ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی رایدەگەیێنێت، كورد لە سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق پەراوێزخراوە و بە پێی قەبارە و قورسایی خۆی مافی پێنەدراوە.
ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" دامودەزگا ئەمنییەكان و سوپای عێراق هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكان تێدانییە، كورد لە زۆر دەزگا ئەمنی پشكی نییە یاخوود زۆر كەمە، ئەمەش لەگەڵ مەبدەئی تەوافوق و بەشداری حەقیقی ناگونجێ".
سەبارەت بە پشكەكانی كورد لە سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەكان، ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێ:" سوپاسالار و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەربازی كوردن، بۆیە ئەو دوو پۆستە ئەمنییە هەر لە لایەن كورد دەمێننەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم بابەتە یەكلانەكراوەتەوە كە ئایا دەستكاری بەرپرس و فەرماندە سەربازییەكان دەكرێت یان نا، ئەم بابەتە بە دانوستاند و گفتوگۆكانی نێوان شاندی دانوستاندكاری كورد و لایەنەكانی دیكەی عێراق بە تایبەتی شیعەكان بەستراوەتەوە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە هاوكات پەرلەمانتاری عێراقیشە، رەخنە لە سیاسەتەكانی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە ناو سوپاو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكان دەگرێت و دەڵێت:" بە گوێرەی دەستوور سەرۆكوەزیران فەرماندە سەربازی و بەرپرسی دەزگا ئەمنییەكان كاندیددەكات و پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان ئەو كەسانە دەستنیشاندەكات، بەڵام لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا مالیكی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان هەموو بەرپرس و فەرماندە سەربازییەكانی دادەنان".
01/10/2014
پڕۆفیسۆر د.هەننەر فورتگ، پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ لێكۆڵینەوە جیهانییەكان (GIGA) لە زانكۆی هامبۆرگ، دەڵێت دراوسێیەكانی كورد نایانەوێ دەوڵەتێكی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست ببێت. بەڵام بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێك شڵەژاوە كە "كەس نازانێت ئەنجامەكەی چی دەبێت".
ئەو توێژەرە ئەڵمانە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری فۆكوس دەڵێ "لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە لە عێراق نەتوانراوە هەستی هاووڵاتیبوون و بوونە نەتەوە لەنێو خەڵكەكەیدا دروست بكرێت، مرۆڤ ناتوانێت بڵێت كە خەڵكی عێراق وەكو هاونیشتمانی خۆشەویستییان بۆ دەوڵەتەكەیان نییە، بەڵام دەتوانێت بڵێت كە متمانەی هاونیشتمانیان بە دەوڵەتی عێراق هەمیشە لاواز بووە".
بەبڕوای ئەو، یەكێكی دیكە لە كێشەكانی عێراق ئەوەیە كە دراوسێكانی نایانەوێت دابەش ببێت "چونكە هەموو دراوسێكانی عێراق لە چەندین نەتەوە پێكدێن. ئەوان پێیانوایە دابەشبوونی عێراق واتە دابەشبوونی ئەوانیش".
فورتگ وەك زۆربەی پسپۆڕ و شارەزا رۆژئاواییەكان باسی رۆڵ و پێگەی كورد دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێیوایە كورد بوونی خۆی لە جیهاندا سەلماندووە، بەڵام دەڵێت كورد بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی دەبێت بە وریاییەوە بڕیار بدات.
لەوبارەوە دەڵێت "وڵاتانی رۆژئاوا دەزانن هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا جێگایەكی ئارامە. بەیارمەتی ئەمریكا و بە لەناوبردنی سەدام لە ساڵی 2003، كورد خۆی سەلماند كە تەنیا ئەوان بۆ بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا هاوپەیمان و جێی متمانەن".
بە بۆچوونی فۆرتگ، ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات لە بەرژەوەندیی كوردە، بۆیە رۆژ بەڕۆژ پرسی سەربەخۆیی زیاتر دێننە پێشەوە "كورد حەز دەكات خۆی لە عێراق دووربخاتەوە و سەربەخۆیی خۆی فراوانتر بكات. بارودۆخی ئێستاش ئەوە ئاشكرا دەكات كە رۆژ بە رۆژ سەربەخۆیی كورد فراوانتر و بەهێزتر دەبێت".
بەبڕوای ئەو، كێشەی گەورەی كورد ئەوەیە كە خاكەكەیان لە نێوان چوار دەوڵەتدا پارچەپارچە كراوە و لەنێو ئەو وڵاتانەدا دەژین. ئەگەر لە بارودۆخی ئەمڕۆدا دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردستانی زۆر ناواقعیش بێت، بەڵام وردە وردە دەرفەتی ئەوە فەراهەم دەبێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت سوود لە سەركەوتنەكانی ئێستای وەربگرێت".
بەڵام دەشڵێت "پێویستە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕیارێكی لەوجۆرە باش بیربكاتەوە. چونكە سەربەخۆییەكی فراوانتر یان كۆنفیدراڵییەكی راستەقینە لەگەڵ عێراق بۆ بەرژەوەندی كورد باشتر دەبێت، لەبەر ئەوەی دراوسێكانی نایانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە كوردستان دابمەزرێ".
01/10/2014
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ساڵێک پێش ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی لایەنێکی سێیەمەوە، داوایان لەو حیزبە کردووە لەبارەی پرسی کورد و رێگەکانی چارەسەری ئەو پرسە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆچوونی خۆیانیان پێ بڵێن. خالید عەزیزی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو داواکارییەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، حیزبی دیموکراتی کوردستان پێی راگەیاندوون کە بەرپرسانی ئێران دەبێ سەرەتا ئەو راستییە بزانن کە نە کورد دەتوانێ حکومەتی کۆماری ئیسلامی برووخێنێ و نە کۆماری ئیسلامیش دەتوانێ کورد لەناوببات، بۆیە باشترە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە. بەگوتەی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەوان پەیامێکیان بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە و تێیدا ئاماژەیان بە چوار خاڵ وەکو بنەما کردووە. یەکەم ئەوەی کە بەرپرسانی ئێران بگەڕێنەوە سەر ئەو بەشە لە قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی کە باسی دانوستاندن و گفتوگۆ دەکات. خاڵی دووەمیشیان ئەوە بووە کە پرسی کورد پرسێکی سیاسی و نەتەوەییە و لە ژوورەکانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات چارەسەر ناکرێ، بەڵکو ئەو پرسە دەبێ بچێتە سەر مێزی حکومەت. هەروەها وەکو بنەمای سێیەم پێیان راگەیاندوون، ئێوە كە باسی چارەسەركردنی پرسی كورد دەكەن بۆ خەڵک دەگرن و زیندانییان دەكەن، دەبێ ئازادیان بكەن و نیازپاكی پێشان بدەن. چوارەمیش ئەوەی کە پێیان گوتوون، ھێندە بەچاوی ئەمنی سەیری رۆژهەڵاتی كوردستان نەکرێ، کە بە گوتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تەواوی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بنکەی سوپای پاسداران و بەسیج داندراوە. بە گوتەی خالید عەزیزی، داواشیانکردووە بەرپرسانی ئێران لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش قسە بکەن و بۆچوونیان وەربگرن، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە. سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان هەروەها دەڵێت تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک بە پەیامەکەی ئەوان نەدراوەتەوە. پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بە ناوی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەکانی سەردەشت، مەریوان، سنە، ورمێ، شنۆ و پیرانشار لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ئێران تووشی پێکدادان بوون، کە بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە شەهیدکراو و بە گوتەی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 20 کەس لە هێزەکانی حکومەتی ئێران کوژراون و بریندار بوون. خالید عەزیزی لەبارەی ئەو تێکهەڵچوونانە رایگەیاندووە، جگە لە پێشمەرگە ئاشکراکانیان، هەزاران ئەندام و لایەنگری چەکداریان لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەڵام رێنماییان پێداون کە هێرش نەکەنە سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام لەو شوێنانەی کە هێرشیان بکرێتە سەر، بەدەنگ دێن و بەرگری لەخۆیان دەکەن.ئاماژە بەوەشدەکات، لەنێوخۆی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، قسە لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی چالاکی چەکداری دەکرێ بۆئەوەی کە بتوانن جۆڵانەوەیەکی جەماوەری رێکخراو دروست بکەن. هاوکات جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران رێگە بۆ خەباتی مەدەنی برەخسێنێ و چالاکی حیزبەکانی بکاتەوە، ئەوان ناچار بە چەک هەڵگرتن نابن.
