جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا پەیوەندیی بە سەرۆککۆماری عێراقەوە کردووە و دوای لێکردووە کە عێراقییەکان “لە باکوورەوە تاوەکو باشووری وڵاتەکەیان شەڕی دژی داعش بکەن”.
جۆو بایدن شەوی رابردوو بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە فوئاد مەعسوومەوە کردووە و ئەو رەوشە نوێیەی لە عێراقدا هاتووەتەکایەوە بەیەکەوە تاوتوێیان کردووە. لە پەیوەندییەکەدا بایدن خۆشحاڵیی خۆی پیشانداوە کە هەولێر و بەغدا بەرامبەر هەڕەشەکانی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) هاریکاریی وردیان هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە لە شەڕی پێشمەرگەی کوردستاندا لەدژی چەکدارانی داعش پشتیوانیی پێشمەرگە بکات، ئەویش بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش. ئەو هێرشانەش لە دوێنێوە دەستیانپێکردووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەکی زۆر چەکدار کوژراون.
09/08/2014
دابەشكردنی شەش پۆستی وەزاری لە حكومەتی نوێی عێراقدا لەنێو كورد رەنگە وا بە ئاسانی یەكلانەبێتەوە. بەڵام زۆربەی لایەنەكان داوا دەكەن بەپێی "خاڵبەندی" دابەشبكرێن، كۆمەڵی ئیسلامی كە تەنیا 3 كورسی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، داوا دەكات وەكو لایەنێكی كوردی "حیساب"ی بۆ بكرێ.
بە گوێرەی ماددەی 76ی دەستووری عێراق، سەرۆكی وڵات لەو رۆژەی دەبێتە سەرۆك تاوەكو 15 رۆژ، دەبێت گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
فراكسیۆنەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 62 كورسین. داوا دەكەن ئەو وەزارەتانەی بەر كورد دەكەون لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا بە گوێرەی "خاڵبەندی" بێ.
فوئاد مەعسوم كە رۆژی 24/7/2014 لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، دەبێت تاوەكو رۆژی 7/8/2014 گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
دەرباز محەممەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق نەیشاردەوە تاوەكو ئێستا لایەنە كوردستانییەكان بابەتی دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكانیان باس نەكردووە. بە بڕوای پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، كورد ئەمجارە لە حكومەتی عێراقدا شەش وەزارەتی بەردەكەوێ.
دەرباز محەممەد باس لە كێشەكانی كورد دەكات لەگەڵ بەغدا "كورد كێشەی دارایی هەیە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و مووچەی پێشمەرگە نادەن، وەزارەتی ناوخۆش، بۆیە گرنگە كورد داوای یەكێك لەو سێ وەزارەتە سیادیانە بكات".
كور لە هەردوو حكومەتی رابردووی عێراق لە وەزارەتە سیادییەكان وەزارەتی دەرەوەی وەرگرتووە. بەڵام بە قسەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان "وەزارەتی دەرەوە ئەوەندەی سوودی بۆ پارتی هەبووە، سوودی بۆ كورد نەبووە".
لەگەڵ دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، تاوەكو ئێستا كورد تەنیا دوو پۆستی وەرگرتووە، ئەویش سەرۆك كۆماری عێراق كە بەر یەكێتی كەوتووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دراوەتە گۆڕان.
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ كوردە و وەزارەتێكی سیادیشی بەردەكەوێ".
ئاڵا لەو باوەڕەدایە دیسان وەزارەتی دەرەوە بدرێتەوە كورد "چونكە شیعەكان دەڵێن حەز ناكەین وەزارەتی دەرەوە بدەینە سوننە". گوتیشی "پارتی مافی خۆیەتی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دەرەوە بكات، چونكە وەكو گەورەترین كوتلەی كوردی هێشتا ئیستیحقاقی خۆی وەرنەگرتووە".
پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێ گرنگترە و دەڵێ "یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرتووە لەبەرامبەر درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان". بۆیە "گۆڕان جگە لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەبێ وەزارەتێكی فیعلیش وەربگرێ".
