رووداو-ئاژانسەكان
6/08/2013
سەرۆكی كۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێران رایگەیاند: وڵاتەكەیان لەسەدا ٣٠ پێداویستیی گازی عێراق دابین دەكات و ئەمە دابین کردنی لەسەدا ٧٠ی پێداویستی گازی شاری بەغدا دەگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی پرێس تی ڤی ئێرانی، جەواد ئۆجی سەرۆكی كۆمپانیای گازی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: بەپێی گرێبەستە نوێكەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، ناردنی گازی ئێران بۆ ئەو وڵاتە دوو قات زیاد دەكات.
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، حكومەتی تاران بڕی ٨ ملیار تمەنیان لە دروستكردنی بۆڕی گواستنەوەی گازی ئێران بۆ عێراق خەرج كردووە كە درێژییەكەی ٢٢٧ كیلۆمەترە.
سەبارەت بە دەستكەوتی وڵاتەكەشی لەو گرێبەستەیان لەگەڵ عێراق، جەواد ئۆجی گوتی: " لەبەرامبەر هەناردەكردنی رۆژانەی ٢٥ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ عێراق مانگانە بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلارمان دەستدەكەوێت".
سۆران عەلی/م.ش
pna
6/08/2013
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆماری فڕۆکەخانەی مێھرئابادی تاران بەرەو ھەولێر بەڕێکەوت.
نێچیرڤان بارزانی کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان پێکھاتوو لە: فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئازاد بەرواری ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندازیار کامەڕان ئەحمەد وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردنی حکوومەتی ھەرێم، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان "مەسعوود بارزانی" بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران دکتۆر "حەسەن رووحانی" سەردانی تارانی پێتەختی ئێرانی کردبووە کاتژمێر ٣ی دوانێوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆماری فڕۆکەخانەی مێھرئابادی تاران بەرەو ھەولێر بەڕێکەوت.
لەم رێوڕەسمەدا کە ھەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران تێیدا ئامادەبوون، بە ئاڵای ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرا و بە ئیحتڕامی نێزامی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تارانی بەرەو ھەولێر بەجێیھێشت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی یازدەیەمین خولی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداری کرد و لە پەراوێزی ئەم رێوڕەسمەدا چاوی بە چەندین کەسایەتی پایەبەرزی بیانی و ئێرانی کەوت.
مەنسوور جیھانی/X.A
pna
5/08/2013
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دکتۆر "حەسەن رووحانی" بەشداری کرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان پێکھاتوو لە: فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئازاد بەرواری ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندازیار کامەڕان ئەحمەد وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێی کردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی لە پەڕڵەمانی ئێران لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دکتۆر حەسەن رووحانی بەشداری کرد.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاتژمێر ٤٥/٣ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە گەیشتە پەڕڵەمانی ئێران و بە شێوەی رەسمی لە لایەن دکتۆر کازم جەلالی سەرۆکی بنکەی توێژینەوەکانی پەڕڵەمانی ئێران پێشوازی لێکرا و لە بەرچاوی کامێڕاکانی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی جیھان و پەیامنێران و رۆژنامەنووسانی وڵاتانی دنیا و ئێران چوونە ناو سەحنی پەڕڵەمانەوە و لە لایەن نوێنەرانی پەرڵەمان بە تایبەت نوێنەرانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا دکتۆر عەلی لاریجانی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا بەخێرھاتنی میوانانی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دکتۆر حەسەن رووحانی کرد و ئاماژەی بە میوانی تایبەتی ئەم رێوڕەسە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا ئایەتوڵڵا سادق ئامولی لاریجانی سەرۆکی قووەی قەزاەییەی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و لە درێژەدا شێخ حەسەن رووحانی سوێنی یاسایی خوارد و پاشان وتارێکی پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا سوپاسی تەواوی ئەو میوانانە کرد کە لەم رێوڕەسمەدا بەشدارییان کردووە.
لە کۆتایی رێوڕەسمی سوێندخواردنی حەسەن رووحانی، محەمەد رەزا رەحیمی جێگری یەکەمی مەحموود ئەحمەدی نیژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، دکتۆر عەلی لاریجانی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی ئەکبەر ھاشمی رەفسەنجانی سەرۆکی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامی ئێران لە پەڕڵەمانی ئێران چاویان بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەوت و بە گەرمی بەخێرھاتنیان کرد.
میوانانی بیانی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران پاشان بۆ بیرەوەری وێنەیەکیان لەگەڵَ دکتۆر حەسەن رووحانی گرت و بڕیاروایە لە ئێواره خوانێکدا لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەشداری بکەن.
شاندی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام دەدات.
ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بە بەشداری ١٠سەرۆک کۆمار، ٣سەرۆک وەزیران، ٥سەرۆکی پەڕڵەمان، ٦وەزیری دەرەوە، کۆمەڵێک میوانی تایبەت و ھەروەھا نوێنەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تەلاری کۆبوونەەکانی پەڕلەمانی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
مەنسوور جیھانی/X.A
pna
5/08/2013
11 لایەن و رێکخراوی سیاسی کورد، پالپشتی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن
لە راگەیاندراوێكدا كە نوسخەیەكی بە دەست “رۆژ نیوز”گەیشتووە, 11 رێكخراوی “رۆژهەڵات و باشوری كوردستان” داوا دەكەن كە هێزەكانی كورد بۆ شەڕی بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان وەڕێ بكەون.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەیە:
بە خوێنی خۆمان دەسكەوتەكانی “رۆژئاوای كوردستان” دەپارێزین.
گەلی ستمەلێكراوی كوردستان
كۆڕ و كۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستە هۆشیارە جیهانییەكان
ژنان/ لاوان/ قوتابیان/ خوێندكاران
چینە هۆشیار و ئاگاكانی كوردستان
هاوڕێیانی كوردایەتی لە حيزب و رێكخراوە كوردستانییەكان
پاش ئەوەی شۆرشی گەلی رۆژئاوای كوردستان پای نایە قۆناغی تازەی خۆیەوە كە هەمانا قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتێكی كوردی بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان بوو, بە یارمەتیی دەوڵەتانی دژبەری مافەكانی كورد و رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە, لەژێر ناوی گرووپه چهکدارهکانی “دهوڵهتی ئیسلامی ئێراق و بیلادی شام” و “بهرهی نهسرا” كوشتوبڕی بێبەزەییانەی هاوڵاتیانی كوردی رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد و ئەم كوشتوبڕەش لە پێش چاوی كۆڕوكۆمەڵە جیهانییەكان و دەوڵەتانی زلهێز بە ئاشكرا ئەنجام دەدرێت و هیچ هەنگاوێكی پێشگیرانەی بۆ هەڵنەگیراوە.
داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و لاوانی نەتەوەیی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان دەكەین, بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی وڵاتەكەمان لەدەست تیرۆریستان و هێندێک لهوڵاتانی ههرێمایهتی و سڕینەوەی رۆژئاوا لەو چەكدارە پیس و پۆخڵانە, چەكی بەرگری بكەنە شان و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ دەربازكردنی گەلەكەمان لەم كارەساتە مێژووییە.
رێكخراوەكانی بەشدار لەم راگەیاندنەدا بریتین لە:
1- پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان
2- پارتی سەربەستی رۆژهەڵاتی كوردستان
3- بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان
4- پارتی کۆماریی کوردستان
5- بزووتنهوهی نوێبوونی لاوانی کوردستان
6- پارتی سهربهخۆیی کوردستان
7- پارتی ناسیۆنالیستی كورد
8- ناوهندی ههولێری بزووتنهوهی ڕزگاری دیموکراتی کوردستان و
9- ههرێمی ههولێری پارتی نهتهوهیی کوردستان
10- مهڵبهندی سێی ههولێری بزووتنهوی ئاشتیخوازانی کوردستان
11- مهڵبهندی ههولێری حزبی پێشکهوتنخوازی دیموکراتی کوردستان
4/08/2013
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی سەرۆکی ھەرێمی کورستان، مەسعوود بارزانی، کە درێسی ژمارە ١٠ـی بەرشلۆنەی بەدەستەوەیە، ئەمجارە سایتی سپۆرتی کەتەلۆنیا ھەواڵێک لەسەر پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کەتەلۆنیا بڵاو دەکاتەوە و یانەی بەرشلۆنە بە پردی ئەو پەیوەندییە دەزانێت.
دووشەممە (٢٩-ی تەمووزی ٢٠١٣) سایتی سپۆرتی کەتەلۆنیایی بڵاوی کردووەتەوە پێشتر لەلایەن سەرۆکی یانەی بەرشەلۆن، ساندرۆ رۆسێلیەوە داوەتنامەیەک پێشکەشی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کراوە بۆ ئامادەبوون لە یەکێک لە یارییەکانی یانە کەتەلۆنیاییەکە، ھەروەھا درێسێکی یانەکەیشی بۆ ناردووە.
ھەواڵەکە کە لەلایەن تۆنی فریس ڕۆژنامەوانی وەرزشی ئیسپانیاوە ئامادە کراوە ئاماژەیشی داوە کە بەرشەلۆنە تەنھا یانەیەکی ئاسایی نییە و یارییەکی جوان پێشکەش بکات، بەڵکو یانەیەکە بووەتە پردی پەیوەندی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا ھەروەھا بووەتە پردێک بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و وەرزشی و سیاسی.
ھەروەھا ڕۆژنامە ئیسپانیاییەکە ئاماژەیشی داوە لە ئێستادا بارزانی ھەموو ھەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی شاری ھەولێر ببێتە نموونە لە ناوچەکەدا لە ھەموو ڕوویەکەوە. سایتەکە ڕایشی دەگەیەنێت مەسعوود بارزانی ئاواتەخوازە یانەی بەرشەلۆنە بێنە کوردستان و لەگەڵ ھەڵبژاردەی ھەرێمدا یارییەک بکەن.
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە
پاش پەسەندکرانی حوکمی سەرکۆمارێتیی رووحانی لە لایەن خامنەییەوە، چاوەڕوان دەکرێ سەرکۆماری نوێ، لە رۆژانی داهاتووشدا، کابینەی دەوڵەت به پارلەمانی ئەو وڵاتە بناسێنێ.
ئەمڕۆ شەممە[١٢ی گەلاوێژ]، پاش تێپەڕبوونی ٥١ رۆژ بەسەر هەڵبژاردندا، ئایەتوڵا "سەیدعەلی خامنەیی"، رێبەری ئایینی ئێران، لە رێووڕەسمێکدا، حوکمی سەرکۆمارێتیی "حەسەن رووحانی" پەسەند کرد و بەم شێوەسەردەمی ٤ ساڵەی دەسەڵاتداری رووحانی بە شێوەی فەرمی دەستیپێکرد.
رێووڕەسمەکە لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی لە تاران و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە رێبەرانی کۆماری ئیسلامیی، چەند بەربژێری دوا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و باڵوێزی هەندێک لە وڵاتانی بیانی بەرێوەچوو.
بڕیارە سبەی یەکشەممەش، حەسەن رووحانی، لە رێووڕەسمێکی تر لە پارلەمانی ئێراندا، سوێندی یاسایی بخوات و ئەندامانی کابینەی دەوڵەتەکەی بە پارلەمان بناسێنێ.
به گوێرەی یاسای بنەڕەتی ئێران، سەرەتا رێبەری ئایینی ئەو وڵاتە دەبێ حوکمی سەرکۆمارێتی براوەی هەڵبژاردن پەسەند بکات و پاشان پارلەمانی ئەو وڵاتە، لە خشتەیەکی دیاریکراوی زەمانییدا، دەنگی متمانە بە تاک تاکی وەزیرانی کابینەی سەرکۆمار بدات.
"حەسەن رووحانی"، لە هەڵبژاردنی رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بە دەنگی زۆرینەی بەشداربووانی هەڵبژاردندا، وەک سەرکۆماری نوێی ئێران هەڵبژێرا.
ناوبراو لە سەردەمی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا هەندێک لێدوانی ئەرێنی سەبارەت بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئێران دابوو و بەم شێوە دەنگی زۆرینەی کورد و سوننەکانی ئێرانی مسۆگەر کردبوو.
بەرەی یەکگرتووی کورد و رێفۆرمخوازانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەم هیوایە کە رووحانی گۆڕانکاری پۆزەتیڤ لە ئێران لە بەرژەوەندی ئەو کەمایەتییە نەتەوەییە پەراوێزخراوە پێکبهێنێ، بە پێچەوانەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات، داوای لە هاوڵاتییان کردبوو کە بەشداری هەڵبژاردن بن.
nnsroj
3/08/2013
رووبهرنێت – پێنوسەکان / بەرەی نەسرای جیهادی، کە گروپێکی ئیسلامیی جیهادیی تیرۆرستییە، لەژێر سایەی فەتوایەکدا (ماڵ و نامووسی کوردەکانتان لێ حهڵاڵه) لەلایەن ئهبو عهبدولڵا بهقاری، که مهلایهکی ئاینیی عەرەبی سوننە مەزهەبە، له مزگهوتهکانی تلعهران و تلحاسڵهوه بهشێوهیهکی بهردهوام، بانگەشەی بۆ دەکات، نزیکەی ١٨٠ کچ و ژنی کورد کەتەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ٤٠ ساڵیدایە، وەك غەنیمە، ڕفاندووە.
بەپێی زانیاریی ووردی پێنوسەکان، کەلەڕۆژئاوای کوردستانەوە، بەدەستمان گەیشتووە، تاکو ئێستا، تەنها ١٣ کەس لەو کچ و ژنانە، دۆزراونەتەوە و لەلایەن هێزەکانی یەپەگەوە، لەدەستی گروپە جیهادییەکان، ڕزگار کراون.
وێڕای ڕفاندنی ژنانی کورد، وەك غەنیمە، گرووپه تیرۆرستییهکانی ئهلقاعیده، که لهبهرامبهر به شهڕڤانانی کورد توشی شکستی قورس بوون، پهنا بۆ رێ و رێبازی هۆڤانه و دژه مرۆییانه دهبهن، لەو بارەیەشەوە، هێرشیان کردۆتە سهر شارۆچکهی تلعهران و تلحاسڵی سهر به شاری حهلهب و له ئهنجامدا بهلانی کهمهوه ٥٠ کوردیان کوشت و ٣٥٠ ی تریشیان رفاند .
بێجگە لەوەش، چهته و هێزە مسوڵمانە عەرەبە جیهادییەکانی سەربە ئهلقاعیده، بارههڵگرێکیان به دۆشکه گولــله باران کرد، که ٢٠ ژن و منداڵی تێدابوو و له تلعهرانی حهلهب رایاندهکرد، گروپەکە، بارههڵگهرهکەیان، بە ئاربیجی، پارچه پارچه کردوە و هیچ کهسێک به ساخی نهماوهتهوه، لهلایهکی ترهوه ئهو گرووپه چهکدارانه، ههر چییهک بهناوی کوردهوه ههبێت هێرشی دهکهنهسهر. له مزگهوتهکانهوه بانگهوازی کوشتنی کورد دهکهن و خهڵکی ناوچهکهش بۆ خۆڕزگارکردن بهرهو بیابانهکان رادهکهن .
3/08/2013