سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا "نیگەرانی و دڵتەنگیی" خۆی بۆ گیان لەدەستدانی رۆژنامەنووس دکتۆر محمد بدێوی رادەگەینێت کە لە رۆژی ٢٢/٣/٢٠١٤ لە شاری بەغدا بووە قوربانی و وه‌لامی وته‌كانی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیشی دایه‌وه.
پێش نیوه‌ڕۆی شه‌ممه 22ی ئازار – مارسی 2014، له ناوچه‌ی جادرییه‌ی به‌غدای پایته‌خت رۆژنامه‌وان و مامۆستای به‌شی راگه‌یاندن دكتۆر محه‌ممه‌د بدێوی شه‌ممه‌ریی كوژرا.
بدێوی به‌ڕێوبه‌ری نووسینگه‌ی رادیۆی عێراقولحوڕ بوو، دوای كوژرانی، ماڵپه‌ڕی رادیۆی عێراقولحوڕی ئه‌مریكایی بڵاویكرده‌وه، به‌ڕێوبه‌ری نووسینگه‌كه‌یان له به‌غدا، له لایه‌ن هێزێكی سه‌ر به فه‌وجی پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كوژراوه.
نوری مالكی رۆژی رووداوه‌كه خۆی ته‌رمی محه‌مه‌د بدێوی دایه‌وه كه‌سوكاره‌كه‌ی و به‌ڵێنی پێدان بكوژه‌كه‌ی راده‌ستی دادگا بكات و وتی "سزای ئه‌و تاوانه خوێن به خوێنه"، ئه‌و لێدوانه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هیوای خواست دادگایەکی عادیلانە رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی بەدواداچوونی وردی ڕووداو و لێدوانەكان هیوامان دەخواست ئەم بابەتە لە سنووری یاسایی خۆی دەرنەچێت و پێمان باشە یاسا و دەسەڵاتی قەزایی دوور لە دەستێوەردانی سیاسییەكان ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆی بگێڕێت.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو "دوای ڕووداوەکە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراق و فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان هاووڵاتییاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانین رای گشتی عێراقی ئاگادار بکەینەوە کە نابێت رێگا بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت درز بخاتە ناو برایەتیی پێکهاتەکانی عێراق و بازرگانیی بە گیانی دکتۆر محمد بدێوی بکرێت".
له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه "جێگەی داخە لە دوای ڕوودانی ئەم كارەساتە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەكار هێناوە كە دوورە لە بنەماكانی باڵادەستیی یاسا و دەوڵەتداری و كولتووری پێكەوەژیان و دیموكراسی. لە سایەی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن و ئەم دۆخە ئەمنییە نالەبارەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە خەڵكێكی زۆر كوژراوە و لەم چەند ساڵەدا 400 مامۆستای زانكۆ لە عێراقدا تیرۆر كراون و كەس خۆی نەكردە خاوەنی خوێنیان و دەسەڵاتی بەغدا هیچ هەوڵێكی نەدا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران. ئێستا كە هاووڵاتییەكی كورد لایەنێكی ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بكەن و بیكەنە بابەتێكی زۆر مەترسیدار و هەوڵێك بۆ نانەوەی فیتنەی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق. بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو و کاردانەوەیەکی ئەم ڕەوشە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەیانەوێ ڕووداوەکە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنن".
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پرسیاری ئه‌وه‌ده‌كات "ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیكە سەیری ڕووداوەكان دەكەن پرسیار ئەوەیە كێ خوێنی 5000 شەهیدی هەڵەبجە و 182000 ئەنفال و 8000 بارزانی و 12000 فەیلی دەداتەوە؟ سەرباری ئەم قوربانییە مەزنە گەلی كورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی تازە و هیوایەكی نوێ هیچكات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن لەبەرانبەر خوێن".
جه‌ختیشده‌كاته‌وه "پێویستە لەم كەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێ دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن. گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین".
25/03/2014