جەنەڕاڵ مارتین دێمپسی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ دەگاتە هەرێمی کوردستان.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ جەنەراڵ مارتین دێمپسی، سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا بگاتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کۆببێتەوە".
مارتین دێمپسی لە ساڵی 1952 لەداییکبووە و هەژدەمین فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکایە و ئێستا بەرزترین پلەی سەربازی هەیە لەناو هەموو هێزەکانی سوپای ئەمریکا.
15/11/2014
لە ئەمریکا، خەڵکی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ٢٤ ی ئەم مانگە دەکەن. لەسەنتەری ویڵسن، رۆژی چوارشەممە، هۆڵەکە جێگەی کەسی دیکە نەدەبووەوە. خەڵکی هاتوون بۆ گوێگرتن لە گفتوگۆیەکی پسپۆڕان لەسەر ئەگەری دروستبوونی رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا.
کۆتایی هەفتە، لە مەسقەتی پایتەختی عومان، سێ رۆژی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی گرووپی پێنج کۆ یەک نەیتوانی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەرهەمبهێنێت. بەڵام هێشتا پسپۆڕان تەواو بێئومێد نین.
درێژکردنەوەی گفتوگۆکان کەمترین دەسکەوتە، بۆیە ئێران و ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی گەورەترین ئامانج کە لابردنی تەواوی ئابڵوقە ئابوورییەکانە لەسەر ئێران لەبەرامبەر دروستبوونی دڵنیایی لای رۆژئاواییەکان کە ئێران چەکی ئەتۆمی دروستناکات.
کۆتایی هەفتە سەرۆک باراک ئۆباما گوتی لە هەردوو وڵات خەڵکانێک هەن کە دژی دروستبوونی رێککەوتنن لە نێوان وڵاتەکەی و ئێران. لە وڵاتەکەی بە ئاشکرا مەبەستی کۆمارییەکان بوو کە ئێستا دەسەڵاتیان زیاتربووە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە رێگەی هەڵبژاردنەوە کۆنترۆڵی تەواوی کۆنگرێسیان گرتە دەست.
کۆنگرێس دەتوانێت ئابڵوقەی زیاتری ئابووری دژی ئێران پەسەندبکات.
14/11/2014
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP ئاشکرای دەکات، پێشنیازی دانانی چەک لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە مانگی ئادار تا نیسانی 2015 دەکرێت و لەلایەن پەکەکەوەشەوە چرای سەوزی بۆ هەڵکراوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە كاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "ئەگەر لەنێوان شاندی حکومەت و ئۆجەلان رێککەوتن بکرێت، پەکەکە هەرە درەنگ مانگی ئادار تا نیسانی 2015 چەک دادەنێ و لەلایەن پەکەکەشەوە چرای سەوزی بۆ هەڵکراوە".
دەمیرتاش پێیوایە کە حکومەتی تورکیا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن PKK یەکی بێچەکی دەوێت و دەڵێت: "حکومەتی تورکیا لەسەرەتاوە داوای پەکەکەی بێچەک دەکات، ئەمەش چاوەڕوانییەکی سرووشتی حکومەتە، بەڵام پرسی گرنگ ئەوەیە بە چ رێگایەک دەگەینە ئەو قۆناغە".
دەمیرتاش لەسەر زاری ئۆجەلانەوە دەڵێت: "بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئێمە ساڵەهای ساڵ درێژی ناکەینەوە، پێشنیازی من بۆ دەوڵەت ئەوە بووە کە ئەوان بە بەرنامەی چارەسەری خۆیان و نەخشەڕێگای خۆیانەوە بێن و منیش لەئیمرالی لەگەڵ راوێژکار و هاوڕێیانم تاوتوێی دەکەم، ئێوە نەخشەڕێگای خۆتان پێشکەش بکەن، منیش نەخشەڕێگای خۆم، رۆژێک دادەنیشین و و کۆتایی پێدەهێنین و دەگەینە رێککەوتن، منیش لە مانگی ئادار و نیسان داوا لە پەکەکە دەکەم و بانگەوازی چەکدانانیان بۆ دەکەم".
دەمیرتاش هەروەها دەڵێ: "قەندیل پشتیوانی لەم نەخشەڕێگایەی ئۆجەلان کردووە و بەرپرسانی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK گوتوویانە: "ئێمە لەسەر ئەم شێوازە، ئەنجامدانی رێککەوتن بەم رێگایە ئامادەین و دەرەنجامەکەی هەرچی بێت، لەپشت رێبەرەکەمانین".
14/11/2014
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەڵێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رێکكەوتنی ئێران و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی کەڵک وەرنەگرتن لە خاکی باشووری کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی ئێرانی سوپای پاسداران، نوێنەری ئێران بووە لەو رێکكەوتنەدا.
