فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

reza kahbi mostafa mauludi taimur mostafai

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حدكا رایدەگەیێنێت، دەیانەوێت  سوود لە دەرفەتەکانی وەکو بێزاری خەڵکی ئێران و ئەو گەمارۆ ئابووریی و سیاسییەی لە ئێران هەیە ببینن، ئێساش کار بۆ ئەوە دەکەن بنکەکانیان بۆ هەمیشە لە سنوورەکان جێگیربکەن، وە بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بیانگوازنەوە. هاوكات جێگری سکرتێری حدك دەڵێت ناكرێت لەبەر هەندێك ئەگەر دەستەوەستان بووەستین.

تەیمور مستەفایی: هەوڵدەدەین بنکەکانمان لەسەر سنوور بۆ هەمیشە جێگیربکەین

تەیمور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرمانەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو رایگەیاند" ئێمە هەر لەسەرەتاوە حەزمان بە شەڕی چەکداری نەکردووە، بەڵکو ویستوومانە چارەسەری کێشەی کورد لە رێگەی ئاشتیانەوە چارەسەربکرێت، لەکاتی هاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ سەر دەسەڵات ئێمە بە هەمووشێوەیەک هەوڵماندا کێشەکانمان لە رێگەی ئاشتیانەوە چارەسەربکەین، بەڵام دوای هاتنیان بۆ دەسەڵات بڕیاری جیهادیان دژ بە کورد دەركرد ".

مستەفایی هەروەها گوتی"  ئێستا خەباتی چەکداریمان وەستاندووە، بەڵام شێوازەکانی دیکەی خەباتمان گرتووەتەبەر وەکو خەباتی مەدەنی و خەباتی دیبلۆماسی، لەگەڵ ئەوەشدا  تاوەکو ئێستا رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لەو رەچاوکردنە، هاوکات   پێشمانوایە پێویستە بڕۆینەوە نێو خەڵکی خۆمان و پەیوەندی زیاتریان لەگەڵ ببەستینەوە".

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی " تەشکیلاتەکانی خۆمان دەستپێکردووە و ئێستا لەنێو بەرەیەکداین بە ناوی بەرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، کە لە 16 حیزب و رێکخراو پێکهاتووە، ئەگەرچی پێمانوانییە ئەو حیزب و رێکخراوانە ئێستا بتوانن رژێمی ئێران بڕوخێنن بۆیە پێویستیان بە خەباتێکی زۆرترە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران".

جەختیشیکردەوە، وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەیانەوێت  سوود لە دەرفەتەکانی وەکو بێزاری خەڵکانی ئێران و ئەو گەمارۆ ئابووریی و سیاسییەی لە ئێران هەیە ببینن، هەربۆیەش تەشکیلاتەکانیان دەستپێکردووەتەوە.

مستەفایی ئاماژەی بەوەشدا، کار بۆ ئەوە دەکەن بنکەکانیان بۆ هەمیشە لە سنوورەکان جێگیربکەن، هەروەها هەوڵدەدەن بنکەکانیان بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بگوازنەوە، راشیگەیاند" گرژیی و ئاڵۆزییەکانمان لەگەڵ پەکەکە رەویتەوە، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستاش لە سنوورەکاندا ماون".

کەعبی: هەرنزیکبوونەوەیەک لە سنوور دەبێت بەپێی پلان بێت

رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان كە یەكێكی دیكەبوو لە بەشداربووانی بەرنامەكە، رایگەیاند" بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە بنەڕەتدا بزاڤێکی سیاسی کۆمەڵایەتی جەماوەرییە، پێشمانوایە هەر نزیکبوونەوەیەک لەسەر سنوور دەبێت بەپێی پلان و بەرنامەیەکی داڕێژراوبێت، ئێمە هەوڵدەدەین بە کاری رێکخستن و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو بزووتنەوەی ژنان و کرێکاران و رێکخراوە دیموکراتییەکان ئەو خەباتە گەرمووگوڕتر بکەین، ئەو بۆ چوونەی کە پێیوایە لە رێگەی هێزی چەکدارییەوە کە رۆژێک لە رۆژان هەزاران سەرباز دەگەڕێنەوە و کوردستان رزگاردەکەن، بۆ چونێکی خەیاڵی و واقعی نییە، هێزی پێشمەرگە تەنها دەتوانێت پاڵپشتی ئەو خەباتەی کە باسمکرد بکات".

هەروەها گوتیشی" دوای یەک دەیە لە شەڕی چەکداری رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی پاشەکشە بە پێشمەرگە بکات و وابکات لە نێو هەرێمی کوردستان جێگیربن". کەعبی ئاماژەی بەوەشدا، خەباتی چەکداری خەباتێکی جیانەکراوەیە و دەبێت خۆمان بۆ ئەو خەباتە ئامادەبکەین، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ خەباتی چەکداری مومکین نییە پاشەکشەبکات و کوردستان جێبهێڵێت.

مستەفا مەولوودی:  ناکرێت دەستەوەستان بووەستین

لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و جێگیرکردنی هێزەکانیان لەسەر سنوور چ گەرەنتییەک هەیە، کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنووری هەرێمی کوردستان نەکات، مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان گوتی" لە کاتی هەبوونی پێشمەرگەکانمان هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و سنووری هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت، دەستەوەستان بووەستین لەترسی روودانی ئەو ئەگەرانە".

دەربارەی پشتگیریکردنی کاندیدانی کوردی نێو پەرلەمانی ئێران، بۆ ئەوەی بەهەمان شێوەی هەدەپە هەوڵبدەن لەو رێگایەوە کاریگەری بخەنە سەر ئێران، مەولوودی ئاماژەی بەوەدا، یاساکانی ئێران و یاساکانی تورکیا زۆر جیاوازیان هەیە، ئەو کاندیدانەی لە ئێران بۆ پەرلەمان دەستنیشاندەکرێن، دەبێت حکومەتی ئێران و دەزگاکانی ئێران رەزامەندییان لەسەر بدەن.

26/6/2015

putin  obamaaaaaaaa

 

شەوی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا، لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە و کۆشکی سپیش لەبەیاننامەیەکدا هێندێک زانیاری لەبارەی ئەنجامدانی ئەو پەیوەندیەی نیوانیان دەخاتەڕوو.

شەوی رابردوو پێنجشەم لەسەر هەینی، کۆشکی سپی لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە رایگەیاند:" باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەرێگەی پەیوەندی تەلەفونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و رووداوە پێشهاتەکانیان تاوتوێکردووە و هاوکات یەکێک لەمژارە گرینگەکانی نێوانیان تاوتوێکردنی یەکخستنی هەڵوێستی نێوان ئەمریکاو رووسیا بووە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران".

بەیاننامەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، باراک ئۆباما لەگەڵ پوتین، بێجگە لەتاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هاوکات باسی بارودۆخی ئێستای رۆژهەلاتی ناوەڕاستیانکردووە بەتایبەت بارودۆخی رێکخراوی داعش و جموجۆڵی لەناوچەکەدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، لەپەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ئۆباما وپوتین، باسی دواپێشهاتەکانی بارودۆخی نێوان رووسیا وئۆکرایناکراوە.

بەڵام بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، زانیاری دیکەی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان ئەودوو سەرۆکە نەدرکاندووە.

26/6/2015

eraq u chakdarani ahli haq

 

وەكو هەوڵێك بۆ سەپاندنی تێڕوانینی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی دەكات.

قەیس خەزعەلی، سەركردەی میلیشیای ئەهلی حەق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خاوەنی گۆڕانكاری سەربازی راستەقینەن لە عێراق، بۆیە لە ئایندەدا لە كاروباری عێراق و گۆڕانكاری سیاسی قسەی خۆی دەبێت".

خەزعەلی گوتیشی: "حەشدی شەعبی لەسەر ئاستی عێراق و جیهان بوونی هەیە، بۆیە دەبێت سەركردەكانی قسەو راوبۆچوونیان لە بەرامبەر كێشەكانی عێراق و چۆنییەتی چارەسەركردنیاندا هەبێت، هەروەها پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی عێراقی لە پەرلەمانی بۆ سیستمی سەرۆكایەتی كرد، بۆ ئەوەی سەرۆك بڕیاردەر بێت".

حەسەن سالم، سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقون داوای گۆڕینی سیستمی حوكمی عێراقی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "سیستمی پەرلەمانی لەسەر بەشبەشێنە پێكهاتوە، سیاسییەكانی عێراقیش لەپێناو دەستكەوتەكانی خۆیان لەسەر ئەم سیستمە رازیبوونە، سیستمی پەرلەمانیش توێژێكی سیاسی دەرەبەگی بەرهەمهێناوە كە دەستیان بەسەر زۆربەی سامانی میللەتدا گرتوە".

لەبەرامبەردا فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردەوە کە سیستمی سەرۆكایەتی ئێستا خزمەت بە عێراق ناكات، چونكە جگە لە بڕیاری تاكڕەوانە هیچی دیكەی بەدواوە نابێت.

عەبدولعەزیز زاڵمی پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەیەوە رایگەیاند "گۆرینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی پێویستی بە گۆڕینی دەستوورە، بەهۆی فرەپێكهاتەكانیشەوە ئەو سیستمە خزمەت بە عێراق ناكات".

زاڵمی گوتیشی: " تاوەكو ئێستاش هیچ هەوڵێك نییە بۆ گۆڕینی حوكمی عێراق، چونكە لەلایەن زۆربەی فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە رەتكراوەتەوە، چونكە لەوانەیە سیستمی سەرۆكایەتی دیكتاتۆری و بڕیاری تاكڕەوی بەدواوەبێت".

23/6/2015 سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "گۆڕینی سیستمی عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پێویستی بە هەمواركردنەوەی دەستوور هەیە".

25/6/2015

surya u chakdarani la hasaka

 

چەکدارانی داعش هێرشیان کردوەتە سەر رۆژئاوای شاری حەسەکە و شەڕوپێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی بەرگری نیشتمانی و کەتیبەکانی سوپای سووریا روویداوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو " ئینشیقاق لەنێوان هێزەکانی سوپای سووریا لەحەسەکە روویداوە و بەشێکیان چوونەتە پاڵ داعش و گەڕەکی نەشوەی رۆژئاوای شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە".

هەربەپێی زانیارییەکانی رووداو لە شاری حەسەکە "نەخۆشخانەی منداڵان، ناوەندی کارەبا، کۆلیژی ئاداب و ناوەندی شەبیبە لەحەسەکە کەوتوونەتە دەست داعش".

ئەمەش لە کاتێکدا کە هەر ئەمڕۆ لە کۆبانێ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕیژکراو تەقییەوە کە بەپێی گوتەی  عومەر کالۆ، پەیامنێری رووداو لە کۆبانێ " 10 کەس کوژران و 40 کەس بەهۆیەوە برینداربوونە".
 
عومەر کالۆ هەروەها گوتیشی :" لەئەنجامی شەڕی نێوان گرووپە دزەکردووەکەی داعش و شەڕڤانان، داعش چووبووە نێو ماڵێک و سەرجەم ئەندامانی ماڵباتەکەی کۆمەڵکوژ کردبوو".

25/6/2015

kobani u dzai dahashhhhhhhhhhhhhh

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکداری داعش لە چەند لایەکەوە دزەیان کردە نێو کۆبانێ و دوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو توانیان لەچەند لایەکەوە دزە بکەنە نێو شارەکە.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆبانێ لەبارەی زیانەکانی هێرشە چەکدارییەکە رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25  شەهید و 70 بریندار هەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆبانێ، چەکدارانی داعش چوونەتە نێو ماڵی هاونیشتمانیان و ژمارەیەکیان شەهیدکردوون.

داعش لە چوارلاوە دزەیان کردووەتە نێو کۆبانێ، نەخۆشخانەی مشتەنوور، ماڵی بۆزان بەگ، گەڕەکی گومرگ لەنزیک دەروازەی سنووری و سەر رێگای ئاسایش حەلەنجێ- شێرانێ.

لە باکووری رۆژئاوای شارەکە توانیویانە بگەنە نەخۆشخانەی مشتەنوور، کە پێشتر قوتابخانەی سەرەتایی بووە، هەروەها لە رۆژهەڵاتی کۆبانێش دەستیان بەسەر بینایەکدا گرتووە، بەڵام لەدەرەوە هیچ هێزێکی پشتیوانیان بۆ نایەت، چونکە دەوروبەری کۆبانێ بە شەڕڤانان دەورە دراوە.

دوای ئەو دزەکردنەی چەکدارانی داعش دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانی کۆبانێ دەبیسترێت ، شەڕ تاوەکو ئێستا بەردەوامە و ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون و ئەوانی دیکەش گەمارۆدراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێ چەند چەکدار دزەیان کردووەتە نێو کۆبانێ.

دوای ئەو پشێویەی لە کۆبانێ روویداوە چەند کەسێک لە کۆبانێ روویان لە سنووری باکووری کوردستان کردەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تورکیا دەروازە سنوورەکانی بەروویاندا گرتووە و رێوشوێنێکی ئەمنی تووندی گرتوەتەبەر رێگایان لێگیراوە.

ئەو هێرش و دزەکردنەی داعش بۆ نێو کۆبانێ لە کاتێکدایە کە لە چەند گەڕەکێکی حەسەکە شەڕی قورس لەنێوان سوپای سووریا و چەکدارانی داعش بەردەوامە و توانیویانە چەند گەڕەکێکی حەسەکە کۆنترۆڵ بکەن کە لەژێر دەستی سوپای سووریادا بوونە.

حکومەتی سووریاش دانی بەوەنا کە داعش توانیویەتی چەند گەڕەکێکی ئەو شارە کۆنترۆڵ بکات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو چەکدارانی داعش نەیانتوانیووە هیچ گەڕەکێکی کوردنشین لە حەسەکە کۆنترۆڵ بکەن.

25/6/2015

senatori amrikaii

 

سیناتۆرێکی دیموکراتەکان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت:" دابەشبوونی عێراق بۆ سێ هەرێم تاکە ئەڵتەرناتیڤی واقیعیە لە عێراق".

تیم کەین، سیناتۆری کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر لیستی دیموکراتەکان، بە میدیاکانی وڵاتەکەی  راگەیاندووە:" زۆرینەی لایەنەکان پاڵپشتی لەدابەشبوونی عێراق دەکەن و جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش لەمێژە ئەو پێشنیازەی کردووە".

 ئەو دەڵێت:" لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەک دیموکراتەکان هەندێک نیگەرانین لە دابەشبوونی عێراق، بەڵام لە کۆتاییدا دابەشبوونی عێراق تاکە بەدیلی راستەقینەیە بۆ دەربازبوون لە کێشەکان".

کەین یەکێکە لەو سیناتۆرانەی پێشتر زۆر جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت رێگا چارەی دیکە بۆ شەڕی داعش لە عێراق دابنرێت، بەڵام ئێستا گەییشتوەتە ئەو باوەڕەی:" چیدیکە ناتوانرێت عێراق لە چوارچێوەی حکومەتێکی یەکگرتوو کۆبکرێتەوە، بۆیە دوا ئەگەر دابەشبوونیەتی."

لەبارەی کوردیش، ئەو سیناتۆرە دەڵێت:" کورد لە هەرێمی کوردستان گەورەترین و بە متمانەترین هاوپەیمانی ئەمریکان، ئەمریکا لەنزیکەوە بۆ شەڕی داعش هاوئاهەنگە لەگەڵ کورد."

 بە گوتەی تیم کەین :" کێشە لە هەرێمی سوننەدایە، چونکە سوننە شتێکی ئەوتۆیان لە عێراق بۆ نەماوەتەوە و دەکرێت، زۆر بەئاسانی بکەونە ژێر دەستی گرووپەکان."

بەباوەڕی ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە:" ئەگەر بکرێت باشترە لە عێراق هەر سێ لایەنی کورد و شیعە و سوننە لە چوارچێوەی حکومەتێک یەکگرتوو بن، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا گونجاو نییە، لەگەڵ ئەوەش ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە هیوابڕاو نیە."

24/6/2015

alai eran u eraq1

 

راوێژکاری رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو پەرەسەندنی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا، عێراق و ئێران روودەدات، پێشیوایە سووریا بەسەر نەیارەکانیدا سەردەکەوێت.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران رۆژی سێشەممە 23 ی حوزەیرانی 2015، لە کاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد شەعار، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند " هەفتەی داهاتوو پەرەسەندنی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، ئێران و سووریا دەبینن".

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری بەغدا، بەرپرسانی عێراق، سووریا و ئێران لەبارەی پتەوكردنی لێكتێگەیشتنی هەر سێ وڵات بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر و رێكخراوی داعش كۆببنەوە. لە كۆبوونەوەكەدا میكانیزمێكی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دادەنرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە سووریا، ویلایەتی جەختیکردەوە كە ئێران پشتگیری لە سووریا دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.  گوتیشی" تیرۆر و ئەوانی پاڵپشتی لە تیرۆر دژ بە سووریا دەکەن، هیچ کاتێک ئەو ئامانجەیان نایەتەدی، هەرچەند تیرۆر و هەوڵەکانیان لەو وڵاتە زیاتر بکەن".

بەگوتەی ویلایەتی، سووریا و هاوپەیمانەکانی بە خۆڕاگری و ئازایەتی سەرکردەکانی و گەلی سووریا هەرەس بە پلانگێڕی دەهێنن و سەردەکەون". ئاماژەی بەوەشدا، ئەو وڵاتانەی هاوکاری تیرۆر دەکەن، رۆژێکدێت تیرۆر بە کاریگەرییە خراپەکانییەوە بەرەو روویان هەڵدەگەڕێتەوە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی سووریاوە، ئێران یەکێک لە سەرسەخترین هاوپەیمانەکانی سووریایە، لە ماوەی 4 ساڵی رابردووشدا لە رووی سەربازیی و داراییەوە پشتگیری بەشار ئەسەد و حکومەتەکەی دەکات.

24/6/2015

ranj karkuki xokuji krd

 

كەڵەكەبوونی قەرزەكانی، ناچاریان كرد پەنا بۆ خۆكوشتن ببات. رەنج لە دوای خۆی نامەیەكی جێهێشتووە و داوای گەردن ئازادی لە خێزان و كەسوكارەكەی دەكات. ناوی چەند كەسێكیشی هێناوە و دەڵێت "خوا بیانگرێ كە وایان لێكردم".

پاشنیوەڕۆی رۆژی 16/6/2014 پیاوێكی دانیشتووی گەڕەكی نەسری كەركووك بەناوی رەنج محەممەد، باوكی دوو كوڕ كە پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی قەزا و ناحیەكانی هەولێر بوو، لە نێو حەوشەی ماڵەكەی فیشەكێكی نا بە سكی خۆیەوە، بەر لەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.

بەپێی قسەی كەسوكاری و ئەو دۆكیۆمێنتەی لەلای (رووداو)ە، رەنج پارەیەكی زۆر قەرزداربووە و رۆژ بە رۆژیش قەرزەكانی زیاتر لەسەر كەڵەكە بوون، چونكە لە بەرامبەر پێدانی سوو، پارەی لە خەڵك قەرز دەكرد. دوای ئەوەی نەیتوانیوە قەرزەكانی بداتەوە خۆی كوشتووە.

رەهێڵ محەممەد برای رەنج كە لەشاری سلێمانی كار دەكات، كاتێك هەواڵی خۆكوشتنی براكەی زانیوە، یەكسەر گەڕاوەتەوە كەركووك. رەهێڵ گوتی "ئەوەندەی ئاگادارم كێشەی قەرزی هەبووە، لەلای من باسی زۆر شتی نەدەكرد، بەڵام دەڵێن خاوەن قەرزەكان هەڕەشەیان لێكردووە و هاتوونەتە سەری و ئۆتۆمبێلەكەیان بردووە".

