دیمانه‌ی تایبه‌تی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر "عه‌باس وه‌لی"
پڕۆفیسۆر عه‌باس وه‌لی له دیمانه‌یه‌کی چه‌ند به‌شیدا له‌گه‌ڵ "ناوه‌ندی نووچه و شرۆڤه‌ی رۆژ"، ره‌وشی هه‌نوکه‌یی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئێران و کوردستان شرۆڤه ده‌کات. به‌شی یه‌که‌می ئه‌م وتووێژه ته‌رخان کراوه به تاوتوێ کردنی ئیسلامی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوین و باڵانسی هێزه تازه سه‌رهه‌ڵداوه‌کان له ناوچه‌که و باندۆریان له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها ره‌وشی ئۆپۆزیسیۆنی/ به‌رهه‌ڵستکارانی ئێران. عه‌باس وه‌لی ده‌ڵێ "گه‌رچی وڵاتانی رۆژئاوا به دووی ئه‌وه‌وه‌ن رژێمی ئێران له توانای حکومه‌ت کردن داماڵن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به شێوه‌یه‌کی جیدی روخانی ئه‌و رژێمه‌یان نه‌خستۆته به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆیانه‌وه. له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌دا وێڕای ئاماژه‌دان به نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و رێکخراو له ئێران، ره‌وشی ئێستای به‌رهه‌ڵستکارانی کۆماری ئیسلامی وه‌ک گه‌وره‌ترین خاڵی به‌هێزی ئه‌و رژێمه ناو ده‌بات.
پڕۆفیسۆر وه‌لی ده‌ڵێ "خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری تایبتمه‌ندییه‌کانی خه‌باتێکی کارا و کارامه و چالاک نه‌بێ له‌وانه‌یه زۆر مه‌ترسیدار و وه‌هماوی بێت". به‌ڕیز وه‌لی خه‌باتی مه‌ده‌نی له په‌سیڤ بوون جیا ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ دوو شتی جیاوازن.
به‌ڕێزی له‌سه ئه‌و باوه‌ڕه‌یه ئێستا که هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی رێکخراو له ئارادا نییه، رژێم هه‌ر ده‌م ده‌توانێ له‌گه‌ڵ لایه‌نی سه‌ره‌کیی ریفۆرمیسته‌کان سازشت بکات. (مه‌به‌ست ئه‌و ریفۆرمیستانهیه که له‌سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی محه‌مه‌دی خاتهمییدا وه‌ک ئیسڵاحتهڵهب و دووی خوردادی پێناسه ده‌کران. و) ده‌شڵێ که سازشتێکی له‌و چه‌شنه هه‌م ده‌توانێ دڵنه‌وایی رۆژئاوا بداته‌وه و هه‌میش هاوکات به شێوه‌یه‌ک سه‌قامگیریی ناوخۆی لێ بکه‌وێته‌وه.
ره‌وشی سوریا و کاریگه‌ریی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر کوردان، پارته سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ره‌وشی هه‌نوکه‌یی باشووری کوردستان ته‌وه‌ره‌کانی تری گفتوگۆی ناوه‌ندی نووچه و شرۆڤه‌ی رۆژ له‌گه‌ڵ عه‌باس وه‌لین که له سێ به‌شی دیکه‌دا و له داهاتوویه‌کی نزیک بڵاو ده‌کرێنه‌وه..
به‌شی یه‌که‌م
ئێنئێنئێس ڕۆژ: تا چه‌ند هه‌فته پێش روخانی بین عه‌لی له تونس، وڵاتانی رۆژائاوا ده‌وڵه‌تانی تونس و میسریان وه‌ک په‌رژینێک له به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی ئیسلامگه‌رایی داده‌نا. به‌ڵام ئێستاکه ده‌بینین ئیسلامی سیاسی و نه‌خاسمه ئیخوانولموسلمین له هه‌ندێ له‌و وڵاتانه جڵه‌وی کاره‌کانیان به ده‌سته‌وه گرتووه و واوێشدهچێ که رۆژئاوا ئیتر دڵه‌راوکه‌ی جارانی له‌مباره‌وه نه‌ماوه. ئه‌م ره‌وشه نوێیه له چوارچێوه‌ی سیاستهته ناوچه‌یی و لۆکاڵییه‌کان چۆن شرۆڤه ده‌کرێت؟
ئه‌مه هه‌ر به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌و پاساوه‌ی شڕۆفهکاران و سیاسه‌تدانه‌رانی ئه‌مریکی له‌مباره‌وه هێناویانه‌ته‌وه به ته‌واوه‌تی ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌وان ده‌ڵێن که گوایه ئێمه له رابردوودا بایه‌خی زیاترمان به پرسه ئه‌منییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌کانی خۆمان داوه تا پرسی مافی مرۆڤ و دێموکراسی. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه هه‌ر له سه‌ر ئه‌م پێوه‌ره‌یان پشتگیری‌یان له رژێمه‌کانی میسر و تونس و لیبی کردووه و ئێستاکه‌ش ده‌بینین که پشتگیری له وڵاتانی به‌حره‌ین و سعودیا ده‌که‌ن و له هه‌ندێ رووه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته‌یان درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌و رژێمانه به جۆرێک قازانجیان بۆ رۆژئاوا و به تایبه‌ت ئه‌مریکا هه‌بووه. هه‌روه‌ک پێشتریش سیاسه‌توانێکی به‌ناووده‌نگی ئه‌مریکی سه‌باره‌ت به یارمه‌تییه داراییه‌کانی وڵاته‌که‌ی بۆ میسر (میسر پاش ئیسرائیل، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا زیاترین کۆمه‌کی ئه‌مریکای پێ ده‌بڕێت) گوتبووی "ئێمه به‌م یارمه‌تییانه شه‌قامی میسر کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ین،" له راستیشدا ئامانجی ئه‌م سیاسه‌ته راگرتنی بێده‌نگیی شه‌قامه‌کان و به گشتی کۆنترۆڵ کردنی شه‌قامی عه‌ره‌بی بووه.
به‌ڵام دیتمان که له میسر، تونس و لیبی شه‌قامه‌کان خرۆشان و له ئاکامدا ئه‌و رژێمانه روخان. وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر له خه‌می پرسه ئه‌منی، ستراتیژی و ئابورییه‌کانی خۆیاندا بوونه تا ئه‌وه‌ی خه‌می مافه دیمۆکڕاتیکهکانی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یان بێت. به‌م پێیه‌ش باڵانسێکی هێزه‌کانیان له ناوچه‌که راگرتبوو. ئه‌م باڵانسه‌ش پشتی به چه‌ند هاوکێشه‌یه‌کی هه‌ره گرینگ به‌ستبوو:
یه‌که‌م، دابین کردنی ئاسایش و به‌رژوه‌ندیی ئیسرائیل و پشتیوانی کردنی و دووه‌میشیان دابین کردنی ئاسایشی سعودیا له پله‌ی یه‌که‌مدا و ئاسایشی وڵاته نهفتییهکان له پله‌ی دووه‌مدا (وه‌ک کوه‌یت، به‌حره‌ین و ئیمارات).
ئه‌م باڵانسه کارکردێکی دیکه‌شی هه‌بوو، ئه‌ویش راگرتنی ئارامیی ناوچه‌که بوو. هێمنیی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش گرێدراوی په‌راوێز خستن، لاوازکردن و یاخود له‌ناوبردنی هه‌موو ئه‌و هێزه حکومی و ناحکومییانه بوو که به جۆرێ له جۆره‌کان دژی ئه‌م باڵانسی هێزانه ده‌وه‌ستانه‌وه و ده‌یانه‌ویست به قازانجی خۆیانی بشکێننه‌وه.
ئه‌مانه‌ش بریتین له، کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوریا و حیزبوڵڵا و ژماره‌یه‌ک له گورپه ئیسلامییه‌کان وه‌ک قاعیده و ئیخوان.
به تێکچوونی ئه‌و باڵانسه، به‌شێک له‌م حیساباته هه‌ڵوه‌شانه‌وه و هه‌ندێکیشیان وه‌ک خۆی ماونه‌ته‌وه.
له باڵانسی نوێی هێزه‌کاندا که رۆژئاوا و به تایبه‌ت ئه‌مریکا ده‌یانه‌وێ له ناوچه‌که جێی بخه‌ن، دیسانیس ئاسایشی ئیسرائیل و هه‌روه‌ها سعودیا و وڵاتانی نه‌فتی یه‌کێ له فاکته‌ره هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانه. به‌ڵام له‌م باڵانسه نوێیه‌دا ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خه ئه‌مه‌یه که داخۆ وڵاتانی رۆژئاوا به له‌به‌ر چاوگرتنی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م دواییه ده‌توانن روانینی خۆیان بۆ ئیسلامی سیاسی بگۆڕن یان نا.
به بڕوای من ئه‌م گۆڕانکارییانه رێگه‌ی خۆش کردووه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان له روانینی رۆژئاوا له‌و باره‌وه بێته ئاراوه. پڕۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شکستی هێناوه. واته گشت ئه‌و ئایدۆلۆژییانه‌ی عه‌وداڵی دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی ئیسلامی به پێی بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌ت و یاخود به پێی لێکدانه‌وه‌ی بنه‌ماکانی ئیسلام بوون، تووشی شکست بوونه. یه‌کێ له‌و ئایدۆلۆژیانه، میناکی ئیسلامی سیاسیی ته‌وه‌ر-شێعه له ئێران بوو که پشتی به پڕۆژه‌ی تیۆریی "ویلایه‌تی فه‌قیهه"(ویلایه‌تی مه‌لا) به‌ستبوو. ئه‌زمونی داته‌پیوی دووه‌میش له‌مباره‌یه‌وه، عه‌ره‌بستانی سعودیایه که له چه‌ندین ساڵ به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وه‌ی ئێرانه‌وه له‌و وڵاته‌دا جێبه‌جێ کراوه. به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی سعودیا هاوپه‌یمانی ژێرده‌سته‌ی رۆژئاوا بووه، لایه‌نه سلبی و نیگهتیڤییهکانی ده‌نگێکی ئه‌وتۆی نه‌داوه‌ته‌وه. ده‌ره‌نجامێکی شکستی نموونه‌ی یه‌که‌م( له ئێران) سه‌رهه‌ڵدانی پڕۆژه‌ی ریفۆرمخوازیی ئیسلامی له هه‌ناوی خودی ئه‌و رژێمه‌دا بوو. بزوتنه‌وه‌ی ریفۆرمی ئیسلامی له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات وه‌لا نراوه و تا راده‌یه‌کی زۆریش که‌وتۆته په‌راوێزه‌وه. شکستی پڕۆژه‌ی حکومه‌تی ئیسلامیی سعودیاش له ژیانه‌وه‌ی وه‌هابییه‌ت ( له قاڵبی گروپه سهلهفییهکاندا) ره‌نگی دایه‌وه. به واتایه‌کی تر سه‌رهه‌ڵدان، گه‌شه و په‌ره‌ی هێزه سه‌له‌فییه‌کان، تاڵیبانیزم و بین لادنیزم له هه‌ندێ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌فگانستان ده‌رئه‌نجامی لۆژیکی و راستی شکستی پرۆژه‌ی ئیسلامی سیاسیی سوننه‌ی رادیکاڵ له سعودیا بووه.
ئێنئێنئێس ڕۆژ: واته هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که روانگه‌ی ئه‌مریکا و وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به ئیخوانولموسلمینی "نه‌رمونیان" که ئه‌مڕۆکه ته‌نانه‌ت تاراده‌یه‌کیش لیبراڵ ده‌نوێنێ، خه‌ریکه ده‌گۆڕدرێ؟
سیاسه‌تدانه‌رانی ئه‌وان ده‌زانن که پڕۆژه‌ی ئیسلامی رادیکاڵ چ نموونه‌ی سوننه‌که‌ی و چ نموونه‌ی شێعهکهی شکستی هێناوه، ئه‌میان سه‌ری له سه‌له‌فیه‌ت و تاڵیبانیزم داوه که کۆمڵگه ره‌تی ده‌کاته‌وه و ئه‌وی دیکه‌شیان بزاڤی ریفۆرمخوازیی ئێرانی لێ که‌وتۆته‌وه که بۆ پاساو و مانه‌وه‌ی خۆی رۆژ به رۆژ زیاتر پاڵ به تیۆری و گوتاری عه‌لمانیه‌ته‌وه ده‌دات. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بازاڕ بۆ سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ میناکێکی وه‌ک ئیخوان که به ساڵان له ژێر کاریگه‌ریی رژێمی سعودیا بووه و ببووه چقڵی چاوی ده‌وڵه‌تانی میسر و سوریا، خۆش ده‌بێت. به واتایه‌کی تر چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی که پشت به ئیسلامی سیاسیی نه‌رمونیان ده‌به‌ستێ، وه‌ک ئه‌و نموونانه‌ی که ئێستاکه له تونس و میسر و لیبیا له‌به‌ر چاوه، ده‌توانێ له ناو سیسته‌می باڵانسی هێزه‌کانی ناوچه‌که جێی خۆی بگرێته‌وه و به لات رۆژئاواشه‌وه په‌سه‌ند بێت.
له لایه‌کی تره‌وه ئه‌زمونی رابردووی ئیسلامی سیاسی له ساڵی 1979ه‌وه (واته ساڵی شۆڕشی ئیسلامی له ئێران) له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵگڕی راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره و سیاسه‌تدانه‌ران و شڕۆڤه‌کارانی سیاسیی رۆژئاواش هه‌میشه ئه‌مه‌یان له‌به‌ر چاو گرتووه. راسییهکهش ئه‌مه‌یه که حکومه‌تی ئیسلامی ده‌بێ له چوارچێوه‌ی یاسایی، سیاسی، ئابوری و فه‌رهه‌نگیی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا واته به پێی میناکی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه کار بکات. کاتێ که ئیسلام که‌وته ئه‌م چوارچێوه یاسایی، سیاسی، ئابوری و فه‌رهه‌نگییه‌وه ناچار ده‌بێ بنه‌ما بنچینه‌ییه‌کان و ته‌نانه‌ت حه‌تمییه‌کانی ئه‌م سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه قبوڵ بکات. جا ئه‌و حکومه‌تانه هه‌ر که ئه‌م بنهماگهلهیان قبوڵ کرد، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناچار ده‌بن به قسه، گوتار، ئایدۆلۆژی و ده‌ڕبڕینی ئایدۆلژیانهی خۆیاندا بچنه‌وه. بۆ نموونه پاش شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران، سیسته‌می بانکداری و ئابوریی سه‌رمایه‌داری و سیسته‌می پشت به‌ستوو به سو‌و (ریبا) وه‌ک خۆی مایه‌وه و وه‌لا نه‌نراوه. بڕیاره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ک له چوارچێوه‌ی ئوممه‌ی ئیسلامی به‌ڵکوو له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و به له به‌ر چاوگرتنی خوێندنه‌وه‌یه‌ک که حکومه‌ت یان باڵی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌یه‌تی، ده‌رده‌کرێن و داده‌ڕێژرێن.
که‌واته سیاسه‌تدانه‌ران و شڕۆڤه‌کارانی رۆژئاوا به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م راستییه زه‌ق و سهلمێندراوانه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م ده‌رئه‌نجامه که مه‌ودای واقیعی سیاسی زۆر دووره له گوتاره تیۆریک و ئایدۆلۆژیکه‌کانی ئیسلامی سیاسی و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ کاریگه‌ری گه‌وه‌ره‌ی له‌سه‌ر گوتاری ئایدۆلۆژیک و خۆێندنه‌وه ئایدۆلۆژیکه‌کان هه‌بێت و به جۆرێک هاوسه‌نگیان بکات.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌مانه ده‌توانین بڵێین که پڕۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی واته ئه‌و ئیسلامه سیاسییه‌ی که خوازیاری حکومه‌تی ئیسلامی به پێی بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌ت بووه، به کرده‌وه شکستی هێناوه و هه‌ر به‌م پێیه‌شه که ئه‌وانه جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه که بزاڤه ئیسلامییه‌کان ده‌بێ له‌گه‌ڵ راستییه‌کانی ئێستادا بگونجێن و خۆیان به پێی ئه‌م راستییانه رێک بخه‌ن. بۆ نموونه ده‌بینین که ده‌وڵه‌تی ئیخوانه‌کان له میسر، به له‌به‌رچاوگرتنی گرنگیی ئاسایشی ئیسرائیل وه‌ک فاکته‌رێکی به‌هێز له حیساباتی ستراتیژیکیی رۆژئاوا و به تایبه‌ت ئه‌مریکا پابه‌ندی گرێبه‌ست و رێککه‌وتنه سیاسی و ئه‌منییه‌کانی پێشووی ئه‌و وڵاته‌یه و ئه‌مه‌ش خۆی بۆته هۆی ناکۆکیی جیدی له نێوان ئیخوانه‌کان و سه‌له‌فییه رادیکاڵه‌کاندا. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خات که پڕۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی نه‌ک هه‌ر یه‌کده‌ست نه‌ماوه به‌ڵکوو له گوتاره ئایدۆلۆژیک و تێڕوانینهکانیشدا ته‌واو تووشی دووبه‌ره‌کی و چه‌ندبه‌ره‌کی بووه.
ئێنئێنئێس ڕۆژ: ئێوه باس له ئاسایشی ئیسرائیل و وڵاتانی نه‌فتیی ناوچه‌که وه‌ک سعودیا ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش وه‌ک مه‌رجی سه‌ره‌کیی چه‌سپاندنی باڵانسێکی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نێن. به‌ڵام له‌ملاشه‌وه ده‌بینین که ده‌وڵه‌تی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هێزی رادیکاڵی وه‌ک حیزبوڵڵا ئه‌و وڵاتانه و ئه‌و سهقامگیربوونهیان به شێوه‌یه‌کی جیدی تووشی کێشه کردووه و سوورن له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی خۆیان. رۆژئاوا بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م باڵانسه نوێیه به چ شێوه‌یه‌ک ده‌یه‌وێ پێش به ئێران بگرێت؟
پرسی هێزه ئیسلامییه رادیکاڵه‌کان له لایه‌ک و ده‌وڵه‌ته رادیکاڵه‌کانی وه‌ک ئێرانیش له لایه‌کی دیکه، له‌و پرسانه‌ن که پاش داگیرکردنی عێراق له رووی سیاسی و بایه‌خی سیاسییه‌وه ته‌واو ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووه. کۆنسێرڤاتیڤه نوێیه‌کانی ئه‌مریکا که هه‌میشه جه‌ختیان له‌سه‌ر داگیرکردنی عێراق و روخانی رژێمی به‌عس ده‌کرده‌وه، له ئاکامدا رووبه‌رووی ده‌رئه‌نجامگه‌لێک بوونه‌وه (سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی عێراق) که پێشتر به هیچ له‌ونێک پێشبینییان نه‌کردبوو. ئه‌وان وایان دانه‌نابوو که داگیرکردنی عێراق به‌هێز بوونی ئێرانی لێ ده‌که‌وێته‌وه و له ئاکامدا هێزی سیاسی، ستراتیژی، سه‌ربازی و ئایدۆلۆژیی ئه‌و وڵاته له ناوچه‌که‌دا هه‌ڵده‌کشێ. به‌ڵام ئێستا به‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌ی خۆیان زانیوه و ده‌یانه‌وێ مه‌سه‌له‌که به جۆرێ کۆ بکه‌نه‌وه. واته ده‌یانه‌وێ ئه‌و باڵانسه‌ی پاش داگیرکردنی عێراق له ناوچه‌که هاتۆته ئاراوه و به‌هێز بوونی سیاسی و سه‌ربازیی ئێرانی لێ که‌وتۆته‌وه به جۆرێ له جۆره‌کان بگۆڕن.
له لایه‌کی دیکه‌وه به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ولومه‌رجی هه‌نووکه‌یی سوریا، سیاسه‌ته‌کانی ئێران له عێراق چۆته دۆخی به‌رگری کردنه‌وه. له ئه‌گه‌ری روخانی به‌شار ئه‌سه‌ددا ئێران قورسایی زیاتر ده‌خاته سه‌ر عێراق و له‌و حاڵه‌ته‌شدا ململانێی تاران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌مریکا و تورکیا و سعودیا زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ.
یه‌کێ له‌و بڕیارانه‌ی سه‌باره‌ت به ئێران و بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئه‌م ڵاته، له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه په‌سه‌ند کراوه ئه‌مه‌یه که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رژێمی کۆماری ئیسلامی نهشرووخا پێویسته ده‌سه‌ڵاتی تا بێت لاواز بکرێت و له ناو ئه‌و رژێمه‌دا لایه‌ن و گروپگه‌لێک سه‌ر هه‌ڵبده‌ن که بتوانن باڵانسی هێزی ناوخۆیی به زیانی گروپه توندڕۆ‌کان کۆنتڕۆڵ بکه‌ن. به بڕوای من ئه‌م بڕیاره بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسێکی نوێ له ناوچه‌که دروست ببێت و به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا له به‌رچاو بگیرێت و ئاسایشی ئیسرائیل و سعودیا و وڵاتانی نه‌فتیی کهندوایش بپارێزرێت، ده‌چێته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه.
ئه‌مه‌ش ده‌بێ له به‌رچاو بگرین که رۆژئاوا به شێوه‌یه‌کی جیدی بیر له رووخانی کۆماری ئیسلامی ناکاته‌وه. ره‌نگه به‌شێک له سیاسه‌تدانه‌رانی رۆژئاوایی رووخانی ئه‌و رژێمه به پێویست بزانن، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بریار به‌ده‌سته سیاسییه‌کان له وڵاتانی رۆژئاوا به تایبه‌ت له ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا ئێستاش به دووی به‌دیلێک له ناو خودی رژێمه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وان هێشتا بڕوایان به ریفۆرم و چاکسازی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت به‌و مانایه نا که چاکسازی له حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی بێنێته ئاراوه، به‌ڵکوو به‌و مانایه که بتوانێ حکومه‌ت له ناوه‌ڕۆکی رادیکاڵی خۆی (به ناوی ئیسلامی توندڕۆ و ویلایی-حکومی) داماڵێت.
دیاره ئه‌م وڵاتانه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که سیاسه‌ته‌کانی ئێستایان له هه‌مبه‌ر ئێران ناتوانێ له‌مه زیاتر بڕ بکات. به‌هاری عه‌ره‌بی و ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پرسی بریاردان له‌سه‌ر ئێرانی خستۆته رۆژه‌ڤی سیاسه‌تی رۆژئاواوه.
زیاده جه‌خت کردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ناوکیی ئێرانیش هه‌ر بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه رۆژئاوا باش ده‌زانێ که ئێران هێشتا مه‌ودایه‌کی زۆری ماوه بگاته چه‌کی ناو‌کی. به‌ڵام په‌یڕه‌و کردنی ستراتیژییه‌کی کارای داڕمێنه‌ر به گه‌مارۆ ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کان بۆته هۆی لێسڵهمینهوهی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی لایه‌نگرانی کۆماری ئیسلامی و داڕمانی توانای ناوخۆیی رژێم. به واتایه‌کی تر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستاکه رۆژئاوا گرتوویه‌ته به‌ر ئه‌وه‌یه که به که‌مترین تێچوون ده‌وڵه‌تی ئێرانی خستۆته ره‌وشێکه‌وه که رۆژانه توانای ئابوری، سیاسی و سه‌ربازی خۆی له کیس ده‌دات و باندۆری ئایدۆلۆژیکی داده‌ته‌پێت.
مه‌سه‌له‌ی ئێران به رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێ له به‌رچا بگیرێت که ئه‌م رژێمه هه‌ڵقوڵاوی شۆرشێکی جه‌ماوه‌ری بووه و ئه‌گه‌ر بێتوو له ده‌ره‌وه‌را هێرش بکرێته سه‌ری ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له ناوخۆوه بتوانێ خۆی سه‌قامگیرتر بکات. ئه‌و هه‌ڵه‌ی که سه‌دام حوسێن کاتی خۆی تووشی بوو و رۆژئاواش پشتی گرت له ئاکامدا بووه هۆی چه‌سپاندنی رژێمی خومه‌ینی له ناوخۆی ئێران و به بڕوای من ئه‌م هه‌ڵه‌یه گه‌ر بێتوو دووپات ببێته‌وه ئیتر له رووی سیاسییه‌وه قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه.
له‌م ناوه‌دا تاکه خاڵی ناروون له‌مباره‌یه‌وه ئه‌وه‌یه که نازانرێ هه‌ڵوێستی ئیسرائیل له هه‌مبه‌ر کۆماری ئیسلامی به کوێ ده‌گات. هه‌ندێ له سیاسهدانهران و بریارده‌رانی سیاسیی ئیسرائیل خوازیاری ئه‌وه‌ن هه‌لومه‌رجی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوکێشه‌کانی پێشووی رۆژئاوا و ئه‌وروپا له‌م ناوچه‌یه‌دا بگۆڕدرێت. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌گه‌ری که‌مه ئیسرائیل هیرش بکاته سه‌ر ئێران. ئه‌وان خۆیشیان ده‌زانن که هێرش بۆ سه‌ر ئێران سه‌ر ناکه‌وێت و به لایه‌نی زۆره‌وه بۆ ماوه‌ی دوو تا سێ ساڵ تاران له به‌رنامه ناوکییه‌که‌ی دوا ده‌خات. که‌واته به بروای من رۆژئاوا هیچ بژارێکی سه‌ربازیی بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران له به‌رده‌ست نییه. به‌ڵکوو بژاری سیاسی، ئابوری و یاسایی خراوه‌ته رۆژه‌ڤی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌وه.
ئه‌م گوشاره سیاسی، یاسایی و ئابورییانه به‌ر له هه‌موو شتێک داڕمانی هێزه رادیکاڵه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی لێ که‌وتۆته‌وه. داڕمانێک که له ئاکامدا ده‌بێته هۆی لێک‌دابڕان و لێکترازان له ناو ریزه‌کانی ئه‌و رژێمه‌دا.
ده‌زانین که له ناوچوونی رژێمی ئێران به پێچه‌وانه‌ی رژێمگه‌لی دیکه‌ی وه‌ک عێراق زۆر ئه‌سته‌مه. چونکه جۆره یه‌کڕیزییه‌کی ئایدۆلۆژیک له ناو بلۆکی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه. له ئێران سێ کوچکه‌یه‌کی سه‌ربازی (سپای پاسداران)، ئه‌منی (دامه‌زراوه ئه‌منییه‌کان) و ئاینی (دامه‌زراوه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی ویلایه‌تی فه‌قیه) هه‌یه که ته‌نیا به ره‌وتێکی به‌رده‌وامی داڕمانی ناوخۆیی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌م ستراتیژییه‌ش ئێستاکه خه‌ریکه جێبه‌جێ ده‌کرێت.
ئێنئێنئێس ڕۆژ: باشه ئه‌م گوشاره سیاسی و ئابورییانه‌ی رۆژئاوا بۆ سه‌ر ئێران به کوێ ده‌گات؟ گه‌لۆ له ئاکامدا ئێران ناچار ده‌کات واز له لاساریی له‌گه‌ڵ جیهان بهێنێت یان ئه‌وه‌ی له ئاکامدا ده‌یپووکێنێته‌وه؟ ئۆپۆزیسیۆن له‌م ناوه‌دا چ رۆڵێکی ده‌بێ؟
وڵاتانی رۆژئاوا به گۆشار خستنه سه‌ر ئێران و داڕمان و پووکانه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه له ناوخۆوه ده‌یانه‌وێ رێگه له توانای حکومه‌ت کردنی بگرن. گه‌رچی ئه‌م گوشارانه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی توانای حکومه‌ت کردن له ئێران تووشی ته‌گه‌ره ببێته‌وه به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌ش له به‌چاو بگرین که توانای حکومه‌ت کردن فاکته‌رێکی ناوخۆییشی هه‌یه و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئوپۆزیسیۆن تا چه‌ند له توانایدا هه‌یه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه (نه‌مانی توانای حکومه‌ت کردنی رژێم) زیاتر زه‌ق بکاته‌وه.
گوشاره ئابووری و سیاسییه‌کان بۆ سه‌ر ئێران گه‌رچی بایه‌خی خۆی هه‌یه به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ئۆپۆزیسیۆن نه‌توانێ له داڕمان و لێکترازانی ناو سیسته‌می کۆماری ئیسلامی که‌ڵک وه‌رگرێت و قوڵی بکاته‌وه و درزه‌کان به‌رینتر بکات، پڕۆسه‌ی پووکانه‌وه‌ی ئێران له ناوخۆوه ماوه‌یه‌کی هێجگار زیاتر ده‌خایه‌نێت.
هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر زه‌ق که هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی ناو بزووتنه‌وه‌ی که‌سک/ سه‌وز واته ریفۆرمیسته‌کان له‌مباره‌وه تووشی بووون ئه‌وه بوو که ئه‌وان دایان‌نابوو که داڕمانی ئایدۆلۆژیک و شه‌رعیه‌تی رژێم له‌گه‌ڵ گه‌شه و نومای بزوتنه‌وه‌ی که‌سک هاوته‌ریب ده‌بێت. ئه‌م گوزاره‌یه له درێژخایه‌ندا ده‌توانێ راست بێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌شمان له‌به‌رچاو بێت که پرسی داڕمان و گه‌شه، پرسێکی خۆ به خۆ نییه. به‌ڵکوو ئه‌مانه پرسگه‌لێکی سیاسی، ئابووری، یاسایی، ئایدۆلۆژیک و ته‌نانه‌ت سه‌ربازین.
به واتایه‌کی تر ئه‌و وه‌همه/ خه‌یاڵه له ناو بزووتنه‌وه‌ی که‌سکدا سه‌ری هه‌ڵدا که په‌سیڤ بوون واته خه‌باتی مه‌ده‌نی، و بۆیه ته‌نیا به‌وه قایل بوون که به‌ڵێ رژێم خۆی له ناو خۆیدا خه‌ریکه لێک ده‌ترازێ. خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌گه‌ر بێتوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌باتێکی کارا و ته‌واو چالاکی له پشت نه‌بێت و به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانیی پووکانه‌وه‌ی خۆ به خۆی رژێمدا بمێنێته‌وه، ده‌توانێ بۆچوونێکی ته‌واو مه‌ترسیدار و وه‌هماوی بێت. خه‌باتی مه‌ده‌نی زۆر جیاوازه له ده‌سته‌وسان بوون و په‌سیڤ بوون که هه‌ندێ له تیۆریسیه‌نه که‌م خوێنده‌واره‌کانی ئێران له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێن. مه‌ودای نێوان ئه‌م دوو شێوه خه‌باته گۆڕه‌پانێکی به‌رفراوانه که ده‌توانی چه‌ندین شێواز و تاکتیکی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژیک و یاسایی تێدا به‌دی بکه‌ی. هه‌ڵبه‌ت کاتێ من ره‌خنه له په‌سیڤ بوون له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا ئێران ده‌گرم و به سیاسه‌تیکی هه‌ڵه‌ی داده‌نێم، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه شه‌ڕی چه‌کداری بێ ئه‌ملا و ئه‌ولام به‌لاوه په‌سه‌نده.
ده‌بێ ئه‌مه‌شمان له به‌رچاو بێت که حکومه‌تێ که خۆی ده‌ستووره‌که‌ی خۆی هه‌ڵپه‌ساردووه و ده‌ستی داوه‌ته کوده‌تا، ئیتر شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه، که‌واته ئه‌و ستراتیژییانه‌ی له پێناو "شه‌رعیه‌ت داماڵین" له رژێم داده‌رێژرێن ئه‌وه‌یان له یاد چووه که پاش جۆزه‌ردانی 1388 (مه‌به‌ست رووداوه‌کانی پاش دوایین هه‌ڵبژرادنی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له‌ساڵی 2009ی ئێرانه که له لایه‌ن ریفۆرمیسته‌کانه‌وه وه‌ک کوده‌تا باس ده‌کرێ) قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت له ئێران کۆتایی پێ هاتووه و رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستا ئیتر تووشی قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆته‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ک که ده‌جه‌نگێ بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ر له‌ونێک و به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه درێژه به حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خوی بدای.
ئێنئێنئێس ڕۆژ: گه‌لۆ ئه‌م ده‌سته‌وسان بوونه ئاکامی بڕوای به‌شێک له ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و نه‌خاسمه ریفۆرمخوازه‌کان به‌وه نه‌بووه که خۆیان له پێکهاته شکێنی له ناو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بواردووه.؟
ئه‌زموونی جۆزه‌ردانی 88 و رووداوه‌کانی پاشی سه‌لماندی که ستراتیژیی ریفۆرمیسته‌کان بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه (بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز) زۆر ساویلکانه و به پێی هه‌ندێ حیساباتی هه‌ڵه بووه. هه‌ر هه‌نگاوێکیان هه‌ڵده‌هێنا ئه‌و حیساباته‌ی له پشت بوو که داخۆ ئه‌م هه‌نگاوه زیان به رژێم ده‌گه‌یه‌نێ یان به حکومه‌ته‌که‌ی. رووخانی حکومه‌ته‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه یان رژێمه‌که. ریفۆرمیسته‌کان به دوای رووخانی کۆماری ئیسلامییه‌وه نین. ئه‌وان ته‌نیا ده‌یانه‌وێ گۆڕانکاریی له حکومه‌ت و به‌شێک له‌و رژێمه‌دا به‌دی بهێنن. ریفۆرمیسته‌کان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی شه‌رعیه‌تی رژێمی ئێران به پێی ده‌ستوور و بنه‌ما ئاینییه‌کانی ناو یاساکان و سیسته‌می یاسای مه‌ده‌نی، بازرگانی و هتد..ن.
ریفۆرمیسته‌کان تا ئێستا هه‌ڵوێستێکی روون و یه‌کگرتوویان له به‌رامبه‌ر پرسه سه‌ره‌کییه‌کان وه‌ک پرسی ویلایه‌تی فه‌قیه و گرفت و به‌ربه‌سته‌کانی ناو ده‌ستووری ئێران نه‌بووه. ئه‌مه‌شمان ده‌بێ له‌به‌رچاو بێت که ریفۆرمیسته‌کان بلۆکێکی یه‌کپارچه و پته‌ویان نییه. له‌م دۆخه‌ی ئێستادا چه‌ند باڵێکی ناو ریفۆرمیسته‌کان ( وه‌ک باڵی خاته‌می و عه‌بدوڵلا نووری) که به مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو بازنه‌ی رژێم سه‌رقاڵی چه‌نه لێدانن، به جۆرێ روویان له پاوانخوازی کردووه. ئه‌م هێزه پاوانخوازانه به دووی نه‌مانی ماهیه‌تی ئیسلامیی رژێم و هه‌روه‌ها پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو، به‌پێی مافی یه‌کسان، له‌گه‌ڵ هێزه عه‌لمانییه‌کان نین و ته‌نیا له‌وه ده‌گه‌ڕین له به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به سات و سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ رژێم و په‌راوێز خستنی هێزه رادیکاڵه‌کانی ناو حکومه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هاوسه‌نگییه‌ک له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا پێک بێنن.
ئه‌گه‌ر دایبنێین که رژێمی ئێران پاش جۆزه‌ردانی 1388 له قۆناخی "قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت" لای داوه ده‌بێ ئه‌مه‌ش قبوڵ بکه‌ین که پڕۆژه‌ی چاکسازیش له ئێران چیدی بایه‌خی نه‌ماوه. چونکه ئه‌م پڕۆژه‌یه خۆی له خۆیدا ئامانجی ئه‌وه بوو شه‌رعیه‌ت بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه. که‌چی له قۆناخی "قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا" هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێ رووی هێرشه‌کانی خۆیان بگرنه ده‌وڵه‌ت و توانای حکومه‌ت کردنی، نه‌ک خودی حکومه‌ت و ئه‌وه‌ی که شه‌رعیه‌تی له ناو جه‌ماوه‌ردا هه‌یه یان نییه. حکومه‌ت ته‌نیا باسکی جێبه‌جیکاری رژێمه. واته باسکی جێبه‌جێکاری بلۆکی ده‌سه‌ڵاته له ناو رژێمی کۆماری ئیسلامی‌دا.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مێکدا که که‌لێنه ناوخۆییه‌کانی ناو بلۆکی ده‌سه‌ڵات به‌رینتر بۆته‌وه و رژێم که‌تۆته قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن بێتوو نه‌توانێ له داڕمانه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات که‌ڵک وه‌رگرێت و خێرایی پێ ببه‌خشێت و هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر خاڵه هه‌ستیاره ستراتیژیکه‌کانی رژێم به‌رده‌وام نه‌بێت، ئه‌وا لاوازیی رژێم له حکومه‌ت کردندا به ته‌نیایی نابێته هۆکار بۆ رووخانی و ئه‌م ره‌وشه ده‌توانێ به ساڵان و به مانگان بخایه‌نێت.
ئێنئێنئێس ڕۆژ: به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێم به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا (هه‌ڵبه‌ت گه‌ر وای دابنێین) له لایه‌ک و کاریگه‌ریی گه‌مارۆکان و گوشاره ئابوورییه‌کان بۆ سه‌ر به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵک له لایه‌کی دیکه‌وه، له چ دۆخێک‌دا ده‌توانین پێش بینی ئه‌وه بکه‌ین که ناره‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک سه‌ر له نوێ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه؟
به بڕوای من گه‌ر ئۆپۆزیسۆنی ئێران نه‌توانێ چالاک بێت، رژێم ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ده‌بێ که بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له‌م ره‌وشه‌ی ئێستایدا بمێنێته‌وه. سه‌یری نموونه‌ی ئهفرقیای باشوور( ی سه‌رده‌می ئاپارتاید) بکه‌ن که چۆن وێڕای ئه‌و هه‌موو گه‌مارۆیه قورسه‌ی خرابووه سه‌ری ساڵانێکی دوور و درێژ ته‌وانی بمێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌فریقیا به پێچه‌وانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای ئێران هه‌م له رووی سیاسییه‌وه و هه‌میش له رووی سه‌ربازییه‌وه ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر چالاک بوو.
نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و رێکوپێک له ئێران گه‌وره‌ترین ئیمتیازی رژێمه. له نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاکدا، وێڕای لاواز بوونی ده‌سه‌ڵات و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌مارۆی زیاتر دیسانیش رژێم به‌شی ئه‌ونده سه‌رچاوه‌ی دارایی و ئابووریی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه که بتوانێ خۆی راگرێت و بمێنێته‌وه.
له لایه‌کی تره‌وه که‌وتنه ناو قه‌یرانه‌وه به ته‌نیا نابێته هۆکار بۆ روخانی رژێم. له‌م دۆخه‌دا ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێ له قاڵبی په‌سیڤ بوون بێته ده‌ره‌وه و توانای ئه‌وه له خۆی نیشان بدات که ده‌توانێ له‌م گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئابووری و سیاسییه‌ی ئێستا له دژی رژێم له ئارادایه سه‌نگێکی کاریگه‌ری هه‌بێت. ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دایه که ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ره‌کانی به‌رده‌ستی رژێم تووشی به‌ربه‌ست ده‌بن. ئێستا که ئۆپۆزیسیۆنێکی پته‌و بوونی نییه، رژێم هه‌میشه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی له به‌رده‌سته که له‌گه‌ڵ باڵی سه‌ره‌کیی ریفۆرمیسته‌کان (ئه‌و باڵه‌ی که پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا) بسازێت. سازشتێکی له‌م چه‌شنه‌ش هه‌م ده‌توانێ رۆژئاوا رازی بکات و هه‌میش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سه‌قامگیری له ناوخۆ به‌دی بهێنێت. هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌م دۆخه‌ش بۆ لاوازیی ئۆپۆزیسیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سەرچاوە: NNSROJ