سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێ دەبێ كورد خۆی یەكلابكاتەوە بەوەی ئایا لەگەڵ عێراقە یان نا، بۆ ئەوەش داوای بەڵێنی كرداری دەكات.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەمیانی هەڤپەیڤینێكدا بۆ كەناڵی حوڕەی عێراق گوتی:" دەبێت كورد بڕیاری چارەنوسساز بدات و هەماهەنگی زیاتر هەبێت لە نێوانمان و وەك شەریكێك بەشداربێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق".
گوتیشی: "ئەوان لامەركەزییەتی خۆیان هەیە لە بڕیاردانی نێوخۆیی، بەڵام دەبێت حكومەتێكی ئیتحادی هەبێت".
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و ناوی وەزیرەكانی ناوخۆ و بەرگری ئاشكرا دەكات. سەبارەت بە كاندیدكردنی هادی عامری بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، عەبادی هیچ كۆمێنتێكی نەبوو و گوتی: "ناوەكان ئاشكرا دەكەم".
سەبارەت بە وەستانی هێرشی ئاسمانیی لە ناوچەكانی ئەنبار، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "توانای هێزی ئاسمانیی عێراق دیاریكراوە و بەشێوەێكی تەندرووست و درووست نییە و ناتوانێ ئامانجەكانی بە باشی بپێكێت و دەبێتە هۆی كوژرانی خەڵكی سیڤیل".
عەبادی هەر لەمیانی هەڤپەیڤینەكەدا رەخنەی لە دەزگاكانی راگەیاندن گرت و گوتی: "عێراق خاوەن دەزگای راگەیاندن نییە و ئەوەی كە هەیە دەزگای سەربەخۆیە و كارەكانی چاودێری ناكرێت هەر بۆیە دەبێت دەزگایەكی چاودێری نێوخۆیی دابمەزرێت بۆ رێكخستنی كاری راگەیاندن".
12/10/2014
بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لەو شارە دەڕوانێت. بەڵام بەلای زۆر لە رۆژئاواییەكان و میدیاكانی جیهان، تاوەكو مانگێك پێش ئێستا ناوی كۆبانی نەبیستراو بوو. بۆیە كاتێك باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی راگەیاند، كۆبانێی وەكو ئامانجێكی ستراتیژی دانەنا. ئەمەش لە هەفتەی رابردوو جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەم راستییەی دركاند.
بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بەهۆی ئەو بەرگرییەی هێزەكانی پاراستنی گەل لە كۆبانی بەرامبەر بە داعش دەیكەن، كۆبانێ واتا و ئاماژەیەكی ستراتیژی سەربازی دەگەیێنێت. چونكە كەوتنی كۆبانی سەرەتایەكە بۆ شكستی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا.
لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانیا، شاشناك چوشی، رایگەیاند، کە "دروست نییە تەنیا بە كەوتنی شارێك حكوم لەسەر هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی بدەین، بەڵام متمانە بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زۆر لاواز دەبێت. خەڵكیش نیگەران دەبن لەوەی كە ئەمریكا ناتوانێت وەكو پێویست پیانپارێزێت".
لەبەرامبەردا دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ متمانەی بە توانا سەربازییەكانی بەهێزتر دەبێت و چاودەبڕێتە پەلاماردانی ناوچەكانی دیكەی سووریا و عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانێت ژمارەیەكی هێزی زیاتر جووڵە پێبكات و ئادیوی سنوورەكان بن. هەروەها داعش دەتوانێ كۆبانێ بكاتە پڕوپاگەندەیەكی بەهێز و بۆ خۆی بەكاریبهێنێت.
تاوەكو ئێستا هیچ سەركردەیەكی سەربازی و سیاسی داعش نەكوژراوە، بەشێک لە چاودێرانبیش ئەمەشوەك ئاماژەیەك بۆ ناكارایی هێرشە ئاسمانییەكان دایدەنێن.
تەنانەت ئەو وێنانە و ڤیدیۆیانەی، كە هاوپەیمانان بڵاویدەكەنەوە، كەس نازانێت شوناسی ئەو كەسانە چییە و چ لایەنێكن؟ تەنانەت چەند كەس كوژراون؟
جیف وایتە، لە پەیمانگای واشنتن پێیوایە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ كاریگەرییەكی سایكۆلۆژی هەیە "مۆڕاڵی چەكدارانی داعش بەرزتر دەبێت، لەبەرامبەریشدا نەیارانی داعش بێئومێد دەبن. داعش دەتوانێت بڵێت هێرشە ئاسمانییەكان كاریگەرییان لەسەر ئێمە نییە".
لە واشنتن فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا پێیانوایە، كە بەستنەوەی کەوتنی كۆبانێ بە هێرشە ئاسمانییەكانەوەە، تێنەگەیشتنە لە ستراتیژیەتی ئەمریكا.
سەرچاوەیەكی سەربازی ئەمریكا نەیویست ناوی ئاشكرا بێت، رایگەیاندووە، كە بەرگریكردنەكانی یەپەگە وایكردووە كە داعش هەموو توانا سەربازییەكانی خۆی بەگەڕبخات.
لەرووی سەربازی داعش باجێكی زۆریداوە. ئەگەر گوشارەكانی توركیا نەبێت یەپەگە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێكی سەرەكی ئەمریكا لە سووریادا.
دۆبنیز لە ناوەندی راند كۆربۆشین ئاماژە بەوە دەكات، کە كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ لەلایەن داعشەوە كاریگەری لەسەر ئەو خشتە زەمەنییەش دەبێت، كە ئۆباما بۆ ستراتیژیەتەكەی دایناوە.
12/10/2014
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێ بۆ رووبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی داعش تەنیا هێزی سەربازی پێویست نییە، بەڵكو دەبێ لەرووی كولتوور و هزریشەوە شەڕی داعش بكرێ. جەختیشدەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی سەربازیی زیاترە بۆ شەڕی داعش.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی ئۆكتۆبەری 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پۆڵ كۆكڵی بەرپرسی دەزگای خزمەتگوزاریی بەهاناوەچوونی كاتۆلیكیی ئەمریكی و شاندێكی یاوەری كرد. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران شاندەكە بۆ ئەوە هاتوون تا لە نزیكەوە رەوش و بارودۆخی ئاوارەكان ببینن و لە چۆنێتی كۆمەك و هاوكاریكردنیان بكۆڵنەوە و راستیی رەوشەكە و پێداویستیی ئاوارەكان بە لایەنە پەیوەندیدارە ئەمریكییەكان و كۆنگرێسمان و سیناتۆران بگەیەنن.
لەو دیدارەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانیش بە گشتی بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان دەكەن و ئەوەی لە توانای حكومەتدا هەیە، هاوكاریی هەمووان دەكات، بەڵام لەبەر زۆریی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران و بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، تواناكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سنووردارن و دەبێ عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاریی زیاتری ئەو خەڵكە بكەن و بەهانایانەوە بێن، بە تایبەتی كە زستان نزیكە و ئەمە بارودۆخە سەختتر دەكات".
بەپێی راگەیێندراوەكە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشانداوە كە هەندێ لە مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق هەوڵی جێهێشتنی زێد و وڵاتی خۆیان دەدەن و گوتوویەتی "مەسیحییەكان مێژوویەكی هەزاران ساڵەیان لە ناوچەكە هەیە و خەڵك و دانیشتوانانی رەسەنی كوردستان و ناوچەكەن، بۆیە دەبێ هاوكاری بكرێن و هان بدرێن بمێننەوە و روو لە دەرەوە نەكەن".
دەربارەی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی داعش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: "هەرێمی كوردستان شانازی بەوەوە دەكات لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژی داعشدایە".هەروەها دەڵێ "هەرێمی كوردستان پێویستی بەردەوامیی بە هاوكاریی سەربازیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت تیرۆر تێكبشكێنێت و لەناوی بەرێت".
ئاماژەی بەوەشكردووە "جەنگی دژی تیرۆر نابێ هەر تەنیا لە رێگەی سەربازییەوە بێت، بەڵكو دەبێ لەڕووی پەروەردەیی و هزری و كولتووریشەوە رووبەڕووی ببینەوە و بۆ ئەمە وڵاتانی ناوچەكە دەبێ رۆڵێكی دیار بگێڕن، چونكە ئەگەر مەسەلەكە بە جددی وەرنەگیرێت و كاری لەسەر نەكرێت، تیرۆر لەسەر هەموو لایەك دەبێتە مەترسییەكی گەورە".
11/10/2014
پاش چەند كاژێرێك لە لێدوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لەمیانی هەڤپەیڤینێك لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە عەرەبییەكان رایگەیاند باشووری كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند شەڕی دژی داعش لە هەموو پرسەكانی دیكە لە پێشترە و ئێمە پاڵپشتی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەین.
ئالن پاترسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"بەو لایەنە كوردییانە دەڵێم كە نیازی جیابوونەوەیان هەیە لە عێراق، شەڕی دژی داعش لە هەموو پرسەكانی دیكە لە پێشترە و ئەمریكا پاڵپشتی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات".
لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز، لە بارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ "ئەو پرسە و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و جیابوونەوەی لەعێراق ، هەروەها گشتپرسی لەكەركووك، گەڕانەوەیان بۆ نییە، بەڵام ئێستا ئەولەویەت شەڕی داعشە و دەبێت ئەو شەڕە بكەین پێش سەربەخۆیی".
بارزانی هەروەها دەشڵێت "پابەند دەبین بە هاوكاریكردنی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی ، سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا هەندێك ناكۆكی لە هەندێك بابەت لەنێوان هەردوولاماندا ماوە."
وەزیرانی كورد لە حكومەتی عێراق هێشتا دەستبەكار نەبوون و حكومەتی عێراق تا ئێستا مووچەی فەرمانبەران و بودجەی 8 مانگی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە.
11/10/2014
هەردوو سیناتۆری کۆماری لە ئەمریکا جۆن مەکێین و لینسی گراهام راگەیەندراوێک لەسەر رۆڵێ تورکیا لە سەر مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بڵاودەکەنەوە و دەڵێین سەڕەرای رەخنەکانمان لەهەندێک سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، بەڵام هاوڕاین لەگەڵ ئەردۆغان کە دەبێت ستراتیژییەک هەبێ بۆ نەمانی ئەسەد و داعش لەیەککاتدا.
هەردوو سیناتۆرەکە لە روونکردنەوەکەدا دەنووسن:” ئەو رەخنە زۆرانەی کە لە تورکیا دەگیرێ کە هاوکاری کۆبانێ ناکات مانای وانییە کە دەبێ ئەسەد و داعش بەیەکەوە لەناو ببرێن. ئێمەش باوەرمان وایە کە دەبێ تورکیا رۆڵێکی گەورەتر ببینێ لە جەنگ لە دژی داعش. هەروەها ئێمە نارەحەتین لەهەندێک سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی لەگەڵ ئیسرائیل و مامەڵەکانیان لەسەر سنووری سووریا”
هەروەها دەشنووسن:” لەگەڵ ئەمانەشدا هاوڕاین لەگەڵ ئەو قسانەی سەرۆک ئەردۆغان لەبارەی ئەوەی دەبێ ستراتیژییەکی نێودەوڵەتی هەبێ کە تەنیا بریتی نەبێ لەناوبردنی داعش بەڵکو کۆتایهێنانیش بێ بە دەسەڵاتی ئەسەد لە رێگەی دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین و هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا”
لەکۆتایدا دوو سیناتۆرەکەی کۆمارییەکان دەڵێن ئەگەر ئۆباما ئەو ستراتیژەیەی کە سەرکردەکانی تورکیا داوای دەکەن جێبەجێبکات ئەوا ئەمریکا دەتوانێ پشتیوانی گرنگی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەستبێنێ لەوانەش سوپای تورکیا کە گرنگە بۆ سەرکەوتن.
11/10/2014
دوای ئەوەی سعودیە نرخی نەوتی خۆی لە بازاڕەكانی جیهان دابەزاند، ئێرانیش نرخی نەوتی خاوی بۆ وڵاتانی ئاسیایی دابەزاند.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی و ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ بڵاویان كردووەتەوە، كە هەفتەی رابردوو وەزارەتی نەوتی ئێران نرخی نەوتی خاوی بە هەمان رادە دابەزاندووە، كە سعودیە بۆ کڕیارەكانی خۆی دەبەزاندبوو.
شارەزایەكی بواری وزە بە ئاژانسی هەواڵی ئەوروپای ئازادی راگەیاندووە، كە دابەزاندنی نرخی نەوت، دابەزینی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی لێ دەكەوێتەوە و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بەرنامە راگەیەنراوەكانی ئێران و كێشەی بۆ دروستدەكات.
پێشتریش بیژەن نامدار زەنگەنە ، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ئەوەی لە هەڵكشان و داكشانی نرخەكاندا دەبینرێت، واتای شەڕی دابەزاندنی نرخ نادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا شارەزایانی بوارەكە جەخت لەوە دەكەنەوە، كە دابەزاندنی نرخی نەوت لەلایەن ئەندامانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكەری نەوت (ئۆپێك)وە، هەر لە كەنداوی فارس - عەرەبەوە تا خۆرئاوای ئەفریقیا، گوزارشت لە شەڕی نرخ دەكات.
لە بازاڕەكانی جیهانش نرخی نەوتی خاو رووی لە دابەزین كردووە.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ هەروەها بڵاویكردووەتەوە، کە ئێران بۆ مانگی تشرینی دووەم، واتە كەمتر لە سێ هەفتەی دیكە، گەورەترین داشكاندنی نرخ دەكات بۆ کڕیارە ئاسیاییەكانی، بە جۆرێك كە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.
11/10/2014
وتارخوێنی نوێژی هەینی شاری مەشهەد، كە یەكێك لە گرنگترین شارە مەزهەبییەكانی ئێرانە رایگەیاند "ئامانجی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەوەیە، كە بە یارمەتی نۆكەری ئەڵقە لەگوێی خۆیان كە توركیایە، سووریا و عێراق داگیربكەن و لە ئەنجامدا ئێران بۆ پاراستنی ئەو دوو وڵاتە بڕواتە ئەو شەڕە و دواتر ئەوان بە ناردنی داعش بۆ ئێران ئاسایشی ئێران بخەنە مەترسییەوە".
ئایەتوڵڵا عەلەمولهودا، كە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیشە، ئامانجی هەموو ئەو رووداوانەی كە لە ناوچەكە روودەدات بۆ لێدانی ئێران دەزانێت و دەڵێت، "رەوتی كوفر بۆ لەنێوبردنی ئیسلام هەموو پیلانگێڕییە دەرەكییەکان دەگێڕێ و لە دەرەوەی سنوورەكانیش ئامانجیان ئەوەیە، بە لەنێوبردنی ئێمە، ئیسلام لە بەین ببەن."
عەلەمولهودا پرسیاری ئەوە لە وڵاتانی رۆژئاوایی دەكات، كە "لە كاتێكدا ئێوە دەڵێن هاوپەیمانانی ئێمە لە ناوچەكە ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان دروستكردووە، ئایا بەبێ رێگەپێدانی ئێوە دەیانتوانی داعش دروستبكەن؟ كە ئێستا ئێوە هاوپەیمانییەكتان لە دژی داعش دروستكردووە و دەتانەوێت شەڕی لەگەڵ بكەن".
وتارخوێنی هەینیی مەشهەد، كە مەزاری ئیمامی هەشتەمی شیعەكانی لە خۆ گرتووە، دەڵێت، "داعش كاتێك كە هێزی هەبوو و بەشێك لە حەڵەبی لە سووریا كۆنترۆڵكردبوو هێرشی نەكرد بۆ پارێزگای كۆبانێ، بەڵام ئێستا كە توركیا گەمارۆیانی داوە و گوشاری لەسەر دروستكردوون، داعشیش هێرشی كردوەتە سەریان".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، ئامانجی داعش لە نزیكبوونەوەی لە سنوورەكانی توركیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە" توركیا بە بیانووی پاراستنی وڵاتەكەی دەیەوێت هێرش بكاتە سەر سووریا و دەستتێوەردانی سەربازی لەو وڵاتە بكات، ئەگینا ئەوان بە هیچ شێوەیەك خۆیان لەگەڵ داعش ناكەنە تەرەف و لەگەڵ داعش شەڕناكەن بەڵكو ئامانجی سەرەكییان هێرشكردنە بۆ سووریا".
ئامانجی سەرەكی ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا و هاوپەیمانانی و توركیا بە گوتەی عەلەمولهودا، ئەوەیە، كە " ئێران بۆ پارێزگاریكردن لە سووریا و عێراق بڕواتە نێو ئەو شەڕەوە و هێزە سەربازییەكانی ئێران سەرقاڵی شەڕ لەو دوو وڵاتە بن و ئەوانیش لە شوێنێكەوە داعش بخزێننە نێو ئێران و بەو شێوەیە مەترسی بۆ ئاسایشی ئێمە دروست بكەن".
وتارخوێنی هەینی شاری مەشهەد پێیوایە، " ئێران لە ژێر رێبەرایەتی رێبەری ئێران، سوپایەكی بەهێزی هەیە و فەرماندە سەربازییەكانی ئێران ئەزموونی 8 ساڵ شەڕیان لەگەڵ رژیمی بەعسی عێراق هەیە و ئامادەن لە بەرامبەر هەموو جیهانەوە بووەستن".
11/10/2014
بڕیارە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، بۆ چوارەم رۆژ لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندانێکی جەماوەری لەژێر ناوی "کۆبانێ بە تەنیا مەهێڵن" بەڕێوەبچێت.
خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن داعش بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ پێدەنێنە چوارەم رۆژەوە.
ئەو خۆپێشاندانانە بە دەستپێشخەری چالاکڤانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچن و لە هەندێک لە شارەکان بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پشتیوانی خۆیان بۆ "بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکی هێمنانە" دەربڕیوە، بەڵام خۆپێشاندانەکان لە هەندێک ناوچەدا گرژییان لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەستگیرکراون. وەکو چالاکڤانانی مەدەنی پارێزگای سنە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمڕۆ هەینیش خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە سنە بەڕێوە دەچێت.
10/10/2014
ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کردن کە، کۆی وڵاتانی عەرەب و هەندێ وڵاتی ئەفریکایی و ئەورووپایی و ئاسیا لەخۆ دەگرێ و لە داهاتوودا هەوڵی داگیرکردنیان دەدات و ئەمارەت و هەرێمی سەربە ڕێکخراوەکەیان لەسەر دادەمەزرێنێ.
وەک ئەوەی کە "میسر ئەلیەوم" بڵاوی کردووەتەوە و ڕێکخراوەکە بڕیاری لێی داوە، لە ماوەی داهاتوودا ئەو وڵاتانە داگیر دەکات کە ئەمانەن: عێراق، شام، حیجاز، ئەمەن، خوراسان، کوردستان، قەوقاز، ئانادۆڵ، ئەورووپا، ئەندەلوس، خاکی کەنانە، خاکی حەبەشە و مەغریب.
ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕوونیشی کردووەتەوە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابەشکردنی ئەو وڵاتانە بۆ چەند هەرێمێک دابەش دەکات و هەر هەرێمێکیش چەند ئەمارەتێک لەخۆ دەگرێ، ئاماژەیشی داوە کە، هەرێمی عێراق، هەریەک لە عێراق و کوێت لەخۆ دەگرێ، هەریمی شامیش، سووریا، لوبنان، فەلەستین، ئەردەن و سینا دەگرێتەوە، هاوکات هەرێمی حیجاز، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و سەڵتەنەی عوممان لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەمەن وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەرێمی خوراسانیش هەریەک لە ئێران، ئەفغانستان و ئۆزبەکستان دەگرێتەوە.
سەرچاۆە: هەولێر-KDP.info
10/10/2014
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داوا لە گوتاربێژ و مامۆستایانی ئایینی مزگەوتەكان دەكات، گوتاری رۆژی هەینی بۆ كۆبانێ و بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاری و پاراستنی یەكڕیزی گەلی كورد تەرخانبكەن.
لە بەیاننامەیەكدا كە رۆژی پێنجشەممە 9/10/2014 بڵاوكراوەتەوە، یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە تووندی ئیدانەی گەمارۆدانی شاری كۆبانێ دەكات و رایدەگەیێنێت:" بێگومان بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم و پارێزگاریكردن لە خاك و وڵات و گیان و سامانی هاووڵاتیان ئەركێكی پیرۆزی ئایینی و نیشتمانی و مرۆڤانەیە".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا یەكێتی زانایان داوا لە مامۆستایانی ئایینی و گوتاربێژانی كوردستان دەكات "وەك هەمیشەو بۆ درێژەپێدانی كارە جوامێرانەكانیان وتاری هەینی ئەم هەفتەیە تایبەت بكەن بە رەوشی كوردستان بەتایبەتی كۆبانێ و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمكاری و پاراستنی یەكڕیزی گەلی كورد".
دەقی بەیاننامەكە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ئەوە ماوەی چەند مانگێكە زوڵمو دەستدرێژی تیرۆریستان باشوورو رۆژئاوای كوردستانی گرتۆتەوە، كە دواجار گەمارۆدانی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، لێرەوە تەئكید لەسەر پەیامەكانی پێشوومان دەكەینەوەو، بە تووندی ئەم كارە نامرۆڤانە شەرمەزار دەكەین، بێگومان بەرەنگاربوونەوەی زوڵمو ستەمو پارێزگاریكردن لە خاكو وڵاتو گیانو سامانی هاووڵاتیان بە ئەركێكی پیرۆزی ئایینیو نیشتیمانیو مرۆڤانەیە.
هەر لێرەشەوە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هاوكارییەكانیان چڕترو زیاتر بكەن، هەروەك داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین دەست لە ناو دەستی یەك بنێنو یەكریزیان بپارێزن، نەهێڵن كەسانێكی نامۆ بە هەستی كوردانە بە هەر بیانووێك یەكریزی كورد تێك بدات، بۆ ئەوەی بە یەكەوە بەرەنگاری ئەم دەستدرێژیانە ببنەوە، بێگومان دادگەریو یەكریزی - بە پشتیوانی خوا- تاكە زامنی سەركەوتنی گەلی كوردە.
هەروەها داوا لە مامۆستایانی ئایینیو وتاربێژانی كوردستان دەكەین وەك هەمیشەو بۆ درێژەپێدانی كارە جوامێرانەكانیان وتاری هەینی ئەم هەفتەیە تایبەت بكەن بە رەوشی كوردستان بەتایبەتی كۆبانێو بەرەنگاربوونەوەی زوڵمو ستەمكاریو پاراستنی یەكریزی گەلی كورد
كلاودیا رۆس ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێ " توركیا سیاسەتێكی ناشیرین بەڕێوەدەبات و ، پشتیوانی داعش دەكات و رۆژی ئەوە هاتووە ناتۆ بە توركیا بڵێت : ئیدی بەسە".
كلاودیا رۆس ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە بۆ بینینی پەنابەرانی كوردی شنگال و كۆبانێ چووبووە توركیا و باكووری كوردستان ، بە تووندی رەخنەی لە حكومەتی توركیا گرت و، بە پشتیوانیكردن لە داعش تۆمەتباری كرد.
كلاودیا رۆس دوای گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا ، بەشداری لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەڵمانیادا كرد و گوتی توركیا هاوكاری پەنابەرانی كورد ناكات و گوتی " من بەهیچ شێوەیەك ناتوانم ئەو سیاسەتەی توركیا تەحەممول بكەم "، هەروەها كلاودیا رۆس گوتی كە توركیا سیاسەتێكی تەمومژاوی بەڕێوەدەبات و رێگە بەچوونی چەك دەدات بۆ داعش . هەروەها گوتی " دیارە ئەردۆغان دەیەوێت هەوڵەكانی توركیا بۆ سەربەخۆیی لاوازبكات ، چەكدارانی داعش لە نەخۆشخانەكانی توركیادا چارەسەردەكرێن ، لە رێگەی توركیاوە چەك دەگەنە داعش ، هەروەها ژمارەی كامپە سەربازییەكانی داعش لە توركیا زیاد دەبن ".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا گوتی نابێ توركیا كە ئەندامێكی پەیمانی ناتۆیە، سیاسەتێكی ناشیرین بەڕێوەببات " پێویستە ناتۆ جارێك دەست لە مێزەكە بدات و بڵێ ئیدی بەسە ".
حكومەتی توركیا ئەوە رەتدەكاتەوە كە هاوكاری داعشی كردبێت و ئێستاش هاوكاری بكات و دەڵێ كاتی خۆی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە هاوكاری هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان كردووە لە رێگەی توركیاوە ، لەوانەش چەك دراوەتە جەبهەتولنوسرە ، كە دواتر ئەمریكا خستییە لیستی تیرۆرەوەو ، داعش وەك بەشێكی جیابووەوە لە جەبهەتولنوسرە تەماشا دەكرێت . هەروەها دەڵێ ئەوان رووبەڕووی داعش دەبنەوەو هاوكاری ناكەن .
10/10/2014
لهلایهن فرۆكه جهنگییهكانی هاوپهیمانان، زنجیرهیهك هێرشی ئاسمانی دهكرێنه سهر چهكدارانی داعش لهدهوروبهری كۆبانی.
شهوی رابردوو فرۆكه جهنگییهكانی ئهمریكاو ئوردن- 8هێرشی ئاسمانیان كرده سهر مۆڵگهكانی داعش لهدهوروبهری كۆبانی، لهههمان كاتیشدا سوپای ئهمریكا تهئكیدی كردوهتهوه كه هێشتا كۆبانی بهدهست شهڕڤانانی یهپهگهوه ماوهتهوه.
هاوكات رامی عهبدولڕهحمان-بهرێوهبهری روانگهی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ به فرانس پرێسی راگهیاند: بههۆی هێرشه ئاسمانیهكانهوه چهكدارانی داعش ناچاربوون له بهشی خۆرههڵاتی كۆبانی پاشهكشه بكهن و لهئێستاشدا شهڕێكی قورس لهنێوان یهكینهكانی پاراستنی گهلو چهكدارانی داعش لهئارادایهو شهڕڤانانیش 3 شههیدیان داوه.
لایخۆشیهوه مستهفا عهبدی- بهرێوهبهری رادیۆی ئارتا -ئێف ئێم لهكۆبانی به فرانس پرێسی راگهیاندوه؛ فرۆكه جهنگیهكان هێرشیان كردوهته سهر دوو مۆڵگهی داعشو لهئێستاشدا چهكدارهكان لهدهوربهری شارهكهدان و لهبهشی باشووری خۆرئاوای كۆبانیش ژمارهیهكی زۆر لهتهرمی چهكدارانی داعش لهسهر شهقام و كۆڵانهكان كهوتوون.
09/10/2014
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەمزووانە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق سەردانی تاران دەكات.
مەرزیە ئەفخەم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند: "بە مەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ لە نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتی پرسی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەكدارەكان، بەمنزیكانە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەكات".
لەبارەی لێدوانەكانی ئێرانیش سەبارەت بەپاراستنی ئاسایشی شاری بەغدا، مەرزیە ئەفخەم گوتی: "لە هەموو كۆبونەوەو دیدارەكانی حەسەن روحانی، سەرۆككۆمارو محەممەد جوادزەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهانی و عەرەبی جەخت لەسەر رۆڵی كاریگەرو یەكلاكەرەوەی ئێران كراوەتەوە سەبارەت بە چارەسەركردنی تەنگژە هەرێمیایەتییەكان و دژایەتیكردنی تیرۆر، ئەوانیش ئەم راستییەیان بۆ روونبووەتەوەو دركیان بە گرنگی هاوكاری ئێران كردووە".
سەبارەت بە رۆڵی توركیا لەبەرامبەر تەنگژەی عێراق و سووریا، گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كردو گوتی: "پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا توركییەكەی هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی توركیا بۆ رێگەدان بە سوپای وڵاتەكەی بە ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی لە نێو خاکی سووریاو عێراق".
ئەفخەم راشیگەیاند، کە "نیگەرانی خۆمان نیشانداوە لەبەرامبەر هەر جوڵەیەك، كە ببێتە هۆی ئاڵۆزتركردنی رەوشی ناوچەكەو بە بەرپرسانی توركیامان راگەیاندووە، كە بەرپرسیارانەو بەو پەڕی هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن".
دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمە یەكەم سەردانی حەیدەر عەبادییە بۆ ئێران، هاوكات ئێران رۆڵێكی باڵای هەیە لە هاوكاریكردنی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەكدارەكان.
9/10/2014
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت،" نە ئێمە و نە پارتی درێخیمان نەکردووە بە رێگەی تایبەتی کۆمەک بگەیەنین بە رۆژئاوای کوردستان هەتا چەکیش، بەڵام ناتوانین هێز بگەیەنینە کۆبانێ بە حكومی ئەوەی 70 تا 80 کلم لە سنووری ئێمە دابڕاوە، ئەمە حکومی جوگرافیایە.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو رایگەیاند،" کێشەی کۆبانی لەم کاتەدا بووەتە کێشەیەکی گەورەو ناوچەکەی هەژاندووە، بۆ ئەمەش نە ئێمە و نە پارتی درێخیمان نەکردووە لە گەیاندنی کۆمەک بە رۆژئاوای کوردستان هەتا چەکیش، بەڵام ناتوانین هێز بنێرینە کۆبانێ، بە حكومی ئەوەی 70 تا 80 کلم لە سنووری ئێمە دابڕاوە، ئەمە حکومی جوگرافیایە کە ناتوانین هێز بنێرین".
دەربارەی موازایەدەی حیزبەکان لەسەر کۆبانێ بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار رایدەگەیەنێت کە ئەوان لە ساڵی 1982 سێ هەزار پێشمەرگەیان بەهانای شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بردن، ئەوە موزایەدە نەبووە، دەڵێت " کە پەکەکە هێرشی کرایەسەر لە ساڵی 1985 لە باکوور لەسەر سنوور ئێمە بەیاننامەمان دەرکرد و لە دانوستاندیش بووین و ئامادەبووین هەزاران پێشمەرگە بنێرینە سەر سنوور بۆ بەرگری لە پەکەکە"، دەشڵێت " ئێستاش کە دەڵێین ئامادەین بچین بۆ کۆبانێ، وەکو خۆم یەکەمین کەس دەبم کا ئامادەم بۆ کۆبانێ بچم".
لەبارەی وەرگرتنی رای سەرۆکی هەرێمی كوردستان، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند،" وەرگرتنی رای سەرۆکی هەرێم رێزە بۆ پێگەی سەرۆکی هەرێم نەک موزایەدە، نابێت بڵێین گوێ نادەینە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و یاسا".
سەبارەت بە خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردن لە کۆبانێ، مەلا بەختیار ناکۆکی حیزبی لە خۆپیشاندانەکان بە خراپ دەزانێت و دەشڵێت دۆخی باکوور جیاوازە لە باشوور، لە باکوور هاموو هاتنە سەر شەقامێک جەنگێکە بۆ هێنانەدی مافەکەت، لە باشووردا ئازادی و دیموکراسییەت هەیە. خۆپیشاندان لە باکوور تەحدایە، پەرچەکردارە، هەڵوێستوەرگرتنە، سەنگەری شەقامە، سەنگەری خەباتی مەدەنییە، قوربانیدانە".
لەبەرامبەر ئەوەی خۆپیشاندان دژی تورکا بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتی کۆبانێ بدات، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " ئاراستەی ئابووری وەکو بەشێکی پێویستی باشووری کوردستان گرنگە بیپارێزین، ئاراستەی سیاسی و راگەیاندن لە کاناڵی خۆیەوە گرنگە بایەخی پێبدەین"، دەشڵێت " واباشە ئەم مەسەلانە تێکەڵ بەیەک نەکەین".
سەبارەت بە کاریگەری ئێران بەسەر هێرشە بچڕپچڕەکان کە هەر کاتێک بیەوەێت هێرشەکان دەجوڵێنێت و بە پێچەوانەشەوە مەلا بەختیار رایگەیاند،" هەر کاتێک بمانەوێت لە جەلەولا پەلاماری داعش دەدەین، بە فەرمانی من هێرش ناکرێتە سەر داعش بەهۆی ئەو بۆمبە چێنراوانەی کە لە ناوچەکە داندراونەوەتە. ئێمە کات و شوێنی شەڕکردن لەگەڵ داعش دیاریدەکەیەن".
سەبارەت بە ئێرانیش دەڵێت " ئێران لە مەخموور و گوێڕەوە دەستیپێکرد، سەرۆکی هەرێمی كوردستان وەکو یەکەمین وڵات کە باهانای باشووری کوردستانەوە هات سوپاسی ئێرانی کرد، لەدوای مەخموور بە مانگێک هات بە هانای ئێمەوە لە ناوچەی جەلەولاو سەعدیە". دەشڵێت " ئێران بە فیعلی رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە شەڕەکاندا دژی داعش، بەرچاوی ئێران لە هەموو ئەو وڵاتانەی دیکە بە ئیقلیمی و جیهانیشەوە رۆشنتربوو بۆ ئەوەی مەترسییەکانی داعشی خستە پێش چاوی خۆی".
سەبارەت بە تورکیا بەختیار رایگەیاند " بە داخەوە تورکیا سیناریۆی سەردەمی لێدانی عێراقی دووبارەکردەوە، دەیتوانی رۆڵێکی گاریگەر بگێڕێ، بە داخەوە ئە هەڵوێستەی تا ئێستا تورکیا نواندویەتی، هەڵوێستێکە چووەتە خزمەتی داعشەوە".
9/10/2014
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە پەیامێک لەسەر خۆپێشاندانەکانی کۆبانێ بڵاودەکاتەوە کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان HDP لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی رابردوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە رێگەی کورتەنامەوە پەیوەندییان بەیەكەوە کردووە و ئۆجەلان پێشنیازیکردووە سەرجەم لایەنەکان رێنمایی بکرێن بۆ بەکارهێنانی رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و هاندانی تێکدەرانە.
لە ماوەی 3 رۆژی رابردوودا لەسەر بانگهێشتی سەڵاحەدین دەمیرتاش ژمارەیەک خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ پشتگیریکردن لە کۆبانێ دەستیانپێکرد. لە ئەنجامیشدا خۆپێشاندانەکان تووندوتیژییان لێکەوتەوە و تاوەكو ئێستا 23 کەس گیان لەدەستداوە.
دەمیرتاش خەمباری خۆی لەسەر تووندوتیژییەکان دەربڕی و رایگەیاند، ئەوان بەرپرسیارنین لەو رووداوانە، لەبەرئەوەی ئەوان بانگهێشتی خەڵکیان نەکردووە بۆ تووندوتیژی و لە سەرەتاوە هیچ دیاردەیەکی تووندوتیژی نەبووە تا ئەو کاتەی لە باتمان کەسانی سیڤیل بە چەکەوە دەستڕێژیان لە خۆپێشاندەران کردووە. هاوسەرۆكی هەدەپە ئەوەشی خستەڕوو کە دوای لێدوانە تووندەکانی لایەنە حکومییەکان، ژمارەیەک تێکدەر هەوڵیانداوە ئاقاری خۆپێشاندانەکانیان بگۆڕن بۆ تاڵانی و پیاو کوشتن و سووتاندنی پەیکەر و ئاڵا.
هاوسەرۆکی HDP رەخنەی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش گرت کە لە یەکەم رۆژی خۆپێشاندانەکاندا گوتوویەتی "هێندەی نەماوە کۆبانێ بکەوێت" و ئەوە بووە هۆی زیادبوونی توڕەیی هاونیشتمانیان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش رووی دەمی کردە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و رایگەیاند ئەگەر کۆمەڵکوژییەک لە کۆبانێ رووبدات، ئەوان لێی بەرپرسیاردەبن. دەمیرتاش پێیوابوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشدارە لە بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کورد و تورکمان و عەرەب لە سووریا و عێراق.
سەبارەت بە پرسیارێکیش لەسەر بەشداریکردنی پێشمەرگە، دەمیرتاش گوتی،" بۆ ئەوەی ئەنجامیان هەبێت دەبێت بە گوێرەی خواستەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD هەنگاوبنرێت. PYD داوای هاوکاری دەکات و پێویستە خۆش بە دووربگیرێت لە شەڕی تورکیا و سووریا".
9/10/2014