- سەرۆکی بەشی تایبەت بە پێوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، ستروان ستیڤنسن، سێشەممەی رابردوو، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ کاترین ئاشتوون، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستانی خستە بەر باس.
ستروان ستیڤنسن، لە نامەکەدا، بەناوی پەرلەمانی ئەوروپاوە، وێڕای ئاماژە بە کۆچی نزیکەی ٢٢٠هەزار ئاوارەی سوریا بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: ئەم بڕە هاوکارییەی ئێستا لە لایەن حکومەتی ناوەندیی عێراق و لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە گەینراوەتە ئاوارەکان، زۆر کەمە و لە هاتنی وەرزی سەرمادا مەترسی کارەساتی مرۆیی لە ناو ئەم ئاوارانەدا پەردەسێنێت.
ستیڤنسن، بە ناوی پەڕلەمانی ئەوروپاوە داوا لە گەورەبەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەپەلە بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو ئاوارانە کار بکەن.
ئەم پەرلەمانتەرەی پەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆتایی نامەکەیدا ڕایدەگەیەنێ کە لە مانگی یازدەی ئەمساڵدا شاندێکی فەرمیی پەڕلەمانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بریتییە لە لێکوڵینەوە لە ڕەوشی کەمپی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی، لە لێدوانێکدا گوتی: نامەکەی ستیڤنسن دوابەدوای ئەو کۆبوونەوانە هات کە ئەوان لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و لە پەڕلەمانی ئەوروپاشدا لەگەڵ ئیلمار برۆک سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا و ستروان ستیڤنسن سەرۆکی لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق ئەنجامیان داوە و بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوایان کردووە کە یەکێتی ئەوروپا جیدیتر بڕوانێتە ئەو پرسە و داواکاری هاریکاری بەپەلەی یەکێتی ئەوروپایان بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا کردووە.
ئاژگەیی، هەروەها گوتی: بە فەرمی بانگهێشتی پەڕلەمانی ئەوروپایان بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی ئاوارەکانی نیشتەجیی هەرێمی کوردستان بن و پەڕلەمانی ئەوروپاش ئەم داوایەی قبووڵکردوە.
م.ش
ڕۆژی ٢١ـى ئەیلوول، خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەرکەوتوودا تینێکی دیكەیان بە دەستەڵاتی گەلسالاری و پێشکەوتنی وڵات دا و نموونەیەكی سەردەمیانەی بەشداریی هاووڵاتیان لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات خرایە ڕوو. بە شایەتی و ئیعترافی نوێنەرانی وڵاتان و سەرجەم چاودێرە نێوەدەوڵەتییەکان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەركردەی حزبەكانیش، پڕۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی بە سەرکەوتوو و خاوێن و نموونەیی لەقەڵەم دراوە.
بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە لە دوو ڕۆژەی دواییدا هەندێ کەس و لایەن و دەزگای میدیایی لەبری ئەوەی چاوەڕێی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بن و ئەوکاتە بە ڕێگەی یاسایی و دروست هەر سکاڵا و تێبینییەكیان هەبێت بیخەنەڕوو، کەچی کەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەما و هەوڵی لەكەداركردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و زیانگەیاندن بە پێگە و ناوبانگی پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.
ئەوە لە كاتێكدایە كە لە گشت قۆناغەكانی پڕۆسەكە نوێنەر و چاودێری هەموو حزبەكان لەكاتی دەنگدان و هەژماركردنی دەنگەكان ئامادە بوونە و دەیان چاودێری ناوخۆیی و بیانییش چاودێریی پڕۆسەكەیان كردووە و ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش گونجاو بوون.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بوونی هەندێ تێبینی و سەرنجی خۆمان لەسەر پڕۆسەكە، بەڵام پێمان وایە پێویستە هەموو لایەكمان بە پشوودرێژی و هەست بە بەرپرسیارێتیكردنەوە پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بین و لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان هەر لایەنێك مافی خۆیەتی سكالا و تانەی هەبێت لەسەر ئەنجامەكان و بەپێی یاسا پێشكەشی بكات.
لەو باوەڕەشداین ئەو هەرا ئیعلامیەی ئەو کەس و لایەنانە دەستیان پێ کردووە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەوان لەوە ڕاهاتوون كە دژایەتیی هەموو شتێك بكەن و ئامانجیشیان ناشرینکردنی پڕۆسەکە و زیانگەیاندن بە ناوبانگی هەرێم و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و تێكدانی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتی و شڵەژاندنی باری دەروونی هاووڵاتیانی كوردستانە. پێویستە هەموومان ملكەجی ئیرادەی گەلەكەمان بین و لەبری دروستكردنی تەشەنوجات و تۆمەتبەخشینەوەی بێبنەما و شەڕی دەروونی لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردستانی، پێویستە بە ڕۆحێكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین و هەموومان بیر لە داهاتوو و بەختەوەریی هاووڵاتیان و گەشەسەندنی وڵاتەكەمان بكەینەوە.
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
25ـی 9ـی 2013
پرۆژەی چاودێریی ئازیزان (منداڵانی بێباوك)ی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە میانی هەڵمەتە بەردەوامەكانیدا بۆ زیاتر خزمەتكردنی منداڵانی ئازیزی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، لە قۆناغی دووەمی كوردستاندا مووچەی دوو مانگی بەسەر 4166 منداڵی بێباوكدا دابەش کرد.
ئەمڕۆ 25/9/2013 پرۆژەی چاودێریی ئازیزان (منداڵانی بێباوك)ی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە قۆناغی دووەمدا كە تایبەتە بەو هاوكاری و یارمەتیانەی لەلایەن دەوڵەمەند و خێرومەندانی كوردستانەوە لە ئەستۆ گیراون، هەڵمەتی دابەشكردنی مووچەی دوو مانگ كە دەكاتە 200 دۆلار بەسەر 4166 ئازیز لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان دابەش كرا.
بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی دەستگاکەیش لە هەواڵێکدا کە دانەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر ناردووە، دابەشكردنەكەی بەمشێوەیە خستووەتە ڕوو: لە شاری هەولێر (1227) منداڵ و سلێمانی (1100) منداڵ و گەرمیان (975) منداڵ و دهۆك (864) منداڵ سوودمەند بوون.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مووسا ئەحمەد دەڵێت: لە ڕێگای پرۆژەی چاودێریی ئازیزانەوە هەوڵمانداوە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی، منداڵانی بێباوك لە پرۆژەكەماندا سوودمەند بن، هاوكات ئەم هاوكارییانەی ئێستا دابەشی دەكەین مووچەی دوو مانگە كە خۆی لە 200 دۆلاردا دەبینێتەوە بۆ هەر منداڵێكی كافلكراو و قۆناغی دووەمە و هاوكارییەكان لەلایەن دەوڵەمەند و خێرومەندانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ منداڵانی بێ باوك دابین كراوە و ئەمڕۆش (4166) منداڵی بێباوك سوودمەند دەبن.
كۆمپانیایهكی ئهمەریكایی تایبهت به دروستكردنی ههلیكۆپتهری چاودێریی ئاسایش، رایگهیاندووه كه، حكوومهتی ههرێمی كوردستان داوای ١٢ ههڵیكۆپتهری لێكردوون و بڕیاره تا كۆتایی ئهمساڵ ئهو ههڵیكلۆپتهرانه بگەنه كوردستان.
بهپێی بڵاوكراوهیهكی فهرمیی ئهو كۆمپانیایه، ئهو ههلیكۆپتهرانه هاوكاریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و به تایبهتی وهزارهتی ناوخۆ له كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایشی ئاسمانی و چاودێریكردنی ناوچه شاخاوییهكانی ههرێمی كوردستان دەکەن.
لیان تیلتۆن، بهڕێوهبهری گشتی كۆمپانیای (MDHI)ی ئهمەریكایی لهوبارهیهوه گوتی "ئێمه خۆشحاڵین بهوهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ههلیكۆپتهری جۆری MD530Fی ههڵبژاردووه، بهمهبهستی كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریكردنی ئاسایشی ئاسمانی ههرێمهكهیان و ههروهها بۆ حاڵهتی فریاكهوتنی وهكو ئاگركهوتنهوه. هیوادارین كه ئهو پهیوهندییهمان له داهاتوودا لهگهڵ حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهردهوام بێت."
لە باسەوە
ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیرنا، لە زمان پسسپۆڕی تایبەتەتی کۆنسۆلخانەی ئێران لەهەولێر، بڵاوی کردەوە: خزمەتگوزاریەکانی ئێران لە سنووری فەرمیی حاجی ئۆمەران (تەمەرچیان) وەڵامدەری پێداویستیەکانی بەشی گواستنەوە و گەشتیاران نین.
مستەفا جەمشیدزادە، ئەمرۆ، سێشەممە، لە هەولێر، لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ئیرنا گوتێ: لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران تەنیا ٧٠ کەس لە دیوی ئێران،خەریکی کارکردنن و لەبەرانبەردا لە دیوی هەرێمی کوردستان ٣٠٠ کەس و بە رادەی پێویست کۆمپیۆتەر لەکاردان و ئەمەش وای کردووە کە لەدیوی هەرێم کاروباری گواستنەوە و گەشتیاران خێراتر راپەڕێت.
کەمیی کارمەندانی دیوی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی لەمدیوە کارەکان لە کاتی خۆیاندا ئەنجام نەدرێن.
ئەم پسپۆڕەی سەر بە کۆنسۆلخانەی ئێران، گوتی: رۆژانە یەکهەزار تا یەک هەزار و ٨٠٠ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە ئامانجی وڵاتانی تورکمانستان و ئەفغانستان دەیانهەوێت ئاودیوی ئیران بن، بەڵام گومرگی ئێران تەنیا دەتوانێ کاوباری ٧٠ تا ١٠٠ تانکەر راپەڕێنێت و ئەمەش وایکردووە هێندێک لە شوفێر تانکەرەکان ناچار بن ٢٠ تا ٣٠ رۆژ لەم سنوورە لە نۆبەدا بوەستن.
جەمشیدی دەڵێت، ئەم ماوە درێژە وای کردووە شوفێرانی ئێرانی بە مەبەستی سەردانی ماڵ و خێزانیان لەدیوی هەرێمەوە بە قاچاخ بێنەوە ناو خاکی ئێران.
ئەم پسپۆڕە ئابوورییە ئێرانیە، هەروها گوتی: گەورەترین کێشەی ئەم خاڵە سنوورییە لە لایەن دەزگا بەرپرسەکانی ئێرانەوە دروست دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە دانانی کارمەند و ئامێری پێویست، زۆر خێرا کاروباری گواستنەوە و گەشتیاران رادەپەڕێنێت.
بە قسەی ئەم کارمەندەی کۆنسۆلخانەی ئێران، گرینگترین چارەسەر بۆ لەناوبردنی کێشەکان زیاد کردنی کارمەندانی دیوی ئێران و جێبەجێ کردنی ئەم رێککەوتنانەیە کە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا لەمبارەیەوە واژۆ کراون.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا/م.ش
لەماوەی هاتنە سەرکاری حەسەن روحانییەوە تا ئێستا، ئەمرۆ نرخی فرۆشی دۆلاری ئەمریکایی لەئێران نزمترین ئاستی دابەزینی بە خۆیەوە دیت.
دوای ئەوەی گەمارۆی سەر هاتووچۆی کەشتیەکانی ئێران راگیرا و سزای سەرهێندێک لە بانکەکانی ئێرانیش وەستێنرا، نرخی دۆلاری ئەمریکایی لە بەرانبەر تومەنی ئێرانیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، حەسەن روخانی، بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە فڕۆکەخانەی تارانەوە بەرەو ئامریکا کەوتە ڕێ.
لەسەردەمی حکومەتی مەحموود ئەحمەدی نەژادی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێراندا بە هۆی توندتر بوونی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر ئێران، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی تا نزیکەی ٤هەزار تومەن بەرز بۆوە، بەڵام دوای هاتنەسەرکاری حەسەن روحانی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دانووستانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، رۆژبەڕۆژ بایەخی دراوی ئیرانی زیاتر دەبیت.
بە پێی هەواڵی ئاژانسەکان، دوێنێ ئێوارێ، لە بازاڕی شەقامی ئەستەمبوڵی تاران کە ناوەندی بازاڕی دراو گۆڕینەوەیە، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی تا ٢هەزار و ٩٠٠ تومەن دابەزی کە لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا وێنەی نەبووە.
بە پێی چاوەڕوانیی چاودێرانی بارودۆخی ئێران، هەرچەندە بواری ئابووریی ئێران زۆر شەپڕێوە، بەڵام رەنگە چاوپێکەوتنی روحانی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ببێتە هۆی دابەزینی زیاتری دۆلاری ئەمریکایی لە بەرانبەر تومەنی ئێرانیدا.
چاودێران، پێشتر ئەم شیمانەیان بڵاو کردووەتەوە کە رەنگە روحانی و ئۆباما لە نیویۆرک راستەوخۆ چاویان بە یەکتری بکەوێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی ڕایدەگەیەنێت، ئەوان پابەندی ڕێككەوتنی ستراتیژی دەبن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەگەڵ ئەوەن كە حكوومەتی داهاتوو لە پارتی و یەكێتی و ئیسلامییەكان و كەمینەكان پێك بهێنرێت.
فازڵ میرانی نەیشاردەوە كە ئەگەرچی پارتی و یەكێتی بە جیا لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانتدا بەشدار بوون، بەمەیش یەكێك لە بەندەكانی ڕێككەوتنی نێوان گۆرانكاری بەسەردا هاتووە، كە ئەویش لەسەر داوای یەكێتیی خۆی بووە، بەڵام پارتی ڕێزی لێ دەگرێت و نیەتیشی وایە كە حكوومەت لە پارتی و یەكێتی و ئیسلامییەكان و كەمینەكان پێكگ بێت.
میرانی بۆ ڕووداو زیاتر گوتی، "پێمان خۆشە یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری لە حكوومەتی داهاتوودا بكات و خۆیشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە حەز دەكەن لە حكوومەتی داهاتوودا بەشدار بن." بەڵام میرانی باسی لە كۆمەڵی ئیسلامی نەكرد كە لە ڕێزبەندی براوەكانی هەڵبژاردنە و لە پاش یەكگرتووەوە دێت.
دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕانیش كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنە سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی، "هاتنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ نێو حكوومەتی داهاتوو پێویستی بە گفتوگۆ هەیە؛ چونكە ئەوەی دێتە نێو حكوومەت نابێ لە هەمانكاتدا ئۆپۆزسیۆن بێت و لە نێو حكوومەتیشدا بێت." بە گوتەی میرانی ئەوەی دەچێتە نێو حكوومەتەوە دەبێت پاربەندی بەرنامەی حكوومەت بێت.
میرانی هاوكات ئاشكرای كرد كە، سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو هەر نێچیرڤان بارزانی دەبێت، "چونكە لە نێو پارتی و لە دەرەوەی پارتییش ئەو داوایە هەیە."
21/9/2013 كە دەكاتە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئەو ڕۆژەیە كە نەخشەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا گۆڕی و، چیدی ئەو هێزەی كە 37 ساڵ ڕكابەری پارتی بوو وەك هێزی دووەم نەما و جێی بۆ ڕكابەرێكی چۆڵ كە چەند ساڵێكی كەمە لێی جیا بووەتەوە، كە ئەویش بزووتنەوەی گۆڕانە.
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتیی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 40 كورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پلەی دووەمدا دێت و یەكێتیی نیشتمانیش پلەی سێیەمی بە دەست هێناوە و هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامییش لە پلەی چوارەم و پێنجەمدان.
ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسیBDP گولتان کشاناک،دهڵێت، دەکرێت زمانی فەرمی بەڕێوەبەریی ناوەندی تورکیا تورکی بێ بەڵام دەبێ خەڵک لە ھەڵبژاردنی زمانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریه ناوچەیییەکاندا ئازاد بێ.
ئاوێنهنیوز، ئهنادۆڵ: گولتان کشاناک لە کۆنفرانسی (بەڕێوەبەرایەتییە ناوچەییەکان لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا)دا کە لەلایەن یەکێتیی شارەوانیەکانەوە سازکرابوو ئهمڕۆ(یهك شهممه) گوتی"دەکرێ زمانی فەرمیی بەڕێوەبەریی ناوەندی تورکیا تورکی بێ بەڵام دەبێ خەڵک لە ھەڵبژاردنی زمانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ناوچەیییەکاندا ئازاد بێ".
وتیشی، "پرسی کورد لە تورکیا بە مۆدێلی بەڕێوەبردنی ھەرێمی، ناوچەیی، چارەسەر دەبێت، بڕوا بەوە دەکەین کە بەم رێگایە ئاشتی دێت، بۆیە بەم شێوە سیاسەت دەکەین".
کشاناک ئاماژەی بەوەشدا كه رۆلی دەوڵەتی نەتەوەیی لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا زۆر درێژ نییە، "ئەم شێوە سیستمە مرۆڤ ئازار دەدا. دەمانەوێ سیستمی خۆڕێبەریی ناوچەیی بە تورکیا بناسێنین، تا ئەمە نەکرێ ھەر بەو حاڵە دەمێنین".
کشاناک گوتی، زمانی فەرمیی تورکیا تورکییە بەڵام زمانی کوردی ئەگەر فەرمیش نەبێ ئێستا بەکردەوە لە لە فەرمانگە فەرمییەکانی دیاربەکر، ھەکاری، شرناخ و وان ھەر بەکار دێ.
ھەروەھا وتیشی، "بەڕێز سەرۆک وەزیران دەڵێت (ئایدیۆلۆژیا سک تێر ناکات، ئێوە واز لەو سیاسەتە کوردپەرستییە بێنن و پشتگیری پارتی ئێمە بکەن) ئەمە چ جۆرە قسەیەکە، واتە دەڵێ (واز لە زمان، کەلتوورو باوەڕی خۆت بێنە چونکە ئەمە کوردچێتیی سیاسییە، وا مەکە بەیعەت بە من بدە، من تێرت دەکەم). ئیتر ئەمە نابێ. کەسێک ناتوانێ بە سووکایەتیکردن بەو کەسانەی داوای رێزلێگرتن لە زمان و کەلتووری خۆیان دەکەن، بەھیچ بگا".
ههر لهو كۆنفرانسهدا، سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر، عوسمان بایدەمیر، سوپاسو دەستخۆشیی ئاراستەی بەشداربووان کرد کە لە ھەرێمەکانی کاتالۆنیا، باسک، ھەروەھا لە ئێرلاندا و ھۆڵەندا و وڵاتانیتری ئەوروپاوە ھاتبوون.
دواتر ھەریەکه له بەشداربوان (جۆن ئەندۆنی لێکو ئێگورێن) بەرپرسی کارورباری دەرەوەی ھەرێمی باسک، جەمیل سافییە سەرۆکی دەستەی ئاشتی لوبنان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر (ئایتەن وئویساڵ) مامۆستا لە زانکۆی دۆکووز ئەیلولی ئیزمیر، (موزاففەر کوتای) سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی دیگۆری پارێزگای قارس، نوسەر مستەفا سۆنمەز و (ئەندرایس پیتەر ھەیدەما) سەرۆکی شارەوانی (دەڤەنتەر) قسەیان کرد.
23/09/2013
ڕاگهیندراوی کوتایی کهمپهینی "دژ به له سێدارهدان و بۆ ئازادی زیندانیانی کورد له ئێران"
ڕۆژانی ١٧، ١٩ و ٢١/٠٩/٢٠١٣، هاوکات له گهڵ بهڕێوهچوونی ٢٤مین خۆلی کۆبوونهوهکانی شۆرای مافی مرۆڤی سهر به نهتهوه یهکگرتووهکان له ژنێڤ، کهمپهینێک له ژێر ناوی "دژ به له سێدارهدان و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی و بهرگریکارانی مافهکانی مرۆڤی کورد له ئێران" بهڕێوهچوو. مهبهست لهو کهمپهینه ڕاکێشانی ڕای گشتی و ئاگادار کردنهوهی بهشداربووانی کۆبوونهوهکانی شۆرا بوو له دوایین بار ودۆخی مافهکانی مرۆڤ له ڕۆژههڵاتی کوردستان و له قاودانی سیاسهتهکانی کۆماری ئیسلامی دژ به چالاکانی کورد له ئێراندا. کهمپهین به دامهزراندنی چادرگهیهکی تهبلێغی، پوستهر و وێنهی چالاکان و گیراوانی کوردی ڕۆژههڵات و بڵاوکردنهوهی بهیاننامهیهک له نێوان ڕێبواراندا، دهستی پێکرد. له ماوهی کهمپهینهکهدا چهندین چاوپێکهوتن کرا له گهڵ بهرپرسان و کارمهندانی نهتهوه یهکگرتووهکان و دهفتهری مافی مرۆڤی سهر به نهتهوه یهکگرتووهکان. له چاو پێکهوتنهکاندا لیستی چالاکانی دهست به سهر کراو و زیندانیانی چاوهڕوانی پهتی سێداره، درایه بهرپرسانی نهتهوه یهکگرتووهکان و داوای ههنگاوی به پهلهیان لێکرا بۆ پێشگیری له جێ به جێکرانی سزا به سهردا سهپێندراوهکانیان. ههر وهها داوا کرا که زهخت بخرێته سهر حکوومهتی ئێران بۆ ئازادی چالاکانی کورد، ڕۆژنامه نووسان و بهرگریکارانی مافهکانی مرۆڤی کورد لهو وڵاتهدا. پێویسته بگوترێ له یهکێک له دانیشتنهکاندا خاتوو مینا ئهحهدی، چالاکی مافی مرۆڤ و بهرپرسی کومیتهی نێو نهتهوهیی دژ به بهردبارانکردن، بهشدار بوو و له سهر پێشێلکاریهکانی مافی مرۆڤ له ئێراندا دۆسیهیهکی پێشکهش به نهتهوه یهکگرتووهکان کرد.
ناوهندی زاگرۆس بۆ مافهکانی مرۆڤ
٢٢/٠٩/٢٠١٣
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین لە میدیا فارسیەکانی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە و هەروەها بەشی فارسی زمانی میدیاکانی جیهاندا دەنگی دایەوە. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری میدیا فارس زمانەکان ئەم رووداوەیان خستووەتە ژێر تیژبینییەوە و زۆربەیان تەنیا باسیان لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن کردووە و هێندێکیشیان هەواڵەکەیان لە یەکتر وەرگرتووە، لێرەدا ئاماژە بە هەواڵی چەند میدیایەک دەکەین.
ئاژانسی هەواڵی فارس، فارس نیوز، لە کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند: ٧٤ لەسەدی ئەوکەسانەی لە تەمەنی بەشداری کردندان، لە هەڵبەژاردنەکانی ئەمجارەدا بەشدارییان کردووە.
فارس نیوز لە زمان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە نووسیویەتی: هەر ئەنجامێک ئەم کۆمسیۆنە پەسەندی نەکات بایەخی نییە.
ئەم ئاژانسە نیوەفەرمەیەی ئێران، ئاماژەی بە وتەکانی نوینەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە کە وێڕای پیرۆزبایی ئەنجام دانی ئەم هەڵبژاردنە، هیوای خواستووە هەڵبژاردنی پارێزگانیش لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
دویچەڤیلەی زمانی فەرمیی حکومەتی ئەڵمانیاش، لە بەشی فارسیدا وێڕای ئاماژە بە تەقینەوە خوێناویەکەی رۆژی شەممەی گەڕەکی سەدری بەغدا، رایگەیاند: ئەم هێرشە تیرۆرسیتییانە لەگەڵ هەڵبزاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاوکات بوون.
دوێچەڤیلە بەرلە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند: چاوەڕان دەکرێت لەم هەڵبژاردناندا نوێنەرانی دوو لایەنی یەکیەتیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتیی مەسعوود بارزانی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنن.
ئاژانسی ئیرنا کە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانە، لە زمان جێگری یەکیەتی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاوی کردەوە: ئەم هەڵبژاردنانە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی خەڵک لەم ناوچەیەدا هەنگاوێکی گرنگە و دەبێ لایەنەکان سەر بۆ داخوازی خەڵک نەوی بکەین.
بەشی فارسیی بی.بی.سی، بەرلە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێشبینی دەکات دوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان زۆربەی دەنگەکان ببەنەوە.
بی.بی.سی دەڵیت: هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات خۆی لە توندی و تیژیەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دوور بخاتەوە کە بەردەوام بەرەو زیادبوونن.
سەقامگیرییەکی باش بەسەرهەرێمی کوردساندا زاڵە و ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی سەرمایەی دەرەکی لەم ناوچەیەدا کە لەبواری سامانی ژێرزەویی نەوتەوە دەوڵەمەندە.
بەشی فارسیی کەنالی جیهانیی ئەلعەرەبیەش رایگەیاند: هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی چوارەمین خولی کوردستان دەستی پێکرد و نزیکەی ٢ملیۆن و ٣٠٠هەزار کەس بۆ هەڵبژاردنی ١١١ نوێنەری پەرلەمان دەنگ دەدەن.
ئەلعەرەبییە، دەڵێت: یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەجیا لەم هەڵبژاردنانەدا بەشداری دەکەن.
بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا، ڤی. ئۆ. ئەی، لەهەواڵێکی درێژدا باس لە زیانەکانی تەقینەوەی رۆژی شەممەی بەغدا دەکات و لە کۆتاییدا دەڵێت: لە رووداوێکی دیکەدا، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان خەریکی دەنگدان بە نوێنەرانی پەرلەمانن.
بە پێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، پارتە بچووکەکانی پەرلەمانی کوردستان کەوتوونەتە بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ولە پەرلەماندا خوازیاری دەستەڵاتی زیاترن.
رادیۆ فەرداش کە رادیۆیەکی فارسی زمانی سەر بە ویلایەتە یەکترتووەکانی ئەمریکایە و بەرنامەکانی لە ئەوروپاوە بڵاو دەکاتەوە، ئاماژەی بە کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردسان کرد و رایگەیاند: لەم هەڵبژاردناندا یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیکوردستان هەوڵ دەدەن دەستەڵاتی خۆیان لە پەرلەماندا بپارێزن و گۆڕانیش هەوڵ دەدات کورسی زیاتر بەدەست بهێنیت.
ماڵپەری "خانەی میللەت"ی سەر بە مەجیلیسی ئێرانیش لە زمان "قادر مەرزیی" نوێنەری شاری قوروە لە مەجلیسی ئێراندا، نووسیوەیەتی: لەکاتێکدا ٣١ حزب و کەسایەتیی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن، بەهۆی ریشەدار بوونی دوو حیزبی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەم دوو حزبە زۆرترین دەنگەکان دەبەنەوە.
لە ناو چەندین رۆژنامەو رادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕی فارسی زماندا کە هەریەکە و لە روانگەی خۆیانەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەواڵیان ئامادەکردوە، رادیۆ فەرەنسا، رایگەیاند: هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەهەرێمی کوردستان هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بەرەو سەربەخۆیی و دیموکراسی.
رادیۆ فەرەنسا دڵێت: خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرن. هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە بە سەرنجدا بە گرژیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی ناوەندی و هەل و مەرجی تایبەتی کوردستانی سوریا لەشەڕی ناوخۆیی ئەم ولاتەدا، بابەتی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد جارێکی دیکە دێتەوە سەر زاران.
م. ش
pna
22/09/2013
ئهندامێکی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکان ئاشکرای کرد، ههر ئهمڕۆ دهست دهکرێت به جوداکردنهوهی دهنگهکان و له 26ی مانگیشدا ئهنجامی گشتی رادهگهیهنرێت.
"سیروان ئهحمهد" ئهندامی کۆمیسیارانی ئهنجومهنی کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکانی عێراق تایبهت بۆ رادیۆ و ئاژانسی ههواڵی پهیامنێر گوتی: ههر ئهمڕۆ دوای داخستنی بنکهکانی دهنگدان دهست دهکرێت به جوداکردنهوهی دهنگهکان.
زیاتر روونی کردهوه: دوای جوداکردنهوهی دهنگهکان، له سنووری ههر پارێزگایهک تهواوی فۆڕمهکان دهبردرێنه ناوهندێک و 26ی ئهم مانگهش دیارکراوه بۆ راگهیاندن و ئاشکراکردنی ئهنجامی گشتیی ههڵبژاردنی خولی چوارهمی پهرلهمانی کوردستان.
له کاتژمێر حهوتی سهر له بهیانیی ئهمڕۆ شهممه، له سهرتاسهری ههرێم تاوهکوو کاتژمێر پێنجی ئێواره بنکهکانی دهنگدان به رووی دهنگدهران کرایهوه که دوو ملیۆن و 818هەزار و 699کەس مافی دەنگدانیان ههبوو.
سهعید عهبدوڵا/X.A
"نێچیرڤان بارزانی" سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، بهبۆنهی كۆتایی هاتنی دهنگدان بۆ پهرلهمانی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی ئاراستهی گهلی كوردستان و رێكخراو و چاودێره نێودهوڵهتییهكان كرد كه ئهمه دهقهكهیهتی:
"ئهمڕۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان كۆتایی هات، سوپاس بۆ خوا و ههموو گهلی كوردستان كه ههڵبژاردنهكه به سهركهوتوویی بهڕێوهچوو و وێنهیهكی جوانی له دیموكراسیبوونی گهلهكهمان و ههرێمی كوردستان پیشانی ههموو جیهان دا.
بهڕاستی ئێمه سهربڵندین به وشیاريی گهلهكهمان. دهنگدهرانی كوردستان به شێوهیهكی گشتی نموونهیهكی زۆر باشیان پێشان دا له بهشداری كردنێكی زۆر جوان له ههڵبژاردندا، تهنانهت بوونه هۆی ئهوهی كه لایهنهكانیش به شێوهیهكی مهدهنیانه بجووڵێنهوه، ئهوهش نیشانهیهكی زۆر گهورهیه له پێشكهوتنی گهلهكهمان و جێگهی رێزه و لهبیرناكرێت.
دهمهوێ سوپاسی كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان، ئاسایش و پۆلیس و ههموو هێزهكانی ناوخۆ بكهم. ههروهها سوپاسی ئهو رێكخراوه مهدهنی و چاودێره ناوخۆیی و نێودهوڵهتیانه بكهم كه چاودێريی پرۆسهی دهنگدانیان كرد.
داوا له ههموو لایهنهكان دهكهم كه ئهو سهركهوتنهی گهلی كوردستان به جووڵانهوهیهكی سیاسیانهی باش تهواو بكهن و دوای ئاشكراكردنی ئهنجامهكان، زوو بكهونه خۆیان بۆ دروستكردنی حكومهتێكی تازه كه شایانی ئهو وشیاری و سهركهوتنهی گهلی كوردستان بێت."
نێچیرڤان بارزانی
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان
21.9.2013
X.A
دوابەدوای تەواوبوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ، زۆربەی میدیا عەرەبیەکان بە گرنگیەوە باسیان لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمیان کرد.
رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی لە ژمارەی ئەمرۆیدا تیشکی خستۆتە سەر وتەی جۆرجی بۆستن نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کە لە میانەی ئامادە بوونی لە کۆنگرەی رۆژنامەنوسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەولێر سازی کردبوو،تێیدا بۆستن دەستخۆشی لە ئەنجامدانی پرۆسەکە وبەرێوەچوونی لە هەرێم کرد و پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێم وگەلی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەکە کە بە داهێنان وەسفی کرد.
بەپێی سەرچاوەیەکی تر هەواڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووە دووپاتیکردۆتەوە کە توندوتیژی لە پرۆسەکەدا نەبووە و ئەمە بەپێ پێوەرە نێودەوڵەتێکان ئەنجامێکی باشە .
هەر لەمیانەی کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەدا جۆرجی بۆستن روونیکردۆتەوە" هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بۆ دەنگدان داهێنانێکی گەورەیە و پرۆسەی دیموکراسی بەهێز دەکات.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی ئەلرایەی قەتەری ئەمرۆ بە گرنگیەوە باسی لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و تێیدا هاتووە "ئەو پێشکەوتنانەی کوردەکانی هەرێم بەدەستیان هێناوە هێمایەکی جیاکەرەوەیە بەبەراورد لەگەڵ دەیەکانی رابردوو کە کوردەکان لە عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا رووبەرووی لەسێدارەدان دەبوونەوە".
لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکە ئاماژە بۆ سەقامگیری و ئارمی باردۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق کردووە ، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناوی بەرەوە پێشچوونی بواری ئابوری و نەوت خستۆتەروو .
رۆژنامەی سیاسەی کوێتیش لە زاری شاندێکی چاودێری یابانیەوە گیرایەتیەوە کە سەبارەت رابۆچوونی لەسەر بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی لە هەنرێمی کوردستان تێیدا شاندەکە دەڵێن "لەکاتی گەراندا بەسەر بنکەکانی دەنگدان هیچ جۆرە پێشێلکاریمان نەبینیوە و پرۆسەکە بەرێکوپێکی بەرێوەدەچیت".
د.ع
22/09/2013