هاوسەرۆکی پارتی کۆنگرەی دیموکراتی KCDرایدەگەیەنێت "هەر لایەنێک لە پشتی خۆپیشاندانەکانی پەیدانی تەقسیم ـ ەوە بێت یاخود پێشڕەوی بکات، هیچ بەهایەکی ویژدانی و ئەخلاقی لەبەرچاو نەگرتووە" . پارتی گەلی کۆماریشی تۆمەتبار دەكات بەوەی هەلی خۆپیشاندانەکانی قۆستۆتەوە بۆ مەرامی خۆی.
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی پارتی کۆنگرەی دیموکراتی KCD لەکاتی دانانی بەردی بناغەی پارکی "مەمەت ئوزون" باسی لە رووداوەکانی "گەزی پارک"ی مەیدانی تەقسیم کرد و وێڕای پشتیوانی لە داوای خۆپیشاندەران رایگەیاند: "بەشداریکردنی سرری سورەییا، ئەندام پەرلەمانی ئەستەنبوڵی BDP لە خۆپیشاندانەکان بە نوێنەرایەتی پارتەکەمان نەبووە".
گوتیشی: "پشتیوانیکردن لەداوای خۆپیشاندەران بە راست دەزانین، بەڵام ئاراستەکردنی خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەی مەرامە سیاسییەکان بە شیاو نازانین، بۆیە پێمانوایە هەڵوێستی پارتی گەلی کۆماری CHP هەلپەرستانەیە".
دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکانی تورکیا لە 27/5/2013 لە مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ دەستیانپێکرد، مەترسییەکانی شکستپێهێنانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا زیادیانکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی هەریەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و سووریا) هۆشدارییان دایە هاووڵاتیانی خۆیان سەردانی تورکیا نەکەن و خۆیان لە چوون بۆ ئەو شارانە بەدوور بگرن کە خۆپیشاندانەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت.
7/06/2013
34 نوێنەری کورد و سوننەی ئێستا و پێشووی پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا داخوازییەکانی سوننەیان هێناوەتە بەرباس و داوا لە پاڵێوراوان دەکەن گرنگی بە مافی سوننە و کەمایەتییەکانی ناو ئێران بدرێت.
لە نامەکەی نوێنەرانی کورد و سوننەدا هاتووە " لە ده‌ستووردا بێ هیچ جۆره پاساوێکی ئایینی یا یاسایی به‌شێکی زۆر له هاووڵاتییانی سوننه له مافی خۆپاڵاوتن بێ به‌ش کراون و ئەوەش بووەتە هۆی نائومێدی و بێ متمانەیی دەنگدەرانی سوننە".
ئەو نوێنەرانە کە زۆربەیان کوردن، هەروەها دەڵێن "بۆ سوننەکان به‌شداری کردنی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری بووەتە ئەرکێکی یەکلایەنە و ئه‌وانه‌ی به دەنگی خه‌ڵک ئەو پۆستانە بەدەست دێنن، لە دوای هەڵبژاردنیان، بایەخ بە داخوازییە رەوا و یاساییەکانی دەنگدەران نادەن".
جه‌عفه‌ر ئایین په‌ره‌ست، نوێنه‌ری پێشووی مه‌هاباد له پەرله‌مانی ئێران کە یەکێک لەو کەسانەیە کە ئەو نامەیەی واژوو کردووە، بە (رووداو) دەڵێت "ئێستا هەلێک ره‌خساوه که ئێمه ویسته‌کانی خۆمان بێنینه به‌ر باس و له سه‌ریان بدوێین تا بگاته گوێی پاڵێوراوان. داوا دەکەین مادەکانی یاسای بنەڕەتی ئێران لە بارەی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان جێبه‌جێ بکرێت"
.
ئەو هەروەها گوتی:" کە دەیانەوێت داخوازییەکانیان لە چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ره‌تی ئێران‌دا بێنه‌دی".
هەر لەم بارەدا، مه‌عروف سه‌مه‌دی نوێنه‌ری پێشووی شاری سنه له پەرله‌مانی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەوان وەکو نوێنەرانی خولە جیاوازەکانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ داخوازی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران‌دا دەکەن.
ئاماژه‌ی بەوەش کرد: "ئەگەر پاڵێوراوەکان گرنگی بە دەقی ئەو نامەیە بدەن، رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەچێتە سەر".
خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكانی شار و گوند لە رۆژی 2013/6/14 بەڕێوە دەچێت.
لەو خولەدا جیاواز لە خولەکانی پێشوو پاڵێوراوانی سەرۆک کۆماری لە ئێران گرنگی بە نەتەوە نافارسەکان دەدەن و بە هەوڵی چالاکڤانانی کورد و بەرەی یەکگرتووی کورد دوو پاڵێوراو راگەیەندراوێکی تایبەتیان لەسەر مافی نەتەوە نافارسەکان بڵاو کردووەتەوە.ئەوەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە.
