لە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر سوپای عێراقدا دڵنیان و، ئەگەر سوپای مالیكی هێرشبكات. د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤنیكدا لەگەڵ (رووداو) باسی نوری مالیكی دەكات كە خۆی بۆ شەڕی كورد ئامادەكردووە. باسی گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراقیش دەكات بۆ بەغدا، كە وەك ئەو دەڵێ كار دەكات بۆ ئەوەی رێگری لەو شەڕە بكات كە مالیكی دەیەوێ بیكات . هەروەها بەرپرسیاریتییەكی ئەخلاقیش دەخاتە ئەستۆی ئەمریكا چونكە ئەو چەكەی عێراق بەرامبەر كورد بەكاریدەهێنێ لەكاتی روودانی شەڕدا ئەمریكییە. هەروەها گوتی ئێران زۆر لە هەڵسۆكەوتەكانی مالیكی نیگەرانە و كەس ناتوانێ هەولێر داگیر بكات.
هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
فۆتۆ: فەرزین حەسەن
رووداو: هەڵوێستەكانی مالیكی رۆژ لە دوای رۆژ بەرامبەر هەرێمی كوردستان تووندتر دەبن، هەرێمی كوردستانیش هەر دەڵێ با دانوستاندن بكەین، هۆی ئەو نەرمییەی كورد چییە بەرامبەر مالیكی؟
فوئاد حوسێن: نەرمی كورد لە لاوازی نییە، بەڵكو لەوەدایە كورد ئیمانی هەیە بەوەی كێشەكان بە دانوستاندن چارەسەر بكرێن و هەر ئەوەش راستە نەك شەڕ، بەڵام لەهەمانكاتدا كورد ئامادەكاری خۆی كردووە ئەگەر شەڕ ببێ.
رووداو: لایەنی بەرامبەر كە مالیكییە ئامادەیە كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكات؟
فوئاد حوسێن: هەر جارێك لەگەڵ مالیكی دیالۆگ هەبووبێ، گەیشتووینەتە رێككەوتن و ئیمزاكردنی رێككەوتن، بەڵام ئەو پابەندی رێككەوتنەكان نابێت. ئەوەی مەعلوومە مالیكی خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات، كە ئەو ئامادەكاری دەكات بۆ شەڕ، كوردیش مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بكات.
رووداو: كورد تاوەكو كەی ئامادەیە ئەو نەرمییە بنوێنێ و داوای دانوستاندن بكات و مالیكیش هەموو رۆژێك سەربازی زیاتر دێنێ بۆ سەر سنووری ناوچە دابڕێنراوەكان؟
فوئاد حوسێن: مالیكی سەربازی هێناوە، لەلای ئێمەشەوە پێشمەرگە چووە. بەڵام ئەوە تاهەتایە نامێنێ، چونكە ئەمە نە دەستوور قبووڵی دەكات و نە دۆخی ئێستای عێراقیش ئەوە دەخوازێ.
مام جەلال بۆ پاراستنی دەستوور و راگرتنی شەڕ چووەتە بەغدا
رووداو: سەبری كورد تاوەكو كەی دەبێ؟
فوئاد حوسێن: سەد جار دانیشتن و دیالۆگ هەبێ باشترە لە سەعاتێكی شەڕ و تاوەكو دواساتیش دەبێ دەرگای دیالۆگ كراوەبێ. بەڵام كە شەڕیش هات پێویستە خۆت ئامادەبكەی و گەلی كوردستانیش هەر وایكردووە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین جار شاندی ناردووە بۆ بەغدا و ئێستاش شاندێكی ناردووەو ئەوە رێگەیە. لەهەمانكاتدا كورد ئامادەكاری خۆی كردووە بۆ بەرگریكردن لە كوردستان و گەلی كوردستان.
