هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق فرمێسك بۆ رۆیشتنی به‌شار ئه‌سه‌د ناڕژێت، به‌ڵكو ترسی هه‌یه دوای ئه‌سه‌د ئه‌ماره‌تێكی ئیسلامی جێگه‌ی بگرێته‌وه.
له مونته‌دای گفتوگۆی ئاسایش كه له مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حره‌ین به ناونیشانی (قه‌یرانی سوریا و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كه) به‌ڕێوه‌چو، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند: عێراق پشتیوانی به‌شار ئه‌سه‌د ناكات و فرمێسكیش بۆ رۆیشتنی ناڕێژێت، به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه ئه‌ماره‌تێكی ئیسلامی دوای ئه‌سه‌د له سوریا دابمه‌زرێت، كه زیانی بۆ هه‌مو جیهان ده‌بێت له مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵیدا.
وتیشی:" ئێرانیه‌كانمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه كه عێراق به‌شێك نییه له ناكۆكی و ململانێكانی سوریا و چه‌كی به‌هیچ لایه‌نێكیان نه‌داوه و هیچ هێزێكی چه‌كداری عێراقیش له‌سه‌ر خاكی سوریا نییه.
راشیگه‌یاند: ئامانجه‌كانی گه‌لی سوریا شه‌رعیه بۆ گۆڕینی رژێمی وڵاته‌كه‌یان، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ترسی دروستبونی ئیماره‌تی ئیسلامیش به‌هۆی زۆربونی ژماره‌ی توندڕه‌وه‌كانه له‌ڕێزی ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی رژێم ده‌جه‌نگن.
سبه‌ی
8/12/2013
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رێی شاندێکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و پارتی دیموکراتی گەلان 3 پێشنیاز پێشکەشی حکومەت دەکات و هاوکات بە هۆی گیان لەدەستدانی، ماندێلا بە ئەستێرەیەکی گەش وەسفدەکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە رێگای پەروین بوڵدان و ئیدریس باڵوکان، پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP و سری سوڕەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، کە دوێنێ سەردانی ئیمڕالییان کردبوو، رایگەیاند، "ماندێلا ئەستێرەیەکی گەشبوو و ئەفریقیای رووناککردبووەوە". ئۆجەلان لە بارەی کوژرانی 2 هاونیشتیمانی لە گەڤەر، هیوای سەلامەتی بۆ خانەوادەکانیان خواستووە و داواشی کردووە، خەڵک "واز لە ئیستیفزازکردن بهێنن". بە گوێرەی پەیامەکە، رێبەری زیندانیکراوی PKK لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بێهیوا نەبووە و چاوەڕێی هەنگاوی گرنگترە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە. هەر لە رێی شاندەکەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 3 پێشنیازی بۆکاراکردنی پڕۆسەی ئاشتی بۆ حکومەتی تورکیا ناردووە: 1/ پڕۆسەی ئاشتی لە قاڵبێکی یاسایی دابڕێژرێ. 2/ لایەنە دانووستاندنکارەکان دەستنیشان بکرێن. 3/ چاودێرێکی بێلایەن هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بکات. ئۆجەلان لە بارەی نیڵسۆن ماندێلاوە گوتویەتی، "ماندێلا ئەستێرەیەکی گەشی ئەفریقیا بوو، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو ئەستێرەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش رووناک بکاتەوە". شەوی پێنجشەممە 5.12.2013، نیڵسۆن ماندێلا، سەرۆکی پێشووی ئەفریقیای باشوور و سەرکردەی ناوداری جیهان کۆچی دوایی کرد.
روداۆ/ لەلایەن هەرمان خالید
8/12/2013
وەها بڕیارە سبەی دووشەممە، رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی شاری هەولێر، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام بدەن و تێیدا، تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی شەرمەزار بكەن و رۆژنامەنووسانی شاری هەولێر، داوای هێزی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ پاراستنیان.
هەژار ئەنوەر، ئەندامی رێكخراوی زار بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی(پەیامنێر) راگەیاند، بە مەبەستی شەرمەزراكردنی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، بڕیارە سەعات 11ی پیشنێوەڕۆی سبەی دووشەممە، ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و چالاكوانی مەدەنی شاری هەولێر، گردبوونەوەیەك بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن و داوا لە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی شاری هەولێر دەكەین، بەشداری تێدا بكەن".
ئەنوەر گۆتیشی "لە گردبوونەوەكەدا، جگە لە شەرمەزاركردنی رووداوی تیرۆكردنی كاوە گەرمیانی، نامەیەك بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بەرز دەكەینەوە و تێیدا، داوا دەكەین تیمێكی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو پرسە بەشدار بێت."
قائید میرۆ مزوری
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی، رەشنووسی جاڕنامەی هاووڵاتیبوون بڵاودەکاتەوە. لە خاڵی یەکەمی ئەو جاڕنامەیەدا ئاماژە بە مافی یەکسانی هاووڵاتی بوونی هەموو دانیشتووانی ئێران دراوە، بەدەر لە رەگەز و ئیتنیک. بە ئەرکی حکومەتیش زانراوە، کە کار لەسەر گەشەپێدان ئەو مافە بکات. مەبەست لە نووسینی ئەو جاڕنامەیە "پاراستنی مافی هاووڵاتی بوونی دانیشتووانی ئێرانە". لە رەشنووسەکەدا بە کورتی ئاماژە بە مافی گەل و ئایینە جیاوازەکانی ئێران دراوە. چالاکڤانانی کورد دەڵێن، حکومەتی ئێران وەکوو هاووڵاتی پلە دوو هەڵسوکەوت لەگەڵ هاونیشتمانییانی کورد دەکات. ئەوان پێیان وایە نووسینی ئەو جاڕنامەیە نیشانەی ئەوەیە، کە خۆی حکومەت هەست بەو نابەرابەرییە دەکات. لەو رەشنووسەدا بە کورتی ئاماژە بە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی نێو ئێران دراوە. بۆیە چالاکڤانانی سیاسی کورد رەخنەیان لە ناوەڕۆکی هەیە و بە ناتەواوی دەزانن. هاوکات نووسەرانی رەشنووسەکە داوایان کردووە، خەڵک تێڕوانینی خۆیانیان لە ماوەی مانگێکدا بۆ بنێرن، تاوەکوو لە دەقی پەسەندکراودا بیگونجێنن. چالاکڤانانی کوردیش نایانەوێ لەمبارەوە بێ هەڵوێست بن. چالاکڤانان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، حکومەتی ئێران بە پێشێلکردنی مافی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن. دەرکردنی ئەو جاڕنامەیەش لە لایەک بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتە دەژمێردرێ و لەلایەکی دیکە جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆمارە بە خەڵکی ئێران.
8/12/2013
قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەراوردی هێزی سەربازی ئێران و ئەمریكا و بەرگەنەگرتنی ئێران لەبەرامبەر ئەو هێزە، دەنگۆی زۆری لێكەوتووەتەوە و لەلایەن تووندڕەوەكانی ئێرانەوە رەخنەی تووندی لێدەگیرێت. پرسیاری یەكێك لە خوێندكارانی زانكۆی تاران، كە رەخنەی لە رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا گرت و گوتی: "ئایا ئەوەی كە داومانە لەگەڵ ئەوەی كە وەرمانگرتووە وەك یەك وان"، كێشەی بۆ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دروستكرد، كە رۆژی سێشەممەی هەفتەی پێشوو لە زانكۆی تاران ئامادەبوو. زەریف لە وەڵامی ئەو خوێندكارەدا گوتبووی:"رۆژئاواییەكان لە چوار دەبابە و مووشەكی ئێمە ناترسن" هەروەها لەو خوێندكارەی پرسیبوو:"ئێوە بیرتان لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكا بە یەك بۆمبی دەتوانێت هەموو سیستەمی سەربازی ئێمە تێكبشكێنێت،ئایا لە سیستەمی سەربازی ئێمە دەترسێت". ئەو قسانەی زەریف كاردانەوەی تووندی لەلایەن تووندڕەوەكانی ئێران لێكەوتەوە و حەیدەر موسلیحی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێران لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاد گوتی: "ئەو قسانە نیشانەی نەفامی ئەو كەسەیە كە ئەو قسەیەی كردووە، بۆ ئەو كەسانە هێشتا زووە هێزی سەربازی ئێران بناسن". هەروەها ماڵپەڕی رەجا نیوز، كە نزیكە لە دەسەڵاتدارانی ئێران نووسیویەتی: "ئەو قسانە، قسەی وەزیری شەڕی ئیسرائیل نییە، قسەی وەزیری شەڕی ئەمریكا، فەرەنسا و بەریتانیا نییە، ئەوە قسەی وەزیری دەرەوەی ئێرانە". ئەو قسانەی زەریف بە پێچەوانەی هەموو ئەو قسانەیە كە بەرپرسانی ئێران چەندین ساڵە پێیانوایە"كۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی سەربازی خۆی گەیاندووەتە ئاستێك، كە هیچ وڵاتێك نەوێرێ هێرشی بكاتەسەر". بەڵام ئێستا زۆرێك لە كارناسانی سیاسی پێیانوایە ئەو قسانەی زەریف لەگەڵ راستییەكان نزیكە، لەبەرئەوەی دەوڵەتی ئێران بەهۆی ئەو فشارە ئابوورییانەی لە دەرەنجامی گەمارۆكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خراونەتەسەری، هەروەها مەترسی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتەكەی،ناچار كراوە دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەڵبگرێت و لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا رێكبكەوێت.
7/12/2013
بێ ئەوەی وادەی بۆ دیاری بكرێت، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا، كۆنگرەی نیشتیمانیی كوردیان بۆ كاتێكی نادیار دواخست. سەركردە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا، سعوود موللایش هۆكارگەلێك بۆ نەبەستنی كۆنگرە دەخاتە بەر باس.
وەها بڕیار بوو كۆنگرەی نیشتمانیی كورد لە سووریا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ببەسترێت، بەڵام وەك سعوود موللا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند، هۆكارگەلێك هەن كە لە نێویاندا ئامادەنەبوونی ئەندامانی كۆنگرەیە كە لە عەفرین و كوبانێ و هاوكات تەواو نەبوونی كارەكانی لیژنەی ڕێكخستنی كۆنگرە دەخاتە بەرباس.
موللا دەڵێت، ئەو كۆبوونەوەیەی كە ئەنجوومەنی نیشتیمانی دوێنێ دەستی پێ كردووە، وەها برشیارە درێژەی هەبێت بۆ تاوتووكردنی بەرنامەی كاری كۆنگرە و كۆنگرەی دووەمی ژنێڤ و بەشداریی كورد تێیدا؛ هاوكات كاركردن لەپێناو یەكخستنی شاندی كورد بۆ بەشداری لە كۆنگرەی ژنێڤ، كە ئەندامانی لە هەردوو ئەنجوومەنە كوردییەكە پێك بێت.
موللا هەروەها گوتی، كۆبوونەوە ئەمڕۆیش بەردەوام دەبێت و تێیدا چارەنووسی دەستەی باڵای كورد كە لە ماوەیەكە پەكی كەوتووە، كفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت؛ هاوكات ئیدارەی كاتی كە پارتیی یەكێتیی دیموكرات(پەیەدە) یەك لایەنە ڕایگەیاندووە، هەڵوێستی كۆتایی لەبارەوە دەگیرێت.
م/ساڵح - قامیشلۆ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیلسۆن ماندێلا ناوبانگێكی جیهانی هه‌بوو، زۆربه‌ی خه‌ڵكیش به‌شێكی زۆری ورده‌كارییه‌كانی ژیانی وه‌ك سیاسییه‌ك و تێكۆشه‌رێك دژی ره‌گه‌زپه‌رستی "ئاپارتاید" له باشووری ئه‌فریقا ده‌زانن، به‌ڵام شه‌ش راستی هه‌ن كه ره‌نگه زۆربه‌ی خه‌ڵك ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه نه‌یزانن.
1-خولیای بۆكسێن بوو
له ته‌مه‌نی لاوی‌دا، ماندێلا خولیای وه‌رزشی بۆكسێن و راكردنی دوورودرێژ بوو، ته‌نانه‌ت له‌و ساڵانه‌ی له زینداندا بوو به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ئه‌نجامدانی راهێنانی وه‌رزشی.
له یاداشته‌كانیدا، ماندێلا ده‌ڵێت: "هێنده‌ی سه‌رسام بووم به هونه‌ره‌كانی پشت بۆكسێن، هێنده سه‌رسامی توندوتیژییه‌كانی نه‌بووم، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگ بوو ئه‌وه‌بوو چۆن مرۆڤ جوڵه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بپارێزێت، و چۆنێنی به‌كارهێنانی ستراتیژیه‌تی هێرشكردن و كشانه‌وه و چۆن مرۆڤ به‌درێژایی یارییه‌كه خۆی هاوسه‌نگ ده‌كات".
نووسیویه‌تیشی: "بۆكسێن یه‌كسانی له‌نێوان هه‌مووان دروست ده‌كات، له شوێنی یارییه‌كه‌دا جیاوازی ته‌مه‌ن و چینایه‌تی و ره‌نگ نامێنێت... دوای ئه‌وه‌ی چوومه دنیای سیاسه‌ته‌وه بۆكسێنم نه‌كردووه، بایه‌خی سه‌ره‌كی من مه‌شقكردن بوو، بۆمده‌ركه‌وت كه به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر مه‌شقكردن دوودڵی كه‌مده‌كاته‌وه، دوای مه‌شقێكی توند هه‌ستم به ئاسووده‌یی جه‌سته و مێشك ده‌كرد".
له‌نێو یادگارییه‌كانی مۆزه‌خانه‌ی خێزانی ماندێلا له شاری سویتۆ، ئه‌و پشتێنی پاڵه‌وانێتییه به‌دیده‌كرێت كه له‌لایه‌ن شوگر رای لینار یاریزانی بۆكسێنی ئه‌مریكییه‌وه پێشكه‌شی كرابوو.
2- له بنه‌ڕه‌تدا ناوی نیلسۆن نه‌بووه
رولیهلاهلا ماندێلا ته‌مه‌نی نۆ ساڵ بوو كاتێك له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌یه‌وه له قوتابخانه‌كه‌ی له كونوی باشووری ئه‌فریقا و به‌پێی كلتووره باوه‌كان كه ده‌بوو هه‌موو منداڵێك ناوێكی نوێی لێبنرایه، ناوی نیلسۆنی لێ‌نرا.
ئه‌م كلتووره له باشووری ئه‌فریقا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كیشوه‌ری ئه‌فریقا باوبووه و كه ناوی ئینگلیزی له كه‌سه‌كان ده‌نرا بۆ ئه‌وه‌ی بیانییه‌كان بتوانن به ئاسانی ناوه‌كان بڵێن.
رولیهلاهلا ناوێكی باو نه‌بووه له باشووری ئه‌فریقا و مانای "منداڵی گێره‌شێوێن" ده‌گه‌یه‌نێت و له باشووری ئه‌فریقا به ناوی ماندێلایان ده‌وت "مادیبا" كه ناوی خێڵه‌كه‌ی بوو، خه‌ڵكیش به "تادیبا" ناویان ده‌برد.
3- تا ساڵی 2008 ناوه‌كه‌ی له لیستی تیرۆری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا بوو
پێش ئه‌و مێژووه ماندێلا و ئه‌ندامانی تری سه‌ركردایه‌تی حزبی كۆنگره‌ی ئه‌فریقی نه‌یانده‌توانی سه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن به‌بێ مۆڵه‌تی تایبه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئه‌و حزبه وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئاپارتایدی باشووری ئه‌فریقا ناوده‌برا.
له ساڵی 2008دا كۆندالیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ناڕه‌زایی خۆی له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه بڕیاره‌كه مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه و دواتر به یاسایه‌ك كه له‌لایه‌ن هاوه‌رد بیرمان سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكاوه دانرا، ناوی ماندێلا و حزبه‌كه‌ی له لیستی تیرۆر لابرا.
له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا رۆناڵد ریگن سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته یهكگرتووهگانی ئه‌مریكا ناوی حزبی كۆنگره‌ی ئه‌فریقی خسته‌ناو لیستی تیرۆره‌وه.
4- كاتێك له زیندان ئازاد كرا، چاویلكه‌كه‌ی له‌بیر چوو
دوای 27 ساڵ مانه‌وه‌ی له زیندان، كاتێك له 11ی شوباتی 1990 ئازاد كرا، وه‌ك دواتر خۆی رایگه‌یاند: هه‌ستی به سه‌رسوڕمان و كه‌مێك نیگه‌رانی كردووه.
دوای ئازادكردنی ماندێلا و وینی ژنی ئه‌و كاتی گوازرانه‌وه بۆ ناو جه‌ماوه‌رێكی زۆر كه به‌بۆنه‌ی ئازادكردنییهوه كۆبووبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وته‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات، كاتێك وتاره‌كه‌ی ده‌رهێنا و ویستی بیخوێنێته‌وه، زانی كه چاویلكه‌كه‌ی له‌بیرچووه و داوای له وینی هاوسه‌ری كرد چاویلكه‌كه‌ی بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی بخوێنێته‌وه.
5- جلوبه‌رگی شۆفێری له‌به‌رده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیس نه‌یناسێته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی چالاكییه‌كانیه‌وه له حزبی كۆنگره‌ی ئه‌فریقی په‌نای بۆ خۆحه‌شاردان برد، به‌هۆی توانای له خۆشاردنه‌وه له هێزه‌كانی پۆلیس ماندێلا به "بمبرنلی ره‌ش" ناوده‌برا كه ئه‌و ناوه له چیرۆكی "بمبرنیل القرمزی"ی وه‌رگیرابوو كه باسی پاڵه‌وانێكی ده‌كرد ناسنامه‌كه‌ی نهێنی بوو.
له‌ماوه‌ی خۆحه‌شاردانی له پۆلیس، ماندێلا وه‌ك شۆفێر و چێشتلێنه‌ر و باخه‌وان خۆی ده‌رده‌خست بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌ناو وڵاته‌كه‌یدا بگه‌ڕێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بیناسنه‌وه، تائێستاش كه‌س نازانێت دواجار چۆن ئاشكرا بوو و ده‌ستگیركرا.
6- به‌شداری دامه‌زراندنی نووسینگه‌ی پارێزه‌رێتی كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌ی یاسای هه‌بێت.
ماندێلا به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ له 1939ه‌وه بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ یاسای خوێند و له نیوه‌ی بابه‌ته‌كاندا ده‌رنه‌ده‌چوو.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی زانكۆ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ په‌یمانگای خوێند به‌مه‌ش رێی پێدرا كاری پارێزه‌ری بكات و له ئابی 1952 به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئۆلیڤه‌ر نامبۆ یه‌كه‌م نووسینگه‌ی پارێزه‌رییان دامه‌زراند كه له‌لایه‌ن پارێزه‌رانی ره‌شپێسته‌وه له جۆهانسبێرگ له باشووری ئه‌فریقا به‌ڕێوه‌ده‌برا و به‌رده‌وام بووتا له ساڵی 1989دا له زیندان توانی بڕوانامه‌ی یاسا به‌ده‌ست بهێنێت.
سه‌رچاوه: BBC
07/12/2013
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تیرۆر کردنی رۆژنامەنووو کاوه گەرمیانی به توندی ئیدانه کرد و جەختی کردەوه که ناکرێت به هیچ شێوەیەک تیرۆری رۆژنامەنووسان له وڵاتی ئێمه هەبێت.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیه:
"شەوی پێنجشەممە ٥ـی کانوونی دووەمـی ٢٠١٣ رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کەلار شەھید کرا.
ئەم ھەواڵە دڵتەزێنە ھەموومانی ئازار دا و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە دەکەین. بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆمان بە بنەماڵە و کەسوکاری شەھید کاوە گەرمیانی رادەگەیێنین. داوایش لە حکوومەت و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات تاوانبارانی ئەم کردە قێزەوەنە بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بکەن و سزایان بدەن.
ناکرێ بەھیچ شێوەیەک تیرۆر و کوشتنی خەڵکی بێ‌تاوان و رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئێمەدا ھەبێت. ئەمە جگە لەوەی دەبێتە ھۆی ئازاردانی خەڵک و شێواندنی سەقامگیریی وڵات و تێکدانی ئاسوودەیی ھاووڵاتیان، کاریگەریی زۆر خەراپیشی لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان دەبێت. پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئازادی و ئاسوودەیی خەڵک بپارێزرێت."
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
٦ـی ١٢ـی ٢٠١٣
رووداو - برۆكسل
6/12/2013
6/12/2013
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگه‌ڵ باڵیۆز جۆن ویڵكس نوێنەری تایبەتی به‌ریتانیا بۆ كاروباری سووریا كۆبۆوه، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دەبێ ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە قەیرانی سووریا پشتگیری لە ڕۆڵی كورد بكەن و پێویستیشە هەموو لایەنە كوردییەكان هاوكاری یەكتر بن و گوتارێكی هاوبەش و ڕوونیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سووریا و دواڕۆژی سووریادا هەبێت.
لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی بریتانیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند. لەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی بریتانیا بە ڕاشكاوی وێنەیەكی گشتی لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی سووریا و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارسەركردنی قەیرانی سووریا خستەڕوو و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی كۆنفرانسی ژێنێڤ 2 و رۆڵی دەوڵەتانی دراوسێ و دۆستی سووریا و زلهێزەكان و هێزە سیاسییەكانی ناوخۆی سووریا و هەروەها كاریگەرییان لەسەر قەیرانی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. نوێنەری تایبەتی بریتانیا پشتگیری وڵاتەكەیشی لە ڕۆڵ و پێگەی كورد بە تایبەت ئەنجوومەنی نیشتیمانی دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لە كۆنفڕانسی ژێنێڤ دوودا كوردەكان بەشدار بن و رۆڵێكی كارایان هەبێ.
هەر لەو دانیشتنەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دەبێ ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە قەیرانی سووریا پشتگیری لە ڕۆڵی كورد بكەن و پێویستیشە هەموو لایەنە كوردییەكان هاوكاری یەكتر بن و گوتارێكی هاوبەش و ڕوونیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سووریا و دواڕۆژی سووریادا هەبێت.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و كاریگەریی لەسەر ناوچەكە و رۆڵی كورد سەرۆك بارزانی هێمای بەوە كرد كە ئەستەمە كێشەی سووریا لە رێگەی چارەسەری سەربازی چارەسەر بكرێت و ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانیشەوە گرنگە ئەوەیە كە ئەلتێرناتیڤێكی دیموكراتی بۆ دواڕۆژی سووریا هەبێت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و گشت لایەك رەچاوی مافەكانی كورد بكەن چونكە داواكاری و مافەكانی كورد رەوان و لە سووریادا گەلی كورد لە بچووكترین مافەكانی بێبەش كراوە.
لە کۆبوونەوی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رێبەری باڵا و سەرۆکی ئێران، باس لە رەوشی تەندروستی سەرۆک کۆماری عێراق کرا و هەردوو بەرپرسی ئێرانی ئاواتیان خواست تەندروستی تاڵەبانی باشبێت. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سازدرا، وێڕای پرسین لە رەوشی تەندروستی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق، رایگەیاند: "جەلال تاڵەبانی دۆستێکی ئازیز و باش بووە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هیوادارم تەندرووستی باش بێت". هەروەها حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مالیکی وێڕای تاوتوێکردنی چەند پرسێک وەک پاککردنەوەی ئاوی شەتولعەرەب (ئەروەند روود) و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە رەوشی تەندروستی جەلال تاڵەبانی پرسی و هیوای خواست بە زووترین کات باری تەندروستی باشبێت. نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ چوارشەممە 4-12-2013 گەیشتە تاران و لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە پێشوازی لێ‌کرا. جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە مانگی 12ـی 2012ەوە بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ەڵمانیا چارەسەری وەردەگرێت
5/12/2013
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هێزە ئەمنییەکان رێگا لە هاووڵاتیان دەگرن، کە لە باڵەخانەی هەواڵگری کەرکووک نزیک ببنەوە، بە هۆی گومانی بوونی تەقەمەنی. دەربارەی ئاماری قوربانیان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، کە ئامارە فەرمییەکان باس لە 8 کەس دەکەن، کە گیانیان لەدەست داوە و 80ی دیکەش برینداربوون. هەروەها جگە لە شوێنی رووداوەکە، هاتووچۆ و ژیان لە کەرکووک ئاسایی بووەتەوە.
5/12/2013
جاکۆب زۆبا سەرۆکی ئەفریقای باشور رایگەیاند کە نیلسۆن ماندێلا ئایکۆنی ئاشتی جیهان کۆچی دوایی کرد.
ماندێلای تەمەن ٩٥ ساڵ، بۆ ماوەیەکی درێژە لە نەخۆشخانە کەوتووە و لە ژێر چاودێریدابوو. ئەو یەکێکە لە سەرکردە خۆنەویستانەی کە تا دوا کاتەکانی تەمەنی لە پێناو ئاشتی و مافی مرۆڤ تێکۆشا. یەکێکیش بوو لەو سەرکردانەی کە پاڵپشتی مافەکانی گەلی کوردی کردوە -
5/12/2013