نازم عومەر دەباغ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی هەمشەهری ئێرانی لەبارەی کەسایەتی قاسم سولەيمانی و رۆڵی لە پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستاندا ئاماژەی بەوە داوە، بنکەی حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە خاکی باشووری کوردستان دایە و پەکەکە و پژاکیش لەسەر سنوورەکان بارەگایان هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی رێکكەوتنی لەگەڵ ئەو لایەنانە و هەروەها ئێران کردووە کە لە خاکی باشووری کوردستان بۆ هێرشکردنە سەریەکتری کەڵک وەرنەگرن.
دەباغ هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر ئێران بەڕاستی پابەندی ئەو رێکكەوتنە نەبێ، دەتوانێ بە تەقاندنەوەی نارنجۆکێک لە بنکەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات، ئەو رێکكەوتنە بشکێنێت. بەگوتەی نازم دەباغ، لەسایەی سەری ئێرانە کە ئەو رێکكەوتنە ناشکێندرێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت قاسم سولەیمانی کە نوێنەری ئێران بووە بۆ ئەو رێکكەوتنە، پیاوێکی راستە و ئەگەر بەڵێنێکیدا جێبەجێی دەکات و پابەندی قسەی خۆی دەبێت.
لایەنەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە کە زیاتر لە 20 ساڵە بنکە و بارەگاکانیان بۆ قوڵایی باشووری کوردستان گواستوونەتەوە، دەڵێن بەهۆی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان لە چالاکییەکانیان هەڵگرتووە. هەروەها ناڕاستەوخۆ باس لە هەبوونی رێکكەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ هێرش نەکردنە سەر هێزەکانی ئێران لە خاکی باشووری کوردستانەوە. بەرپرسانی ئێرانیش بێ ئەوەی ئاماژە بەو رێکكەوتنە بدەن، دوورخستنەوەی بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستکەوتێکی سیاسی و سەربازی بۆ ئەو وڵاتە دەزانن و دەڵێن یەکێک لە گەورەترین سەر كارەكانی چەند ساڵەی دوای شۆڕشیان لەکۆڵ خۆیان کردووەتەوە. بەڵام حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەگەرچی بنکەی بەڕێوەبەرییان لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەماوە، بەڵام پەیوەندییان لەگەڵ نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبڕاوە و وەک خۆیان دەڵێن زۆربەی ئەندامانیان تاوەکوو ئێستاش لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندان.
rudaw
14/11/2014
بۆ یەکەمجار دوای زۆرتر لە سێ مانگ لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش، کۆشکی سپی دان بەوەدادەنێت کە ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش ناکارایە و باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی دەکات کە ستراتیژییەتێکی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دابڕێژن.
لەماوەی هەفتەیەکدا تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا چوارجار بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژیەتی چارەسەری بنەڕەتی کە بە ستراتیژیەتی ئۆباما دژ بە داعش ناسراوە، کۆبووەتەوە. سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە سێ ئێن ئێنی راگەیاندووە، باراک ئۆباما داوایکردووە ستراتیژیەتێک دابڕژرێت کە بتواندرێت داعش لە عێراق و سووریا تێکبشكێندرێت، هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاندووە، کە کار بۆ گۆشەگیرکردنی حکومەتی سووریا و بەهێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەو دەکەن.
دەڤید فرانسیس و شابین موسکات لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی راپۆرتێکیان دەربارەی کۆبوونەوەکانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئامادەکردووە، ئەو دوو پسۆڕە پێیانوایە یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ئەمریکا بریتییە لە هەڵکشان و چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر داعش، هەروەها کۆشکی سپی و ئەندامانی کۆنگرێس ئەو باوەڕەیان لا دروستبووە ئیدی پێویستە هێزێکی وشکانی نێودەوڵەتی لە عێراق هەبێت بۆ لەناوبردنی داعش. ئەوەی ئەرکی ئەمریکای سەختترکردووە، بێهەڵوێستی تورکیایە بەرامبەر بە داعش.
لە راپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسیدا هاتووە، کە وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شکستیان لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش هێناوە.
داعش بەلایەنی کەم خاوەن 400 ملیۆن دۆلارە. ئەم بڕە پارەیەش ناکرێت وەکو کاش هەڵبگیرێت، بەڵکو لە یەکێک لە بانکەکانی ناوچەکە لە تورکیا یان لە وڵاتانی کەنداوە. وێڕای ئەوەی ئەمریکا ژمارەیەک بزنسمانی خستوونەتە لیستی رەشەوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەو بانکانە بدۆزێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ داعش دەکەن.
لە راپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، وێڕای ئەگەری گۆڕینی ستراتیژیەتی ئەمریکا بەرامبەر بە داعش، بەڵام عێراق و دەرکردنی داعش دەبێت بە ئامانجی یەکەم لە ستراتیژیەتەکەدا، بۆئەم مەبەستەش دەبێت ستراتیژییەتەکەی هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریادا.
لە کۆتاییدا کۆشکی سپی دانی بەوەدانا بەم ستراتیژیەتە داعش لە ناونابرێت، لە ئێستا بەدواوە عێراق بە تایبەتی و جیهان بە گشتی چاویان لە واشنتنە کە چ پلانێکی دیکەی ستراتیژی دادەڕێژێت.
rudaw
14/11/2014
تۆماس فریدمان لە دوایین وتاریدا بەراوردێک لە نێوان هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر داعش و کوردستان دەکات و پێیوایە ئەنقەرە داعشی لە کوردستانی سەربەخۆ بەلاوە باشترە.
تۆماس فریدمان، نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی لە وتارێکدا كە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویكردووەتەوە، پەردە لەسەر گومانەکانی سەبارەت بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لادەدات. فریدمان دەڵێت ئەردۆغان خەون بە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سوننی دەبینێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەرجێک خۆی ببێت بە خەلیفەی. هەتا ئەوەش دێتەدی مانەوەی داعشی پێ باشترە لە بری کوردستانی سەربەخۆ.
فریدمان لە وتارەکەدا باس لە بنیاتنانی پردی سێیەمی ئیستەنبوڵیش دەکات و سەرنجی خوێنەرانی رادەکێشێت بۆ ناوی "یاوز سوڵتان سەلیم" کە ئەردۆغان دەستنیشانیکردووە بۆ ئەو پردە. سوڵتان سەلیم سوڵتانێکی سوننی مەزهەبی دەوڵەتی عوسمانییە کە لە ساڵی 1514 شەڕی لە سەفەوییە شیعە مەزهەبەکان بردووەتەوە.
فریدمان دەڵێت نە دەستنیشانکردنی ئەم ناوە و نە ناڕەزایی عەلەوییەکان رێکەوت نین. بەڵکو ئاماژەیەکن بۆ ئەو خواستەی لە دڵی هەموو موسوڵمانێکی سوننیدا هەیە بۆ بوون بە خەلیفە.
rudaw/
13/11/2014
گروپێكی چهكداریی مهسیحی بهناوی ئهسیریانی نیشتمانی له عیراق، توانیویانه كۆنتڕۆڵی شارۆچكهی (باكوفه) له باكووری عیراق بكهن.
حزبی ئهسیریانی نیشتیمانی، یهكێكه لهو گروپه چهكدارییانهی كه لهم چهند مانگهی دوایدا دروست بوونو لهچهند ناوچهیهكدا شانبهشانی هێزهكانی پێشمهرگه دژی چهكدارانی داعش دهجهنگن.
دوای ئهوهی هێزهكانی پێشمهرگه توانیان ئهو شارۆچكهیه لهدهستی چهكدارانی داعش رزگار بكهن، كه ناوچهیهكی مهسیحی نشینهو نزیكهی 30 كیلۆ مهتر له موسڵهوه دووره و 22 گوندی لهسهره، زیاتر له 120 ههزار دانیشتووی مهسیحی ههیه، له ئێستادا ئهو گروپه بهتهواوهتی كۆنتڕۆڵیان كردوه.
زۆربهی ئهو كهسانهش كه بهشدارن لهو حزبهدا خهڵكی ناوخۆینو ئهمهش یهكهمینه جار بێنه ناو مهیدانی شهڕكردنهوه. چهند كهسانێكی ناو ئهو حزبهش باس لهوه دهكهن كه هۆكاری بهشداریی كردنیان بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه كه زیاتر پارێزگاری له ناوچه مهسیحی نشینهكانیان بكهنو هاوشێوهی هێزهكانی پێشمهرگه رۆڵیان ههبێت له پارێزگاریكردن.
ئامادهكردنی : خهنده مهجید
13/11/2014
دوای نزیكەی 20 رۆژ لە وەستانی هەنگاونان بۆ پڕۆسەی ئاشتی، لە رۆژی چوارشەممەوە دووبارە گرژی نێوان حكومەتی توركیا و پارتی دیموكراتی گەلان HDP خاوبووەتەوە و هەنگاوەكان بە ئاراستەی چارەسەریی دەستپێدەكەنەوە.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەڵێ: "لە رۆژی 11/11/2014 چەند کەسێک لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، لەنێوان حكومەت و هادەپە، كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پڕۆسەكە".
رۆژی چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2014، دوای راگەیاندنی پارتی دیموكراتی گەلان، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا بە ئەرێنی روانییە راگەیاندنەكەی HDP و گوتی: "هەنگاوێكی ئەرێنییە كە بە ئاراستەیەكی راست نراوە، هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ دەكەین و لەمەودوا لە هەڵێنانی هەنگاوەكان راوێژ بەیەكدی دەكەین".