رووداو: مالیكی ئەو هەڵوێستەی ئێستای بەرامبەر هەرێمی كورستان جیاوازە لە هەڵوێستی پێشووی، ئێوە داوای سەندنەوەی متمانەتان لێكرد و سەرینەگرت، ئێستا ئەو زۆر تووندە، بەڵام ئێستا ئەو داوایە ناكەن بەڵكو داوای دیالۆگی لەگەڵ دەكەن، ئەمە لاوازی كورد پێشاننادات؟
فوئاد حوسێن: دڵنیاین مالیكی ئەو هەستەی هەیە كە خۆی بەهێز دەبینێ، بەڵام لەئەسڵدا ئەو بەهێز نییە، چونكە لەڕووی سیاسییەوە لەنێو هاوپەیمانی نیشتیمانیدا، سەدرییەكان بەئاشكرا دژایەتی سیاسەتی مالیكی دەكەن و باسی فەشەلی سیاسەتی ئەو دەكەن و لەنێو شیعەش بەشێوەیەكی گشتی پرۆتستۆی سیاسەتی مالیكی دەكرێ، جگە لەو گەندەڵییەی لە كڕینی چەك لەگەڵ رووسیا و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لە عێراق هەیە. ئایا هێزی مالیكی لەكوێدایە؟ پەیوەندی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێش باش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە 10 جار لە دەرگای دیالۆگ بدەین نەك یەك جار لە دەرگای شەڕ بدەین. هەرچەندە دەرئەنجامی شەڕ لە مەیدانی شەڕدا دەردەكەوێ.
بارزانی رازی نەبووە بە كشانەوەی پێشمەرگە
رووداو: مالیكی بە راشكاوانە گوتی شەڕ هیچ كاریگەری نابێ لەسەر بەغدا و نەجەف و كەربەلا، واتە تەنیا كورد زەرەرمەند دەبن، وایە؟
فوئاد حوسێن: ئەم ئاگرە لەهەر شوێنێك بكرێتەوە چ لە كەركووك بێ یاخود لە خانەقین، زۆر شوێن دەسووتێنێ و ئاگرێكی زۆر مەترسیدارە. بەڵام نابێتە شەڕی كورد و عەرەبیش. من نازانم چۆن مالیكی بەناوی عەرەبەوە قسە دەكات، چونكە نەمزانیوە مالیكی ئەوەندە بووەتە كەسێكی عروبی، مالیكیمان ناسیوەو ئەوەی لەسەر ئەو خوێندوومانەتەوە كەسێك بووە باسی ئیسلامی دەكرد و لە حیزبێك بووە نەك رێكخستنەكانی عێراقی بووە بەڵكو ئومەمی بووە. ئێستا كە تروحاتێكی عروبی پێشكەش دەكات ئەوا دژی پرەنسیبەكانی خۆشیەتی، وادیارە ئەو لە بیروباوەڕی حیزبەكەی خۆی لایداوە.
رووداو: مادام كورد دژی سیاسەتی مالیكییە و لەنێو شیعە و سوننە دژی سیاسەتی مالیكین، بۆچی مەسەلەی سەندنەوەی متمانە جارێكی دیكە ناهێننە پێشەوە؟
فوئاد حوسێن: مەسەلەی سەندنەوەی متمانە ئالییەتێكە لە پرۆسەی دیموكراسیدا و ئەمە بەرامبەر بە هەر كەسێك دەمێنێ، بەڵام ئەویش كەشوهەوای پەرلەمانی دەوێ و كۆمەڵێك پرۆسەی یاسایی پێویستە و دیارە ئێستا ئەوە ئامادە نییە.
رووداو: ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای مالیكی دوو جار سەردانی هەولێری كرد، مالیكی ویستی چ پەیامێك بگەیێنێتە سەركردایەتی كورد؟
فوئاد حوسێن: هەردوو سەردانەكەی نوجێفی بۆ هەولێر تاڕادەیەك وەكو یەك بوون، ئەویش ئەوەبوو گوتی مالیكی داوادەكات بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی پێشوو كە پەیوەندی بە خاڵەكانی پشكنینەوە هەبوو و شارەكانیش بدرێنە دەست پۆلیسی ئەو ناوچانە. بەڵام لای ئێمە كۆمەڵێك پرسیار هەیە كە ئاخۆ چ لیوایەك و چ هێزێك لەو ناوچانە دەكشێنەوە. كە كشانەوە ئاخۆ تاوەكو كوێ دەچن؟ ئایا سنووری كێشانەوەی ئەو سوپایە كوێ دەبێ. ئەگەر پۆلیسی ناوچەكە دۆخی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ ، دەبێ سەر بەو پارێزگایەبن كە لێیەتی، چونكە ئەگەر مالیكی نیازی ئەوەی هەبێ پۆلیسیش راستەوخۆ فەرمان لە نووسینگەی ئەو وەربگرێ ئەوا كارەكە تێكدەچێ. بۆیە دەبێ بزانین شێوازی كێشانەوەی هێز لەو ناوچانە چۆنە. چونگە دەبێ هێزی دیجلە نەمینێ. مالیكی حاڵەتێكی عەجیبی دروستكردووە، كوردیش عاشقی شەڕ نییە، بەڵكو عاشقی ئاشتییە، خەڵكی كوردستان عاشقی ژیانە، عاشقی مەرگ نییە، بەڵام لەمەرگیش ناترسێ.
