ئێران ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریكردنی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به بارودۆخی عێراق پیشان ده‌دات، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بیش ده‌ڵێت، تێكشكانی سوپا به‌ڵگه‌ی سیاسه‌ت و سه‌ركردایه‌تی شكستخواردووه.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له زاری به‌رپرسێكی باڵای ئێرانه‌وه بڵاویكرده‌وه، تاران هه‌ست به قه‌له‌قی و نیگه‌رانییه‌كی زۆر ده‌كات سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئاماده‌یه هاوكاری ئه‌مریكا بكات سه‌باره‌ت به پشتیوانیكردن له حكومه‌تی عێراق بۆ روبه‌روو بوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی كوتله‌ی مواتنی سه‌ر به عه‌مار حه‌كیم له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری به‌غداد رایگه‌یاند، تێكشكانی سوپای عێراق ناكه‌وێته ئه‌ستۆی لێنه‌هاتوویی ئه‌فسه‌ران، به‌ڵكو به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر شكستی سیاسه‌ت و سه‌ركردایه‌تیی سوپای عێراق، كه له‌ماوه‌ی 8 ساڵی رابردوودا 41 ملیار دۆلاری بۆ خه‌رجكراوه.
14/06/2014
زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، پێیوایە بە چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچە دابڕاوەکان کورد کێشەی خاکی نەماوە و گەیشتووەتە ئەو داواکارییەی کە هەیبووە.
خەلیلزاد لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتنەوە گوتی: “ کوردەکان گەیشتن بەو داواکارییەی هەیانبوو بۆ خاک لە عێراقدا، مەبەستم لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانە، بەتایبەتیش شاری کەرکووک کە کوردەکان بڕوایان وابوو لەلایەن سەدامەوە لێیان سەندرابوو و تەعریب کرابوو”.
بەگوتەی باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: “کوردەکان ئێستا ئەو ناوچانەیان وەرگرتووەتەوە بۆئەوەی لە داعش بیپارێزن. ئەوان یارمەتیدەر بوون لە هاریکاریکردنی پەنابەران و وەخۆگرتنی سەربازانی عێراقی. بۆیەش ئێستا کوردەکان دەتوانن بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە دەیانەوێ سەربەخۆ بن یان بۆ ماوەیەکی دیکەش بێدەنگ بن و چاوەڕێ بکەن بزانن چیدیکە روودەدات”. بەڵام وەک خەلیلزاد گوتی: “ئێستا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە بە کام ئاراستەدا دەڕۆن، کوردەکان وەکو شۆفێری ئۆتۆمبێل وان و پێگەیەکی تا رادەیەک بەهێزیان هەیە لە عێراقدا”.
14/06/2014
دوای هێرشی چەكدارانی گرووپی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام - داعش) سوپای عێراق لە زۆربەی ناوچەكان بەبێ شەڕ و پێكدادان پاشەكشەیانكرد یان رایانكرد و چەكیان دانا.
لەگەڵ دروستبوونی ئەو بۆشاییە سەربازییە ، هێزی پێشمەرگە بەرەو ناوچە گەرمەكان جوڵەی پێكرا و لەو شوێنانەی سوپای عێراق كشابوونەوە جێگیربوو.
سنووری خانەقین و جەلەولا
لەو ناوچەیە پێشڕەوییەكی زۆری پێشمەرگە روویداوە. بەڵام هێشتا ناوچەیەكی زۆری باشووری كوردستان نەكەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە و، داعش دەستی بەسەرداگرتووە ، كە پێشتر لەژێر دەستی سوپای عێراقدابوون .
پێشمەرگەی هێزی 70( یەكێتی) لەگەڵ دژە تیرۆر شەوی رابردوو چووە بۆ كوباتشی ، كە 2 كلیۆمەتر لە سەعدییە دوورە . ئێستا سەعدییە لەژێر دەستی داعشدایە .
لە قەرەتەپە سوپای عێراق خۆی تەسلیمی هێزی 70ی پێشمەرگە كرد بە چەكەكانیانەوە ، بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق ، چەكەكانی ئەو هێزانە بە زیمە وەرگیراون لە سوپای عێراق ، زۆر لە سەربازەكانیش لەلای پێشمەرگەن .
جەلەولا ئێستا لە دەست پێشمەرگەدایە ، لە گەڕەكی تەجنیدی كۆن ، كە داعش و هەندێك چەكداری دیكەی تێدابوون، پێشمەرگە لە شەڕدا بوو و سەركەوت.
خەڵكێكی زۆر لەو ناوچەیە رادەكات بەرەو كەلار ، دەگوترێ ئێستا 20%ی جەلەولا ئاوەدانە ، هەمووی چۆڵكراوە .
هەر لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان هێزی پێشمەرگە بەرەو جەلەولا جوڵەیان پێكرا و ئێستا ناوچەی كوباشی، قەزای جەلەولا و ناوچەی ناودۆمان لەژێر كۆنتڕۆڵی تەواوی هێزی پێشمەرگەدانە و وەك وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ئامانجمان چوونە ناو سەعدییە و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارۆچكەیەیە".
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە "هێزی پێشمەرگە لە سنوورەكانی زنجیرە چیای حەمرین بڵاو بوونەتەوە و كۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوە گرتووە و جگە لە پێكدادان لە دوو خاڵ (تەل وەرد و سەعدیە) ئەمن و ئاسایش لە سەرجەم ناوچەكان سەقامگیرە".
لەكاتی رووخانی رژێمی بەعس هێزی پێشمەرگە لەساڵی 2003 كۆنتڕۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕاوەكانی بەدەستەوە گرت، بەڵام بەهۆی رێككەوتنە سیاسییەكان هێزی پێشمەرگە لە هەندێك ناوچە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی بازگەی هاوبەشیان دانا و لە هەندێك ناوچەش كشانەوە لەساڵی 2008دا ، لەو رووداوانەدا جارێكی‌تر هێزی پێشمەرگە چووەوە پێشەوە.
ئێستاكە و دوای 11 ساڵ، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "پێشمەرگە جارێكی دیكە لەو شوێنانەی لێی جێگیر بووە ناكشێتەوە".
موسڵ
پێشمەرگە لە هەموو ئەو خاڵە سنووریانە لەگەڵ ناوچە عەرەبنیشنەكانی پارێزگای موسڵ هەیە ، كە بریتین لە ناوچەی شەلالات ، گوندی وەلید ، قەزای سنوون ، سیبا شێخ خدر ، گرد زەرك و ئوم شەبابیت ، هەمووی پێشمەرگەی لێیە. لەو ناوچەیە هیچ گوندێكی كورد نییە پێشمەرگەی لێ نەبێت .
لە 10/6/2014 هێزی پێشمەرگە چوونە ناو رەبیعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا و كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچە سنوورییەیان كرد . دواتر هێزی پێشمەرگە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای نەینەوای كۆنتڕۆڵكرد و وەك وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "بەری رۆژهەڵات تاوەكو لای چەپی موسڵ هێزی پێشمەرگەی لێ جێگیربووە و ئاسایشی ناوچەكە سەقامگیرە".
كەركووك
رۆژی چوارشەممە 2014/6/11، هێزەكانی فیرقەی 12ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لە ناوچەی كەیوانی كەركووك كشانەوە و هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی سەربازگەی كەیوان و فڕۆكەخانەی سەربازی حوڕییەیان بەدەستەوەگرت، دواتر وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "ناو شاری كەركووك لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە" و ئێستا هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای كەركووك بڵاوبووەتەوە.
هەر یەك لە ناحییەكانی مولتەقا، یایتی، فەتحە، تەلوەرد، تازە خورماتوو، ناحیەی بەشیر، گوندی مەلا عەبدوڵڵا، قەزای داقوق تاوەكو سنووری خورماتوو و بازگەی سلێمان بەگ لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان و تەنیا لە نزیك ناحیەی تەلوەرد و مەلا عەبدوڵڵا شەڕ و پێكدادان هەیە و لە زۆربەی ناوچەكانی دیكە ئارامی هەیە .
14/06/2014
ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای دیالە تا ئەم بەیانیەش بەدەستی سوپای عیراقەوە بوو، بەڵام لە ئێستادا سوپا خۆی و ناحیەكەشی رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له قه‌ره‌ته‌په، به خه‌ندان_ی راگه‌یاند :" دوای وتوێژ له‌گه‌ڵیاندا، دواجار هێزه‌كانی سوپای عیراق له قه‌ره‌ته‌په كه بریتیبوون له فه‌وجێك، خۆیان و ئه‌منییه‌تی شارۆچكه‌كه‌یان راده‌ستی هێزه‌كانی 70ی هێزی پێشمه‌رگه"
پێشتر، سه‌رچاوه ئاگاداره‌كه له قه‌ره‌ته‌په‌وه، به خه‌ندان_ی راگه‌یاند :" فه‌وجێكی سوپای عیراق له‌قه‌ره‌ته‌په له شوێنی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه و پێداگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه و داعش ناكه‌ن".
به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، شه‌وی رابردوو سه‌ركرده‌كانی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ستیانكردووه به وتوێژ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی فه‌وجه‌كه‌ی سوپای عیراق و ئه‌فسه‌ر باڵاكانی ئه‌و فه‌وجه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان راده‌ست بكه‌ن، به‌ڵام فه‌وجه‌كه رازی نه‌بووه.
13/06/2014
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەستبەسەرکردنی فەرماندەی فیرقەی چوار دەدات کە کوردە.
سەرچاوەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو لەناو سوپای عێراق رایگەیاند: "لیوا نەزیر گۆران، فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای عێراق، بە فەرمانی نووری مالیکی لە (بنکەی ئاسمانیی بەکر) لەنزیک بەغدا دەستبەسەرکراوە".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لیوا نەزیر گۆران خەڵکی ناوچەی بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک. سەرچاوەکەی رووداو دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو فەرماندەی فیرقەیەی سوپای عێراق گوتی: "بڕیارەکە پەیوەندیی بە کۆنترۆڵکردنی تکریت و دەوروبەرییەوە هەیە کە فیرقەی چوار بەرپرسیار بووە لە پاراستنی".
13/06/2014
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک کۆبووەتەوە و باسی قۆناخێکی نوێیان لە ناوچە دابڕاوەکان کردووە. هەروەها لە "هەندێک هەنگاوی پارتی" لەو ناوچەیەدا نیگەرانە.
رۆژی 12/6/2014 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی لە شاری کەرکووک کردووە. بەگوتەی سەرچاوەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو لە مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی خۆئامادەکردن بۆ ئەو قۆناخە نوێیە کراوە کە دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی پارێزگای کەرکووک لەلایەن پێشمەرگەی کوردستانەوە هاتووەتە گۆڕێ.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیگەرانە لەو هەنگاوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا لەو ناوچەیە هەڵیهێناون. چونکە یەکێتی پێیوایە دەبێ پارتی بەپێی قەبارەی خۆی، کە بنەماکەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، لە پارێزگای کەرکووک هەنگاو بهاوێژێت".
سەرچاوەکەی رووداو ئەوەی ئاشکرانەکرد کە ئەو نیگەرانییەی یەکێتی گەیەندراوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان یان نا.
13/06/2014
له سه‌روبه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی كوژرانی رۆژنامه‌نووس و فۆتۆگرافه‌ر، كامه‌ران نه‌جم له میدیاكانه‌وه، تائێستا به ره‌سمی هیچ لایه‌ك كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی رانه‌گه‌یاندووه.
ئه‌گه‌رچی پێشتر سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه كامه‌ران كوژراوه، به‌ڵام تائێستا هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی نه پێشمه‌رگه و نه داعش به ره‌سمی كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌یان رانه‌گه‌یاندووه.
خه‌ندان زانیوویه‌تی كه ئێستا یه‌كێك له هاوڕێیانی كامه‌ران نه‌جم په‌یوه‌ندیی كرد به وته‌بێژی داعش له سنووری پارێزگای كه‌ركوك و پێی راگه‌یاند ئێمه ناتوانین تاوه‌كو سبه‌ینێ كه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ماوه یان نا.
له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، وته‌بێژی داعش له سنووری پارێزگای كه‌ركوك به هاوڕێكه‌ی كامه‌رانی راگه‌یاندووه كه كه‌س ناتوانێت له‌مشه‌ودا بزانێت چاره‌نووسی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه به‌چی گه‌یشتووه و سبه‌ینێ ده‌توانین به‌دوادواچوونی زیاتر بكه‌ن له‌سه‌ر رووداوی كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی خه‌ندان، له سنووری ناوچه‌ی ریاز هێزێكی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه گه‌مارۆ ده‌درێن و ئا له‌وێدا كامه‌ران نه‌جم وه‌ك فۆتۆگرافه‌رێك وێنه‌ی دۆشكه‌یه‌ك ده‌گرێت كه ته‌قه ده‌كات، له‌و كاته‌دا فیشه‌كێك به‌ر ملی ده‌كه‌وێت و پاشان به برینداری ده‌یخه‌نه ناو میك زهمینییهكهوه، له‌كاتی ده‌رچوونی ئۆتۆمبیله‌كه و به‌هۆی خێراییه‌وه، كامه‌ران نه‌جم ده‌كه‌وێته خواره‌وه.
له‌كاتی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی كامهراندا، شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و چه‌كدارانی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ش ده‌كشێنه‌وه و (كامه‌ران نه‌جم)یش له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌دا به برینداری به‌جێ ده‌مێنێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی شه‌ڕی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و داعشی تێدا روویداوه، تائێستا به‌ده‌ست ئه‌و گروپه چهكدارهوهیه و له‌كاتی شه‌ڕه‌كه‌شدا بارانێكی زۆر باریووه.
هاوڕێكانی كامه‌ران، په‌یوه‌ندییان به ژماره مۆبایله‌كه‌یه‌وه كردووه‌و كه‌سێكی سه‌ربازی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، وه‌ڵامی مۆبایله‌كه‌ی داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: "كه‌لوپه‌له‌كانی كامه‌ران لای من پارێزراوه كه له‌ناو میكه زهمینییهكهدا لێی به‌جێماوه."
ئه‌و كه‌سه سه‌ربازییه به‌وپێیه‌ی كه خۆی له شوێنی رووداوه‌كه بووه، هه‌مان چیرۆكی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه.
له‌ئێستاشدا، ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڕێیانی كامه‌ران نه‌جم له به‌رده‌م ماڵی ئه‌و رۆژنامهنووسهن له گه‌ڕه‌كی چوارچرا و چاوه‌ڕوانی زیانیاریی زیاتر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر رووداوه‌كه.
كامه‌ران نه‌جم، یه‌كێكه فۆتۆگرافه‌ره ناسراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی بێلایه‌ن، چووه بۆ رووماڵكردنی رووداوه‌كان.
خه‌ندان ـ هۆگر كه‌مال
13/06/2014
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، كۆمپانیای (روسنڤێتی) روسیا بارێك نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وتی ئه‌ڵمانی كڕیوه كه موڵكداریێتیهكهی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ گه‌وره كۆمپانیای نه‌وتی (بی پی) به‌ریتانی، ئه‌وه‌یش به ئاشكرا ده‌ریده‌خات كه ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی حكومه‌تی عێراق خستبویە سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم شكستی هێنا.
له‌كاتێكدا هه‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا هاوكاری یه‌كن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش، كه ئه‌م هه‌فته‌یه توانیان دوه‌م گه‌وره شاری عێراق موسڵ بگرن، به‌ڵام تا ئێستا كێشه‌ی نێوانیان له بواری نه‌وتدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
دوێنێیش چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانی داعش، توانیان پاڵاوگه‌ی بێجی له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، کە گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی عێراقه بگرن.
له ئێستادا حكومه‌تی به‌غدا به ره‌سمی كۆمپانیای (ئۆ ئێم ڤی) نه‌مسایی خستوه‌ته لیستی ره‌شه‌وه، چونكه ئه‌و كۆمپانیایه، تاكه كۆمپانیای ئەوروپی بوە كه نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستانی به شێوه‌یه‌كی رێكخراو و ئاشكرا كڕی.
كۆمپانیای (روسنفێتی)، كه كۆمپانیایه‌كی حكومییه و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له عێراق دا نیه، به‌ڵام هه‌رچی كۆمپانیای (بی. پی) به‌ریتانییه به یه‌كێك له گه‌وره وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی پڕۆژه‌ی كێڵگه‌ی رومێله داده‌نرێت.
به پێی هه‌واڵه‌كه‌ی رۆیتهزیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا، هه‌ریه‌ك له ئیسرائیل و ئه‌مریكا به شێوه‌ی به‌رده‌وام و چه‌ند باره بوه‌وه نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستانیان كڕیوه.
12/06/2014
به‌شێك له سه‌ربازه ههڵهاتوهكانی فیرقه‌ی 2 و 3ی سوپای عێراق كه له ڕووبهڕووبونهوهكاندا له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش له شاری موسڵ چه‌كه‌كانیان دانا‌و هه‌ڵهاتن بۆ شاری كه‌ركوك ڕایده‌گه‌یه‌نن، ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كانی خۆیان له باشوری موسڵ.
به‌هۆی خراپی ڕه‌وشی ئه‌منیشه‌وه خوێندكارانی په‌یمانگای حه‌ویجه بهشهناوخۆیهكهیان جێده‌هێڵن، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكیش بڕیارده‌دات به‌دواخستنی تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ كاتێكی نادیار.
دوای ئه‌وه‌ی گروپه‌چه‌كداره‌كانی داعش توانیان له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا شاری موسڵ كۆنترۆڵبكه‌ن، پۆلیس و هێزه‌ئه‌منیه‌كانی عێراقیش به‌بێ هیچ به‌رگریه‌ك شاره‌كه‌یان چۆڵكرد و هه‌ڵهاتن، به‌شێك له سه‌ربازه ههڵهاتوهكانی فیرقه‌ی 2 و 3ی سوپای عێراق كه له ڕووبهڕووبونهوهكاندا له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش له شاری موسڵ چه‌كه‌كانیان دانا‌و هه‌ڵهاتن بۆ شاری كه‌ركوك.
ئه‌و چه‌كدارانه ڕایده‌گه‌یه‌نن، فه‌رمانده‌كانیان له پێش ئه‌وانه‌وه هه‌ڵهاتون بۆیه ئێستا ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كانی خۆیان له باشوری عێراق.
خوێندكارانی په‌یمانگای حه‌ویجه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆی خراپی دۆخی ئه‌منیه‌وه ناچاربوون بهشهناوخۆیهكهیان جبهێڵن، عومه‌ر قادر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكیش ده‌ڵێت، به‌هۆی خراپی دۆخیی ئه‌منیه‌وه بڕیاریانداوه به‌دواخستنی تاقیكردنه‌وه وه‌زاریه‌كان بۆ كاتێكی نادیار.
به‌هۆی هه‌ڵهاتنی پۆلیس و هێزه‌ئه‌منیه‌كانی سوپای عێراقه‌وه، گروپهچهكدراهكانی داعش توانیان شاری موسڵ و قه‌زای حه‌ویجه و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆنترۆڵبكه‌ن، له ئێستاشدا به‌شێكی زۆری ناوچهجێناكۆكهكانیان ڕاده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه.
12/06/2014
سەرکردەیەکی چەکدارانی گرووپی داعش هەڕەشە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و کوژرانی سەرکردەیەکی گرووپەکەش رادەگەیەنێت.
ئەبو محەممەد عەدنانی، گوتەبێژی گرووپی چەکداریی داعش، نامەیەک ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت، کاتی یەکلاکردنەوەی بابەتەکانە لە نەجەف و کەربەلا.
ئەبو محەممەد عەدنانی لە ریکۆردێکی دەنگیدا، کە لە ماڵپەڕە نزیکەکانی داعشەوە بڵاوکراوەتەوە، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر مالیکی و بە "گەمژە" ناوی دەبات، دەشڵێت لە مالیکی " گەمژەتر" ئەوانەن، کە "رازی بوون ئەو ببێتە سەرۆک وەزیران".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەبو محەممەد عەدنانی رایگەیاندووە، مالیکی "چ فەرماندەیەکی گشتی هێزی چەکداری، کە هەروەک جاران دەبێ فرۆشیاری جلی ژێرەوە بمێنیتەوە".
گوتەبێژی گرووپی چەکداریی داعش هەڕەشەی گواستنەوەی شەڕەکان بۆ ناوچە ئایینییەکانی شیعە دەکات و دەڵێ، یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە سامەڕا و بەغدا نابێ، بەڵکو لە کەربەلا و نەجەف دەبێت.
عەدنانی هەروەها کوژرانی سەرکردەیەکی داعش، بە ناوی عەدنان ئیسماعیل نەجم بەیلاوی ئەنباری، کە بە ئەبو عەبدولڕەحمانی ئەنباری ناسراوە، راگەیاند. ئەنباری بە دەستە راستی موسعەب زەڕقاوی، کە سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە عێراق بوو و لەلایەن هێزە ئەمریکی و عێراقییەکان کوژرا و هەروەها بە ئەندازیاری هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوای نێودەبات.
لە کۆتاییشدا گوتەبێژی گرووپی چەکداریی داعش داوا لە چەکدارانی داعش دەکات، "بەرەو بەغدا بەڕێبکەون".
12/06/2014
شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقدا روویدا لە شارەدێی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای کەرکوک و پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هیدكرا.
عه‌مید رزگار ته‌په‌لو، به‌ڕێوبه‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی یاچی، بە ماڵپه‌ری سبه‌ی راگەیاندوه ئەمڕۆ لە شارەدێی تۆپزاوای سەر بە پاریزگای کەرکوک هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی روبەڕوی یەکتر بونەتەوەو لە ئێستاشدا پێشمەرگەیەک کوژراوەو یه‌كێكی دیکەش بریندار بوە.
وتیشی: هۆکاری سەرەکی دروسبونی پێکدادانەکەی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق، بە هۆی تێگنەگەیشتن و لێکحاڵی نەبونەوە بوە.
سەرچاوەیەکیش لەناو هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە راگەیاند: شەڕەکە لە نێوان سوپای عێراقی و هێزی پێشمەرگەدا بەردەوام بوە تا بەتەواوەتی سوپای عێراقی لە ناوچەکەدا کشانەوەتەوە و لە ئەنجامیشدا باره‌گای لیوای (15) ی سوپای عێراقی له‌لاین هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه كۆنتڕۆڵ كرا.
شاره‌دێی تۆپزاوا سه‌ر بە ناحیه‌ی یایچیه و سه‌رجه‌م دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن كه ژماره‌یان زیاتر له (1000) خێزان ده‌بێت.
11/06/2014
فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پێشمه‌رگه باس له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌كات له ناحیه‌ی (سنوس) ی سه‌ر به قه‌زای شه‌نگال لەپارێزگای موسڵ ده‌ڵێت: "هێزێكی گه‌وره‌ی داعش له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا تێك شكاون".
لیوا عه‌بدولڕه‌حمان كهورینی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی سپیلك له لێدوانێكدا بۆ سایتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: له ناحیه‌ی (سنوس)ی سه‌ر به به قه‌زای شه‌نگال لەپارێزگای موسڵ، هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه په‌لامار دراوه، به‌ڵام دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵیاندا، توانراوه هێزه‌كه‌یان تێك بشكێنرێت كه نزیكه‌ی 20 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییان پێ بوو و ئێستایش چوار بۆ پێنج كوژراویان هه‌یه، به‌ڵام به هۆی شه‌ڕه‌وه هێشتا ئاماری ته‌واو له به‌رده‌ستدا نییه".
پێشتریش سەرچاوه ئه‌منییه‌كانی له پارێزگای موسڵ ئاماژه‌یان به‌وه‌دابوو، ھێزەکانی پێشمەرگە ناوەندێکی گەورەی سەربازییان لە رۆژئاوای شاره‌كه کۆنترۆڵکردووە کە پێشتر کەوتبووە ژێر دەستی چەکدارانی داعش.
هاوكات، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كه‌ی پێشمه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا تا ئێستا شه‌ڕ له‌و ناوچه‌یه به‌رده‌وامه.
پێشتر، چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام (داعش) ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شاری موسڵ، دواتر چوونه ناو چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك، شه‌وی رابردووش ناحیه‌ی سلێمان به‌گ له لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌وه كۆنتڕۆڵكرا.
11/06/2014
سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانیی خۆی له تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منیی شاری موسڵ راگه‌یاند و داوایه‌كیش ئاراسته‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندیی عیراق ده‌كات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه ره‌وشی ئه‌منیی موسڵی به مه‌ترسیدار وه‌سفكردووه و ئاماژه‌ی به ئاواره‌بوونی هه‌زاران هاوڵاتیی مه‌ده‌نیی ئه‌و شاره داوه كه به‌هۆی ئاڵۆزبوونی ره‌وشی ئه‌منییه‌وه ماڵ‌وحاڵیان جێهێشتووه.
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌یدا بان كی مۆن، هانی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدای داوه هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن بۆ گرتنهوهستی جڵه‌وی ئه‌منی له پارێزگای نه‌ینه‌وا و به‌په‌له هاوكاریی مرۆیی بگه‌یه‌ننه ئه‌و پارێزگایه.
بان كی مۆن، داوای له سه‌رجه‌م سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عیراق كرد به گیانی یه‌كڕیزیی نیشتمانییه‌وه روبهڕٍووی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ببنه‌وه كه به‌رۆكی عیراقی گرتووه، ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌یی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشی له عیراق ده‌ربڕی بۆ هه‌ر هه‌وڵێك كه له‌وباره‌یه‌وه بدرێت.
سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌كان، ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی به‌غدا و ئه‌نبار و دیاله و نه‌ینه‌وای كرد كه بووه‌ته‌هۆی كوژران و برینداربوونی ده‌یان هاوڵاتیی مه‌ده‌نی، هاوكات هانی سه‌ركرده سیاسییكان و سه‌رۆك هۆز و عه‌شیره‌كان و پیاوانی ئایینیی ئه‌نباریشی دا به‌شداری له كۆنگره‌ی ئاشته‌وایی تایبه‌ت به‌و پارێزگایه بكه‌ن.
11/06/2014
كه‌مێك پێش ئێستا هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله کە سەر بە سوپای عیراقن له ناوچه‌ی كه‌یوان كه
سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوكه به ته‌واوی كشاویهوهو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه شوێنیان گرتنه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به خه‌ندانی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌و تێكشانه ده‌روونیه‌ی سوپاوه، له زۆربه‌ی ناوچه جیاجیاكان هێزه‌كانی سوپای عیراق شوێنه‌كانیان چۆڵده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن.
وتیشی: "له ناوچه‌ی كه‌یوان له كه‌ركوك فیرقه‌ی 12 ی سوپای عیراق و هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله باره‌گانیان چۆڵكرد و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ستیان به‌سه‌ر بارهگاكانیاندا گرتووه. چاوهڕوات ده‌كرێت له ته‌واوی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سوپای عیراق پاشه‌كشه بكات و وه‌ك بڕیاره هێزه‌كانی پێشمه‌رگه راسپێردراون تا دوا سنووری جوگرافیای كوردستان كۆنترۆڵ بكه‌ن".
11/06/2014