فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

ئیبراهیم عەلیزادەibrahim alizade

 

ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران- كۆمەڵە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باس لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران و ئایندەی چەپ دەكات لە دوای رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران . عەلیزادە پێیوایە هەر هێرشێكی سەربازی بۆ سەر ئێران لەلایان وڵاتانی دیكەوە بە زیانی خەڵكی ئێران و قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران تەواودەبێت.

هەڤپەیڤین: پشتیوان كەریم گەڵاڵی

فۆتۆ: فەرزین حەسەن

ئەمریكا ئۆپۆزیسیۆنی ئێران وەك پشیلەی بن عەبا بەكاردێنێ  

ئەوانەی ستراتیژی خۆیان بە دەستتێوەردانی ئەمریكا گرێدەدەن، جگە لە سەرشۆڕی هیچیان بۆ نامێنێتەوە

ئەگەری راپەڕینی جەماوەری و كرێكاری لە ئێران لە ئارادایە

رێككەوتنی حدكا و كۆمەڵەی زەحمەتكێشان گرنگ نییە

رووداو: ئێران تووشی قەیرانێكی ئابووری بووە، بەڕای ئێوە خەڵكی ئێران زەرەرمەند دەبن، یان رژێمی ئێران؟

ئیبراهیم عەلیزادە: كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە جەرگەی قەیرانی ئابووری و سیاسیدا ژیاوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوو خاڵ، قەیرانی ئابووری ئێستا لە رابردوو جیادەكاتەوە. یەكەمیان ئەو بارودۆخە جیاوازە كە ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێ و ئەوەی دیكەیان تووندتربوونەوەی ئابڵوقەی ئابووری دەوڵەتانی رۆژئاوایە بۆ سەر ئەو رژێمە. ئێران لە رابردوودا چەندین رێگەی بۆ زاڵبوون بەسەر ئابڵوقەی سەریدا تاقیكردووەتەوە، وەك نموونەی سەرمایەداری دەوڵەتی و ئابووری ئازاد، هەروەها تێكەڵاوییەك لە هەردووكیان، بەڵام نەیتوانیوە بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ ببێت. دووكەڵی ئەو ئابڵۆقەیە راستەوخۆ چووەتە ناو چاوی خەڵكی ئێرانەوە. داهاتی دەوڵەت كەمبووەتەوە، ئەوەش راستەوخۆ كاریگەری كردووەتە سەر خەڵك، بەهۆی دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری گشتی، دابەزینی نرخی دراوی ئێران، گرانی، لە ئەنجامی داخستنی ناوەندەكانی كار و بەرهەمهێنان. تەنیا بوارێك كە بودجەكەی كەمنەكراوەتەوە، بواری سەربازی و هێزە ئەمنییەكان بووە. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی قەیرانی ئێستا ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی وازی لە پڕۆژەی درێژخایەنی ئابووری هێناوە. ئەو رژێمە هەوڵدەدات ئەو بڕە پارەیەی لە فرۆشی نەوت دەستیدەكەوێت ، ئەمڕۆ بۆ سبەی خەرجی بكات. واتە ژیانێكی مەمرەو مەژی بۆ خەڵك دابین بكات.

رووداو: كاریگەرییەكانی ئەم ئابڵوقە ئابوورییە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایی خەڵك یان بۆ خۆی هۆكارێكی نێگەتیڤە لە بەرامبەر خەباتی خەڵكدا؟

ئیبراهیم عەلیزادە: سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئەوەیە كە بەردەوام خەڵك موحتاجی دەستی ئەوبن. ئەوەش جەماوەری خەڵك تووشی بێ تەفاوەتی سیاسی دەكات. هەژاری بێسنوور نابێتە هۆی راپەڕینی خەڵك. لە بارودۆخێكی لەو چەشنەدا هەر كەسەو هەوڵدەدات بە شێوەی تاك ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی دەرباز بكات.

