برۆكز نیومارك، وەزیری كۆمەڵگەی مەدەنیی بەریتانیا ناچاربوو دەست لەكاربكێشێتەوە بەهۆی ئەوەی رۆژنامەی سەندەی میرەری بەریتانی ئاشكرایكرد، كە ئەو وێنەی رووتی بۆ رۆژنامەنووسێك ناردووە.
رۆژنامەنووسێك ئەكاونتێكی ساختەی بە ناوی سۆفی داناوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە لێكۆڵینەوە لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن وەزیرەكانەوە بكات.
لە درەنگانێكی شەودا نیومارك لەگەڵ رۆژنامەنووسەكە "سۆفی" چاتی كردووە و وایزانیوە هەر لەگەڵ ژنێك قسە دەكات و دوای ئەوەی "سۆفی" وێنەیەكی رووتی بۆی ناردووە ئەو وەزیرە گوتوویەتی " منیش وێنەیەكی خۆمت بۆ دەنێرم و بەمشێوەیە هەردووكمان نهێنیمان لای یەكتر دەبێت" دواتر وێنەكەی ناردووە.
رۆژی شەممە رۆژنامەی سەندەی میرەر بابەتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا باسی لەم كارەی نیومارك كرد و ئەویش هەر لە ئێوارەی ئەو رۆژە دوای ئەوەی رایگەیاند "من گەمژەیەكی تەواو بووم" دەستی لەكار كێشایەوە.
لە بەیاننامەیەكی ئۆفیسی دەیڤد كامیرۆنی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا هاتووە، كە سەرۆكوەزیران نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی نیومارك-ی قبوڵكردووە و بەمزوانەش پۆستەكەی بە كەسێكی دیكە دەدرێت.
28/09/2014
ئەمڕۆ خۆپێشاندان دژی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حوسی لە سەنعای پایتەخت بەڕێوەچوو. گەنجانی 11 فیبرایەر خۆپێشاندانێکیان دژی بڵاوبوونەوەی دیاردەی چەکداری و دەستبەسەرداگرتنی بارەگاکانی حکومەت لەلایەن حوسییەکان و بەتاڵانبردنی کەلوپەلەکانی حکومەت ئەنجامدا، خۆپێشاندەران داوای چەکدانانی حوسییەکانیان دەکرد و درووشمیان دژی حوکمی میلیشیایی بەرزدەکردەوە. لەلایەکی دیکەوە حکومەتی سعودیە هۆشداریدا کە زاڵبوونی حوسییەکان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەن هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوایکرد رێوشوێنی خێرا بگیردرێتەبەر لەبەرامبەر تێکچوونی سەقامگیری ئەو وڵاتە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی کرد، کە سزای نێودەوڵەتی بەسەر هەر کەسێک دەسەپێنێت هەڕەشە لە سەقامگیری یەمەن بکات. ئەمەش حوسییەکان و لایەنگرانی رژێمی سەرۆکی پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەگرێتەوە. جنێفەر پساکی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر حکومەتی یەمەن و داوای لە لایەنەکان کرد هەموو بڕگەکانی رێکەوتنی ئاشتی و هاوبەشی نیشتیمانی )، کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە نێوان سەرۆکی یەمەن عەبد ربە مەنسوور هادی و حوسییەکان بەسترا، جێبەجێ بکەن، کە یەک لە بڕگەکانی ئەوەیە هەموو چەکە قورس و سووکەکان تەسلیمی دەوڵەت بکرێنەوە. پساکی لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، رایگەیاند،" کەسانێک بارودۆخەکەیان قۆستووەتەوە بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی، بەتایبەتی حوسییەکان و لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە ئەوان بە رێگای نانەوەی پشێوی و دروستکردنی ئاژاوە، دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان بەسەر گەلی یەمەندا بسەپێنن". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەمارۆ بخاتە سەر هەموو ئەوانەی "پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری یەمەن، ئەگەر هەوڵەکانیان نەوستێنن". مەنسوور هادی سەرۆکی یەمەن، کە بەتەنگ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی ناوخۆیی یەمەن و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتییە، داوای بەشداریی ئاشتیانەی هەموو لایەنەکانی کرد، پساکی لەوبارەیەوە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ مەنسوور هادی و سەرجەم یەمەنییەکان راگەیاند بۆ ئاشتەوایی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی قاعیدە. یەکشەممەی رابردوو سەنعای پایتەختی یەمەن کەوتە دەست چەکدارانی حوسی و چەکدارانی حوسی دەستیان بەسەر دەزگا و دامەزراوە میریەکاندا داگرت، لە نێوانیاندا بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی بەرگری و بینای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵات.
28/09/2014
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەددین رایگەیاند، كە لە هێرشێكی ئاسمانیدا، بە هەڵە یەكێك لە بارەگا سەربازییەكانی عێراق كراوەتە ئامانج و 20 سەرباز كوژراون و برینداربوون.
سەرچاوە ئەمنییەكە گوتی: "پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 27ی ئەیلوولی 2014 فڕۆكە عێراقییەكان بە هەڵە یەكێك لە بارەگاكانی سەربازانی سوپای عێراق لە ناوچەی زەیاعین لە باشووری تكریت كردە ئامانج و بووە هۆی كوشتنی 8 سەرباز و برینداربوونی 12 سەربازی دیكە".
سەرچاوە ئەمنییەكە ئاماژە بەوە دەدات كە "هێزە ئەمنییەكان بەپەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و بەمەبەستی چارەسەركردنیان، بریندارەكانیان بۆ نزیكترین نەخۆشانە گواستەوە و تەرمەكانیشان بۆ دادی پزیشكی گواستەوە".
لە 11ی حوزەیرانی 2014ـەوە چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر تەواوی شاری تكریت قەزای دور و شەرگات دا گرتووەو ئێستا فڕۆكەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیان بە بۆردوومانكردنی بنكەكانیان كردووە.
28/09/2014
سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەخنە لە پارتی و یەكێتی دەگرێت لەسەر ناكۆكی نێوانیان و دەڵێت "ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی، هۆكاری نەدانی مووچەی خەڵكی كوردستانە لەلایەن بەغدا و هۆكاری سەرەكی ئەو لاوازییەی ئێستای كوردە لە بەغدا". هۆشداریش دەدات "ئەگەر پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بەو شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، كورد لاوازتر دەكات لەبەغدا".
موسەننا ئەمین، سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ رووداو، رەخنەی تووندی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرت لەسەر ناكۆكی نێوانیان و تۆمەتباریكردن بە لێكترازانی ماڵی كورد. گوتیشی: "پارتی و یەكێتی كوردیان بە زەبوونی بردەوە بەغدا، ئەگینا كە بڕیاریان دەدا بەشداربن لە حكومەتی بەغدا، دەبووا بۆ رۆژی دواتر، یان دوو رۆژی دواتر چووبانە بەغدا بۆ داواكردنی مافەكانی كورد لە عەبادی و گفتوگۆی روون و راشكاوانەیان لەگەڵ كردبا".
موسەننا ئەمین پێیوایە ئەو خەمساردییە وایكردووە، بەغدا حساب بۆ كورد نەكات و دەڵێت "كورد كە بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەت داوە، تاوەكو ئێستا هیچ وەزیرێكی یەكلانەبووەتەوە و سوێندیان نەخواردووە، بەغداش داواكانی كورد بە هەند وەرناگرێت، ئەگەر كورد بەشداری كارای كردبا و بەغدا مافی نەدابا ئەوكات دەتواندرا لە رێگای وڵاتانی رۆژئاوا، كە گوشاریان لێكردین بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق، بەغدا ناچار بكەن مووچەی خەڵكی كوردستان بدات".
سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هەرچەند گوتی "من لەگەڵ پێدانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنم"، بەڵام پێیوابوو "پارتی و یەكێتی دوو جەمسەری دەسەڵاتن لە بەغدا، ژمارەی كورسییەكانیان لێك نزیكە، پێدانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی كوردستان لەلایەن پارتی بە گۆڕان، وایكردووە یەكێتی هەست بە بەدگومانی بكات و ئەو ناكۆكییەی لێبكەوێتەوە، چونكە یەكێتی وا هەست دەكات پێگەی سیاسی كراوەتە ئامانج، لە كاتێكدا دەبێت ئیستیعابی پێگەكەی بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە بۆ رووداو جەختی لەوە كردەوە "پارتی بە پلەیەك دەبێت گومانەكانی یەكێتی بڕەوێنێتەوە بۆ ئەوەی یەكێتی بێتە پێشەوە و ئەو بەدگومانییەی لە پارتی لا نەمێنێت، ئەگینا بارودۆخەكە سەر دەكێشێت بۆ خراپتر ".
28/09/2014
كەمێك پێش ئێستا داعش تۆپبارانی سەنتەری شاری كۆبانێی كرد و 5 گوللەتۆپی لە سەنتەری شارەكەدا.
عومەر كالۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان، لە هەواڵێكی بەپەلەدا رایگەیاند، "داعش 5 گوللە تۆپی لە سەنتەری شاری كۆبانێ دا".
هەرچەند كامێرای رووداو دیمەنی شاری كۆبانێی لە دووری چەند كیلۆمەترێكەوە گرتبوو، بەڵام تاوەكو ئێستا زیانەكانی بۆردوومانەكە نەزانراون.
تۆپبارانی سەنتەری كۆبانێ جاری یەكەمە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدەدرێت.
27/09/2014
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکی کۆبووەوەو پێی راگەیاندوون، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لەگەڵ حکومەتی عێراق. هەروەها داوای پاڵپشتی زیاتری ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی باشووری کوردستان. ئەوانیش رایانگەیاندووە "ئهمريكا ههرگيز پشت له ههرێمى كوردستان ناكات و ههميشه هاوكارى دهكات".
سهرلهبهيانيى ئهمڕۆ 27ى ئهيلوولى 2014، نێچيرڤان بارزانى سهرۆكوهزيرانى ههرێمى كوردستان پێشوازى له ههردوو كۆنگرێسمانى ئهمريكى "ئادهم كينزنگهر" و جۆرج هۆڵدينگ" كرد.
بەپێی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران، لەو دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی دەربارەی بهشداريى ههرێمى كوردستان له حكومهتى نوێى عێراقدا،رایگەیاندووە: "ههرێمى كوردستان خوازيارى ئهوهيه ههموو كێشهكانى لهگهڵ حكومهتى عێراق چارهسهر بكات و به بڕيارى بهشداريكردنيشى له حكومهتدا، دهرفهتێكى به سهرۆك وهزيران عهببادى داوه بۆ چارهسهركردنى كێشهكان".
سهرۆك وهزيرانی هەرێمی کوردستان دهربارهى جهنگى دژى تيرۆريش گوتوویەتی: "ئهمڕۆ ههرێمى كوردستان لهپێناو پاراستنى ئاشتى و ديموكراسى و پێكهوهژيان، رووبهڕووى هێزێكى دڕندهى تاريك بووهتهوه". هەر بەپێی راگەیێندراوەکە سوپاسى حکومەتی ئهمريكاشى كردووە كه هاوكاريى سهربازيى پێشمهرگه دهكات و جهختيكردووەتەوە"پێشمهرگه پێويستى به هاوكارى و پشتگيريى زياتره". ئاماژهى به ڕهوشى ئاوارهكانيش داوەو داوایكردووە ئهمريكا و كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى ئاوڕى جدديتر و زياتريان لێ بدهنهوه و هاوكارييان بكهن.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە كۆنگرێسمانان خۆشحاڵيى خۆيان به پێشكهوتنهكانى ههرێمى كوردستان نيشاندا و رایانگەیاندووە ههرێمى كوردستان سوودێكى زۆر باشى لهو دهرفهته وهرگرتووه كه دواى رووخاندنى رژێمى بهعس هاتۆته ئاراوه و ئهزموون و پێشكهوتنهكانى ههرێمى كوردستان بۆ حكومهت و گهلى ئهمريكا نموونهى سهركهوتنن. ئەوان گوتوویانە "بۆيه ئهمريكا ههرگيز پشت له ههرێمى كوردستان ناكات و ههميشه هاوكارى دهكات، به تايبهتيش كه ئێستا له جياتى ههموو جيهانى ئازاد، له جهنگێكدا كه ئهمريكا سهرپهرشتى دهكات، زۆر ئازايانه رووبهڕووى تيرۆر بووهتهوه".
ئێستا ههرێمى كوردستان بووەتە شوێنی حەواندنەوەی ئاواره و پهنابهران بۆ ههموو پێكهاته نهتهوهيى و ئايينييهكانى عێراق و سوورياش، بەپێی راگەیێندراوەکە کۆنگرێسمانەکان "جهختیان لهوه كردهوه كاتێك گهڕانهوه ئهمريكا داوادهكهن پشتگيريى باشتر له ههرێمى كوردستان و هاوكاريى زياترى حكومهتى ههرێمى كوردستان بكرێت، بۆ ئهوهى بتوانێت به شێوهيهكى باشتر هاوكاريى ئاواره و پهنابهران بكات".
27/09/2014
لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ئیستەنبوڵ دوای بەشداریکردنی لە كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەردۆغان لە فڕۆكەكەیدا ئاماژە بە بەشداری كارای توركیا دەكات لە شەڕی دژی داعش و لەوانەش بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە رۆژنامەنووسانی هاوەڵی گوتووە، كە توركیا و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ خەریكی دارشتنی پلانێكن بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش. ئەردۆغان دەڵێ:" هێرشی ئاسمانی بە بێ هێرشی زەمینی سوودێکی نییە"
سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەشی بەوەكردووە، كە وڵاتەكەی رۆڵێكی ئەكتیڤی دەبێ لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە، كە دژی ئەو گرووپە پێكهاتووە.
رۆژی هەینی 26ـی ئەیلوولیش. لەكاتی گەڕانەوەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان گۆڕانی هەڵوێستی توركیای بەرامبەر بەشداریكردن لە هاوپەیمانێتی دژی داعش نیشان دا و رایگەیاند، كە هیوادارە پەرلەمانی توركیا رێگە بە بەشداریكردنی سوپای توركیا بدات .
ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك ، لە یەكەمین لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دوای گەیشتنەوەی بۆ توركیا رایگەیاند، " ئێستا هەڵوێستمان گۆڕاوەو، رێڕەوی داهاتوومان تەواو جیاواز دەبێت ". هەروەها گوتی "هەروەك دەزانن ، پڕۆژەی رێگەدان بە بەشداری سوپای توركیا دەدرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە 2ی تشرینی یەكەمی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بكات . هیوادارم كاری پێویست و یەكسەر بكرێت . ئەو رێگەپێدانەش رێگە بۆ بەشداریكردنی هێزە چەكدارەكانمان دەكاتەوە".
توركیا تاوەکو ئێستا بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەشداریكردن لەشەڕ دژی داعش رەتدەكردەوە، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ رێگەگرتن لە دزەكردنی چەكدارانی تووندڕەو لە سنووری دەوڵەتانەوەو، دوای ئازادبوونی 46 دیپلۆماتكار و كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا لە 20ی ئەو مانگەدا، كە لە 9ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لە موسڵ لەلایەن داعشەوە گیرابوون، هەڵوێستی توركیا بەرەو گۆڕان چوو.
دوای یەكەم هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر بنكەكانی داعش لە سووریا ، ئەردۆغان خۆشحالی خۆی راگەیاند و ئامادەیی توركیای نیشان دا بۆ " هەر جۆرە هاوكارییەك لەوانەش هاوكاری سەربازی و سیاسی".
هەروەها گوتی " دینی ئێمە دینی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانە و، رێگە بە كوشتنی خەڵكی بێ گوناح نادات"، هەروەها گوتی " نابێ بڵێین وەڵڵا ئەوەی لەسەر سنووری ئێمە دەقەومێت بەدرێژایی 1250 كیلۆمەتر لەگەڵ سووریا و عێراق ، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
توركیا ئێستا بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هەروەها 1ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووریش روویان تێكردووە، جگە لەوەش كە لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 160 هەزار پەنابەر لە (كۆبانێ)ی رۆژئاوای كوردستانەوە چوونە نێو سنوورەكانییەوە .
حكومەتی سووریا و پارتی كرێكارانی كوردستان ، توركیا بە یارمەتیدانی رێكخراوی داعش تۆمەتبار دەكەن . هەروەها هەڵوێستی رابردووی بۆ خۆدوورگرتن لەشەڕ دژی داعش ، ببووە مایەی دڵتەنگی وڵاتانی رۆژئاوایی .سه هزار اروپایی برای داعش میجنگند
27/09/2014
شەوی شەممە فڕۆكە ئەمریكییەكان بۆ جارێكی دیكە لە هەردوو شارەكانی رەققە و باكووری حەلەب بۆردوومانی چەكدارانی داعشیان كردەوە .
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، کە "هێرشی نوێ كراونەتە سەر بارەگاكانی داعش لە سووریا"، ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكرد، "بۆ لەمەودواش ئەو هێرشانە بەردەوامیان دەبێت".
سەرچاوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەو بارەیەوە ئاشكرایانكرد، کە "8 هێرش كراونەتە سەر پێگەكانی داعش لە شاری رەققە، كە بەشێكیان كراونەتە سەر فڕۆكەخانەی تەبقەی سەربازی و لەدەوروبەری رۆژئاوای شار و بەشێكی دیكەی هێرشەكانیش كراوەتە سەر سەربازگەكانی وەرگرتنی چەكدارانی داعش كە دەكەونە باشووری شارەكە".
بەپێی ئەو سەرچاوانە، بەهۆی هێرشەكانەوە بارەگاكانی داعش ئاگریان لێهەستاوە، لەبەرەی شاری مەبەج لە دەوروبەری حەلەب.
رووسیا رەخنە لەو هێرشانەی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەگرێت بۆ سەر پێگەكانی داعش لە سووریا، هەروەك سێرجی لاڤرۆف لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، "ئەو هێرشانەی بەبێ رەچاوكردنی یاسای نێودەوڵەتی لەهەر وڵاتێك ئەنجامدەدرێن، كارێكە لەجێگای خۆیدا نییە"، جەختیشی لەوە كردەوە "پێویستە رەزامەندی ئەو وڵاتە وەربگیرێت، كە هێرشەكانی تێدا ئەنجامدەدرێن".
جەنەرال مارتن دیمبیسی، سوپا سالاری ئەمریكا، جەختی لەوە كردەوە، کە "هێرشەكان بۆ سەر داعش لە سووریا، پەكی رێكخراوەكەی خستووە و هێڵەكانی نێوان رێكخراوەكەی پچراندووە، بەو جۆرەش رێكخراوەكە ناتوانێت پشتیوانی بگەیەنێتە بەرەكانی شەڕ".
سوپا سالاری ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە پنتاگۆن، پلانەكەشی ئاشكراكرد و گوتی، "پێویست بە 10 تاوەكو 12 هەزار چەكداری ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەو هەیە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرن، كە داعش لەرۆژهەڵاتی سووریا لەدەستیان دەدات".
جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رۆژی هەینی رایگەیاند، کە "شەڕ دژی داعش لە سووریا یارمەتی مانەوەی ئەسەد نادات لە فەرمانڕەوایی ".
هەریەك لە بەریتانیا و بەلجیكا رۆژی هەینی چوونە نێو هاوپەیمانی دژی داعش، بەم جۆرەش ژمارەی وڵاتانی نێو هاوپەیمانێتییەكە بووە زیاتر لە 50 وڵات.
27/09/2014
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK رایدەگەیێنێت، دەسەڵاتی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دەستی ئێمەدایە و "رەنگە کۆتایی ئەیلوول شەڕ دەستپێبکەینەوە، ئۆجەلانیش بڵێ شەڕ مەکەن، شەڕڤانان قبووڵی ناکەن".
لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ مۆنیتۆر، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK لەبارەی لێدوانەکەی 24 ی ئەیلوول کە ئاماژەی بەوە کردبوو،" حکومەتی ئاکەپە هەوڵەکانی 18 مانگ ئاگربەستی لەنێوبرد" رایگەیاند:" رەنگە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول شەڕ دەستپێبکەینەوە، دەسەڵاتی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دەستی ئێمەدایە".
لە وڵامی پرسیاری ئەی هەڵوێستی ئۆجەلان؟ بایک گوتی: "ئێمە بڕیاری هەڵگیڕساندنەوەی شەڕ دەدەین، بەڵام درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی رێبەر ئاپۆ بڕیاردەدات".
بایك دەڵێت،" رۆڵی ئۆجەلان جیاوازە لە رۆڵی ئێمە، ئۆجەلان رێبەری ئێمەیە، وابەستەی رێبەرەکەمانین، بەڵام کە تورکیا هەنگاو نانێت رێبەرمان چۆن دەڵێ نەخێر شەڕ مەکەن؟ شتی وا ناڵێت، ئەگەر واشبڵێ شەڕڤانان قبووڵی ناکەن، ئێمە شەڕڤانانمان بەزۆر راگرتوون".
لە هەڤپەیڤینەكەدا پرسیاری ئەوە لە بایک کراوە کە ئایا رەوشی کۆبانێ کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەبێت؟ لە وەڵامیشدا بایك دەڵێت: "دوو رۆژ بەرلەوەی داعش هێرشبکاتە سەر کۆبانێ، تورکیا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و گوتی، ئەو خاکەی لە سووریا هی تورکیایە (مەزاری شا سوڵتان) ئەگەر هەر جۆرە هێرشێکی بکرێتە سەر لێتان دەدەین، تورکیا ئەمەی گوت بەبێ ئەوەی شتێک لەئارادا هەبێت".
بایک زیاتر دەڵێ، "هێرشکردنە سەر کۆبانێ دوو شتی بە ئێمە گوت، یەکەم: تورکیا درێژە بە پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ داعش. دووەم: دوو رۆژ دوای هێرشکردنە سەر کۆبانێ شەمەندەفەرێکی تورکیا بەرلەوەی بگاتە تەل ئەبیات کە لە ژێر دەستی داعشدایە، لە گوندێکی عەرەبەکان چەکەکانی دانان، شایەتحاڵیش هەن بۆ ئەمە، لەو سەروبەندەشدا گوایە کێشەی دەستگیرکراوەکانیان چارەسەرکرد، ئەمانە هەموویان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە".
26/09/2014
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركوك ئاشكرایكرد، بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا و فەرەنسا لەچەند ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای كەركوك، بووەهۆی كوژران و برینداربوونی 45 چەكداری داعش وتێكشكانی سێ ئۆتۆمبێلی چەكدارەكان.
سەرچاوە ئەمنیەكە، بە سایتی سۆمەریە نیوزی راگەیاند، "فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا و فەرەنسا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 25 ئەیلولی 2014)، بۆردومانی مۆڵگەكانی داعشیان كرد لە چەند گوندێكی قەزای دبس، ( 45 كیلۆمەتر باكوری خۆرئاوای كەركوك) و گوندی شەمسیەی سەر بەناحیەی تازە، ( 35 كیلۆمەتر باشوری كەركوك ) و سێ شوێنی دیكە لە قەزای حەویجە، ( 55 كیلۆمەتر باشوری خۆرئاوای كەركوك)".
وتیشی: بوردومانەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆسەر مۆڵگەكانی داعش لەوناوچانە بووەهۆی كوژرانی 15 چەكداری داعش و برینداربوونی 30 داعشی دیكە.
بەوتەی سەرچاوەكە، "بەهۆی بۆردومانەكانەوە، سێ ئۆتۆمبێلی داعش بەتەواوی سوتێنران و سەرنشینەكانیشی كوژران"، وتیشی: داعش تەرمی كوژراوەكانی بەرەو قەزای حەویجە گواستۆتەوە".
چەكدارانی داعش لە دەوروبەری پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ، بوونە ئامانجی چڕی هێرشە ئاسمانیەكانی ئەمریكا، بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو برینداریان لێ كەوتەوە.
26/09/201
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەچنە نێو ریزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بە خێرایی زیاددەكات و بەپێی دوایین زانیارییەكان، ژمارەیان گەیشتووەتە 3 هەزار چەكدار.
هانس جۆرج ماسین، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو داعش، زۆر لەسەرووی پێشبینییەكانەوەیە.
هانس جۆرج ماسین پێیوایە تاوەكو ئێستا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو ریزەكانی داعش 400 چەكدارە، "لەو ژمارەیە بەلایەنی كەمەوە 125یان گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، بۆمان دەركەوتووە لەو كەسانەی گەڕاونەتەوە 25 چەكدار بەشداری رووبەڕوبوونەوە چەكدارییەكانیان كردووە".
هەروەها زانیاری ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە: "زۆربەی ئەوانەی بە رێگای توركیاوە چوونەتە نێو سووریا و چوونەتە ریزی داعشەوە، تەمەنیان لەژێر 30 ساڵەوەیە، %61ـی ئەوانەیش كە لە ئەڵمانیاوە بوونەتە داعش، هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانین، هاوكات %24ـی دیكەش لەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە رۆیشتوون، خاوەن دوو یان سێ رەگەزنامەی وڵاتانن".
سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئەوەش ناشارێتەوە، كە 40 چەكدار، كە لە ئەڵمانیاوە چوونەتە سووریا لە شەڕ و پێكدادانەكاندا لەو وڵاتە كوژراون.
25/09/2014
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە چەكدارانی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە تووشی شكست هاتوون. پێشوازیش لە لێدانی داعش دەكات لەناو سووریا و دەڵێ "سووریا پەناگەیەكی ئارام بووە بۆ تیرۆریستان و لەوێوە پەلاماری كوردستانیان داوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2014 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە چۆ جونگۆن باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان گوتوویەتی "هەولێر و بەغدا بۆ دیپلۆماتكارەكان دوو جیهانی جیاوازن و زۆر بەڕوونی هەست بە جیاوازیی نێوانیان دەكرێت و لە هەولێر هاتووچۆ و دڵنیایی زیاتر بۆ دیپلۆمات و بیانییەكان هەیە".
باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕكردن لە دژی چەكدارانی داعش كرد و سوپاسی وڵاتەكەیشی بە بارزانی راگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان ئەنجامی داوە و گوتووشیەتی "كۆریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی ئاوارەكاندا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە".
سەبارەت بە بەرەكانی جەنگ بارزانی ئەوەی خستەڕوو دەڵێ "تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكستی گەورە هاتوون و لە پاشەكشەدان".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا رایگەیاندووە "تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان، بۆیە لەناوبردنیشی پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی نێوان وڵاتان هەیە".
بارزانی پشتگیری لەو هەنگاوەی هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە مۆڵگەی چەكدارانی داعشیان لەنێو خاكی سووریا كردووەتە ئامانج و رایگەیاند "تیرۆریستان خاكی سووریایان وەك پەناگەیەكی ئارام و سەكۆیەك بۆ پەلاماردانی كوردستان و عێراق بەكارهێناوە و نەهێشتنی ئەم پەناگەیە لەناوچوون و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش خێراتر دەكات".
باڵیۆزی كۆریای باشوور رایگەیاندووە كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور ئامادەن كە ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن و ئۆفیسی وڵاتەكەش لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە بارزانی پێشوازیی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكان كرد و بەپێی بەیاننامەكە رایگەیاندووە "هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باشوور بدات.
25/09/2014
سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزەكانی داعش، جگە لە تێكشكاندنی ژمارەیەك دۆشكە و ئۆتۆمبێلی داعش، ژمارەیەك چەكداری داعشیش كوژراون و تەرمی 7 چەكدار لەبەر دەست پێشمەرگەدایە.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ - مەخموور لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەممە 24/9/2014 هێزەكانی داعش لە هەردوو گوندی كوشاف و ساقی سەر بە ناحیەی گوێڕ لە جموجۆڵدابوون، دوای ئەوەی لە كاژێر 1:40 خولەكی نیوەڕۆ فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆردوومانی چەكدارانی داعشی لەو دوو گوندەدا كرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بنكەكانی داعشیان تۆپباران كردووە.
سیروان بارزانی روونیكردەوە كە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەدا، "چەند دۆشكە و ئۆتۆمبێلێكی داعش تێكشكێنران و ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش كوژراون، كە تەرمی 7 چەكدار لە دەست هێزی پێشمەرگەدایە".
25/09/2014
دوای هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر بنكەكانی داعش لە دەڤەری كۆبانێ و ناوچەكانی سووریا، ئەمڕۆ بە هەزاران كەس دەستیانكردووە بە گەڕانەوە بۆ كۆبانێ، بەتایبەتی گەنج و پیاوەكان. عومەر كالۆ ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ، لەسەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان (توركیا و سووریا)، بە نیوزگازەرینگی رووداوی راگەیاند كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆی دیتویەتی كە بە هەزاران كەس لە گەنجان و پیاوانی كۆبانێ لە باكووری كوردستانەوە دەگەڕێنەوە بۆ كۆبانێ و ئیدی كەس لە كۆبانێوە بەرەو باكووری كوردستان نایێت بۆ پەنابەری. هەروەها عومەر كالۆ پەیامنێری رووداو ئەوەشی روونكردەوە كە بۆمبارانی ئاسمانیی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ بنكەكانی داعش لە دەڤەری كۆبانێ و ناوچەكانی سووریا ، خەڵكی هانداوە كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبانێ ، چونكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە كە دوای بۆمبابارانی فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی ، ئیدی چەكدارانی داعش ناتوانن بێنە نێو شاری كۆبانێ. هەروەها عومەر كالۆ رایگەیاند ، كە ئەمڕۆ رەوشی دەڤەرەكە ئارامە و ، ئەمڕۆ بەیانیش فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بنكەكانی داعشیان لە دەڤەری كۆبانێ بۆمبابارانكردوون. لەئەنجامی هێرشی داعش و گرتنی دەیان گوندی دەڤەری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان ، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 130 هەزار كەس ئاوارەی باكووری كوردستان و ژمارەیەكی دیكەش ئاوارەی دەڤەری عەفرین بوون لە شاری كۆبانێ و گوندەكانییەوە.
24/09/2014
توركیا دوایین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەگەری بەشداریكردن و نەكردن لە شەڕی داعش ئاشكرا دەكات و سێ مەرج بۆ شەڕكردن دژی ئەو گرووپە دادەنێ.
بەپێی هەواڵێك، کە لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی توركیاوە دزەی كردووە، توركیا دوای ئەوەی بڕیاری دا بەشداری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكات بۆ لێدان لە چەكدارانی داعش، سێ مەرجی داناوە.
بەپێی هەواڵەكە، دانانی ئەم مەرجانە لەلایەن تورکیاوە بۆ بەشداری لە شەڕی دژی داعش، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 24ـی ئەیلول، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك گوتی: '' توركیا ئامادەیە ئەو ئەركەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكەوێتەسەر شانی، ئەنجامی بدات". بڕیاریش وایە دوای گەڕانەوەی ئەردۆغان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەكان، بەر لە سێ مەرجەكە، پێنج هەنگاو دەستنیشانكراون، کە تورکیا لەو بوارانەدا دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەو شەڕەدا:
1- رێگە بە تێپەڕبوونی چەكداران نادرێ:
توركیا سنوورەكانی تووندوتۆڵ دەكات و رێگە بە هاتنی ئەو چەكدارە بیانییانە نادات، كە لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاواوە بە رێگەی توركیا دەچنە نێو ریزەكانی داعش.
2- گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری:
دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لەگەڵ دەزگا هاوتاكانی خۆی لە وڵاتانی ئەوروپا زانیاری هەواڵگری دەگۆڕنەوە.
3- پشتیوانی سەربازی:
بڕیارە لە 2 ی 10ی 2014، توركیا پشتیوانی سەربازیی هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام لە هاوكاری ئاسمانی سنووردار دەبێت.
4- توركیا رێڕەوی ئاسمانی خۆی دەكاتەوە:
بڕیارە توركیا رێڕەوی ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتانی بەشداری نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بكاتەوە، قسەش لەسەر بەكارهێنانی بنكەی ئەنجەرلیك كراوە.
5- هاوكاری مرۆیی بەردەوام دەبێت:
توركیا درێژە بە هاوكارییە مرۆییەكان و لەخۆگرتنی ئاوارەكان دەدات.
لەبەرامبەردا توركیا سێ مەرجی داناوە بۆ ئەوەی ئەم پێنج خاڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات:
1- پێویستە ئۆپەراسیۆنەكە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەنجامبدرێت.
2- دەبێت دوای ئۆپەراسیۆنەكە دەستەبەری تەناهی و ئارامی بكرێت لە ناوچەكەدا.
3- ئەو چەكانەی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش دەدرێتە یەكە جیاوازەكانی ناوچەكە، نابێ بكەونە دەستی گەریلاکانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK.
25/09/2014