01/10/2014
دوای ئهوهی جۆردهن ماتسۆنی ئهمریكی بۆ هاوكاریكردنی هێزهكانی یهپهگه له رووبهڕووبوونهوهی داعش رووی له رۆژئاوای كوردستان كرد، له پهیجی تایبهتی خۆی پهیامێك و چهند وێنهیهك بڵاودهكاتهوه.
ماتسۆن، له تۆڕی كۆمهلایهتی فهیسبووك دهنوسێت"بۆ ههموو ئهوانهی كه نازانن له سوریام، من بۆ یهپهگه دژی داعش شهڕ دهكهم لهم وڵاته، پێیان دهڵێم من باشم، ناتوانم زۆر لهسهر خهت بمێنمهوه، چونكه لهم رۆژانهدا شهش كاتژمێر شهڕمكردووه، بهڵام زۆر باشم".
له بهشێكی دیكه پهیامهكهیدا دهڵێت: "له رووبهڕووبوونهوهكاندا چهند داعشێكی نهزانمان ناردووه بۆ جهههنم، تكاتان لێدهكهم دۆعا بۆ من و ئهمریكییهكان و كورده جهنگاوهرهكانیش بكهن و زۆر سوپاستان دهكهم".
ههروهها ئهو شهڕكهره ئهمریكییه، دهڵێ: "ههوڵ ئهدهم چهند وێنهیهكی دیكهی خۆمتان بۆ بڵاوبكهمهوه ئهگهر بهخت یاوهر بێت و نهمرم".
له دوای ئهوهی چهكدارانی داعش پهلاماری كانتۆنی كۆبانی-یان دا، ههواڵهكانی رۆژئاوای كوردستان له جیهاندا مانشێتی میدیاكان بوو.
لهو چوارچێوهیهشدا جۆردهن ماتسۆنی ئهمریكی خۆی گهیانده رۆژئاوای كوردستان و لهگهڵ گهریلاكانی یهپهگه دهستی به شهڕ دژی داعش كرد.
شهڕكردنی ئهم ئهمركییه له كاتێكدایه كه هاوپهیمانیهكی نێودهوڵهتی بۆ رووبهڕووبوونهوهی داعش پێكهاتووه و له ئێستادا چهكدارانی ئهو رێكخراوه بۆردومان دهكرێن.
30/09/2014
سوپای ئەمریكا رایگەیاند، كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لە پلانی رێكخستنەوە و مەشقپێكردن و پڕچەككردنی پێشمەرگە دەكات و دڵنیاییدا، كە هاوكارییەكانیان لە رووی مەشق و لۆجستییەوە درێژەی دەبێت.
ئەمڕۆ 30-9-2014 مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژەنەراڵ چارڵی مۆر جێگری بەرپرسی نووسینگەی ئاسایشی سوپای ئەمریكا لە عێراق و كۆڵۆنێڵ فریمان نوێنەری سوپای ئەمریكا لە نووسینگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هەولێر كۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە سەربازییەكانی ناوچەكە و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و چۆنێتی گەیشتن و وەرگرتنی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ پێشمەرگە باسیان لێوەكرا.
هەر بەپێی راگەیێنراوەكە مستەفا سەید قادر لە كۆبوونەوەكەدا سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە، كە بە شێوەیەكی خێرا پشتگیرییەكانیان بۆ پێشمەرگە راگەیاند و ئێستاش لە مەیداندا هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا كە ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەت و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، ئالیەتێكی نوێ بۆ رێكخستنەوەو مەشقپێكردن و پڕچەككردنی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە كرا و شاندی سوپای ئەمریكا رایانگەیاندووە، كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لەو پلانە نوێیە دەكەن و لە رۆژانی ئایندەیشدا كاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە دەكەن و دڵنیاییشیان داوەتە وەزارەتی پێشمەرگە، كە وڵاتانی هاوپەیمانان لە سەرووشیانەوە ئەمریكا، هاوكارییەكانی لە رووی مەشق و لۆجستییەوە درێژە پێبدات.
30/09/2014
قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزه چەكدارەكانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی عێراق، ئاماژەی بۆ بەرەكانی شەڕی هەرێمی كوردستان لەگەڵ داعش کرد و گوتی، "لە ناوچەی شنگال، كۆمەڵێك هێرشی سەركەوتوو كراونەتە سەر داعش و تواندراوە شكستیان پێبهێندرێت".
قاسم عەتا له بارەی دوایین پێشكەوتنەكانی بەرەكانی شەڕ لەگەڵ چەكدارانی داعش، رایگەیاند، "لە بەرەكانی شەڕ گۆڕانكاری بەرچاو روویداوە و داعش توانای كوشتاری بە تەواوەتی كەمبووەتەوە".
عەتا شەڕی یەكشەممەی نزیك ناوچەی" سدوور"ی بە نموونە هێنایەوەو گوتی، "هێزەكانمان پێشگیرییان لە هێرشێكی داعش كرد لەو ناوچەیه و هەموو ئەو چەكدارانەی داعش، كە بەشداری هێرشەكەیان كردبوو كوژران".
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق، جەختی لەوەكردەوە، کە لە پارێزگای ئەنباریش گورزی بەهێزیان لەداعشداوە و "داعش توانای هێرشی نەماوە، تەنانەت سەرەڕای هەوڵی زۆریان بۆ لەدەستنەدانی ئەو ناوچانەی بەدەستیانەوەن، بەڵام توانای خۆڕاگرتنیان زۆر لاوازبووە و بەردەوام شوێنەكانی بەردەستیان كۆنترۆڵدەكرێنەوە".
30/09/2014
لە درێژەی هێرشەكانی پێشمەرگە بۆ سەر بنكەكانی چەكدارانی داعش لە ناوچەی داقووق، لە دەوروبەری گوندی وەحدە سەر بە شارۆچكەی داقووق، چەند چەكدارێكی داعش خۆیان بۆمبڕێژ كردبوو و بەنیاز بوون خۆیان بە هێزەكانی پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تەقەیان لێكراو كوژران.
وەستا رەسوڵ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە دەوروبەری وەحدە كۆنترۆڵكراوە و داعش لە پاشەكشەدایە.
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە، هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە ناوچەی داقووق سەر بە پارێزگای كەركووك و ناوچەی رەبیعەی سەر با پارێزگای مووسڵ دەستیپێكردووەو چەند گوندێك كۆنتڕۆڵكراونەتەوە.
30/09/2014
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند هیچ زانیارییەكیان لەبارەی سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەلا نییە.
د. فوئاد مەعسوم، سەرۆككۆماری عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاندبوو حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی هەولێر دەكات.
بەڵام مەهدی عەللاق، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی عەبادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"هیچ زانیارییەكمان لەبارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەلا نییە و بڕیاری لەو شێوەیەمان نەبیستووە".
چاوەڕوان دەكرێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرسی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكات.
30/09/2014
سهرچاوەیەك له گوندی دوگرێ-ی سهر به ناحیەی سنونێ رایگهیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 29-9-2014 لەگەڵ خۆرئاوابوون، چهكدارانی داعش له شنگال بهرهو سنووری سووریا رۆیشتن. حهجی ئیبراهیم كە پێشمەرگەیەکی ئێزدییە، بە (رووداو)ی راگهیاند، زۆرتر له 30 ئۆتۆمبێلی چهكدارانی داعش له شنگال بهرهو سنووری سووریا رۆیشتن.
حەجی ئیبراهیم كه ئێستا له گوندی دوگرێیه ئهوەیشی راگهیاند، دوای ئهوەی فڕۆكهكانی هاوپهیمانان چهند ناوچهیهكی نزیك دوگرێیان تۆپبارانكرد، هێزهكانی پێشمهرگه و هێزهكانی یهپەگه و هێزهكانی چیای شنگال زۆرتر له یهك كیلۆمهتر بهرهو سهنتهری ناحیهی سنونێ پێشڕهوییان كرد و زۆرتر له 30 چهكداری داعشیان كوشتووه.
هەروەها عهمید سمی بوسهلی، فهرمانده له هێزهكانی پێشمهرگه له چیای شنگال به (رووداو)ی راگهیاند، فڕۆكه جهنگییهكان بۆردوومانێکی سهختی بنکەکانی داعشیان لە ناحیهی سنونێ و لهناو شنگالدا كردووه و نزیكهی 20 چهكداری داعشیان كوشتوون.
30/09/2014
گفتوگۆکان بۆ هەماهەنگیکردن لە نێوان عێراق و فەرەنسا لەسەر ئاستێکی باڵای سەربازی بۆ لێدانی بنکەکانی گرووپی داعش لە عێراق دەستیپێکرد.
رۆژی دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2014 لە بەغدا، فەریقی یەکەم بابەکر زێباری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی لەگەڵ شاندێکی فەرەنسا کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک توێژەری سەربازی و لە نێویشیاندا سەرۆکی هەواڵگری فەرەنسی، تاوتوێی راسپاردەکانی کۆنگرەی پاریسیان کرد بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی عێراق بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی فەرەنسا و ئەو شوێنانەی لەلایەن فڕۆکە سەربازییەکانی فەرەنساوە دەکرێنە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق، فەریق کومارت، سەرۆکی شاندەکەی فەرەنسا لە دانیشتنەکەدا باسی لەو بڕیار و راسپاردانە کردووە کە لە کۆنگرەکەی پاریس لە پێناوی پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی عێراق دەرکران و گوتوویەتی،" عێراق لەجیاتی هەموو جیهان جەنگێکی گەورەی لەئەستۆ گرتووە، بۆیە بەئەرکی خۆمانی دەزانین بەرامبەر بە گەلەکەی هەموو هاوکارییەکی سەربازی و مرۆییان پێشکەش بکەین".
لەبەرامبەریشدا فەریقی یەکەم بابەکر زێباری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی رایگەیاندووە،" هەموو هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی پاڵپشتی لە عێراق دەکەن، پێش هەموویان هاتنە پێشەوەی فەرەنسا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان بەگرنگ دەزانین".
زێباری لە گوتەکانی پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە "لە کاتێکی وادا پێویستیمان بە سەرجەم شارەزاییەکان هەیە لەبواری سەربازی بۆ لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکان".
30/09/2014
بە پێی ناوەندێكی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بودجە لە واشنتن، تێچووی ساڵانەی شەڕی داعش لە نێوان دوو ملیار تاوەکو بیست و دوو ملیار دۆلار دەبێت.
ناوەندی ستراتیژی و هەڵسەنگاندنی بودجە لە واشنتن، راپۆرتێکی دەربارەی تێچووی ساڵانەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) ئامادەکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە بە پێی شیکردنەوەی داتاکان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو رۆژی 29ی ئەیلوولی 2014، تیچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 780 تاوەکو 930 ملیۆن دۆلار بووە.
دەربارەی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئایندەدا لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بڕی تێچووەکە دەکەوێتە سەر چۆنیەتی و چڕی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها دەکەوێتە سەر ئەوەی ئایا ئەمریکا هێزی وشکانی دەنێرێت یاخوود ناینێرێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەگەر تەنیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامبدرێت دوو هەزار راوێژکار و پسپۆڕی سەربازی لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن كاربكەن، ئەوە تێچووی مانگانە لە نێوان 200 تاوەکو 300 ملیۆن دۆلار دەبێت. بەڵام ئەگەر پێنج هەزار سەرباز رەوانەی عێراق بکرێن، ئەوە تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە نێوان 380 بۆ 570 ملیۆن دۆلار دەکەوێت لە مانگێکدا.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەگەری ناردنی 25 هەزار سەربازی ئەمریکی شیکردنەوەی بۆ کراوە، لەو حاڵەتدا تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان لە ساڵێکدا نزیکەی 22 ملیار دۆلار دەکەوێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە لەهەفتەی رابردوودا پنتاگۆن خەمڵاندنی سەرەتایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد لە نێوان حەوت ملیۆن و نیو تاوەکو دە ملیۆن دۆلار تێچووی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە.
29/09/2014
پۆلیسی توركیا لەسەر سنوور رێگە لە گەنجانی باكووری كوردستان دەگرێت كە بچنە دەڤەری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ دژی داعش .
بەپێی هەندێ ئامار ئەو گەنجانەی لە باكووری كوردستانەوە چوونە رۆژئاوای كوردستان تائێستا ژمارەیان دەگاتە 1800 كەس ، بۆ بەرگریكردن لە شاری كۆبانێ و وەرگرتنەوەی 65 گوند لەو دەڤەرە كە ئێستا لە دەستی داعشدان .
هەروەها بەپێی لێدوانی سەربازێكی تورك بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ لەسەر سنووری نێوان باكوور (توركیا) و رۆژئاوای كوردستان (سووریا) ، تائێستا نزیكەی 400 گەنج و پیاوی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە بۆ كۆبانێ بۆ شەڕكردن دژی داعش .
لەماوەی 14 رۆژی رابردوودا 138 هەزار كورد لەشاری كۆبانێوە چوونە باكووری كوردستان ، دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە
29/9/2014
شەڕێكی بەهێز لەنێوان پەكەكە و چەكدارانی داعش لەچەند ناوچەیەكی قەزای شنگال دەستی پێكردووە و كوژراوێكی زۆری داعش هەیە، هاوكات هێزێكی زۆری داعش لەناو شەنگال كۆكراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوەیەك كە بۆ خەندانی ئاشكرا كردووە، لەگوندی زوراڤا و هیلۆکۆ و دووگوڕێ سەر بەناحیەی سنوونێ شەڕێكی قورس هەیە.
سەرچاوەكە وتی: "لەئێستادا هێزێكی زۆری چەكدارانی داعش لەناو قەزای شنگال كۆكراونەتەوە و چەكی قورسیشیان پێیە".
وتیشی: "هێزەكانی پەكەكە شەهیدیان هەیە و كوژراوێكی زۆریش لەریزەكانی داعش هەن".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەكینەكانی پاراستنی شەنگالیش هاوكاریی هێزەكانی پەكەكە دەكەن و دەجەنگن.
28/09/2014
باراك ئۆمابا، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت، كە لەماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریادا، دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشیان بە كەم زانیوە.
ئۆباما لە دیدارێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CBS پشتڕاستی قسەیەكی جەیمس كلاپەر، بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەمریكای كردەوە كە گوتبووی: "ئیرادە و توانای سوپای عێراقمان لەچاوی خۆمان گەورە كردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش". ئۆباما گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە".
ئۆباما پێیوایە كە داعش تەنیا رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە و لەبارەی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق لە ساڵی 2011 گوتی: "دیموكراسییەتێكی خراپ و سوپایەكی پڕچەككراومان بەجێهێشت كە دەتوانێ رێگای خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەم دەرفەتە لەلایەن نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە قۆسترایەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی شیعە".
لەبارەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق ئۆباما دەڵێ: "تاوەكو ئێستا ئاماژەی باشی هەن، بەڵام ئێمە ئەمە بە ناوی ئەوانەوە ناكەین، چونكە ئەمە تەنیا كێشەیەكی سەربازی نییە، بەڵكو كێشەیەكی سیاسیشە".
بەشێكی دیكە لە قسەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باسكردن بوو لە داعش و رژێمی سووریا، ئەو گوتی: "داعش لەلایەكەوە لەگەڵ رژێمی سووریا و لەلایەكی دیكەشەوە لە دژی شەڕ دەكات". ئۆباما گوتی: "لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەددا ناتوانین سەقامگیری بۆ سووریا بەدیبهێنین، بۆ ئەوەی سووریا بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، نابێ ئەسەد بە درێژایی ئەو ماوەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەمریكا لەم قۆناخەدا لێدان لە داعش بە گرنگتر دەزانێت؟ ئۆباما گوتی: "ئەمانە هەموویان پەیوەندییان بەیەكترییەوە هەیە، بەڵام ئێستا هەڕەشەی خێراتر هەیە كە پێیەوە سەرقاڵ ببین".
ئۆباما رەتیكردەوە، ئەم شەڕە شەڕی داعش بێت لەگەڵ ئەمریكا و جارێكیتر دووپاتیكردەوە كە هاوشێوەی ئەفغانستان و عێراق هیچ ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی ئەنجام نادەن.
29/9/2014