رووانگەی مافی مرۆڤی سووری باسی رەوشی خوێندن دەکات لە شاری رەقەی سووریا کە داعش تێیدا حاکمە. رێکخراوەکە دەڵێ داعش حەساسییەتی بە وانەی کیمیا و فەلسەفە هەیە
ئەو رێکخراوە باس لەوە دەکات لە لە چەند رۆژی رابردوودا، "دیوانی پەروەردە" ی داعش بەڕێوبەر و مامۆستایانی شارەکەیان کۆکردووەتەوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن کۆمەڵێک رێنماییان دەرکردووە.
بە پێی رێنماییەکان، دەبێ پرۆگرامی خوێندن زیاتر باس لە مەنهەجی ئیسلامی بکات و کتێبەکانیش لەلایەن "پسپۆرانی دیوان"ەوە ببینرێن.
هەروەها لەیەکێك لە رێنماییەکاندا هاتووە پێویستە وانەی کیمیا و فەلسەفە لاببرێن ،چونکە دوو وانەن پشت بە خودا نابەستن.
لەبەرامبەردا داعش بەڵێنیداوە مووچەی مامۆستایان باش بکات کە لەلاین دیمەشقەوە مووچەیان بۆ نانێردرێ.
هەروەها رێکخراوە سوورییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارانی داعش زۆر پەیمانگایان داخستوون بە بیانووى ئەوەی دژی ئیسلامن.
15/08/2014
یەكێتی ئەوروپا دەخوازێت گرووپی پاڵپشتی بۆ عێڕاق و باشووری كوردستان دروستبكات. بڕیارە لە چەند كاژێری داهاتوودا كۆبوونەوەی نائاسای وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل تایبەت بە رەوشی باشووری كوردستان و عێڕاق و هەڕەشەكانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی دەستپێبكات.
سەرچاوەیەك لە برۆكسل بە ئاژانسەكانی راگەیاندووە، یەكێك لە پشنیازەكانی یەكێتی ئەوروپا كە بڕیارە گفتوگۆی لەسەربكرێت دورستكردنی "گرووپی پاڵپشتییە". ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە كە گرووپەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەكرێت و ئێرانش دەگرێتەوە، ئامانج لە دروستكردنیشی بەرانگاربوونەوەی هەڕەشەكانی گرووپی داعشە.
ئەو سەر چاوە دیپلۆماسییە كە نەویستووە ناوی بهێندرێت راشیگەیاندووە، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران، سعودیە، توركیا، میسر، لوبنان، ئوردن و چەند وڵاتێكی دیكەی كەنداو لە گرووپەكەدا دەبن.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەوەی گرنگە لەم قۆناغەدا هەمووان بەیەكەوە دژ بە گرووپی داعش بووەستنەوە نەك هەڕەشەكان وەكو بەرەی رۆژئاوا و وڵاتانی ئیسلامی سەیربكرێن. هەرەوەها ئاماژەی بەوەشكردووە كە گرنگە ئامرازێك بدۆزنەوە نەك تەنها بۆ رێگاگرتن لەبەرامبەر داعش، بەڵكو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بێت.
15/8/2014
نووری مالیكی دەستبەرداربوونی لە پۆستەكەی راگەیاند و گوتی هیچ پۆستێكم ناوێت و لەپێناو بەرژەوەندی عێراق پۆستەكەم بۆ حەیدەر عەبادی جێدەهێڵم.
دوێشەو نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: " بۆ گەلی عێراق رایدەگەیەنم، بۆ ئەوەی وڵات هێمن و سەقامگیربێت و هیچ خوێنێك نەڕژێت، وەك ئاسانكارییەك بۆ پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی عێراق هیچ پۆستێكم ناوێ و خۆم لە كاندیدكردن دەكێشمەوە و پۆستەكەم بۆ حەیدەر عەبادی جێدەهێڵم".
مالیكی گوتی : "پۆستەكەی من ئەو متمانەیە كە گەلی عێراق پێان بەخشیم و بەرزترین شەڕەفە بۆ من، لەمەودوا دەبمە سەربازێك بۆ بەرگریكردن لە خاكی عێراق و بەرژەوەندییەكانی و هاوكارێك دەبم بۆ هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ". سوپاسی سوپا و هێزە ئەمنییەكان و چەكدارە خۆبەخشەكانیشی كرد لە بەرامبەر رووبەڕوونەوەی "تیرۆر و تیرۆریستان".
15/8/2014
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك بۆ رای گشتی باشووری كوردستان بڵاودەكاتەوە و تێیدا تیشكدەخاتە سەر رووداوەكانی شنگال و ئەو كارەساتەی لەو ناوچەیە بەهۆی دەستبەرداگرتنی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە روویدا.
لە پەیامەكەیدا بارزانی دەڵێت: "ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حیزبیانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆبوو لەسەر كارەكانیان لادران و ئەو كەسانەی كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە كەمتەرخەم بوونە سزادەدرێن".
دەقی پەیامەكە:
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
لەبەرانبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستاندا كوردستان ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیش پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە و پشت بەخوای مەزن و ئیرادەی ئێوە و هێزی پێشمەرگە تیرۆریستان تووشی شكست دەبن و تۆڵەی شەهیدان و ئاوارەكان و كارەساتی شنگالیان لێ دەكەینەوە. جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەم كە ڕێگەیان بۆ ڕزگاركردنی خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال كردووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لەو ئازیزانە ڕزگار كردووە. هەروەها بەپێویستی دەزانم زۆر سپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی دۆستی گەلەكەمان بكەم كە زۆر یارمەتیان دا بۆ ڕزگاركردنیان.
لە دوای ڕووداوەكانی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانماندا هات، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران و لیژنەیەكی لێكۆلینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە و لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە، كەمتەرخەم بوونە.
ئەوەی لە شنگال ڕوویدا تەنیا بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكاندا نەهاتووە بەڵكو زامێكە هەموومان ئازار دەدات. ئەو بەرپرسانە دەبوایە گیانی خۆیان فیدا كردبا و شنگال بەجێنەهێڵن، هەر وەك بەڵێنیان بە من دابوو، دەبوایە لەگەڵ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە شێرانە مانەوە و بەرگرییان كرد، بمێننەوە. پشت بەخوای گەورە ناهێڵین دوژمنان بە مەرامەكانیان بگەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 8ـی 2014
کۆماریخواز/ ناوەندی هەوال/ باکوری کوردستان: به گوێرەی راپورتێک کە له تورکیا بە دەستمان گەیشتووه چالاکوانانی بزۆتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان له هەڵمەتێکی مروڤ دۆستانەدا، هاۆرێ دەگەل چەند چالاکوانی مەدەنی دەستیان به هەلمەتی کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ کورده لێقەۆماوەکانی شەنگال کرد. لەم هەلمەتەدا کاک هیوا مولانائی، هاۆرێ دەگەل دوو چالاکوانی مەدەنی کاک صابر، و کاک هدایت بەشدار و بەرێوبەری ئەم چالاکییه مرۆفدۆستانە و نەتەوەییه بوون
له راستیدا چالاکوانانی بزوتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان له ولاتانی جۆراۆجۆری دنیادا زۆرتر له ئاستی ئیمکانات و توانایی هێزی ئینسانی و لۆجیستیکی خۆیانەوه، لەهەر شوێنێک بۆیان لوابێت، لە رەۆتی چالاکییە مەدەنی، مروڤانه و نەتەوەیەکاندا بەشدار و هاوبەش بوون، و ئەمه جێگای شانازیه بۆ ئەم رەوته سیاسی/مەدەنییه، که لە کات و شوێن، و زەمەنی پێویستدا، وەکوو هێزێکی نەتەوەیی دەرکەوتووە و ئەرکی پیرۆزیی نەتەوایەتی خۆی بە گوێرەی ئیمکانات بەجێ هێناوه
14/08/2014
حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڕیاردەدەن دەست بە خەباتی چەكداری بكەنەوە، هەندێك لە پێشمەرگەكەكانی ئەو حیزبانە ئێستا شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدان لە دژی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. هەندێكیشیان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هێشتا نەچوونەتە بەرەكانی شەڕ.
دوای هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بنكە و بارەگایان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئامادەیی خۆیان پێشاندا دژی داعش بوەستنەوە.
لەو پێنج حیزبە سێیان پێشمەرگەیان ناردووەتە بەرەكانی شەڕ، ئەوانیش حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی كوردستان و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانن.
هەروەها یەكێك لە كۆمەڵەكان و حیزبی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بەرگری لە كوردستان بكەن.
نزیكەی 10 حیزب لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەن كە سەرجەمیان لە هەرێمی كوردستانن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان، خەباتی چەكدارییان لە دژی كۆماری ئیسلامی وەستاندووە، ئێستا ئەوان دووبارە دەستیان بە خەباتی چەكداری كردووەتەوە، بەڵام بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان نەك دژی كۆماری ئیسلامی.
دوای ئەوەی سەرەتای هەفتەی رابردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) ئامادەیی خۆی نیشاندا پێشمەرگەكانی بنێرێت بۆ بەرەكانی شەڕ، رۆژی 7/8/2014 پۆلێك پێشمەرگەی ناردە ناوچەی خازر لە رۆژئاوای شاری هەولێر.
بەپێی زانیاریی (رووداو)، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران نزیكەی 250 پێشمەرگەی ناردووەتە بەرەكانی شەڕ.
رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدكا كە سەرپەرشتیی ئەو هێزە دەكات، بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە "پێشمەرگەكانی دیمۆكرات بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی كوردستان و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە گوێڕ و مەخموور شەڕیان لە دژی داعش كردووە". جەهانگیری گوتیشی "ئێمە بۆ رێكخستنی هێزەكانمان ستادێكی فەرماندەییمان لەكەسانی شارەزای بواری نیزامی پێكهێناوە، فەرماندە نیزامییەكانی حیزبی دیمۆكرات بەهاوكاری فەرماندەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی هێزەكانمان دەكەن".
بەپێی زانیارییەكان ئەو هێزە تەنیا دوو رۆژ لە ناوچەی مەخموور و گوێڕ ماونەتەوە و دواتر گەڕاونەتەوە بارەگاكانی حدكا. رۆستەم جەهانگیری ئەو زانیاریانەی بۆ ئاژانسەكە پشتڕاستكردەوە و گوتی "ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێشمەرگە و هێزی خۆمان رەوانەی بەرەكانی شەڕ كرد، هەر لەسەر داوای ئەوانیش لە بەرەی شەڕ گەڕاینەوە". گوتیشی "ئەم ماوەیە هێزەكانمان لەژێر فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا بوون".
دەنگۆی ئەوە هەیە هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران بەهۆی فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەبەرەكانی شەڕ كشابنەوە. بەڵام رۆستەم جەهانگیری گوتی "ئێمە لەوبارەیەوە بەڵگەیەكمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە ناتوانین ئەو ئیدیعایە پشتڕاست بكەینەوە. ئێمە تەنیا لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هێزمان بەرەو بەرەكانی شەڕ بەڕێكرد و لەسەر داوای ئەوانیش گەڕاینەوە".
پارتی ئازادیی كوردستان یەكەم حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان، ئەو پارتە ئەمەی بە كردەوە سەلماند كاتێك رۆژی 6/8/2014 پۆلێك پێشمەرگەی ناردە نزیك چیای شەنگال تاوەكو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕووی چەكدارانی داعش ببنەوە.
حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدك)یش بە دەركردنی راگەیەندراوێك پشتیوانی و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و لە بەشێكی راگەیێنراوەكەی (حدك)دا هاتووە: "ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان لە باشووری نیشتمان بە دەسكەوتێكی گەورەی هەموو رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دەزانین هەروەك لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوودا نیشانمان داوە و لە پێناوی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونیدا بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك ئامادەین".
هەڵگورد حیكمەت، بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی رایگەیاند لەوەتەی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە و چالاكوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پەیوەندییان پێوەكردوون بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكی هەرێمی كوردستان بكەن.
لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك لە چالاكڤانان لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەمپینێكیان بەناوی كەمپینی پشتگیری لە كۆبانێ و شنگال بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك رێكخست.
بەڕێوەبەرانی كەمپینەكە رایانگەیاند كە خەڵكی رۆژئاوا و باشووری كوردستان بوونەتە قوربانیی هێرشی چەكدارانی داعش و ئەوان دەیانەوێت هاواری قوربانیان بگەیەننە گوێی بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
هاوكات رۆژی هەینی رابردوو كە لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژی پەیامنێران بوو، چەكەكانیان لەسەر سەكۆیەكی باڵەخانەی پارێزگای ئەو شارە دانا، ئەمەش وەك رێزگرتنێك لە گیانی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییە مەدەنیانەی باشوور و رۆژئاوای كوردستان كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەهید كراون.
تەپوتۆزی داعش گەیشتە رۆژهەڵات
چەكدارانی داعش بە تەنیا مەترسی نین بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری كوردستان، بەڵكو هەڕەشەكانی ئەو گرووپە گەیشتە رۆژهەڵاتی كوردستانیش.
بەپێی ئاژانس و ماڵپەڕەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری بانە ژمارەیەك گەنجی مۆتۆرسوار ویستوویانە دۆخی شارەكە بشێوێنن و بەوتەی خەڵكی شارەكە دروشمی لایەنگری لە "داعش"یان گوتووەتەوە.
شایەتحاڵێك بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای گوت "ئەو لاوانە شەرواڵی كورتیان لەبەردابووە و دروشمی لایەنگری بۆ داعشیان گوتووەتەوە".
بەقسەی هاووڵاتیان، دوای مانۆڕی ئەو لاوانە، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنی رووداوەكە، بەڵام كەسیان دەستگیر نەكردووە.
دەگوترێت چەند رۆژێك لەمەوبەریش چەند كەسێك لە لایەنگرانی "داعش" لە ناوچەی ئاویەری شاری سنە هەڕەشەیان لە خەڵك كردووە.
14/08/2014
فرانسوا هۆڵاند، سەرۆكکۆماری فەرەنسا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بە كردەیی ناردنی پشتیوانیی سەربازیی بۆ هەرێمی كوردستانی دەستپێكردووە.
بە پێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان، "لەم پەیوەندییەدا سەرۆككۆماری فەرەنسا دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە لە پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان و دووپاتی كردووەتەوە، كە فەرەنسا ئەوەی لە دەستی بێت بۆ سەركەوتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان لەشەڕی دژ بە چەكدارانی داعشدا درێخی ناكات".
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆك، حكومەت و گەلی فەرەنسای كردووە "بۆ ئەو هەڵوێستەی كە بۆ پشتگیریكردنی گەلی كوردستان نیشانیان داوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەستخۆشی لە فەرەنسا كردووە، كە "لەنێو وڵاتانی ئەوروپاییدا رۆڵێكی پێشڕەوانەی هەبووە" بۆ كۆمەکە سەربازی و مرۆیییەکان بۆ گەلی كوردستان و راشیگەیاندووە، كە "هیوادارین وڵاتانی دیكەی جیهانی ئازادیخواز و دیموكراتخواز هەمان هەڵوێستی كردەیی فەرەنسا بگرنەبەر لە پشتیوانیكردنی كوردستان".
14/08/2014
دەیڤد كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی بریتانیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدات و رایدەگەیەنێ پشتیوانی تەواوی گەلی كوردستان دەكەن لە شەڕی دژی تیرۆر، لە بەرامبەریشدا بارزانی دەڵێت شانازی دەكەین لەجیاتی جیهان شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین.
بە پێی راگەیەندراوی ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەم پەیوەندییەدا سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بارزانی و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش راگەیاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و جەختی لەوە كردەوە كە بەریتانیا پشتیوانی گەلی كوردستان دەبێت.
لەبەرامبەردا بارزانی سوپاسی سەرۆكوەزیرانی بریتانیای كرد و رایگەیاند، كە شانازی بەوە دەكەن كە لە جیاتی جیهانی ئازاد و دیموكرات شەڕی نەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەتا دوایین دڵۆپەی خوێن سوورن لە شەڕی تیرۆریستان و بە هێز و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە ئەو شەڕە دەكەن.
بارزانی ئەوەی بە سەرۆك وەزیرانی بریتانیا راگەیاند، كە ئێستا گەلی كوردستان پاش ئەوەی وڵاتانی جیهانی ئازاد پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردستان نیشاندا ئومێدێكی زیاتری هەیە و لە هەڵوێستی بەرگری دەرچووە و كەوتووەتە هەڵوێستی هێرشبردن.
ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كورد داوای هاتنی سەربازی هیچ وڵاتێك ناكات، چونكە توانای مرۆڤی و هێزی پێشمەرگەی هەیە و ئەوەی كوردستان داوایدەكات ئەوەیە كە لەڕووی چەكەوە توانای پێشمەرگە بگاتە ئاستێك كە رووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە تێكیانبشكێنێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی پاراستنی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانی بە ئەركێكی پیرۆز زانی.
هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆكوەزیرانی بریتانیا رڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی سەربازیی و مرۆیی گەلی كوردستان و بە هەماهەنگی زیاتری مەیدانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات.
14/08/2014
حكومەتی سوێد وڵاتینامە و مافی مانەوە ناداتە كچێكی كوردی دانیشتووی سوێد كە 13 ساڵە لەو وڵاتەیە و بەقسەی خۆی هاوڕەگەزبازە.
ئەو كچە دەڵێت پۆلیس داكۆكی لە دۆسیەكەی دەكەن و ژیانی ئەویش بە كەڵكی كوردستان نایەت، بۆیە دیپۆرتی ناكەنەوە.
(د.م) نزیكەی 13 ساڵە لە سوێد نیشتەجێیە، بەڵام تاوەكو ئێستا مافی مانەوەی نەدراوەتێ، ئەو ئێستا لە ماڵی پووری دەژی لە ستۆكهۆڵم. ناوبراو تاوەكو ئێستا چەندینجار داوای مافی مانەوەی لە دەزگای كۆچ و كۆچبەرانی سوێد كردووە، بەڵام داواكارییەكەی رەتكراوەتەوە.
(د) بۆ خۆشی نازانێت بۆچی مافی پەنابەری نادرێتێ "نازانم بڵێم بۆچی، هیچ كێشەیەكم نییە، لەلای پۆلیس و پارێزەرەكەم و فەرمانگەكانی حكومەت باسی خۆمیان بۆ دەكەم، ئەوانیش سەریان سوڕماوە و دەڵێن نازانین بۆچی مافی پەنابەریت نادەنێ".
خۆی ئاشكرا دەكات
(د) كە خەڵكی باشووری كوردستانە، 13 ساڵە لە سوێد نیشتەجێیە، ئەو دەمێكە هاوڕەگەزبازە، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر شێوەی ژیانی خۆی بۆ دەزگای كۆچ و كۆچبەرانی سوێد ئاشكرا كردووە.
ئەو شێوە ژیانەی ئەو هەڵیبژاردووە، نەك لە كوردستان، بەڵكو لە تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەتكراوەتەوە و یاساكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگە بەو جۆرە ژیانە كۆمەڵایەتییە نادەن.
(د) كە ئێستا پارێزەری هەیە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، گوتی "دوو ساڵ لەمەوبەر پارێزەرەكەم ئاگادار كردەوە كە من هاوڕەگەزبازم، ئەویش بابەتەكەی لەلای دەزگای كۆچ و كۆچبەران باسكردبوو، ئەوانیش پرسییان كە بۆچی زوو باسم نەكردووە، منیش گوتم ئەوە شتێكی تایبەت بەخۆمە و پێویستی نەكردووە باسی بكەم".
پارێزەرەكەی دۆسیەیەكی نوێی بۆ ئامادە دەكات و باسی ژیانی كۆمەڵایەتیشی دەكات، بەڵام ئەم دۆسیەیەش دادی نادات. (د) دەڵێت "دەبووایە دەزگای كۆچ و كۆچبەران دۆسیەكەم تاوتوێ بكات و دوای دوو مانگ وەڵامم بدەنەوە، بەڵام لە ماوەی 24 كاژێردا وەڵامیان دامەوە و گوتیان دەبێت ئەو كچە دیپۆرت بكرێتەوە".
(د) بۆ ماوەیەك خۆی دەشارێتەوە، هەرچەندە دەڵێت پێویستی نەدەكرد خۆی بشارێتەوە "چونكە پۆلیس نەیدەگرتم و پێیاندەگوتم ئەو هەڵسوكەوتەی لەگەڵ تۆ دەكرێت نا یاساییە".
ئەو كچە كوردە ئامادە نییە بگەڕێتەوە كوردستان و دەڵێت "ژیانی من بۆ كوردستان ناگونجێت، ئەوەی دڵسۆزی منە و لە خەمی ژیانی مندایە لە كوردستان ناژیت".
جگە لەوەش دایك و باوكی لە ژیاندا نەماون و خوشك و برا و كەسە نزیكەكانیشی لە وڵاتانی ئەوروپان. ئەو دەڵێت ماوەی چەند ساڵێك بوو لە ماڵی براكەی دەژیا لە ستۆكهۆڵم، بەڵام ئەوە نزیكەی ساڵێكە لە ماڵی پووری دەژیت، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی روونبكاتەوە.
بەشداری فێستیڤاڵی هاوڕەگەزبازان ناكات
هەموو ساڵێك لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێد فێستیڤاڵی هاوڕەگەزبازان بەڕێوەدەچێت، ئەم فێستیڤاڵە كە بە پراید ناسراوە، سەرەتای هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، بە هەزاران هاوڕەگەزبازی ئەو وڵاتە بەشدارییان تێدا كرد، بەڵام (د) بەشداریی لە فێستیڤاڵەكەدا نەكرد.
لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنی گوتی "هاوڕەگەزبازەكان پەیوەندییان پێوەكردم، بەڵام بەهۆی ئەوەی من نەخۆشبووم و لە ئەنجامی سەرماوە تووشی ئەنفلەوەنزا بووبووم، نەمتوانی بەشداری بكەم، بەڵام ساڵانی رابردوو بەشداری فیستێڤاڵ و كۆبوونەوەكانی ئەوانم كردووە".
سەبارەت بە ئامانجی سازدانی ئەو فێستیڤاڵە، (د) گوتی "ئەوە ژیانێكە خۆیان هەڵیانبژاردووە و پێویستە پشتگیریان لێبكرێت، ئەوان خۆیان مەبەستیانە بەو شێوازە بژین، ئەو فێستیڤاڵەش بۆ ئەوە دەكرێت كە زیاتر بناسرێن، زیاتر پشتگیرییان بكرێت".
بەڵام ژیانی (د) زۆر جیاوازە لەوانی دیكە، بەوپێیەی ئەو مافی مانەوەی نییە، بۆیە لە زۆر مافی ئاسایی بێبەشە و ناتوانێت هەموو جۆرە كارێك بكات بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووری، جگە لەوەش گەڕانەوەی ئەو بۆ كوردستان.
(د) دەڵێت "ژیان بۆ من لە سوێد زۆر قورسە، چونكە شوێنی مانەوەی سەربەخۆم نییە، لە ماڵی پوورم دەمێنمەوە، جار بەجاریش دەچمە لای برادەرەكەم، یان ئەو دێتە لای من". هەروەها دەڵێت "جاربەجار خوشك و براكانم یارمەتیم دەدەن".
13/08/2014
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا چوار فڕۆکەی ئەمریکی کە کۆمەڵێ شارەزای سەربازییان هەڵگرتبوو گەیشتنە هەولێر. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: '' 4 فڕۆکەی جۆری V-22-OSPREY لە ئاسمانی هەولێر بینران و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتوونەتەوە، ئەو فڕۆکانە بۆ کاری سەربازی و گەیاندنی کۆمەک بەکاردێن، بەڵام پلەو پۆستی ئەو کەسانە ئاشکرانییە کە هاتوون بۆ هەولێر، بەڵام کۆمەڵێك کەسی شارەزای سەربازی لە فڕۆکەکان دابەزیوون و لەلایەن چەند بەرپرسێکی سەربازی و سیاسییەوە پێشوازیان لێکراوە''. عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند: ''شتێکی نامۆ نییە، کە فڕۆکەی ئەمریکی دەگمەن لە ئاسمانی کوردستان ببینرێن و لە ئێستادا ئێمە ناتوانین بە وردی باس لەو کەسانە بکەین، چونکە قسەیەکی وا هەبووە کە رێژەی ئەو فڕۆکانە لە هەرێمی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام بڕیاروایە کە راوێژکاری سەربازی ئەمریکی زیاتر بگەنە باشووری کوردستان، پێشبینی دەکەم ئەو فڕۆکانە هەر راوێژکارە ئەمریکییەکانیان هەڵگرتبێت''. هەڵگورد حیکمەت گوتیشی: ''خەڵكی لە ئایندەیەكی نزیك شتی سەیر دەبینن و شتی زۆر گەورە بۆ باشووری کوردستان بەڕێوەیە''. V-22-OSPREY فڕۆکەی شەڕکەر نین، تایبەتمەندی ئەو فڕۆکەیە ئەوەیە توانای نیشتنەوەی لە هەموو شوێنێک هەیە و زۆر خێرایە لە گەیاندنی کەلوپەل و سەرباز بۆ شوێنی مەبەست، توانای هەڵگرتنی کێشێکی زۆری هەیە، زۆر جار بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بەکاردێت، نرخی ئەو جۆرە فڕۆکانە نزیکەی 67 ملیۆن دۆلارە. پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو کە ژمارەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق زیاددەکات بە مەبەستی هاوکاریکردنی عێراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر.
13/08/2014
ئەمریكا تاكە لایەن نییە كە تا ئێستا چەكی بۆ كوردستان ناردبێت، بەگوێرەی زانیارییەكانی گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی، كۆماری ئیسلامیی ئێران چەند رۆژێك پێس ئێستا لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی كوردستانەوە و بە فڕۆكەی مەدەنی چەكی رەوانەی كوردستان كردووە، وەك هاوكارییەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە كردووە، حكومەتی تاران بە هەمان شێوەی ئەمریكا لە پێشڕەوییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) نیگەران بووە و بڕیاریداوە لەو هێرشانەی ئەم دواییەدا كە كراونەتە سەر ناوچە كوردییەكان، هاوكاری هێزی كوردی بكات و بەو هۆیەشەوە بڕیاری ناردنی چەكی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان داوە، بەڵام تا ئێستا جۆری ئەو چەكانە ئاشكرانەكراون، كە ئێران رەوانەی كوردستانی كردوون.
هەروەها سەبارەت بە جۆری چەكە ئەمریكییەكان، ئەو ئاژانسە نووسیویەتی، چەكە ئەمریكییەكان بریتین لە مووشەكی خێرای دوورهاوێژ، هاوەن و چەندین جۆری زەخیرەی چەك و تەقەمەنی.
دوێنێ یەكشەممە 10ی ئابی 2014، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكی سوپاسگوزاریدا بۆ حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێران، بەناوی خۆیی و گەلی كوردستان سوپاسی ئەو هاوكاری و پشتیوانییەی كرد كە ئێران پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری ئەو هاوكارییە بكات.
رووداو- هەولێر
13/8/2014
سەرچاوەیەك لە ناوچەی سەوزی بەغدا رایگەیاند، مالیكی پێشنیازی نیشتەجێبوونی لەگەڵ خانەوادەكەی لەلایەن ئێرانەوە پێدراوە.
سەرچاوەكە، کە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، دەڵێت، "لەدوای لێدوانە رۆژنامەوانییەكەی، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێی راگەیەنراوە، كە پێیوست بە گەورەكردنی كێشە ناكات و پێویستە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەگەڵ راسپێرداوی دوای خۆی بكات بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی لەسەر پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەكان نەبێت، پێشنیازی ئەوەشیان پێداوە دەتوانێت لەگەڵ خانەوادەكەی لە تاران نیشتەجێ بێت".
سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند، كە مالیكی بە بارێكی دەروونی زۆر خراپدا دەڕوات و تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەو پێشنیازەی نە بە سلبی نە بە ئیجابی نەداوەتەوە، لە كاتێكدا ئەوە روونە كە لە عێراق نامێنێتەوە بەهۆی ئەو سكاڵایەنەی كە لەلایەن هاووڵاتییان و كوتلە سیاسییەكانەوە لە بەرامبەری بەرز دەكرێتەوە.
ئێران پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق راگەیاندووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.
13/08/2014
عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیریكردنی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، حەرام دەکات.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی عەلی سیستانی لە نەجەف بە رۆژنامەی عەرەب ئەلجەدیدی راگەیاندووە: مەرجەعیەتی باڵا هەموو گردبوونەوەیەك بۆ پشتگیریكردنی نوری مالیكی رەتدەكاتەوە و حەرام دەکات و داوای كردووە كەس ئەو جۆرە گردبوونەوانە ئەنجامنەدات بۆ ئەوەی هیچ بارگرژییەك دروستنەبێت بەجۆرێك زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەفیش رایگەیاند: رێگە بەهیچ خۆپیشاندانێك نادرێت بۆ پشتگیریكردن لە نووری مالیكی و ئەو رێوشوێنانەش بۆ دوورخستنەوەی شارەكەیە لە ناكۆكییە سیاسییەكان بەتایبەتی لەم كاتەدا، كە عێراق بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەنگاو دەنێت.
داواكەی عەلی سیستانیش لەدوای ئەوە هات، كە بەدەیان ئەندامی عەشیرەتی بەنی مالیك، كە نووری مالكی یەكێكە لە ئەندامانی ئەو عەشیرەتە، خۆپیشاندانیان لەچەند شارێكی عێراق ئەنجام دا.
13/08/2014
لە کاتی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی سەر چیای شنگال هەلیكۆپتەرێكی گواستنەوەی هاوکاری لەسەر زنجیرە چیای شنگال بەهۆی لەدەستدانی هاوسەنگییەوە دەکەوێتە خوارەوە.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''ئەمڕۆ هەلیكۆپتەرێكی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی چیای شنگال هاوسەنگی لەدەستداوەو کەوتووەتە خوارەوە''.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ''هەلیكۆپتەرەكە هەریەک لە ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق و یادگار فازڵ میرانی و 20 ئاوارەی ئێزدی چیای شنگالی هەڵگرتبوون''. سەرچاوەکە رایگەیاند ''فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستداوەو سەرجەم سەرنشینەکانی دیکەش برینداربوونە''.
هەروەها قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: ''هەلیكۆپتەرەكە لە جۆری می 17یەو لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی مرۆیی و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە''.
ئاشتی كۆچەر، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال بۆ رووداو گوتی، سەرجەم بریندارەكان بە هەلیكۆپتەرێكی دیكە گواسترانەوە.
12/08/2014
وهزارهتی دهرهوهی فهڕهنسا ناردنی دووهم کاروانی هاوکاریی مرۆیی وڵاتهكهی راگهیاند بۆ ئهو خێزانه ئاوارانهی لهژێر ههڕهشهی دهوڵهتی ئیسلامی ناسراو به ( داعش) ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووه.
وهزارهتی دهرهوهی فهڕهنسا ڕایگهیاند، "كاروانی دووهمی هاوکارییه مرۆییهکانی وڵاتهكهی بریتیه له دهرمان و خێمه و ئاو"، وتیشی: بهقورسایی 20 تهن ئهو پێداویستیانه ئامادهكراون و 50 ههزار کهس لێی سودمهند دهبن.
بڕیاره ئهمڕۆ چوارشهمه (13ی ئابی 2014) هاوکارییه مرۆییهکانی فهڕهنسا بگهنه ههولێری پایتهخت و وهزارهتی دهرهوهی ئهو وڵاتهش بهڵێنی ناردنی چهند کاروانێکی دیکهی هاوکاریی داوه.
لاورێنت فابیوس، وهزیری دهرهوهی فهڕهنسا ، ڕۆژی یهکشهمهی رابردوو، لهگهڵ گهیشتنی یهکهمین کاروانی یارمهتیی وڵاتهکهی، خۆیشی گهیشته ههولێر و پشتیوانی وڵاتهکهی بۆ یارمهتیدانی ههرێم لهڕێی چهک و هاوکاریی مرۆییهوه بۆ ههرێم و ئاوارهی كهمینه ئاینیهكانی دهستی چهكدارانی داعش دووپاتكردهوه.
13/08/2014