5 پیاو بە تۆمەتی رفاندن و ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی بەكۆمەڵ بۆ سەر چوار ژن، بە ئامادەبوونی چوار ژنەكە لە سێدارەدران.
23ـی ئابی ئەمساڵ، لە كاتێكدا چوار ژن بە ئۆتۆمبێلەكەیانەوە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیری بەرەو كابوولی پایتەختی ئەفغانستان دەگەڕانەوە، 7 پیاوی چەكدار كە جلوبەرگی پۆلیسیان پۆشیبوو، رفاندیانن و بە كۆمەڵ دەستدرێژی سێكسییان كردە سەر هەر چوار ژنەكە.
دواتر پیاوەكان دەستگیركران و دادگایكران، دادگای باڵای وڵات بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پێنج لە تاوانبارەكان دەركرد و دوو كەسەكەی دیكەشی هەر یەكەیان بە 20 ساڵ زیندانی حوكم دا.
ئەم كەیسە بووە مایەی توڕەبوونێكی بێشووماری هاووڵاتیانی ئەفغانستان، كە داوای لەسێدارەدانی ئاشكرای تاوانبارانیان دەكرد.
رۆژی چوارشەممە لە گرتووخانەی بول ئایی شركی، كە لە دەوروبەری كابوولە، پێنج تاوانبارەكە بەبەرچاوی ئەو ژنانەی كە دەستدرێژییان كردبووە سەریان، سزای لەسێدارەدانەكەیان بەسەردا جێبەجێكرا.
9/10/2014
چوار رۆژ دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆی بەریتانیا لەسەر کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، یەکێتی ئەوروپایش گەمارۆکانی لەسەر ئەو کۆمپانیایە هەڵوەشاندەوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی هیچ داواکارییەک بۆ پێداچوونەوەی بڕیاری دادگای ئەوروپا.
راوین چاندرا سێ کێرا، پارێزەری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە دوای بڕیاری دادگای یەکێتی ئەوروپا بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی لەسەر ئێران ، تاوەکو ئێستا ئەوروپا هیچ داواکارییەکی بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەکە پێشکەش نەکردووە، بۆیە گەمارۆکانی سەر کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران هەڵوەشانەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا بەرپرسێکی رەسمی یەکێتی ئەوروپا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە هەرچەند داواکاری بۆ پێداچوونەوەی بڕیاری دادگا وادەی بەسەرچووە، بەڵام هەوڵی پێویست لە ئارادان بۆ ئەوەی ناوی ئەو کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆکاندا بمێنێتەوە.
دادگای یەکێتی ئەوروپا کە ناوەندەکەی لە لوکسمبۆرگە رایگەیاند کە لە چەند بوارێکدا گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر چەند دامەزراوە و کەسی ئێرانی، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست هەڵدەوەشێنێتەەوە.
8/10/2014
سەرۆكی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ئەنجوومەنی شورای ئەو وڵاتە بەتووندی هێرشیكردە سەر توركیا و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە توركیا هەر دەستتێوەرەدانێك لە عێراق و سووریا ئەنجامبدات، باجی گەورە دەدات.
حەقیقەت پوور لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی،" ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی نەتەوەیی توركیا بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی لە دەرەوەی توركیا هەڵەیەكی ستراتیژییە و خۆی دەخزێنێتە نێو كێڵگەیەكی مین". پوور گوتیشی،" هەر دەستوەردانێكی توركیا لە عێراق و سووریا باجی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بەدواوە دەبێت".
پەرلەمانی توركیا پێنجشەممەی رابردوو پڕۆژەیاسایەكی پەسندكرد. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە توركیا رێگە دەدات بنكە سەربازییەكانی بۆ ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەكاربهێندرێن و هەروەها رێگەش دەدات كردەی سەربازی لە عێراق و سووریا ئەنجامبدات.
8/10/2014
ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی کوردی باکووری کوردستان، کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی هەڵوێستی تورکیا لەبەرامبەر پشتیوانی نەکردنی کۆبانێ رژابوونە سەر شەقامەکان گەیشتە 14 کەس.
سەر لە بهیانی ئەمڕۆ چوارشهممه، کوژرانی پێنج کهس له شاری ئامەدی باکووری کوردستان راگەیاندرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە پەیامنێرانی رووداو لە باکووری کوردستان گەیشتوون "5 خۆپیشاندەر لە ئامەد و پاش نێوهڕۆی دوێنێ سێ شەممەش 3 خۆپیشاندەر لە ماردین، 2 خۆپیشاندەر لە سێرت و خۆپیشادەرێکیش لە مووش کوژراون، کە زۆربەیان لە پێکدادان لەگەڵ ئەندامانی پارتە رکابەرە سیاسییەکانیان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون".
بە هۆی ئەو بارودۆخەوە لە هەکاری، وان ، ماردین و چهند شاری دیکەی باکووری کوردستان زانکۆکان و فێرگهکان بۆ ماوەی 3 رۆژ دادەخرێن.
تورکیا وێڕای قەدەغەکردنی هاتووچۆ، لەسەر زاری ئافکان ئالا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، داوای ئارامی کرد و رایگەیاند " کێشەکان بە تووندوتیژی چارەسەر نابن"، داواشیکرد "ئەو کردەوانە، کە بە نائەقڵانی وەسفیکردن بووەستێندرێن".
8/10/2014
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رێگە نادەین کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش
کەناڵێ سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیدارەی واشنتنەوە گواستییەوە کە کەوتنی کۆبانێ خەمێکی گەورە نییە بۆ ئەوان.
کەناڵەکە دەڵێ کۆمەڵێک بەرپرسی ئیدارەی ئۆباما رایانگەیاندووە کە کەوتنی کۆبانێ خەمێکی گەورە نییە بۆ ئەوان، کاری ئەوان تەنیا لێدانە لە بەرپرسانی داعش و لەناو بردنیان.
ئەو بەرپرسانە کە کەناڵەکە ناوی نەهێناون گوتوشیانە کە کاری ئەوان نییە شار بە شاری سووریا بپارێزن.
ئەمەش لە کاتێکدا لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە کە شەڕی کۆبانێ ترسناکە و ئەمریکا رێگە نادات کۆبانێ بکەوێتە دەستی چەکدارانی گروپی داعش.
جەین ساکی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
" شەڕی کۆبانێ لە نێوان چەکدارانی داعش شەڕڤانانی بەرگریکار لە شارەکە ترسناکە، کەس نایەوێ کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش و ئەمریکا رێگە نادات کۆبانێ بکەوێتە دەستی چەکدارانی توندڕەوی گروپی داعش".
جەین ساکی گوتیشی "تورکیا رۆڵی خۆی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دیاری دەکات و گفتوگۆکان لەمبارەوە بەردەوامە و بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئەو پرسە کراوەن، و جۆن ئالن، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و جێگرەکەی ئەم هەفتەیە سەردانی تورکیا دەکەن بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان".
هاوکات بەپێی سەرچاوەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و روانگەی مافی مرۆڤی بەرهەڵستکار لە سووریا چەکدارانی داعش ئێستا چەند گەرەکێکی شاری کۆبانێیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام هێشتا شەڕوپێکدادان لە نێوان چەکدارانی داعش و شەڕڤانانی یەپەگە لە کۆبانێ بەردەوامە.
8/10/2014
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێك لەسەر رەوشی كۆبانێ بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیێنێت،" بارزانی داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكات هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش".
هەروەها د. فواد حوسێن دەڵێت،" بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە".جەختیشدەكاتەوە،" لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانێ تێیكەوتووە، سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان".
لێدوانێك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی كۆبانێ
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای هەڕەشە و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ، پاڵپشتی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بووە و سەرۆك بارزانی زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانێ كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانێ لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانێ بە نەفیرعام لەدژی گەلی كورد وەسف كرد.
پاش ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. سەرۆك بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە.
لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانێ تێیكەوتووە سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان.
د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7ـی ئۆكتۆبەری 2014
ئهمڕۆ 7-10-2014 بهشی ههواڵی نوسینگهی مهكتهب له تاران رایگهیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای رهخنهگرتن له بێدهنگی كۆمهڵگای نێودهوڵهتی له ئاست مهترسییهكانی سهر كۆبانی، ئامادهیی نیشاندا بهزترین كات یارمهتی بۆ كۆبانی له رێی وڵاتی سوریاوه رهوانه بكات.
وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی كۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای رهخنهگرتن له بێدهنگی كۆمهڵگای نێودهوڵهتی له ئاست كۆبانی رایگهیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران له زووترین كاتدا یارمهتییهكانی خۆی بۆ خهڵكی ئهو ناوچهیه له رێگای حكومهتی سوریاوه رهوانه دهكات.
ئهمهش وێڕای هۆشداریدان سهبارهت به ئهگهری روودانی كارهساتی مرۆیی له كۆبانی رایگهیاند: پێویسته پشتیوانی له خهڵكی كۆبانی بكرێت و له زووترین كاتیشدا یارمهتی پێویستیان بۆ بنێردرێت.
وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی كۆماری ئیسلامی ئێران جهختیكردهوه: به زوویی یارمهتییه مرۆییهكانی خۆی رهوانی كۆبانی دهكات.
PUKmedia نوسینگهی مهكتهب له تاران
7/10/2014
بهرخۆدانی كۆبانی، گهیشته ڕۆژی 23ههم و چهكدارانی داعش له قۆڵی خۆرههڵاتهوه، گهیشتوونهته كۆبانی و له قۆڵهكانی دیكهشهوه له دهروازهكانی شار، نزیكبوونهتهوه و له ئێستادا شهڕی كۆڵان به كۆڵان دهستیپێكردوه.
له بهرچاوی ههموو جیهان به گشتی و ئهمریكا و 60 هاوپهیمانی به تایبهتی، له كاتێكدا سوپایهكی زهبهلاحی توركیا تهنها چهند كیلۆمهترێك له شاری كۆبانی دووره، چهكدارانی داعش، ماوهی 23 ڕۆژه شهڕێكی نابهرابهریان بۆ سهر شاری كۆبانی، دهستپێكردوه و له كاتێكدا شهڕڤانانی یهپهگه به كهمترین ئیمكانی چهك و تهقهمهنییهوه ئازایانه بهرخۆدان دهكهن، بهڵام به هۆی ئهوهی تیرۆریستانی داعش، به پێشكهوتووترین چهك و تهقهمهنی تهیاركراون، له پێشڕهویدانو له گهڕهكهكانی ناوچهی پیشهسازی و مهقتهل جهدیده و كانی ئارابانی، شهڕێكی كۆڵان به كۆڵانی سهخت له ئارادایه و له ماوهی 24 كاتژمێری ڕابردوودا گهریلاكانی یهپهگه، دهیان چهكداری داعشیان كوشتوه و داواشیان له سهرجهم دانیشتوانی مهدهنی كردوه، شارهكه بهجێبهێڵن.
به گوێرهی زانیارییهكان، ههزاران هاوڵاتی له كۆبانییهوه بهرهو سنوورهكانی توركیا بهڕێوهن و سوپای توركیاش به تهواوهتی سنوورهكانی قایم كردوه و رێگری له هاتوچۆی هاوڵاتییانی كورد له سنورهكان دهكات.
هاوكات، وتهبێژی بانكیمۆنی سكرتێری گشتیی نهتهوهیهكگرتوهكان، له بهیاننامهیهكدا دهڵێت: بانكیمون داوا له وڵاتانی ئهندامی نهتهوهیهكگرتوهكان دهكات، پشتیوانیی كۆبانی بكهنو لهو پهلاماره وهحشییانهی داعش بۆ سهر شارهكه ئهنجامی دهدات، بیپارێزن، ههر ئهمڕۆش فڕۆكهكانی هاوپهیمانان بهسهر ئاسمانی كۆبانیدا سوڕاونهتهوهو له چهند ناوچهیهك، داعشیان بۆردومان كردوه.
07/10/2014
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژ بۆ ئانکارا مۆلەت دەدات بۆ مەبەستی هەنگاونان لە پرۆسەی ئاشتی و دەڵێت،" پێویستە تا15/10/2014 کار بەو یاسایانە بکەن کە خۆیان دەریانکردوون".
ئەمڕۆ دووشەممە 6 /10/2014، محەممەد ئۆجەلان سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ی کرد لە دورگەی ئیمراڵی. سەردانەکەی محەممەد ئۆجەلان بۆ راوێژبوو بە براکەی بۆ دیاریکردنی شوێنی ناشتنی حەوا کەسەری خوشکیان کە گیانی لەدەستداوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بەو بابەتە خێزانی حەوا کەسەری سەرپشککرد، بەڵام دوو پەیامی سیاسی لە رێگەی براکەیەوە بە رایگشتی گەیاندن، یەکەمیان سەبارەت بە کۆبانێ و ئەوی دیکەش لەسەر پرۆسەی ئاشتی.
ئۆجەلان لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەڵێت،" پێویستە دەوڵەت کار بەو یاسایانە بکات کە خۆی دەریکردوون، چەند ساڵە رێگە بە پارێزەرەکانمان نادرێت بێن بۆ سەردانمان، ئەمە چ پرۆسەیەکی چارەسەری پی دەگوترێت؟ تاوەكو 15-10-2014 چاوەڕێ دەکەین".
بە پێی لێدوانەکانی محەممەد ئۆجەلان، سەبارەت بە کۆبانێش عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتوویەتی،" لە هەر شوێنێک کوردێک بمێنێت، بەرگری بەردەوام دەبێت. هەر وڵات، لایەن یان کەسایەتییەکیش هاوکاری داعش بکات، سبەی رۆژ ئەو رێکخراوە دەبێت بە کێشە بۆی".
7/10/2014
میدیاكانی جییان لە راپۆرتەكانیاندا سەبارەت بە رەوشی كۆبانی باس لە دەستپێكردنی جەنگی شەقام لە كۆبانێ دەكەن و هەندێكیان باس لە ئەگەری كەوتنەوەی كارەساتێكی مرۆیی دەكەن، ئەگەر بە زووترین كات هاوكارییان پێنەگات، بەڵام رۆژنامەكانی ئەمریكا تا رادەیەك رەوشی ئەو ناوچەیەیان فەرامۆش كردووە.
رۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانی سەبارەت بە رەوشی كۆبانێ و بەرگریكردنی شەڕڤانانی كورد لەو شارە، ئاماژەی بەوە كردووە، کە ئەركی كورد بە تەواوەتی قورس بووە و جەنگێكی قورس لەناو كۆبانێدا بەردەوامیی هەیە، چونكە چەكدارانی داعش چوونەتە ناو شارەكە و جەنگی شەقام دەستی پێكردووە. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەش كردووە، لە بەشی رۆژهەڵاتی كۆبانێ جەنگ لەنێو باڵەخانە و شەقامەكاندا بە قورسی بەردەوامە و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە جەنگێكی تەواو قورسدا رووبەڕووی چەكدارانی داعش دەبنەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە هەمان شێوە ئاماژە بە دەستپێکردنی شەڕی شەقام دەكات و نووسیویەتی، لەگەڵ چوونە ناوەوەی شاری كۆبانێدا لەلایەن داعشەوە، كورد شارەكەیان چۆڵ نەكردووە و بەهەموو جۆرێك بەرگری دەكەن.
بەپی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، داعش نزیكەی 300 مەتر لەناو شاری كۆبانێیە، بەڵام بەرگریكردنی كورد لەو شارە تا ئێستا توانیویەتی رێگە لە پێشڕەوی زیاتری داعش بگرێت و نەهێڵێ چەکدارانی داعش بەرەو سەنتەری شارەكە بڕۆن.
عیسمەت شێخ، سەركردەی هێزی بەرگریكردن لە كۆبانێ بە ئاژاسنی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كە شەڕڤانانی كورد بەهیچ جۆرێك كۆبانێ چۆڵ ناكەن، تاوەکو ئەوكاتەی دەكوژرێن یان جەنگەكە دەبەنەوە.
ئەو سەركردەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هەموو جیهان تەنها تەماشای رەوشی كۆبانێ دەكات بەبێ ئەوەی هیچ هاوكارییەك بگەیەنرێتە خەڵكی ئەو شارە و ئەو شەڕڤانانەی كە بەرگری لێدەكەن، بەڵام دووپاتی كردەوە، بەو چەكە سوكانەی لەبەردەستیاندایە، جەنگی خۆیان دەكەن.
هەر سەبارەت بە رەوشی كۆبانێ، ئاژانسی بی بی سی بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەكات، ئێستا خەڵكی کۆبانێ، شارەكە بۆ جەنگی شەقامی نێوان شەڕڤانانی كورد و چەكدارانی داعش چۆڵ دەكەن.
ئەو ئاژانسە باس لەوەش دەكات، کە كۆبانی لە سێ لاوە گەماردراوە و ئەگەر هاوكاری نێودەولەتی بەو شارە نەگات، لە ماوەیەكی نزیكدا دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی داعشەوە، چونكە سەرەرای بەگریكردنی شەڕڤانان، بەڵام بەهۆی نەبوونی چەكی قورسەوە، ناتوانن ماوەیەكی زۆر خۆیان رابگرن، بە تایبەت كە ماوەی سێ هەفتەیە ئەو شارە گەمارۆدراوە و شەڕڤانانیش لە بەرگریدان.
ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوزی ئوستوڕالی لە راپۆرتێکیدا لەو بارەیەوە نووسیویەتی، كورد تا ئیستا توانیویەتی بەرگری لە هێرشەكانی داعش بكات، لەكاتێكدا هێشتا ترسی ئەوە هەیە كارەساتێكی مرۆیی لەو ناوچەیەش رووبدات، چونكە هێرشی ئاسمانی نەیتوانیوە رێگە لە پەلامارەكانی داعش بگرێت، ئەوەی بەرگری دەكات تەنها شەڕڤانانی كوردن.
ئەوەی تا ئێستا بووەتە جێگای پرسیار، بێدەنگی رۆژنامە بەناوبانگەكانی ئەمریكایە وەك نیۆیۆرك تایمز و واشنتن پۆست و رۆژنامەکانی دیكەی ئەو وڵاتە، كە تا ئیستا رەوشی كۆبانێیان فەرامۆش كردووە.
بەڵام ئاژانسی سی ئێن لە راپۆرتەكانی خۆیدا ئەوەی روونكردووەتەوە، كە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر داعش لەو ناوچەیە كاریگەری لەسەر پیشڕەوەییەكانی داعش نەبووە و سەرەرای هێرشەكان، ئەوان لە گەمارۆدانی كۆبانێ و پەلاماردانی بەردەوامن.
7/10/2014
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، یەگانە ساڵحی، هاوسەری جەیسۆنی رەزاییان، پەیامنێری رۆژنامەی واشنتن پۆست، دوای دوو مانگ و نیو بە کەفالەت لە زیندان ئازادکرا.
ئێران تا ئێستا ئاشکرای نەکردووە ئەو ژن و مێردە رۆژنامەنووسە بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون، یەگانە ساڵحی پەیامنێری رۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتییە و جەیسۆنی هاوسەری هاووڵاتی ئەمریکایە و بە رەگەز ئێرانییە .
واشنتن پۆست و رۆژنامەی ناشناڵ لە زارى عەلی برای جەیسۆنەوە بڵاویان کردووەتەوە کە یەگانە ساڵحی هەفتەی رابردوو ئازادکراوە، بەڵام جەیسۆنی هاوسەری هێشتا لە زیندانە. دەگوترێت هەر دوو رۆژنامەنووسەكە باری تەندروستیان جێگیرە.
داگلاس جێل، بەرپرسی بەشی نێودەوڵەتی واشنتن پۆست داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە جەیسۆن رەزاییان ئازادبکەن. داگلاس جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەبوایە جەیسۆن زۆر زووتر ئازاد بکرایە و پێویستە ئەو ژن و مێردە رۆژنامەنووسە رێگایان پێبدرێت لە ئێران دەربازبن.
7/10/2014
ئەم بابەتە رۆژانەیەو پوختەی گرنگترین وتارەكانی نێو رۆژنامە كوردی، عەرەبی و جیهانییەكان دەخەینە بەردەستی خوێنەران.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی عەرەبی بابەتێکی لەژێر ناونیشانی " جەنگ کۆتایی نایەت" بلاوکردووەتەوە، کە لەلایەن باسم ئەلجسرەوە نوسراوە وتییدا باس لەو جەنگە دەکات لە عێراق و سووریا بەردەوامی هەیە و پێی وایە ئەو جەنگە بووەتە پرسیاری هەمووان کە داخۆ کەی و چۆن و لەکوێدا کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەم پرسیارانە وەڵامداناوەیان زەحمەتە و جەنگەکە رۆژ بەرۆژ پێدەنێتە قۆناخێکی دیکەی دژاوارتر لە قۆناخی پێش خۆی.
بەبڕوای نووسەر کەس ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە دەیانەوێت بزانین، رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوە لەکوێدا دەبێت و کەی ئەو گۆڕەپانەی کۆتایی جەنگ دروست دەبێت و بە بەرژەوەندی کێ کۆتایی دێت، چونکە جەنگەکە بە تەنها لە عێراق و سووریا کۆتایی نایەت، ئەوەتا یەمەن و لیبیاش بە هەمان شیوە بەرەو جەنگێکی درێژخایەن و خوێناوی دەچن.
ئەمە جگە لەوەی بەرپرسانی ئەمریکی دانیان بەوەداناوە کە جەنگی دژ بە تیرۆر چەند ساڵێک دەخایەنێت، لە هەمان کاتیشدا گرووپە توندڕەوەکان بەردەوام لە زیادبوون و بەهێزبووندان و بێ ئەوە سەرچاوەکانیان ئاشکرا بکرێن بەردەوام چەک و هاوکارییی زیاتریان پێدەگات.
نووسەر دەشڵێت ئەو جەنگەی دژ بە داعش لە سووریا و عێراق راگەیەندراوە، جەنگێکی نامۆیە و مێژوو بەخۆیەوە نەدیووە، بە تایبەت کە وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەشداری تێدا دەکەن و لەناو ئەو هاوپایەمانێتییە و لایەنە بەرامبەرەکانیشدا چەندین کێشەی ئیقلیمی، ئاینیی و تایفی بوونیان هەیە، وەک کیشەکانی سوونە و شیعە، عەرەب و جوولەکە و هەروەها خەونی هەژموونی ئێرانی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەمانە کێشەی جیددیین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە ئاسانی یەکلایی ناکرێنەوە.
رۆژنامەی گاردیان
داعش هەموومانی رووبەڕووی خۆی کردووەتەوە، ناونیشانی بابەتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانییە و باس لەو جۆرە پروپاگەندەی داعش دەکات کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی و ئەو وێنانەی باس لە تاوانەکانی خۆیان دەکەن و وەک سەرکەوتن نیشانی دەدەن، وایکردووە هەموو جیهان پشتیوانی لە جەنگێکی لەو جۆرە دژ بە داعش و تۆپبارانکردن بکات.
ئەو بابەتە لەلایەن ئۆین جۆنز نووسەری تایبەتی رۆژنامەکەوە نوسراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات داعش چووەتە هەر شارێک، هێندە تاوانی ئەنجام داوە، تا ئەو شارە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی هەڵاتوون و و بۆ ئەمەش شاری لەتیفییەی بە نموونە هێناوەتەوە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ٢٠٠ هەزارەوە بووەتە تەنها ٥٠ هەزار کەس، کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپەدا ژیان بەسەر دەبەن.
بەبڕوای ئەو نووسەرە، کارەکانی داعش وایکردووە، میدیاکانی جیهانیش بە ئاشکرا پشتیوانی لە جەنگ بکەن و تۆپبارانکردنی ئەو گرووپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە ببێت بە شتێک کە هەمووان چاوەڕێی فراوانبوونی دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا راگەیاندنە جیاوازەکانی داعش بۆچوونێکی دیکەی لای خەڵک دروست کردووە، کە دەڵێت ئەو گرووپە بە هێرشی ئاسمانی تێک ناشکێن، بەڵکو دەبێت بە هێزی زەمینی رووبەڕوویان ببنەوە.
رۆژنامەی تەلەگراف
بۆچی ئۆباما بە هاوکاریکردنی بەریتانیا لە دژ داعش دڵخۆشە... ئەمە ناونیشانی بابەتێکی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانییە، کە لەلایەن تۆم ریگان نووسەر و رۆژنامەنووسی ئەمریکییەوە نوسراوە و لە دوایین ژمارەی ئەو رۆژنامەیەدا بڵاوکراوەتەوە.
ریگان لەو نووسینەیدا باس لەوە دەکات کە بەشداریکردنی بەریتانیا لە هێرشی ئاسمانیدا بۆ سەر داعش، لەلایەن ئیدارەکەی باراک ئۆباماوە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و ئەمریکا لێرەوە هەست بە بوونی پشتیوانییەکی گەورە دەکات، چونکە هەمیشە بەشداریکردنی بەریتانیا لە پرۆسە سەربازییەکانی ئەمریکا، بووەتە مایەی هاوکارییەکی گەورە بۆ ئەمریکا، هەروەها ئەمریکا بڕیارەکەی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی بەریتانیای بیر نەچووەتەوە کاتێک رازینەبوو بەریتانیا بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بکات ئەگەر بکرێنە سەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
بەبڕوای ریگان، پەیوەندیکردنی بەریتانیا بە هێرشەکانەوە کاریگەری لە هەر وڵاتێکی دیکە زیاترە و پایەکانی ئەو هاوپایەمانێتییە بەهێزتر دەکات کە دژ بە داعش پێکهێنراوە، هەروەها تەنها بەریتانیا لە چاو وڵاتە بەشداربووەکانی دیکەدا دەتوانێت کەمێک لە ئەرکی سەرشانی پینتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کەم بکاتەوە.
بەریتانیا دەشتوانێت تاکتیکی نوێی جەنگ لەو هێرشانەدا بەکاربهێنێت و هاوکاری وەزارەتی بەرگی ئەمریکا لە بەکارهێنانی تاکتیکی بەهێزتردا بکات، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنیوان هەردوو وەزارەتی بەرگی ئەمریکا و بەریتانیادا هەیە، جگە لەوەش پەیوەندییە ئەکادیمییە سەربازییەکانی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی سوننە مەزهەبەکاندا جارێکی دیکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هێرشەکانی سەر داعش دەکەوێتەوە.
رۆژنامەی واشینتۆن پۆست
ئێمە ئەگەر داعشیش تێکبشکێنین، هێشتا جەنگە گەورەکە دەدۆڕێنین، ئەمەش بابەتێکی رۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریکییە کە لە لایەن ئەندرۆ باسیڤیچ پسپۆڕ لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی دەستەی کاروباری نێودەوڵەتی وگشتییە لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکا، باس لەوە دەکات ئەگەر ئەمریکا و رۆژئاوا بتوانن لە جەنگی دژ بە داعشدا سەرکەوتووشببن، بەڵام هێشتا ناتوانن ببنە براوەی جەنگ.
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، جەنگ لە سووریا دەبێتە جەنگی چواردەهەمین کە هێزی سەربازی ئەمریکا لە جیهانی ئیسلامیدا بەشداری تێدا کردووە و هەندێکی داگیرکردووە و هەندێکیشی تۆپباران کردووە یان هێزی سەربازی تێدا بەکارهێناوە و ژمارەیەکی زۆر سەربازی لەو جەنگە جیاوازانەدا لەدەست داوە.
لەو جەنگانش، ئێران کە لە ساڵانی هەشتاکاندا سێ جار بەشداری کردووە، لیبیا، سێ جار لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو و دوایین جاریش لە ٢٠١١، لوبنان لە ساڵی ١٩٨٣ و کوەیت لە ١٩٩١ و عێراق لە سالانی ٩١ و ٢٠٠٣ و ٢٠١٤، ئەمە جگە لە وڵاتانی ئەفغانستان، سۆماڵ، سودان، یەمەن، پاکستان و دوایین وڵاتیش سووریایە.
بەبڕوای ئەو، چواردەهەمین جەنگ، کە جەنگی سووریا بوو، ئێستا بەهۆی ئاڵوودەبوونی بە جەنگی داعشەوە، خەریکە جەنگی سووریا دژ بە بەشار ئەسەد دەدۆڕێنێت و تەنانەت ئەگەر داعش لەو ناوچەیەش تێکبشکێت، ئەوا جەنگی دژ بە بەشار ئەسەد تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت.
rudaw
6/10/2014
حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند ئەگەر گەمارۆکانی سەر ئێران لابدرێن و ئەگەر هاتوو ئەو وڵاتە لەگەڵ رۆژئاوا رێککەوت، ئێران نابێت بە جێگرەوەیەک بۆ گازی رووسیا.
لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی 24 ی رووسیا، رووحانی رایگەیاند تەنانەت ئەگەر گەمارۆکانی سەر ئێران لادران، ئەو وڵاتە ئامادە نییە جێگای رووسیا لە هەناردەکردنی گاز بە وڵاتە ئەوروپییەکان بگرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا مانگی رابردوو رایگەیاند ئەگەر هاتوو ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ یەکتری رێککەوتن، ئەوروپا گازی سرووشتی لە ئێران دەکڕێت.
رووحانی بە تەلەفزیۆنی 24 ی رووسیای راگەیاند، ئێران گەورەترین یەدەکی گازی جیهانی هەیە، بەڵام ئێستا ژێرخانی هەناردەکردنی گازی ئەو وڵاتە ئامادە نییە و سەرەتا دەبێت پێویستی ناوخۆ پڕبکرێتەوە.
رووحانی هەروەها رایگەیاند لە وەرزی زستاندا تووشی کەمی گاز دەبنەوە، بەڵام لە باشوور و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەو وڵاتە کڕیاری زۆر هەیە کە داوای کڕینی گازمان لێدەکەن.
ئیران و رووسیا خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی گازی سرووشتی جیهانن.
6/10/2014
دۆكیومێنتێكی نهێنی، كە لەلایەن سەركردەیەكی باڵا لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـەوە ئامادەكراوە، ئەوە ئاشكرا دەكات، كە رێكخراوەكە خوازیاری بەدەستكەوتنی نێهنییەكانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیە.
ئەو دۆكیومێنتەی دەست رۆژنامەی "سەندەی تایمز"ی بەریتانی كەوتووەو لە ژمارەی رۆژی یەكشەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2014ـی رۆژنامەکە بڵاوكراوەتەوە، رێكخراوەكە داوای لە ئەندامەكانی كردووە، خۆیان ئامادە بكەن بۆ جەنگێك دژی ئێران بۆ بەدەستهێنانی نهێنییەكانی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
رۆژنامەكە ئاماژە بە دۆكیومێنتەكە دەدات، كە لەسەر كاغەزێكی كونكراو چاپكراوە و عەبدوڵڵا ئەحمەد مەشهەدانی كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جەنگی داعش، كە تەنیا لە 6 ئەندام پێكهاتوون، نامەكەی نووسیوە. ئەوەش ئاشكراكراوە كە ئەم دۆكیومێنتە لە ماڵی یەكێك لە سەركردەكانی داعش لەلایەن یەكەی تایبەت لە سوپای عێراق دەستكەوتووە.
مەشهەدانی لە دۆكیومێنتەكەدا كۆمەڵێك هەنگاوی داڕشتووە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئامانجەكە، گرنگترینیان كوشتنی دیپلۆماتە ئێرانییەكان و پیاوانی بازرگان و مامۆستایانە، لەگەڵ ئەمانەشدا داوا لە ئەندامانی رێكخراوەكە دەكات هەڵبستن بە كوشتنی سەركردەكانی سوپای عێراقی و بەرپرسانی شیعەو ئێرانییەكان و ئەندامانی میلیشیا شیعییەكان، ئەوانەی شانبەشانی حكومەت دەجەنگن.
لە دۆكیومێنتەكەدا بوونیادنانی كەناڵێكی نوێی ئاویی پێشنیازكراوە، كە درێژ ببێتەوە لەگەڵ كەناڵی پەنەما بۆ دروستكردنی رێڕەوێك، كە لەڕێگەیەوە بارهەڵگرە نەوتییەكان پێیدا تێپەڕ ببن لەبڕی گەرووی هورمز، كە دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆلی ئێران.
مەشهەدانی پێشنیازی ئەوەشی كردووە، كە چەند دوورگەیەك لە یەمەن و دوورگەی قەمەڕ لە زەریای هیندی بكڕن، بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی دوور لە وڵاتانی عەرەبی.
رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمنی بەریتانی ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، كە دەزگا ئەمنییەكان زۆر لەمێژە ئاگاداری ئەوەن، كە رێكخراوەكە خوازیاری بەدەستهێنانی چەكی كیمیاوی و ئەتۆمییە، بەڵام دەزگا ئەمنییەكان لە هەوڵی لێكۆڵینەوەن لەسەر دۆكیومێنتەكە بۆ ئەوەی رێگەیەك بدۆزنەوە كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بكەن.
06/10/2014
ئێستا شەڕێكی سەخت لە نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و چەكدارانی داعش لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەدەچێت، رەنگین شەرۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداویش لە كۆبانێ دەڵێت فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر ئاسمانی ئەو شارەدا دەسوڕێنەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەكەمی 2014 لە رۆژهەڵاتی كۆبانێ چەكدارانی داعش چوونە نێو شارەكە و ئاڵای گرووپەكەیان لە گەڕەكێكی كۆبانێ هەڵكرد، دواتریش شەڕی كۆڵان بە كۆڵان لە نێوان هەردوولا دەستیپێكرد. سەبارەت بە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان بۆسەر چەكدارانی داعش لە دەوروبەری كۆبانێ، جەین ساكی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە نزیكەوە چاودێری رەوشی كۆبانێ دەكەین و لە 24 كاژێری رابردوودا لە نزیك كۆبانێ هێرشێكی ئاسمانیمان كردووەتە سەر كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی داعش. ماوەی سێ هەفتەیە چەكدارانی داعش هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن تاوەكو لە هەرسێ دیوی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشوورەوە بچنە ناو كۆبانێ، بەڵام وەك سەرچاوەكانی هەواڵی نێو ئەو شارە باسیدەكەن، شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و گەنجانی كۆبانێ بەرگرییەكی بەهێز دەكەن و تا ئێستا زیانێكی زۆریان بە داعش گەیاندووە.
07/10/2014