نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی دژی داعش رایگەیاند، کە پلانیان هەیە سەرەتا داعش لە عێراق دەربکەن و دواتر لە سووریا لە ناوی ببەن.
دوای ئەوەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی دژی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە عێراق و سووریا راگەیاند و هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەو پێگەكانی رێكخراوەكە لە هەردوو وڵات دەستیان پێكرد، ئۆباما بە دوای كەسایەتییەك دا دەگەڕا بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستێت بۆ كاركردن لەسەر بوونیادنانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوەكە و هەماهەنگییەك لە نێوان توانا سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكان دروست بكات.
بۆ ئەم مەبەستە باراك ئۆباما، "جۆن ئەلەن لیكۆن" جەنەراڵی خانەنشینكراو دیاری دەكات وەكو "نێردەی سەرۆكایەتی، تایبەت بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".
لەو كاتەوەی ئەلەن ئەم پۆستەی وەرگرتووە، لە ماوەی مانگی رابردووەوە، لە واشنتن كاریكردووە بە پەیوەندیكردن لەگەڵ پایتەختە سەرەكییەكان، ئەوانەی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزكردن و گەشەپێدانی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش و بە پلە یەك تیشك خستنە سەر دەركردنی داعش لە عێراق و كاركردن بۆ كۆتایی پێهێنانی لە سووریا و
بڕیار وایە لە رۆژی شەممە 25ی تشرینی یەكەم جۆن ئەلەن لیكۆن، دەست بە گەشتەكانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات و یەكەم سەردانیشی بۆ سعودیە دەبێت، بڕیاریش وایە سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 26ی تشرینی یەكەم چەند كۆبوونەوەیەكی فەرمی گرێبدات بەرلەوەی سەردانی وڵاتانی كەنداو بكات.
جەنەڕال ئەلەن، لە ماوەی ساڵانی 2011 و 2013 سەرۆكایەتی هێزەكانی ناتۆی لە ئەفغانستان "ئیساف" كردووە و شارەزایی لەسەر عێراقیش هەیە لە سەركردایەتیكردنی سەربازی لە عێراق و رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە پێكهێنانی هێزەكانی "سەحوە"، ئەو هێزانەی كە رووبەڕووی رێكخراوی قاعیدە بوونەوە لە ئەنبار و وەدەریان نان.
لەبارەی راو بۆچوونی بەرپرسانی ئەمریكا لەسەر ئەوەی كە گوایە شەڕكردن و لەناوبردنی رێكخراوی داعش پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە، جەنەراڵە خانەنشینكراوەكەی ئەمریكا دەڵێت، "رووبەڕووبوونەوەی داعش تەنها لەرووی سەربازییەوە نییە، بەڵكو لە زۆر رووەوە دەكرێت هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، لەوانە لە رووی فیزیكی، سەرچاوەی دارایی، هەواڵگری، لەنێویشیاندا سەربازی، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە چەند مانگێك یان لەوانەیە ساڵێك بێت بۆ دەركردنی رێكخراوەكە لە عێراق و كۆتایی پێهێنانی لە سووریا".
بەپێی گوتەی ئەو جەنەڕالە، بۆ هەڵسوكەوتكردنیش لەگەڵ فیكرەی داعش و لەناوبردنی ئەم فیكرەیە، "كاتێكی زیاترمان پێویستە، دەبێت دان بەوەدا بنێین و هەموومان لەوبارەیەوە كار بكەین، چونكە رێكخراوی داعش بەتەنیا لە گۆڕەپانی شەڕ لە عێراق بوونی نییە، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە چەند ساڵێك دەبێت".
25/10/2014
محەممەد باقر نەوبەخت، گوتەبێژی حكومەتی ئێران لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ زانایانی ئایینی شیعە لە قوم رایگەیاند: "هەندێك لە حكومەتەكانی بەناو مسوڵمانی ناوچەكە، كەوتوونەتە خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و زلهێزەكان و دەیانەوێت كۆماری ئیسلامی تەنگەتاو بكەن".
ئاژانسی هەواڵی میهر هەر لە زمانی گوتەبێژی حكومەتی ئێرانەوە نووسیویەتی: "خۆرئاواییەكان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانیان لە رۆژی 4 ملیۆن بەرمیلەوە گەیاندووەتە یەك ملیۆن بەرمیل و دابەزاندنی نرخیش دوایین پیلانی ئەوانە".
لە ناوخۆی ئێران رەخنەی تووند ئاراستەی حكومەتی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران كراوە و تۆمەتبار كراوە بەوەی لە ئاست كێشەی دابەزینی نرخی نەوت دەستەوەستانە، هەفتەی رابردوو رووحانی، بیژەن زەنگەنەی وەزیری نەوتی حكومەتەكەی راسپارد، كە لە رێگای دیپلۆماسییەوە بەر بە دابەزینی نرخی نەوت بگرێت.
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو، كە دەتوانێت خۆی لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بگونجێنێت و هیچ پلانێكیشی نییە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی ئۆپێك تایبەت بە راگرتنی دابەزینی نرخ.
هەندێك لە شرۆڤەكاران پێیانوایە سعودیە دەیەوێت بە دابەزاندنی نرخی نەوت لە كاتی دانوستاندنە ئەتۆمییەكانی ئێران و قەیرانی ئۆكراینیادا، بەرەی خۆرئاوا بەهێز بكات و ببێتە هۆكار بۆ لاوازبوونی بەرەی تاران و مۆسكۆ.
25/10/2014
خاوه‌نانى خه‌ڵاتى نۆبڵى و فه‌یله‌سوف و هه‌زاران که‌سایه‌تى، یه‌کى نۆڤه‌مبه‌ریان به رۆژى جیهانى کۆبانێ راگه‌یاند، له هه‌رچوار لاى جیهانه‌وه کۆمیته دامه‌زرا و سه‌دان رێپێوان و کۆبونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌نجام ده‌درێ.
له‌پاریس هه‌تا به‌رلین و رۆما، له ئه‌سکه‌نده‌نافیاوه تا ئه‌مه‌ریکاى لاتین، ئوسترالیا، پاکستان و هندستان و هه‌رچوار لاى جیهان بۆ رۆژى یه‌کى نۆڤه‌مبه‌ر رۆژى جیهانى کۆبانێ، خه‌باتێکى فراوان به‌ڕیوه‌ده‌به‌ن.
نوێنه‌رانى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و په‌رله‌مانتاران و هه‌زاران که‌س بانگه‌وازى هه‌ستانه سه‌ر پێ و راپه‌ڕینیان بۆ کۆبانێ کرد.
له‌چوار رۆژى یه‌که‌م دا ١٣٠ ناودارى جیهان، مۆرى خۆیان له بانگه‌وازیه‌ک دا به دروشمى "له دژى داعش سهفهربهرى بۆ کۆبانێ و مرۆڤایه‌تى" که به ده‌ستپێشخه‌رى کۆمسیۆنى مه‌ده‌نى تورکیا و یه‌کیتى ئه‌وروپا EUTCC و "Peace Camping" ڕێکخراوه و به‌پێى ئه‌ندامى کۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆنگرى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان ئاده‌م ئوزون که یه‌کێکه له پشتیوانانى ئه‌و بانگه‌وازیه، ژماره‌ى بانگهوازیکاران گه‌یشتۆته هه‌زاران که‌س.
به‌پێى لێدوانى زانا و پسپۆڕى زمان پرۆفیسۆر نوام چۆمسکى، خاوه‌ن خه‌ڵاتى نۆبلى ئاشتى ئادۆلفۆ په‌ره‌س ئهسکوڤل –ى ئه‌رژه‌نتینى، خاوه‌ن خه‌ڵاتى نۆبلى ئاشتى دهسمۆند توتو –ى ئه‌فریقیاى باشور، سه‌رۆکى رێکخستنى پزیشکانى بێ سنورى جیهانى میشیل رۆلان. له دژى هێرشى داعش بۆ سه‌ر کۆبانێ، سهفهربهرى له ئاستى گلۆبال دا گرنگه.
