سەرۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، ئەوان پێوەست بە دواڕۆژی گەلی کورد هەست بە ئاسوودەییەكی زیاتر دەکەن، چونکە ئەمڕۆ لە جیاتی تەقەكردن و لە جیاتی ئەوەی ترسیان هەبێت لە داگیركەران، خەریكی ئەوەن بزانن چۆن وڵات بەرەو پێشەوە ببەن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم بەراوردكردنەی چەند ساڵێك لەمەوبەر بۆ ئەمڕۆی كوردستان خۆی لە خۆیدا نیشانەی دڵخۆشی و نیشانەی ئەوەیە كە ئێمە بەرەو دواڕۆژی گەلەكەمان هەست بە ئاسوودەییەكی زیاتر بكەین، كە ئەمڕۆ لە جیاتی تەقەكردن و لە جیاتی ئەوەی ترسمان هەبێت لە داگیركەرانمان، خەریكی ئەوەین بزانین چۆن وڵاتی خۆمان لە هەموو روویەكەوە بەرەو پێشەوە ببەین".
نیوه‌ڕۆی دوێنێ دووشەممە 16ی ئه‌یلوولی 2013، لە ڕێورەسمێكدا له سه‌ر چیای كۆڕه‌ك، سەرۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەی هەوارگەی گەشتیاریی كۆرەكی لە سنووری قەزای سۆران كرده‌وه. له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی قەزای سۆران و ژمارەیەك لە سەرمایەدار و وەربەرهێنەران و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، ئامادەی بوون، مستەر (بۆب)ـی ڕاوێژكاری كۆمپانیای دارین كه جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌كه‌یه، له وتەیەكدا ئاماژەی بەو ئاوەدانی و ئارامییە كرد كە ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، لە هەرێمی كوردستان هەیە.
بە گوتەی مستەر (بۆب)ـی ڕاوێژكاری كۆمپانیای دارین كه هاوکات جێبه‌جێكاری پڕۆژهكهیشه، ئەم پڕۆژەیە لەسەر شێوازی ئەو پڕۆژە تایبەتانەی لە چەندین بواری جیاجیادا لەو هەوارەگە گەشتیارییە و بە ستانداری جیهانی جێبەجێ كراون و ئامانج لێیان بووژانەوەی زیاتری كەرتی گەشتوگوزار و گواستنەوەی گەشتیارانە لە ناو چەقی شارەكان بۆ ناوچە شاخاوییەكان. گوتیشی، ئه‌و تهلهفریكهی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا هه‌یه به‌پێی تازه‌ترین ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م دروست كراوه و تا ئێستا له هه‌موو جیهاندا ته‌نیا پێنج دانه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه دروست كراون.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ستراتیژییەتی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان هەمیشە باوەڕی بە پرەنسیپێكی بنەڕەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هه‌رێمی كوردستان بەبێ بەشداریكردنی كارای كەرتی تایبەت ناتوانێت پێش بكەوێت و داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك كەرتی تایبەته. گوتیشی: "بە هەستكردن بەم راستییە، بە هەستكردن بەم پێویستییەی وڵاتەكەمان، چەند ساڵێك لەمەوبەر لە كابینەی پێنجەم یاسای وەبەرهێنانمان لە هەرێمی كوردستان داڕشت، ئەو یاسایە هاندەرێكی زۆرباشە بۆ وەبەرهێنانی دەرەوەو وەبەرهێنانی خۆماڵی، بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا بەگەڕ بخەن".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به جێی دەستخۆشی و خۆشخاڵی له قه‌ڵه‌م دا كە سەرمایەدارانی كوردستان قازانج و سەرمایەی خۆیان لە وڵاتی خۆیان بەكار دەخەنهوەو داوای كرد لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەشداربن.
ئەوەشی خستەڕوو بە شێوەیەكی گشتی زۆرێك لە گەشتیارانی دەرەوە و گەشتیارانی ناوخۆ حەز دەكەن بێن و كاتی خۆیان لە كوردستان ببەنە سەر. جەختیشیكردەوە لە كابینەی حەوتەمیش سیاسەتی ئەوەیان داڕشتووە كە زیاتر بایەخ بە كەرتی گەشتیاریی بدەن و لەسەر ئەم سیاسەتەش بەردەوام دەبن. داواكاریش بوو وەبەرهێنەرانی كورستان زیاتر لە بواری گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان سەرمایەی خۆیان بخەنە گەڕ".
نێچیرڤان بارزانی هاوکات سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرد كه به‌شدارییان له جێبه‌جێكردن و سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا كردووه و به بیری هێنایه‌وه كه ئەم پڕۆژە گەشتیارییە له شوێنێك دروست كراوه كه ڕۆژێك له ڕۆژان تانكه‌كانی عیراق له‌و بەرزاییانەوە هەوڵیان داوە بچنە خوارەوە بۆ ئەوەی ڕواندز و ئەو سنوورەی كە شۆڕشی تێدا هەبووە، كۆنترۆڵ بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ لە هەمان شوێن كۆبوونەتەوە، بۆ كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی وا.
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له روونكردنه‌وه‌یكدا رایگه‌یاند، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌ی نییه له‌م نزیكانه به‌فه‌رمی سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكات، ئه‌م راستییه‌شی بۆ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و رای گشتی روون كرده‌وه.
فوئاد حوسێن، له روونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتیشی: ماوه‌یه‌كه هه‌ندێك ئاژانسی هه‌واڵ و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاوكردۆته‌وه گوایه به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی سه‌ردانی توركیا ده‌كات.
ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه به پێویستی ده‌زانین ئه‌م راستییه بۆ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و رای گشتی روون بكه‌ینه‌وه كه‌به‌رێزیان له‌م ماوه نزیكه‌دا به‌رنامه‌ی نییه سه‌ردانی فه‌رمی توركیا یان وڵاتانی تر بكات.
س . س
pna
16/09/2013
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی کاری زۆری ویستووە تاوەکو پۆلیس لە کوردستاندا بکرێتە رەمزی سەروەریی یاسا. بەگوتەی نێچیرڤان بارزانی "لە وڵاتێکی دیکتاتۆری و عەسکەرتاریی وەکو عێراقدا، پۆلیس کرابووە مایەی نوکتە لەسەرکردن، نەک رێزگرتن".
لە ئاهەنگی دەرچوونی ٣٥٠ قوتابیی کۆلێژی پۆلیس لە هەولێر، کە ئەمڕۆ ١٥/٩/٢٠١٣ بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی "جاران پۆلیس ببووە دەزگای پاراستنی حوکم نەک حوکمی قانوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەو تێڕوانینە گۆڕاوە. پۆلیس لە هەرێمی کوردستاندا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر شوێنی راستەقینەی خۆی وەردەگرێتەوە".
بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی داوای لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان کرد کە "بە هەستێکی تەواو نیشتمانییانەوە پرۆسەکە بپارێزن".
ئەو ٣٥٠ قوتابییەی ئەمڕۆ لە کۆلێژی پۆلیس لە هەولێر دەرچوون، بەشدارییان لە ٣ خولی جیاوازدا کردبوو. ٢٢ قوتابیی کچ بەشدارییان لە خولێکی تایبەتدا کردبوو، ٦٤ قوتابیی زێرەڤانیش بەشدارییان لە خولێکی دیکەدا کردبوو و ٢٦٤ قوتابیش بەشدارییان لە خولی ١٤ی کۆلێژی پۆلیس لە هەولێر کردبوو.
15/09/2013
جێگری پارێزگاری شرنەخ رایگەیاند بەھۆی قەرەباڵخی زۆر لەنێوان سنووری ھەرێمی کوردستان و تورکیا پردێکی تازە دروست دەکەن.
تورگای ئیلھان جێگری پارێزگاری شرنا‌خ لەکاتی پێشوازییکردنی لە شاندی پارتی گەلی کۆماریCHP چوونە دەروازەی سنووری خاپوور لە سلۆپی و باسی لە گرنگی خاڵی سنووری (ئیبراھیم خەلیل) کرد لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا‌و گوتی ” رۆژانە زیاتر لە شەش ھەزار ئوتۆمبیلی گەورەو بچووک لەم خاڵەوە دێن و دەچن، بەھۆی قەرەباڵخی زۆر کێشە دروست دەبێ، بۆیە بڕیارمانداوە پردێکی دیکە دروست بکەین”.
ئێستا لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەخاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل تەنیا دوو پرد ھەن، لەچاو قەرەباڵخی رێگاکەی ژمارەی پردەکان کەمن.
وەفدی جەھەپە لە شارۆچکەیی سلۆپییا سەردانی دەروازەیی خابوور کە دکەویتە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و لەوێ زانیاری لە بارەی ھاتوچوویاندا وەرگرت.
یاریدەدەری پارێزگاری شرنەخ باسی دەروازەیی خابوور کرد و گوتی: لە رۆژێژدا نزیکی شەش ھەزار سەیارە لەم دەروازەدا تێپەر دەبن و ئەمەش وا دەکات کە لە ھاتوچوودا کێشە دروست ببەت. زۆر جار ئیزدیھامی سەیارە سروست دەبەن لە بەر ئەوەی بریارمان دا پرۆژەیی پردی سێیەمین دروست بکەن.
سەزگین تانرکولو یاریدەدەری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریCHP لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتی “لەمانگی کانونی دووەمەوە تا ئێستا باسی ئەم پرۆسەیە دەکرێ بەڵام دواخستنی ئەم پرۆسەیە کەڵکی ھیچ لایەکی تێدا نییە. حکومەت لەبارەی ئەم پرۆسەوە ھیچ زانیارییەک بۆ رای گشتی بڵاو ناکاتەوە بەداخەوە ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەم پرۆسەیە بە دینەھاتووە”.
ئه‌نادۆڵ
hawlati
15/09/2013
پەرلەمانتاری سەربەخۆی شاری ماردین ئەحمەد تورک سەبارەت بە لێدوانی پەکەکە بۆ راوەستاندنی کێشانەوەی ھێزە چەکدارەکانی خۆی رایگەیاند کە کۆتایی بە قۆناغی چارەسەری نەھاتووە بەڵام قۆناغەکە رووبەرووی کێشە بووەتەوە.
لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێ خوێندنەوە لە بەردەم ھۆڵی کۆبوونەوەکانی سۆمەرپارکی تورکیادا ساز کرابوو ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری، بێدەنگ کردنی چەکەکان و جێبەجێ کردنی ماف و داواکارییە رەواکانی گەلی کورد دەکەن و پێویستە حکوومەتیش ئەرکی سەر شانی خۆی جێبەجێ بکات.
.ئەحمەد تورک لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناکرێت خۆبەرێوەبردنی کورد و قەبووڵ کردنی زمانی کوردی وەکو زمانی رەسمی لە قۆناغی چارەسەری جیا بکرێنەوە چونکە ئەم داواکارییانە داواکاری سرۆشتین و سەرچاوەیان نەتەوەبوونی گەلی کورد و یاسا نێونەتەوەییەکانە و ئەم ماف و داواکارییانە بە ھیچ شێوەیەک نابنە بابەتی مامەڵە کردن.
تورک جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بریاری ئاگر بەست کە پێشتر لە لایەن پەکەکەیەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کرابوو و گرێ‌دراو بوونی پەکەکە بەم بڕیارەی خۆی گرنگە و ئەوانیش پشتگیری لێوە دەکەن.
ناوبراو وتیشی “لێدوانی پەکەکە سەبارەت بە راوەستاندنی کێشانەوەی ھێزەکانی خۆی نیشانەی کۆتایی ھاتنی قۆناغی چارەسەری نییە بەڵکو نیشانەی ھەبوونی کێشە لە نێو ئەم قۆناغە دایە و ئەم کەسانە کە ھاووڵاتی کۆماری تورکیان دەبێت ھاوکات لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەن و بۆ ئەمە مەبەستەیش پێویستی بە گۆڕانکاری بە پەلەی یاسایی ھەیە و بۆ باشتر بەرێوە بردنی ئەم قۆناغە دەبێت رۆلی ئوجەلانیش لە بەرچاو بگیڕدرێت و ئاستەنگییەکانی بەردەم پەیوەندی کردنی بە رای گشتییەوە چارەسەر بکرن و گیراوانی دۆزی کەجەکەیش بە پەلە ئازاد بکرن و رێژەی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردنەکانیش کە کاریگەری زۆری لە سەر قۆناغی چارەسەری دەبێت ھەڵبوەشێنرێتەوە.
تورک باسی پەروەردە بە زمانی زگماکیشی کرد و گوتی” پێویستە بە پەلە گفت‌وگو لە سەر پەروەردە بە زمانی زگماکیش بکرێَت و حکوومەت و بەرپرسانیش واز لە لێدوانە نائیجابییەکانی خۆیان لەمبارەوە بھێنن، بۆیە داوا لە گەلی کورد دەکەم کە بە مەبەستی گرنگی دانی دەوڵەت بە زمانی زگماکی و بەکار ھێنانی زمانی کوردی لە ھەر ھەمووی بوارەکاندا پێویستە بەشداری لە ھەڵمەتی بایکوت کردنی یەک حەفتەیی پەروەردە بکات.
ئه‌نادۆڵ
14/09/2013
یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی CHP، سەزگین تانرکولو، نیگەرانە لەوەی هێشتا رووداوە خوێناوییەکەی رۆبۆسکێ ئەنجامێکی دەرنەکەوتووە و، دەڵێت "ھەموو کەس دەزانێ کاتێ دز لە ماڵەوەبێ پێویستی بە کلیل نییە."
شاندێکی پارتیی گەلی کۆماری CHP سەردانی گوندی رۆبۆسکێیان کرد و لەگەڵ خێزانی ٣٤ قوربانیی ئەو گوندە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە کوژران.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی (حەسەن ئۆرەن) بە ھاورێیەتی ھەریەکە لە (سەزگین تانرکولو) یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی CHP و چەند پەرلەمانتار لە رۆبۆسکێ سەرەخۆشیان لە ماڵباتی قوربانیان کرد.
حەسەن ئۆرەنی سەرۆکی شاندەکە لە ناو کەسوکاری قوربانیان گوتی "ئەمە ئازارێکی بەسوێیە ھەست بە ئازارەکانتان دەکەین. نامانەوێ چیتر دایکان رەشپۆش بن، ئێمە باش دەزانین ماڵباتی قوربانییان چاوەڕێی دەکەن حکومەت ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە بدرێنە دادگا، ئەمە پرسی گوندێک یا ناوچەیەک نییە بە تەنیا، بەڵکو ئەمە پرسی تورکیایە بەگشتی و حیزبەکانی تورکیایە. ئەو کەسانەی فرمێسک بۆ میسر و رابیعە دەڕێژن چۆن دەبێ ھەست بە ئازاری دایکێکی جەرگ سووتاوی رۆبۆسکێ نەکەن. ئەمە نیشانی دەدا ئەو کەسانە ھیچ دڵسۆز نین."
هاوکات سەزگین تانرکولو، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی CHP نیگەرانیی خۆی دەرخست بۆ ئەوەی تا ئێستا لەبارەی ئەو رووداوە خوێناوییە ھیچ ئەنجامێک دەرنەکەوتووە، تانرکولو گوتی "بۆ ئەم پرسە تا ئێستا ھیچ چارەسەرێ نەدۆزراوەتەوە ٦٢٥ رۆژە رووداوەکە قەوماوەو ئەنجامدەرانیش دەستگیر نەکراون. ئەگەر حکومەت بیوستایە لە١٥ رۆژدا دەیتوانی ئەنجامدەران دەستگیر بکا، بەڵام ھەموو کەس دەزانێ کاتێ دز لە ماڵەوەبێ پێویستی بە کلیل نییە. لەبەر ئەوە ئەنجامدەران لەناو ماڵن. ھەمووان داوا لە حکوومەت دەکەن بە زووترین کات ئەنجامدەران دەستگیر بکرێن و ئاشتی بێتە ئاراوە."
شرنەخ - AA
14/09/2013
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چاره‌سه‌ری سیاسی ئاشتیانه به باشترین رێگا بۆ قه‌یرانی سوریا دهزانێتو هه‌رچه‌نده جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه ده‌كاته‌وه رژێمی سوریا چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه.
له شاری جنێفی سویسرا گفتوگۆكانی نێوان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و روسیا له‌باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی روسیا بۆ چاودێریكردنی چه‌كه كیمیاوییه‌كانی سوریا دهستیپێكردو هه‌ردولاش هیواخوازن گفتوگۆكان بگه‌نه ئه‌نجام له پێناو دووركه‌وتنه‌وه له رێگا چاره‌ی سه‌ربازی.
جۆن كیری- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند،گه‌یشتن له چاره‌سه‌ری ئاشتیانه له سوریا باشتره له چاره‌سه‌ری سه‌ربازی، وتیشی “رژێمی سوریا له رووبه‌رێكی فراواندا چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه‌و رێگاناده‌ن جارێكی دیكه دووباره ببێته‌وه”.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌شار جه‌عفه‌ری- نوێنه‌ری سوریا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی بۆته ئه‌ندامی په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیاوی، ئه‌وه‌ش به یه‌كه‌م هه‌نگاوی رژێمی سوریا داده‌نرێت بۆ خۆ به‌دوورگرتن له هێرشه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مریكا.
له‌چه‌ند رۆژی رابردودا به مه‌به‌ستی رێگرتن له هێرشی سه‌ربازی بۆ سوریا، حكومه‌تی روسیا پرۆژه‌یه‌كی ئاماده كردوه كه تێیدا داوای كرد چه‌كه كیمیاییه‌كانی سوریا بخرێنه ژێر كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، توانای بهكارهێنانیانی نه‌بێت، ئه‌و پێشنیازه‌ش له لایه‌ن ئه‌مریكا و سوریاوه پێشوازی لێكرا.
باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، به گومانێكی قوڵه‌وه پێشوازی له پرۆژه‌كه‌ی روسیا ده‌كات و ئه‌گه‌ر رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ئاماده بێت چه‌كه كیمیاییه‌كانی راده‌ستی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بكات، ئه‌وا ئه‌مریكاش له بڕیاری هێرشی سه‌ربازی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه.
وه‌لید موعه‌لمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریاش، پێشوازی له پرۆژه‌كه‌ی روسیا كرد و رایگه‌یاند، پرۆژه‌كه‌ی روسیا، وڵاته‌كه‌ی له گورزی سه‌ربازی رزگار ده‌كات.
رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ هیومان رایتس وۆچ سێشەمەی رابردوو 10/9 لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكەوە دوا بزماریدا لەتابوتی رژێمی سوریا ئەویش بەئاشكراكردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژ بەهاوڵاتیانی مەدەنی.
هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند «دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر دوو هێرشی كیمیایی بەرەبەیانی رۆژی 21ی ئاب لەسەر رۆژهەڵاتو رۆژئاوای ناوچەی گوتەی سەر بەدیمەشقی پایتەخت بۆیان دەركەوتوە كە سوپای رژێمی سوریا بۆمبی هەڵگری كڵاوەی كیمیاییان لەو ناوچانەدا تەقاندوە«، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش ئهمریكاو چه‌ند وڵاتێكی هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازییان كرد له‌سوریا.
hawlati
13/09/2013
بڕیارە هوشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی داهاتوو لەسەر بانگهێشتانەمەیەکی فەرمی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ئێستا لەسەردانێکدایە بۆ تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تورکیا دەکات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا".
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار زیباری لەمیانەی سەردانەکەا بۆ تورکیا چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی تورک دەکەوێت لەپێشەوەی هەموویان ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنێتی پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەکان نێوان هەردوو وڵات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە کە وەزیری دەرەوەی تورکیان بەنیازە لە داهاتوودا سەردانی بەغداد بکات بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نیوان هەردوولا.
جێگەی ئاماژە پێکردنە ئوسامە نوجێفی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوارشەممەی رابردوو بەسەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆبووە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی داوا لەدامودەزگا پەیوەندیدارەكان دەكات لێكۆڵینەوەی جددی و ئیجرائاتی یاسایی وورد لەڕووداوەكانی تەقەكردن و كوژرانی “ڕوپاك عومەر” ئەنجامبدەن و سزایی سەرپێچیكار و تاوانباران بدەن .
شەوی رابردو 10/9 لەشەقامی توی مەلیكی سلێمانی لەكاتی بانگەشەی لایەنگرانی یەكێتی‌و گۆڕان، روپاك (50ساڵ) بەفیشك برینداركرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی ئەمرۆ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش گۆمانلێكراوێكیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی كوشتنی روپاك عومەر دەستگیركردوەو لەسەر فەرمانی دادوەر، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كراوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی لەوە نیشانداوە “ماوەی چەند ڕۆژێكە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەناوچە جیاجیاكانی هەرێم بەگشتی و لەچەند شەقامێكی شاری سلێمانی بەتایبەتی پێكهەڵپژان و بەریەككەوتن و لەوەش ناخۆشتر ڕووداوی تەقەكردن لەنێوان هەوادارن و لایەنگرانی لایەنەكان لێكەوتۆتەوە”.
هێرۆ ئیبراهیم داواش لەدەزگا ئەمنییەكانی پۆلیس و ئاسایش لەهەوڵدانیان بۆ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی شار و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بەردەوام بن و چاوكراوەتر ئەركەكانیان ڕابپەڕێنن.
لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئاماژە بەوەكرد گومانلێكراوەكە ناوی “سوارە عبدالـلە سەعید” ناسراوە بەسوارەی عەبە هەرەمەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت تا بەپێی یاسا مامەڵەی پێویستی لەگەڵدا بكرێت.
hawlati
12/09/2013
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ پێشوازی له خانه‌واده‌ی شاعیری گه‌وره‌ی کورد خوالێخۆشبوو مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س کرد .
له دیدارێکدا خانه‌واده‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س؛ سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکه‌ش به نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ به‌پیره‌وه‌چوون و به‌سه‌رکردنه‌وه و له‌ئه‌ستۆگرتنی چاره‌سه‌ری و سازدانی ڕێوڕه‌سمی پێشوازی و هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی بۆ کوردستان و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به وه‌فا و ئه‌مه‌کداری بۆ خه‌بات و ماندووبوون و به‌رهه‌م و پێگه‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له قه‌له‌م دا.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆکوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان دووباره پرسه و سه‌ره‌خۆشی پێشکه‌ش به خانه‌واده‌ی به‌ڕێزیان کرد و ڕایگه‌یاند: " که مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س مرۆڤێکی مه‌زنی کورد و موڵکی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه، بۆیه هه‌رچییه‌کی بۆ کراوه، به ئه‌رکی خۆمانی ده‌زانین و ناکاته تۆزقاڵێک له‌و خزمه‌ته مه‌زنه‌ی که مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س بۆ گه‌ل و ووڵاته‌که‌ی و بۆ مرۆڤایه‌تی کردوویه‌تی".
ئاماژه‌یشی به‌وه دا که مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س به شیعر و ووشه و دیوان و به‌رهه‌م و کتێبه‌کانی؛ تا هه‌تایه به نه‌مری و زیندوویی ده‌مێنێته‌وه و هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان شانازی پێوه ده‌که‌ن. پشتگیریی خۆیشی بۆ بیرۆکه‌ی کردنی ماڵه‌که‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له سلێمانی به مۆزه‌خانه‌یه‌ک که که‌لوپه‌له‌کانی تیادا نمایش بکرێت ده‌ربڕی و ئاماده‌یی بۆ هه‌ر هاوکارییه‌ک بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه نیشان دا.
له کۆتایی دیداره‌که‌دا، دوو به‌رگی بیره‌وه‌رییه‌کانی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له لایه‌ن خانه‌واده‌که‌یه‌وه به دیاری پێشکه‌ش به نێچیرڤان بارزانی کران.
د.ع