هەموو ئەو هەڤپەیڤینانەی پێشتر لەگەڵم كردوون، لەسەر مێزی نان خواردن بووە، بەڵام ئەوجارە لە ژووری تایبەتی خۆی بوو، وێنەی زۆری لە ژوورەكە هەڵواسیبوو، كە هەندێكیان وێنەی باوكی بوون، هەندێكیشیان وێنەی خۆی بوون لە هەڕەتی گەنجێتی. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی دۆخی نێوخۆی یەكێتی و تەندروستی تاڵەبانی و پەیوەندییان لەگەڵ پارتی، دانوستاندنەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەكات.
هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
(فۆتۆ: فەرزین حەسەن)
لەبارەی مالیكی كورد داوای تەعدیل یان تەبدیل دەكات
وەڵامی لایەنی شیعە لە پێشبینی ئێمە كەمترە
رووداو: دوای نەخۆشییەكەی تاڵەبانی، هەفتانە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەیە و دەبینرێ یەكێتی زۆر سەرقاڵە. بۆچی؟
سەعدی پیرە: بۆ ئەوەی ئەم قسە و قسەلۆكانە كۆتایی پێبێ لەنێو دەزگاكانی راگەیاندن، ئێمە پاش ئاڵۆزبوونی باری تەندروستی تاڵەبانی هیچ شتێكی تایبەتمان نەكردووە ، تەنیا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی پەسەندكراوە وا مامەڵەمان كردووە. دوای ئاڵۆزبوونی تەندروستی مام جەلال كۆبوونەوەیەكمان كردووە و بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرام جێگری یەكەمی مام جەلال سەرپەرشتی یەكێتی و كۆبوونەوەكان دەكات تاوەكو مام جەلال دەگەڕێتەوە. ئێستا كاك كۆسرەت سەرپەرشتی كارەكان دەكات و هەر یەك لە ئێمەش كاری خۆمان دەكەین. ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا مەبەستتانە، كە چڕو پڕە ئەوە پەیوەندی بە یەكێتی خۆیەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو گۆڕانكارییانەوەیە كە لە ناوچەكە دەگوزەرێن و لایەنی ئۆپۆزیسیۆن، پەیوەندی لەگەڵ پارتی، دۆخی كەركووك، سوننەكان چی دەكەن و دۆخی ناوچەكە بەرەو چ ئاقارێك دەچێ. یەكێتی حیزبی كادیرانە، مومكینە لێرە و لەوێ قسەیەك كرابێ. بەڵام ئێستا بە غیابی مام جەلال نامانەوێ بۆشاییەك دروستببێ. بۆیە هەموو یەكێك لە ئێمە ئەگەر پێشتر دوو یان چوار كاژێر كاری دەكرد ئێستا دوو ئەوەندە كاردەكات، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەك دروست نەبێ و هەست بەوە نەكرێت كە ئەو ماوەیەی مام جەلال لێرە نییە یەكێتی رەوشی بەرەو خراپی رۆیشتووە. تەنانەت بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستن، ئێستا یەكێتی بەرەو باشتر چووە.
ناكرێ هەموو
كەس سەردانی
مام جەلال بكات
رووداو: ئێستا غیابی تاڵەبانی بە یەكێتییەوە دیارە؟
سەعدی پیرە: بەڵێ زۆر شت هەبوو ئێمە پێمان نەدەكرا، مام جەلال دەیكرد، ئێستا نەك تەنیا بە یەكێتی بەڵكو بە عێراق و بە پارتیشەوە دیارە.
رووداو: كۆسرەت رەسوڵ ئێستا لە شوێنی تاڵەبانی سەرپەرشتی یەكێتی دەكات، هەموو دەسەڵاتی تاڵەبانی لەنێو یەكێتی بەكاردێنێ؟
سەعدی پیرە: كاك كۆسرەت هەموو دەسەڵاتی مام جەلال بەكاردێنێ، بەڵام مام جەلال نییە.
رووداو: هیچ رێككەوتنێك لەنێو سەركردە یەكەمەكانی ئێستای یەكێتی وەك (كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم، مەلا بەختیار) هەیە بۆ وەرگرتنی هەر هەڵوێست و بڕیارێك بەناوی یەكێتی؟
سەعدی پیرە: هەموومان رامان وابوو هەر ناكۆكی كە هەبووە و هەر ساردییەك كە هەبووبێ، كۆتایی هات و هەموومان وەك یەك تیم كار دەكەین.
