووریادا بە شێوەیەکی دیارکراو خرابانایە ڕوو و دانیشتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە. بەشێک لە گفتوگۆکانی دانیشتنەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا لەسەر بارودۆخی سووریا و چارەی کێشەی کورد لەو وڵاتەدا تەرخان کرابوون.

 ئێستا حکوومەتی ڕووسیای فیدراڵ، چۆن لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڕوانێت؟

- ڕووسیا ئۆپۆزسێونی سووریای کردووەتە دوو بەش، یەکەم ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی سووریایە کە بە هەموو شێوەیەک دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا ڕەت دەکەنەوە و ڕووسیا ئەو شێوە بۆچوونانە لە چوارچێوەیەکی ڕادیکاڵی دەبینێت. بەشی دووەم کە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی وەکوو بەرەی نەسر و گرووپەکانی دیکەی چەکدار بە گرووپی تیرۆریست لە قەڵەم دەدات. بە شێوەیەکی گشتی ڕووسیای فیدراڵ بە فەرمی هەڵوێستی دژی گرووپە چەکدارەکانە و لەو بڕوایەدایە کە دیالۆگ دەبێ بە بێ هیچ پێشمەرجێک و بە پێی ڕێککەوتننامەی هاوینی ساڵی ۲۰۱۲ـی ژنێڤ بێنە ئەنجامدان و بەو شێوەیە کۆتایی بەو شەڕە ناوخۆییە بهێندرێت. ڕووسیا هەندێ جار ڕەخنەی لاواز ئاڕاستەی حکوومەت دەکات. لەو ڕۆژانەدا وەزیری دەرەوەی سووریا لە ڕووسیا بوو و بە پێی قسەکانی سێرگیی لاڤرۆڤ، “پێویستە ئۆپۆزسیۆن هیچ پێشمەرجێک نەخاتە بەردەم گفتوگۆکان.” ڕووسیا ئەو چەکدارانەی لە دەرەوەی وڵات ڕوویان لە سووریا کردووە، بە گرووپە تیرۆریستییەکانیان لە قەڵەم دەدات و بە تێکدەر و مەترسیدار بۆ هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان دەزانێت.

 پێت وایە ئەگەر دەستەڵاتی بەعس لە سووریا بەردەوام بێت و بمێنێت، ڕەوشی کوردستانی سووریا چی لێ بەسەر دێت؟

- بە پێی گوتە فەرمییەکانی حکوومەتی ڕووسیا، ئەوان لەگەڵ دابینکردنی ماف و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو گرووپەکانی ئێتنیکی و دینیی وڵاتی سووریان. هێنانەکایەی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لەسەر خواست و تواناکانی خودی کوردەکانیش دەمێنێتەوە. لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستە کوردستانییەکانی سووریا بە یەکهەڵوێست و یەکداخوازی داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو و ئینفراستروکتۆری ئیداری و سیاسی و ئابووریی حکوومەتبوون، تەنانەت ئەگەر بە ناتەواوییش بێت پێک بهێنن و هەموو هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی دروستکردنی هەرێمێک بێت. لەو کاتەیشدا لە ڕووی دەرەکییشەوە بە مەرجێک ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە ناهاوتا و ناهەماهەنگ نەبن، دەتواندرێت داخوازیەکانیان ببنە بابەتی پشتگیریی وڵاتەکانی دەرەوە. وەکوو دیارە ڕووسیایش ئامادەیە پشتگیری لەو هەنگاوانە بکات، بەڵام دەبێ مەرجەکانی سەقامگیری و پێشکەوتن و هەماهەنگی و هاوسەنگی لەگەڵ پێوەرەکانی جیهانی لە کردەوەکانی کوردەکانی سووریادا هەبێت. یەکێک لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە کە نەیتوانیوە ئەو مەرجانە بێنێتە دی.