رووداو: هەڕەشەی سەربازی ئەمریكا و ئیسرائیل چ كاریگەرییەكی لەسەر خەڵك دەبێت، لێدانی سەربازی بە قازانجی خەڵكە یان زەرەر؟

ئیبراهیم عەلیزادە: خەڵك نەك بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران زەرەرمەند دەبێت، هەر ئێستا بە هەڕەشەكانی زەرەرمەند بووە. رژێم بە بیانووی هەڕەشەی سەربازی كەشوهەوای زاڵ بەسەر كۆمەڵگەی ئێران میلیتاریزە دەكات. هەوڵدەدات بەرپرسارێتی ئەو بارودۆخە فەلاكەتبارەی كە بۆ جەماوەری خەڵكی ئێرانی خولقاندووە، بخاتە ئەستۆی لایەنی دەرەكی. ئەگەر هێرشی سەربازی بێتە كایەوە، چەندین قات بە قازانجی كۆماری ئیسلامییە و بە زەرەری خەڵكە. لە ئاكامی ئەو جۆرە دەستتێوەردانانەدا، وڵات نوقمی ئاگر و خوێن دەبێت. هەربۆیە ئێستا لەنێو خەڵكدا ئەو مەیلە كە چاوەڕوانی هێرشی سەربازی ئەمریكا و ئیسرائیل بێت زۆر لاوازە. یەك مووشەك بەر بنكەیەكی سەربازی یان ئەتۆمیی ئێران بكەوێت بۆ كۆماری ئیسلامی وەك بەرەكەتێكی ئاسمانییە.

رووداو: ئەی ئەلتەرناتیڤی ئێوە چییە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: یەكەم، هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە لە ئاكامی ئەو ئابڵوقە ئابوورییەدا، ئاستی چاوەڕوانی خەڵك دانەبەزێت. خەڵك بەو بارودۆخەی ئێستا هەیانە و بەو نانە مەمرە و مەژییەی كە رژێم دەیخاتە سەر سفرەیان عادەت نەكەن. ئاستی داواكاری و چاوەڕوانییەكانی خۆیان نەهێننە خوارێ. دووەم: هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە خەڵك و بەتایبەتی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە پەرشوبڵاوی بێنە دەرێ و لە رێكخراوە جەماوەرییەكاندا خۆیان رێكبخەن. كرێكاران لە سەندیكا و یەكێتی كرێكاریدا كۆببنەوە. ژنان لە رێكخراوەكانی تایبەت بە خۆیاندا. بزووتنەوەی خوێندكاری لە ژێر چەتری باڵە ئیسلامییەكانی ئیسلاح تەڵەب بێننە دەرێ. ئێمە نامانەوێ خەڵك بڕژێنە سەر شەقام و بكوژرێن و دواتر بەبێ هیوایی بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان. ئێمە ئێستا تاكتیكی مانگرتن پێشنیاز دەكەین بۆ گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.

رووداو: زۆر لایەن پێیانوایە پاش رووخانی رژێمی سووریا نۆرەی ئێرانە، رووخانی حكومەتی سووریا چەندە كاریگەری لەسەر ئێران دەبێ؟ 

ئیبراهیم عەلیزادە: كۆمەڵگەی ئێران جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. بەڵام ئەو رووداوانە بێگومان كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگەی ئێران بووە، هەر بەوشێوەیە لە ئێران دووپات نابنەوە. رووخاندنی رژێمی سووریا دوو كاریگەری دەبێت. یەكەم، كۆماری ئیسلامی لە یەكێك لە هاوپەیمانەكانی خۆی بێبەش دەبێت. دووەم، خەڵكی ئێرانیش تاوەكو رادەیەك ورە وەردەگرن. بەڵام لەوە زیاتر نییە. ئێران خۆی لەخۆیدا بۆ گۆڕانكاری دەكوڵێت. ئەوە فاكتەرە ناوخۆییەكانی ئێرانە كە ئەو وڵاتە بەرەو داهاتوویەكی دیكە دەبات. 