تاوەكو فەرماندەیی دیجلە هەڵنەوەشێندرێتەوە پێشمەرگە ناكشێتەوە
رووداو: كورد داوادەكات لایەنی سێیەم، ئەمریكا یان هەر هێزێكی دیكە بێت بۆ ئەو ناوچانە؟
فوئاد حوسێن: لایەنی سێیەم نەماوە و دەبێ واقیعی بین. جاران سوپای ئەمریكا هەبوو ، نەماوە . نەتەوە یەكگرتووەكانیش ناتوانن بێن. بۆیە لە كۆتاییدا دەبێ خۆمان بگەینە رێككەوتن و كێشەكە چارەسەر بكەین. بەڵام سوپای عێراق چەكی ئەمریكی بەدەستەوەیە و لەلایەن ئەمریكاوە مەشقی پێكراوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی ئەمریكا، هەرێمی كوردستان ئەم پرسە بە ئەمریكییەكان رادەگەیێنێ.
رووداو: لە هەندێ ناوەندی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان وا بڵاوكرایەوە كە بارزانی دوای كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ نوجێفی رازیبووە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنێ خۆی بەبێ ئەوەی هێزی دیجلە هەڵبوەشێندرێتەوە، پێشتریش رایگەیاندبوو تاوەكو هێزی دیجلە هەڵنەوەشێنرێتەوە پێشمەرگە ناكشێتەوە، پەشیمان بووەتەوە؟
فوئاد حوسێن: نوجێفی هەندێ پێشنیازی هێنابوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش گوتی با ئالییەتێك تەرحبكرێ و ئەگەر ئەوان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ ئێمەش ئامادەین و ئەم بابەتە بە دیالۆگ یەكلایی دەبێتەوە. سەبارەت بە كێشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچە دابڕێنراوەكان پێش ئەوەی هێزی دیجلە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوە راست نییە، نازانم خەڵك ئەو دەنگوباسەی لەكوێوە هێناوە.
بارزانی نامەیەكی تایبەتی بۆ مەرجەعەكانی شیعە نارد
رووداو: لە چ كاتێكدا هێزی پێشمەرگە دەكشێتەوە؟
فوئاد حوسێن: ئەمە بەندە بەو دیالۆگ و دانوستاندنانە ئەگەر بكرێ ، مالیكی هێزی هێناوە بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتی سیاسی و ئەمەش دژی دەستوورە و ناكرێ عێراق بكرێتە عەسكەرتارییەت و نابێ جارێكی دیكە حوكمڕانی عێراق بكەوێتەوە دەست جەنەڕاڵەكان.
رووداو: كورد لە دانوستاندندا چۆن باسی سنووری هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ مالیكی، چونكە مالیكی دەڵێ دەبێ كورد بگەڕێنەوە پێش سنووری 2003 و چیتر هێڵی 36 تێنەپەڕێنن؟
فوئاد حوسێن: ئەگەر بەوشێوەیەبێ دیارە مالیكی دان بە مادەی 140ی دەستووری عێراق دانانێ ، چونكە بەپێی ئەو مادەیە ناوچەی ناكۆكی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە و ئیدارەی ئەم ناوچانە پێكەوە دەبێ تاوەكو ریفراندۆمیان لەسەر دەكرێ و خەڵكی ئەو ناوچانە بڕیاردەدەن سنووریان چۆن بێ، نەك بە بڕیارێكی سیاسی لە بەغداوە. لە كرداردا مالیكی دژی دەستوور كار دەكات و هێز دەنێرێ بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و تەنانەت مالیكی ناوی ئەو ناوچانەی گۆڕیوە بۆ "ناوچەی تێكەڵاو" كە بەپێی دەستوور ناوچەی ناكۆكی لەسەرن. هەڵبەت سنووری هەرێمی كوردستانیش بە ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە دەستنیشاندەكرێت كە لە مادەی 140ی دەستووردا هاتووە.
رووداو: بەڵام مالیكی مادەی 140 جێبەجێناكات و لەلایەكی دیكەوە هێزیشی هێناوە بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. ئایا شەڕ دەبێ؟
فوئاد حوسێن: لە خوا دەخوازین شەڕ تووشی كەس نەبێ، چونكە شەڕكردن بە قسە ئاسانە. بەڵام خوانەخواستە ئەگەر شەڕ بەرۆكمان بگرێ ئێمە بڕوامان بە هێزی پێشمەرگە هەیە و سەركردەكانی پێشمەرگەش دیراسەتێكیان كردووە كە دەتوانن سەربكەون.
مەعلوومە مالیكی خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات
رووداو: مام جەلال بۆچی ئەم جارە چووەوە بۆ بەغدا، ئایا بۆ كاری ئاسایی خۆی چوو، یان بەرنامەی پێیە بۆ هێوركردنەوەی ئەم دۆخە؟
فوئاد حوسێن: بەشێك لەكاری مام جەلال ئەوەیە دەستوور بپارێزێ، كە ببینێ دەستوور پێشێلدەكرێت بەڕێزیان بەرگری لە دەستوور دەكەن، بەڕێزیشیان هەر وایان كرد. ئێستا كە دەبینرێ مالیكی فەرمان دەدات هێرش بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوە سەرۆك كۆمار هەوڵی راگرتنی دەدات و مام جەلالیش بۆ ئەوە چووە و پێویستە مالیكی پابەندی دەستوور و رێككەوتنەكان بێت و جێبەجێیان بكات.
رووداو: لەسەر ئەو گرژییەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەمریكا هاتە سەر خەت، ئەمریكا چی گوت؟
فوئاد حوسێن: ئەمریكییەكان زۆر نیگەرانن. ئەوان لەگەڵ ئەوە نین دۆخەكە تێكبچێ، هەم لەگەڵ ئێمە قسەیانكردووە و هەم لەگەڵ بەغدا.
رووداو: پێشنیازی ئەمریكا چی بوو بۆ كورد لەسەر ئەم دۆخە، هیچ گوشاری هەبوو؟
فوئاد حوسێن: ئەمریكا هەر لەسەرەتاوە حەزی دەكرد بە لایەنی كەمەوە پابەندی بە رێككەوتنەكانی 2009وە بكرێت، چونكە دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان پێشنیازی ئەمریكا بوو. ئەمریكا باسی گوشار ناكات بۆ ئەوەی كورد هێزی پێشمەرگە بكشێنێتەوە، بەڵكو باسی ئەوە دەكات كە هەردوو لایەن بگەنە رێككەوتن و بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی پێش 2009، چونكە پێیان ناخۆشە هێز بەرامبەر بە یەكتر وەستاون.
رووداو: هەفتەی رابردوو قاسم سلێمانی هاتە هەولێر بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی، ئەو بۆچی هاتبوو؟
فوئاد حوسێن: ئەم كێشەیە كە گەورەیە و مالیكی بەنیازە سوپا بەكاربێنێ، دەوڵەتە دراوسێیەكان و بەتایبەت ئێران خۆشحاڵ نییە و ئەمە كێشە بۆ ناوچەكە دروستدەكات و ئێران لەم بابەتە و لە هەڵوێستەكانی مالیكی نیگەرانە.
رووداو: ئێران دەتوانێ گوشار لەسەر مالیكی دروستبكات بۆ ئەوەی دۆخەكە هێور ببێ؟
فوئاد حوسێن: ئەم كێشەیە لەگەڵ ئێرانییەكان باسكراوە و ئێران دەتوانێ گوشار لەسەر مالیكی دروستبكات.