خاوه‌نى ئه‌و بانگه‌وازیه رایانگه‌یاند که هاوپه‌یمانان له چوارچێوه‌ى حقوقى نێونه‌ته‌وه‌یى دا به به‌رپرسیارێتى خۆى هه‌ڵناسێ، تورکیا و ههندى ئه‌ندامى ئه‌و هاوپه‌یمانیه به ڕووى دارایى و سه‌ربازى هاوکارى داعش ده‌که‌ن.
بانگهوازیکاران ده‌ڵێن " ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى ده‌یه‌وێ دیموکراسى ره‌گى خۆى له خاکى رۆژهه‌ڵاتى ناوین داکوتێ، ده‌بێ پشتگیرى له به‌رخودانى کوردان بکرێ له کۆبانێ" و ده‌ڵێن "کاتى هاتووه که ئه‌و په‌یامه گه‌وره‌یه به رۆڵگێرانى جیهانى بگوترێ که سیاسه‌تێکى تریان پێکاوه" بانگ له هه‌موو که‌سێ ده‌که‌ن که له ١ى نۆڤه‌مبه‌ر بڕژێنه مه‌یدانه‌کان.
ئاده‌م ئوزون له لێدوانێکى دا رایگه‌یاند ئه‌و که‌سانه‌ى مێژووى جیهان ده‌زانن که چۆن شه‌ڕى یه‌که‌مى جیهان ده‌ستى پێ‌کرد، به‌راوردى مێژوویى ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌م ڕه‌نگه له‌کۆبانێ تێبگه‌ن.
ئاده‌م ئۆزون ده‌ڵێ له‌سه‌ر کۆبانێ، نمونه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژیه‌کانى ساڵانى ١٩٣٠ کانى شه‌ڕى فاشیزم له ئیسپانیا، سربستان، ڕواندا و هه‌ڵه‌بجه ده‌هێنرێته‌وه و راده‌گه‌یه‌نێ له‌به‌رئه‌وه‌ى که کۆمه‌ڵگه‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى پشتگیرى چالاکیان له‌و به‌رخودانانه نه‌کرد، ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه ئه‌نجام درا.
ئوزون هه‌ڵوێستى رۆڵگێرانى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ها شرۆڤه ده‌کات "له کۆبانێ و شه‌نگال له دژى گه‌لى کورد هه‌وڵێکى کۆمه‌ڵکوژى هه‌یه. ده‌بێ رێگرى لێ بکرێ. ئه‌و به‌رخودانه‌ى کۆبانیان چواند به به‌رخودانى ستالینگراد له دژى فاشیزمى و هتله‌ر و دۆستانمان یه‌کسه‌ر ده‌قێکیان ئاماده کرد و له‌ماوه‌ى چوار رۆژ دا ره‌وانه‌ى که‌سایه‌تى و رۆشهنبیرانى خاوه‌ن ویژدانیان کرد و ئه‌وانیش یه‌کسه‌ر ئیمزایان کرد، له‌و باوهڕیهدان که خاوه‌ندارێتى له به‌رخودانى کۆبانێ له هه‌مان کات دا خاوه‌نداریه له مرۆڤایه‌تى، دیموکراسى و شکۆمه‌ندی".
ئاده‌م ئوزون وتى: به‌بیستنى ئه‌و بانگه‌وازیه له هه‌رێمى جیاوازى جیهانه‌وه که‌سانى خاوه‌ن هه‌مان بیر و بۆچونیان به‌سه‌رکردۆته‌وه، بانگه‌وازیان کردووه و رێپێوانیان رێکخستووه. ئۆزون نمونه‌ى له‌سه‌ر جێى وه‌ک هندستان، ژاپۆن، پاکستان، ئه‌کوادۆر، پیرۆ، ئه‌رژه‌نتین، ئیتالیا و ئیسپانیا هێنایه‌وه.
به‌پێى زانیاریه‌کان که له رێکخه‌رانى چالاکیه‌کان به ده‌ستى هێناوه، له هندستان شه‌ش، له ئیتاڵیا ٢٥، له ئه‌ڵمانیا ١٨ و له فه‌ره‌نسا ٦ رێپێوان رێک ده‌خرێ. ئه‌و رێپێوانانه له لایه‌ن که‌سانى ناوداره‌وه رێک ده‌خرێن و، بانگى به‌شدارى له گه‌لى کوردیش ده‌که‌ن.
ئاده‌م ئوزون باسى له‌وه کرد که به‌رخودانى کۆبانێ وه‌ک نیشانه‌ى به‌رخودانى سه‌ده‌ى ٢١ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ و راده‌گه‌یه‌نێت که بزوتنه‌وه‌کانى ئاشتى، به‌رخودانى کۆبانێ وه‌ک سه‌ره‌تاى ئاشتى ده‌بینن، ئوزون رایگه‌یاند له هه‌موو رێپێوانه‌کان پانکارتێک هه‌ڵده‌گێرێ له‌سه‌رى ده‌نوسرێ "له پێناوى ئاشتى دا کۆبانێ بپارێزه" و "پشتگیرى له به‌رخودانى کۆبانێ بکه".
ئوزون رایگه‌یاند که له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌کانى ئاشتیخواز، چه‌په‌کانى به‌رخودانى کۆبانێ وه‌ک تێکۆشان له دژى فاشیزم، پارته سیاسیه‌کان وه‌ک تێکۆشانى دیموکراسى، رۆشه‌نبیر و نوسه‌ر وه‌ک تێکۆشانێکى ئه‌خلاقی-شکۆمه‌ندى ده‌بینن ، وتى "هه‌موو که‌سێک له خودى کۆبانێ دا ده‌گه‌نه یه‌ک، کۆبانێ ده‌بێته نیشانه‌ى دیموکراسى، به‌رخودان و ئاشتى مرۆڤایه‌تى له‌سه‌ده‌ى ٢١ دا".
ئوزون رایگه‌یاند که کۆبانێ "هاوسهنگیشى گۆڕى، کۆبانێ بۆته مۆغناتیستێک هه‌موو لایه‌نێکى به‌کێشى لاى خۆى کرد، وه‌ک مه‌تافۆرێک که هێزێکى جیاواز له‌ژێر چه‌ترێک دا کۆکرده‌وه". وتیشى: نه‌ته‌نیا چه‌پ، ژینگه پارێز، محافه‌زه‌کار، کلێسه، ده‌زگاکانى مافى مرۆڤ و ده‌زگاکانى نێونه‌ته‌وه‌یش بونه هاوبه‌شى ئه‌و بانگه‌وازیه.
ئوزون رایگه‌یاند: گه‌لانى دێرینى رۆژهه‌ڵاتى ناوین، له عه‌ره‌ب، ئه‌رمه‌نى، ئاسورى و فارس پشتگیرى نیشان ده‌ده‌ن، ئێمه‌ى کورد تا له ده‌ستمان بێ پشتگیرى له‌و بانگه‌وازیه ده‌که‌ین، به‌رێى کۆمیته‌کانى پشتیوانى و کۆمیته‌کانى رێکخستنه‌کانمان بانگ له گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ین که به‌شدارى رێپێوانه‌کان ببن، ئه‌و سه‌فه‌ر به‌ریه جیهانیه با ببیته هۆکارێک که هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى له به‌رامبه‌ر په‌که‌که بگۆرێ.
25/10/2014
سەردار محەممەد رەزا نەقدی، فەرماندەی بەسیجی ئێران رۆژی رابردوو لە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای سنە رایگەیاند،"لە کۆبانێ شەڕڤانێکی زۆر خەریکی بەرگریکردنن، بەڵام پێویستییان بە پشتیوانی و چەک و پێداویستییەکانی شەڕە، بەداخەوە ئەو وڵاتانەی چاوەڕوانی یارمەتیدانی مسوڵمانانیان لێدەکرێت ئێستا لە ریزەکانی زایۆنیستەکانن، بە نامەردانە یارمەتییەکانیان لێ زەوتدەکەن".
نەقدی کە بۆ مانۆڕی سەربازی هێزەکانی بەسیج سەردانی ئەو پارێزگایەی کردووە،هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا و گوتی: "دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی لە تیرۆریستە ئەمریکییەکان دەکات لە جیاتی پشتیوانی لە مسوڵمانان بکات، بنکەکانی خۆی خستووەتە ژێر دەستی زایۆنیستەکان".
فەرماندەی بەسیجی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، "بەسیجی و خۆبەخشەکانی پارێزگای سنە داوای رۆیشتنیان بۆ غەززە، کۆبانی، سووریا و عێراق کردووە تاوەکو لەگەڵ دوژمنانی ئیسلام شەڕ بکەن".
نەقدی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە بەرەکانی جیهاددا سوننە و شیعە گیانفیدان، رووی دەمی کردە ئەمریکا و بەریتانیا و گوتی: "دڵتان بەوە خۆش مەکەن کە بە پیلان و نەخشەی بەکرێگیراوانەتان، دەتوانن دووبەرەکی بنێنەوە، شیعە و سوننە دەست لەناو دەستی یەکتر دێین و قودس ئازاد دەکەین".
فەرماندەی بەسیجی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دا و رایگەیاند: "ئەمڕۆ هێزی بەسیجی ئێرانی 1.5 بەرامبەر بووەتەوە و ئەوە پەیامێکە بۆ زایۆنیستەکان و پەیامەکەیش ئەوەیە کە خاکی مسوڵمانان بە جێبهێڵە و بڕۆ، داگیرکارییەکانت هەر چەشنە درێژە بکێشێت، ئامادەییەکانی ئێمە زیاتر دەبێت و سزادانی تۆیش قورس‌تر".
25/10/2014
رێکخراوی مەکتەب قورئانى کوردستان لە رۆژهەڵاتى کوردستان ماوەیەکە کەوتووەتە ژێر زەڕەبینی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران. چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەندامێکیان لە شارى بانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کرا. ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئان دەڵێ "پرسیارەکان دووبارە بوون. هەر لەسەر ئەو شتانە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە کە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی مەکتەب کراوە".
مەکتەب قورئان رێکخراوێکى ئاینییە کە دوور لە پڕوپاگەندە، وردە وردە و لەسەرخۆ چالاکی دەکات. بەڵام ئەو چالاکیانە لە چاوى دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران ون نین. ئەمساڵ ئیتلاعاتی ئێران ژمارەیەک لە ئەندامەکانی مەکتەب قورئانی بانگ کرد و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن.
سەعدی قورەیشی، لە بەڕێوەبەرانی مەکتەب قورئان، دەڵێ "ئەم پرسە شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام ئەندامەکانمان بانگی ئیتلاعات کراون".
سەرەتای هاوینی ئەمساڵ سەعدی قورەیشی لە بەڕێوەبەرانی مەکتەب قورئان بانگی ئیتلاعات کرا. تەنیا چەند رۆژ پێش ئەو، چوار کەس لە مامۆستاکانی قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر کار دەرکران کە هەموویان ئەندامی مەکتەب قورئان بوون. دەرکردنی ئەندامانی مەکتەب قورئان لە ناوەندە حکومییەکان پێش و دوای ئەوەش دیسان چەندبارە بوونەوە.
مەلا سەلام گوڵنەواز، لە پێڕەوانی ئەحمەد موفتی زادەیە. گوڵنەواز کە بەرنوێژی مزگەوتی عومەرى کوڕى خەتابە لە گەڕەکى شیوە برایمی شارى سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینی ئێرانەوە دادگایی کرا و بە دوو ساڵ بەندکردن سزا درا. بەڵام لەژێر گوشاری خەڵکدا حوکمەکەی جێبەجێ نەبوو.
مەکتەب قورئان لە ساڵی 1988 لەلایەن رێبەرى ئاینیى کورد ئەحمەد موفتی زادە لە مەریوان دامەزرا. پێڕەوەکانی دەڵێن موفتی زادە رۆڵی زۆری لە شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران‌دا هەبووە. سەعدی قورەیشی دەڵێ "موفتی زادە هەوڵی بۆ خودموختاری دەدا. هەروەها پێشیوابوو کورد لەڕووی نەتەوایەتی، چینایەتی و ئاینییەوە زوڵمی لێکراوە".
مەکتەب قورئان ماوەیەکی کەم دوای دامەزرانی، خۆی لە رووداوە سیاسییەکانی دوای رووخانی حکومەتی پاشایەتی ئێران‌دا دیتەوە. ئەو رێکخستنە لە وتووێژەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێران‌دا بەشدار بوو.
ئەندامانی مەکتەب قورئان وەک هەر رێکخراوەیەکی دیکە دوای تێکچوونی حکومەتی پاشایەتیی ئێران، چەکیان هەڵگرت. بەگوتەی حەسەن ئەمینی، سەرەتای شۆڕشی ئێران هەموو کەس چەکی پێ‌بوو، ئەندامەکانی مەکتەب قورئانیش تەنیا بۆ پاراستنی گیانیان چەکیان هەڵگرت. بەڵام مەکتەب قورئان هەر زوو دوژمنی بۆ پەیدا بوو.
حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعیی سنە، دەڵێ "رێکخراوە چەپەکانی ئەوکات تەنیا بە تاوانی بیروباوەڕی ئاینی هێرشیان دەکردە سەر ئەندامەکانمان و دەیانکوشتن، بۆ نموونە سێ برا لە سنە لەلایەن کۆمەڵەوە کوژران".
رێکخراوە کوردییەکان، مەکتەب قورئان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاوکاریی حکومەتی ئێران دەکات. ئەوان دەڵێن ئەحمەد موفتی زادە بە بەڵێنەکانی حکومەتی ئیسلامگەرای ئێران فریوی خوارد. بەڵام حەسەن ئەمینی، لە بەڕێوەبەرانی مەکتەب قورئانی کوردستان، دەڵێ ئەوان پشتگیری‌یان لە حکومەت نەکردووە. هۆکاری ئەوەش کە کەمێک درەنگتر ریزی خۆیان لە حکومەتی ئێران جیاکردەوە، باوەڕی موفتی زادە بوو بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد.
پێڕەوانی موفتی زادە دەڵێن ئەو خۆی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان پاراستووە. موفتی زادە گوتبووی کە شەڕی براکوژی ناکات، ئەوەش ناڕەزایی بەشێک لە ئەندامەکانی مەکتەب قورئانی لێکەوتەوە. ناڕازییەکان لە مەکتەب قورئان جیابوونەوە و رێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانەکانی کوردیان پێکهێنا کە کوردى رۆژهەڵات بە "جاش" ناویان دەبەن، چونکە ئەم رێکخراوە بەستراوەتەوە بە سوپای پاسدارانی ئێران و شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد.
ئەحمەد موفتی زادە چەند مانگێک دوای پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتیی ئێران وازی لە سیاسەت هێناوە. ئەو یاسای بنەڕەتی نوێی ئێرانی بە ئیسلامی نەزانیوە و پێیوابووە ویستەکانی کوردی تێدا نەگونجێنراوە.
موفتی زادە ساڵی 1982 لە تاران شورای شەمسی پێکهێنا. شورایەک بۆ هەموو سوننی مەزهەبەکانی ئێران. دواتر لەسەر دامەزراندنى ئەو رێکخراوە بۆ ماوەى 10 ساڵ خرایە زیندانەوە. کاتێکیش لە زیندان ئازاد کرا، تووشی نەخۆشی هاتبوو. بۆیە دوای چەند مانگێک لە ئازادکردنى کۆچی دوایی کرد.
رێکخراوی مەکتەب قورئان ساڵی 1996 جیابوونەوەی تێکەوت و مەکتەب قورئانی کوردستانی لێ جیابووەوە. ئەوان خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کۆمەڵێ پرس هەبوو. مەکتەب قورئان جەخت لەسەر رێنوێنی خەڵک و خۆپاراستن لە پرسە سیاسییەکان دەکاتەوە. بەڵام مەکتەب قورئانی کوردستان دەڵێ پێویستە رۆڵی چالاک‌تر لە بواری سیاسی‌دا بگێڕن. دوو لایەنەکەی مەکتەب قورئان خوێندنەوەی جیاوازیشیان بۆ روانگە و بۆچوونەکانی ئەحمەد موفتی زادە هەیە.
rudaw:
25/10/2014
ئه‌حمه‌د حه‌سۆ، وته‌بێژی لیوای به‌ره‌ی كوردان كه له‌ئێستا له كۆبانێ شانبه‌شانی یه‌په‌گه شه‌ڕده‌كه‌ن دژی داعش به‌پێویستی ده‌زانێت سوپای ئازادی سوریا شه‌ڕی دژی داعش له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات رابگه‌یه‌نێت ، ده‌شڵێت: توركیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ناردنی هێزێكی سوپای ئازادی سوریاوه كه‌سانێك ره‌وانه‌ی كۆبانێ بكات كه خۆی ده‌یه‌وێت.
ئه‌حمه‌د حه‌سۆ به‌خه‌ندانی راگه‌یاند، "گه‌ر سوپای ئازادی سوریا ده‌یه‌وێت پشتیوانی كۆبانێ بكات با چه‌ك بنێرێت له‌بری ناردنی سه‌رباز"، ده‌شڵێت: كۆبانێ پێشوازیی له‌هه‌موو هێزێك ده‌كات كه بێته ئه‌وێ به‌ومه‌رجه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا بكات كه له‌ئێستادا له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریی كردندان له كۆبانێ دژی داعش.
به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د حه‌سۆ، "هه‌وڵه‌كه‌ی توركیا بۆ كۆبانێ به‌ناردنی هێزێكی هه‌زارو 300 سه‌ربازیی سوپای ئازادی سوریا گۆماناویهو پێویسته حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره به‌رله‌وه‌ی هێز بۆ رزگاركردنی كۆبانێ بنێرێت ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی خستویه‌تیه سه‌ر دانیشتوانی ئه‌و شاره لابه‌رێت"، وتیشی: ئه‌گه‌ر سوپای ئازاد راست ده‌كات با شه‌ڕی داعش له‌سه‌رتاسه‌ری سوریا رابگه‌یه‌نێت.
ئه‌حمه‌د حه‌سۆ، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، " توركیا به‌بڕیاری ره‌وانه‌كردنی سه‌ربازی سوپای ئازاد بۆ كۆبانێ ده‌یه‌وێت كه‌سانێك ره‌وانه‌بكات كه‌خۆی ده‌یه‌وێت"، وتیشی: سه‌ركرده‌كانی سوپای ئازاد پێش ئه‌وه‌ی بیر لهرهوانهكردنی هێز بكه‌نه‌وه بۆ رزگاركردنی كۆبانێ له‌داعش با بچن ته‌ل ئه‌بیه‌ز و رققهو ناوچه‌كانی دیكه‌ی سوریا له ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه ده‌ربێنن.
هاوكات ئاری ھەرکی، لێکوڵەر و چالاکوانی سیاسی نزیک پەیەدە لە سەر سنووری ھەرێمی کۆبانێ ، به‌خه‌ندانی راگه‌یاند، "بڕیاری ناردنی هه‌زارو 300 سه‌ربازی سوپای ئازاد بۆ كۆبانی له‌لایه‌ن توركیا، پلانێکی تری ئه‌نقه‌ره‌یه بۆ په‌كخستنی ئه‌و سەرکەوتنانهیه بەدەستھاتوون له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ( یه‌په‌گه) و هێزه كوردستانیه‌كانی دیكه له‌دژی داعش له‌ناوچه‌كه‌دا" .
بەقسەی ئاری ھەرکی، "حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره بۆ مه‌به‌ست سوپای ئازادی سوریا ره‌وانه‌ی كۆبانێ ده‌كات تا سه‌روه‌رییه‌كان له كۆبانێ ته‌نها بۆ كورد تۆمار نه‌كرێن"، ده‌شڵێت: تورکیا لەم ھەلومەرجەی ئێستا کۆبانێ دەیەوێت ھێزێک لە دەرەوەی ھێزە کوردیەکان بێنێتە ناو شەڕەکەوهو به‌شداریی پیبكات .
ئاری ھەرکی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "یەپەگە بڕیاری هاتنی هێزی سوپای ئازادی سوریا بۆ كۆبانێ به‌ته‌واوی ره‌تده‌كاته‌وه‌و رێنادات به ھیچ ھێزێک جگه له كورد بۆ پشتگیریی بێتە کۆبانێ"، وتیشی: چەند هێزێك لەناو سوپای ئازادی سوریادا له‌ئێستادا شانبه‌شانی یەکینەکانی پاراستنی گەل" یەپەگە " لە شەری دژی تیرۆرستانی داعش کۆبانێ دەجەنگن و رێکەوتنیان لەگەڵ یەپەگە ھەیە، ئەوانیش گومانیان هه‌یه له‌و هێزه‌ی سوپای ئازادی سوریا كه له‌رێی توركیاوه ده‌یه‌وێت بێته كۆبانێ بۆ به‌رگریی له‌شه‌ڕی داعش.
پێشتر، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاشكرایكرد، هه‌زار و 300 سه‌ربازی سوپای ئازادی سوریا ده‌چنه پاڵ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی به‌نیازن بۆ به‌رگریی كردن له‌دژی چه‌كدارانی داعش بچنه كۆبانێ.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له تالین، پایته‌ختی ئیستوانیا ، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، "كوردانی سوریا رازیی بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌زار و 300 سه‌ربازی سوپای ئازادی سوریا به‌هانایانه‌وه بێت له‌كۆبانێ له‌پاڵ ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان"، ده‌شڵێت: وتوێژ له‌ئارادایه له‌باره‌ی چۆنێتی گه‌یاندنی ئه‌و هێزه بۆ كۆبانێ.
ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی
25/10/2014
20ی ئۆكتۆبه‌ر، یادی كوژرانی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، سه‌رۆكی پێشووی لیبیا تێپه‌ڕی كه‌له‌ساڵی 2011 له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كداره‌كانی میسراته كوژرا، بهلاَم ژماره‌یه‌ك له لایه‌نگیرانی ده‌ڵێن كه قه‌زافی له‌ژیاندایه‌و له شوێنێكه، ئه‌وه‌شی كه كوژراوه هاوشێوه‌كه‌ی بووه‌و ته‌رمه‌كه‌یان له‌شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه پیشانداوه.
تائێستا زۆرێك له‌خێڵه‌كانی لیبیا لایه‌نگری قه‌زافی-ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له‌دوو ملیۆن له لایه‌نگیرانی ئاواره‌بوون پاش رووخانی رژێمه‌كه‌ی، زۆربه‌یان لهمیسرو تونس و مه‌غریب و نایجیریا و مالی و چه‌ند ولاَتێكی دیكه‌ن، وه‌ك هه‌ر رێكخراوێكی دیكه، رژێمی قه‌زافی لایه‌نگرانی خۆی هه‌یه‌و په‌یمانی بۆ دووپات ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر ئه‌وانیشن كه داننانێن به‌ئاڵوگۆڕی سیاسیی ئێستای ولاَتهكهیان.
زۆرێكیش له‌لایه‌نگیرانی رژێمی پێشووی قه‌زافی خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك له‌كه‌ناڵی ئاسمانین، وه‌ك (الجماهیریه) و (صوت القبائل) و (لیبیا24)، سه‌ره‌ڕای چالاكییه‌كانی تۆڕی كۆمهلاَیهتی فه‌یسبوك. لایه‌نگیرانی قه‌زافی ئه‌وه‌ش ناشارانه‌وه كه له‌ئێستادا پرۆسه‌ی سیاسی و یاسای ریشه‌كێشكردنی سیاسیش كه له‌لایه‌ن كۆنگره‌ی نیشتمانی گشتییه‌وه ده‌ركراوه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، ده‌ڵێن هیچ چاره‌سه‌رێك له‌لیبیا به‌بێ ئه‌وان ناكرێ.
(المقاومه الوگنیه اللیبیه)، وه‌ك هێزێكی سه‌ر به‌رژێمی پێشوو داوا ده‌كات راپه‌ڕینێكی میللی دژبه هێزه ئیسلامییه سیاسی و میلیشیا چه‌كداره‌كان له لیبیا به‌رپابكرێ.
یه‌كێك له‌لایه‌نگرانی قه‌زافی ده‌ڵێت: "ئێمه له‌و بڕوایه‌داین كه سه‌ركرده زیندوه و به‌سوپاكه‌یه‌وه هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلامان لیبیامان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و ئاڵا سهوزهكهش سه‌رله‌نوێ به‌رزده‌كاته‌وه".