رووداو: ئایا تائێستا حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و كۆمەڵە بیریان لەوە نەكردووەتەوە لەگەڵ چەپەكانی دیكەی ئێران لەنێو بەرەیەكدا كۆببنەوە، تا ئێستا هەنگاوێكتان ناوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: چەند ساڵێكە پڕۆژەیەكمان گەڵاڵە كردووە. ناومان لێناوە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی “جەمسەری چەپ” لە ئێران. بەخۆشییەوە ئەو هەوڵانە لە چوار پێنج مانگی رابردوودا تاڕادەیەك بەرەوپێش چوون. ئێمە توانیومانە لەگەڵ 26 لایەن و گرووپ و دامەزراوەی چەپی ئێرانی كۆببینەوە. دوو سێ مانگ لەوە پێش لە كۆنفرانسێكدا لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا كۆبووینەوە. دوای تەواوبوونی كۆنفرانسەكە ناوەندێك بەناوی “شورای هاوئاهەنگی” لەنێوان ئەو لایەنانە دامەزرا. ئەو شورایە رێگە خۆشدەكات كە لە كۆتایی ئەمساڵدا دووەمین كۆنفرانسیش ببەستین . ئێمە هیوادارین لە كۆنفرانسی دووەمدا لەسەر مەنشورێكی یەكگرتوو رێكبكەوین، كە بتوانێ لەنێو هێزە چەپەكانی ئێراندا هاوئاهەنگییەكی زۆرتر هەبێ. بەهۆی دابڕین و كێشمەكێشەكانی نێو چەپی ئێران و هەروەها پەرشوبڵاوی چەپ لە ئاستی جیهانیدا، ئەم كارە ئاسان نییە. بەڵام بارودۆخی سیاسی لە ئێران بەردەوام لە گۆڕاندایە و ئەگەری راپەڕینی جەماوەری و كرێكاری لە ئارادایە. ئەوەش هاندەرێكە بۆ ئەوەی كە ئەم كێشمەكێش و ناكۆكیانەی ناو بزووتنەوەی چەپ وردە وردە كەم ببنەوە.

رووداو: پێتانوایە لە داهاتووی ئێراندا چەپ و كۆمونیست دەتوانن بەدیل بن؟

ئیبراهیم عەلیزادە: دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی لە ئێران چەپەكان توانییان لە رۆژی جیهانی كرێكاردا 600 هەزار كەس بێننە سەر شەقامەكان، زۆر لە ناوەندە ستراتیژییەكانی رژێمی پاشایەتی لەلایەن چەپەكانەوە دەستیان بەسەرداگیرا. چەپەكان بۆ نەیانتوانی ئەو رەوتە درێژە پێبدەن، ئەوە باسێكی دیكەیە. بەڵام چەپەكان، كە توانییان سەتان هەزار كەس بێننە مەیدان، نیشانەی پێگەی مێژوویی چەپە‌ كە ریشەی لە كۆمەڵگەی ئێراندا داكوتاوەو رۆڵی گرنگیان لە گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەی ئێراندا گێڕاوە. چەپ لە ئێران پێگەیەكی بەهێزی هەیە، بۆ نموونە هەر لە كوردستاندا كە لە ساڵی 1979 رژێمی پاشایەتی دەڕووخێ، كۆمەڵە رێكخراوێكی بچووكە. لە كۆنگرەی یەكەمیدا 11 تاوەكو 12 كادیر بەشداری تێدا دەكەن. بەڵام لە ماوەیەكی كورتدا ئەو كۆمەڵەیە دەبێتە بەدیلێكی رادیكاڵی چەپ لە بەرامبەر هەموو حیزبە سونەتییەكانی ئەو كۆمەڵگەیە. 

بۆ داهاتووی ئێران من ناتوانم بڵێم چەپ تاقە هێزە، بەڵام لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئیسلامی، چەپ لایەنێك دەبێ كە كەس ناتوانێ نكۆڵی لێبكات. تەنانەت ئەگەر نەتوانێ هەموو دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، پێیەكی قایمی دەسەڵات دەبێت.