كەس ناتوانێ هەولێر داگیر بكات
رووداو: بڕیارە ئەحمەدی نەژاد سەردانی عێراق بكات، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات؟
فوئاد حوسێن: بڕیاربوو ئەو سەردانە ئەنجامبدرێ و ئەگەر ئەنجامبدرایە ئەوا سەردانی هەرێمی كوردستانیشی دەكرد.
رووداو: لایەنە كوردستانییەكانی هەرێمی كوردستان و تەناتەت سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەی نارد بۆ لایەنی شیعە، وەڵامی نامەكە چی بوو؟
فوئاد حوسێن: ئەو ئیشارەتانەی لەهێزە سیاسییەكانی عێراق وەرمانگرتوون دوای نامەكە، ئەوان زۆر پێیانخۆش بوو، نامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تایبەت بوو بۆ مەرجەكانی شیعە لە عێراق و ئەوانیش زۆر بە پۆزەتیڤییەوە وەریانگرت و ئەو نامانە زۆر كاریگەرییان هەبوو.
رووداو: شەڕ لەنێوان هەرێمی كوردستان و سوپای عێراق روودەدات ؟
فوئاد حوسێن: مالیكی كەشوهەوای شەڕی دروستكردووە، بەڵام مەرج نییە بڕیاری شەڕكردن هەبێ، ئێستا حالەتەكە بەشێوەیەكە و وەك ئەوەیە بەنزین بڕێژی و كەسێك بێت جگەرەیەك فرێبدات و بتەقێتەوە. هێزەكان لەو ناوچانە بەرامبەر یەكتر وەستاون، لەوێش خەڵكی ناحەز زۆرە و دەیانەوێ ئاگرەكە خۆش بكەن، بە مانایەكی دیكە ئەم كەشوهەوایە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسانێك لە دەرەوەی هەردوو تەرەفەكە بۆ فیتنەنانەوە دۆخەكە بقۆزنەوە و بڕیاری شەڕ بدەن.
رووداو: مالیكی رایگەیاندووە كە ئەو دەتوانێ سوپای عێراق تاوەكو هەولێر ببات، كەسیش ناتوانێ رێگری لێبكات. مالیكی دەتوانێ سوپا بێنێ بۆ هەولێر؟
فوئاد حوسێن: بۆچی سوپا دێنێ بۆ هەولێر، شەڕی كێی پێدەكات. دیارە مالیكی كورد بە بێگانە دەزانێ بۆیە دەڵێ سوپا دەبەمە هەولێر. نازانم ئەمە چ عەقلییەتێكە، ئەمە دژی دەستوورە. مالیكی پێشتر لەهەولێر بووە و هەولێر مالیكی پاراستووە. بۆیە كەس ناتوانێ هەولێر داگیربكات و كەسیش بۆی نییە ئەو هەنگاوە بهاوێژێت.
رووداو: مالیكی هیچ هەوڵێكیداوە دووبەرەكی لەنێو كورد دروستبكات؟
فوئاد حوسێن: مالیكی زۆر هیوای بەوەبوو، بەڵام هەموو بە هەڵە دەرچوو، ئەو زۆر خەڵكی بینی و خەڵك قسەی بۆ دەبرد و شیكردنەوەی دۆخەكەی بۆ دەكرا لەلایەن خەڵكێكی ئینتیهازی، ئەویش بە عەقلی داچووبوو ئەگەر خۆی لە هەولێر هەڵبژێرێ ئەوا دەنگی یەكەم دێنێ. مالیكی وابیردەكاتەوە كە ئەو تاهەتایە بمێنێنەوە. دەبێ مالیكی بزانێ كورد خاكی هەیە و ئەو كورسی هەیە و، جیاوازیەكە ئەوەیە كورسی دەجوڵێتەوەو خاكەكە ناجوڵێ، كورد قاچی لەسەر خاكە و مالیكی لەسەر كورسی. ئەوەی لەسەر خاكبێ ناكەوێتە خوارەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر كورسی بێ دەكەوێتە خوارێ.