میلان ئارگەش
رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
7/06/2013
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەبۆنەی رۆژی جیھانی ژینگەوە پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان دەکات و داوایان لێدەکات تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە
بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ژینگە داوا لە ھەموو ھاووڵاتییە خۆشەویستەکان و دامودەزگەی حکوومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەم گشت تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی وڵات. کوردستان ژینگە و سرووشتێکی جوان و دڵڕفێنی ھەیە، ئەرکی سەر شانی ھەموومانە دەستی پێوە بگرین و لە پیسبوون و شێواندن بپارێزین.
پێویستە ژینگەپارێزی ببێتە فەرھەنگ و لە ژیانی ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە ڕەنگ بداتەوە.
ژینگەپارێزی و خاوێنڕاگرتنی سروشت کولتوورێکی شارستانی و مرۆڤدۆستانەیە. ئەو گەلەی بتوانێ ژینگە و سرووشت بپارێزێ دەشتوانێ قۆناغەکانی مەدەنییەت و پێکەوەژیان و ئاشتی بە باشترین شێوە ببڕێت و ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانییەتی.
مسعود بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٥/٦/٢٠١٣
پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، رایگه‌یاند كه سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌رانی شاره‌كانی توركیا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ته‌وه، ره‌نگه زه‌ره‌ر له پڕۆسه‌ی ئاشته‌واییش بدات كه ماوه‌یه‌كه له نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و ئه‌و رێكخراوه كوردییه‌دا هاتووه‌ته ئاراوه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، ماوه‌یه‌كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه به‌پێی ئه‌و پڕۆسه ئاشته‌واییه له‌نێو خاكی توركیا كشاونه‌ته‌وه بۆ خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام په‌كه‌كه ده‌ڵێ ره‌نگه ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌مدواییه‌ی توركیا زیان به‌و پڕۆسه‌یه بگه‌یه‌نێت كه ئامانجه‌كه‌ی هێنانی دیموكراسییه بۆ ئه‌و وڵاته.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، په‌كه‌كه ده‌ڵێ "ئه‌وه روون و ئاشكرایه كه ئه‌م توندوتیژیانه‌ی پۆلیس كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه ده‌كرێت، له دژی ئه‌و پڕۆسه دیموكراسیه‌یه كه ئێستا له توركیا هاتووه‌ته ئاراوه".
به‌ڵام په‌كه‌كه له‌و بڵاوكراوه‌یه‌دا روونی نه‌كردووه‌ته‌وه كه له‌و پڕۆسه‌یه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه یانیش به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا به هه‌زاران خۆپیشانده‌ر له چه‌ند شاری توركیا رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌مه‌ش به گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی توركیا داده‌نرێت كه له‌دژی حكومه‌تی ئه‌و ولاته كرابێت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا و هه‌تا ئێستا بووه‌ته هۆی كوشتنی دوو كه‌س و برینداربوونی به ده‌یانی دیكه.
سۆران عه‌لی/ ئا. ر
PNA
6/06/2013
گوتەبێژی پاڵێوراوێکی سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت, بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری لەسەر بەشداری کردنی خەڵک لەو هەڵبژاردنانە نابێت.
گوتەبێژی محەممەد رەزا عارف، پاڵێوراوی خولی یازدەیەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند:" ئەگەر ئەو پاڵێوراوە دەنگ بهێنێتەوە گرنگی بە جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی لەو وڵاتەدا دەدات".
حەسەن رەسوڵی کە لە جێگەی عارف لێدوان بۆ راگەیەندنەکان دەدا، لە درێژەدا دەڵێت: "بۆ ئێمە یەکگرتوویی ئێران گرنگە، بەڵام نابێ ماف و داخوازییە رەواکانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لەبەر چاو نەگیرێت".
سەبارەت بە کاریگەری بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە لایەن زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گوتەبێژی عارف گوتی: "ئەو لایەنە سیاسییانە لە دەرەوەی چوارچێوەی جوگرافیای ئێرانن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە نییە".
ئەو هەروەها پێی وایە کە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن و دەڵێت "لە بارەی بەشداری کردنی خەڵک دڵەڕاوکێمان نییە، چونکە پێشتریش بە پێچەوانەی داخوازی حیزبەکان دەنگیان داوە".
بەشێکی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر بە (رووداو)یان راگەیاندووە "بەهۆی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بە شێوازی دیموکراسی بەڕێوە ناچێ و هیچ شتێکی لە بەرژەوەندی کورد تێدا نابینن، هانی خەڵک دەدەن بەشداری تێدا نەکەن".
بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەنجوومەنی هەماهەنگی ریفۆرم خوازانی کورد لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستا هەڵوێستی ئاشکرایان لەم بارەدا نەبووە و وەکو بۆخۆیان دەڵێن ئەگەر پاڵێوراوێک دان بە مافەکانی کورد دابنێت پشتیوانی لێ دەکەن.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ١٤ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنانەدا بەشداری بکەن.
4/06/2013
وەزارەی هەواڵگری ئێران ناسراوە بە ئیتلاعات دەڵێت گروپێکیان دەست بەسەر کردووە کە ویستوویانە ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسی و ئایینیەکانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران‌دا "تیرۆر" بکەن و بە ئەستۆی دەوڵەتی دابێنن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاوکرایەوە، هاتووە گروپێک دەستبەسەر کراون کە لە لایەن یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی کاری "تێکدەرانە" لە ئێران‌دا دروست کراوە.
ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت یەکێک لە کارەکانی ئەو گروپە ئەوەبووە کە دەیانەویست لە رێگەی "تیرۆر" کردنی کەسایەتییەکانیان، ناکۆکی بخەنە نێونەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لەو وڵاتەدا.
لە درێژەی ئەو باسەدا هاتووە "ئەو گروپە دەیەویست دوای تیرۆرکردنی ئەو کەسایەتییانە شەونامە بڵاو بکاتەوە و کوشتنیان بخاتە ئەستۆی دامەزراوە دەوڵەتییەکان".
لەو راگەیەندراوەدا ئاماژە بە ناوی ئەندامانی ئەو گروپە و هەروەها ئەو چالاکییانەی تا وه‌كو ئێستا کردوویانە نەدراوە.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، ئەوە سێیەمین جارە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کردنی گرووپی "تیرۆریستی" لەو وڵاتەدا رادەگەیەنن.
4/06/2013
دەستەی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند ئەمڕۆ شەڕ و پێكدادان له نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK) و سوپای تورکیا له نزیک سنووری عێراق( هه‌رێمی كوردستان) روویداوه..
بەختیار دۆغان، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە بۆ (رووداو) هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و گوتی "لە رۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر له بارەی ئەو رووداوه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه".".
دەستەی ئەرکانی سوپای تورکیا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه گەریلاکانی پەکەکە سه‌ربازێكیان بریندار كردووه.
زەکی شەنگالی، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایه‌تیی کۆما جڤاکێن کوردستان به (رووداو)ی گوتبوو" ئەگەر به‌ڕێكه‌وتیش گەریلایێک شەهید بکرێ، ئەوان پڕۆسەی کێشانەوەی گەریلاکان رادەگرن".
4/06/2013
بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا دەربارەی رووداوەکانی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ، دەڵێت "نابێ توندوتیژی دژی هاووڵاتییان بەکار بهێنرێ، دەبێ ئەردۆغان دەست لەکار بکێشتەوە".
بە هۆی بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی و کوشتنی نزیکەی 100 هەزار کەس لە سووریا، ئەردۆغان پشتیوانیی هێزەکانی نێو هاوپەیمانییەتی نیشتیمانی سووریا دەکات و چەند جارێک داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەدی کردووە.
سووریا حکومەتی تورکیا تاوانبار دەکا بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ئەستەنبوڵ
رۆژنامەی نیویۆڕک تایمز بڵاویکردووەتەوە، سووریا حکومەتی تورکیا تاوانبار دەکات بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ئەو خۆپیشاندەرانەی (بەشێوەیەکی مەدەنیانە) خۆپیشاندان دەکەن، داواشی لە ئەردۆغان کردووە سنوورێک بۆ توندوتیژییەکان دابنێ.
رووداوەکانی 6 رۆژی رابردووی مەیدانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ، کە تێیدا هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسک‌ڕێژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران، وایکرد بەشار ئەسەد بڵێت "گەلی تورک شایانی توندوتیژییەکی لەمشێوەیە نین، دەبێ ئەردۆغان دەستلەکار بکێشێتەوە".
3/06/2013
ژمارەیەک کەلوپەلی شوێنەواری بە نرخ، کە لە سووریا دزراون لە تورکیا دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەناو ئەو کەلوپەلانەدا ددان و ریشی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) هەن، کە لەنێو مزگەوتی ئومەوی لە حەلەب پارێزرابوون و لەلایەن باندێکی دزیکردنەوە لە وڵاتی سووریا دەدزرێن و لە تورکیا دەفرۆشرێنەوە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی هێزەکانی وەزارەتی ناو خۆی سووریا ئەنجامی داوە، ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری وەک مزگەوت، کتێبخانە، دەستنووس و مۆزەخانە لە شام و حەلەب بۆمباران کراون، ئەم بۆمبارانکردنەش دەرفەتی داوەتە دەستی باندەکانی دزیکردن بۆ ئەوەی پاشماوە مێژووییەکان بدزن.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی تورکیا ئەو کەلوپەلانە لە رێگەی ناوچەی هاتای باشووری تورکیا و شارۆچکەی کیلیس و ئورفا دەهێنرێنە تورکیا و لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر دەفرۆشرێنەوە.
لەناو ئەو کەلوپەلانە, ددان و ریشی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) هەن
لەناو ئەو کەلوپەلە بەنرخانەی لە تورکیا فرۆشراون، دەستنووسی تەسەوف، فیقهـ و تەفسیری سەر بە قوتابخانەی ئیبن عەرەبی هەن. هاوکات لە مۆزەخانەی نیشتیمانی شامەوە کەلوپەلی مێژووی دەورانی سەلجوقی، ئومەوی، عەباسی و عوسمانی لەناو کەلوپەلە دزراوەکانن.
کەلوپەلە مێژووییەکان دەفرۆشن و چەک دەکڕن
ناوچەکانی هاتای و روها (ئورفا) لە باشووری تورکیا ئەو رێگایەن، کە کەلوپەلە مێژووییەکانی سووریای لێوە دەگەنە تورکیا و دەفرۆشرێن. بەپێێ زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی تورکیا، ئەو گرووپانە کەلوپەلەکانیان بە نرخی 100 تاوەکو هەزار دۆلار دەفرۆشن، ئەمە لە کاتێکدا هەمان کەلوپەل کڕیاری ئەوروپی بە 50 تاوەکو 100 هەزار دۆلار دەیکڕێت. جگە لە تورکیا، لوبنانیش بازاڕێکی دیکەی ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانە، عەممانی پایتەختی ئوردونیش وەک (بۆرسەی رەش)ی فرۆشتنی مێژووی سووریا ناسراوە.
3/06/2013
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم رایگه‌یاند، بڕیاره ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به هاوكاریی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عێراق و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی دیكه، ده‌ست بكات به هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی مه‌عمه‌ل قیڕی نزیك شاری هه‌ولێر.
فوئاد عوسمان له لێدوانێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند، ئه‌و گوَره بهكوَمهڵه ده‌كه‌وێته دووریی 2 كیلومتر له باشووری شاری هه‌ولێر كه به گوَرستانی مه‌عمه‌ل قیر ناسراوه و بڕیاره له‌لایه‌ن تیمه هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی مافی مروَڤی عیراق و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی له هه‌رێمی كوردستان و عیراق هه‌ڵبدرێته‌وه.
گوتیشی به‌پێی یاسای ژماره 5ی تایبه‌ت به پاراستن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گوَڕه بهكوَمهڵهكانی عیراق و وه‌كوو مه‌رجی پاراستنی شوێنی تاوان، له روَژانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م گوَره بهكوَمهڵهدا، ته‌نها ئه‌و تیمه تایبه‌تانه‌ی كه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ده‌توانن ئاماده‌بن، به‌ڵام له روَژی كوَتایی هه‌ڵدانه‌وه‌دا، له رێگای كوَنگرهیهكی روَژنامهوانییهوه، ورده‌كاریی كاره‌كان و ژماره و شێوازی شه‌هید بوونه‌كه‌یان بوَ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن روون ده‌كرێنه‌وه.
باسی له‌وه‌ش كرد، قوربانیه‌كانی ئه‌م گوَڕه بهكوَمهڵه، له به‌شی ئه‌منی سه‌رووی شاری هه‌ولێر و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی رژێمی له‌ناوچووی عیراق له سێداره‌دراون یان فیشه‌ك باران كراون.
فوئاد عوسمان روونیشی كرده‌وه به‌ده‌ر له‌وه‌ش لیژنه‌كه كاری دیكه‌ش ده‌كه‌ن و له‌وانه به نیازن هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا بچن بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه و سنووری بادینان، بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی به كۆمه‌ڵ.
دڵشاد ئه‌حمه‌د/ ئا. ر
3/06/2013
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانی ژمارە 5210 و بە ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وادەی هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی كوردستانی کوردستان دیاریكرد.
لەو فەرمانەی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە" پاڵپشت بە بڕگەی یەكەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاو ناحییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەی 21 لە ساڵی 2011، پاش راوێژ لەگەڵ دەستەی گشتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بەدیاركردنی رۆژی 21/9/2013 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان".
فەرمانەکە ئاماژە بەوەدەکات"وەزارەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان كاری پێویست ئەنجام دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان لە رێگای لێژنە پێكهێندراوەكان".
3/06/2013