یه‌كێكی دیكه‌ش پێیوایه كه ئه‌م قسه‌یه نزیكه له‌ڕاستیه‌وه و وتی: "ئێمه پشت بهوێنهكان ده‌به‌ستین، ئه‌وه‌ی كه بینیمان ته‌رمێك بوو وێنه‌كانی پیشاندراو بینیمان دوای راگه‌یاندنی كوشتنی سه‌ركرده له20ی ئۆكتۆبه‌ری2011، ئه‌وه موعه‌مه‌ر قه‌زافی نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌سێكی تر بوو كه هه‌ر له‌و ده‌چوو."
له‌لایه‌كی دیكهوهه (جه‌میله مه‌حمودی) پاسه‌وانه تایبه‌ته‌كه‌ی قه‌زافی ره‌تیكرده‌وه قه‌زافی كوژرابێت و ئه‌و وێنانه‌شی به‌ناراست زانی كه له میدیاكان بڵاوكرانه‌وه، وتیشی: "به‌ڵگه‌م لایه كه ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و وێنانه درۆن و دوورن له راستییه‌وه."
جه‌میله ده‌ڵێت"من ئازایه‌تی ئه‌و ده‌زانم و ده‌مه‌وێت بۆ هه‌موولایه‌ك دووپاتی بكه‌مه‌وه كه ئه‌وه‌ی پیشاندارا له‌شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه قه‌زافی نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر چاوپۆشیش بكه‌ین ئه‌ی كوا ته‌رمه‌كه‌ی؟ "ئاشكراشیكرد "قه‌زافی فریشته‌یه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌ی وه‌ك قاعیده‌و داعش كه ئێستا لهلیبیان".
شاره‌زایه‌كی روسیاش وتویه‌تی ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕشگێڕه‌كانی لیبیا له‌سرت كوژراوه، قه‌زافی نه‌بووه، به‌ڵكو كه‌سێكی هاوشێوه‌ی قه‌زافی بوه‌و ناوی ئه‌حمه‌ده.
هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌ی ئه‌و شاره‌زا رووسیه و به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی، شاره‌زا روسییه‌كه ده‌ڵێ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی لایه ده‌یسه‌لمێنێت كه ده‌ستگیركردنی قه‌زافی له‌شاری سرت رۆژێكی باراناوی بوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ڤیدیۆكه ده‌بینرێ ره‌شه‌باو خۆڵبارینه، هه‌وره‌ها قه‌زافی قژی ره‌شه، كه‌چی پاش دهستیگركردنی ده‌رده‌كه‌وێ ره‌نگی قژی قاوه‌ییه.
ئه‌و شاره‌زا روسیه له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "كاتێك موعه‌مه‌ر قه‌زافیان هێنا بۆ نه‌خۆشخانه دوو فیشه‌كی پێوه‌بوو، یه‌كێكیان له‌سه‌ری به‌ته‌نیشتی گوێیهوهو ئه‌ویتریشیان له‌سكی، بهلاَم ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی له‌پێگه ئه‌لیكترۆنیه‌كان بلاَوبویهوه ده‌ریده‌خات فیشه‌كێكی تر نراوه به‌پێش سه‌ریه‌وه".
شاره‌زا روسییه‌كه هه‌ر به‌وه‌ش ناوه‌ستێ و پێی وایه "قه‌زافی پێشتر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سكی بۆكرابوو هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه بهتهرمهكهیهوه له‌كاتی پیشاندانی وێنه‌كاندا ده‌رنه‌كه‌وت".
سه‌رچاوه: صوت روسیا
25/10/2014
ئێستا 15 پسپۆڕی سەربازی ئەڵمانیا لە كوردستان مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەكەن ، بەڵام ئاستی هاوئاهەنگی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لەگەڵ باشووری كوردستان، لەو ماوەیەدا فراوانتر دەبێت . سەرچاوەیەك لە سوپای ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە ئەوان ئاگاداری كردنەوەی ناوەندی سەربازی هاوپەیمانانن لە كوردستان.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی بەنێوبانگی ئەڵمانی (زوید دویتشە تستاینگ)، هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەڵمانیا ئامادەكاری بۆ ناردنی شاندێكی تایبەتمەندی پێكهاتوو لە راوێژكارانی سیاسەتی دەرەوە و شارەزایانی سەربازی لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی كوردستان دەكەن بۆ بینینی ئەو پڕۆژەیەی هاوپەیمانان بەسەرپەرشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە پێكهاتووە لە چوار ناوەندی سەربازی لە هەولێر .
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە وەرگیراون ، بۆ ئەو ناوەندانە باس لە 200 تاوەكو 300 پسپۆر و شارەزای سەربازی دەكرێت، بەڵام تائێستا دیار نییە رێژەی پسپۆڕانی ئەڵمانیا لەو ژمارەیەدا چەند دەبێت. لەنێو ناوەندەكانی سەربازی دەنگۆی ناردنی نزیكەی 100 سەرباز و پسپۆڕی ئەڵمانی بۆ كوردستان بڵاوبووەتەوە. لەهەمانكاتدا باس لەوە دەكرێت كە وڵاتانی ئەسكەندەناڤیاش بەشێك لەو پسپۆڕانە بنێرن .
سەرچاوەیەك لە سوپای ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە ئەوان ئاگاداری كردنەوەی ناوەندی سەربازین لە كوردستان ، بەڵام تائێستا فەرمانێكی فەرمیان بۆ ئەو مەبەستە پێنەگەیشتووە . ئەفسەرێكی سوپای ئەڵمانیا گێرهارد هۆرستمان ، لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ رووداو گوتی:" ئەوان ئێستا لە ئەڵمانیا راهێنان بە 10پێشمەرگەی كوردستان دەكەن لەسەر بارهەڵگری سەربازی و ئۆتۆمبێلی گۆللەنەبڕی جۆری (دینگۆ) و ، 26ی ئەم مانگە دەگەڕێنەوە هەولێر". ئەوەش بەشێكە لەكۆی گشتی پاكێتی هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ كوردستان. راهێنانەكانی ئەم پێشمەرگانە لە ناوەندی سەرەكی لۆجستیكی سوپای ئەڵمانیا لە نزیك شاری برێمن بەڕێوەدەچێت .
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئورسولا ڤۆن دێر لەین ، پێش ئێستا لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەكردنەوەی ناوەندی مەشق و راهێنانی سەربازی لە هەولێر كردبوو و، لە گەل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانك ڤالتەر شتاینمایەر بەردەوام لەسەر هێڵە بۆ فروانكردنی هاوكارییەكانی ئەڵمانیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لایەنێكی دیكەی هاوكاریكردنی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پێشكێشكردنی خزمەتگۆزی پزیشكییە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر یەك لە فراكسیۆنی پارتی سۆسیال دیموكراتەكان و یەكێتی كرستیان دیموكراتەكان لە ئەڵمانیا كە بە هاوپەیمانیی حكومەتی ئێستای ئەڵمانیایان پێكهێناوە، ئاگاداری ئەم مەسەلەیەن.
بەپێی یاساكانی ئەڵمانیا، ئەگەر سەربازەكانی ئەڵمانیا بەشداری راستەوخۆ لە پارستنی ناوچەیەكی جەنگدا نەكەن، ئەوكاتە پێویست بە بڕیاری پەرلەمان ناكات بۆ ناردنیان و شوێنی مانەوەیان دەبێت دووربێت لەو هەرێمانەی شەڕیان لێدەگۆزەرێت.
24/10/2014
كۆمپانیایەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات كە دوای 35 ساڵ لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێران‌دا پێداویستی سەلامەتی فڕۆكەی بەو وڵاتە فرۆشتووە.
گرووپی بۆینگ-ی ئەمریكی بۆ پیشەسازی فڕۆكە، لە بەڵگەنامەیەكدا كە بۆ بۆرسەی نیویۆركی ناردووە، ئاشكرایكردووە كە پێداویتسی پەیوەندیدار بە چاككردنەوەی فڕۆكەی بە ئێران فرۆشتووە، ئەمەش دوای 35 ساڵ دێت لە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێران‌دا لە دوای ساڵی 1979.
كۆمپانیای بۆینگ تایبەتە بە پیشەسازی فڕۆكە و پێداویستی سەربازی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە مانوێل، هیڵكاری، وێنەی رێنمونیكردن و روونكردنەوەی تایبەت بە بواری فڕۆكەوانی بە كۆمپانیای ئێران ئەیر فرۆشتووە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە ئێران چاكسازی لە سەلامەتی گەشتكردن لە فڕۆكە مەدەنییەكانیدا بكات.
ئەو پێداویستیانەی كۆمپانیای بۆینگ بە ئێرانی فرۆشتوون كەلوپەلی یەدەگیان تێدانییە، رەنگە ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئێران ئەیر فڕۆكەی مۆدێل زۆر كۆنی هەردوو كۆمپانیای بۆینگ و ئەیر بەس بەكاردێنێت كە ساڵی 1978 بە دەستی گەیشتوون.
هەریەكە لە كۆمپانیاكانی ژەنەراڵ ئێلیكتریك و بۆینگ لە مانگی نیسانی رابردوو رایانگەیاند ئەوان مۆڵەتیان لە ئۆفیسی ئەمریكا بۆ چاودێری وەرگرتووە و دەتوانن پارچەی یەدەگی فڕۆكەی بازرگانی بە ئێران بفرۆشن، ئەمەش بەهۆی رێككەوتنی كاتی نێوان هێزە گەورەكان و ئێران كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ كەمكردنەوەی سزای سەر ئێران بوو.
كۆمپانیای بۆینگ لە وردەكاری روونكردنەوكەیدا دەڵێت" بە بڕی 120 هەزار دۆلار ئەم پێداویستییانەمان بە كۆمپانیای فڕینی نیشتمانی ئێران فرۆشتوون و لەو مامەڵەیەشدا 12 هەزار دۆلار قازانجمان كردوە".
هەر بەپێی ئەو مۆڵەتەی كە كۆمپانیای بۆینگ لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا وەریگرتووە، ئەم كۆمپانیایە دەتوانێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پارچەی یەدەگ بۆ مەبەستی سەلامەتی لە فڕۆكە بازرگانییەكاندا بە ئێران بفرۆشێت، بەڵام ئەم مۆڵەتە فرۆشتنی فڕۆكەی بە ئێران تێدانییە.
24/10/2014
گرووپی داعش و بەرەی نوسرە رێککەوتننامەیەکیان لە ژێر ناونیشانی ''وسیقە'' واژۆکرد بۆ شەڕکردن لە دژی سوپای لوبنان و حیزبوڵڵا.
گرووپی داعش و بەرەی نوسرە لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکە پەیماننامەیەکیان واژۆکرد بۆ شەڕکردن لە دژی سوپای لوبنان و حیزبوڵڵا لە ناوچەکانی جروود و عەرسال و جروود بریتال لە رۆژئاوای ناوچەی بیقاعی لوبنان، کە ئەو ناوچانە لەژێردەسەڵاتی حیزبوڵڵادان و کەمینە ئاینییەکانی دیکەی تێدادەژین.
بە پێی پەیماننامەکە کە ماڵپەڕی ''ئەلعەرەبی ئەلجەدید'' بڵاویکردووەتەوە، بەرەی نوسرە و داعش بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن زۆرترین کەس لە ژن و پیاوی حیزبوڵڵا دەستگیربکەن، بێ ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەر ئەوانەی کە پشتیوانی لە حیزبوڵڵا ناکەن، لە ماددەی دووەمی پەیماننامەکەدا هاتووە،'' بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی ناکرێتە سەر خانەوادە کریستیانەکان و نابێت دەستگیربکرێن، جگە لەو کەسانەی چەک بە رووی داعش و نوسرە و پشتیوانەکانیان هەڵدەگرن''.
سەبارەت بە سوپای لوبنان بە پێی پەیماننامەکە داعش و بەرەی نوسرە تا رادەیەکی زۆر خۆیان لەشەڕی سوپای لوبنان بەدوور دەگرن. پەیماننامەکە چەند بابەتێکی شەرعیش لە خۆدەگرێت وەک دابەشکردنی دەستکەوتەکانی شەڕ بەسەر لایەنەکانی ئەو رێککەوتنەیان واژۆکردووە.
هەریەک لە بەرەی نوسرە لە ناوچەی قەلەموون، داعش لە ویلایەتی حەمس و قەلەموون، کەتیبەکانی ئەلحەسەنی کوڕی عەلی، لیوای ئەلغوربان، گرووپی ئەبوو عەلی شیشانی، لیوای و ئەعدووا، لیوای تورکمان، گردبوونەوەی قارە و لیوای حەق و قەڵغانی شەریعەت ئەو پەیماننامەیان واژۆکردووە.
مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە دوای دوو مانگ دێت لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان بەرەی نوسرەو سوپای لوبنان لە دەربەندی عەتا و رەهوە و حەمید و عەرسال لە دەڤەری بیقاعی لوبنانی.
24/10/2014
وەزیری تەندروستی ئێران رۆژی پێنجشەممە ئەگەری هاتنی نەخۆشی ئیبۆلای بۆ ئێران رەتنەکردەوە و رایگەیاند،"تاقیگەیەک بۆ ئەو مەبەستە دامەزرێندراوە، بەڵام ژووری ئیزۆلە لە ئێران تایبەت بەو نەخۆشییە نییە".
حەسەن قازیزادە هاشمی رایگەیاند،" هەنگاوی پێویست بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی ئیبۆلا لە 6 مانگی رابردوو دەستپێکردووە و حکومەتی سعودیە لە رۆیشتنی ئەو حاجییانەی کە لەو ناوچانەی پێدەچێت ئەو نەخۆشیەی لێبێت رێگریکردووە، بەڵام بەهەموو ئەوانەشەوە ئەگەری هاتنی ئەو نەخۆشییە بۆ نێوخۆی ئێران هەیە".
ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە 4-10-2014 بەڵێنی بە خەڵکی ئێران دابوو کە هیچ نیگەرانییەک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئیبۆلا و کڕۆنا نییە و گەشتی حاجییان بۆ وڵاتی سعودیە نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانە لە وڵاتەكەیان.
قازیزادە هاشمی باسی لە دامەزراندنی تاقیگەیەکی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشییە کرد، بەڵام ئەوەشی گوت کە" ژووری تایبەت و ئیزۆلە بۆ ئەو نەخۆشییە نییە، هەرچەندە ژمارەیەک بەشی چاودێری تایبەت ئای سی ی‌و ئامادەکراون".
بە گوتەی وەزیری تەندروستی ئێران نەبوونی نەخۆشی کۆلێرا لە ساڵی رابردوو ئەوە دەردەخات کە سیستمی تەندروستی ئێران ئامادەیی باشی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی گوازراوە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا نەخۆشییەكی كوشندەیە، پێنج جۆری هەیە و چواریان دەتوانن مرۆڤ نەخۆش بخەن، دوای ئەوەی دەچنە لەشەوە، خانەكان دەكوژن و وا لە هەندێكیان دەكەن بتەقنەوە، سیستمی بەرگریی لەش كاول دەكەن و دەبنە هۆی خوێنبەربوونی ناوەكی و بە نزیكەیی سەرجەم ئەندامەكانی لەش تێكدەدەن، ڤایرۆسێكی تا بڵێی ترسناكە، بەڵام تەنیا بە بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی تووشبوودا دەگوازرێتەوە.
هەفتەی رابردوو ڤایرۆسی ئیبۆلا گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە مەترسیدارترین و توندترین پەتای سەردەم ناوی هێنا، هەروەها هۆشداری دا لەوەی لە سەرەتای مانگی دیسەمبەرەوە هەفتانە بە هەزاران كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە ببن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش داوای هاوكاری دارایی و مرۆیی لە ئەندامەكانی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی ئیبۆلا و رایگەیاند كە ڤایرۆسی ئیبۆلا هەڕەشە لە جیهان دەكات
24/10/2014
ئەم بابەتە رۆژانەیەو پوختەی گرنگترین وتارەكانی نێو رۆژنامە كوردی، عەرەبی و جیهانییەكان دەخەینە بەردەستی خوێنەران.
هاوڵاتی
لە رۆژنامەی هاوڵاتی و لە دوا ژمارەی ئەو رۆژنامەیەدا، ئەرسەلان رەحمان بابەتێكی نووسیوە بە ناونیشانی " لە پەراوێزی سوێندخواردنی وەزیرە كوردەكاندا، ئاو بێنەو دەست بشۆ".
نووسەر لە دەستپێكی بابەتەكەیدا دەڵێت، "لە سەروبەندی راگەیاندنی كابینەكەی حكومەتی حەیدەر عەبادی، ئەوەی زۆرینە لەسەری كۆك بوون، لاوازی و دەستەپاچەیی سیاسەتمەدارانی كورد و بەرپرسانی باڵای هەرێم بوو لە پاراستنی سەنگی كورد لە بەشداربوونی حكومەتەكەدا".
ئینجا دەڵێت "دەستەپاچەییەكە گەیشتە ئەو ئەندازەیەی كورد وەك داشی دامە جوڵەی پێكرا و خۆی توانای بڕیاری جوڵەكردنیشی بە ئاراستەی بەرەودوای خۆیدا نەبوو".
نووسەر پێیوایە ئەوەی بۆ هەمووان ئازار بەخش بوو، ئەو بێسەنگكردن و بە هەرزە سەیركردنەی سیاسەتی كاربەدەستانی سیاسی كورد بوو لە لایەن ناوەندی شیعەگەرای بەغدا، ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، بە جۆرێك پێش ئەوەی كۆبوونەوە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و ئەمان بڕیاری چوونەوە بەغدا بدەن، عەبادی كاندیدی وەزیرە كوردەكانی دەستنیشان كردبوو.
ئیدی خۆ كەس لە یەكێتی و پارتی نەپرسی، بۆچی و چۆن و لەسەر چ بنەمایەك كاربەدەستەكانی ئێوە لە بەغدا ناویان لە لیستی عەبادییدا هەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەیه، كە دەبوایە گۆڕان و ئیسلامییەكان لە پارتی و یەكێتییان بكردایە".
نووسەر بڕوای وایە بە درێژایی ئەزموونی بەشداری كورد لە بەغدا، گەیشتووینەتە راستییەكی تاڵ، ئەویش بێ توانایی و لاوازی ئەدای ئەو سیاسییانەی كوردە كە لە بەغدان، "بەڵام لایەنە كوردییەكان بۆ گێڕانەوەی جۆرێك لە شكۆی خۆیان، بە پەلە پڕوزێ لە كۆبوونەوەكەی سلێمانی بەیاننامەیەكیان نووسییەوە و لە بەیاننامەكەدا داواكرابوو، كارنامەی عەبادی بگەڕێتەوە ئەنجوومەن و هاوجووت لەگەڵ داوای كورددا دابڕێژرێتەوە".
لە كۆتاییدا ئەرسەلان رەحمان دەڵێت "ئێستا كاتی ئەوەیە، میللەتی ئێمە لە كاربەدەستانی بپرسێتەوە، ئایا عەبادی دەستكاری كارنامەكەی خۆی كرد؟ ئایا مووچەی نارد؟ ئایا لە ماوەی 6 مانگدا دەتوانرێت یاسای نەوت و غاز پەسند بكرێت، ئایا لە یەك ساڵدا ماددەی 140 جێ بەجێ دەكرێت؟.. بێگومان سیاسەتكاری كورد بۆ وەڵامی هەریەك لەو پرسیارانە ئامادەیە گوێی بەنیادەم كەڕ بكات، بە بێ ئەوەی وەڵامێكی روون بداتەوە. لەبەرئەوە دەگەینە ئەو راستییەی بڵێین بەشداری ئەمجارەی لایەنە كوردییەكان لە بەشدارییەكی رەمزی زیاتر تێناپەڕێت و تەنیا دەتوانرێت بوترێت لایەنە سیاسییەكان چوونەوە بەغدا و ئاو بێنە و دەست بشۆ".
رۆژنامەی كوردستانی نوێ
لە دوا ژمارەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، سەربەست جیهاد، بابەتێكی نووسیوە بە ناونیشانی "فڕۆكەكانی داعش بەسەر سەرمەوە" و تێیدا دەڵێت "پێدەچێ لەم سەردەمی پۆست زانیاریەدا هەڕەشەو گڕوگیڤ لەنیوەی شەڕ پتربێ. داعش هەرچی لە دەستی بێ لەساحەی جەنگی دەروونی بەو ئیمكاناتە سنووردارە میدیایەی خۆی، درێغی ناكاو بەشێك لە ئینجازاتیشی هەر لە سەرینی ئەو شەڕە دەروونییەوەیه".
نووسەر دەڵێت "هەرچەندە باش لە كاریگەری تێكدەرانەی جەنگی دەروونی و پڕوپاگەندەی شەڕ تێدەگەین و دەبەرابەری داعش‌یش وەسیلەمان لەبەردەستدایە، بەڵام مخابن بێ ئەوەی شعوری پێ بكەین دەبینە لایەنی نەیاری خۆمان لەو جەنگەی دژی خۆمان بەڕێوە دەچێ، بێ ئەوەی هەست پێ بكەین میدیامان موسەخەركردووە بۆ شەڕێك كە تیرۆر لە دژی بەرپا كردووین، كە ئەصل ئەوە بوو پێچەوانە با".
سەربەست جیهاد پێیوایە "میدیای كوردستانی بە تەقلیدی میدیای وڵاتانی عەرەب و میدیای دنیای پڕ لە فەوزای وڵاتانی (بەهاری عەرەبی). دڕندەیی جەلادەكانی داعش و وێنەكانی سەرپەڕاندن و رەشەكوشتن و ئاوس بوونی كچۆڵە نەمساییەكەو هەموو ئەو هەواڵە گەرم نەرمانەی دەكەوێتە نێوانیانەوە، بابەتە سەرەكی و گرنگەكانی میدیای كوردی پێكدەهێنن. كە بەشی هەرە زۆری ئەو هەواڵ و باس و خواسانە لەوانەن یان ئیعلامی داعش یان هاوسو و هاوسۆزەكانی بەمەبەست بڵاویان دەكەنەوە و میدیای ئێمەش هەر بە پەلەو بەبێ ساغكردنەوە و راستگۆیی سەرچاوەكان بڵاوی دەكەنەوە".
نووسەر پێیوایە لەڕاستیدا داعش ئەگەر فڕۆكەشی دەستكەوتبێت، وەك میدیای كوردی بڵاویكردووەتەوە، فڕۆكەی داعش تەنیا لە فەزای مەجازی قابیلی فڕینە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، نووسەر و رۆژنامەوان ساڵح قەلاب، وەزیری پێشووی راگەیاندنی ئوردن بابەتێكی نووسیوە بە ناونیشانی "توركیا بە ئامانجكراوە و ئەردۆغانیش سوورە لەسەر خستنی ئەسەد".
نووسەر لە سەرەتای بابەتەكەیدا دەڵێت "توركیا درەنگ پێیزانی دەستێوەردانی ئێران لە سووریا بۆ مانەوەی ئەسەد، ئارامی ئەوان و یەكپارچەیی خاكی توركیای تێدا بە ئامانجكراوە، بەڵام دیارە وایە وەك دەگوترێت (درەنگیش بێت باشترە لەوەی هەر نەبێت)".
نووسەر دەڵێت "دەسەڵاتدارانی ئێران كە لە ساڵی 1979ـەوە فەرمانڕەوایی ئێران دەكەن، دواجار ئەگەر بە درەنگەوەش بێت ئەردۆغان و سەركردەكانی پارتی داد و گەشەپێدانیان هێنایە وەڵام، چونكە ئەوان بەردەوام وا لە توركیا دەڕوانن كە هەوڵی زیندووكردنەوەی فەرمانڕەوایی عوسمانی دەدات".
ساڵح قەلاب پێیوایە ئەگەر بەراستی ئێران پەرۆشی پەیوەندی برایەتییە، "نەدەبوو هێڵی سوور ببەزێنێت و یارییەكە بباتە گۆرەپانی توركیا، لە كاتێكدا پەیوەندی زۆر و زەوەندیان لەگەڵ یەكدیدا هەیە. بەو جۆرەش دوور نییە بارودۆخەكە لە هەردوو دەوڵەتدا بتەقێتەوە، ئەگەر ئێران دەست لەو گەمەی دەستێوەردانە هەڵنەگرێت".
رۆژنامەی دی ڤێڵت
رۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانی لە دوایین ژمارەی خۆیدا بابەتێكی لەژێر ناونیشانی " چەك بە سوپای ئازادی سووریاش بدەن" بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەكات، کە "سوپای ئازاد جگە لەوەی هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنە و لە بەرامبەر داعشدا دەوەستێتەوە، لەهەمان كاتیش‌دا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدانراوە بەهۆی جەنگی دژ بە ئەسەدەوە، بۆیە پێویستە هاوكاری سەربازی بكرێت".
نووسەری بابەتەكە تی فۆن ئۆستنزاكن، باس لەوە دەكات، کە "شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەهۆی ئەو بەرگرییە بەهێزەی لەشاری كۆبانێ لەبەرامبەر داعشدا كردوویانە، هەروەها هاوكاری كوردانی ئێزدییان كردووە لە چیای شنگال، شایستەی ئەوەن هاوكاری سەربازی بكرێن، بەڵام لەبەرئەوەی گرێدراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن، تا رادەیەك ئەو هاوكارییە دەكرێت قسەی لەسەر بكرێت و زۆر لایەنیش هەن دژی ئەو هاوكارییەن، لە بەرامبەردا دەكرێت هاوكاری سەربازی سوپای ئازادی سووریا بكرێت، چونكە ئەوان دانیان پێدانراوە و وەك هێزێكیش دەكرێت لەبەرامبەر داعشدا بەكاربهێنرێن، بە تایبەت لەبەرئەوەی زۆربەی سەركردەكانیان عەرەبی سوننین، بەبڕوای ئەو نووسەرە، ئەگەر بەو شێوەیە هێزە عەرەبییە و سوننەكان پشتگوێبخرێن، ئەوا داعش دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەو تاكە پشتیوانی سوننەكانە و دەتوانێت بەرگییان لێبكات.
رۆژنامەی واشنتن پۆست
سەركەوتنی سەربازی ، بووەتە مایەی دروستبونی پشتیوانی جەماوەری بۆ داعش، ئەمە ناونیشانی بابەتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكییە، كە تێیدا باس لەوە دەكرێت، هەرچەندە داعش لەلایەن وڵاتە ئیسلامییەكان و مەرجەع و گرووپە ئاینییەكانەوە بە رێكخراوێكی تیرۆریست ناسراوە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی توانای سەربازییەوە لە جیهانی ئیسلامی‌دا پشتیوانی جەماوەری زیاتری بۆخۆی پەیداكردووە و چەندین گرووپی دیكەی ئیسلامی چەكداری پەیوەدنییان بەو گرووپەوە كردووە و تەنانەت هەندێك مەرجەعی ئاینییش ئێستا پشتیوانی لە داعش دەكەن.
بەبڕوای نووسەر، هەر ئەمەشە وایكردووە چەند گرووپێك لە پاكستان، جەزائیر، لیبیا و چەند وڵاتێكی دیكەش پشتیوانی خۆیان بە ئاشكرا بۆ داعش رابگەیەنن، لەو گرووپانەش، بۆكۆ حەرام لە نەیجیریا، تاڵیبانی پاكستان، گرووپی ئەبو سەیف لە فلیپین و ئەنسار بەیتولمەقدس لە میسر و چەند گرووپێكی دیكەش.
بەبۆچوونی واشنتن پۆست، تاكە چارەسەر بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی داعش ئەوەیە، هەرچی زووە لەرێگەی سەربازییەوە كۆتایی پێبهێنرێت، چونكە بەردەوام پشتیوانییەكانی زیاتردەبێت و تواناكانی فراوان دەبێت.
23/10/2014
هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان HDP رایدەگەیەنێت، تاوەكو ئێستا نە خۆی نە شاندی پارتەكەی نەخشەڕێگای نوێی حكومەتی توركیایان نەبینیوە.
دوای ئەوەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی ئاقڵمەندان گوتی، "نەخشەڕێگای حكومەت نیشانی شاندی HDP و قەندیل دراوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش رەتیكردەوە بینیبێتیان.
دەمیرتاش گوتی: "پڕۆسەكە لەسەر درۆ ناڕوات، نەدەبوو سەرۆك وەزیران بڵێ نەخشەرێگاكە نیشانی شاندی هەدەپە دراوە و لە سەرەتای مانگی ئەیلول رەزامەندی قەندیلی لەبارەوە وەرگیراوە".
یەكێك لەو زانیارییانەی لە كۆبوونەوەی داودئۆغڵو لەگەڵ دەستەی ئاقڵمەندان دزەی كردووە، ئەوەبوو، كە "HDP بەڵێنی بە حكومەت داوە تاوەكو 15 ی ئەم مانگە كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنێت".
دەمیرتاش لەو بارەیەوە گوتی: "لەسەر ناوی من كەمپەینێكی گەورەی بێماناكردنی من بەڕێوەدەبردرێت، كە رەنگە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئەنجامدراوی سەرۆك كۆمارییەوە هەبێت یاخود پەیوەندی بە هەڵبژاردنی گشتییەوە هەبێت كە لەپێشمانە، دەیانەوێ لەنێو پڕۆسەی ئاشتیدا دەستی خۆیان بەهێز بكەن، گەلەكۆمەی لەنێوبردنی منییان وەك فیگورێكی سیاسی رێكخستووە".
23/10/2014
وەزیری تەندروستی ئێران رۆژی پێنجشەممە ئەگەری هاتنی نەخۆشی ئیبۆلای بۆ ئێران رەتنەکردەوە و رایگەیاند،"تاقیگەیەک بۆ ئەو مەبەستە دامەزرێندراوە، بەڵام ژووری ئیزۆلە لە ئێران تایبەت بەو نەخۆشییە نییە".
حەسەن قازیزادە هاشمی رایگەیاند،" هەنگاوی پێویست بۆ رێگریکردن لە نەخۆشی ئیبۆلا لە 6 مانگی رابردوو دەستپێکردووە و حکومەتی سعودیە لە رۆیشتنی ئەو حاجییانەی کە لەو ناوچانەی پێدەچێت ئەو نەخۆشیەی لێبێت رێگریکردووە، بەڵام بەهەموو ئەوانەشەوە ئەگەری هاتنی ئەو نەخۆشییە بۆ نێوخۆی ئێران هەیە".
ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە 4-10-2014 بەڵێنی بە خەڵکی ئێران دابوو کە هیچ نیگەرانییەک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئیبۆلا و کڕۆنا نییە و گەشتی حاجییان بۆ وڵاتی سعودیە نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانە لە وڵاتەكەیان.
قازیزادە هاشمی باسی لە دامەزراندنی تاقیگەیەکی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشییە کرد، بەڵام ئەوەشی گوت کە" ژووری تایبەت و ئیزۆلە بۆ ئەو نەخۆشییە نییە، هەرچەندە ژمارەیەک بەشی چاودێری تایبەت ئای سی ی‌و ئامادەکراون".
بە گوتەی وەزیری تەندروستی ئێران نەبوونی نەخۆشی کۆلێرا لە ساڵی رابردوو ئەوە دەردەخات کە سیستمی تەندروستی ئێران ئامادەیی باشی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی گوازراوە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا نەخۆشییەكی كوشندەیە، پێنج جۆری هەیە و چواریان دەتوانن مرۆڤ نەخۆش بخەن، دوای ئەوەی دەچنە لەشەوە، خانەكان دەكوژن و وا لە هەندێكیان دەكەن بتەقنەوە، سیستمی بەرگریی لەش كاول دەكەن و دەبنە هۆی خوێنبەربوونی ناوەكی و بە نزیكەیی سەرجەم ئەندامەكانی لەش تێكدەدەن، ڤایرۆسێكی تا بڵێی ترسناكە، بەڵام تەنیا بە بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی تووشبوودا دەگوازرێتەوە.
هەفتەی رابردوو ڤایرۆسی ئیبۆلا گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینی و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە مەترسیدارترین و توندترین پەتای سەردەم ناوی هێنا، هەروەها هۆشداری دا لەوەی لە سەرەتای مانگی دیسەمبەرەوە هەفتانە بە هەزاران كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە ببن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش داوای هاوكاری دارایی و مرۆیی لە ئەندامەكانی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی ئیبۆلا و رایگەیاند كە ڤایرۆسی ئیبۆلا هەڕەشە لە جیهان دەكات
24/10/2014