رەهێڵ بە مافی خاوەن قەرزەكانی دەزانێت داوای قەرزەكانیان بكەنەوە "بەڵام نەك بەو شێوەیە گوشار و هەڕەشە بكەن"، بۆیە داوا لە لایەنە ئەمنییەكان دەكات رێكاری یاسایی بگرنەبەر لەگەڵ ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە رەنجەوە كردووە.

سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانی رەنجیش، رەهێڵ گوتی "راستە براكەم خۆی كوشتووە، بەڵام وەكو ئەوەیە ئەوان كوشتبێتیان، بۆیە چاوەڕێ دەكەم یاسا كاری خۆی بكات".

پێشتر حكومەتی عێراق بڕیاری دابوو 100 مووچە بەجارێك بداتە فەرمانبەران. بەپێی ئەو زانیاریانەشی دەست (رووداو) كەوتوون، لەو كاتەوە رەنج بەڵێنی بە چەند كەسێكی شاری كەركووك داوە ئەو پارەیەیان بۆ وەربگرێت و لەبەرامبەریشدا بڕێك پارەی لێوەرگرتوون و دواتریش نەیتوانیوە بەڵێنەكەی جێبەجێ بكات، بەڵام رەهێڵ گوتی "بڕوا ناكەم ئەمە راست بێت".

رەنج پێش خۆكوشتنی نامەیەكی نووسیوە كە كۆپییەكی لەلای (رووداو)ە. لە نامەكەدا نووسیویەتی "من كە ناوم رەنج محەممەدە، داوا لەو هاوڕێیانەم دەكەم كە پارەیان لامە گەردنم ئازاد بكەن بەخودا مەبەستم خواردنی پارەكەیان نەبووە، بەس ئێستا بەدەستمەوە نییە بیاندەمەوە، ئەوانیش هەریەكەیان بەجۆرێ تەهدیدم دەكەن. ناوەكانیان...... خودا جەزای بەخێریان بداتەوە".

لەكۆتایی نامەكەشدا نووسیویەتی "چاوی هەردوو كوڕەكەم ماچ دەكەم و چاوی خێزانەكەم ماچ دەكەم و پێیدەڵێم گەردنم ئازاد بكات، ئاگای لە منداڵەكان بێت، دەستی خەسووم و میدیا گیان ماچ دەكەم، خوا (ئەحمەد و مەحموود) بگرێ وایان لێكردم".

دەگوترێ رەنج نزیكەی 300 هەزار دۆلار قەرزدار بووە، بەڵام دانا جومعە كە  ژنبرای رەنجە، گوتی "نەماندەزانی بڕە پارەكە چەندە، چونكە كۆمەڵێك خەڵك پارەیان پێداوە و فائیدەیان خستووەتە سەری و ئەگەر نەیدایەتەوە زیادەی دەچووە سەر".

بەگوتەی دانا "ئەو كەسانەی پارەیان لای رەنج بووە، هەڕەشەیان لێكردبوو ئەگەر پارەكەیان نەداتەوە منداڵەكانی دەڕفێنن. ئینجا لەسەر دەرگای خانووەكەی نووسیویانە بۆ فرۆشتن. دیارە ئەوەش گوشارێكی گەورەی دەروونی لەسەر دروستكردووە". دانا گوتیشی "تەنانەت ئەو رۆژەی خۆی كوشت و لەسەر تەرمەكەی بووین، پەیوەندییان بۆ تەلەفۆنەكەیەوە دەكرد".

هەرچەندە ئەو چیرۆكەی رەنج ماوەیەكی زۆر درێژەی هەبووە، بەڵام وەك دانا باسیكرد، سێ‌ مانگی دوایی بەو شێوەیە ژیانی بەسەر بردووە "چەند رۆژێك پێش رووداوەكەش چوار كەس هاتوون چەكی بانكیان پێ ئیمزا كردووە و لەوە دەچێت ئەوەش لە ترسان بێت، چونكە كاتێك ئەو چەكەت ئیمزا كرد و ئەگەر پارەكەت نەبوو بیدەیتەوە ئەوا دەستگیر دەكرێی".

بنكەی پۆلیسی عروبە لە شاری كەركووك لێكۆڵینەوە لە رووداوی خۆكوشتنی رەنج دەكەن، سەرچاوەیەك لەو بنكەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "رەنج بەهۆی زۆریی قەرزەكانییەوە لەنێو حەوشەی ماڵی خۆی بە كلاشینكۆفێك فیشەكێكی ناوە بە ناوسكی خۆیەوە و فیشەكەكە بەر گەدەی كەوتووە. بەر لەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی دەرچووە، لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە"

24/6/2015

ypd

 

یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و بورکان فورات شارۆچکەی عەین عیسا-یان لە دەستی داعش دەرهێنا کە دەکەوێتە 55 کیلۆمەتری باکووری رۆژهەڵاتی رەققە.

عەین عیسا بە یەکێک لە پایە گرینگەکانی داعش دادەنرا، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە 55  کیلۆمەتری باکووری رۆژهەڵاتی رەققە، کە بە پایتەختی سەرەکی داعش دادەنرێ.

رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG رایگەیاندبوو:" یەپەگە و هێزەکانی بورکان فورات توانیویانە ناوەندی 93 ی سەربازی لە باشووری رۆژئاوای عەین عیسا کۆنتڕۆڵبکەن".

میدیاکانی نزیک لە پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD بڵاویانکردەوە، ئێوارەی دوێنێ شەڕڤانانی یەپەگە و هێزەکانی بورکان فورات گەمارۆی ناوەندی 93 ی سەربازیانداوە و کاژێر 19:30 هێرشیانکردوەتەسەر، شەڕ و پێکدانان کاژێرێکی خایاندووە و کاژێر20:30 توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن".

بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر لەچەکدارانی داعش لەو هێرشە کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی شەهیدانی یەپەگە و کوژراوانی داعش بە دروستی دیار نییە.

ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی گرێسپی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و بورکان فورات، لیوای تەحریر، سوورار ئەل رەققە و سوپای ئازاد لە چەند قۆڵێکەوە دەستیپێکرد و 15 ی حوزەیرانی 2015 بە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی گرێسپی کۆتاییپێهات، کە ئێستا یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG دەیانەوێت گوندەکانی ئەو ناوچەیەش کۆنتڕۆڵبکەنەوە. 


داعش پارساڵ بنکەی سەربازی لیوای 93ــی کۆنتڕۆلکرد و لەبندەستی سوپای سووریای دەرهێنا.

ئەو ناوچەیەی کە یەپەگە کۆنتڕۆڵی کردووەتەوە، ناوچەیەکی ستراتیژی گرینگە و لەچەند رێگایەکەوە رەققە بە حەلەب دەسبەستێتەوە، ناوچەکە بۆ رەوشی حەسەکەش گرینگی هەیە. 

23/6/2015

mistefa hicriiiiiii u rudaw

 

نزیكەی مانگێكە گەشتێكی دەستپێكردووە بۆ ئەوروپا و ئەمریكا، یەكەم وێستگەی گەشتەكەی ئەڵمانیا بوو، نزیكەی سێ‌ هەفتەشە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە و (رووداو) لە واشنتن هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ سازكرد.

مستەفا هیجری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئێستا لە واشنتنە بۆ ئەوەی لەگەڵ كاربەدەستان و كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا قسە بكات. هیجری دەڵێت مەبەست لە سەردانەكەی بۆ واشنتن ئەوەیە كە هۆشداری بداتە كاربەدەستانی ئەمریكا لەمەڕ سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.

هیجری پێیوایە سیاسەتەكانی ئێران بەهێزكردنی داعشیش دەگرێتەوە تاوەكو باڵادەستیی خۆی لە ناوچەكەدا مسۆگەر بكات. ئەو دەڵێت رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی كاربەدەستانی ئەو وڵاتە واڵاتر دەكات لەبەرامبەر هاووڵاتیانی ئێران و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە. هیجری هەروەها دەڵێت پارتەكەی دەستی لە خەباتی چەكداری لە دژی كۆماری ئیسلامی هەڵگرتووە لەبەر خاتری هەرێمی كوردستان، بەڵام هەمانكاتیش دەڵێت "ئێمە ناتوانین لەبەر خاتری هەرێمی كوردستان هەتا هەتایە دەست لە خەباتی چەكداری هەڵگرین".

رووداو: بەسەردانێكی فەرمی لە ئەمریكای؟ مەبەستی سەردانەكە چییە؟

مستەفا هیجری: من بە دەستپێشخەری خۆم هاتووم بۆ ئەمریكا و پێشتریش سەردانی ئەمریكام كردووە. ئەمجارەیان بەهۆی ئەو هۆكارانەوە هاتووم كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن. شەڕی داعش، گفتوگۆی نێوان ئێران و رۆژئاوا دەربارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران كە بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم مانگە رێككەوتنێك بكرێت. ویستم بۆچوون و نیگەرانیی خۆمان ئاراستەی ئەمریكییەكان بكەین، دەربارەی لایەنە نێگەتیڤەكانی رێككەوتنێكی لەو شێوەیە لەسەر كورد. هەروەها سەردانی ئەڵمانیا و هەندێك وڵاتی دیكەمان كرد بۆ ئەوەی لە هەمان نیگەرانی ئاگاداریان بكەینەوە. 

رووداو: دەربارەی چی لەگەڵ ئەمریكییەكان قسەتان كرد؟

مستەفا هیجری: ئەوەی كە لەگەڵ ئەمریكی و ئەوروپییەكان جەختم لێكردەوە ئەوە بوو كە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران شتێكی باشە ئەگەر رێگە لە ئێران بگرێت چەكی ئەتۆمی دروست نەكات. ئەوە پێشكەوتنێكی باشە بۆ ئاشتیی ناوچەكە و جیهان. بەڵام لایەنە نێگەتیڤەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی زۆر بەلای ئێمەوە گرنگن. بۆ نموونە لابردنی گەمارۆی ئابووری كە وا لە ئێران دەكات بتوانێت بە ئازادانە نەوتی خۆی بفرۆشێ. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران ئاسانتر داهاتی دەستبكەوێ، ئەوكات بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەست لە كاروباری ناوچەكە وەردەدات. دەستی ئێران واڵاتر دەبێت لە "هەناردەكردنی شۆڕش" بۆ ناوچەكە و هاوكاریی زیاتری هاوپەیمانەكانی بكات، لەوانە رژێمی بەشار ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن. ئەمە سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا زیاتر دەكات و لە ئەنجامیشدا بارگرژی و شەڕی زیاتر لە ناوچەكەدا روودەدات.

 ئێران دەیەوێت داعش بەهێزتر بێت 


هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەم مەسەلەی داعشە. ئۆباما پێشتر رایگەیاند كە ئێران و ئەمریكا چەند خاڵێكی هاوبەشیان هەیە. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێران شەڕی داعش ناكات. ئێران یەكێكە لەو لایەنە سەرەكیانەی كە دەیەوێت داعش بەهێزتر بێت. ئەمە لە دەزگا نهێنییە باوەڕپێكراوەكانەوە بیستوومانە كە لە ناوخۆی ئێراندان. ئەمە شرۆڤە و شیكاركردن نییە. راستییەكانی سەر گۆڕەپانەكەش ئەوە دەردەخەن. كەوتنی مووسڵ و رومادی بەڵگەی ئەو سیاسەتانەی ئێرانن بۆ بەهێزكردنی داعش. 
 

رووداو: دڵنیای كە ئێران لە پشت كەوتنی مووسڵ و رومادییەوە بوو؟

مستەفا هیجری: بەڵێ، بەپێی سەرچاوەكانی ئێمە و راستییەكانی سەر گۆڕەپانەكە. ئەگەر ببینی، دروشمەكانی داعش دژە شیعەیە، بەڵام داعش هێرش ناكاتە سەر ناوچە شیعەكان. كاتێك كە مووسڵ كەوت، هەموو كەس چاوەڕێی ئەوەی دەكرد كە ئەو گرووپە بەرەو بەغدا بكەونەڕێ. بەتایبەتی دوای ئەوەی كە سوپای عێراق ورەی رووخابوو، بەڵام لەبری بەغدا ئاڕاستەی بەرەو كوردستان گۆڕی.

 ئێران لە پشت كەوتنی مووسڵ و رومادی بوو 


چونكە ئێران ئەوەی دەویست. ئێران دەیەوێت شارستانیەت و شوناس و هونەر و كولتووری عێراق وێران بێت و پێكهاتەی عێراق بگۆڕێت. لەوەش زیاتر، تاران دەیەوێت عێراق وەكو ئێرانێكی دیكە لێ بكات. بۆ نموونە دروستكردنی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە مەشقی پێدەكرێت و چەكی پێدەدرێت. ئەمە بۆ ئەوەیە كە عێراق بە تەواوەتی لە رووی سەربازییەوە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بێت. 
 
كشانەوەی سوپای عێراق لە رومادی بۆ ئەوەبوو كە شەرعیەت بە ناردنی حەشدی شەعبی بۆ ئەنبار بدات. ئامانج ئەوەیە كە هەر شتێك لە دوای داعش بەجێماوە وێران بكرێت. بینیمان لە تكریت باڵەخانەكان تەختكران و ئاگریان تێبەردرا لەلایەن حەشدی شەعبیەوە و خەڵكی ئاوارە كران. لەبەرئەوە بێ هۆكار نییە كە ئاوارەكانی ئەنبار رێگەیان پێنادرێ بچنە بەغدا. ئامانج پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە سوننە. ئەمانە هەموو بەشێكن لە ماستەر پلانێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی كە عێراقێك دروست بكات تەنیا خۆی تێیدا حاكم بێت.