لە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و ئێران
باسی وەزعی مام جەلالیش كرا
رووداو: ناكۆكییەكان چۆن كۆتایی هاتن ؟
سەعدی پیرە: من دڵم لە تۆ عاجزبووە، ئێستا دەڵێم هەموو بە قوربانی مام جەلال بێ، خوا شیفای بدات و ئێستا كاردەكەین بۆ ئەوەی یەكێتی بەرەو پێشتر بچێ. ئێستا لەناو یەكێتی ئەو تەكەتولانە نەماون ، كە پێشتر هەبوون.
رووداو: رۆژی شەممە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی بارزانی كۆبوونەوە. چ لەو كۆبوونەوەیەدا باسكرا؟
سەعدی پیرە: باسی كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزیسیۆن كرا كە كاك بەرهەم و كاك نێچیرڤان لەگەڵیان كۆببوونەوە، ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ، هەڵبژاردن كەی بكرێت و چۆن بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش گفتوگۆبكرێت . هەروەها ئەو نامەی لە عێراق هاتووە سەیركرا و بڕیاردرا كە بدرێتە لێژنەی باڵا بۆ ئەوەی دیراسەت بكرێت . سەردانی شاندی یەكێتی بۆ ئێران ئەویش لەو كۆبوونەوەیەدا باسكرا.
رووداو: كەی هەڵبژاردن دەكرێت ؟
سەعدی پیرە: ئەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش قسەی لەسەر دەكرێت ، چونكە هەڵبژاردن تەنیا بۆ پارتی و یەكێتی ناكرێ تاوەكو هەر ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.
رووداو: پێتان باشە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاگان و پەرلەمان پێكەوە بكرێت یان بە جیا، ئایا یەكێتی پێی باشە لەگەڵ پارتی دابەزێ یان بە جیا؟
سەعدی پیرە: سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان ئەوە لەگەڵ لایەنەكان قسەی لەسەر دەكرێت . یەكێتیش پێشتر رایگەیاندووە كە بە تەنیا بەشدار دەبێت.
رووداو: وەڵامەكەی لایەنی شیعە بۆ وەڵامی نامەكەی كوردی جێگەی رەزامەندی ئێوەبوو؟
سەعدی پیرە: نەخێر كەمترە لە پێشبینی ئێمە. بۆ وەڵامدانەوەی، پێویستی بە دیراسەتی زیاترە و پێویستە تەماشای نێوان هێڵەكانی بكەین.
پێمخۆشە سێ سەركردەكەی گۆڕان بگەڕێنەوە ناو یەكێتی
رووداو: جگە لە موجامەلە كە هەمووجار پارتی و یەكێتی دەڵێن دوو حیزبن و رێككەوتنی ستراتیژیمان هەیە، كێشەی نێوان ئەو دوو حیزبە چییە؟
سەعدی پیرە: كێشەمان كەمە ، بگرە هەر نیمانە، دەستەیەكی باڵا هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتی، باسی هەر كێشەیەك دەكرێ كە دێتە پێش، هەروەها باسی كارە هاوبەشەكان دەكرێت . رێككەوتنی ستراتیژیش تائێستا وەك پێویست بۆ خوارەوە شۆڕنەبووەتەوە.
رووداو: باڵیۆزی ئێران دوو كۆبوونەوەی جیای لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی ئەنجامدا و دوای ئەو كۆبوونەوەیە شاندێكی باڵای یەكێتی سەردانی ئێرانی كرد. ئێران چ داواكاری لە یەكێتی هەیە؟
سەعدی پیرە: ئێران داوایەكی تایبەتی لە یەكێتی نییە كە لە لایەنی دیكەی نەبێ . لەسەر رەوشی عێراق، ئێران زۆر نیگەرانە لەو خۆپێشاندانانەی لە شارە سوننییەكان دەكرێت ، هەوڵدەدات دۆخی عێراق زیاتر لەوە تێكنەچێ. بانگهێشتكردنی شاندی یەكێتی و كۆبوونەوەكان بەشێكی زۆری لەسەر عێراق بووە و ئێمەش هۆكار و نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەمان بۆ پارتی باسكردووە. ئێران داوایكرد ئەو تەنگژەی هەیە خاوبكرێتەوەو دەرفەتێكی فراوان بكرێتەوە بۆ گفتوگۆكردن و كێشەكان چارەسەر بكرێن . چونكە ناحەزانی هاوپەیمانەتی كورد و شیعە سوودی لێوەردەگرن. لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی یەكێتی و لایەنی ئێرانی باسی وەزعی مام جەلالیش كراوە. ئێستا ئەولەویەتی كاری ئێمە ئەوەیە چۆن پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبخەینەوە.
رووداو: مام جلال دەگەڕێتەوە نێو كاری سیاسی؟
سەعدی پیرە: هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكرێت ، ئەو كەسێك نییە دوو كاژێر نەخۆش كەوت و لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە و كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت . كاك مەسعودیش سەری لێدابوو لە بەرلین و لەگەڵ دكتۆرەكانی دانیشتبوو. دكتۆرەكانیش دڵنیایان كردبووەوە، كە مام جەلال بەرەو باشبوون دەچێ. بەڵام هێشتا زووە بڵێین كەی چارەسەری تەواو دەبێت .
رووداو: ئێستا وەزعی مام جەلال بەتەواوی چۆنە؟
سەعدی پیرە: بەرەو باشبوون دەچێت .
كاك مەسعود كە سەردانی مام جەلالی كردبوو نەیبینی
رووداو: چۆن بەرەو باشبوون دەچێ ، ئێستا هاتووچۆی هەیە؟
سەعدی پیرە: نەخێر هاتووچۆی نییە. تەنانەت ناكرێ هەموو كەس سەردانیشی بكات. مام جەلال چەند موراعاتی رێنماییەكانی دكتۆر بكات ئەوەندە زووتر چاكدەبێتەوە .
رووداو: مەسعود بارزانی لە نەخۆشخانە تاڵەبانی بینیووە؟
سەعدی پیرە: نەخێر نەبینیووە، چونكە لەوكاتەدا مام جەلال لەژێر چارسەریدا بووە. تەنیا لەگەڵ دكتۆرەكانی دانیشتووە.
رووداو: مام جەلال خەڵك دەناسێتەوە؟
سەعدی پیرە : بەڵێ خەڵك دەناسێ و پێدەكەنێ و هەردوو دەست و پێی دەجوڵێنێ. سەبارەت بە قسەكردنیش دەبێ بە ئارەزووی خۆی قسە بكات، بەڵام بە رەوانی قسە ناكات. هەندێجاریش ئەگەر بیەوێ شتێك بڵێ دەینووسێ.
رووداو: جگە لە هێرۆخان لەنێو یەكێتی كەسی دیكە سەردانی كردووە؟
سەعدی پیرە: بەڵێ. دكتور فوئاد سەردانی كردووە، كاك قوباد و باڤێل خۆی و ژنەكەی چوون. دكتور لەتیف چووە، ئەوانیش ناتوانن بچنە لای جگە لەوكاتانە نەبێ كە دكتور رێگەیان پێدەدات. كاك دڵشاد بارزانیش بەردەوام لەوێیە و تەنانەت ئەوەی رێگە نادات خەڵك سەردانی مام جەلال بكات كاك دڵشاد بارزانییە. رەنگە برادەرانی دیكە نەتوانن و شەرم بكەن ئەوە بڵێن، بەڵام كاك دلشاد پێیاندەڵێ بەپێی راسپاردەكانی دكتۆر نابێ سەردانی بكەن.
رووداو: راستە بەرهەم ساڵح دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق؟
سەعدی پیرە: ئەو بابەتە جارێ باسنەكراوە ، نە لەنێو یەكێتی و نە لەنێوان یەكێتی و پارتی.
رووداو: ئەوەی چاوەڕێتانكرد لە مالیكی لە دوای نەخۆشییەكەی تاڵەبانی بەوشێوەیە هاتووەتە پێش؟
سەعدی پیرە: نەخێر نەهاتووەتە پێش، بەڵكو بەشێوەیەكی تاكڕەوی حوكمدەكات و زۆر سەرپێچیی دەستووریی هەیە. ئەم هەموو بەرەیە لەگەڵ سوننە، كورد، خودی شیعە، وڵاتانی دەوروبەر، ئەمە هەمووی جێگەی پرسیارە. خۆ ناكرێ بڵێ ئەم هەموو لایەنانە هەڵەن و خۆی لەسەر حەقە.