 ئایا مۆسکۆ پشتگیری لە دامەزراندنی هەرێمێکی کوردی لە سووریادا دەکات؟

- وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ بەرژەوەندییەکی زۆری لە سووریادا هەیە. بیرەنەوتییەکان لە ناوچە کوردییەکانی سووریایە و ڕووسیایش بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لەو بیرەنەوتییانەدا هەیە. هەر ڕژێمێک بێتە سەر دەستەڵات، ئەوان ناچارن کە پێوەندییان لەگەڵدا بکەن. ئەوەندەی من ئاگادارم لەو ڕووەوە پێوەندییان لەگەڵ کورددا بە مەبەستی پاراستنی ئەو چاڵە نەوتیانەدا کردووە و ئەوەیش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە و ئەگەر کورد سیاسەتێکی دیار و کارامەی هەبێت، ئەوا دەتوانێت لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا بە کاری بهێنێت. چەند جار شاندی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی سووریا، سەردانی ڕووسیایان کردووە و لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەدا پێشوازییان لێ کراوە و چەندین چاوپێکەوتن و پرێسکۆنفڕانسیان ئەنجام داوە و بە ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕیوە. بڕوا ناکەم هەرگیز حکوومەتی سووریا هاوشێوەی ڕابردوو بمێنێتەوە. ئەو وڵاتە بە شێوەیەک هەڵوەشاوەتەوە و چەندین ساڵی دەوێ بۆ ئەوەی وەکوو خۆی لێ بێتەوە. سەقامگیری و تەناهی ناجێگر بووە و زەربەیەکی گەورە بە ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی کەوتووە. ڕای خەڵک بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە نیسبەت دەستەڵاتەوە گۆڕاوە و متمانەی دروستکردنی کیانێکی کوردی و خۆباوەڕی لەناو خەڵکدا پەرەی سەندووە.

 لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆفدا، باس لە پتەوکردنی پێوەندییە دوولایەنەکان کرا، ڕووسیا دەیەوێ چۆن ئەو پێوەندییانە بەرەوپێش ببات و پتەوی بکات؟

- بە پلەی یەکەم ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئابووریی ڕووسیا خاڵی هەرە گرنگی بەیەکگەییشتنە. ڕووسیای فیدراڵ بە بەراورد لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەت باڵادەستە و گرنگی بە پاراستن و پەرەسەندنی بەرژەوەندییەکانی ئابووری دەدات و لەو بڕوایەدایە کە دابینکردنی ئەو بەرژەوەندیانە پێشمەرجەکانی سیاسییشە، بەڵام لە عێراق و لیبیادا تا ڕاددەیەکی زۆر نەیانتوانی هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و سیاسەتێکی داهێنانانەی نوێ پێڕۆ بکەن.

لە هەمان کاتدا هاوسەنگیی پاراستنی دەستەڵات و یەکپارچەیی خاکی ڕووسیایش یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانی هەڵوێستوەرگرتنی سیاسەتی ڕووسیایە. بۆ نموونە سەرەڕای بەژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ زۆر لە هاوسێیەکانیدا، ئەو وڵاتە نەیتوانیوە پێوەرە نوێیەکان پێڕۆ بکات و زۆر جار گیرۆدە و سەرقاڵی بۆچوونەکانی کۆنی یەکیەتیی سۆڤیەت دەبێتەوە. ئەو گرووپ و لایەنانەی دەستتێوەردان لە کێشەکانی ناوخۆی ڕووسیادا دەکەن و هەوڵ دەدەن سیستەمێکی ناهاوشان لەگەڵ خواستەکانی دەستەڵاتدارانی ڕووسیا بهێننە دی، ڕووبەڕووی ڕووسیا دەبنەوە و دژایەتیی دەکەن.

بە نیسبەت کوردستانەوە بەشداریپێکردنی ڕووسەکان لە کەرتی وزە و نەوتدا زۆر گرنگە و ئێستایش باشە کە حکوومەتی هەرێم بەو ئاڕاستەوە هەنگاوی ناوە. تا ئەو ڕاددەیەی کە گۆڕانکارییەکانی کوردستان بە پێی پێوەری پێوەندییە نێونەتەوەیی، سیاسی و ئابووریی جیهانی بن و مەرجەکانی دابینکردنی وەبەرهێنانی بیانییان تێدا بێت و سیاسەتێکی ئابووریانەی ئازاد بگرنە بەر و بەربەستەکانی نەگونجاوی جووڵەی سەرمایە هەڵبگیرێن، بەو ئەندازەیە سەرمایەی دەرەکی و ناوخۆیی بەگەڕ دەکەوێت و ئاهەنگی بووژانەوە ئابوورییەکان لە ڕاددەیەکی بەرزدا دەبن و گەرەنتیی هاتنی سەرمایەی دەرەکییش دابین دەکرێت.

چەند کۆمپانیای نەوتیی ڕووسیا دەیانەوێ بێنە هەرێمی کوردستان؟ لەو سەردانەی سەرۆک بارزانیدا هیچ گرێبەستی نەوتی ئیمزا کرا؟ ئەگەر کراوە وردەکارییەکانی گرێبەستەکە چییە؟ ئەوان دەیانەوێ لە چ ناوچەیەکی کوردستاندا کار بکەن؟

- تا ئیستا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی ڕووسی گازپرۆم کراوە و ڕووسەکان بە هەموو نیازێکەوە ئامادەن لەو ڕووەوە کار بکەن و بە فەرمییش ئەوەیان ڕاگەیاندووە. ئەو کۆمپانیایە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانی و ڕووسییە، دەستەڵاتێکی گەورەی لە هەموو ڕووەکانی سیاسی و ئابوورییەوە هەیە، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لەو کۆمپانیایەدا کار دەکەن. بە دامەزراندن و دەستپێکردنی ئەو کۆمپانیایە دەکرێت بەشەکانی دیکەی سەر بەو کۆمپانیایە وەکوو گازپرۆم بانک و بەشی پاڵاوتنی گازپرۆم و گازپرۆم ئنێرگی بێنە کوردستان.

ئەو کۆمپانیایە تەجروبەی کاری لە ماس میدیایش هەیە و بەشێکی زۆری میدیای ڕووسیا سەر بەو کۆمپانیایەن. هاتنی گازپرۆم، کۆمپانیا گەورەکان وەکوو لۆکۆمۆتیڤی شەمەندەفەر وان و کەرتەکانی دیکەی ئابوورییش بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشن. هەر لە دانیشتنەکانی سەرۆک بارزانیدا خواستی هاتنی چەندین کۆمپانیای دیکەی ڕووسیا خراوەتە ئارا و ئەوەیش دەستپێکێکی زۆر باشە. هاتنی زیاتری کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیا لەبەر هەندێ ئیحتیاتە کە لە بەرانبەر هەڵوێستی نێگەتیڤانەی عێراق دەیگرنە بەر و ئەگەر ئەو کێشەیە بە شێوەیەک چارە بکرێت، حکوومەتی ڕووسیایش دەتوانێت گەرەنتیی هاتنی سەرمایەی ئەو کۆمپانیانە بکات. بێشک ژمارەی کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا بەرەو زیادبوون دەچێت و ئەو دڵەڕاوکێیەیش نامێنێت.

 بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە لە میانەی سەردانەکەی شاندی کوردستاندا بۆ مۆسکۆ، گرێبەستی چەککڕین ئیمزا کراوه‌ ئەمە ڕاستە؟
- ئەوە ڕاست نییە.

* لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکاندا باس لەو گرێبەستە کرا کە بە هۆیەوە بەغدا ویستی چەک لە مۆسکۆ بکڕێت؟ کورد بە تەواوی دژایەتیی ئەو گرێبەستەی دەکرد، هەڵوێستی ڕووسیا بەرانبەر بەو گرێبەستە چی بوو؟

- جەنابی سەروک دەڵێت کە ئێمە دژی چەکدارکردنی سوپای عێراق نین و بۆ مەبەستی پاراستنی وڵات ئەو چەکانە پێویستن، بەڵام ئێمە داوا دەکەین کە هەر وڵاتێکی هەناردەکاری چەک بو عێراق مەرجی بەکارنەهێنانی ئەو چەکانە بە مەبەستی ناوخۆیی گەرەنتی بکات.

 بۆچوونی مۆسکۆ بەرانبەر بە چارەی ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا چییە؟

-هەڵوێستی یەکیەتیی سۆڤییەت سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیادا بە شێوەی بەربەرەکانیکردنی ئەو وڵاتە بووە و ڕووسیای فیدراڵیش لە سەرەتای ساڵەکانی ۹۰ـەکاندا ئامادە بووە کە هەتا مافی چارەی خۆنووسین و تەنانەت جیابوونەوەی کوردیش لە تورکیا بە فەرمی بناسێت، بەڵام لە کۆتایی ساڵەکانی ۹۰ـەکاندا ئەو هاوسەنگییە بەلای تورکیادا شکاوەتەوە و زۆر جار کێشەی کورد بە بارودۆخی دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری کۆمارەکانی موسڵمانی قەفقازەوە بەستراوە بووە. تا ئێستا سەرەڕای هەوڵێکی زۆر لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە، حکوومەتی ڕووسیا پارتی کرێکارانی کوردستان بە پارتێکی تیرۆریست ناناسێت و هەرچەندە ڕووسیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکوو ئەمەریکا و هەندێ وڵاتی دیکەی ئەورووپا هەوڵی چارەی کێشەی کورد لە تورکیادا نادات، ئەو وڵاتانە بە ڕێگەی سەفارەتەکانیانەوە پێوەندیی بەهێزیان لەگەڵ کوردەکانی تورکیادا هەیە و هەرچەندە شەڕیش بە چەکەکانی ئەو وڵاتانەوە دەکرێت. ڕووسیا لەو ڕووەوە چالاک نییە، بەڵام خۆی لە چارەی ئەو کێشەیەیش بێبەری ناکات و لە چوارچێوەی تورکیادا لەگەڵ چارەی کێشەی کوردە.

 ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا بە چ شێوەیەک باسیان لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ مۆسکۆ کرد؟

- گاز پرۆم لە ڕاگەیاندنەکانیدا بە گەرمی پێشوازیی لەو چاوپێکەوتنانە کردووە، بەڵام بە شێوەی فراوان لەڕاگه‌یاندنه‌کانی ناوخۆی ڕووسیادا زۆر فراوان نه‌بووە و وەکوو دەگوترێت کە ئەوەیش بۆ هۆکاری بەفەرمیبوونی ئەو سەردانە و سنووردارکردنی چاوپێکەوتنەکان بە شێوەیەکی پڕۆتۆکۆڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەکرا کە لە پێشوەختدا هەوڵی بەستنی پرێسکۆنفڕانسێکی بەرفراوان درابا و ئامادەکاریی بۆ کرابا، چونکە لێرە ئەو ئیمکانیاتانە هەن و هەروەها پێویستە کە بۆ مەبەستی سیاسی فاکتەری جالییەی کوردیش بەهەند وەرگیرابا.

 ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ڕووسیا و پێشوازی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرزترین بەرپرسانی ئەو وڵاتە، چ بووە؟

- ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە ئاستی جیهانیدا و بە تایبەتی لە نێوان شەرق و غەربدا بۆ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆر گرنگە. کوردستان توانیویەتی ببێتە ئەندامێکی چالاکی پێوەندییە نێونەتەوەیی سیاسی و ئەندامی بازرگانی و ئابووریی جیهانی و بەردەوامبوون لەسەر ئەو شێوازە چاوپێکەوتنانە لە ئاستی هەرە بەرزدا، ئەو بەئەندامبوونە بەهێزتر دەکات و پێگەی هەرێمیش بەرەو ئاستێکی بەرزتر دەگوازرێتەوە. ئەو پێشوازییە بەو شێوەیە هەنگاو بەرەو پێزانینی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەبات. هەر بە دوای ئەو دیدارەدا چەندین گوتار و داواکاری لە لایەن هەرێمەکانی دیکەی دابڕاوی وەکوو کاراباخ و پریدنیستروڤیایش کراون کە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و هاوشێوەی ئەو هەرێمە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان