فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

پیتەر گالبرێت، كۆنە دیپلۆماتكار و راوێژكاری ئەمریكی ماوەی پێنچ ساڵ باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە كرواتیا وpiter galbrit لەسەرەتای ساڵی 2003ەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێك وەك راوێژكار لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كرد و ، دۆستێكی نزیكی كوردە و هاوكاری كوردیش بووە لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لەساڵی 2005 دا.

لەساڵی 2006 كتێبێكی لەسەر عێراق نووسی بەناوی (كۆتایی عێراق: چۆن كەموكوڕی ئەمریكا شەڕێكی بێ كۆتایی دروستكرد).

گالبرێت لەساڵانی حەفتاكانەوە ئاشنای كێشەی كوردە، كە ئەوكات ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی سێناتی ئەمریكی بوو و یەكێكبووە لەوانەی زۆریان لەبارەی كیمیابارانی هەڵەبجەوە بۆ جیهان باسكرد .

گالبرێت لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باس لە داهاتووی كوردستان و عێراق دەكات لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی و باس لەوە دەكات كە چۆن پێویستە كورد سازش بكات لە مەسەلەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، تاوەكو بتوانن سەربەخۆیی بەدەستبێنن.

هەڤپەیڤین: هاوار عەبدولڕەزاق

رووداو: تائێستا كەس نازانێ باری تەندروستی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق چی بەسەردێت، دووركەوتنەوەی مام جەلال لە پۆستی سەرۆك كۆماری و كاری سیاسی چ رەنگدانەوەیەكی دەبێ لەسەر عێراق؟

پیتەر گالبرێت: لەسەرەتادا دەمەوێ بڵێم كە هیوادارم تاڵەبانی تەندروستی باشبێ و هەندێ راپۆرتیشم بینیون كە ئاماژە بەوە دەكەن ، ئەوە شتێكی باشە. بەڵام گومان لەوەدا نییە كە تاڵەبانی بۆ ماوەیەكی نادیار لەگۆڕەپانی سیاسی دووردەكەوێتەوە و بەبڕوای من بەهۆی ئەوەوە سوپاس بۆ تاڵەبانی، كورد لە پێگەیەكی بەهێزدان . نە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نە حكومەتی مالیكی ناتوانن ویستی خۆیان بەسەر لایەنەكەی دیكەدا بسەپێنن و پتەوی پێگەی كوردیش ئەنجامی هەوڵ و كۆششەكانی تاڵەبانییە لەماوەی ژیان و خەباتیدا، بەڵام بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2003 كاتێك هاوئاهەنگیەكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی بەهێزتربوو، حكومەتی هەرێمی كوردستانیان یەكخستەوە. رەنگە دووركەوتنەوەی تاڵەبانی كاریگەری زیاتر لەسەر ئەو لایەنانە هەبێ كە لە پێگەیەكی ئەوەندە بەهێزدا نین وەك سوننە و مەسیحییەكان.

رووداو: بەپێی ناسین و شارەزاییت بۆ كەسایەتییەكانی كورد، پێتوایە دوای مام جەلال چ كەسایەتییەكی كورد باشە پۆستی سەرۆك كۆماری وەربگرێت؟

پیتەر گالبرێت: زۆر لە سەركردەكانی كورد دەتوانن ببنە سەرۆكێكی باشی عێراق، بەڵام سەرۆكی كۆمار ئەوەندە دەسەڵاتی نییە. دەستكەوتە تایبەتەكەی تاڵەبانی ئەوەبوو كە سەرەڕای نەبوونی دەسەڵاتێكی ئەوتۆ، بەڵام بەهۆی كەسایەتی و توانای خۆیەوە، توانیبووی رۆڵی یەكخەر و ناوبژیوان بگێڕێت. پێموابێ یەكێك لە مەسەلەكانی داهاتوو كە رەنگە كورد بیری لێبكەنەوە ئەوەیە ئایا پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لەدەست خۆیان بهێڵنەوە یانیش دانوستاندن و سەودایەك بكەن لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو پۆستە، سەرۆك وەزیران بگۆڕدرێت و سەرۆك وەزیرانێك بێ كە رێز لە دەستوور بگرێت، بەتایبەتی لەبارەی مەسەلەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و نەوت.

