دوای متمانەپێدانی پەرلەمانی عێراق بە کابینەکەی عەبادی، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران، پێشوازییان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد.
بان کی مون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی کرد و داوایکرد "ئەو پۆستانەی ماونەتەوە زوو پڕ بکرێنەوە".
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە "پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هەنگاوێک دەبێت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی".
لەلایەکی دیکە کۆشکی سپی وێڕای پێشوازیکردن لە پێکهێنانی حکومەت، پابەندی خۆی بە بەڵێنی پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردووەتەوە.
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پشتیوانیکردنی حکومەتی ئەمریکای بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردووەتەوە. ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە "لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکە دژی دوژمنە هاوبەشەکەیان دەوەستنەوە، کە داعشە".
هەروەها حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری عەرەبی، پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەردەوامی کاروانی سیاسی.
عەبدوڵڵاهیان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران "ئێرنا"، رایگەیاندووە "ئێران پشتیوانی بڕیاری پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق دەکات بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی". گوتووشیەتی "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تیرۆر لە عێراق لە رەگەوە وشک بکەین".
شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە دەنگی 177 پەرلەمانتار متمانەی بەخشییە كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی.
09/09/2014
ئەمریکا پێنج هێرشی دیکەی ئاسمانیی دەکاتە سەر داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە و دەوروبەری هەولێر.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، رایگەیاند " فڕۆکەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی دیکەی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە و دەوروبەری هەولێر".
لە راگەیێندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە بنکەکەی لە تامبای ویلایەتی فلۆریدایە، ئاشکرایکردووە "ئامانج لە هێرشەکان پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هۆزە سوننەکان بووە بۆ پاراستنی بەنداوی حەدیسە و هەولێر".
هێزەکانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە "فڕۆکە جەنگییەکان لەو پێنج هێرشە ئاسمانییەدا، 3 ئۆتۆمبێلی داعشیان تێکشکاندووە، کە چەکی دژە ئاسمانییان لەسەربووە". هەروەها یەکەیەکی داعش لە نزیک بەنداوی حەدیسە کراوەتە ئامانج، جگە لە هەمەرێکی رێکخراوەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر.
راگەیێندراوەکە لەبارەی ئامانجی هێرشەکان دەڵێت "ئامانج پشتیوانی هێزەکانی عێراق و پاراستنی کارمەندانی ئەمریکا بووە لە عێراق بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکان".
لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەش، کە تاوەکو ئێستا هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا کردوویانەتە سەر داعش لە عێراق، راگەیێندراوەکە دەڵێت "فڕۆکەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 148 هێرشیان کردووەتە سەر داعش لە عێراق".
09/069/2014
كۆبونهوهكهی لایهنه كوردیهكان و ئهمریكا و نهتهوهیهكگرتوهكان كۆتایی هات
لهدوای كۆبونهوهكه نیكۆلا میلانیدۆف نوێنهری نهتهوهیهكگرتوهكان ، رایگهیاند ئهمشهو بڕیار لهسهر حكومهتی عێراق دهدرێت
ههروهها وتی " ههموومان ئاگاداری داواكاریهكانی كوردین لهحكومهتی نوێی عێراق".
كۆبونهوهكهی لایهنه كوردیهكان و ئهمریكا و نهتهوهیهكگرتوهكان بۆ چونێتی بهشداری كردنی كورد لهحكومهتی نوێی عێراق كۆتایی هات. بهڵام لایهنه كوردیهكان بهردهوامن لهكۆبونهوهكهیان
نوێنهری نهتهوه یهكگرتوهكان ئاماژهی بهوهش كرد كه باوهڕمان وایه ئهمشهو حكومهتی عێراقی كه رهزامهندی ههموو لایهنهكانی لهسهربێت پێك بێت.
وتیشی كورد لهبارهی بهشداری كردنی لهو حكومهته ئهمشهو بڕیاری خۆی دهدات
08/09/2014
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، داعش دەوڵەتە و خاوەنی چەکی قورسە، بەڵام بەهۆی هاوکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێشمەرگە توانیویەتی زۆربەی ئەو شوێنانە بگرێتەوە، کە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیرابوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی میللییەتی تورکی، باسی دوایین رەوشی بەرەکانی جەنگ دەکات و دەڵێ: "چەکدارانی داعش بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەکە قورسەکانی سوپای عێراق لە پێشمەرگە بەهێزترن".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێ، ئێستا پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش دەکات و ئەو گرووپە مەترسییە بۆ هەموو وڵاتان.
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ پەکەکەش هاوکاریی پێشمەرگەی کردووە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رۆڵی تورکیا، بەو رۆژنامە تورکییەی گوتووە، کە چاوەڕوانی زیاتریان لەو وڵاتە کردووە هەرچەند هاوکاری مرۆییی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردووە، کە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەن بەهۆی بارمتەکانیان لای داعش.
سەرۆکی حکومەت بە رۆژنامە تورکییەکەشی راگەیاندووە، کە دڵخۆشبووە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کاتێك گەنجێکی کورد(سەڵاحەدین دەمیرتاش) بتوانێ 10%ی دەنگەکان بەدەستبێنێ.
08/09/2014
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، ئەمڕۆ لایەنە كوردستانییەكان لە سلێمانی كۆدەبنەوە لەسەر پرسی بەشداریكردن و بەشدارینەكردنی كورد لە حكومەتی تازەی عێراقدا .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، كۆبوونەوەكە كاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدچێت و، تێیدا نوێنەرانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان UN بەشدار دەبن .
لەو كۆبوونەوەیەدا ،سەركردەكانی هەر پێنج لایەنە براوە كوردستانییەكەی پەرلەمانی عێراق : پارتی ، یەكێتی ، گۆڕان ، یەكگرتوو و كۆمەڵ بەشداردەبن .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەت ، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ، محەممەد فەرەج ئەمینداری یەكگرتوو، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداردەبن . هەروەها بەرپرسێكی باڵای یەكێتیش بەشداردەبێت .
بەپێی سەرچاوەكانی زانیاری تۆڕی میدیایی رووداو ، حكومەتی عێراق رازینەبووە ، پارەی هەشت مانگی بڕاوی بودجەی عێراق بدات كە دەكاتە 8 ترلیۆن دینار .
ئیئتیلافی نیشتمانی شیعە لە دانوستاندنەكانیدا لەگەڵ شاندی لایەنە كوردستانییەكاندا ، ئامادەییان لەسەر ئەوە نیشانداوە كە لە مانگی ئەیلوولەوە بودجەی هەرێمی كوردستان بدەن ، بەمەرجێك حكومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت رابگرێت و ، رۆژانە 125 هەزار بەرمیل نەوتیش بداتە كۆمپانیای نەوتیی نیشتمانیی عێراق SOMO.
شارەزاییانی یاسایی دەڵێن هیچ بەندێكی دەستووری عێراق و هیچ یاسایەكی عێراق رێگە بە عێراق نادات بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ببڕێت كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لەلایەن نووری مالیكییەوە بڕدرا . هەروەها دوای سكاڵایەكی حكومەتی عێراق لە دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، دادگای فیدرالی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا و ، رایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق ئەو مافەی هەیە
08/09/2014
داعش لە ترسی بۆردوومانی فڕۆكەكانی ئەمریكا پەنایان بردووەتە نێو شوێنەوارە مێژووییەكانی پارێزگای نەینەوا و هەموو كەلوپەلەكانیان بردووەتە ئەو شوێنانە. بێوار خنسی، راوێژكار لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی تێكشكان و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی داعش لە شەڕیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و خراپبوونی دۆخیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە ئەمریكییەكان، تیرۆریستانی داعش ئێستا چوونەتە ناو شوێنەوارە مێژووییەكانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا". سەبارەت بە هۆكارەكەی، بێوار خنسی ئاماژەی بەوە كرد كە "داعش لە دۆخێكی زۆر خراپدان و بەردەوام لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە بۆردوومان دەكرێن، ئێستایش بۆ رێگریكردن لە كوژرانیان پەنا دەبەنە بەر شوێنەوارە مێژووییەكانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بەتایبەت لە جەزیرە كە دەكەوێتە باشووری موسڵ و ناوچەی تلكێف" . ئەو راوێژكارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رووننیكردەوە: "لەو ناوچەیەدا 63 ئاسەواری مەزنی كۆن هەن، دەزانن فڕۆكەكانی ئەمریكا ئەو شوێنەوارانە بۆردوومان ناكەن، كە شوێنی ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییەكانن و ئێستاش هەمەر و ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان دەبەنە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن".
07/09/2014
کچە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتی بە ناوی "نیگار حوسێنی"، بەیانیی ڕۆژی شەممە ٦ی سێپتامبر، لە بەرەی شەڕ لەگەڵ داعش، گیانی لەدەست دا.
“ڕزگار عەبباسی”، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژی ڕاگەیاند کە ئەو کچە پێشمەرگەیان لە ئاکامی تۆپبارانی سەنگەریپێشمەرگەکانی پاک لە کەرکووکی باشووری کوردستان گیانی لەدەست داوە.
نیگار حوسێنی، کادری “گرووپی کاری لاوان و قوتابیان”ی پاک بوو.
پۆلێک لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، ماوەی زیاتر لە مانگێکە، شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان، بەشداری شەڕی دژ بە چەکدارانی داعشن.
پاش گیرانەوەی شنگال و هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی[داعشی پێشوو] بۆ سەر هەرێمیکوردستان، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حدکا، دوو لایەنی کۆمەڵە و پاک، لەسەر داوای خۆیان، بەشداری شەڕ لەگەڵ داعش بوون بەڵام پاش ماوەیەکی کورت، جگە لە پێشمەرگەکانی پاک، ئەندامانی حیزبەکانی تر لە بەرەکانی شەڕ دوور خرانەوە.
جگە لە پێشمەرگەی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، هەژمارێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بە شێوەی خۆبەخش لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستاندا، بەشداری بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داعش بوون.
07/09/2014
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، كە تائێستا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان شاندی دانوستاندنكاری كورد و هاوپەیمانی نیشتمانی ئەنجامنەدراوە و دەشڵێت "پێموانییە گۆڕانكارییەك لە فیكری هاوپەیمانی شیعی و سیاسییە شیعەكاندا هاتبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بەگشتی و هەرێم و بەغدا بە تایبەتی".
خالید شوانی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دوایین پێشهاتەكان، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەرووی ئەمنی و سیاسییەوە بە قۆناخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەوەندەی بارودۆخی ناوخۆی عێراق كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكومەت هەیە، ئەوەندەش فاكتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەرییان لەسەری هەیە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەمریكا زۆر گووشار لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، بەتایبەت عەبادی بۆ ئەوەی لانیكەم رێككەوتننامەیەك دروست ببێ و ئەم رێككەوتننامەیە ببێتە چوارچێوەیەك و بەرنامەیەكی سیاسی ئەم حكومەتە و دواتر لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت".
شوانی ئەوەشی راگەیاند "بەپێی زانیارییەكانی من تا ئێستا رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان شاندی دانوستاندنكاری كورد و هاوپەیمانی نیشتمانی ئەنجامنەدراوە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا تێڕوانینەكان جیاوازن، داواكارییەكانی كورد لە وەرەقەیەك خۆی بینیوەتەوە، ئەگەرچی ئەوان هەندێك جار دەڵێن پابەندین بە چارەسەركردنی ئەم كێشانەوە، بەڵام بە شێوەیەك كە ئەوان دەیانەوێت، بە هەندێك هێڵی گشتی بەبێ ئەوەی بچنە ناو وردەكارییەكانەوە، لەبەرامبەردا شاندی دانوستاندكاری كورد پێی رازی نەبووە".
دەشڵێت "لە ئێستادا خولێكی نوێی وتووێژەكان دەستیپێكردووەتەوە، من پێشبینی ئەوە دەكەم هەر وەك چۆن لەدوای 2003وە كێشەكان بە گووشاری نێودەوڵەتی و ئەمریكاو هەندێك جار بە گووشاری وڵاتە ئیقلیمییەكان چارەسەركراون، ئێستاش بە هەمانشێوە بەردەوام بن، لە كۆتاییشدا نەمانی كات لەبەردەم ئەم هێزە سیاسیانە وادەكات كە لە رۆژەكان و كاژێرەكانی كۆتایی رێكبكەون".
سەبارەت بە تێڕوانی كورد لەم خولە نوێیەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "وتووێژەكانی ئێستا جیاوازن لەگەڵ ئەوەی2006 و 2010، لە پێشتردا وتووێژمان لەگەڵ دەوڵەتی قانوون دەكرد، لە ئێستادا لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی گفتوگۆ دەكەین، بەڵام لە هەمانكاتدا پێموانییە گۆڕانكارییەك لە فیكری هاوپەیمانی شیعی و سیاسییە شیعییەكان داهاتبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بەگشتی و هەرێم و بەغدا بە تایبەتی، ئەقڵییەتەكان هەمان ئەقڵییەتن".
دەربارەی رۆڵ و پاڵپشتی ئەمریكاو مەرجەعییەتی ئایینی، شوانی گوتی "پێموایە لە ئێستادا گووشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە بە لۆبی كوردی بووە، لەلایەكی دیكەوە بەپێی رێساكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی بیانەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێت تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لەبەر ئەوەی ئەوان دەزانن پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەبەرامبەر چ مەترسییەك دایە، مەرجی پاڵپشتیكردنیان بۆ عێراق ئەوەیە، حكومەتێك پێكبێت هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بێت. تەنانەت مەرجەعییەتی ئایینی رۆڵی خۆی دەبینێت، پێموانییە رێگە بدات سوننە یان كورد بەشداری نەكات لە حكومەتەكە، چونكە لە سەرەتاوە جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە هەموو لایەك بەشداربن لە حكومەتەكەدا.
لە ئەگەری بەشدارینەكردنی كورد لە حكومەتی نوێی عێراق، شوانی رایگەیاند "كورد بەرنامەیەكی سیاسی هەیە، ئەگەر حكومەتی عێراقی و لایەنی شیعە پابەند نەبن بە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە سیاسییە، بە دڵنیاییەوە بەشدارینەكردنی كورد یەكێك لە ئەگەرەكان دەبێت، بەڵام پێموانییە كورد بەشداری لە حكومەتەكە نەكات، پێموایە ئەو فشارانەی لەسەر لایەنی شیعە هەیە، لەوەش زۆرترە و لەماوەی داهاتوودا پێموایە پێكهاتن و رێككەوتن دەبێت نەك دابڕان".
لەبارەی یەكدەنگی كورد لە بەغدا گوتی "بە دڵنیاییەوە كورد یەك دەنگە و بە شاندێك و بەرنامەیەكی سیاسی یەكگرتووەوە رۆیشتووە بۆ بەغدا، هەر لە رێگەی ئەو شاندەوە دانوستاندنەكانی كردووە، دەكرێ بڵێین رێكخراوترین تیمن كە دانوستاندن دەكەن، تەنانەت لێدوانەكانیان یەكە".
سەبارەت بە پاشەڕۆژی كەركووكیش شوانی ئەوەی راگەیاند "پاشەڕۆژی كەركووك بەندە بەوەی ئەو ناوچانەی كە ئێستا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەپارێزرێ، هاووڵاتیانی كورد بە گشتی و زۆرێك لە لایەنی توركمانی و هەندێك لە عەرەبەكانیش دڵنیان لە دواڕۆژی خۆیان لە چوارچێوەی پاراستنی ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەڵام ئەوەی كە پێویستەو داواكاری ئێمەیە، ئەم بارودۆخەی كە ئێستا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەپارێزرێت، بگوازرێتەوە بۆ قۆناغێكی دەستوووری و قانوونی و رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی بە یەكجاری بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان".
07/09/2014
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە وتارێکدا کە دەیڤید ئیگناتیوس لەبارەی ستراتیژی
حکومەتی ئۆباما بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نووسیویەتی، بڵاویکردووەتەوە کە ستراتیژی ئۆباما لەو بارەدا بریتییە لە دوو قۆناغ، کە قۆناغی یەکەم پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و قۆناغی دووەم بەهێزکردنی نەیارە میانڕەوەکانی بەشار ئەسەدە.
بەوپێیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سووریا، پشت بە سوپای ئازاد دەبەستێت، هەروەها هێڵی سەرەکی شەڕی داعش لە سووریا و پڕکردنەوەی بۆشایی ناوچە ئازادکراوەکان دوای شکستپێهێنانی داعش، رادەستی سوپای ئازاد دەکرێت.
وتارەکە هەندێک لە لێدوانەکانی ئەحمەد جەربا سەرۆکی پێشوو و ئەندامی ئێستای هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای هێناوەتەوە و رایگەیاندووە، کە فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە سووریا، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ئەندامە دیارەی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
هەروەها ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە CIA دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بە نهێنی راهێنانی سەربازی کردووە بە 4 هەزار ئەندامی سوپای ئازادی سووریا و ئێستایش سەرقاڵە بە راهێنانی 10 هەزار ئەندامی دیکەی ئەو سوپایە. روونیشیکردووەتەوە کە ئەو هێزانە رۆڵیان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە دەبێت کە لە دەستی داعش رزگار دەکرێن.
لە زاری ئەحمەد جەربایشەوە نووسیویەتی: جگە لەو هێزانەی سوپای ئازاد کە لە لایەن ئەمریکاوە راهێنانیان پێدەکرێت 4 هەزار عەشایری عەرەبیش راهێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای ئازاد بەرەوڕووی داعش ببنەوە، ئەو هێزانە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر داعش لە خاکی سووریا، دەستبەجێ چالاکییەکانیان دەستپێدەکەن.
بەپێی واشنتۆن پۆست ئەحمەد جەربا ئاشکرای کردووە وەک ئەندامی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا، لە بارەی داڕشتنی پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات، جەربا هیوای پیشانداوە بە شکستپێهێنانی تەواوەتی داعش و گوتوویەتی: "ئێمەی سووری بوونی شێرپەنجەی وا لە جەستەماندا قبووڵ ناکەین".
لە عێراقیش بڕیاروایە بە پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و پاشان پێکهێنانی هێزێکی بەتوانا لە سوپای عێراق و هاوپەیمانی خێڵە سوننەکان لە باکووری خۆرئاوا و هێزی پیشمەرگەی کوردستان، پلانی رووبەڕووبوونەوەی داعش جێبەجێ بکرێت و لە ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە بکرێنە دەر.
لەکۆتاییشدا هاتووە کە لە دووەمین قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی داعش، بڕیارە هاوپەیمانییەک لە سوننەکانی عێراق پێکبهێنرێت کە بەشداری بەڕێوەبردنی وڵات بکەن و بەغدا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو بکاتەوە.
07/09/2014
سەرچاوەیەكی دیبلۆماسیی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی گوتووە، كە ئێران و سعودیە زۆر نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی كۆتایی دەربارەی عێراق.
ئەو سەرچاوە دبلۆماسییە گوتوویەتی لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكانی ئەو دوو زلهێزە ئیقلیمییە لە ئەنجامی سەردانەكەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سعودیە بووە.
هەمان سەرچاوە راشیگەیاندووە، كە رێككەوتنی ئێرانی شیعی و سعودیەی سوننی تەنها لەسەر لابردنی نووری مالیكی نەبووە، بەڵكو پێكهاتەی حكومەتی داهاتووی عێراقی بەشێك بووە لە گفتوگۆكان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە كە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە قسەی كردووە، سعودیە و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە لە گفتوگۆدا بوون بێ هیچ ئەنجامێك تاكو عەبدوڵاهیانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ریازی پایتەختی سعودیەی كردووە و دانوستاندنەكانی بەرەو ئاراستەیەكی ئەرێنی بردووە.
پێش هەفتەیەك محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، كە ئامادەیە سەردانی سعودیە بكات. لەكاتێكدا پێش نزیكەی چوار مانگ باگهێشتیی سعودیەی رەتكردەوە. بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی ستاری لوبنانی، هەڕەشەی داعش لە عێراق سعودیە و ئێرانی لەیەكتر نزیككردووەتەوە و ئەوان بۆ سەقامگیری عێراق ئامادەن رێكبكەون.
دوای ئەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵنەبژێردرا، سعودیە هەر زوو پیرۆزبایی لە حەیدەر عەبادی، جێگرەوەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. ئەمەش یەكەمین جار بوو لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003 كە سعودیە پیرۆبایی لە بەرپرسێكی شیعی عێراقی بكات و بە فەرمی هیوای سەركەوتنی بۆ بخوازێت.
بە گوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی، سعودیە و ئێران لە نزیكبوونەوەدان و وردە وردە دەیانەوێ پەیوەندییەكانیان باشتر بكەنەوە.
07/09/2014
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەمریکا بە نیازنییە لە شەڕی داعشدا هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ ئێران بکات.
ماری هارف جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: " هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ ئێران ناکەین، زانیاری هەواڵگرییان لەگەڵدا ناگۆڕینەوە و پلانیشمان بۆ هەنگاوی لەو شێوەیە نییە".
هارف گوتی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەڕەشەیە بۆ هەمووان بە ئێرانیشەوە، واپێویست دەکات هەمووان بەشدار بن لە رووبەڕووبوونەوەیدا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە واشنتۆن پەیوەندی و هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ ئێران بکات.
بڕیارە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دانیشتنێک بۆ گوێگرتن لە جۆن کیری وەزیری دەرەوە ساز بکات تێیدا کیری زانیارییەکان لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕی داعش رابگەیەنێت.
06/09/2014
پارێزگاری ورمێ و قایمقامیەتی مەهاباد داوایان لە بەڕێوەبەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد کردووە، هاوکارییەکانیان بۆ کەمپێک بنێرن کە لە نزیک شارۆچکەی قەڵادزێی باشووری کوردستان کراوەتەوە.
سەعدون مازوجی، گوتەبێژی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند هاوکارییەکانی مەهاباد چەندین رۆژە ئامادەی بەڕێکردنە بۆ کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە باشووری کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ پارێزگاری ورمێ و قایمقامیەتی مەهاباد لەسەر شوێنی ناردنی ئەو هاوکارییانە ناکۆک بوون، ناردنی هاوکارییەکان دواکەوتووە.
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە مەدەنییە، لە لایەن جێگری پارێزگاری ورمێ و قایمقامی مەهابادەوە داوایان لێکراوە، هاوکارییەکانیان لەرێگەی سنوورەکانی نێوان سەردەشت و قەڵادزێ، بنێرن بۆ کەمپێک کە حکومەتی ئێران بۆ ئاوارەبووان لە نزیک شارۆچکەی قەڵادزێ کردوویەتییەوە.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون ئەوان هاوکارییەکانیان بەناوی یارمەتیدانی لێقەوماوانی شنگال کۆکردووەتەوە و داوایانکردووە ئەو هاوکارییانە یان راستەوخۆ بنێردرێتە کەمپی ئاوارەکانی شنگال یان رادەستی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ تاوەکوو بۆخۆیان بەسەر ئاوارەکانیدا دابەش بکەن.
لە کۆتاییشدا بڕیاردراوە، ئەرکی گواستنەوەی ئەو هاوکارییانە لە ئەستۆی رێکخراوی مانگی سووری مەهاباد بێ، بەڵام هێشتا گواستنەوەی ئەو هاوکارییانە دەستی پێنەکردووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مانگی سووری مەهاباد لەژێر گوشاری ناوەندە حکومییەکانی پارێزگای ورمێدایە بۆ ناردنی ئەو هاوکارییانە بۆ ئەو شوێنەی کە بۆخۆیان دەیانەوێت.
بەڕێوەبەرانی کەمپینی مەهاباد رایانگەیاندووە، ئەوان توانیویانە 10 کامیۆنی بارهەڵگر کەلوپەلی خۆراکی و پێداویستی رۆژانەی لێقەوماوان و هەروەها زیاتر لە 700 ملیۆن تمەن پارەی نەخدی بۆ ئاوارەبووانی شنگال کۆبکەنەوە. لێژنەیەکی پێنج کەسیان لە نوێنەرانی قایمقامیەت، شارەوانی، ئەنجوومەنی شار، مانگی سوور و دامەزراوە مەدەنییەکان بە مەبەستی گەیاندنی ئەو هاوکارییانە پێکهێناوە.
بەڕێوەبەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ شنگال لە مەهاباد دەڵێن، دانیشتووانی ئەو شارە و دەورووبەری بە نیەتی هاوکاریکردنی مرۆیی هاونیشتمانیانی ئێزدی وەڵامی داواکاری ئەوانیان داوەتەوە و خۆیان لە بەرامبەر متمانەی ئەو خەڵکەدا بە بەرپرسیار دەزانن. تاوەکوو ئێستا دوو قۆناخی هاوکارییە مرۆییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە باشوور و بڕیارە لە رۆژانی رابردووشدا رێژەیەکی زیاتری ئەو هاوکارییانە بگەیەندرێتە کەمپ و شوێنی نیشتەجێ کردنی ئاوارەبووانی شنگال.
06/09/2014
هێزە خۆبەخشەکانی شیعە، کە بە "حەشدی شەعبی" ناسراون، تەرمی ئەو کوژراوانە لە رووباری دیجلە دەردەهێنن، کە دوای ئەوەی داعش لە تکریت گوللەبارانی کردبوون، خستبوونیە رووبارەکە.
رۆژی 12ی حوزەیران، 1700 سەربازی بەشداربووی خولێکی سەربازیی ئەکادیمیای بنکەی سەربازی سپایکەر، دوای ئەوەی مۆڵەتی پشوویان پێدەدرێت و بەبێ چەک لە سەربازگەکەیان دێنە دەرەوە، لەلایەن چەکدارانی داعش دەگیرێن و بەکۆمەڵ گوللەباران دەکرێن، کە تەرمی هەندێکیان دەخرێتە ناو رووباری دیجلە و ئەوانەی دیکەش نازانرێت چیان لێدەکرێت، تاوەکو ئێستاش دەزگاکانی دەوڵەت بەفەرمی هیچیان لەبارەی چارەنووسی رۆڵەکانیان بە خێزانەکانیان رانەگەیاندووە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 2ی ئەم مانگەش، کەسوکاری قوربانیانی بنکەی سەربازی سپایکەر، خۆپیشاندانێکیان رێکخست و داوایانکرد چارەنووسی کوڕەکانیان دیاریبکرێت، دواتر هێرشیانکردە سەر پەرلەمانی عێراق کۆمەڵێک دەرگا و جامی پەرلەمانیان شکاند.
هەمان رۆژ پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دانیشتنێکی نائاسایی سەبارەت بە چارەنووسی قوربانییەکان ئەنجامبدات و بۆ رۆژی دواتر دانیشتنەکەی ئەنجامدا، کە هەریەک لە وەزیری بەرگری و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی بۆ لێپرسینەوە بانگکران، لەگەڵ چەند کەسێکی رزگاربووی رووداوەکە وەک شایەتحاڵ.
رۆژی 20ی ئاب مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ناوی ئەنجامدەرانی تاوانەکەی ئاشکراکرد، لەنێوانیاندا ئیبراهیم سەبعاوی برازای سەدام حوسێن-ی تێدابوو.
05/09/2014
بەرپرسێكی كورد پێشنیاز دەكات بۆ گەڕانەوەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بۆ سەر ئیدارەی باشووری كوردستان، دەبێ كورد دەستبەرداری هەندێك ناوچە ببێت كە زۆرینەی دانیشتووانەكانیان عەرەبن. بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی كورد پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن سنووری باشووری كوردستان تاوەكو چیای حەمرینە.
ناوچەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری فیدراڵی عێراق كە بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و نەینەواو سەڵاحەدین و دیالە و واسیت و تەواوی پارێزگای كەركووكدا دابەشبوون، جگە لەوەی خاڵێكی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقە، بە ئاستەنگێكی ئەمنیش دەناسرێن، بەوپێیەی ئەو ناوچانە عەرەبێكی زۆری هاوردە لەخۆدەگرن كە بەرپرسانی كورد و ئاوارە ئێزدییەكانی چیای شنگال هەندێك لەو عەرەبانەیان بە هاوكاریكردنی چەكدارانی داعش لە دژی كورد و پێشمەرگە تۆمەتبار كرد.
79 ساڵە عەرەب هاوردە دەكرێت بۆ كوردستان
مێژووی نیشتەجێكردنی هۆزەكانی عەرەب لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 كە دیارترینیان هۆزەكانی (شەممەر و جبوور و عوبێد و كڕوییە) بۆ سەردەمی جیاواز دەگەڕێتەوە. مێژووی نیشتەجێكردنی هۆزەكانی عوبێد و جبوور لە كەركووك بەتایبەت لە باشووری رۆژئاوای كەركووك كە شارۆچكەی حەویجە و دەوروبەری دەگرێتەوە، بۆ ساڵی 1935 دەگەڕێتەوە، بەڵام مێژووی نیشتەجێكردنی هۆزەكانی عەرەب لە ناوچەكانی مەخموور و شنگال و خورماتوو و خانەقین و جەلەولا بۆ سەرەتای ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو تا كۆتایی ساڵانی هەشتاكان دەگەڕێتەوە.
هەندێك لەو ناوچانە بە تەواوی تەعریب كراون، بۆیە ئێستا بۆچوونێك هەیە كە كورد لە پێناو گەڕاندنەوەی ناوچە كوردییەكان دەستبەرداری بەشێك لەو خاكە ببێت.
د.محەممەد ئیحسان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، شارۆچكەی حەویجە بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت "گەڕانەوەی شارۆچكەی حەویجە لە پارێزگای كەركووك و شارەدێكانی حەویجە بۆ سەر هەرێمی كوردستان كارەساتێكی گەورە دەبێ، بۆیە باشتروایە حەویجە نەبێتە بەشێك لە كوردستان، چونكە بەشێك لە عەرەبە دانیشتووەكانی ناوچەی حەویجە و رەبیعە و بگرە مەندەلی و بەدرەو جەسانیش لە پارێزگای واسیت كە بەشێكن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە چواچێوەی سیاسەتی بەعەرەبكردنی ئەو ناوچانە نەهاتوون، ئەوان پێش ساڵی 1968 كە بە دەستپێكی سیاسەتی بەعەرەبكردن لە عێراق دەستنیشانكراوە، لە ناوچەكەدا نیشتەجێبوون، بۆیە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان ناتوانین بەپێی یاسا و دەستوور بەو عەرەبانە بڵێین ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن".
د.محەممەد ئیحسان زیاتر دەڵێ "ئەگەر كورد هاوشێوەی عەرەب دەست بە پەیڕەوكردنی سیاسەتەكانی ئەوان بكات كە پێشتر لە دژی كورد پەیڕەویان دەكرد، دواجار دۆخەكە بە زیانی كورد دەشكێتەوە و مەترسی هەیە لە كۆتاییدا بەشێك لە خاكی هەرێمی كوردستانیش لە دەست بدەین".
دكتۆر محەممەد ئیحسان بەراوردی ژمارەی كورد و عەرەب دەكات لە هەندێك لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و دەڵێت "بە هەژماركردنی ژمارەی عەرەبەكانی هەندێك ناوچەی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەك حەویجە و مەندەلی و بەدرەو جەسان، عەرەب لەو ناوچانە زۆرینەن، بۆیە من پێشنیازم كرد كە دابەشكردنی دەسەڵات لەو ناوچانە بە لە بەرچاوگرتنی خودی پێكهاتەكان بێ، نەك قەبارەیان. بەواتایەكی دیكە لەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە كورد كەمینەیە، هەمان دەسەڵات و پۆستیان بدرێتێ كە بە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە دەدرێ كە عەرەب تێیاندا كەمینەن، ئەم پێشنیازەش باشترین رێگایە بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە مەترسی هەیە لەدەستبدرێن".
"ریفراندۆم لەسەر ئاستی ناحیەكان بكرێت"
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گوتیشی "دەستەكەمان پێشنیازی كردووە لەسەر ئاستی بچووكترین بازنەی ئیداری ریفراندۆم بكرێ كە ئەویش ناحیەیە، چونكە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر ئاستی پارێزگا لە كەركووك نەبێ لە تەواوی ناوچەكانی دیكە بە زیانی كورد دەشكێتەوە، چونكە كورد لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین و واسیتیش زۆرینە نییە، ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كورد واقیعیانە بیربكاتەوەو هەوڵی دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بدات، ئەگەر بە دەستبەرداربوونیش بێ لە هەندێك ناوچەی سنووری 140".
حەنان فەتلاوی دڕكی سەر رێگای مادەی 140
د.محەممەد ئیحسان سەبارەت بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140 گوتی "تاوەكو ئێستا دوو پرسمان لەگەڵ بەغدا یەكلاكردووەتەوە: یەكەمیان دەستنیشانكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و دووەمیان دیاریكردنی ئەو كەسانەی كە مافی بەشداریكردنیان دەبێ لە ریفراندۆمی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە، ئەوەش لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957 دەبێ و تەنانەت وەك دەستە كارەكانمان بە رادەیەك پێشخست كە كارتی بەشداریكردنمان لە ریفراندۆمیش ئامادەكردبوو، بەڵام حەنان فەتلاوی كە نوێنەرایەتی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی كاربەرێكەری عێراقی دەكرد لە لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140، كارەكانمانی هەڵوەشاندەوە".
تەنیا ریفراندۆم ماوە
د. محەممەد ئیحسان ئەوەشی خستەڕوو كە "سەرەڕای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوەخت رایگەیاند ماددەی 140ی دەستووری عێراق نەماوە و كۆتایی هاتووە، بەڵام لە راستیدا ماددەی 140 هێشتا ماوە، بگرە ئێمە پێویستە بڵێین كە جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە دوا قۆناغیدایە، ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆمە و پێشموایە بارزانی هەر ئەوەی مەبەست بووە، هاوكات پێویستە لەسەر سەركردە و بەرپرسانی كورد داوای گەڕانەوەی چەمچەماڵ نەكەن بۆ سەر كەركووك، چونكە چەمچەماڵ و ناوچەكانی هاوشێوەی چەمچەماڵ بەپێی دەستوور بەشێكن لە هەرێمی كوردستان و یەكلابوونەتەوە، بەڵكو دەبێ داوای گەڕانەوەی خورماتوو بكەین بۆ سەر كەركووك كە هێشتا یەكلانەبووەتەوە، بەڵام پێشبینی ناكەم ئەو عەقڵیەتانەی كە لە بەغدا حكوم دەكەن، هیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 بنێن".
د.محەممەد ئیحسان رەخنەی لە هەندێك لە بەرپرسانی كورد لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان گرت و گوتی "هەندێك لە بەرپرسانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لەسەر كورسی پۆستەكانیان دانانیشن، بگرە كورسی پۆستەكانیان لەسەر سەری خۆیان داناوە و سەرقاڵی ململانێی وەرگرتنی پۆستن".
07/09/2014