رووداو: مالیكی پێش هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت؟
سەعدی پیرە: ئێمە نازانین و كوردیش لە نامەكەی خۆی بۆ شیعەكان داوایكردووە یان تەعدیل یان تەبدیل و ئێستاش سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستە. هیچ یەكێك لە دراوسێیەكانی عێراق ئاسوودە نین بە دۆخی ئێستای عێراق، چونكە ئاڵۆزی عێراق بۆ ئەوانیش كێشە دروستدەكات. ئێستا وردە وردە عەسكەرتاریەت لە عێراق كۆنترۆڵی دامەزراوەكانی ئابووری، رۆشنبیری، دیپلۆماسی دەكات، كە ئەمە كارێكی خراپە و عێراق پێویستی بەوەنییە و هیچ دەوڵەتێكی دەوروبەر هەڕەشە لە عێراق ناكات، تاوەكو شتێكی وابكرێت ، ئەوە جێگەی سەرسووڕمانە بۆ ئێمە و دەبێ لایەنی شیعە و لایەنەكان لە بەرپرسیارێتییەوە هەست بەو مەترسییە بكات.
رووداو: مادام وایە، پێتوایە گوتاری بارزانی لەسەر حكومڕانی مالیكی لە جێگەی خۆیدابوو؟
سەعدی پیرە: كاك مەسعود لەگەڵ مالیكی قەد ئەوەندە ئیجابی نەبووە، بەڵام كورد و شیعە مالیكیان هەڵبژارد. بۆچوونی ئێستای كاك مەسعود لەسەر مالیكی ئەوەیە كە بەو بارودۆخەی ئێستا مالیكی دەستیپێكردووە پێكەوەژیان زەحمەتە. مەلابەختیاریش دەڵێ مالیكی لە سێ شت موەفەق بووە ئەویش، یەكەم: سوننەكان یەكبگرن. دووەم: رێزەكانی شیعە تێكبدات. سێیەم: كورد عاجز بكات. شیعەكان ئەگەر بە تەمای پێكەوەژیانن دەبێ ئێستا بیر لە بارودۆخێكی دیكە بكەنەوە، كە ئەویش یان تەعدیل یان تەبدیلە.
رووداو: بڕیارە بەرهەم ساڵح سەردانی بەغدا بكات، كەی ئەو سەردانە ئەنجامدەدرێت؟
سەعدی پیرە: ئێمە ئێستا دیراسەتی وەڵامەكەی لایەنی شیعە دەكەین، ئەگەر وەڵامەكەی ئامادەكرا ئەوكات رێوشوێنی ئەو بابەتەش دەگرینەبەر.
رووداو: هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (یەكێتی و پارتی) لەگەڵ سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن كۆبوونەوە، بەڵام زیاتر لە دوو هەفتەیە تائێستا وەڵامی دەسەڵاتیان نەدایەوە، پێتوایە لە وەڵامدانەوە درەنگ كەوتن؟
سەعدی پیرە: ئێستا تۆپەكە لە ساحەی ئۆپۆزیسیۆنە و لە وەڵامەكەش دواكەوتن.
رووداو: بەڵام ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستی خۆیان روونكردەوە كە بەشداری حكومەت ناكەن تاوەكو هەڵبژاردن؟
سەعدی پیرە: هیچ مەرجمان نەبووە كە ئەوان بەشداری حكومەت بكەن. تەنیا گوتوومانە ئەو سێ بژاردە هەیە. یان بەرنامەیەكی هاوبەش و حكومەتێكی بنكە فراوان ئەگەر پێتاندەكرێت؟. دووەم: دۆزینەوەی میكانزمێك، كە چۆن ئۆپۆزیسیۆن و حكومەت پێكەوە كاربكەن. سێیەم: ئەوان ئۆپۆزیسیۆن و ئێمە دەسەڵات ، ئینجا ئۆپۆزیسیۆن رەخنە دەگرێ یان پێشنیاز دەكات، ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەو رەخنە و پێشنیازانە دەكەین. ناكرێ ئۆپۆزیسیۆن لە حاڵەتی دووەم و سێیەم چاوەڕێی ئەوەبن حكومەتی هەرێمی كوردستان ببێتە بووكەڵە لە دەستی ئەواندا . دەتوانن پێشنیاز بكەن ئەگەر بەدڵمان بوو ئەوا دەتوانین جێبەجێبكەین و ئەگەرنا حكومەتی ئێستا حكومەتی زۆرینەیە و بەرنامەی خۆی جێبەجێدەكات.
رووداو: یەكێتی پێیوایە مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەكێتی و بگرە لایەنەكانی دیكەش دەكات؟
سەعدی پیرە: من ناڵێم وەك یەكە و ئەوەندە میسالی نیم بڵێم كاك مەسعود چۆن تەماشای پارتی دەكات بەوشێوەیە تەماشای یەكێتیش دەكات. بێگومان كاك مەسعود پێیخۆشە پارتی باڵادەستتربێ، چونكە سەرۆكی ئەو حیزبەیە و ژیانی لەسەر ئەو حیزبە داناوەو باوكیشی ژیانی لەسەر ئەو حیزبە داناوە. ئەوە زۆر بێ مانایە بڵێم كاك مەسعود پێیخۆشە پارتی و یەكێتی بەقەد یەك بەهێزبن شتی وا نییە. پارتی بەهێزبێ لەسەر حیسابی یەكێتییە و یەكێتیش بەهێزبێ لەسەر حیسابی پارتییە.
رووداو: پەیوەندی نێوان یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا لە چ قۆناخێكدایە؟
سەعدی پیرە:دوو جۆر پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ گۆڕان. یەكەم وەك دوو هێزی سیاسی و دوو حیزب مامەڵە دەكەین و ئێستا ركابەری یەكترین و بێگومان پێمان خۆشە لەهەموو شوێنێك رەوشی یەكێتی لەگۆڕان باشتر بێ، بەتایبەت لە سلێمانی و گەرمیان، ئێستاش لەناو شاری سلێمانی یەكێتی لە گۆڕان باشترە.دووەم: ئێمە رەفیقی یەكترین و پەیوەندی كۆمەڵایەتی باشمان هەیە و لە كۆنەوە یەكتر دەناسین.
رووداو: بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا كێشەیەكی گەورەی ناوخۆیی هەیە. یەكێتی ئامادەیە هاوكاریان بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە؟
سەعدی پیرە: نەخێر، پێمان گوتوون هیچ پەیوەندیمان بەو كێشەیەوە نییە، نە لەدوور و نە لە نزیك دەست لەو بابەتە وەرنادەین و دەبێ خۆتان چارەسەری بكەن. ئەوەشمان پێگوتوون چۆن دەمانەوێ یەكێتی لە بڕیارەكانی خۆی سەربەخۆبێ و كەس دەستوەرنەداتە ناو كاروباری یەكێتی، ئەوهاش رێگە بەخۆمان نادەین دەست لەكاروباری هیچ لایەنێكی دیكە وەربدەین.
رووداو: یەكێتی پەیوەندی بە سێ سەركردەكەی گۆڕان (قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحموود، سالار عەزیز)ەوە كردووە دوای ئەوەی دانیشتوون؟
سەعدی پیرە: نەخێر، پەیوەندی سروشتیمان هەیە. ئەوان خەڵكێك نین رێگە نەزانن و پێیان بڵێین چۆن بڕۆن وچۆن بڕیار بدەن. بەڵكو خۆیان بڕیار دەدەن. ئێمە نە بۆ دوورخستنەوە لە گۆڕان و نە بۆ نزیكبوونەوە لە گۆڕان پەیوەندیمان پێوە نەكردوون.
رووداو: پێتوایە دانیشتن و كشانەوەی ئەم سێ سەركردەیە كاریگەری دەبێ لەسەر گۆڕان؟
سەعدی پیرە: چۆن كاریگەری نابێ. گۆڕان لە كێ پێكهاتووە، لە چەند سەركردەیەك. راستە جیاوازییەكی زۆری كاك نەوشیروان هەیە لە ئەوانیدیكە بە حوكمی پۆستی لەناو یەكێتی و خەباتی. بەڵام ئەو سێ سەركردەیە كادیری باڵان و پێشتر لەناو یەكێتیش كاریگەر و رۆڵیان هەبووە.
رووداو: حەزدەكەن ئەو سێ سەركردەیە بگەڕێنەوە نێو یەكێتی؟
سەعدی پیرە: پێمان ناخۆشبوو لە یەكێتی چوونە دەرەوە. من پێمخۆشە ئەو سێ سەركردەیە بگەڕێنەوە ناو یەكێتی. بەڵام ئەو بڕیارە دەبێ خۆیان بیدەن.
15/02/2013