دەیان کەس لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران داوایان لە سەرۆککۆماری وڵاتەكەیان کردووە بەدواداچوون بۆ کێشەی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە لێدراوی ئیلام بکات.
نوێنەری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەردانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی کردووە، رەوشی خەڵکی بە نالەبار وەسفکردووە. هەروەها دوای زیاتر لە هەشت رۆژ هێشتا خەڵک پێویستی بە خێوەتێکی زۆر هەیە، خێوەتێک کە بەرگەی گەرما بگرێ.
26/08/2014
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە باشووری كوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیی لێكرا.
پێشتر فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە". ئاماژەی بەوەشكرد، كە بڕیاریشە سەردانی جەلال تاڵەبانی بكات لە سلێمانی.
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی نەرویژ گەیشتە هەولێر و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
سەبارەت بە بەرنامەی وەزیری دەرەوەی نەرویژ لە هەولێر، فەلاح مستەفا گوتی "بڕیارە سەردانی کەمپی ئاوارەکان بکات و لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆببێتەوە، پاشان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".
26/08/2014
ئەگەرچی دەنگۆی رۆیشتنی 13 كەسی یەك خێزان لە پشدەر بۆ نێو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لەنێو خەڵكدا باسێكی گەرمە، بەڵام ئاسایشی ناوچەكە تەنیا رۆیشتنی 5 كەسی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە یەكێكیان پێشتر چەكداری رێكخراوی ئەنسارولئیسلام بووە.
جگە لەو 13 كەسەی كە دەگوترێ هەفتەی رابردوو پەیوەندییان بەچەكدارانی داعشەوە كردووە لە موسڵ، باسی ئەوەش هەیە كە پێشتریش دوو هاونیشتیمانی پشدەر چوونەتە نێو داعش و بەم دواییە پاش گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە دەركەوتوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی رووداو)، سێ لەو كەسانەی چوونەتە ناو داعش بە ناوەكانی (ئیسماعیل و حیسامەدین و عومەر) برای یەكدین و بە خۆیان و ژن و منداڵەكانیانەوە رۆیشتوون.
(م) كە برای ئەو سێ كەسەیە، دەنگۆی رۆیشتنی سێ براكەی بۆ ناو داعش پشتڕاستكردەوە و بە (رووداو)ی گوت "تەواوی بنەماڵەكەمان بێبەریبوونی خۆمان راگەیاندووە لێیان. ئێمە ناڕازین لە رۆیشتنیان و بێ ئاگا بووین لە رۆیشتنیان".
(م) ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی كوردستان بكات بۆ دۆزینەوەی براكانی و گوتی "هەر كاتێك زانیارییەكمان لەسەریان هەبێت ئامادەین هاوكاری هێزەكانی ئاسایش بكەین بۆ دەستگیركردنیان، چونكە بە هەڵەی دەزانین مرۆڤ دژ بە خاك و وڵاتی خۆی شەڕ بكات. ئەو كارەی ئەوان بە دینداری نازانین، لەبەرئەوەی فەرمانەكانی خودا ئەوە نییە كە ئەوان پەیڕەوی دەكەن".
ژنەكانیان رۆژهەڵاتین
(م) زانیاری لەسەر كەسە رۆیشتووەكان ئاشكرا كرد و گوتی "هەرسێ براكەم خێزاندارن، ژنەكانیشیان رۆیشتوون، لەگەڵ 5 منداڵ. دوو لە براژنەكانم كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانن". گوتیشی "ئێمە نازانین ئێستا ئەوان گەیشتوونەتە چ شوێنێك، بەڵام دڵنیاین چوونەتە ناو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش. چونكە خۆیان پەیوەندییان كردووە و گوتوویانە دەچینە ناو داعش و رۆیشتنی ئەوانیش لە رووی دەروونییەوە گرفتاری كردووین".
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) ئەو سێ برایە دایكیان لە ژیاندا نەماوە و باوكیشیان نەخۆشە و جەڵتە لێیداوە، ئەوان خاوەنی چوار برای دیكەشن، بەڵام ئەوان پەیوەندیان پێیانەوە نییە و لایەنگری كۆمەڵی ئیسلامین.
كۆنە ئەنسارەكان دەبنە داعش
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، ئیسماعیل پێشتر چەكداری رێكخراوی ئەنسارولئیسلام بووە، بەڵام دوای تەفروتوناكردنی مۆڵگەكانی ئەنسار لە ناوچەی هەورامان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە 2003دا، ئیسماعیل وازی لە ئەنسار هێناوە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیاری سەرچاوەكانی (رووداو) لە ناوچەی پشدەر، دوو كەسی دیكە بە ناوەكانی (شۆڕش و پشدەر) كە خەڵكی ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پێشدەرن و پێشتر ئەندامی ئەنسارولئیسلام بوون، دوای پەرتەوازەبوونی ئەو رێكخراوە ئەوانیش ون بوون، بەڵام ئێستا لەنێو داعش پەیدابوونەتەوە. دەگوترێت (شۆڕش) پلەی ئەمیری هەیە لەنێو داعش.
ئاسایش: 5 كەس دیار نین
سەبارەت بە رۆیشتنی ئەو 13 كەسە، رائید محەممەد فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا لە سنووری ئێمە تەنیا 5 كەس دیارنەماون، ئەوانە دانیشتووی قەزای پشدەرن، بەڵام دڵنیا نین چوونەتە ناو چەكدارانی داعش، تەنیا ئەوە زانراوە كە قەزای پشدەریان جێهێشتووە و بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتوون. ئێمە لێكۆڵینەوەمان لەسەر ونبوونیان دەستپێكردووە". گوتیشی "زانیاریمان هەیە یەكێك لەوانە پێشتر لەگەڵ چەكدارانی ئەنساروئیسلامدا بووە".
دەنگۆی ئەوەش لە نێو خەڵك بڵاوبووەتەوە كە ئاسایش دەستی بەسەر ئاڵای داعشدا گرتووە و چەند گەنجێكی ناحیەی چوارقوڕنەش پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئاسایش ئەو دەنگۆیانەی رەتكردنەوە و گوتی "رەوشەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە".
25/08/2014
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سبەی سێشەممە 26 ی ئابی 2014 سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای باشووری كوردستان كۆدەبێتەوە.
كاروان جەمال تاهیر، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی سێشەممە بەڕێز وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ بەڕێزان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە".
دوێنێ 24 ی ئابی 2014 وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای شیعە و د.فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەوە، بڕیاریشە سبەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
هاتنی زەریف بۆ هەولێر بە یەكەم سەردانی فەرمی بەرپرسێكی باڵای ئێران دادەندرێت دوای رووداوەكانی كەوتنی موسڵ و ناوچەكانی دیكە بەدەستی چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش).
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەڕی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و بەشداریی كورد لە پرسی سیاسیی لە گرنگترین ئەجێندای كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیران دەبن.
25/08/2014
هاتنی بەلێشاوی ئاوارە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە دهۆك و هەولێر نرخی كرێی خانووی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردووەتەوە. بەقسەی خاوەنی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، لە شەش مانگی رابردوودا كرێی خانوو 100% زیادی كردووە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ژمارەی ئەو ئاوارانەی روویان لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك كردووە زیاترە لە یەك ملیۆن كەس، ئەوە لەكاتێكدایە كە كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 700 هەزار ئاوارەی عێراقی كردووە. بەڵام ئەمە تەنیا ئەوانەن كە ناویان لای ئەو كۆمیسیۆنە تۆمار كراوە.
ئەدریان ئێدواردز، گوتەبێژی كۆمیسیۆنەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: "هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 700 هەزار ئاوارەی عێراقی كردووەو زۆربەشیان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە ئاوارە بوون". ئێدواردز گوتیشی ئەم ژمارەیە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە تاوەكو ئێستا لەلای ئەوان ناویان تۆمار كراوە.
بەڵام سۆران عومەر، سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی ئاوارەكان بە زۆر لەوە زیاتر دەزانێ و دەڵێت "بەپێی دوایین ئامار، تاوەكو 24/7 ژمارەی ئاوارەكانی فەللوجە و رومادی و ناوچەكانی دیكە كە روویان لە كوردستان كردووە، گەیشتووەتە ملیۆنێك. دوای گرتنی شنگالیش لەلایەن داعشەوە، نزیكەی 200 هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون، پێشتریش نزیكەی 200 هەزار ئاوارە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
گوتیشی "ژمارەی ئاوارەكان لەهەندێ ناوچە لە ژمارەی دانیشتووانی ناوچەكە زیاترە".
بەپێی قسەی سۆران عومەر، كەمترین ئاوارەی عەرەب لەكەمپەكانن، چونكە سەرەتا كارئاسانییان بۆ كراوە لە شارەكان نیشتەجێ ببن "ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی گەورەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كرێی خانوو".
خانووی كرێ دەستناكەوێ
دوای زیادبوونی خواست لەسەری خانووی كرێ، بەشێك لە نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو، كاری نووسینگەكانیان گۆڕی بۆ بە كرێدانی خانوو. نووسینگەی سەباح مەنتك یەكێكە لەو نووسینگانە.
سەباح عەزیز، خاوەنی نووسینگەكە دەڵێت "بەهۆی هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و وەستانی پێشینەی خانوو، كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو زۆر لاواز بووە، بەپێچەوانەوە خواستێكی زۆر لەسەر خانووی كرێ هەیە، رۆژانە چەندین كەس روو لە ئێمە دەكەن بۆ بەكرێ گرتنی خانوو كە 90%یان عەرەبن".
بەپێی قسەی ناوبراو "ئەم خواستە زۆرە كرێی خانووی لە هەولێر بەڕێژەی 100% بەرز كردووەتەوە. بۆ نموونە ئەگەر كرێی مانگانەی خانوویەكی 100مەتریی دوو نهۆم پێشتر 300 دۆلار بووبێت، ئێستا كرێیەكەی بۆ 600 بۆ 700 دۆلار بەرزبووەتەوە".
سەبارەت بەجیاوازی نرخی كرێ لەگەڕەكەكانی شاری هەولێر، سەباح عەزیز دەڵێت لە گەڕەكەكانی 94ی گوڵان، كارێزان، فەرمانبەران، 99، زانكۆ و رۆشنبیری خانووی 100 مەتری و 125 مەتری كرێیەكەی لە 500 دۆلار كەمتر نییە، لە گەڕەكەكانی وەك مامۆستایان و شارەوانیش نرخی ئەم خانووانە لە نێوان 1500 تاوەكو 2500 دۆلارە".
هەروەها گوتی "لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون كە پێشتر زۆربەی خانووەكان بەتاڵ بوون و كەس بە 200 دۆلاریش نەیدەویست، ئێستا یەك خانووی بەتاڵت دەستناكەوێت و كرێیەكەشیان بەرزبووەتەوە بۆ 600 دۆلار".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی خواستی زۆر بۆ خانووی كرێ و بەرزبوونەوەی نرخ، بەشێك لەخاوەن خانووەكان داوای زیادكردنی كرێ لەكرێچیەكانیان دەكەن، ئەمەش گرفتی لە نێوان خاوەن خانوو و كرێچی دروستكردووە.
سەباح بە پێویستی دەزانێت حكومەت سنوورێك بۆ نیشتەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی عەرەب لەشار دابنێ "چونكە كاریگەری زۆریان كردووەتە سەر ژیانی خەڵك، رۆژانە بەدەیان گەنجی دانیشتووی هەولێر بۆ خانووی كرێ دەگەڕێن و بەهۆی بەرزیی نرخ خانوویان پێناگیرێت".
گەیلان جواد، 24 ساڵ، ماوەی 20 رۆژە دەزگیرانەكەی مارە كردووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی كرێی خانوو تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە خانوویەك بەكرێ بگرێت و دەزگیرانەی بگوازێتەوە. گەیلان گوتی "چەندین نووسینگە گەڕاوم، تا ئێستا خانوویەكی كرێم دەستنەكەوتووە، ئەو خانووانەشی هەن كرێیان خەیاڵییە".
گەیلان فەرمانبەرە، دوای تەواوبوونی دەوامیش وەك نووسەر لەلای پزیشكێك كاردەكات، دەڵێت "هەردوو مووچەكەم ناگاتە 800 هەزار دینار، بۆیە ئەگەر حكومەت سنوورێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەی عەرەب دانەنێ، لەوانەیە ساڵێكی دیكەش نەتوانم زەماوەند بكەم".
هەمزە حامید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت ئەوان لە ئیداری پارێزگای هەولێر لەرێگەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون لە قەزا و ناحیەكان، دروستكردنی دەیان هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە رێگەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان، دروستكردنی شوقەی نیشتەجێبوون و خانووی كۆری، هەوڵی زۆریان داوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی هاتنی بەلێشاوی ئاوارە بارودۆخەكە پێچەوانە بووەتەوە.
هەمزە حامید گوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای دارایی سنووردارە، ناتوانێ چیدی كەمپ بۆ ئەم ئاوارانە دروستبكات كە هەر كەمپێكی زیاتر لە 3 ملیار دیناری تێدەچێت، بۆیە لەخۆگرتنی ئەم ژمارە ئاوارە زۆرە لەتوانای حكومەتدا نەماوە، گوتیشی "باشترین چارەسەر بۆ ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكە پەلەكردنە لە پێكهێنانی حكومەتی ناوەندی و وەدەرنانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان".
ئەیوب ئەنوەر سماقەیی، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سەلاحەددین پێیوایە تا بارودۆخی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئارام نەبێتەوە و ئاوارەكان نەگەڕێنەوە، كرێی خانوو لەهەڵكشان ناوەستێ، گوتیشی "بەهۆی ئەوەی لە كوردستان جۆرێك لە بازاڕی ئازاد هەیە و سیاسەتی دارایی و نەختینە لەدەست حكومەتدا نییە، بۆیە حكومەت ناتوانێ نرخ بۆ كرێی خانوو دابنێ".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت حكومەت دەیتوانی لە رێگەی دانانی سیستەمێك بەگوێرەی قەبارەی دانیشتووانی شار و شارۆچكەكان و توانای لەخۆگرتنیان ئاوارەكانی دابەشكردبایە، ئەوكات پاڵەپەستۆی سەر شارەكان كەم دەبووەوە، گوتیشی "ئەگەر رەوشەكە چارەسەر نەكرێت، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی كاڵا و خانوو كاریگەری خراپ لەسەری ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی دانیشتووان جێدەهێڵێت".
257/8/2014
بەگوتەی سەرچاوەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، لە هەندێ لە شارەكانی رۆژهەڵاتدا سەلەفییەكان بۆ نیشاندانی پشتیوانی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) خۆیان دەرخستووە و ئاڵای رەشی داعشیان بەرزكردووەتەوە.
رێبەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەو هەواڵەیان پشتڕاست كردەوە. مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حدكا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی تیشك گوتی "زانیاری راست و دروستمان هەیە كە لایەنگرانی داعش چالاكییان نواندووە". دواتریش شاهۆ حوسێنی نوێنەری ئەو حیزبە لە دەرەوەی وڵات، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە.
سەرچاوەكانی (رووداو) لە ژمارەیەك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە سەلەفییەكان تێیاندا چالاكن، ئەو پرسە پشتڕاست ناكەنەوەو دەڵێن ئەوان تەنیا وەكو دەنگۆ بیستوویانە كە لایەنگرانی داعش چالاكییان هەبووە. ئەو سەرچاوانە هەڵبەت ئەو هەواڵانەش رەتناكەنەوە. سەرچاوەیەك لە بانە بە (رووداو)ی گوت "تەنیا وەك دەنگۆ بیستوومانە لە بانە خۆیان دەرخستووە و ئاڵای رەشیان بەرزكردووەتەوە".
ئاژانسی هەواڵی كوردپا بڵاوی كردەوە، سەلەفییەكان لە شاری بانە دروشمی لایەنگرییان بۆ داعش داوە و هەوڵیان داوە دۆخی شارەكە بشێوێنن. شاهۆ حوسێنی، نوێنەری حیزبی دێمۆكرات بە رادیۆی فەردای گوت "ئەو كەسانە دروشمی نەمان بۆ دێموكرات و سێكۆلاریان داوە" ئەمەشی وەك نیشانەی ناڕەزایەتی لە ناردنی هێزی پێشمەرگەی حیزبەكەی بۆ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لێكدایەوە.
وەك چۆن لە باشووری كوردستان رەوتی سەلەفیەت لە هەڵكشاندایە، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهەمانشێوە لە گەشەدان، تاوەكو ئێستاش كۆماری ئیسلامی ئێران چەند كەسێكی لێ خستوونەتە زیندانەوە. بەڵام سەرجەم سەلەفییەكانی رۆژهەڵات پشتگیری لە داعش ناكەن.
سەلەفییەكان لە شاری جوانڕۆ چالاكترن. ئەوان لەو ماوەیەدا كە دەوڵەتی ئیسلامی لە لووتكەدایە، بێدەنگ بوون. دەگوترێ نزیكەی 20 كەسی خەڵكی جوانڕۆ لە ریزەكانی داعشدان و لەو شارەدا سەلەفییەكان بە نهێنی یارمەتیشیان بۆ داعش كۆكردووەتەوە.
سەلەفییەكان زۆر زانیاری نادەن بە دەستەوە و تێكەڵ بە خەڵكی دیكە نابن. هەربۆیە ژمارەیان دیار نییە. بەڵام چالاكڤانانی كورد دەڵێن: پێگەیەكی ئەوتۆی كۆمەڵایەتییان نییە.
شاهۆ حوسێنی دەڵێت "لایەنگرانی داعش لە سنە بە ئاڵای رەشەوە خۆیان نیشانداوە". سەرچاوەكانی رووداو لە سنە دەڵێن "ئەوەیان وەك دەنگۆ بیستووە". بەڵام نە رەتیدەكەنەوە و نە پشتڕاستی دەكەنەوە. ئەو هەواڵانە لە خەڵكی ئەو گەڕەكانە بیستراوە كە ئاڵای رەشیان لێ بینراوە و دروشم گوتراونەتەوە و هەڕەشە لە خەڵك كراوە. هەروەها دەگوترێ لە مزگەوتێك لە سنە یارمەتی بۆ داعش كۆكراوەتەوە.
ئیجلال قەوامی، چالاكڤانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو پرسە وەك شەڕی دەروونی دەبینێ كە ئەو گرووپانە دەیانەوێ بڵێن هێندە بەهێزن دەتوانن یارمەتیش كۆبكەنەوە.
موختار زارعی، چالاكڤانی سیاسی لە سنە بە (رووداو)ی گوت "لە سنە سەلەفی هەیە، بەڵام داعشی لێ نییە". ئەو سەلەفییەكانی بۆ سەر دوو بەرە دابەشكرد، بەشێكیان كە جیهادی نین و بەشێكی دیكەیان باوەڕیان بە جیهاد هەیە. جیهادییەكانیش پێكەوە ناكۆكییان هەیە و دوو بەشن. بەشێكیان لایەنگری زەواهیرین و بەشێكی دیكەش لایەنگری ئەبوبەكری بەغدادین.
زارعی پێیوایە، ناتوانرێ بەو سەلەفیانە بگوترێت قاعیدە یا داعش، چونكە ئەوان ئاگایان لە دانوستانە نهێنییەكانی رێبەرەكانیان نییە. بەگوتەی زارعی، خەڵك ئەوان وەك سەلەفی دەناسێ و خۆشیان هەر بە سەلەفی خۆیان دەناسێنن.
سەرچاوە لۆكاڵیەكان لە سەقز باس لەوە دەكەن كە لە مزگەوتی ساڵحاوادا سەلەفییەكان لە كاتی هێرشەكانی داعشدا و پێشڕەوییەكانیان لە باشووری كوردستان، شیرینیان دابەش كردووە.
لە شاری مەهابادیش لایەنگرانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر بنكەی كۆكردنەوەی یارمەتی لە پشت تەپ و بەری شیلانێ. چەندین كەس لەو خەڵكەی كە یارمەتیان بۆ خەڵكی شەنگال كۆكردووەتەوە بریندار بوون.
25/08/2014
لەسەر ئەو كارەساتەی بەسەر خەڵكی شنگال هات، سێ بەرپرسی پارتی بانگكراون بۆ پیرمام و تاوەكو ئێستا ئایندەیان دیار نییە. بەرپرسێكی باڵای پارتیش دەڵێ "جگە لەو سێ كەسە بەرپرسی دیكەش هەن كە لەسەر رووداوەكانی شنگال دەبرێن بۆ پیرمام".
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، هەریەك لە لیوا سەعید كێستەیی، بەرپرسی سوپای یەك كە تاوەكو سێی ئەم مانگە سوپاكەی لە شنگال بوو، شەوكەت كانیكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال و سەربەست بابیری، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال، ئێستا لە پیرمامن، شوێنی بڕیاردانی پارتی و لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
شەوكەت كانیكی، لەبارەی بانگكردنیان بۆ ئەوێ گوتی "مانەوەی ئێمە لە پیرمام بۆ ئەوەیە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و لێژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شنگال كۆببینەوە".
بە فەرمانی مەسعود بارزانی، لێژنەیەك پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی كارەساتەكەی شنگال. لیژنەكە هەریەك لە نوێنەری بارزانی و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دادوەرێك لە خۆدەگرێ و ئێستا دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
سەرچاوەیەك لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "بارزانی زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوەكانی شنگال دەكات و هەر زوو بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە پۆستەكەی لادا". گوتیشی "لەسەر فەرمانی بارزانی ئەو سێ بەرپرسەی پارتی بانگ كراون بۆ پیرمام و ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان".
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، زانیاری زیاتری ئاشكرا كرد و گوتی "جگە لەو سێ بەرپرسە، ژمارەیەكی دیكە بەرپرسی سەربازی لەسەر رووداوەكانی شنگال لە زووترین كاتدا بەرەو پیرمام رادەكێشرێن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ".
شەوكەت كانیكی، رەتیدەكاتەوە كە ئەوان لە پیرمام دەستبەسەربن، بەڵام گوتی "چەند رۆژێكە لێرە چاوەڕێی دیداری سەرۆك بارزانی و لێژنەی لێكۆڵینەوەین لەسەر رووداوەكانی شنگال، كە هەموو كەس دەزانێ چی روویداوەو هیچ شتێك ئیدی ناشاردرێتەوە".
كانیكی نازانێ فەرمانی بارزانی چی دەبێ بۆ ئەوان، بەڵام لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ (رووداو) گوتی "هەر بڕیارێك بدات ملی ئێمە لەبەر چەقۆی ئەوە".
لیوا سەعید كێستەیی، بەرپرسی سوپای یەكی پێشمەرگە لە هێزەكانی زێرەڤانی كە بانگكراوە بۆ پیرمام، لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسی رەوشی خۆیانی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "ئێمە هەر كاتێ بمانەوێ دەچینە هوتێل و نان دەخۆین". بەڵام قسەی زیاتری نەكرد كە ئایا ئازادن لەوەی بچن بۆ هەر شارێك یان بازاڕ بكەن و دەڵێ "لە زینداندا نین، چاوەڕێین سەرۆك بارزانی ببینین".
سەبارەت بە سەربەست بابیری، بەرپرسی لقی شنگالیش ئێستا نە جێگای دیارە و نە تەلەفۆنەكانی بەردەستن، تەنانەت (رووداو) هەوڵیدا لە رێگەی سەعید كێستەیی و شەوكەت كانیكی بزانێ ئایا ئەویش لەگەڵ ئەوان لە پیرمامە یان نا، بەڵام هیچ زانیارییەك لەسەر جێگەی سەربەست بابیری ئاشكرا نەبوو.
بەرپرسێكی باڵای پارتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی ئەو رێكارانەی كە سەركردایەتی پارتی بەرامبەر بەرپرسانی پارتی دەیگرێتە بەر كاتێك كەمتەرخەمی دەكەن لە كارەكانیان، گوتی "هەر كەسێك لە نێو پارتیدا كارەكانی خۆی بە باشی نەكات و حیزب بڕیاری سزادانی بدات، سەرەتا بۆ پیرمام بانگ دەكرێ. راستە ئەوان لە نێو زینداندا نین، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵیان وەكو مامەڵەی كەسێكە لەنێو زیندان بێت و ئازاد نییە بۆ هەموو شوێنێك بڕوات و بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەروا دەمێنێتەوە".
25/08/2014
لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوكاری لیژنەی دارایی، لێكۆڵینەوە لەكەموكورتییەكانی پێداویستی پێشمەرگە دەكات لەبەرەكانی شەڕ وەك (خواردن و تەقەمەنی)و بۆ كەمكردنەوەی مووچەی ئەو پێشمەرگانەش كە دەوام ناكەن و لەكاتی پێدانی مووچە پێیان، لیژنەی چاودێری دارایی ئامادە دەبێت. د.فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی نەزاهە (دەستپاكی) لەپەرلەمانی كوردستان بۆ خەندان رایگەیاند: لەگەڵ لیژنەی دارایی لیكۆڵینەوە لەسەر خواردن و چەك و تەقەمەنی و ئەو پارانە دەكەین كە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە سەرفكراون". د.فرسەت سۆفی وتی: "جگە لەوەش لەسەر راسپاردەی ئێمە، ئێستا لەكاتی دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگەدا لیژنەی چاودێری دارایی ئامادە دهبێت بۆ زانینی ئەو پێشمەرگانەی مووچە وەردەگرن و دەوام ناكەن". وتیشی: "لەم خولەی پەرلەماندا بە هەماهەنگی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەستەی دەستپاكی و چاودێری دارایی مەبەستمانە ئەو لیژنەیە چالاكتر بێت". د.فرسەت سۆفی ئاشكراشیكرد كه ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵەوەن لەچەند دۆسیەیەك و لەكاتی خۆیدا بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.
24/08/2014
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنكاری كورد لە بەغدا لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری هاوپەیمانی نیشتمانی كۆببێتەوە و لەسەر چەند پرسێك و خاڵێك گفتوگۆ بكەن.
شاندی كوردی كە پێكهاتووە لە هۆشیار زێباری، فریاد رەواندوزی، جەلال جەوهەر، نەجیب باڵەتەیی و زانا رۆستایی هەینی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری هاوپەیمانی نێشتمانی ئەنجامدا و دوێنێش لەگەڵ حەیدەر عەببادی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆبوونەوە.
نەجیب عەبدوڵڵا باڵەتەیی ئەندامی شاندەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی بەر لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانیی بە تۆڕِی میدیایی رووداوی راگەیاند "پاش كەمێكی دیكە لەگەڵ شاندی دانوستاندنكاری هاوپەیمانی نیشتمانی كۆدەبینەوە و بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا باسی پرسی ماددەی 140 و بودجە و نەوت و غاز بكرێت".
باڵەتەیی گوتیشی: "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە رێگری دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانی مەدەنی دەكرێت لە نیشتنەوەی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر".
شاندی دانوستاندنكاری هاوپەیمانی نیشتمانی، كە پارتە شیعەكان لەخۆدەگرێت پێكهاتووە لە خالید عەتییە، عەممار توعمە، وەلید كرێماوی، عەبدولكەریم ئەنساری، عەلی عەللاق، محەممەد هاشمی.
24/8/2014
ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لەسەر ئاستێکی باڵا رایگەیاند سبەی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
سەرچاوەکە رایگەیاند بڕیاروایە سبەی یەکشەممە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بکات و لەو سەردانەیدا چاوی بە حەیدەر ئەلعبادی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەکەوێت و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و گرنگترین رووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
دواین سەردانی زەریف لە 8ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بوو کە چاوی بە چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کەوت و باسی پەیوەندییەکان و ئەو دۆخە هاوبەشەی لەگەڵ کردوون کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیەو هەروەها تاوتوێی دۆخی سووریایان کردبوو.
24/8/2014
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند وەشاندنی گورزی سەربازی دژی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) لە نێو خاكی عێراق سوودی نابێت، ئەگەر لە سووریاش بنكەو بارەگاكانی نەكرێنە ئامانج.
فرانس تیمرمانز، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری لاهای گوتی: "هەر دەوڵەتێك داوای گرتنەبەری هەڵوێستی تووند دەكات دژی داعش لە عێراق، پێویستە بزانێ كاتێك سەركەوتوو دەبێت ئەگەر ئامادە بێت لە سووریاش رووبەڕووی ئەو رێكخراوە بێتەوە".
گوتیشی: "ئەگەر لە سووریاش رووبەڕووی رێكخراوی داعش نەبینەوە، وەشاندنی گورزی سەربازی لە عێراق بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی هیچ سوودی نابێت، چونكە زۆر بەئاسانی دەگەڕێتەوە سووریا، لەبەر ئەوە چارەسەرەكان لە عێراق درێژەیان نابێت ئەگەر لە سووریا چارەسەری بۆ نەدۆزینەوە".
هەروەها تیمرمانز، داوایكرد هاوكاریی سەربازی زیاتر پێشكەشی هێزی پێشمەرگە و گرووپە چەكدارە میانڕەوەكانی سووریا بكرێت ئەوانەی دژی رژێمی ئەسەد دەجەنگن.
وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیكە ئامادەییان دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش.
24/8/2014
ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت، كە دانانی پەیكەری مەعسوم كۆركماز لەسەر بڕیاری ئەوان نەبووە و بێئاگایی كەجەكەی لە دانانی پەیكەرەكە خستەڕوو. سەبری ئۆك، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK رایگەیاند، "نازانین پەیكەری هاوڕێمان مەعسوم كۆركماز بە بڕیای كێ و لەلایەن كێوە دانراوە، ئەمە بڕیاری جوڵانەوەكەی ئێمە نەبووە". لەگەڵ ئەوەشدا ئۆك رەخنەی لە رووخاندنی پەیكەرەكە و شێوازی رووخاندنەكە گرت و گوتی، "دانانی پێی سەربازێكی تورك لەسەر سەری پەیكەرەكە ساڵانی دەیەی نەوەدەكانم دێنێتەوە بیر، بەڵام ئێمە رێز لە بەها مێژووییەكانی تورك و نەتەوەكانی دیكە دەگرین". ئەم گوتانەی سەبری ئۆك لەكاتێكدایە، كە لە دوای رووداوەكەوە چەند هەڵمەتێكی پارتیزانی بۆسەر بارەگا و بنكەكانی هێزە ئەمنییەكانی توركیا لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەستی پێكردووە. سەرلەبەیانی رۆژی 19/08/2014 هێزە ئەمنییەكانی توركیا لە گوندی سیسێ-ی سەر بە لیجەی شاری ئامەد لە باكووری كوردستان، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ تێكشكاندنی پەیكەری مەعسوم كۆركماز، یەكەم فەرماندەی پارتیزانی پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخست و گرژی لەنێوان خەڵك و هێزە ئەمنییەكان كەوتەوە، كەسێك كوژراو و دوو كەسی دیكەش برینداربوون. دوای رووخاندنی پەیكەرەكە، وێنەی سەربازە توركە بەشداربووەکان لە ئۆپەراسیۆنەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە قاچیان خستووەتە سەر دەموچاوی پەیكەرەكە. ماڵباتی كۆركماز ئەم رەفتارەی سەربازانی توركیایان وەك سوكایەتیكردن دانا و لە دادگای ئامەد داوای یاساییان تۆماركرد.
23/08/2014
سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان ئامادەیی خۆیانی بۆ هەر گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ توركیا دەربڕی.
جەمیك بایك، سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ رۆژنامەی وەتەنی توركی، وەڵامی لێدوانەكەی بەشیر ئاتاڵای، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا دەداتەوە، كە گوتبوی، ئەگەری گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ قەندیل هەیە.
جەمیل بایك رایدەگەیەنێت، کە "هەمیشە دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو شاندێك جا ئەو شاندە رۆژنامەنووس بن یان شاندی دەوڵەت”.
بایك هەروەها لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لە توركیا قسە دەكات و دەڵێ، دەنگەكانی دەمیرتاش پۆزەتیڤ بوون.
هەروەها بایك دەخوازێت هادەپە ببێتە پارتێكی ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەموو توركیا و بتوانێ دەنگەكانی لە ٪١٠ زیاتر بكات.
چاوەڕوان دەكرێ لە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان ئەنكەرە و قەندیل دەستپێبكات.
23/08/2014
ئەنجوومەنی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە داعش "یەکەم هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر ئەمریکا ئەنجامداوە و ئەگەر بەردەوام بن، ئەوا هیچ سنوورێك ناناسن و لە هەرشوێنێك بن بۆلەناوبردنیان رووبەڕوودەبنەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا کوشتنی جەیمس فۆلێی، رۆژنامەنووسی ئەمریکی بە "یەکەم هێرشی تیرۆریستی داعش" بۆ سەر ئەمریکا لەقەڵەمدا.
بن رودس، جێگری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "تیرۆرکردنی جەیمس فۆلێی رۆژنامەنووسی ئەمریکی یەکەم هێرشی داعشە بۆ سەر ئەمریکا".
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رودس راشیگەیاند، کە ئەگەر بزانن داعش پلانێکی نهێنی هەیە بۆ تیرۆرکردن و هێرشکردنە سەر کەسانی ئەمریکا، ئەوا بەرپەرچی راستەوخۆیان دەبێ و شوێنی داعش دەکەون لە هەرشوێنێك بێت.
23/08/2014