كۆمەڵی ئیسلامی كە تەنیا سێ كورسی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، داوای پۆستێكی وەزاری دەكات لە حكومەتی عێراق.
زانا رووستایی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە "نابێ حیسابی سێ كورسی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی بكرێ، بەڵكو دەبێ وەكو لایەنێكی كوردی حیسابی بۆ بكرێ و دەبێ وەزارەتێكی هەبێ لە حكومەتی عێراقدا".
زانا رووستایی داوا دەكات كورد پێش ئەوەی قسە لەسەر پۆستەكان بكات "دەبێ بیر لە بەرنامەی حكومەت بكاتەوە كە چی تێدایە بۆ خەڵكی كوردستان". گوتیشی "باشتروایە كورد پێداگیری لەسەر وەزارەتی دارایی بكات. هەروەها لە وەزارەتی بەرگری رۆڵی بەرچاوی هەبێ و پۆستی سوپاسالار لەدەست نەدات، بۆ ئەوەی هەر مەترسییەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ سەر كورد هەبێ دووری بخاتەوە و بودجەی پێشمەرگەش چارەسەر بكات".
محەممەد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێ "پێویستە هەموو پۆستەكان بە تەوافوق یان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژادن دابەش بكرێن". گوتیشی "دەبێ كورد لە بەغدا یەك هەڵوێست بێت و پێكەوە رێكبكەون تاوەكو لە بەغدا كوردایەتی بكەین".
سەبارەت بە پشكی یەكگرتووش ناوبراو دەڵێت "ئەگەر دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان ئەوانەی پشكی كوردن بەپێی خاڵ بێ، ئەوا هەرچی پۆستێك بەر یەكگرتوو بكەوێ قبوڵمانە".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو پێشنیاز دەكات كورد لە پۆستە سیادییەكان پێداگیری لەسەر وەزارەتەكانی نەوت، دارایی و دەرەوە بكات، بەڵام "نەوت زۆر گرنگە، كە رەنگە لە رێگەی ئەو وەزارەتەوە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت چارەسەر بكرێ".
08/08/2014
هەرچەندە بڕیاربوو پرسی دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمانی عێراق و دەستنیشانكردنی كاندیدی ئەو فراكسیۆنە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو یەكلاببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە نەگەیشتە ئەنجام و دواخرا.
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "كۆبوونەوەی دوێنێ شەو لە نێوان فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق و سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە بەشداری من و سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام ئەو لایەنانە لە دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمان و دەستنیشانكردنی كاندیدی ئەو فراكسیۆنە سەركەوتوو نەبوون".
موسەننا ئەمین گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی سووربوو لەسەر ئەوەی كە گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمانە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە كە دەوڵەتی یاسا بە بەشێك لە خۆی دەناسێنێ سووربوو لەسەر ئەوەی كە گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمانە، بۆیە نەگەیشتینە ئەنجام".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشدا كە "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تا درەنگانی شەوی رابردوو لە هەوڵدابوون بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی دەستووری بۆ خۆدەربازكردن لەو ماوەیەی كە دەستووی فیدراڵی بۆ راسپاردنی كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری كردووە و بۆچوونێك هەبوو پشووەكانی دوو هەفتەی رابردوو هەژمارنەكرێن".
ئەمە لەكاتێكدایە سەرچاوەكانی نێو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە باس لەوە دەكەن كە كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان رێككەوتن لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی دەستووری دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆن و كاندیدی ئەو فركسیۆنە بۆ دووشەممەی داهاتوو.
ئەو سەرچاوانە هاوكات دەڵێن "بەشداربووانی كۆبوونەوەی دوێنێ شەو تا كاژێر 11 ی شەوی هەینی 8/8/2014 داوەتە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق".
08/08/2014
فرانسوا هۆلاند، سەرۆككۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئیدانەی كارەكانی گرووپی داعشی كرد و هاوكاری خۆشی نیشاندا.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ، كۆشكی كۆماری فەرەنسا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هۆلاند پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردووەتەوە و بە بارزانی راگەیاندووە كە فەرەنسا داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات بەمەبەستی جووڵاندنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنەوەی لە دژی تیرۆر و هاوكاری هەموو ئەو هاووڵاتیانەی پێویسیان بە یارمەتییە.
هەروەها هۆلاند بەبارزانی گوتووە كە فەرەنسا لە ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش.
08/08/2014
دوای گەیشتنی هێزێكی پێشمەرگە بۆ بناری چیای شنگال نۆ خێزان كە لە 51 كەس پێكهاتوون ، ئەمڕۆ بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە توانییان خۆیان رزگاربكەن و گەیشتنە (ناحیەی باتێلێ)ی سەر بە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆك .
وارشین مایی، بەڕێوەبەری ناحیەی باتێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە ئێستا هەر 51 كەسەكە، كە لەنێویاندا 21 ژن و 14 منداڵ هەن بە سەلامەتی گەیشتنە ناحیەی مایی و هەموو پێداویستی سەرەتایی و پزیشكییەكانیان بۆ دابین كران .
رزگاربوونی ئەو 51 كەسە دوای ئەوە دێت كە هێزێكی پێشمەرگە دوێنێ ئێوارە توانییان كۆمەڵگەی دووگرێ لە ناحیەی سنوونێ كۆنترۆڵبكەن و بگەنە بناری چیای شنگال .
08/08/2014
پاش ئەوەی لە چەندین شوێنەوە چەکدارانی داعش نەیانتووانی پێشرەوی بکەن، دوو هێرشی خۆکوژی دەکەنە سەر هێزەکانی پێشـەرگە.
بەپێی زانیارییەکان رووداو، هێزەکانی پێشـمەرگە بە هاوکاری فرۆکە جەنگییەکانی عێراق توانیانوویانە چەندین هێرشی چەکداری داعش تێکبشکێنن و لە هەندێک شوێنیش پاشەکشێان پێبکەن .
دوای شکستەکەیان، دوێنێ چەکدارانی داعش دوو خۆکوژ بە تانکەرەوە دەنێرنە سەر هێزەکانی پێشـەرگە و بەناوی (ئەبو ئوسامە ئەڵمانی و معاوییەی لیبی) و چەند پێشمەرگەیەک شەهید و بریندار دەکەن.
چەکدارانی داعش هەوڵیاندا بچنە مەخمور، بەڵام لەوێش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە شکێنران و پاشەکشێان کرد، و چەندین چەکداریان کوژراوە .
07/08/2014
لە كاژێر 3ـی شەوی رابردووەوە هێزەكانی پێشـمەرگە بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانێكی سەختی داعش دەكەن و تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵەش شەڕی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و داعش لە گوندی دووگردكانی سەر بە قەزای مەخموور بەردەوامە.
پەیامنێری رووداو لە بەرەكانی شەڕ لە دووگردكان رایگەیاند، كە لە درەنگانی شەوی رابردووەوە هێزەكانی پێشـمەرگە مووشەكبارانی چەكدارانی داعشیان كردووە.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو گوتیشی، چەند فڕۆكەیەكی جەنگی، كە هێشتا نەزانراوە عێراقین یان نا، هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن لە بۆردوومانكردنی چەكدارانی داعش.
هێزەكانی پێشمەرگە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 7.8.2014 سێ گوندی سنووری مەخمووریان كۆنترۆلكردووەو شەڕیش بەردەوامە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ژمارەیەكی زۆر هێزی پێشمەرگە لە دووگردكان كۆبوونەتەوە و لە خەندەقی دووگردكانیش چەكدارانی داعش بەرگرییەكی سەخت دەكەن.
07/08/2014
هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
كوردستانییانی هەڕەشە لەسەر لەلایەن چەتەكانی داعش
ئێمە كۆمەڵێك پارت و رێكخراوی سیاسی و مەدەنی و كەسایەتی نیشتمان پەروەرو مرۆڤ دۆست, لەهەستكردنمان بەگرنگی یەكڕێزی نەتەوەیی لەبەرامبەر هەڕەشەكانی چەكدارە دڕندەكانی داعش كە ئەمڕۆ مەترسیدارترین هەڕەشەیان بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە باشورو رۆژئاوای كوردستان دروست كردووە, ئەمڕۆ چوارشەمە 6ی ئاب هەڵمەتی پشتیوانی لە خۆڕاگری كۆبانی و شەنگال رادەگەیەنین لەژێر دروشمی" هەڵمەتی نەتەوەیی دژ بە داعش", بۆ ئەوەی ئێمەش وەك هێزێكی پشتیوانی لە بەرخودان و خۆڕاگری لەپاڵ هێزی پێشمەرگەو یەپەگە و هەپەگە بەشدار بین لەو رووبەڕوبونەوەیەی كە ئەمڕۆ مەترسی گەورەی بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دروست كردووە كە بە خەبات و قوربانی دانی زیاتر لە هەشت دەیەی گەلەكەمان بەدەست هاتووە .
ئێمە داواكارین :
1- داعش وەك هێزێكی دژ بە مرۆڤایەتی و تیرۆریستی دەناسین و ئەمڕۆ بە یەكێك لە مەترسیدارترین هێزەكانیان دەزانین لە بەردەم دەستكەوتەكانی گەلەكەمان, ئەو كارانەی ئەنجامیان دەەدات دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, بۆیە پێویستە سەرانی ئەم گروپە تاوانكارە بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لەدادگایەكی تایبەت دادگایی بكرێن و تاوانكارانیان سزا بدرێن .
2- پشتیوانی هەمە لایەنەی خۆمان بۆ برا ئیزیدییەكان و سەرجەم كەمایەتییە ئاینی و مەزهەبییەكانی كوردستان رادەگەیەنین لە ژیانێكی پڕ لە ئاشتی و ئارامی لە باشووری كوردستان و هەر پەلامارێك بۆسەریان بە توندی شەرمەزار دەكەین .
3- داواكارین پەلامارەكانی داعش بۆ سەر شەنگال و كۆبانی و جەلەولا و ناوچەكانی دیكە ببێتە خاڵی ئاشتبونەوەی سەرانسەری لایەنەكانی كوردستان لەپێناو یەكخستنی تواناكان بۆ روبەرووبونەوەی داعش و دوژمنانی گەلەكەمان, كە پێشمەرگەو یەپەگە و هەپەگە لە بواری عەمەلی ئەم كارەیان ئەنجامداوە .
4- دژ هەر خیتابێكی سیاسین كە لەلایەن هەر پارت و دەزگایەكی حكومییەوە دەربچێت ببێتە هۆی دروستكردنی كەلێن لەنێوان لایەنەكانی كوردستانی لەم كاتەدا كە بەرەوروی هێزێكی دڕندەی وەك داعش بونەتەوە بە تایبەتیش لە كاروباری سەربازی.
5- پشتیوانی خۆمان بۆ داواكاری 68 پەرلەمانتاری كوردستان لە پشتیوانی و بە فەرمی ناسینی دەسەڵاتە خۆجێیەكانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین , هیوادارین ئەو دەسەڵاتە خۆجێیانە ببێتە نموونەیەكی جوان لەدەسەڵاتدارێتیەكی دیموكراسیانە لەرۆژئاوای كوردستان كە هەموو بۆچونە سیاسی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان شوێنی خۆیان تێدا ببینەوەو بە شێوەی دیموكراتیانە لەرێگای هەڵبژاردنەوە بەڕێوەبەرانی دیاریبكرێن.
1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان- مەڵبەندی هەولێر
2- بزووتنەوەی گۆڕان- مەكۆی هەولێر
3- حیزبی شیوعی كوردستان
4- حیزبی ئایندەی كوردستان كوردستان
5- حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
6- پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
7- بزووتنەوەی دیدموكراتی گەلی كوردستان
8- ( yndk) هەرێمی هەولێر
9- حیزبی رزگاریی كوردستان
10- پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
11- پارتی كۆماری كوردستان
12- سەنتەری رۆشنبیری كوردی –روسی/ لقی هەولێر
13- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
14- رێكخراوی لاوانی یەكگرتوی ئیسلامی
15- رێكخراوی جوتیارانی سەردەم
16- چاودێری كوردۆساید
17- رێكخراوی رایەڵ
18- ر ێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
19- بزوتنەوەی نوێبونی لاوانی كوردستان
20- پارتی سەربەخۆی كوردستان
21- پارتی پارێزگارانی كوردستان
22- رێكخراوی راز
23- رێكخراوی گەیاندن
24- رێكخراوی دیاری كوردستان
25- بزوتنەوەی كۆماریخوازی رۆژهەڵاتی كوردستان
26- رێكخراوی هاریكاری مرۆڤایەتی
27- رێكخراوی گەشەپێدانی گەنجانی كوردستان
28- رێكخراوی گەنجانی وڵات پارێز
29- رێكخراوی شكۆ بۆ كەسوكاری شەهیدان
30- رێكخراوی رەنگەكان بۆ ئازادی
31- رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان
32- رێكخراوی ژیانەوەی گەنجان
33- رێكخراوی یەكبوونی گەنجان
سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە گەڕەكی گۆگجەلیلی شاری موسڵ هێرشێكی چەكدارانی داعشیان تێكشكاندووە.
07/08/2014
بهمهبهستی ههڵگرتنی چهك و شهڕكردن دژی چهكدارانی دهوڵهتی ئیسلامی ناسراو به داعش، سێ ناوهندی خۆبهخشین بۆ گهنجانی ئێزیدی دهكرێتهوه.
خهیری بوزانی بهڕێوهبهری كاروباری ئێزدییهكان له وهزارهتی ئهوقاف و كاروباری ئایینی ههرێم به خهندانی راگهیاند: ئهمڕۆ له كۆبوونهوهیهكی نێوان ئهنجومهنی رۆحانی ئێزیدییهكان و فهرماندهیی هێزهكانی پێشمهرگه له شهنگال رێككهوتن كرا لهسهر كردنهوهی سێ ناوهندی خۆبهخشین بۆ گهنجانی ئێزیدی.
خهیری بوزانی وتی: "ناوهندهكان له شێخان، سمیل و شاری دهۆك دهكرێنهوه"ئاماژهشی بهوهدا كه ئهو ناوهندانه تایبهتن به گهنجانی ئێزیدی بۆ ئهوهی هاوشانی برا پێشمهرگهكانیان دژی چهكدارانی داعش بجهنگن.
وتیشی: "له سبهینێوه دهستدهكرێت به ناونووسینی گهنجانی شهنگال و رۆژانه له سهعات 8ی بهیانییهوه بۆ ماوهی 12 سهعات دهرگای ئهو ناوهندانه به رووی گهنجانی ئێزیدیدا دهكرێنهوه".
06/08/2014
رۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانی بڵاویكردەوە كە دوای عەرەب، تورك زۆرترین رێژەی چەكدارانی داعش پێكدەهێنن و رێژەكەیشیانی بە لەسەدا 10 دیاریكردووە.
لە هەواڵەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە وێڕای بوونی تورك، ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی وڵاتانی دیكەش چوونەتە نێو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) و لەسەر زاری دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی ئەوروپاوە بڵاویكردووەتەوە كە نزیكەی 200 كەس لە رێگەی توركیاوە ئاودیوی سووریا بوون و چوونەتە نێو ریزەكانی داعش.
هەروەها دەڵێ بەشێك لەو چەكدارانە، بە هەمان رێگای چوونیان بۆ سووریا، گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان و پێیوایە كە ئەمە لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەری نەرێنی بەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا و توركیاوە دەبێت.
رۆژنامەكە لەسەر زاری دەزگا هەواڵگریی و تەناهییەكانی توركیاوە باس لەوە دەكات، كە ژمارەی چەكدارە توركەكان لە ریزی داعش هەزار كەسی تێپەڕاندووە، هاوكات دەڵێ "بەشێك لەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەچنە نێو داعش لە بنەڕەتدا توركن".
05/08/2014
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکی چەکدارانی داعشیان تێکشکاند، کە بە نیازبوون دەستبگرن بەسەر گوندی کوشافە لە نزیک ناحیەی گوێڕ لە قەزای مەخموور.
نەقیب سەرباز، نەقیبی فەوجی 5 ی لیوای دووی سوپای عێراق بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، هێزەكانیان لەكاتی دروستكردنی بەربەستی ئەمنی لە گوندی كوشافەوە تا مەخموور، ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش لە كوشافە هێرشیان كردووەتە سەر پێشمەرگە و گوتی "بەڵام تێكشكێنران".
نەقیب سەرباز گوتیشی "شەڕ بەردەوامە، ئەوان ژمارەیەك كوژراو و برینداریان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەڕەكە بەردەوامە بە دروستی نازانین قەبارەی زیانەكانیان چەند بووە".
لەبارەی زیانەكانی هێزی پێشمەرگەی كورستان گوتی، "وێڕای ئەوەی ئەوان هێرشیان كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بریندارێكمان نییە و شەهیدمان نەداوە".
سەرچاوەیەكیش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گوێڕ رایگەیاند: "13 ئۆتۆمبیلی پڕ چەكداری داعش ویستیان هێرش بكەن، بەڵام تێكشكێنران".
ئاماژەی بەوەش كرد، "پێشتر چەكدارانی داعش لە رەبایەكانی سەرووی كوشاف بوون، بەڵام دوای ئەو تێكشكانەیان پاشەكشەیان كردووە ئێستا لە شوێنی پێشوویان نابینرێن".
05/08/2014
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باڵای ئەمریكاوە گەیشتوونەتە تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمریكا بڕیاریداوە هاوكاری سەربازی لەڕووی چەك و شارەزاییەوە پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكات.
هەروەها ئەمریكا بڕیاریداوە پشتیوانی ئاسمانی بە فڕۆكەی جەنگی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە بكات و، لە رێگەی فڕۆكەشەوە خۆراك و پێداویستی مرۆیی پێشكەشی خەڵكی ئاوارەبووی شنگال و زووممار بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، چەند وڵاتێكی ئەوروپی پەیوەندییان بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوكاری سەربازی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ چەكدارانی داعش.
ئەو وڵاتە ئەوروپیانە بڕیاریشیانداوە هاوكاری پێشكەشی ئاوارەكانی ناوچەكانی شنگال و زووممار بكەن.
05/08/2014
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هێرشێكی چەكدارانی داعش لە مەخموور تێكدەشكێنن و بەرپرسێكی ئەمنیش ئاشكرایدەكات كە لەو هێرشەدا 20 چەكداری داعش كوژراون.
د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیكەی كاژێر شەشی ئێوارەی دوێنێ لە دووڕیانی حاجی عەلی بە ئاراستەی قەزای مەخموور لە سەر رێگای گەیارە، هێرشێكی چەكدارانی تیرۆرستانمان تیكشاندن و لە ئەنجامی ئەو پێكدادانەشدا 20 چەكداری داعش كوژران و ژمارەیەكی زۆریشیان برینداربوون و رایانكرد".
تاریق نووری گوتیشی: " ژمارەیەك لاشەی كوژراوەكانی داعش بەجێماون و كەوتوونەتە ژێردەستی هێزەكانی پێشمەرگە".
ئێوارەی دوێنێ 5ی تەمووزی 2014 شەڕ و پێكدان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە گوندی كوشافی كوردی لە ناحیەی گوێڕی قەزای مەخموور رروویدا، سەرچاوەیەكی پێشمەرگەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی چەكدارانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان دەستپێكرد زیاتر لە 16 تەرمیان لێ بەجێماون''.
06/08/2014