رووداو: ئێران بەردەوام چەپەكان بەوە تۆمەتبار دەكات كە گوایە لەلایەن ئەمریكاوە یارمەتی دەدرێن. ئەمریكا لەگەڵ ئێوە و چەپەكانی دیكە چ پەیوەندییەكی هەیە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە و چەپەكانی دیكە هیچ چەشنە خۆشباوەڕییەكمان بە دەستتێوەردانی ئەمریكا نییە. چەپی ئێران پێیوایە هەر چەشنە دەستتێوەردانێكی ئەمریكا و رۆژئاوا لە كاروباری ئێران وەك ژەهرێكی كوشندەیە كە دەڕژێتە جەستەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵك لەو وڵاتە و تەمەنی رژێمی ئێران درێژتر دەكاتەوە. بۆیە چەپی ئێران پرۆئەمریكی نییە.

رووداو: دەگوترێ شاندی ئەمریكی سەردانی ئێوە و حیزبی دیموكراتی كردووە. ئەو سەردانە بە چ مەبەستێك بوو؟

ئیبراهیم عەلیزادە: پاش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، ئەمریكا یەكەم هێزی ناوچەكە بوو. ئێمەش كە وەك هێزێكی چەكدار بووین لێرە، ئەوان هاتن و داوایانكرد چەكەكانمان تەسلیمی ئەوان بكەین. بەڵام 15 رۆژ دواتر ئەمریكا خۆی لە عێراق تووشی كێشەی گەورەتربوو. هەربۆیە وازیان لەو پڕۆژەیە هێنا. ماوەیەك دواتر هاتنەوەو پێیانگوتین: “ئێوە لە كوردستانی ئێراندا بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی هێزێكی چالاكن. ئەمریكاش ئامانجی ئەوەیە. هەر بۆیە داواتان لێدەكەین هاوكاریمان بكەن”. ئێمەش لە وەڵامدا گوتمان هەر چەشنە دەستتێوەردانێكی ئێوە بە زەرەر دەزانین و پێمانوایە ئەگەر قەراربێت كۆماری ئیسلامی بڕووخێت دەبێ ئێوە واز لەوە بێنن كە هەموو رۆژێك بڵێن دەیڕووخێنین. ئەو دروشمانەی ئێوە تەمەنی ئەو رژێمە درێژتر دەكاتەوە. پاش ئەوە ئیتر نەهاتنەوە. حەتمەن سەردانی هێزەكانی دیكەشیان كردووە.

رووداو: بەبڕوای ئێوە ئەمریكا لە داهاتووی سیاسی ئێراندا كێشەتان بۆ دروست ناكات؟

ئیبراهیم عەلیزادە: داهاتووی سیاسی هاوسەنگی هێز دیاریدەكات. ئەگەر رۆژێك لە رۆژان سیناریۆی عێراق لە ئێران بێتە كایەوە، ئەوا بارودۆخەكە بۆ ئێمە زۆر نالەبارە و دەبێ لەوكاتدا بڕیار بدەین كە چی بكەین. بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە ئەوەیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەوەها شەرایەتێكدا خەڵكەكە بەجێناهێڵین. بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی هەلومەرجێك كە ئەوكاتە دێتە گۆڕێ، سیاسەتی گونجاو رەچاو بكەین. ئەوەی كە گرنگە ئێستایە، ئێستاش دەوڵەتی ئەمریكا نەچووەتە پای یارمەتی گەیاندنێكی جیدی بە هیچ بەشێكی ئۆپۆزیسیۆن. ئەوەندە ئەملاو ئەولایان پێدەكات كە بتوانێ وەك ئامرازێكی گوشار لە گفتوگۆكاندا بەكاریان بێنێت. وەك پشیلەیەكی بن عەبا جار جار نیشانی كۆماری ئیسلامییان دەدەن. هەڵسوكەوتی دەوڵەتی ئەمریكا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن تائێستا ئەوە بووە. حورمەتی ئێمە لەوەدایە، كە ئەوەشمان قبووڵ نەكردووە. بەڵام ئەوانەی كە بەخاتری خۆشحاڵی ئەمریكا یەكگرتنێكی بێ سەر و بەر پێكدێنن و دەچن پێشكەش بەوانی دەكەن، ئەوانەی كە ئارەزووی دەخاڵەتی ئەمریكا دەكەن، ئەوانەی كە ستراتیژی خۆیان بە دەستتێوەردانی ئەمریكاوە لە كاروباری ئێران گرێدەدەن، جگە لە سەرشۆڕی نەبێت، هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