داعش ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بەرەو پێشتر دەبات
   


بەلای ئێرانەوە هێشتا سیناریۆی سەدام حوسێنێكی دیكە لە عێراق لە ئارادایە. لەبەرئەوە ئەوان دەیانەوێت ئەمە لە رێگەی هەر كەس بۆخۆییەوە دروست نەبێت. لەلایەكەوە ئێران ئاراستەی هێرشی داعش بەرەو كوردستان دەگۆڕێت، لەلایەكی دیكەش دێت و دەڵێت "من هاتووم تاوەكو هاوكاریت بكەم". تاران دەست دەخاتە نێوان پارتە كوردی و پارتە شیعیەكانەوە بۆ ئەوەی بە زاڵی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە بە كورتی، داعش ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بەرەو پێشتر دەبات. بەڵام بەداخەوە، رۆژئاوا نازانێ ئامانجەكانی ئێران لە ناوچەكەدا چییە. بۆیە لەم سەردانەماندا، دەمانەوێ رۆژئاوا لە پلان و ئامانجی ئێران لە ناوچەكەدا ئاگادار بكەینەوە. 

 

رووداو: دەتەوێت بڵێی ئامانجی ئێران تەنیا ئامانجی سیاسی و سەربازی نین، بەڵكو كولتووریشن، لە رێگەی وێرانكردنی كولتوور و شارستانیەتی عێراقیەوە؟

مستەفا هیجری: بە دڵنیاییەوە. ئامانجی ئێران ئامانجی درێژمەودان. ئێران دەیەوێت بە كاریگەری بمێنێتەوە لە داهاتووشدا. ئەمەش دەكرێت لە رێگەی سڕینەوە و گۆڕینی كولتوور و شارستانیەتی عێراقەوە  بەدەست بێت. دەسەڵاتداری راستەقینە لە بەغدا ئێرانە، ئەمەش دەكرێت لە رێگەی مەشق و راهێنانی سوپای عێراقەوە لە رێگەی حەشدی شەعبیەوە درێژەی پێ بدرێت. ئەمە تەنها لە عێراق نییە، بەڵكو لە سووریا و یەمەن و هەر شوێنێكی تریش كە بتوانێت دەیكات. 

رووداو: رێككەوتنی ئەتۆمی چ كاریگەرییەكی نێگەتیڤی لەسەر كورد دەبێت؟

مستەفا هیجری:  ئەمە مەترسییەكە و ئێمە بە ئەمریكیەكانیشمان راگەیاندووە كە رێككەوتنی ئەتۆمی رەنگە وا بكات چاو لە ئاستی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران دابخرێن. ترسمان هەیە ئەمریكا چاوپۆشی لەو توندوتیژیانە بكات كە ئێران دەیانكات. لە ژێر گەمارۆدا، ئێران بۆی نییە چەك بفرۆشێت، بەڵام هێشتا بایی 10 ملیار دۆلار چەكی بە عێراق فرۆشتووە، كەچی ئەمریكا چاوپۆشی لێدەكات و باسی ناكات. چەكداركردنی گرووپەكان شتێكی ترە كە ئێران دەیكات و ئەمریكاش بێدەنگیی لێ دەكات بە خاتری رێككەوتنی ئەتۆمی.
 

 رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و رۆژئاوا بە زیانی كورد و نەتەوەكانی دیكە دەشكێتەوە 

    

وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوایە لابردنی گەمارۆ سوودی بۆ خەڵكی ئێران دەبێت و كوردیش لەو نێوەندەدا سوود دەبینێ. بەڵام ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە بەو شێوەیە بیر بكەیتەوە، چونكە رژێمی ئێران هیچ بەرژەوەندیەكی لە گەشەپێدانی باری خەڵكی ئێراندا نییە. هەموو پارە و داهاتەكەی بۆ بەهێزتركردنی دەزگا ئەمنی و سەربازیەكانی دەبێت و بۆ ئەوە دەبێت كە گرووپی دەرەوەی ئێرانی پێ چەكدار بكات، ئەمەیە ئامانجی تاران. ئەنجامیش هیچ سوودێك بۆ خەڵكی ئێران ناڕوات. 
 
رووداو: دەربارەی هەڵوێستی ئەمریكا لەمەڕ رووداوەكەی مەهاباد چۆن دەفكرن؟

مستەفا هیجری: ئەمریكا هەڵوێستی دەربارەی رووداوەكەی مەهاباد نەبوو. هێشتا سەد كورد لە زینداندان و ئەشكەنجە دەدرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. تاران دەیەوێت سزای قورس بەسەر ئەو كوردانەدا بدات بۆ ئەوەی كورد بترسێنێ و شتی لەوشێوەیە دووبارە نەكەنەوە. بەداخەوە هەڵوێستی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی هیچ جێی رەزامەندی نەبووە و ناكرێت پشتیان پێ ببەسترێ. 

رووداو: هیچ كەناڵێكی دیپلۆماسیتان لەگەڵ تاران هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی سیاسی؟
مستەفا هیجری: هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ تاران نییە و پێمانوانییە كە ئێران هیچ هەنگاوێك بۆ پێدانی مافی نەتەوەكان دەگرێتەبەر. ئێران بڕوای بە مافی كورد نییە. ئەزمونی رابردوومان نیشانی داوە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بێسوودە. ئەمە لەبەرئەوە نییە كە ئێمە بڕوامان بە دیالۆگ نەبێت، بەڵكو ئێران بڕوای پێ نییە. 

رووداو: دوای هاتنی حەسەن رووحانی، نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە؟

مستەفا هیجری: حەز دەكەم ئەوەت پێ بڵێم كە گۆڕینی كاربەدەستانی ئێران- لە وەزیرەوە بۆ سەرۆكەكانیان- هەمووی بێسوودە و بۆ جوانكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن كە هەڵبژاردنیان هەیە و حكومەتیان هەیە و پەرلەمان و دادگایان هەیە. ئەوانەی كە لە ئێران هەڵدەبژێردرێن هەمان ئایدیۆلۆژییان هەیە. كاتێك كە دێن و هەندێك بەڵێنی هەڵبژاردن دەدەن، ئامانج لێی راكێشانی خەڵكە بۆ سندوقەكانی دەنگدان.

 جیاوازی نێوان رۆحانی و نەژاد تەنیا شێوازی قسەكردنیانە
  



بەڵام كە كار دێتە سەر كاركردن، هیچ ناكەن. رووحانی نموونەیەكی زیندووی ئەمەیە. ئەو بەڵێنی زۆری بە كورد و كەمینەكان دا. بەڵام شتەكان خراپتربوون، بەپێی ئەو داتایانەی كە رژێم بڵاوی كردوونەتەوە، خەڵكی زیاتر لە سێدارە دەدرێن لە ژێر دەسەڵاتی روحانی وەكو لەكاتی سەرۆك ئەحمەدی نەژاد. تەنیا جیاوازیی نێوان روحانی و ئەحمەدی نەژاد شێوازی قسەكردنیانە. ئەگەرنا ئایدیۆلۆژیا و پرۆگرامەكەیان یەكە. 
 

رووداو: پلانتان هەیە دەست بە خەباتی چەكداری لە دژی ئێران بكەنەوە؟

مستەفا هیجری: پلانمان هەیە دەست بە خەباتی پێشمەرگەكانمان بكەینەوە. نیازمان نییە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران رووبەڕوو ببینەوە، بەڵام دەمانەوێت

پلانمان هەیە دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی بكەینەوە
   

پێشمەرگە و كادیرەكانمان لە ئێراندا بن و پەیوەندییان لەگەڵ خەڵكی هەبێت. بەڵام ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر پێشمەرگەكانمان، ئەوكات ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن. ئەمە پرۆگرامی ئێمەیە. بەڵام چەند كۆسپێك لەگەڵ پەكەكە هەیە كە دەمانەوێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەریان بكەین. 
 
رووداو: پێتوانییە كە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری كێشەی دیبلۆماسی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات؟

مستەفا هیجری: رەنگە ئێران فشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە چەندین ساڵە چالاكیەكانمان راگرتووە بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەبێت. بەڵام ئێمە ناتوانین هەتا هەتایە چالاكییە چەكداریەكانمان راگرین، بەخاتری ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی ئاڵۆزی نەبێت. پێموایە كێشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر پارتە كوردییەكان بە یەكدەنگی وەڵامی تاران بدەنەوە، دەكرێت كێشەكان لە خۆیان دووربخەنەوە.

23/6/2015

ypd

 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گرێ سپی لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی PYDـەوە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کە تورکیا سوپاسگوزارە لە دوورخستنەوەی داعش لەلایەن PYDـەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە تورکیا بەهەموو جۆرێک درێژە بە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەدات، لەهەمانکاتدا چاوپۆشی لەوە ناکات کە PYD هێڵە سوورەکان بشکێنێ.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی حورییەتی تورکی کەوتوون، ئەو راپۆرتە رەزامەندی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و هێزە چەکدارەکانی تورکیای وەرگرتووە، کورتکراوەی راپۆرتەکە بەمشێوەیەیە:

- تورکیا داعش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینێت، ئامادەیە درێژە بە ئەرکەکانی بدات لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

- مەرجەکانی تورکیا گەیەندراونەتە باڵاترین دەسەڵاتی PYD ، کە تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو نابێ هاوئاهەنگی لەگەڵ رژێمی سووریادا بکات، هەڕەشە نەبێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، لەگەڵ خەڵکی سووریا بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا بدەن، مانەوەی PYD لەدەرەوەی ئەو هاوبەشییە قەبوڵ ناکرێ.

- بەرەنگاربوونەوەی PYD لەگەڵ داعش هاوسۆزی هەموو دونیای بۆخۆی راکێشاوە، تورکیاش سوپاسگوزاری پاشەکشەپێکردنی داعشە، هەر بۆیە تورکیا دژی هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی بۆ PYD نەوەستایەوە.

- دەکرێ لە باکووری سووریا زەمینە بۆ هەرێمێکی ئارامی تورکیا بەدوور لە ئەسەد و داعش ئامادەبکرێت. 

-تورکیا رێگری هاتن و چوون نەگرێت لە سنووری ئاچککالە گرێ سپی.

- هێشتا راستگۆیی تورکیا لەهەمبەر بەرەنگاربوونەوەی داعش پرسیاری لەسەرە، پێویستە ئەو زیهنیەتە بگۆڕدرێ کەپێیوایە سەرچاوەی یارمەتی مرۆیی و لۆجیستی داعش بەرێگای تورکیا دەگات.

22/6/2015

ali taibnya waziri aburi eran

 

عەلی تەیبنیا، وەزیری ئابووری و دارایی ئێران رایگەیاند، بە لادانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر وڵاتەکەی کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر ناکرێن.

لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا، تەیبنیا رایگەیاند "مەگەر پێش سەپاندنی گەمارۆکان، ئێران کێشەی ئابووری نەبووە تا ئێستا بە لادانی گەمارۆکان چارەسەربکرێن!".

سەرەڕای ئەوەش وەزیری ئابووری و دارایی ئێران باسی ئەوە دەکات : " لادانی گەمارۆکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کێشە ئابوورییەکان ئاسانتر چارەسەر بکرێن".

پاش تووندبوونی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لە ساڵی 2012 دا، ئابووری ئەو وڵاتە رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە.

ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە دانوستاندنێکی دژواردان بۆ ئەوەی لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە تا کۆتایی ئەم مانگە بگەنە رێککەوتن.

22/6/2015

rudaw payamneran

 

پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو هەموو رۆژێک لە بەرنامەی نووڕۆژ، نوێترین زانیاریی و هەواڵی ناوچەکانیان دەگوازنەوە.

کەرکووک.. 13 ملیار دینار لە بودجەی پەرەپێدان رەوانەکراوە

هونەر ئەحمەد، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) لە کەرکووک زانیاری لەبارەی ناردنی بودجە و مووچەی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن بەغداوە گواستەوە و گوتی: "ئەو بودجەیەی رەوانەی کەرکووک دەکرێ 13 ملیار دینارە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی عێراق، کۆی گشتی بودجەی خەمڵێنراو بە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان و پترۆدۆلاریشەوە 388 ملیار دینار دەبێت لە بودجەی ساڵی 2015، بەڵام وەک سەرەتا و وەکو سولفەیەک تەنیا 13 ملیار دینار رەوانەی کەرکووک کراوە."

هونەر هەروەها گوتی، لە کەرکووک بەڵێندەران چاویان لەو 13 ملیارەیە کە رەوانەی کەرکووک دەکرێ، بەڵێندەران دەڵێن زۆربەی پڕۆژەکان وەستاوەن، پێشووتریش ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بەڵێنیدابوو بەشێک لە بەڵێندەرەکان پشکیان لەو بڕە پارەیەدا هەبێت، بەڵام دواتر کە ناڕەزایی بەڵێندەرەکانی دیکەی لێکەوتەوە، ئیدارەی کەرکووک لەو بەڵێنە پاشگەز بووەوە. دواتر بڕیاردرا هەر بەڵێندەرێک 5 ملیۆن دیناری پێبدرێت.

دێرسیم.. ئاسایش چەند کەسێک دەستگیر دەکەن

سەرکان ئینجە، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) لە دێرسیمەوە، زانیاری ئەوەی گواستەوە کە، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 21-6-2015  هێزەکانی تایبەتی ئاسایش لە سێ شوێنی جیاوازی دێرسیم، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر بەرەی ماف و ئازادییەکان دەستپێکردووە و چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە.

هەروەها لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی تورکیا گوتی، کە رۆژی هەینی 19-6-2015 رۆژنامەی پۆستە-ی تورکی ئاشکرایکردووە، کە پارتی داد و گەشەپێدان AKP و پارتی نەتەوەپەرستی تورک MHP لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش رێککەوتوون، بە جۆرێک کە ئاکەپە 8 وەزارەت بداتە مەهەپە، سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ مەهەپە بێت، هەروەها ناوی پڕۆسەی ئاشتی بگۆڕدرێ بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا.

دهۆک.. سەنتەری ئاشتی و پاراستنی مرۆڤایەتی دەکرێتەوە

سلێمان ئالیخان، بەرپرسی نووسینگەی دهۆک-ی (تۆڕی میدیایی رووداو) لە دهۆک رایگەیاند، کە زانکۆی ئەمریکی لە شاری دهۆک سەنتەری ئاشتی و پاراستنی مرۆڤایەتی دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە دوو ساڵ بەسەر کردنەوەی ئەو زانکۆیە تێدەپەڕێت.

هەروەها ئەمڕۆ کاژێر 11 ی سەرلەبەیانی د. فارس بریفکانی، سەرۆکی لێژنەی تەندرووستی لە پەرلەمانی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدەدات و قسە لەبارەی رەوشی تەندروستی ئاوارەکانی ئەو دەڤەرە دەکات. کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە لە نووسینگەی دهۆکی پەرلەمانی عێراق دەبێت.

بەغدا.. لیژنەی دارایی پەرلەمان و بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە

بەهمەن حەسەن، پەیامنێری(تۆڕی میدیایی رووداو) لە بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بانکی ناوەندی بەشداریی تێدا دەکات، بەڵام گوتی کە تاوەکو ئێستا دیار نییە کۆبوونەوەکە کاژێر چەند بەڕێوەدەچێت و کێ ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست پەیامنێری(تۆڕی میدیایی رووداو) گەیشتوون کۆبوونەوەکە دانانی رێوشوێنێک دەبێت لەبەرامبەر ئەو بازرگانانەی کە هەڵکشان و داکشان بە نرخی دۆلار دەکەن بەرامبەر بە دیناری عێراقی، هەروەها قسەکردن دەبێت لەبارەی پێدانی بڕێک دۆلار بە نووسینگەکان و وەبەرهێنەرەکان و بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

هەروەها لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیارێک دەخاتەبەردەم بانکی ناوەندی عێراق بۆ بوونی هەماهەنگی لە نێوانیان، بۆ ئەوەی رێگە لە بەرزبوونەوەی دۆلار بگرن لەبەرامبەر دیناری  عێراقی.

بەهمەن زانیاری ئەوەی گواستەوە کە زانراوە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، سیناریۆیەک بووە لەلایەن هەندێک لەگەورە بازرگانانی عێراقییەوە داڕێژراوەو دەستی چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقیشی تێدابووە.

ئیستەنبوڵ.. باس لە نزیکبوونەوەی مەهەپە و ئاکەپە دەکرێت

رەسەن رەمزی، پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی، دوای تێپەڕینی 2 هەفتە بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا (7 ی حوزیرانی 2015) ئاڕاستەی گفتوگۆکان و ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدان AKP و پارتی گەلی کۆماری CHP زیاتر بووە.

دوو رۆژە باس لە نزیکبوونەوەی مەهەپە و ئاکەپە دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە پەراوێزدا باس لەوە دەکرێ کە ئاکەپە توانیویەتی مەرجەکانی مەهەپە سووکتر بکات، بۆیە قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کە 8 وەزارەت و سەرۆکی پەرلەمان و 2 جێگری سەرۆکوەزیران دەدرێتە مەهەپە.

21/6/2015

 

 

سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 21-6-2015  تەقینەوەیەکی خۆکوژیی لەبەردەم بارەگای ئاساییشی قامشلۆ روویداوە و چەندین کوژراوو برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی( تۆڕی میدیایی رووداو)، تەقینەوەکە لەبەردەم ئاسایشی ناو شار لەناو بازاڕی قامشلۆ روویداوە و لەئەنجامی تەقینەوەکەش 2 لە کارمەندانی ئاسایش شەهیدبوونەو 4 ئاسایشی دیکەش بریندارن.

ئاشتی تیشی، پەیامنێری رووداو لەشوێنی رووداوەکە رایگەیاند:" تەقینەوەکە خۆکوژێکی عەرەب بەجلی ئاسایشەوە ئەنجامیداوە و سەرەتا تەقەی لە ئاسایشەکان کردووە و دواتر خۆی پێدا تەقاندوونەتەوە".

21/6/2015

anjila julaiiii

 

ئاوارە کوردە ئێزدییەکانی باشووری کوردستان کە روویان لە باکووری کوردستان کردووە نامەیەک دەدەنە ئەنجێلینا جولی، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی و داوای لێدەکەن کە وڵاتانی ئەوروپا وەک پەنابەر وەریانبگرێت.

جولی، کە هاوکات نوێنەری نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکانیشە رۆژی شەممە 20ی حوزەیران سەردانی کامپی ئاوارەکانی شەڕی داعشی کرد لە شارۆچکەی میدیات لە باکووری کوردستان و لەوێ کوردە ئێزدییەکان نامەیەکیان پێداوە کە تێیدا داواکراوە"منداڵ و ژنەکانمان لێرەش هەست بە مەترسی داعش دەکەن، ناتوانین بەم ترسەوە بگەڕێینەوە خاکی خۆمان".

 لەکاتی بەستنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، ئەنجلینا جولی ئاماژەی بەوەدا، کە" ئەو چاودێری دۆخی پەنابەرە کوردە ئێزدییەکان دەکات لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا".

ئەنجلینا جولی لە قسەکانیدا گوتی: " دەزانم بەشێکی زۆریان خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین لە وڵاتانی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی لە دیدارەکانی پێشووم لەگەڵیاندا داوای باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان دەکرد لە کەمپەکان".

جولی گوتیشی : "بەداخەوە، من سەرۆکی یەکێک لەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نیم، بەڵام لێرەوە داوا لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەم، دەرگەکانیان بەڕووی پەنابەرە کوردە ئێزدییەکاندا بکەنەوە و چارەسەرێک بۆ پاراستنی ئەو کەسانە بدۆزنەوە، کە ناتوانن لە وڵاتەکانیان بمێننەوە".

22/6/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان