د. جەلال جەلالی زادە، نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە خولی شەشەمی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) تیشک دەخاتە سەر گرفتەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی کوردی لە ئێراندا.
رووداو: بۆچی تا ئێستا بڕگەی 15ی دەستووری بنچینەیی ئێران جێ بەجێ نەکراوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بە کورد و نەتەوە نافارسەکانی ئێران دەدات؟
د. جەلال جەلالی زادە: دەستووری بنچینەیی هەر وڵاتێک پەیماننامەیەکی گرنگ لەنێوان دەسەڵات و خەڵکی وڵاتەکەیە. نەتەوەکانی ئێران بە بڕگەکانی 15 و 19ی دەستووری بنچینەیی زۆر دڵخۆش بوون و هیواداربوون بە جێ بەجێ کردنی ئەو دەستوورە بە مافەکانیان شادبن بەڵام بەداخەوە دوای 33 ساڵ ئەو بڕگانە جێ بەجێ نەکران و هیچ بەرپرسێکی ئێران گرنگی بەو داخوازییە سەرەتاییەی نەتەوە نافارسەکان نادات. کێشەی هەرە گرنگ و بنەڕەتی وڵاتانی جیهانی سێیەم و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە تێیدا بەرپرسەکان هیچ بایەخێک بە داخوازییەکانی خەڵک نادەن و تەنانەت دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەشیان وەک پێویست جێ بەجێ ناکەن. دەسەڵاتداران هەرجارەوە بە پاساوگەلێکی بێ بنەمای وەک ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی ئێران خۆیان لە جێ بەجێ کردنی ئەو بڕگەیە کە پەیوەندی بە مافی گەلانەوە هەیە، دەدزنەوە.
رووداو: بۆچی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان نەیانتوانیوە گوشار بخەنە سەر دەسەڵات تا ئەو بڕگە دەستوورییە جێ بەجێ بکرێت؟
د. جەلال جەلالی زادە: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەمانی ئێران یەک دەنگ ویەک هەڵوێست نین. جگە لەوە بەهۆی گوشار و چاودێری توندی ئەنجوومەنی چاودێری (شورای نگهبان) نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک لە گەیشتن بە پەرلەمان بێبەش دەبن. کاتێک حیزب ئازادی نییە و دەسەڵاتی لە هەڵبژاردنی نوێنەرادا نییە، کاتێک خەڵکی ئازادیخواز و سەربەخۆ و خاوەن بیری سیاسی ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن من پێموایە کەسانێک بەناوی نوێنەر لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن کە توانای نوێنەرایەتی کردنی خەڵکیان نییە و ناتوانن بوێرانە داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکەن. ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوەی بەداخەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ مافەکانی خەڵک پێشێل دەکرێن.
رووداو: بۆچی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە سەردەمی کابینەی ریفۆرمخوازان نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر دەسەڵات تا ئەو بڕگەیە جێ بەجێ بکرێت؟
د. جەلال جەلالی زادە: ئێمە لە خولی شەشەمی پەرلەمان وەک فراکیسۆنی نوێنەرانی کورد زۆر هەوڵماندا ئەو بڕگەیە جێ بەجێ بکەین و چەندین جار نامەمان بۆ سەرۆک کۆماری ئەوکات (خاتمی) نارد و داوامان لە بەرپرسە پەیوەنددارەکان کرد و دوای بەدواداچوونێکی زۆر بەڵێنیان پێداین کە ئەو بڕگەیە جێ بەجێ بکەن و بۆ خوێندن بە زمانی کوردی هەندێک ئامادەکاری کرا و تەنانەت بە فەرمی ئامادەکاری بۆ کۆرسی زمانی کوردی لە زانکۆ کوردستان (لە پارێزگای سنە) کرا و ستافیشی بۆ دەستنیشان کرا بەڵام بەداخەوە کە خولی 6ی پەرلەمان کۆتایی پێهات و نوێنەرانی نوێ هاتنە سەرکار ئەو بابەتە سەرپۆش کرا و رێگەی بەدواداچوونی پێ نەدرا.
رووداو: خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا چەند هەوڵیانداوە مافە دەستوورییەکانیان جێ بەجێ بکرێت؟
د. جەلال جەلالی زادە: ناشارەزایی خەڵک لە مافی رەوا و راستەقینەی خۆیان یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارەکانە. خەڵکی ئێمە تا ئێستا نازانێت وەک هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە کە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و وێژە و کەلەپوری نەتەوایەتی خۆی بپارێزێت. بەداخەوە خەڵکی ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ مافی خۆیان ئاشنا نین و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر مافەکانیان بێ هەڵوێست بن. من تا ئێستا نەمبینیوە خەڵک (لە رۆژهەڵاتی کوردستان) بۆ جێ بەجێ نەکردنی بڕگەی 15ی دەستووری بنچینەیی ئێران و خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی خۆپێشاندان بکەن. کاتێک خەڵک لە ئەرک و مافەکانی نائاگا بێت ناتوانێت بۆ جێ بەجێ کردنی دەستووری وڵات کە لە سەرەتایی ترین مافەکانی گەلە، هیچ گوشارێک بخاتە سەر دەسەڵات.
نوێنەری شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی ئێران خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی بە یەکێک لە خەونە وەدی نەهاتووەکانی خۆی و زۆرێک لە نوێنەرانی راستەقینەی گەل ناوبرد و گوتی "چ شتێک لەوە خۆشتر هەیە کاتێک منداڵانی کورد دەچن بۆ خوێندنگا و زانستگاکان کتێبی کوردیان بەدەستەوە بێت و بە زمانی دایکی خۆیان و بەپێی کەلەتوری نەتەوەییان پەروەردە ببن. بەراستی ئەوە خەون و ئاواتی ئێمە بوو کە بەداخەوە تا ئێستا نەهاتووەتە دی و تا خەڵکی کورد بە مافە راستەقینەکانی خۆی ئاگاه نەبێت بارودۆخ لەوە باشتر نابێت".
د. جەلال جەلالی زادە یەکێک لە چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی شارەوانی شاری سنە، نوێنەرایەتی شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە لە خولی شەشەم، ئەندامێتی لە فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی ئێران، ئەندامێتی لە بەرەی ریفۆرمخوازانی کورد، ئەندامێتی لە فراکسیۆنی نوێنەرانی پەیرەوی سوننە لە پەرلەمانی ئێران و ئەندامێتی لە دەستەی زانستی زانکۆی تاران لە بەرپرسیارێتی و چالاکییەکانی ناوبراوە.
سەرچاوە: رووداۆ/ ساکار عەبدوولازادە