سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، ڕایگەیاند لێبوردنی گشتی بە هیچ جۆرێك نەخراوەتە بەر باس تا ئەندامانی پەكەكە و ڕێبەری زیندانیكراویان، عەبدولڵا ئۆجەلان بگرێتەوە و گوتیشی كە ئەوان بەڵێنی خۆیایان شكاندووە و توركیایان جێ نەهێشتووە وەك ئەوەی بڕیاری لێ درابوو.
سەرۆكوەزیرانی توركیا، دوێنێ شەممە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دوا و باسی چەندین پرسی گرنگی هەنوكەیی كرد و رایگەیاند ئەو بەڵێنەی كە پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) شكاندی پێوەست بوو بە كشانەوە لە خاكی توركیا و ڕێككەوتنی جێبەجێ نەكرد؛ چونكە تەنیا 20لە سەدی پەكەكە توركیایان جێ هێشتووە و ئەوانیش زۆرینەیان ژن و منداڵن.
دەربارەی داوای كوردیش پێوەست بە پەروەردەی زمانی كوردی، رەجەب تەییب ئەردوغان گوتی: "ئەم بابەتە لە بەرنامەی كاری ئێستاماندا نییە؛ چ لە قوتابخانەی تایبەت و هیی گشتیشدا." بەڵام ئاماژەیشی بە پاكێجێكی چاكسازی دا بێئەوەی نێوەرۆكەكەی بخاتە ڕوو.
پەكەكە لە ئازاری ڕابردوودا ئاگربەستیان ڕاگەیاند و لە مانگی ئایاریشدا لە یەكەم گرووپی چەكدارانیان لە خاكی توركیادا كشانەوە، كە بەرەنجامی دانوستانی حكوومەتی توركیا و ئۆجەلان بوو كە لە كۆتایی 2012ـەوە دەستی پێ كرد.
لە بەرانبەردا، پەكەكە داوای لە ئانكارایە، دەستپێشخەری لە بەرژەوەندیی كورد لە توركیا بەرجەستە بكات. حكوومەتیش لە هەوڵدایە پڕۆژەیاسا لەو ڕووەوە ئامادە دەكات تا لە سەبتەمبەری داهاتوودا لە پەرلەمانی توركیادا بخرێتە دەنگدانەوە.
پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ـیش سەرەتای سەبتەمبەری وەك دواوادە بۆ حكوومەتی توركیا دیاری كردووە تا چاكسازی لە سیستمی دیموكراسیدا بكات، ئەگەر نا ئەوا چەك هەڵدەگرنەوە.
لە سكای نیوزەوە
به بۆنه‌ى 67 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان به ئاماده‌بوونى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌کى زۆرى لە سه‌رکرده و نوێنه‌رانى پارت و لایه‌نه سیاسیه کوردستانیه‌کانى ههچوار پارچه‌ى کوردسان و نووێنه‌ر و کۆنسوڵى ولاتانى بیانى له هه‌رێمى کوردستان و جه‌ماوه‌رێکى به‌رچاو ، شەوی رابردوو له شارى هه‌ولێر ؛ ئاهه‌نگێک به‌و بۆنه‌یه‌وه به‌رێوه‌چوو .
لە وتارێکدا فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان کە بەو بۆنەیە خوێندیەوە رایگه‌یاند" پارتى دیموکراتى کوردستان جه‌خت له سه‌ر خزمه‌ت کردنى خه‌ڵک له رێگه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کاته‌وه"
گوتیشى" پارتى قوتابخانه‌ى پێکه‌وه ژیانه، که وه‌ک بارزانى نه‌مر به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و پێکه‌وه ژیانه‌ى له هه‌رێمى کوردستان داڕشتووه"
هاوکات سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى راشیگه‌یاند" شه‌ست و حه‌وت ساڵ له‌مه‌و به‌ر گۆڕانکارى زۆر له سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمى و له سه‌ر ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ڕوویانداوه و روونیشیکرده‌وه که بارزانى نه‌مر به‌شداریه‌کى گه‌وره‌ى له کۆمارى مه‌هاباد و هه‌روه‌ها له چوون و گه‌رانه‌وه‌ى بۆ یه‌کێتى سۆڤێتدا کردووه.
له به‌شێکى دیکه‌ى گووتارهیهکهدا فازڵ میرانى جه‌ختى له‌وه کرده‌وه که پارتى له هه‌ندێ کاتى مێژووى دا به ته‌نیا سه‌رکرده بووه و ئێستاش له پێناوى پێکه‌وه‌ژیانى ته‌واوى ئاین و ئاینزاکان و نه‌ته‌وه‌کان کارده‌کات و پارتى له پێناو پێکه‌وه ژیان کارى کردووه، پێکه‌وه ژیانێک که مسته‌فا بارزانى بناغه‌که‌ى داڕشتووه.
هه‌ر له گووته‌که‌یدا میرانى رایگه‌یاند که پێویسته یه‌کڕیزى ناوخۆى خۆمان بپارێزین و ده‌ستى هاوکارى بۆ یه‌کتر درێژ بکه‌ین و یه‌کتر قه‌بووڵ بکه‌ین، که ئه‌مه‌ش زامنى پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کانه.
هه‌ر له درێژه‌ى قسه‌کانیدا سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى رایگه‌یاند: که سه‌رۆک بارزانى هه‌وڵ و کۆششى زۆرى کردووه له پێناو چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له رێگه‌ى دیالۆگه‌وه و سه‌رۆک بارزانى رۆڵى گه‌وره‌ى له عێراق بینیوه و هه‌روه‌ها گووتیشى پارتى، له‌و ره‌وشه‌ى ئێستاى عێراق نیگه‌رانه ، که‌و رۆژانه له ناوه‌راست و باشوور، کردوه‌وه تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌درێن.
سه‌باره‌ت به پرسى دیموکراسیه‌ت و هه‌ڵبژاردنیش میرانى رایگه‌یاند، که ته‌نها هه‌ڵبژاردن ماناى دیموکراسیبون ناگهینێتـ به‌ڵکو ئێمه ده‌بێت هه‌وڵ بۆ به دیموکراتیزه‌کردنى کۆمه‌ڵگه بده‌ین، که سه‌ره‌نجام ده‌بێته هۆى پاراستنى مافى تاک و کۆمه‌ڵیش ده‌پارێزێت.
ته‌ئکیدیشى له پاراستنى رێککه‌وتننامه‌ى ستراتیژى کرده‌وه و له‌و رووه‌شه‌وه میرانى رایگه‌یاند که رێککه‌وتننامه‌ى ستراتیژى داخراو نیه و کراوه‌یه.
دواتریش سه‌رۆک مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، کێکى شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى دیموکراتى کوردستانی بڕی.
کۆتایى ئاهه‌نگه‌که‌ش به گووتنهوهى چه‌ندین گۆرانى له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک هونه‌رمه‌نده‌وه و هه‌روه‌ها شایى هه‌ڵپه‌ڕکێ ئاهه‌نگه‌که زیاتر رازێنرایه‌وه.
د.ع
بە بۆنەی شەستوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان, سه‌رۆكی هه‌رێم پیرۆزبایی خۆی له كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو گەلی كوردستان كرد، رایگه‌یاند، پارتی هیچ كات لە سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نەكرایەوە، هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و بەردەوامیش ئامادە بووە بۆ بەرگریكردن لە كورد و كوردستان، وتیشی، ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و تەبایی و هەڵسوكەوتی كوردپەروەرانە و نیشتیمانی و سەردەمیانە هەیە.
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی شەستوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو گەلی كوردستان دەكەم. دامەزراندنی پارتی لە 1946ـدا زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتەوەختە ناخۆشانەی كە دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی كپكردنی شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلی كوردیان دەدا.
دامەزراندنی پارتی ئاواتی دوژمنانی لە گۆڕ نا و ئەو پەیامەی بە نەیارانی گەلی كوردستان گەیاند كە گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامبوون لە ئازادیخوازی و خەباتی بێوچاندا. دامەزراندنی پارتی ئەزموونێكی كەموێنە لە مێژووی سیاسیی گەلی كورد بوو. چونكە پارتی بەرهەمی یەكدەنگیی پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆشنبیر و سیاسی و هاووڵاتیی و گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی بوو.
پارتی هیچ كات لە سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نەكرایەوە و توانی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی مێژووی سیاسیی گەلی كورد كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو بەرپا بكات و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان هەتا قۆناغی ڕزگاری و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی و یەكلاییكەرەوەی هەبووە. دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش مایەی ئومێد و بەردەوامبوون لە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد بوو. پارتیی دیموكراتی كوردستان خۆی بە هیچ ئایدیۆلۆژییایەكی بەرتەسك و هزری شۆڤێنی و توندڕۆیی نەبەستەوە و بووە چەترێك بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەژێریدا كۆببنەوە و ئەوە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی بێوێنە و سەردەمیانە بوو لە پێشكەوتنی هزری سیاسی لە كوردستاندا. پارتی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و بەردەوامیش ئامادە بووە بۆ بەرگریكردن لە كورد و كوردستان.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان
ئێستا لە سەردەمێكدا دەژیین كە لەهەموو كاتێك زیاتر گەلەكەمان هیوای بە دواڕۆژێكی گەش و پڕئومێد هەیە و بۆ یەكەمین جارە لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بەنیازی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردن بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیخوازی بۆ گەلانی ناوچەكە بنێرن. بۆیەشە لەهەموو كاتێكیش زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و تەبایی و هەڵسوكەوتی كوردپەروەرانە و نیشتیمانی و سەردەمیانە هەیە. بە پێویستی دەزانم لەم یادە شكۆدارەدا داوا لە گشت ئەندام و لایەنگر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەم بە هەموو هێز و توانایەكیان یارمەتیی پاراستنی برایەتیی و هاودەنگیی نەتەوەیی كوردستانیان بدەن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەرووی بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی حزبی و سیاسی دابنێن. لە یادی 16ـی ئابدا داواتان لێ دەكەم هەموومان بۆ ئەو بەها و ئامانجانە بگەڕێینەوە كە پارتی لەپێناویدا دامەرزرا كە ئەویش ئازادی و ئاشتی و دیموكراسیخوازی بووە و كار بەو بەها و ئامانجانە بكەین و گەشەی پێ بدەین.
لەو یادە پیرۆزە هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان دەنێرم و، 16ـی ئاب لە گشت لایەك پیرۆز بێت.
بژی كورد بژی كوردستان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
15/08/2013
کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری PKK به بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ری ژیانه‌وی 15ی ئابه‌وه لێدوانێکی دا و رایگه‌یاند؛ به ره‌نج و تێکۆشانی رێبه‌ر ئاپۆ ، به‌رخۆدانی شه‌هیدان ، به‌بڕیارداری گه‌لی کورده‌وه، هاواری به‌رزی 15ی ئاب مان گه‌یانده رۆژی ئه‌مڕۆ.
له‌لێدوانه‌که‌ی PKK دا هاتووه:" 15ی ئابی سالی 1984 به رێکخستنی هێزه‌کانی رزگاری کوردستان HRK و به پێشه‌نگایه‌تی PKK پێشکه‌وت و نمونه‌یه‌کی به‌رچاوه له قاره‌مانێتی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی و به‌ده‌ست خستنی هه‌رێمه‌کانی ئه‌روح و شه‌مزینان له مێژووی کوردستان دا تۆمار کراوه ، فه‌رمانداری نه‌مر مه‌عسوم کۆرکماز به وره‌یه‌کی مه‌زنه‌وه له دژی سیستمی داگیرکاری تورک راوه‌ستا ، رێبازی تێکۆشان و خوراگری نیشانی هه‌موو که‌سێکدا، سه‌ره‌تا هه‌ڤاڵان عه‌گید ، ئه‌رداڵ ، به‌دران و هه‌روه‌ها فه‌رمانداران و شه‌ڕڤان و شه‌هیدانی ئه‌م رێگایه له‌م یاده پیرۆزه دا به‌بیر دێنینه‌وه".
PKK له به‌رده‌وامی لێدوانه‌که‌ی دا راده‌گه‌یه‌نێت:"به ره‌نج و تێکۆشانی رێبه‌ر ئاپۆ، به‌رخودانی شه‌هیدان ، به‌بڕیارداری گه‌لی کورده‌وه، هاواری به‌رزی 15ی ئاب مان گه‌یانده رۆژی ئه‌مڕۆ ، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێ له رۆڵی کوردان له رۆژهه‌ڵاتی ناوین له سه‌ده‌ی 21م دا ببینێ ، قه‌ڵه‌مبازی 15ی ئاب له هه‌ر چواربه‌شی کوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوین، رێکخستنی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی ره‌وای پێک هێنا".
کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری PKK له کۆتایی لێدوانه‌که‌ی دا کۆمه‌ڵکوژی رۆژئاوای کوردستانی به‌بیر هێنایه‌وه و داوای له هه‌موو که‌سێکی کرد که به رۆحی هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌رییه‌وه له‌ده‌وری رۆژئاوای کوردستان ببنه‌یه‌ک و داکۆکی له مافه ره‌واکانیان بکه‌ن.
15/08/2013
له ئه‌نجامی هێرشی هێزه ئه‌منییه‌كانی میسر بۆ سه‌ر مانگرتنی ئه‌ندامانی ئیخوان موسلیمین، زیاتر له 500 كه‌س كوژران و محه‌مه‌د به‌رادعی، جێگری سهركۆمار، بۆ ناڕه‌زایی له كوشتنی خه‌ڵك، ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.
به‌پێی راپۆرته فه‌رمییه‌كان له میسره‌وه، له ئه‌نجامی هێرشی دوێنێی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ سه‌ر مانگرتنی لایه‌نگرانی محه‌مه‌د مورسی، سه‌رۆكی لادراوی میسر، لانیكه‌م 500 كه‌س كوژراون و به سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
رۆژنامه‌نووسان و په‌یامنێرانی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ ده‌ڵێن ته‌رمی كوژراوه‌كان هه‌تا چه‌ند سه‌عات دواتریش له شه‌قامه‌كان ده‌بینرا. سه‌رچاوه‌كانی ئیخوان موسلیمین ده‌ڵێن كوژراوه‌كان نزیكه‌ی 2 هه‌زار كه‌س ده‌بن.
هاوكات له ناڕه‌زایی به كوشتنی مانگرتووان و بڵاوه پێكردنی لایه‌نگرانی ئیخوان به زۆری هێزه ئه‌منییه‌كان، محه‌مه‌د به‌رادعی، جێگری سه‌ركۆماری میسر، ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رۆكوه‌زیرانی میسر، حازم به‌بلاوی، له لێدوانێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له كه‌ناڵی ره‌سمیی حكوومه‌ته‌وه، رایگه‌یاند هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌نیا هه‌وڵیان ده‌دا ئاسایش بگه‌ڕێننه‌وه بۆ شوێنه‌كانی مانگرتن.
ئا. ر
بەئامادەبوونی مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە بارزان رێوڕەسمی یادکردنەوەی 30 ەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانیان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکوومەت و نوێنەر و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە کوردستان ئامادەی بوون ، بەرەڤان حەمدی سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری یادەکە لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر مێژووی ئەم کارەساتە و نیشانی‌دا" لەم ڕۆژەدا یادێکی خەمناک دەکەینەوە کە تیایدا 8000 پیر و گەنج ومێرد منداڵ لە کۆمەڵگە زۆرە ملێکان بردرانە چارەنووسێکی نادیار وجەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی عیراق وەکو واریسی حکومەتی پێشوو خانەوادەی ئەنفالکراوان قەرەبۆ بکاتەوە تا تاوانی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەو".
دواتر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە پەیڤەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کوردستان قەرزداری ئەو خانمە عەبا ڕەشانەیە کە بە شەرەفەوە منداڵ ونەوەی خۆیان گەیاندە ئەم رۆژە و دووپاتیکردەوە هەولێر وەک چۆن لە دوای ساڵی 1983لە باوەشی گرتن هەمیشە ئامادەی هەمان هەڵوێستە بۆ پاراستنی کورد وکوردستان وئەمڕۆش هەولێر شوێنی ئارامیە بۆ هەموو عیراق
پاشان د.حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ستایشی رۆڵی هەولێری کرد بۆ ئەم هەڵوێستە کوردانەیان بە داڵدەدانی کەسوکاری جینۆسایدی بارزان هاوکات دووپاتیکردەوە پەرلەمان درێغی لە بە جیهانی ناساندنی ئەم تاوانە ناکات.
لە بەشێکی تری رێورەسمەکەدا ئارام ئەحمەد وەزیری کاروباری شەهید وئەنفالکراوان بەناوی حکومەتی هەرێمەوە سوپاسی هەموو ئامادەبوانی کرد بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە و داوای‌کرد ئەم تاوانە بکرێتە بابەتێکی گرنگی کۆنگرەی نەتەوەیی.
پاشان وتاری کەسوکاری خانەوادەی ئەنفالکراوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بارزان لەلایەن لێهات بارزانی خوێندرایەوە.
لە کۆتایی رێورەسمەکەشدا سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری شەهیدانی جینۆسایدی بارزانیان دانا.
شایەنی باسە بەر لە دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بەیاوەری دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد ولەلایەن شێخ خەڵات بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی پێشوازیان لێ‌کرا.
د.ع
هاوسه‌رۆکى PYD (ئاسیا عه‌بدوڵڵا) رایگه‌یاند که پرۆژه‌که‌ى ئه‌وان سه‌باره‌ت خۆبه‌رێوه‌به‌رى دیموکراتى له رۆژئاواى کوردستان له‌لایه‌ن چه‌ندین که‌س و لایه‌نى سیاسى به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى لێى دهروانرێ و ووتى : "ئێمه له‌و خه‌باته‌دا پێمان ناوه‌ته قۆناخى دووه‌مین . "
هاوسه‌رۆکى پارتى یه‌کێتى دیموکراتى PYD له ناوه‌ندى پارته‌که‌ى له‌شارى قامیشلۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى راگه‌یاندنى ئه‌نجامدا و ده‌رباره‌ى ئه‌و بابه‌ته چه‌ندین زانیارى گرنگى دا ، ئاسیا عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند که ئه‌وان پرۆژه‌که‌یان پێشکه‌شى چه‌ندین لایه‌ن و ده‌زگاکانى مه‌ده‌نى کردووه و به‌شێویه‌کى ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگێنراوه و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ پارته‌سیاسیه‌کان ، رێکخستنى ژنان و گه‌نجان ، ده‌زگاکانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى که پێکهاتوون له نه‌ته‌وه‌ى کورد ، عه‌ره‌ب ، سریانى ، ئاشوورى ، ئه‌رمه‌نى و کهساتیهسهربهخۆکان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن . ئاسیا عه‌بدوڵڵا ده‌ستنیشانى کرد که له‌و چاوپێکه‌وتنه‌کاندا هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى پێشوازیان له پرۆژه کردووه .
هاوسه‌رۆکى PYD جه‌ختى کردووه که دواى ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه ئه‌وان پێده‌نێنه قۆناخى دووه‌مینى خه‌باتى خۆبه‌رێوه‌به‌رى کاتى و ووتى :" ئێمه له‌ئێستا به‌دواوه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ولایه‌نانه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى نزیکى پرۆژه‌که بوونه‌ته‌وه چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ین و له‌سه‌ر خۆبه‌رێوه‌به‌رى کاتى گفتوگۆ ده‌که‌ین ، له‌ئه‌نجامى ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا هه‌یکه‌لى کۆتاى پرۆژه‌که ئاماده‌ده‌کرێت ."
پاشان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى PYD (به‌شیر ده‌وێش) لێدوانێکى دا و ده‌رباره‌ى کاروخهباتى قۆناخى دووه‌مین چه‌ندین زانیارى گرنگى دا و رایگه‌یاند که ئه‌وان پێ ده‌نێنه قۆناخى دووه‌مین و له‌و قۆناخه‌شدا بۆ دانانى یاسا ئه‌نجومه‌نێک داده‌مه‌زرێت که ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش بهرێوهبهریهکى کاتى هه‌رێمى داده‌مه‌زرێنێت .
ده‌روێش ده‌ستنیشانى کرد که ئه‌وان ماوه‌ى (2) ساڵه وه‌ک PYD و ئه‌نجومه‌نى گه‌لى رۆژئاواى کوردستان به‌رێگه‌ى کۆمیتهسیاسیهکان ، پاراستن ، ئابوورى ، کلتوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌وڵده‌ده‌ن بهرێوهبهریهکى کاتى دروست بکه‌ن که هه‌موو به‌شه‌کانى کۆمه‌ڵگا به‌شێویه‌کى یه‌کسان بگرێته‌وه و هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگ له‌ناویدا هه‌بن . ده‌روێش رایگه‌یاند که وه‌ک هه‌ندێک لایه‌ن بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و پرۆژه‌یه پارچهبووین دروست ده‌کات ، وانیه به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه و بۆ ده‌وڵه‌ته‌کانى جیران هه‌ره‌شه نیه ، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و پرۆژه رێگالهبهردهم سوریایه‌کى دیموکرات ده‌کاته‌وه .
ئه‌و پرۆژه‌ى پێشکه‌شى هه‌موو ده‌زگا و لایه‌نه‌سیاسیه‌کان کراوه که بڕیاره گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت ، هه‌روه‌ها چاوه‌روان ده‌کرێت که هاورابوونێکى گشتى له‌سه‌رى دروست بکرێت به‌و شێوه‌یه‌یه:
1 ــ بۆ دروستکردنى هاوپه‌یمانێکى کۆمه‌ڵایه‌تى شاندێکى ئابوورى داده‌مه‌زرێت . ئه‌و شانده‌ش له‌هه‌موو پارت و لایه‌نه‌کانى ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان په‌سه‌ند کردووه ، پێکدێت .
2 ــ هه‌موو لایه‌نێک پێنج ئه‌ندام بۆ شاندى ئابوورى ئاماده ده‌کات .
3 ــ ئه‌و شانده دواى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که په‌سه‌ند کرا ، له‌ماوه‌ى (40) رۆژدا پێویسته بهرێوهبهریهکى کاتى دامه‌زرێنێت .
4 ــ ئه‌و شانده له‌ژێر چاودێرى ده‌زگا کوردستانى و شاره‌زایانى ناوتهوهى یاساکانى هه‌ڵبژاردنى دیموکراتى دروست ده‌کات .
5 ــ به‌رێوه‌به‌رى هه‌رێمى کاتى ، بۆ به‌رێوه‌به‌ردنى کاروبارى سیاسى ، ئابوورى ، سه‌ربازى ، کۆمه‌ڵایه‌تى و کلتوورى ده‌زگاى تایبه‌ت به‌و کارانه داده‌مه‌زرێنێت .
6 ــ به‌رپرسیارى هێزى سه‌ربازى و پاراستن ئه‌وه‌یه که رۆژئاواى کوردستان به‌هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه بپارێزێت . ئه‌و ده‌زگایانه‌ش سه‌ربه هیچ پارتێک نین و به‌ڵکو نه‌ته‌وه‌یینه . سه‌ربه به‌رێوه‌به‌رى هه‌رێمین .
7 ــ دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌کان پرۆژه‌که‌یان په‌سه‌ند کرد ، له‌ماوه‌ى (6) مانگ دا هه‌ڵبژاردنى دیموکراتى به‌رێوه‌ده‌چن . ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بۆ چاودێرانى هه‌موو ده‌زگاکانى ناوتهوهى کراوه ده‌بن .
8 ــ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ى دواى هه‌ڵبژاردنه‌کان داده‌مه‌زرێت نوێنه‌رى هه‌موو پێکهاته‌کانى رۆژئاواى کوردستان ده‌بێت .
9 ــ په‌رله‌مانى رۆژئاواى کوردستان ده‌ستوورێکى بنه‌ره‌تى دیموکراتى ئاماده‌کات که هه‌موو مافه‌کان بپارێزێت برایه‌تى گه‌لان به بنه‌ما وه‌ربگرێت .
14/08/2013
ئەنوەر حوسێن پەناهی، گیراوی سیاسیی کورد پاش نزیک بە ٦ ساڵ زیندان، ئازاد کرا.
"ئەمجەد حوسێن پەناهی"، برای ئەو گیراوە سیاسییە لە لێدوانێکی کورت‌دا، هەواڵەکەی بۆ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پشتڕاست کردەوە و گوتی کە ئەنوەر حوسێن پەناهی، ئەمڕۆ دووشەممە[٢١ی گەلاوێژ]، بە سپاردنی بارمتەی ماڵی، لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.
"ئەنوەر حوسێن پەناهی"، لە پاییزی ۱۳۸۶ی هەتاویدا قۆڵبەست کرا و پاش لێکۆڵینەوەیەکی چەند مانگە و زەخت و گووشاری ئیتلاعات، بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و شەڕ لەگەڵ خوا، سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا.
بەدواداچوونی بنەماڵە و پارێزەرانی ئەو گیراوە کوردە و دژکردەوەی هەمەلایەنەی ناوەندەکانی پارێزڤانی مافی مرۆڤ بەرانبەر بەو حوکمە قورسە، دادگای پێداچوونەوەی سنەی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە ئێعدامەکە هەڵبوەشێنێتەوە و سزاکەی بۆ ٦ ساڵ زیندان کەم بکاتەوە.
ئەنوەر حوسێن پەناهی، لە ماوەی نزیک بە ٦ ساڵی رابردوودا، لە ژێر زەخت و گووشاری قورس دابووە و رەوشی نالەباری زیندان، تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی کردبوو بەڵام لەو ماوەیەدا، تەنیا دوو جار[هاوینی ساڵی رابردوو وبەهاری ئەمساڵ]، بە دانانی بارمتەی قورسی ماڵی، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی، مەرەخەستیی چەند رۆژەی پێ‌درابوو.
nnsroj
12/08/2013
بڕیارە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفالی بارزان رێوڕەسمی 30ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانیان کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوکاری سەرۆکی یەکەی ئیداری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەڤەری بارزان ئەنجامی دەدات بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومی و ئیداری و حزبی و میوانی بیانی بە ڕێوەبچێت.
بەرەڤان حەمدی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری ساڵیادەکە راگەیاند " ئامانجی سەرەکی ساغکردنەوەی ئەم یادە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەشی تاوانکاری رژێمی بەعسی لە ناوچووە کە لە 1983/7/31 لەدژی خەڵکی بێتاوانی بارزان لە کۆمەڵگەکانی بەحرکە و قوشتەپە و هەریر بە ئەنفالکردنی 8000 مێردمنداڵ و پیاو و پیر ئەنجامیدا بە بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عیراق و زیندە بەچاڵکردنیان".
دووپاتیشیکردەوە ئەم یادکردنەوەیە دەبێتە پەیامێک بۆ هەموو جیهان بەوەی ئەو تاوانەی لە دژی ئەم گەلە ئەنجامدرا تەنها بۆ ئەوە بوو ئەم خەڵکە کوردن و ناوچەی بارزانیش هەمیشە ناوچەی شۆڕش و بەرخودان بووە و گەلی کوردیش هیچ کاتێک ئەم تاوانە لەیاد ناکات.
د.ع