رووداو: تائێستا یەكێتی و پارتی هیچ پێشنیازێكیان بۆ ئێوە كردووە كە لە بەرەیەكدا كۆببنەوە؟ 

ئیبراهیم عەلیزادە: لەلایەن حیزبەكانی وەك یەكێتییەوە وەك بۆچوون نەك وەك گوشار، یان وەك پڕۆژەیەك بەردەوام پێشنیاز و ئامۆژگاری ئاوا دەكرێ. ئێمە چاوەڕێی ئەوەش نەبووین و بۆ خۆشمان هەوڵمانداوە. ئێمە خۆمان ئەو لایەنەین كە پێمانوایە جەماوەری خەڵكی كوردستان لە خەباتەكەیاندا ئەگەر بەشێوەیەكی یەكپارچە لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی دیاربن، زەرەر و زیانی خەباتەكەیان كەمتر دەبێتەوە. ئێمە پێمانوایە دەكرێ و دەتوانین وەها بەرەیەكی یەكگرتوو پێكبێنین، كە كۆماری ئیسلامی نەتوانێ لە كەلێن و كەلەبەرەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستان بۆ گوشار خستنە سەر خەڵكی كورد كەڵك وەربگرێت. هەوڵدەدەین، ئەگەر نەتوانین بەرەیەكیش پێكبێنین، تاوەكو ئەو جێگەیەی كە مومكینە ناكۆكییەكان كەمتر بكەینەوە.

رووداو: رێككەوتنەكەی نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەنگاوێك نییە بەرەو دامەزراندنی بەرەیەكی كوردی؟

ئیبراهیم عەلیزادە: هێشتا پێكهێنانی بەرەیەكی وەها لە دەستووردا نییە، ئەوە تەنیا دروشمە. رێككەوتنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سازمانی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، رێككەوتنی دوو سازمان بوو. نەیتوانی سەرنجی هێزە چالاكەكانی كوردستان بۆ لای خۆی رابكێشێ. تەنانەت تاقە هێزێكیش بەهەنگاوێكی یەكگرتنخوازانەی نەزانی. هەموویان گوتیان كە ئەمە پاوانخوازانەیە، نەك هەر یارمەتی پێكهێنانی بەرە نادات، بەڵكو دووبەرەكی لەناو لایەنە چالاكەكان لە كوردستان دەنێتەوە. هەموویان گوتیان كە ئەوە هەنگاوێكی بە پەلەیە و بۆنی جیاوازیخوازی لێدێت. هەر بۆیە شۆڤێنیستەكانی ئێرانیش رەتیانكردەوە. بە بڕوای من كوردستانی ئێران ئێستا بۆ سیاسەتی رۆژئاوا و ئیسرائیلیش لە بۆرسدا نییە. وانییە كە ئەوان فوكوسیان كردبێتە سەر كوردستانی ئێران و پەلە بكەن لە هێزە سیاسییەكانی كورد بۆ ئەوەی كۆیانبكەنەوە لە دەوری یەكتر. هەر بۆیە من پێموایە رێككەوتنی ئەم دوو سازمانە رێككەوتنێكی سیاسی گرنگ نییە لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ئەم ناوچەیەدا.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان