سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ئامەد لە وتەیەکی دا رایگەیاند, من وەکو تاکێکی کورد دڵم خۆش بوو, سەکردەیەک لە تورکیا پەیدابوو, رێگەیەکی راستی گرتۆتە بەر, ئەویش رێگەی برایەتییە, دەبێت چیتر خوێنی کورد بە ستی تورک و تورک بە دەستی کورد نەرژێت, داوای لە برایانی کورد و تورک کرد پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بکەن.
مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەیدا: بۆ من ئەمـڕۆ رۆژێکی دیرۆکییە لە شاری ئامەد ئامادەم, دەمەوێ سەلامی خەڵکی کوردستان و ھەولێر بە خەڵکی ئامەد رابگەیەنم, من وەکو تاکێکی کورد دڵی من خۆش بوو, سەکردەیەک لە تورکیا پەیدابوو, رێگەیەکی راستی گرتۆتە بەر, ئەویش رێگەی برایەتییە, لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بە برایەتی دەتوانین میللەتی خۆمان بەختەوەر بکەین و وڵاتی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە, شەڕ تەجروبە کرا کەس خێر لە شەڕی نەدیوە.
بارزانی وتیشی: دەبێت چیتر خوێنی کورد بەدەستی تورک و تورک بە دەستی کورد نەڕژێت, بناغەی پرۆسەی ئاشتی دارێژرا, جەنابی ئەردۆگان زۆر بوێرانە رێگای ئاشتی ھەڵبژارد و دەستی بە ئاشتی کرد, داخوازی من لە برایانی کورد و تورک ئەوەیە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بکەن, چەند رێگای ئاشتی درێژ بێت باشترە لە کاتژمێرێک شەڕ.
سەرۆکی بارزانی وتی: بەر لە ١٥ – ٢٠ ساڵ ھاتن بۆ خزمەتی ئێوە مەحاڵ بوو, لە ئێستادا ھاتنی ئێمە بەرھەمی ئاشتی و برایەتی و لێک تێگەیشتنە, لەو باوەڕادام پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئەنجام.
لە کۆتاییدا بارزانی وتی: زۆر بەختەوەر بووم بە خزمەتی ئێوە گەیشتم, داخوازی سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ دەکەم.
دوێنێ شەممە 16ـی 11ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی مێژوویی گەییشتە شاری ئامەدی باكووری كوردستان, لەم سەردانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی چەندین پڕۆژە لە شاری ئامەد بەشدار دەبێت.
س . س
ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی دیاربەکر بۆ پێشوازیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لە دەروازەی شارەکەیان بە وێنەی بارزانی و ئاڵای کوردستان بەپێوە وەستاون.
ئاژانسی ئانادۆڵو بەشی كوردی بڵاوی كردووەتەوە لە دەروازەی شاری دیاربەکر، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ پێشوازییکردن لە بارزانی و ھاوسەفەرەکانی بە پێوە وەستاون. ئەوان وێنەی بارزانی و ئاڵای کوردستانیان بە دەستەوەیە و دروشمی "بەخێرھاتی بارزانی بۆ ماڵی خۆت"ـیان بەرز کردووەتەوە.
لەناو ئاپۆرای خەڵکدا، پەرلەمانتاری بەدەپە، ئاڵتان تان، دەبینرێ و لە پێشوازیی بارزانیدا وەستاوە، تان گوتی: "لە تورکیا بارزانی پێشتر بە سەرۆکی عەشیرەت ناویان دەبرد، کەچی ئێستا وەکو سەرۆکی ھەرێم پێشوازیی لێدەکەن، ئێمە لەگەڵبارزانی کۆدەبینەوەو باسی چۆنێتی چارەسەری پرسی کورد دەکەین. بۆ کورد ھەر پیترۆڵ گرنگ نییە بەڵکو ئینسانیش گرنگە. ئێمە بەھەزاران کەسمان لەگرتووخانەکاندان، خەڵک چاوەڕێیە بارزانی بگات و باسی ئەوانەی لەگەڵ بکەین."
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی دهنگوباسی ئهڵمانیایش كە "باسنیوز" بڵاوی كردووەتەوە، باس له دیداری ئهمڕۆی بارزانی و ئهردوغان له ئامهد دهكا و دهنووسێ "ئامانجی ئهو سهردانه سهرلهنوێ دهستپێكردنهوهی وتووێژهكانی ئاشتهواییه له نێوان حكوومهتی توركیا و كوردهكانی ئهو وڵاته، كه له مانگی ئهیلوولی رابردووهوه وتووێژی نێوان ئهو دوو گرووپه وهستاوه."
سهرچاوهیهكی نزیك له حكوومهتی توركیا به ئاژانسی دهنگوباسی فهڕهنسای گوتووه "حكوومهتی توركیا دهیهوێ بهڵێنهكانی لهوبارهیهوه جێبهجێ بكات و كۆتایی به شهڕهكانی لهگهڵ كوردهكان بێنێ ئهگهرچی پهیوهندییهكان ئێستا له دۆخێكی شیاودا نین."
فهرهاد چۆمانی
سهرۆكی ههرێمی كوردستان له پهیامێكدا بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگهیاند، جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێككەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا و هەوڵیدا بەزۆری چەك و بە ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بكاتە ئەمری واقعی سەربازی، وتیشی، من بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لە ئارادایە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست كورد بچێت.
ئهمهش دهقی پهیامهكهیه:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوای ڕووداوەكانی سووریا پێمان وابوو دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد لە ڕۆژئاوا هاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نكۆلیكاری و بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیبوون كۆتایی بە نەهامەتییەكان بێت و مافی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مسۆگەر بكرێت. لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد. ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو و داشناخرێت. ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد. بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دیار بن و جەماوەری كوردستان لێی ئاگادار بن بە پێویستمان زانی ڕاستییەكان بكەونە بەر دەستی خەڵكی كوردستان. مەبەستی منیش پەرۆشییە بۆ ئاییندەی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ دۆخەكەی ئێستای ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لەمە خەراپتر نەبێت.
هەر لە سەرەتا زۆر هەوڵماندا گشت توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانی هەرێم بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا بەكار بهێنین و سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ گەلی كورد ڕەخساوە. لە 28ـی 11ـی 2011 بە شەخسی بەشداری یەكەمین كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا بووم و پێم گوتن ئێوە برای ئێمەن و ئامادەین هاوكاریتان بكەین بە مەرجێك ئێوە پێكەوە بن و هەر بڕیارێك بیدەن پشتگیریتان لێدەكەین چ بەرانبەر بە ڕژێم چ بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن.
گەلی كورد لە ململانێی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆندا بێلایەن بوو و تەنیا دەبوایە هەوڵی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی خۆی دابا. نە ڕژێم و نە ئۆپۆزیسیۆن وەڵامێكی ئیجابیان دەربارەی مافەكانی كورد نەبوو. بۆیە پێویست بوو هەموو لایەنە كوردییەكان یەكبگرن و ببنە خاوەنی گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو. ئەوە بوو لە 11ـی 7ـی 2012 دەستەی باڵا بە پێی ڕێككەوتننامەی هەولێر دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كورد وتارێكی سیاسیی هاوبەشی هەبێت بۆ ئێستا و دواڕۆژی سووریا. جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێككەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا و هەوڵیدا بەزۆری چەك و بە ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بكاتە ئەمری واقعی سەربازی. باسی ئەوەش دەكەن كە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا كردووە بەڵام كام شۆڕش و لە دژی كێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەكانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست كراوە.
لە ڕاستیدا ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنی هەولێر و یارمەتیی ڕژێم كە یاریكردنێكی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا. پەیەدە هەر بە پاوانكردن نەوەستا بەڵكو كەوتە كوشتن و گرتنی ئەندامانی حزبەكانی تر.
من بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لە ئارادایە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست كورد بچێت. چونكە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بە مافی كورد لەبەرانبەر ئەو هاوكارییەی پەیەدە پێشكەشی ڕژێمی كردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش، كورد بە بەشێك لە ڕژێم هەژمار دەكات و ئەوەشیان كێشەی جددی بۆ گەلەكەمان لە داهاتوودا دروست دەكات. هەر لەسەرەتای ڕووداوەكانی سووریا بڕیار ئەوە بوو كورد خۆی تووشی شەڕ نەكات و ئەگەر هێرش هاتە سەر كورد بەرگری لەخۆیان بكەن. بەڵام پەیەدە گەلەكەمانی تووشی شەڕێك كرد كە نە شەڕی كورد بوو و نە لە قازانجی كورد بوو. ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوا. ئەوان دژی كۆدەنگیی نەتەوەیی وەستانەوە و تەنانەت ئاڵای كوردستانیشیان لە ڕۆژئاوا قەدەغە كرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاكلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاكڕۆیەكی ئاشكرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە كوردییەكانی دیكەیە. ئێمە داكۆكی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەردا بێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاكلایەندا ناكەین.
هیوادارم گۆڕانكارییەكان لە ئاییندەدا لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بن و ئامۆژگارییشم بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان و پەیەدەش ئەوەیە كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمانە بەیەكەوە بن و بگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی ڕێككەوتنی هەولێر. بە دڵنیاییەوە ئەمەیان باشترین ڕێگەیە و لەهەموو بارودۆخێكدا پێگەی كورد لە سووریا بەهێزتر دەكات و ئێمەش بەهەموو توانایەك پشتگیرییان دەكەین. هەموو لایەنەكان بۆ ئێمە وەك یەكن و خوشك و برای ئێمەن. دەمانەوێت بە مافی خۆیان بگەن و خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن. ئەگەر پەیەدە تووشی لەخۆباییبوون بێت و بەردەوام بێت لە پشتكردن لە خوشك و براكانی ئەوە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدیات و مەترسییەكان ببێتەوە و چارەنووسی كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی جددییەوە. ئەگەر هەموو لایەنەكان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنامەی هەولێر ئەو كاتە دەستەی باڵایش هیچ مانایەكی نامێنێ و پەیەدە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی دەرفەتی مێژوویی.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 11ـی 2013
pna
ناتۆ بڕیاری دا گفتوگۆی ھێشتنەوەی سیستەمی بەرگریی دژە موشەکی پاتریۆت لەگەڵ تورکیا درێژەپێبدات. بەھۆی ھەڕەشەکانی سووریاوە، بڕیار لەسەر بەردەوامبوونی وتوێژەکانی سیستەمی بەرگریی دژە موشەکی پاتریۆت درا. دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆی سووریا مەترسییەکی زۆری خستە سەر سنووری وڵاتەکەی، تورکیا داوای درێژکردنەوەی ماوەی سیستەمی بەرگریی دژە موشەکی لە رێکخراوی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی-ناتۆ کرد. ئەوەبوو رێکخراوەکە وەڵامێکی ئەرێنی دایەوە. دوای ئەوەی ئەمریکا لە 4ی کانوونی یەکەمی 2012دا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساند، تورکیا سەرەتای ساڵی 2013 سیستەمی بەرگریی دژە موشەکی لە شارەکانی ئەدەنە، مەراش، عەنتاب جێگیرکرد.
14/11/2013
بۆ به فهرمی ناساندنی كهمپینی هاوكاری كردنی پهنابهرانی كوردانی ڕۆژائاوا دوێنێ چوارشهممه 13-11-2013 بهئامادهبوونی د. عصمت محمد خالد وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان و نوێنهری رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان، ئاههنگی دهستپێكردنی كهمپینی )گهڕانهوه بۆ خوێندن) بۆ قوتابیانی ڕۆژئاوای دهرهوهی كهمپهكان له پاركی شانهدهر له ههولێر ساز كرا.
وهزیری پهروهرده له ووتهیهكیدا ئهم جۆره چالاكییانهی به گرنگ وهسف كرد و گوتی: حكومهتی ههرێمی كوردستان هاوكارییهكی زۆری پهنابهرانی سووری كردووه، به تایبهتی له بواری پهروهردهوه به ههماههنگی لهگهڵ رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان، ئێمه به ههموو شێوەیەك هاوكارییان دهكهین بۆ ئهوهی له خوێندن دانهبڕێن و هیوادارم به زووترین كات ئاشتی و ئارامی بگهڕێتهوه بۆ ووڵاتهكهیان بۆ ئهوهی بگهڕێنهوه شوێنی خۆیان.
شایهنی باسه ئاههنگهكه به بهشداری ژمارهیهكی له قوتابی كوردانی ڕۆژئاوا بهڕێوهچوو و بهچهند بڕگهی جۆراو جۆرو گۆرانی و مۆسیقا و شانۆ رازاندرایهوه كه له لایهن تیپی چالاكی پهروهردهی ههولێر ریكخرابوو و له كۆتاییشدا دیاری بهسهر قوتابییهكاندا دابهشكرا.
ج.ع
جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد لە پەیوەندییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتربوونی بارودۆخەکە ھەماھەنگی لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوام بێت.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئاڵوگۆڕ کرد و، ھەروەھا جەختیش لەوە کرایەوە کە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتربوونی بارودۆخەکە ھەماھەنگی لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوام بێت.
چالاكڤانێك رایدەگەیەنێت، هێرشكەرانی سەر كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر هێشتا دەستگیرنەكراون و دەڵێ ئەوانەی دەستگیركراون رێكخەرانی خۆپێشاندانەكەن. ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەندامانی هەموو حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشداربوون لە خۆپێشاندانەكە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو حیزبانە هەڵوێستێكی فەرمییان لەسەر دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەرنەبڕیوە. كامیل نەجاری، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی رێكخراوی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و سیاسی زێد، بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی كرد و رایگەیاند: "ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەشدارییان لە هێرشی سەر كونسوڵخانەی ئێران نەكردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستی ئێمەدان، هیچكام لەو كەسانەی هێرشیان كردووەتە سەر كونسوڵخانە دەستگیرنەكراون". كاژێر 4ی ئێوارەی رۆژی 8-11-2013 لەلایەن ژمارەیەك خۆپێشاندەرەوە، كە خۆپێشاندانێكیان دژی لەسێدارەدانی لاوانی كورد لە ئێران بۆ بەردەم كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر سازكردبوو و بەشی زۆری خۆپێشاندەرەكان ئەندامانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، كونوسڵخانەی ئێران بەردباران كرا. بە گوتەی پەیامنێری رووداو كە لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبوو، ژمارەیەك خۆپێشاندەر ئاراستەی خۆپێشاندانەكەیان گۆڕیوەو كونسوڵخانەی ئێرانیان بەردباران كردووە. نەجاری ئاماژەی بەوەشدا، كە بەپێی لێدوانی نەقیب كاروان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، ئەو كەسانە بەپێی مادەی 10ی یاسای خۆپێشاندان دەستگیركراون، مادەكەش ئاماژە بەوەدەكات (ئەگەر ئەو كەسە سەرپێچی بكات بەلانی زۆر مانگێك زیندانی دەكرێ، یاخود بە 50 تا500 هەزار دینار سزا دەدرێ). گوتیشی "هیچ بڕگەیەك لە یاسای خۆپێشاندان ئاماژە بەوە ناكات رێكخەرانی خۆپێشاندان دەستگیربكرێن". خۆپێشاندانەكە بە كۆدەنگی هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامدراوەو ئەندامانی هەموو حیزبەكانیش بەشدارییان تێدا كرد. سەبارەت بە هەوڵی حیزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوان، نەجاری گوتی: "ئەو حیزبانە لەرێگەی پەیوەندییەكانی خۆیانەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئازاد بكرێن، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی هیچ هەڵوێست و بەیاننامەیەكیان نەبووە". نەجاری جەختیكردەوە "بەپێی هەموو بەڵگەكان ئەو دەستگیركراوانە بێتاوانن و تەنیا رێكخەری خۆپێشاندانێك بوون كە بەپێی یاساكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، لەكاتی دیاریكراو و شوێنی دیاریكراو دەستیپێكردووە و كۆتایی هاتووە". گوتیشی: "ئێمە بانگەشەی ئەوەمان نەكردووە رۆژهەڵاتی كوردستان رزگار دەكەین، ئێمە كۆمەڵێك چالاكی بواری مەدەنین، چالاكییەكانمان زیاتر لە بواری راگەیاندنەكەی بۆ ئێمە گرینگە، ئێمە نە مەبەست و ئامانجمان رووخاندنی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە نە رزگاركردنی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی حیزبە سیاسییەكان".
فەرهاد چۆمانی
rudaw
13/11/2013
لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا، سێ چالاكوانی سیاسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوەكانی (حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، شێركۆ مەعاریفی و رەزا ئیسماعیلی) لە سێدارەدران. ئەمەش ناڕەزایەتی بەربڵاوی كوردی لێكەوتەوە. نوێنەرێكی كورد لە پارلەمانی ئێران تاوانەكە دەخاتە ئەستۆی لایەنە توندڕەوەكانی نێو دەسەڵات و دەڵێت "هێشتا زانیاریمان لەبارەی ئەو رووداوانە نییە، بۆیە ناتوانین لەگەڵ بەرپرسانی پایەبەرزی حكومەت باسی بكەین". لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە. لە شارەكانی مەریوان و سەقز خەڵك هاتنە سەر شەقامەكان. هێزە ئەمنییەكانی ئێران رێیان لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شارەكانی سەردەشت، رەبەت و مەهابادیش گرت. ناڕەزایەتییەكان بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپاشیان گرتەوە. بەڵام عابد فەتاحی، نوێنەری شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە (رووداو)ی گوت كە ئەوان زانیاری وردیان لەسەر دۆسیەی لەسێدارەدراوە سیاسییەكان لە بەردەست نییە "بۆیە دەبێت نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان بە یەكەوە دابنیشین و زانیاری كۆبكەینەوە، ئینجا بەیاننامەیەك دەربكەین". گوتیشی "بەهۆی ئەوەی ئێستا پەرلەمانی ئێران لە پشوودایە بۆیە نوێنەرانی كورد نەیانتوانیوە كۆببنەوە". ئەو پێیوایە سزای لە سێدارەدان هیچ سوودێك بە كۆماری ئیسلامی ئێران ناگەیەنێ "لەسێدارەدانی خەڵك بێسوودە. بە تانك و تۆپ و تەیارە ناتوانی بیروباوەڕەكان بگۆڕی و لەنێویان ببەی. ناتوانی لەگەڵ ئەندێشە و باوەڕەكاندا بەربەرەكانێ بكەی. بەگوتەی ئەو نوێنەرە كوردە، مافی تەواویان هەیە بەدواداچوون بۆ هەر شتێك بكەن كە لە وڵاتدا روودەدات. فەتاحی گوتی "ئەوانەی جیاوازیی بیروبۆچوونیان لەگەڵ دەسەڵات لە ئێراندا هەیە لە سێدارە نادرێن، بەڵكو تەنیا ئەو كەسانە لە ئێران لەسێدارە دەدرێن كە هەوڵ بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی دەدەن. هەڵبەت ئەوەش دادوەر بڕیاری لێدەدات". سەبارەت بە بێدەنگی نوێنەرانی كورد بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەو سێ چالاكوانە كوردە، فەتاحی رەتیكردەوە بێدەنگ بووبن و گوتی "زانیاری تەواومان لەبەردەست نییە بۆیە بێدەنگین، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكەین و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەت قسە دەكەین". بەگوتەی فەتاحی، بەرپرسانی پایەبەرزی حكومەت لەگەڵ ئەوەدا نین كەسێك لە كوردستان لەسێدارە بدرێ "بەڵام لایەنگەلێكی توندڕەو هەن كە كاری خۆسەرانە دەكەن. هەڵبەت وڵاتانی دیكەش كە ناكۆكییان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە، كێشە دەنێنەوە". پێشتریش عەلی یونسی، راوێژكاری حەسەن رووحانی بۆ كاروباری نەتەوە و ئاینەكان، لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی خستبووە ئەستۆی لایەنە توندڕەوەكانی نێو دەسەڵاتی ئێران. ئەو ئاماژەی بۆ لایەنێكی دیاریكراو نەكردبوو. حكومەتی حەسەن رووحانی تا ئێستا سەبارەت بەو زنجیرە لەسێدارەدانە هیچ هەڵوێستێكی نەبووە. لایەنە توندڕەوەكان پێشینەیەكی درێژیان لە كۆماری ئیسلامیدا هەیە. پێشتریش هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، تیرۆری عەبدولڕەحمان قاسملو، سكرتێری گشتی پێشووی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی خستبووە ئەستۆی ئەو لایەنە توندڕەوانە. جێدەستی لایەنە توندڕەوەكان زیاتر لە سەردەمی محەممەد خاتەمی، سەرۆك كۆماری ریفۆرمخوازی ئێراندا دەركەوت. ئەوكات ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیرانی ئێرانیشیان كوشت. حكومەتی خاتەمی لێكۆڵینەوەی لە كوژرانی ئەو نووسەرانە كرد و دەركەوت لایەنێكی توندڕەو كە فەرمان لە وەزیری ئیتلاعات وەرناگرن، ئەو نووسەرانەیان كوشتووە. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی جەڕەس، كە سەر بە بزووتنەوەی سەوزی ئێرانە، هاوكات لەگەڵ هاتنە سەركاری حكومەتی رووحانی و دیاریكردنی وەزیری ئیتلاعات، لایەنێك لەنێو وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانەوە لە هەوڵی ئەوەدان ئیتلاعاتی هاوتەریب پێكبهێنن. ئیتلاعاتی هاوتەریب لایەنە توندڕەوەكانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات دەگرێتەوە كە بەشێوەی نهێنی و سەربەخۆ كار دەكەن و دەستوور لە وەزیر وەرناگرن. هاوكات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەو سێ چالاكوانە، حوكمی سێدارەی 4 گیراوی سیاسی دیكەی كورد لە زیندانی ورمێ پشتڕاستكرایەوە و ئەگەری لە سێدارەدانیان هەیە. ئێستا حەوت گیراوی سیاسی كورد ئەگەری بەڕێوەچوونی حوكمەكەیان هەیە. - 13/11/2013
ئهمینداری گشتی وهزارهتی پێشمهرگهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهره بهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه بهرهو بهلجیكا بهڕێوهكهوت به مهبهستی بهشداریكردن له کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی هێز باكووری ئهتڵهسی (ناتۆ) .
له راگهیهندراوێكی وهزارهتی پێشمهرگهدا هاتووه كه كۆپیهكی بۆ ئاژانسی ههواڵی پهیامنێر نێردراوه; "فەریق جەباریاوەرمەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە ھاوکات ئەندام ووتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمە بەرەو شاری(برۆکسڵ)ی پایتەختی (بەلجیکا ) بەرێکەوت".
ههر لهو راگهیهندراوهدا روونكراوهتهوه كه چهند تهوهرێك لهو كۆنفرانسهدا گفتوگۆ و بیروڕایان لهسهر ئاڵوگۆڕ دهكرێت، لهوانه ; "ناوتۆ و دهوڵهتی فیدراڵی عێراق له رووی سیاسی و ئهمنییهوه، بهرههڵستی تیرۆر و رۆڵی ناتۆ له رۆژههڵاتی ناوهڕاست و چهند تهوهر و بارهتێكی دیكه.
بڕیاروایه كۆنفرانسهكه 14ی ئهم مانگه دهست پێ بكات و دوو رۆژ دهخایهنێت و بهرپرسانی سهربازی چهندین وڵاتی تێیدا بهشدار دهبن كه بهشداربوونی ئهمینداری گشتی وهزارهتی پێشمهرگهش له سهر بانگهێشتی فهرمی بارهگای سهرهكی ناتۆیه.
"هەرێمی كوردستان پەناگەیەك بۆ گەیشتن بە ئارامی"، ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكە كە رۆژی سێشەممە 12-11-2013 لە ماڵپەڕی BBC بڵاوكراوەتەوە. كوین كانلی، پەیامنێری BBC لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە راپۆرتێكدا كە بۆ ئەو ئاژانسەی ئامادە كردووە دەڵێت: "هەنگاوەكانی كورد لە ناوچەكەدا ئەوە دێنێتە بەرچاو، كە بە بێدەنگی هەوڵدەدەن دەوڵەتێك بۆ خۆیان درووستبكەن و دەستبدەنە سڕینەوەی ئەو سنوورانەی كە لە كۆتایی شەڕی یەكەمی جیهانییەوە لەلایەن زلهێزەكانەوە داڕێژرا،ناوچە كوردییەكان لە نێوان سووریا، ئێران، توركیا و عێراق دابەشكراون. ئێستاش كورد هەنگاو دەنێنە نێو دیپلۆماسیەكی قورس بۆ بیركردنەوە لە خەونێكی قەدەخەكراوی بە وڵات بوون". لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە: "جێی گومان نییە قەیرانەكانی ئەمڕۆی عێراق و لاوازبوونی دەوڵەتی فیدراڵی بەغدا، بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كورد هەلومەرجێكی باشیان بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی بگەنە خۆبەڕێوەبردنێكی ناوچەیی و بەئارامی هەنگاو بنێن بەرەو شتێكی زیاتر لە ئۆتۆنۆمی". سولی ئوزل، شارەزای سیاسی تورك دەڵێت: "كورد بە شێوەیەكی كردەیی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە باكووری عێراق درووستكردووە و ئەگەریش هەیە جۆرێك لە خۆڕێبەری لە سووریا بەدەستبهێنن". سولی ئوزل، توركیا وەك نموونەیەك دەهێنێتەوەو دەڵێت: "لە دەیان ساڵی رابردوو دەوڵەتی توركیا بۆ قڕكردنی كورد لە ناو سنوورەكانی خۆی، شەڕی كوردی كرد و هەروەها هەوڵیاندا وشەی كورد قەدەخە بكرێت و بە (توركی كێوی) ناویان ببرێت، بەڵام توركیا ئێستا گرنگترین هاوبەشی بازرگانی هەرێمی كوردستانە". هەروەها لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا و بە دانانی نەخشەیەكی كوردستانی گەورە، ئاماژە بەوە كراوە: " زۆربەی كوردەكان ئاواتیان ئەوەیە وڵاتێكی یەكگرتوویان هەبێت، كە كوردانی توركیا، سووریا، ئێران و عێراق لە یەك وڵاتی یەكگرتوودا خۆیان ببیننەوە، بەڵام ئەوان ئەوەندە كردەیی نین، كە ئەو خەونە تەنها وەك خەونێكی دوورە دەست بۆ خۆیان ببینن." لە راپۆرتەكەدا هاتووە "پشتیوانی توركیا تا ئەو كاتە درێژەی دەبێت، كە هەوڵەكان بۆ درووستكردنی دەوڵەتی كوردی تەنها هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەولێر، بە شارەزاییەكی زۆرەوە یاری بە كارتەكانی دەكات". هێمن هەورامی، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "پرسی سەرەكی ئەوەیە یەكسانییەك لە نێوان ئاواتە سیاسییە درێژ مەوداكانمان و راستییە دیپلۆماسییەكانی ئێستا درووستبكەین". هێمن هەورامی زیاتر دەڵێت:"لە هەر كوردێك بپرسیت خوازیاری كوردستانێكی سەربەخۆیت یان نا، وەڵامەكەی بە دڵنیاییەوە بەڵێ دەبێت. بەڵام ستراتیجی كوردستان ئەوەیە، ئامانجەكانی لە رێگەیەكی ئاشتیخوازانەوە بێنێتەدی، ئێمە نامانەوێت ببینە هۆكاری رووخانی عێراق". ئەوەی كە ئێستا دێتە بەرچاو ئەوەیە، هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە، دەتوانێت بە ئاراستەی درووستكردنی دەوڵەت و میللەتێكی نوێ هەنگاو بنێت، بەبێ ئەوەی بە فەرمی رایبگەیەنێت، خەریكی درووستكردنی وڵاتێكی نوێیە. ئاڵا، سروودی نیشتمانی و هێزی سەربازی تایبەتی هەرێمی كوردستان و سەرچاوەی نەوت چەند تەوەرێكی دیكەی راپۆرتەكەنو نووسیویەتی "بە هەموو ئەو شتانەوە، ئەوەی كە ئاشكرایە ئاواتی لەمێژەی بوون بە دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان گیانێكی نوێی گرتووە و ئەو خەونە لە ناوچەیەكی مەترسیدار و لەكات و ساتێكی ئاڵۆزدا، خەریكە ببێتە راستییەك".
رووداو- BBC 13/11/2013