رووداو: پێتوایە كورد لە دوای تاڵەبانی پۆستی سەرۆك كۆماری بوێت؟

پیتەر گالبرێت: ئەوەیان نازانم، ئەوەی بۆ كورد گرنگە ئەوەیە كە هەوڵبدەن رێز لە دەستوور بگرن و مەسەلەی چارەسەركردنی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان زیاتر بەرەوپێش ببەن.

رووداو: بەوپێیەی ماوەیەكی زۆر كارت لە كوردستان كردووە، هەندێ كەس وای لێكدەدەنەوە، دوای مام جەلال یەكێتی نامێنێ، لێكدانەوەی ئێوە چییە؟

پیتەر گالبرێت: بێگومان غیابی تاڵەبانی زەربەیەك دەبێ بۆ ئەو پارتەی كە تاڵەبانی خۆی دروستیكردووە، بەڵام زۆر كەسانی دیكەی لێهاتووش لەنێو یەكێتیدا هەن، بۆ نموونە كۆسرەت رەسوڵ، د. بەرهەم ساڵح و چەند كەسێكی دیكە كە دەتوانن پێشڕەوی ئەو پارتە بكەن لە داهاتوودا.

بۆ كورد باشترە دەست لە پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵگرن بەرامبەر بە گۆڕینی سەرۆك وەزیران

رووداو: پێتوایە ئەوان بتوانن هەمان رۆڵی تاڵەبانی بگێڕن؟

پیتەر گالبرێت: ئەوان ناتوانن هەمان كار بكەن، بەڵام ئەوە سروشتی ژیانە، خەڵك دەڕوات و دەبێ كەسانی نوێ بێنە جێگەیان و ئەمە هەر بەوشێوەیە بووە.

رووداو: پێشبینیدەكەی لەدوای دووركەوتنەوەی تاڵەبانی ناكۆكی لەنێوان دوو پارتە گەورە هاوپەیمانەكەی كوردستان سەرهەڵبدات؟

پیتەر گالبرێت: نەخێر پێموانییە هیچ كێشەیەك دروست ببێت، بەهۆی ئەوەی ئەو هاوپەیمانییە بناخەیەكی پتەوی هەیە و پێموایە رۆڵی تاڵەبانی و بارزانیش لە بنیاتنانی ئەو هاوپەیمانییەدا زۆر گرنگ بووە، باشترین بەڵگەش بۆ پتەوی ئەو هاوپەیمانییە ئەوەیە كە بەرپرسی كاروبارەكانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، قوباد تاڵەبانییە.

رووداو: پێتوانییە مالیكی دەیەوێ سوننەیەك بكاتە سەرۆك كۆمار كە بە ئارەزووی خۆی بێ و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە؟

پیتەر گالبرێت: باوەڕناكەم دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری داهاتوو بڕیاری ئەوبێت. ئەوە بڕیاری پەرلەمانە. لیستەكەی ئەویش یەكێكە لە لیستەكانی ناو پەرلەمان و رەنگە لەداهاتوودا پەرلەمان سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دابنێت.

رووداو: پێتوایە لەدوای تاڵەبانی مالیكی هەوڵبدات پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێزتر بكات، بەتایبەتیش كە ئێستا بارودۆخی سووریا تەواو تێكچووە و حكومەتی مالیكیش بەوە تۆمەتباركراوە كە هاوكاری رژێمی سووریا دەكات؟

پیتەر گالبرێت: من لەو بڕوایەدام كە مالیكی هاوكاری ئەسەد دەكات و روون و ئاشكراشە كە حكومەتی عێراق هیچ هەوڵێكی جیدی نەداوە بۆ رێگەگرتن لەو فڕۆكە ئێرانیانەی ئاسمانی عێراقی بەكاردێنن بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ رژێمەكەی ئەسەد.

لەوانەیە لەداهاتوودا پەرلەمان سەرۆك وەزیرانێكی دیكە لە جێگەی مالیكی دابنێت

 

رووداو: بەپێی ئەزموونی خۆت و نزیكیت لە تاڵەبانی و بەرپرسانی ئەمریكی، واشنتن چۆن تەماشای تاڵەبانی دەكرد و بۆچوونیان بەرامبەر تاڵەبانی چی بوو؟

پیتەر گالبرێت: هەردوو ئیدارەی بوش و ئۆباما رێزیان لە هەوڵ و خەباتی تاڵەبانی گرتووە و بینیویشیانە كە چۆن نزیكەی تەواوی عێراقییەكان رێزی لێدەگرن، بۆیە بە كەسێكی بەنرخ تەماشا كراوە و ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورەیە لەسەردەمی پۆل بریمەرەوە كە ئەوكات بە تاڵەبانی گوتبوو نابێ سەرۆك كۆمار كورد بێت، دەبێ كەسێكی سوننە بێت. خۆشحاڵم بەوەی كە ئەو رایەی بریمەر گوێی لێنەگیرا.

رووداو: هەمیشە وابینراوە كە تاڵەبانی پردی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان بووە، لەوبڕوایەدای كە لە دوای تاڵەبانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لاواز ببن؟

پیتەر گالبرێت: تاڵەبانی ناوبژیوانكار بوو. پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی لایەن و وڵاتانی دیكە باشبوو، بەڵام بێگومان سەركردەی دیكەی كورد هەن كە ئەوانیش پەیوەندیان باشە لەگەڵ ئێران، بۆیە باوەڕناكەم ئەو پەیوەندییە لاواز ببێت.

رووداو: ئێستا گلەییەكی زۆر لە ئەمریكا هەیە، بەتایبەت لەلایەن كوردەوە كە نەك هەر پشتگیری كورد ناكات، بەڵكو رێگە لە پێشكەوتنی كوردیش دەگرێت، نموونەش رێگەدانە بە جموجۆڵەكانی مالیكی دژی كورد و هەروەها گوشارخستنە سەر توركیا بۆ رێگەنەدان بە ناردنە دەرەوەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، ئێوە ئەو هەڵوێستەی ئیدارەی ئەمریكا چۆن لێكدەدەنەوە؟

پیتەر گالبرێت: من بەڕاستی نیگەرانم لە سیاسەتەكانی ئەمریكا. پێموایە دەبێ ئەمریكا دان بەوە دابنێ كە كوردستان باشترین هاوڕێیەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تاكە ناوچەشە لە عێراق كە هەمان بەها و ئامانجی هەڵگرتووە سەبارەت بە دیموكراسی، لەبەرامبەریشدا مالیكی و حكومەتی بەغدا، نزیكترین هاوپەیمانی ئێرانن لە جیهاندا. بۆیە ئەگەر من بم ئاوا كار ناكەم بۆ بەهێزكردنی حكومەتی بەغدا و پشتگیری كوردستان دەكەم . پێموابێ یەكێك لە هەڵە گەورەكانی ئەمریكا ئەوەیە كە فڕۆكەی F-16 دەفرۆشێتە عێراق. ئەوەی جێگەی سەرنجیشە ئەوەیە كە ئێران خۆشحاڵترین لایەنە لەوەی عێراق فڕۆكەی F-16ی پێدەدرێ، سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا دەیداتێ، بۆیە هیوادارم كە سیاسەتی ئەمریكا بگۆڕێت و پشتگیریی زیاتری كوردستان بكات.

پێش ئەوەی بمرم، كوردستان سەربەخۆ دروستدەبێت

رووداو: بۆچی ئەمریكا بەردەوام لەوە دەترسێ خۆی لە هەرێمی كوردستان نزیكتر بكاتەوە؟

پیتەر گالبرێت: پێموابێ ئیدارەی ئەمریكی خەمی ئەوەیەتی كە ئەگەر خۆیان لە هەرێمی كوردستان نزیك بكاتەوە، رەنگە كاریگەری لە بەغدا نەمێنێت.

رووداو: بەڵام خەڵك پێیوایە ئەمریكا لەمێژە كاریگەری لە بەغدا نەماوە و ئێستا روونە كە ئێران یاریزانی سەرەكییە لە بەغدا نەك ئەمریكا؟

پیتەر گالبرێت: ئەوە خوویەكی باوی بازرگانیكردنی ئەمریكییەكانە كە هەمیشە هاوڕێیەكانیان بە گەرەنتی دەبینن و هەوڵدەدەن نەرمتربن بەرامبەر بە دوژمنەكانیان. بەڵام كاری باشتر ئەوەیە كە پشتگیری هاوڕێیەكانمان بكەین. نابێ ئەمریكا ببێتە بەربەستێكیش لەبەردەم كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی لەرێگەی ئەو بۆڕییە نەوتیانەی كە هەرێمی كوردستان و توركیا بەنیازن دایبمەزرێنن.

رووداو: ئێوە یەكێكبوون لە راوێژكارانی كورد لەكاتی داڕشتنی دەستووری عێراقدا، پێتوایە ئەو دەستوورە رێگە بە دروستبوونەوەی دیكتاتۆر دەدات لە عێراق؟

پیتەر گالبرێت: بەپێی ئەو دەستوورە زۆر زەحمەتە مالیكی ببێتە دیكتاتۆر، ئەو تەنیا بە یەك رێگە دەبێتە دیكتاتۆر، كە ئەو دەستوورە پێشێل بكات. بۆیە ئەوە لە بەرژەوەندی كورد و سەرجەم عێراقییەكانی دیكەشە كە دەستوور پەیڕەوبكرێت و رێزی لێبگیرێت.

رووداو: پێتوایە لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و هاتنی جۆن كێری وەك وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریكا، سیاسەتەكانیان بەرامبەر بە عێراق بگۆڕن و گرنگی زیاتر بە عێراق بدەن، بەتایبەتی ئێستا كە حكومەتی بەغدا تۆمەتباركراوە بەوەی هاوكاری سەربازی رژێمی سووریا دەكات؟

پیتەر گالبرێت: لەوبڕوایەدا نیم گۆڕینی كەسەكان هیچ كاریگەری لەسەر سیاسەتەكانی ئەمریكا هەبێ و سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە دیاریدەكرێن، بۆیە باوەڕناكەم گۆڕینی وەزیری دەرەوە ئەوەندە كاریگەری لەسەر سیاسەتەكانی داهاتووی ئەمریكا لە عێراق هەبێت، بەڵام هیوادارم گۆڕانكاری لە سیاسەتەكاندا ببینم لەبەرئەوەی ئێستا رەوشەكە گۆڕاوە.

ئەمریكا هەڵەیەكی گەورە دەكات كە فڕۆكەی F-16 دەفرۆشێتە عێراق


رووداو: هەمیشە باس لەوە دەكرێت كە ئەمریكا سیاسەتێكی روونی بەرامبەر بە كورد نییە، پێویستە كورد چی بكات تاوەكو وا لە ئەمریكا بكات زیاتر گرنگی بە پرسی كورد و چارەنووسی بدات؟

پیتەر گالبرێت: لەڕاستیدا كورد شتێكی باش دەكات كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا دروستكردووە، لەبەرئەوەی توركیا كاریگەری لەسەر واشنتن هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەرێمی كوردستان لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە واشنتن چالاك بێت . تائێستا نوێنەرایەتییەكی چالاكیان هەبووە و پێویستە ئەو چالاكییە بەردەوام بێت.

رووداو: ئێستا ناكۆكی نێوان حكومەتی بەغدا و هەولێر قوڵتر بووەتەوە و ماوەیەك پێش ئێستا هەردوولا زۆر نزیكبوون لەوەی رووبەڕووی یەكتر ببنەوە لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، پێشبینی تۆ چییە بۆ عێراقی 2013 و ساڵانی داهاتوو؟

پیتەر گالبرێت: پێموابێ عێراق ئەوەندە گۆڕانكاری بەخۆوە نابینێ لەچاو ئێستا، بەڵام پێشبینی گرژبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان شیعە و سوننە دەكەم.

رووداو: نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری تایمی ئەمریكی، رایگەیاند كە ئێستا لەهەموو كات زیاتر نزیكن لە دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆ، ئایا تۆش هەمان بۆچوونت هەیە؟

پیتەر گالبرێت: بەڵێ منیش هەمان بۆچوونم هەیە و پێموایە پێش ئەوەی بمرم، كوردستان سەربەخۆ دروستدەبێت.

ئەمریكا خەمی ئەوەیەتی ئەگەر لە كوردستان نزیكبێتەوە كاریگەری لەسەر بەغدا نەمێنێ

رووداو: چەندی دیكەی پێدەچێت؟

پیتەر گالبرێت: رەنگە لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا. بەڕای من باشترین رێگە بۆ ئەوە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، بۆچی بەغدا حوكمی خەڵكێك بكەن كە نایانەوێت بەشێك بن لەو وڵاتە. بۆیە گرنگترین كێشە كە چارەسەر بكرێت، كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە، لەبەرئەوەی زۆر زەحمەتە سەربەخۆیی وەربگریت، ئەگەر نەزانی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی تۆ كامانەن، دەبێ لەسەر ئەوەش لەلایەن بەغدا و هەولێریشەوە سازش بكرێت. بەڕای من كورستانێكی بچووكی سەربەخۆ باشترە لەوەی بۆ هەتا هەتایە لەنێو عێراقدا بچەقی. رەنگە لەسەدەی 19دا هێڵ و سنوورەكان گرنگترین شت بووبن، بەڵام ئێمە ئێستا كە لەسەدەی بیستویەكداین، سنوورەكان ئەوەندە گرنگ نین، بۆیە گرنگە كە بەغدا و هەولێریش سازش بكەن لەو مەسەلەیەدا.

رووداو: بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی بەوشێوەیە بوو كە ئەگەر ئێمە یەكێك لە دراوسێیەكانمان قایل بكەین بۆ ئەو مەسەلەیە، ئەوا ئەوكات دەتوانین بڕیاری سەربەخۆبوون بدەین، پێتوایە ئەو وڵاتە توركیایە؟

پیتەر گالبرێت: بێگومان توركیایە. لەبەرئەوەی توركیا پۆزەتیڤ بووە بەرامبەر ئەو واقیعەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئێستاش دەبینین توركیا گەورەترین شەریكی كوردستانە لەڕووی بازرگانیكردن و سەرمایەگوزارییەوە . توركیا بەنیازە زنجیرە بۆڕیەك دابنێ كەوا دەكات هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بێت. هەروەها توركیا و هەولێر هاوكاری نزیكن لەبارەی مەسەلەی سووریاوە.

رووداو: ئەگەر هەرێمی كوردستان ناچاربوو لەنێوان توركیا و ئێران یەكێكیان هەڵبژێرێت، كامیان باشترە بۆ كورد؟

پیتەر گالبرێت: بۆ وڵاتێكی بچووكی وەك كوردستان، دەبێ هەوڵبدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەكدا باشبن. بەڵام لۆژیكی سیاسی و ئابووری و سەربازی كوردستان وایە كە پێویستە لە توركیا نزیكتربێت، چونكە توركیا وڵاتێكی عەلمانییە و نزیكە لە جیهانی رۆژئاواوە و كوردستانیش خۆی لەو چوارچێوەیەدا دەبینێ. لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە ئێستا توركیا هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی خۆی دەبینێ لەبەرامبەر ئێران و كاریگەرییان لەسەر بەغدا.

رووداو: هەمیشە باس لەوە دەكرێت كە كوردستان دیموكراسییەكی پێشكەوتووی هەیە، بەڵام هەندێ كەس دەڵێن هەرێمی كوردستان دیموكراسی نییە و لەلایەن دوو بنەماڵەوە حوكمدەكرێت، بۆچوونت لەسەر دیموكراسی كوردستان چییە؟

پیتەر گالبرێت: كوردستان هەڵبژاردنی ئازادی تێدا ئەنجامدەدرێ، خەڵك دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا كوردستان كۆمەڵگەیەكی تەقلیدییە و ئەوەش شتێكی چاوەڕواننەكراو نییە كە سەركردە ناسراوەكان لەو هەڵبژاردنانەدا دەنگی باش دێنن. ئەمە لە زۆر وڵاتدا روودەدات و ئێمەش لە ئەمریكا ئەوەندە لەمێژ نییە كە لەماوەی هەشت ساڵدا دوو سەرۆكمان هەبوو باوك و كوڕ بوون.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان