ئەوكاتەی داعش هێرشیكردە سەر مەخموور، ئامانجیان ئەوەبووە بە تۆپی قورس بۆردوومانی هەولێر بكەن و بۆ ئەوەش ئامادەكارییان كردبوو، بەڵام یەكەم ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لێدانی ئەو تۆپە بوو، بەوەش مەترسی لەسەر هەولێر نەما.
د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ ژمارە 326ی هەفتەنامەی رووداو، باس لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەكات كە لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامدرا لەوكاتەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش گەیشتبوونە مەخموور.
فوئاد حوسێن دەڵێ : "كۆمەڵێ تەلەفۆن كران لەگەڵ واشنتن، كاتەكەش شەوی 6ی ئاب بوو، ئەو هەموو پەیوەندییانەش كە كران ئامادەكاری بوون بۆ پەیوەندی نێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا. پەیوەندییەكە رێكخرا و جەنابی سەرۆك بە روونی باسی دۆخەكەی كرد و گوتی داعش بە چەكێك هاتوونەتە پێش كە ئێمە نیمانە و بە ئسلوبێكی شەڕ هاتوونەتە پێش كە زۆر جیایە لە شەڕی تەقلیدی و پارتیزانی".
پێش ئەوەی ئەمریكا بڕیاری هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر داعش بدات لە 8-8-2014، ئۆباما وتارێكی بۆ رای گشتی ئەمریكا پێشكەش كرد. بە گوتەی فوئاد حوسێن پێش ئەوەی ئۆباما وتارەكەی پێشكەش بكات بە بارزانییان گوتووە وتارەكەی چی دەبێ و باسی چی دەكات.
لە رۆژی 8/8/2014 فڕۆكەكانی ئەمریكا لە داعشیان دا، یەكەم لێدانی ئەمریكاش لە داعش بۆردومانی تۆپێكی گەورە بووە لە نزیك مەخموور. فوئاد حوسێن دەڵێ "ئەو تۆپە توانای هەبوو 30 كم بڕوات، مەدفەعیەكی ئەمریكی بوو لە سوپای عێراقەوە كەوتبووە دەست چەكدارانی داعش".
16/09/2014
ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، داوا دەکات دۆخی ئازادی رادەربڕین لە ئێران باشتر بکرێت و دەرگاکانی ئەو وڵاتە بەرەوڕووی جیهان بکرێنەوە. رەفسەنجانی هەروەها دەڵێت، حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە بەرنامە و ئامانجەکانی دوور نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی گووشارەکانی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد، کاتی پێویستە تاوەکوو بتوانێ پلانەکانی جێبەجێ بکات.
رەفسەنجانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ریفۆرمخوازانی پارێزگای خۆراسان رەخنەی لە رەوشی ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتەدا گرتووە و رایگەیاندووە رەوشی ئازادی رادەربڕین لە ئێران کەمێک باشتر بووە، بەڵام ئەوە تەواو نییە و پێویستە پێ بە پێ ئەو رەوتە درێژە بکێشێت.
رەفسەنجانی لەبارەی کارکردی حکومەتی رۆحانی دەڵێت، قبووڵی نییە کە رۆحانی لە ئامانج و بەرنامەکانی خۆی دوور کەوتبێتەوە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات کە مەیدانی کارکردن ئاسان نییە. رەخنەش لەسەردەمی حوکمڕانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد دەگرێ و بە بارودۆخێک پێناسەی دەکات کە هەلومەرجی نەگونجاوی کاریگەری لەسەر کونوکەلەبەری ژیانی خەڵک هەبووە. هەروەها دەڵێت حکومەتی پێشوو هەوڵیدا تاوەکوو بەپێدانی یارانە خەڵک رازی بکات لە حاڵێکدا دەیتوانی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ یارانەکان لە خوڵقاندنی هەلی کار و نەهێشتنی بێکاری خەرج بکات. بە گوتەی رەفسەنجانی ئەگەر بۆ هەر بنەماڵەیەک دەرفەتی یەک کار رەخسابا، 16 بەرامبەری یارانە بە قازانجی ئەو بنەماڵەیە تەواو دەبوو.
رەفسەنجانی کە پێشتر سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە دەڵێت دەبێ دەرگاکانی وڵات بکرێنەوە و ئێران لە دەرەوە بە رەسەن و بیروبۆچوونی تەندروست بناسرێت.
سەرۆکی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران هەروەها پێیوایە ناکرێ پێش بە ئاڵوگۆڕی زانیاری بگیرێ و دەڵێت ئێستا ناکرێ پێش بە تەکنۆلۆژی زانیاری بگیرێ و کەمتر ماڵ هەیە کە قوتابییەکی زانکۆی تێدا نەبێ، کە نیشاندەدات هەموو کەس ئاگای لە هەواڵەکان هەیە و ناکرێ پێشی پێبگیرێت. بە گوتەی رەفسەنجانی ئێستا منداڵانی قوتابخانەش بوونەتە سیاسی و لە قسەکان تێدەگەن و فریو نادرێن.
رەخنەکانی هاشمی رەفسەنجانی لە رەوشی ئازادی رادەربڕین و داخرانی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردووشدا، لە راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رەخنە لە رەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە گیرابوو و تێیدا هاتبوو کە حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بۆ باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ نەبووە.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە، رۆحانی بەڵێنی دابوو گوشارەکان لەسەر ئازادی رادەربڕین و ئاسایشی میدیاکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەو بەڵێنانە تاوەکوو ئێستا ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە و گووشارەکانی سەر ئازادی رادەربڕین هەروا کاریگەری لەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیان لە ئێراندا هەیە.
16/9/2014
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن داعش داگیرکراون ئازاددەکرێنەوە و خەڵکی شنگالیش بەسەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2014، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە قاسم شەشۆ، بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال کەوت.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارزانی وێڕای سوپاسکردنی خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی چیای شنگال، جەختیکردەوە کە ئەو تاوانانەی داعش و هاوکارانیان لە شنگال ئەنجامیان داون، تووشی سزای قورسیان دەکات و دڵنیاشیکردنەوە کە شنگال و هەموو ناوچەکانی دیکە ئازاددەکرێنەوە و خەڵکی شنگالیش بەسەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
لە دیدارەكەدا قاسم شەشۆ، بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال سەرنج و تێبینییەکانی خۆی لەسەر رەوشی شنگال بەگشتی و چیای شنگال بەتایبەتی خستەڕوو و جەختیشیكردەوە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای شنگال ئامادەیی تەواویان هەیە و نەک هەر ناهێڵن دەستی داعش بگاتە سەر چیای شنگال، بەڵکو بۆ ئازادکردنی شنگال چاوەڕێی فەرمانی بارزانی دەکەن.
15/9/2014
نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئەوان دژی کردەوەکانی داعشن لە عێراق و لەگەڵ ریفراندۆمی کوردستانیشدان.
جۆسیپ مانوێل سوارێز ئیبۆرا، نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە ببەریتانیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێموایە هەموو وڵاتێک و هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە ریفراندۆم بکات، بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، ئەوە دیموکراسیەتی راستەقینەیە."
مانوێل راشیگەیاند؛ "کوردستان وڵاتێکە توانای ئەوەی هەیە سەیری ئاییندەی خۆی بکات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە پێموایە کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە پێگەی شیاوی خۆی هەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا". هەروەها گوتیشی؛ "ئێمە سەپۆرتی ریفراندۆمی کوردستان و سکۆتلاند و کەتەلۆنیاش دەکەین".
لەبارەی هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بۆ کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی داعش، نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیا دەڵێت، "ئێمە تا ئەو ساتەش بەشێکین لە ئیسپانیا، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئیسپانیا کە چ بڕیارێک دەدات، بەڵام میللەتەکەمان زۆر نیگەرانە لەو کارانەی کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(ناسراو بە داعش) ئەنجامی دەدات و بەتایبەتیش ئەو رەفتارانەی بەرامبەر کەمینەکانی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات".
جۆسیپ مانوێل دەشڵێت،"پێمانوایە لە کۆتاییدا کورد کێشەی خۆیان چارەسەردەکەن و پێگەی خۆیان لە عێراق دەدۆزنەوە و دەبنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا".
15/9/2014
كچێك هەندێك گرتەی ڤیدیۆیی لە پیاوێكی خاوەن ژن و منداڵ دەگرێت و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی لێدەكات. ئەویش تاوەكو ئێستا دوو دەفتەر دۆلاری داوەتە كچەكە بۆئەوەی بڵاوی نەكاتەوە. لە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیسی سلێمانی، ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوە بە سەرسامییەوە لاپەڕەكانی دۆسێی گەنجێكی هەڵدەدایەوە و بە زەردەخەنەوە دەیخوێندەوە. ئەوەی لە دۆسێكەدا نوسرابوو، سكاڵای گەنجێك بوو كە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە كەوتبووە داوی پەیوەندیی خۆشەویستیەوە.
ئەو چیرۆكانەی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروست دەبن، زیاتر بەرۆكی كچان و ژنان دەگرن. چونكە وێنە تایبەتییەكانیان بەناوی لاپەڕەی ساختەوە بڵاودەكرێنەوە و هەڕەشەیان لێدەكرێت، بەڵام چیرۆكی ئەو كوڕە جیاواز بوو، چونكە هەڕەشەی كچێك ئەوی هێنابووە بنكەی پۆلیس.
هیوا محەمەد، تەمەن 21 ساڵ، بەهۆی ئەوەی كە لەڕێگەی مۆبایلەكەی دەستیەوە زۆربەی كات فەیسبووك بەكاردەهێنێت، شارەزاییەكی باشی لە دروستكردنی لاپەڕەی ساختەدا هەیە: ”چەند لاپەڕەیەكی فەیسبووكم بەناوی كچەوە داناوە، ئەو كوڕانەی پێ هەڵدەخەڵەتێنم كە خۆیان زۆر بە گرنگ دەزانن". هیوا بە شانازییەوە باسی سەركەوتنی كارەكەی كرد، كە خۆی بە پڕۆژەیەكی گەورە ناوی دەبرد: ”لەوەتەی خۆم كردووە بە كچ لەلای هەندێك كوڕ، كارتی مۆبایلەكەم بەلاش كەوتووە”.
ئەو ناوبانگەی نووسەران و هونەرمەندان بەدرێژایی چەند ساڵ كۆیانكردووەتەوە، بەهۆی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە، هەندێكجار خەریكە لەدەستی دەدەن، چونكە بەهۆی ئەو تەكنەلۆژیایەوە ئاسانە بتەوێت ببیتە هەركەسێك. ماهیر حەسەن، كە یەكێكە لە ئەكتەرە كۆمیدیە ناسراوەكان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، چەندین لاپەڕە و ئەكاونتی بە ناوەوە كراوەتەوە. وەك خۆی باسیدەكات لە فەیسبووكدا تەنیا یەك پەیجی هەیە، ئەویش لەلایەن كوڕەكەیەوە بەڕێوە دەبرێت: ”زۆر ناخۆشە ئاگات لە هیچ نەبێت و بەناوتەوە چەندین لاپەڕەی ساختە دروست بكرێت و قسەی نەشیاویشی تێدا بكرێت".
كێشەی ئامرازەكانی گەیاندن تەنیا كێشەی لاپەڕەی ساختەی نێو فەیسبووك نیە، بەڵكو هەندێكجار پەیوەندییە كەسییەكان و گۆڕینەوەی وێنەی كەسی و گرتەی ڤیدیۆیی نێوان دوو كەس كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە. یەكێك لەو بازرگانانەی كە خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرە، دوای ئەوەی لەڕێگەی فەیسبووكەوە پەیوەندی لەگەڵ كچێكدا دەبەستێت، چەندینجار كچەكە لە ماڵەوە دەبینێت. كچەكە بانگی دەكاتە ماڵی خۆی و دواتر بە كامێرا وێنەی دەگرێت. ئێستا كچەكە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی لێدەكات ئەگەر بڕێكی زۆر پارەی پێنەدات.
(ا.د)، 47 ساڵ، كە ژن و منداڵی هەیە، دەڵێت: “ئێستا بەهۆی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە لایەن كچەكەوە گیراوە، هەڕەشە لەسەر ژیانم دروستبووە”، هەروەها دەڵێ "هەرگیز بیرم لەوە نەكردبووەوە كە ئەو كچە لە ماڵەكەیدا كامێرای دانابێت”. ئێستا ئەو بارزرگانە داوای یاسای لەسەر ئەو پیاوانە تۆماركردووە كە لەلایەن كچەكەوە راسپێردراون بۆئەوەی پارەكەی بۆ وەربگرن و ئەگەر نەشیانداتێ گرتە ڤیدیۆیەكان بە cd بداتە كەسوكاری ژنەكەی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی بكاتەوە: “تاوەكو ئێستا دوو دەفتەر دۆلارم لەبەرامبەر بڵاونەكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە داوەتێ”.
یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008، كە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە لە هەرێمی كوردستان، لە شەش ماددە پێكهاتووە. بەپێی یاساكە هەركەسێك ئامێرەكانی پەیوەندیكردن: مۆبایل، ئیمەیل یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی نایاسایی و دوور لە بەها كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكان بەكاربهێنێت، بە شەش مانگ تاوەكو 5 ساڵ بەندكردن یان سزای دارایی یەك ملیۆن تاوەكو پێنج ملیۆن دینار سزادەدرێت.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لە ساڵی 2012، 874 داوای یاسایی بەهۆی ئەو یاسایە تۆماركراون، ئەم رێژەیە بۆ ساڵی 2013 كەمبۆتەوە بۆ 791 داوا. نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە (رووداو)ی گوت: ”هەندێك لەوانەی داوای یاساییان تۆماركردووە ، گومانلێكراوەكان دەناسن. بۆیە دۆزینەوەیان ئاسانترە. ئەو كەسانەی داوا تۆمار دەكەن، پێویستە هاوكارمان بن بۆ دۆزینەوەی كەسەكان”.
سەركەوت ئەحمەد گوتیشی”: هەندێك لەو حاڵەتانەی دێنە لامان، دوای لێكۆڵینەوە لە دادگا، كێشەكەیان چارەسەر دەكەین، بەڵام ئەگەر كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن هاوكارمان نەبن، ئەوە دۆزینەوەی كەسەكان كارێكی گرانە”.
15/09/2014
جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ: "كردارەكانی ئەمریكا داعش و تیرۆریستەكانی بەهێز كردووە". پێشیوایە تاوەكو یارمەتی حكومەتی سووریا نەدرێت تیرۆر لە ناوچەكە بنبڕ نابێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێكیدا لەگەڵ پاتریسیا ئادام بەرپرسی كۆمیسیۆنی بەرگریی پەرلەمانی فەڕەنسا، گومانی خستە سەر ئەوەی ئەمریكا بیەوێت بەشێوەیەكی بنەڕەتی و واقعیانە بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و رایگەیاند: " كرداری پڕ هەڵە و پۆلبەندكراوی ئەمریكا و رۆژئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك داعش لە سووریا و عێراق، سەرەكیترین خاڵی بەهێز بوونی ئەو گرووپانە و كەوتنە مەترسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەیە".
ئەمیرعەبدوڵاهیان بە ئاماژەدان بەوەی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر چاوەڕێی هیچ هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی ناكات، گوتی: "ئێران بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان رەفتار دەكات".
جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باشترین رێكار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆریزم لە ناوچەكە بە یارمەتیدان و بەهێزكردنی حكومەتەكانی عێراق و سووریا دادەنێت، كە بە گوتەی ئەو" بەشێوەی واقیعی لەشەڕدان لەگەڵ تیرۆر".
15/09/2014
بۆردوومانی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدرانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە دیوی تەل حەمسە بەردەوامە و پەیامنێری رووداو دەڵێت بەهۆی بۆردوومانەكان زۆرتر لە 100 كەس كوژراون.
فەرهاد حەمۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری قامشلۆ رایگەیاند، کە هەر سێ خوولەک جارێک هاوەنێک لە دیوی تەل حەمسە دەهاوێژرێتە شارەکە. هەروەها سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی قامشلۆ بۆ رووداو دەڵێت، "ژمارەی کوژراوان بە هۆی بۆردوومانەکەوە 100 کەسی تێپەڕاندووە و زۆربەی کوژراوانیش هی گوندەکانی دەوروبەری تەل حەمسن".
بەپێی گوتەی پەیامنێری رووداو، گوندێک لە دەوروبەری تەل حەمسە لەلایەن چەکدارانی داعش گەمارۆدراوە و داعش رێگەنادات کەس لەو ناوچەیە دەربچێت، هەروەها بە گوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە گوندەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، چەكدارانی داعش هەڕەشەی کوشتنی خەڵکی گوندەکەش دەکەن ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سووریا لە تۆپبارانكردنی چەکداران نەوەستن.
14/09/2014
لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی جەنگێکی نوێی جیهانییە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"، لەناکاودا میسڕ رەتیکردەوە بەشداری لەم جەنگەدا بکات. ئەمەش واشنتنی تووشی شۆکێکی نوێ کرد، دوای ئەوەی تورکیاو وڵاتانی عەرەبی رەتیانکردەوە بەشداری سەربازی لە دژی داعش بکەن.
شارەزایانی سەربازی رایانوایە گونجاونییە بۆ سوپای میسڕ بەشداری لە جەنگێک بکات دژی تیرۆر لە دەرەوەی خاکەکەی، چونکە ئێستا بە فیعلی خۆی لەناو جەنگێکە لە دژی تیرۆر لە "سینا"و شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵاتەکەی.
شارەزایانی سەربازی بۆچوونیان وایە میسڕ پاڵپشتی لۆجیستی و هەواڵگری پێشکەش بەو هاوپەیمانییەتە بکات کە دژی داعش پێکهێندراوە، داواش لە ئەمریکا دەکەن "بەتەنیا ئەو جەنگە لە ئەستۆبگرێ دژی ئەو رێکخراوەی کە هەر خۆی دروستیکردووە".
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کاتەی کە لە کۆنگرەی جەنگ بۆ سەر تیرۆر لە شاری جەددەی سعودیە بوو، رەتکردنەوەی بەشداری میسڕی لە جەنگی دژی داعش پێڕاگەیێندرا. بۆیە، بۆ ئەوەی رەزامەندی دەسەڵاتدارانی میسڕ بەدەستبهێنێت و رازیان بکات بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لەم جەنگە بکەن، جۆن کێری سەردانی قاهیرەی کردو لەگەڵ هەریەک لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسڕ و سامح شووکری، وەزیری دەرەوە کۆبوویەوە.
کۆبوونەوەکانی کێری هیچ دەرئەنجامێکی بەرهەمداریان لێ نەکەوتەوە، بەڵکو قاهیرە پێداگربوو لەسەر هەڵوێستی خۆی لە بەشدارینەکردنی سەربازی، بەڵام بەڵێنی پاڵپشتی لۆجیستی و زانیاری پێداوە.
بە تێگەیشتنی کێری میسڕ رەزامەندبووە، بۆیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی گوتی:" میسڕ لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕکردن لە دژی تیرۆر دەوەستێت، بەتایبەت دژی گرووپە تووندڕەوەکان لە سینا"، لەکۆنگرەکە پاڵپشتی ئەمریکای بۆ سوپای میسڕ دژی تیرۆر راگەیاند و گوتی:" وڵاتەکەمان 10 فڕۆکەی جۆری ئەباتچی دەداتە میسڕ".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە "تیرۆر هەڕەشە لەسەر هەموو لایەک دروستدەکات"، دەشڵێت "میسڕ نوێنەرایەتی چارەگێک لە دانیشتوانی عەرەب دەکات، لەتوانایدا هەیە رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە رەتکردنەوەی ئەو فیکرەی کە رێکخراوە تووندڕەوەکان بەرهەمی دەهێنن".
دواجار کێری پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دژایەتیکردنی داعش تەنیا بە کردەی سەبازی ناکرێت، بەڵکو بە گرتنەبەری رێوشوێنی دیکە دەکرێت، وەکو رێگرتن لە چوونی چەکدارە بیانییەکان بۆ نێو عێراق.
14/09/2014
سبەی كۆنگرەی پاریس دەستپێدەكات لە ژێر دروشمی ( ئاشتی و ئاسایش لە عێراق )، ئەو كۆنگرەیە كە بە ئامادەبوونی 30 دەوڵەت بەڕێوەدەچێت ، لەلایەن سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسوم دەكرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند كە ئەو كۆنگرەیە تەواوكەری كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆیە كە لە بەریتانیا بەڕێوەچوو ، هەروەها تەواوكەری كۆبوونەوەی سعودیەیە كە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەزیری دەرەوەی 9 دەوڵەتی عەرەبی و توركیا بەڕێوەچوو .
لەو كۆنگرەیەدا ئەركی هەر یەك لە وڵاتە بەشدارەكان دیاریدەكرێت لە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش). هەروەها ئەو كۆنگرەیە دەیەوێت جیهان لە قۆناخی ئیحیتیواكردنی داعشەوە بچێتە قۆناخی لەنێوبردنی داعش .
شاندێكی هەرێمی كوردستان ، یەسەرۆكایەتی د.فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، بەشداریی لەو كۆنگرەیەدا دەكات.
تۆڕی میدیایی رووداو ، لە رێگەی نێردراوی خۆی بۆ پاریس ، ئەو كۆنگرەیە رووماڵ دەكات.
14/09/2014
تۆنی ئابۆت سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی ئامادەیە بە فڕۆكە و هێزی سەربازیش لەكاتی پێیوسیتدا هاوكاری جەنگی دژ بە داعش بكات و هاوكارییەكانی خۆی بۆ هێرشی ئەمریكا دژ بەو گرووپە لە سووریا و عێراق دووپاتكردەوە.
سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 14ی ئەیلوول ئابۆت سەبارەت بە روبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق و سووریا و پەیوەندیكردن بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە، ئاماژەی بەوە كرد، وڵاتەكەی فڕۆكەی جەنگی، فڕۆكەی پشتیوانی و هاوكاری و تەنانەت سەربازانی هێزی تایبەتیش لە جەنگی دژ بە داعشدا بەشداری پێدەكات.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە ئوسترالیاوە 600 سەربازی ئوسترالی پەیوەندی بە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكاوە دەكەن، ئەو سەربازانەش كاریان راوێژ و راهێنانپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكانی دیكە دەبێت.
ئەم هاوكارییەی ئوسترالیاش لەسەر بنەمای داوایەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت، كە داوا لە ئوسترالیا كراوە لە جەنگی دژ بە داعشدا هاوكاری ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتییەكان بكات.
بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو هێزانە بنێردرێنە وڵاتی ئیمارات بۆ ئەوەی لەپێناو دەستكردن بە كارەكانیان لە ئامادەباشیدا بن.
ئەو 600 سەربازەی ئوسترالیا 400 سەربازیان سەر بە هێزی ئاسمانین و 200 سەربازی دیكەیان پێكهاتوون لە جەنەراڵی سەربازی و هێزی تایبەتی ئوسترالی.
زانیارییەكان ئاشكرایانكردووە ئوسترالیا هەشت فڕۆكەی جەنگی جۆری ئێف ئەی 18ی بۆ كردە سەربازییەكانیش ئامادە كردووە، لەگەڵ فڕۆكەیەكی پشتیوانی تایبەت بە پێدانی بەنزین و چەند فڕۆكەیەكی چاودێری و هەواڵگری.
ئابۆت سەبارەت بەو هاوكارییانە و چۆنێتی بەشداریكردنی لەو جەنگەدا، گفتوگۆی لەگەڵ هەریەكە لە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی ئیماراتدا كردووە.
14/09/2014
هۆشیار زێباری دەڵێ داعش ئێستا توانای هێرشكردنی نییە و لە حاڵەتی بەرگریدایە. ئاشكراشیدەكات كە بەهۆی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاوە سەركردەكانی داعش لەیەكدی دابڕاون.
هۆشیار زێباری، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ CNN لەبارەی ئەو رەخنانەی لە كابینەكەی عەبادی دەگیرێن، پاساو بۆ لێكچوونی نێوان حكومەتی نوێی عێراق و حكومەتی پێشوو دەهێنێتەوە و سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی دەموچاوەكان دەڵێت "دووبارەبوونەوەی ئەو كەسایەتیانە لە كابینەی عەبادیدا، بۆ ئەوەبوو كەسانێك لە ئاستی سەركردایەتی، كە خاوەن پێگەن لەناو كابینەكەدا هەبن، بۆ ئەوەی سەنگی زیاتر بدەنە كابینەكە".
زێباری سەبارەت بە داعش و هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان عێراقییەكان و هێزی ئێستایان، گوتوویەتی "داعش لە جیاتی ئەوەی بتوانێت عێراق پارچە پارچە بكات، عێراقییەكان لەبەرامبەریدا یەكیان گرت، ئێستاش ئەو رێكخراوە لاوازبووە و هەڵوێستی لە هێرشبردنەوە گۆڕاوە بۆ پارێزگاری لەخۆكردن".
زێباری جەختی لەوەكردووەتەوە، هەرچەندە پشتیوانی نێودەوڵەتی زیاتربێت، هێندەی دیكە داعش دەبەزێت و دەڵێت "باوەڕی تەواومان هەیە، چەند پشتیوانی زیاتری نێودەوڵەتیمان بكرێت، هێندەی دیكە داعش بشكێت، لە عێراقدا".
زێباری لەبارەی هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر پێگەكانی داعش ئاشكرایكردووە "هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەری زۆریان هەبووە، بوونەتە هۆی لێكدابڕینی سەركردەكانیان، كارێكی وایكردووە ئێستا داعش ناتوانێت هێزی گەورە كۆبكاتەوە، ئەوان هەست بە نیگەرانی دەكەن، كە فڕۆكەكان بەسەر سەری خۆیانەوە دەبینن".
13/09/2014
گەورەترین سەركردەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش ) لە دەڤەری رەبیعە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆمەڵگەی گوهبەل لە ناحیەی سنوونێ لە بۆسەیەكدا كوژرا.
قاسم شەشۆ، فەماندەی هێزی پێشمەرگە لەچیای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە "ئێوارەی پێنج شەممە 11ی ئەیلول، چەند ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی داعش لەسەرەتای كۆمەڵگەی گوهبەل كەوتنە نێو بۆسەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە و دوای شەڕێكی قورس توانیمان لەنێویان ببەین ".
قاسم شەشۆ كە ئێستا لەگەڵ سەدان پێشمەرگە و جەنگاوەرەكانی ئێزدی لە چیای شنگالن لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رووداو گوتی: "دوو ئۆتۆمبێلی داعشمان تێكشكاندن و، دواتر كە چووین بۆ شوێنی شەڕەكە ، تەرمی چوار چەكداری داعشمان بینین كە یەكێكیان بەناوی عەممار ئەلحەسەنە و گەورەترین و ناسراوترین سەركردەی داعشە لە دەڤەری رۆژئاوای دیجلە و، سەر بە عەشیرەتی جحێشی یە و ، چەندین ساڵ لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە بووە و دواتر چووەتە ریزەكانی داعشەوە ".
قاسم شەشۆ، سەبارەت بە كاریگەری كوژرانی ئەو سەركردەیەی داعش كە بارەگای سەرەكی لە رەبیعەبوو دەڵێت : "گەورەترین گورز بەر داعش كەوت لە ناوچەكەدا و ورەیان زۆر دادەبەزێت"، هەروەها قاسم شەشۆ دەڵێت ، پێشمەرگەكانیان لەو شەڕەدا بێ زیان بوون .
13/09/2014
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆككۆماری فەرەنسا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەوێ لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لێكرا و دواتریش كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەیان ئۆلاند و بارزانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازكردو هەردوولا جەختیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و زیاتر پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان كردەوە.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرەتا بارزانی گوتی: "هاوكارییەكانی فەرەنسا كاریگەریی هەبوو لەسەر ورەی گەل و پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها هاوكارییە سەربازییەكان كاریگەریی گەورەیان هەبوو بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێمە پێداگریی دەكەین لە شەڕكردن دژی ئەو تیرۆریستانە ، ئێمە تەنیا شەڕ ناكەین، بەڵكو دەمانەوێت بنبڕیان بكەین". ئاماژەی بەوەشكرد، كە جگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەركێكی دیكە لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
بارزانی جەختیكردەوە، كە بەهۆی هاوكاریی فەرەنسا و وڵاتانی دیكەوە هاوسەنگی هێز گۆڕاوەو گوتی "پێشمەرگە رۆژ بەرۆژ سەركەوتن تۆماردەكات و بڕوامان وایە بە هەوڵی هەمەلایەنە دەتوانین سەقامگیری بەدیبێنین".
دواتر فرانسوا ئۆلاند باسی لە سەردانەكەی كرد و بە كاریگەر وەسفی كرد . ئەو راشیگەیاند ، كە هاوكارییە مرۆییەكانی فەرەنسا بەردەوام دەبێت بۆ ئاوارەكان.
گوتیشی، كە فەرەنسا ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت روو لە فەرەنسا بكەن. بەڵام وەك سەرۆكی فەرەنسا دەڵێ ئاوارەكان زیاتر دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
فرانسوا ئۆلاند گوتیشی : "پێشمەرگە توانی سوود لە هاوكارییە سەربازییەكانمان وەربگرێت و هاوسەنگی هێز بگۆڕێت. بۆیە هاوكارییە سەربازییەكان زیاتر دەبن".
12/09/2014
بەڕێوەبەری باخداری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە چاندنی زەیتوون لەكوردستان گەشەسەندنی زۆر باشی بەخۆوە بینووە و ئێستا زیاتر لەیەك ملیۆن داری زەیتوون لەكوردستان هەن كە بەشێكیان گەیشتوونەتە بەر.
بەڕێوەبەری باخداری بە دڵنیاییەوە دەڵێت "لەئایندەیەكی نزیكدا و دوای دامەزراندنی كارگە، بەكواڵەتی بەرز زەیتوونی خواردن و رۆنی زەیتوونی خۆماڵی دەكەوێتە بازاڕەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لەساڵی 2009 تاوەكو 2012 نزیكەی یەك ملیۆن و 750 هەزار نەمامی زەیتوون لە سووریا، توركیا، ئیتالیا و ئیسپانیاوە هاوردە كراون و دابەشی سەر جوتیاران و دامودەزگا حكومییەكان كراون.
سەمیر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری باخداری رایگەیاند "لە چوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدانی بەرهەم و چاندنی زەیتوون، لەساڵی 2008ەوە تاوەكو 2010 بەبڕی دوو ملیار و 23 ملیۆن دینار، پاڵپشتی چاندنی 384 هەزار و 650 داری زەیتوونمان لەسەر رووبەری 5495 دۆنم زەوی لە هەرسێ پارێزگاكە و ناوچەی گەرمیان كردووە، لەو رێگەیەوە 500 باخی 5 دۆنمی و 300 باخی 10 دۆنمی نموونەیی بۆ 800 جوتیار دروستكراوە". گوتیشی "80%ی ئەو باخانەی وەزارەت پاڵپشتی كردوون سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و ئێستا بەشێكیان لە قۆناغی سەرەتایی بەرهەمدان".
سەمیر ئیسماعیل گوتیشی "لەساڵی 2012دا لەچوارچێوەی هەڵمەتی چاندنی 5 ملیۆن نەمام، یەك ملیۆن نەمامی زەیتوونمان لە توركیا و سووریاوە هاوردە كرد، لەم ژمارەیەش 858 هەزار و 682 نەماممان بەخۆڕایی بەسەر جوتیاران و قوتابخانە و فەرمانگەكاندا دابەشكرد، بۆیە پێشبینی دەكەم زیاتر لە یەك ملیۆن داری چێنراوی زەیتوونمان هەبێت".
نیازی مەحموود، یەكێكە لەو جوتیارانەی لەڕێگەی پاڵپشتیی وەزارەتەوە باخێكی 5 دۆنمی لەسەر زەوییەكەی لە ناوچەی شەمامك دروستكردووە، نیازی گوتی "وەزارەت 350 نەمامی بەخۆڕایی بۆ دابینكردم و سەرپەرشتی نەخشەكێشانی باخەكە و چاندنیان كرد و ئامێری دڵۆپاندنیشیان بێ بەرامبەر پێدام، بەڵام دوای چاندن وەك پێویست هاوكارمان نەبوو بۆ پێدانی پەیین و خەرجیی خزمەت".
هەرچەندە باخەكەی ئەو جوتیارە ئێستا لەسەرەتای قۆناغی بەرهەمدایە، بەڵام خەمی بەبازاڕكردن بەرۆكی گرتووە، نیازی گوتی "ساڵی رابردوو 10 سندوق بەرهەمم هەبوو، دوای سێ رۆژ هێنان و بردن كەس فلسێكی پێ نەدا، بەناچاری بەسەر خزمەكانمدا دابەشكرد". نیازی پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ گرفتی بەبازاڕكردن ئەوەیە كە وەزارەت كارگەی بچووك لە ناوچە جیاوازەكان بكاتەوە".
سەبارەت بەجۆری ئەو نەمامە زەیتوونانەی هاوردە كراون، سەمیر ئیسماعیل دەڵێت تەواوی ئەو نەمامە هاوردەكراوانە لە جۆری باوەرپێكراون. گوتیشی "ئەو جۆرانەی لە ئیسپانیا و ئیتالیاوە هێناومانن لە جۆری كورتەباڵان كە تایبەتمەندی ئەوەیان هەیە دوای سێ ساڵ بەرهەم بدەن و دەتوانرێت لە كەمترین رووبەردا زۆرترین دار بچێنرێت، ئەمەش ئاسانكاری زۆر بۆ هەڵپاچین و خزمەتكردن و رنین دەكات".
پسپۆڕانی بواری رەزگەری دەڵێن، داری زەیتوون بەرگەی پلەی گەرمی 45 تاوەكو 50 پلەی سەدی و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی تاوەكو 14 پلەی ژێر سفری سەدی دەگرێت، بەهۆی ئەم تایبەتمەندیانەشەوە دەتوانرێت لەهەموو ناوچەكانی كوردستان بچێنرێت.
سەمیر ئیسماعیل دەڵێت "كەشوهەوای كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی زەیتوون، بۆیە ئەگەر پرۆژەی پاڵپشتیی چاندنی باخی زەیتوون كە لە ساڵی 2011ەوە بەهۆی كێشەی بودجە راوەستا، بەردەوام بووایە، بەدڵنیاییەوە ژمارەی باخەكان دەبوونە دوو بەرابەری ئێستا، ئەوكات زیاد لە پێداویستی ناوخۆ بەرهەممان دەبوو".
سەمیر دەڵێت "خواستێكی زۆر بۆ چاندنی زەیتوون لەلای جوتیاران دروست بووە، بۆ نموونە بەتەنیا لەساڵی 2013دا لە نەمامگە تایبەتەكانی زەیتوون لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان نزیكەی 200 هەزار نەمامی زەیتوونمان فرۆشتووە".
لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدانی باخەكانی زەیتوون، لەسەر رووبەری 1900 دۆنم زەوی 270 باخی 5 دۆنمی و 10 دۆنمی بۆ جوتیارانی پارێزگای هەولێر دروستكراون.
لوقمان مستەفا، بەڕێوەبەری باخداری هەولێر دەڵێت، باخەكانی زەیتوون لە هەولێر سەركەوتنی باشیان بەدەستهێناوە، تەنیا 20 باخیان نەبێ كە بەشێكیان بەهۆی كەمتەرخەمیی جوتیار و وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و كەوتنە بەر ماستەرپلان لەناوچوون، گوتیشی "بەشێك لەباخەكان ئێستا لەقۆناغی سەرەتای بەرهەمدان".
بەپێی رووپێویەك كە حكومەتی عێراق لەساڵی 2008 بۆ ژمارەی داری زەیتوون لەكوردستان ئەنجامیداوە، 169 هەزار و 400 داری زەیتوون هەبوونە، بەڵام بەشێكی زۆریان وەك پەرژین چێنراون نەك باخ.
بەڕێوەبەری باخداریی هەرێمی كوردستان، دەڵێت ئەگەرچی لەكوردستان چاندنی زەیتوون مێژوویەكی درێژی هەیە و چەندین باخی زۆر كۆن لەناوچەكان هەن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی جاران داری زەیتوون وەك پەرژین لەباخەكاندا چێنراون و كەمتر بەمەبەستی بازرگانی بووە، بۆیە وەك پێویست بەرهەمی لەبازاڕ دەرنەكەوتووە، گوتیشی "هەرچەندە ئێستا ناتوانین بڕی بەرهەمی باخەكان مەزەندە بكەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا و دوای دامەزراندنی كارگەكان، بەكواڵەتی بەرز زەیتوونی خواردن و زەیتی زەیتوونی خۆماڵی دەكەوێتە بازاڕەوە".
سێ كارگەی زەیتی زەیتوون لەلایەن كەرتی تایبەتەوە لە چەمچەماڵ، زاخۆ و مەلا ئۆمەر لە هەولێر دروستكراون و كارگەیەكی بچووكیش لە بەعشیقە لەكاردایە.
سلێمان شێخۆ، سەرپەرشتی دروستكردنی كارگەیەكی زەیتی زەیتوون دەكات لەناوچەی مەلا ئۆمەر لەهەولێر، دەڵێت "كارگەكەمان لەدوا قۆناغی تەواوبووندایە و رۆژانە دەتوانێ 40 تۆن زەیتوون وەربگرێ بۆ بەرهەمهێنانی رۆن".
گوتیشی "لە قۆناغی یەكەم پشت بە بەرهەمی باخەكانی خۆمان دەبەستین، دواتریش هەوڵدەدەین بەرهەمی جوتیاران بكڕینەوە".
12/09/2014
هەندێ سەرچاوەی ئەمریكی دەڵێن، كە لەماوەی 30 رۆژی داهاتوودا، ئەمریكا دەست بە هێرشەكانی دەكات لە سووریا لەدژی هێزەكانی داعش.
دوای وتاری باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەرەبەیانی 11ی ئەو مانگەدا ، كە تێیدا رایگەیاند لە سووریاش لە داعش دەدەن ، دەوڵەتی سووریا رایگەیاند هەر هێرشێك لە ئاسمانی سووریادا ئەگەر بەبێ هەماهەنگی بێت لەگەڵ دەوڵەتی سووریا ، ئەوان بە "دەستدرێژی" دایدەنێن. بەڵام ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێشوازی لەو وتارەی ئۆباما كرد و خۆشحاڵی خۆی بە هێرشە چاوەڕوانكراوەكانی ئەمریكا نیشاندا و گوتی هاوكاری ئەمریكا دەكەن دژی داعش. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە هەمانكاتدا داوایكرد كە جووڵەیەكیش لەدژی دەسەڵاتدارێتی بەشار ئەسەد بكرێت، چونكە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێ ، ئەو دەسەڵاتدارێتییە بەشێكە لە هۆكارەكانی تووندوتیژی لە ناوچەكەدا.
عەلی حەیدەر ، وەزیری ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی سووریا ، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ ستیفان دیمستۆرای نێردراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریا ، رایگەیاند هەر دەستوەردان و هێرشێكی بیانی لەنێو خاكی سووریادا " هێرشە بۆ سەر سووریا" ، ئەوانیش ئەوە قبوڵناكەن .
بەپێی هەندێ لە سەرچاوە میدیاییە ئەمریكییەكان ، هێزی ئاسمانیی ئەمریكا لە ماوەی 30 رۆژدا هێرشدەكاتە سەر بنكەكانی داعش لە سووریا ، هەروەها بەرپرسێكی ئەمریكا راگەیاندووە كە " ئەمریكا پێویستی بە رەزامەندی حكومەتی سووریا نییە ، ئەوكاتەی پرسەكە پەیوەست بێت بە پاراستنی گەلی ئەمریكا ".
لەبەرئەوەی سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاند كە ئەو هێرشە ئاسمانیانەی ئەمریكا پێویستییان بە هێزێك هەیە لەسەر زەوی بۆ پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەكان، لەبەرئەوەش چۆن لە كوردستان پشت بە هێزی پێشمەرگە دەبەسترێت ، لەوناچانەش پشت بە هەندێ لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و هێزی عەشیرەتەكانی ئەو ناوچانە دەبەسترێت كە داعش بنكەی لێداناون . بۆ ئەوەش مەشق بە چەند هێزێكی میانڕەوی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكات .
ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ، كە لە 9 پارتی رۆژئاوای كوردستان پێكهاتووە دەڵێن ئەوان لەپێشەوەن بە نیسبەت ئەمریكا بۆ ئەوەی ببن بەشێك لە بەرەی ئەمریكا دژی داعش . هەروەها شرۆڤەكارن دەڵێن ، پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD هەوڵدەدات كە ببێتە بەشێك لەو بەرەیە ، بەڵام ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی هەمیشە ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە هاوكاری ئەو رێكخراوانە ناكەن كە لە لیستی تیرۆردان .
ئەمریكا پێیوایە كە سەركردەكانی داعش لە سووریان نەك عێراق ، لەبەرئەوەش دەبێ لێدانی داعش لەسووریا فەرامۆش نەكرێت .
هەروەها ئێستا لە كۆنگرێسی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكرێت .
هەروەها هاری رید ، كۆنگرێسمانی كۆماریی رایگەیاند كە ئەوانیش پشتیوانی لە یارمەتیدان و مەشقپێكردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكەن ، بەڵام تێبینییان هەیە لەسەر "درێژیی" ماوەی جێبەجێكردنی پلانی لەنێوبردنی داعش ، كە ماوەكەی بە سێ ساڵ دیاریكراوە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاوە .
13/09/2014