داودئۆغڵو بەر لە بەڕێكەوتنی بۆ ئوسترالیا بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی G20، گوتی: "پێویستی بە نیشاندانی نیازپاكی هەبوو، ئەم راگەیەندراوەی (HDP) وەك پابەندبوونیان بە پڕۆسەی ئاشتییەوە ئەرێنی بوو".
rudaw-
13/11/2014
هادی سادقی، یەكێك لە جێگرانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، رازیبوونی بەرپرسانی ئێرانی بە سەردانی دوو لێكۆڵەری مافی مرۆڤ بۆ ئێران راگەیاند.
سادقی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی رەخنەی لە ئەحمەد شەهید، ریپۆرتەری رێكخراوی جیهانی مافی مرۆڤ گرت، رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا دوو لێكۆڵەری مافی مرۆڤ سەردانی ئێران دەكەن. روونیشی كردەوە، کە لە دیداری سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤدا، "ئێران ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ سەردانی لێكۆڵەرانی بە ویژدان كە لە دوو بواری تایبەتدا راپۆرت ئامادە بكەن، بەڵام ئاشكرای نەكردووە، كە ئەو دوو بوارە تایبەتە چین؟".
ئەحمەد شەهید، كە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە لێكۆڵەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران دانراوە، تا ئێستا رێگای پێ نەدراوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە رەوشی مافی مرۆڤ سەردانی ئێران بكات، بەرپرسانی ئێران بە تووندی رەخنە لە راپۆرتەكانی دەگرن و بە لێكۆڵەرێكی بە ویژدان و بێلایەنی نازانن.
زیاتر لە 10 ساڵە ئێران رێگای بە لێكۆڵەرانی مافی مرۆڤ نەداوە، كە سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، لە بەرامبەریشدا بە ردەوام بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.
13/11/2014
حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە بۆ کردنەوەی کۆنسڵخانەی ئەرمینیا لە شاری هەولێر.
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند:" حکومەتی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەگوێرەی ماددەی 26ی یاسای خزمەتی دەرەوە، ژمارە 5ی ساڵی 2008، رەزامەندی نیشانداوە بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئەرمینیا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەبادیدا هاتووە،"شوێنی کارکردنی کۆنسوڵخانەکە تەنیا هەرسێ پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر دەبێت و حکومەتی عێراق لەداهاتوودا مافی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی دیکەی دەبێت بەگوێرەی هەمان یاسا".
12/11/2014
جۆن مەککین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی CNN ی راگەیاندووە، کە ئەو جەنگەی بەرامبەر چەکدارە تووندئاژۆکان هەڵگیرساوە، وەک پێویست بەڕێوەناچێت ئەمە شەڕی ڤێتنامی بیردەخاتەوە. دەشڵێت: '' داعش سەردەکەوێت''.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی ئەمەریکا پێیوایە شەڕێک لە دژی چەکدارەکانی رێکخراوی داعش هەڵگیرساوە، بەشێوەی پێویست بەڕێوەناچێت و ئەگەر هیچ نەبێت بە خوێندنەوەی تووندئاژۆ تەمەن بچووکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەو رێکخراوە سەردەکەوێت.
جۆن مەککین ئاماژە بە شەڕێکی کۆنی ئەمەریکا دەدات، کە وەک ئەو دەڵێت بەهۆی زۆر تێکەڵاوبوون و ئاڵۆزی ئەم شەڕەی ئێستای دژی داعش وەک شەڕی ڤێتنامی لێدێت.
جۆن مەککین کە بە سیاسەتڤانێکی سەرسەخت دادەنرێت دژی سیاسەتەکانی دەرەوەی سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانەکەی ئاماژە بەو ئامانجانەی ئەمەریکا دەکات کە وڵاتەکەی دژی تیرۆر و تووندئاژۆیی کاری لەسەر دەکات و دەڵێت :'' پلانەکانی ئیدارەی کۆشکی سپی ئامانجەکانی خۆی ناپێکێت'' . دەشڵێت، " هەڵەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی تووندڕەوە ئیسلامییەکان ناوچەی دیکەش کۆنترۆڵ بکەن"
مەکین دەربارەی ناردنی 1500 پسپۆڕ و راوێژکاری دیکە بۆ عێراق دەڵێت:" ناردنی 1500 سەرباز بۆ تێكشاندنی داعش بەس نییە". نێوبراو ئاماژە بەوەش دەکات" ئەمریکا ئەم شەڕە لەگەڵ داعش ناباتەوە، تەنیا رێگایەک بۆ ئەوەی کە ئامانجەکان بپێکێت ئەوەیە کە دەبێت هێزی وشکانی لەسەر زەوی هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جۆن مەکین رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا هێزی تایبەت رەوانەی عێراق بکات، ئەمەش هەمان ئەو پێشنیازەیە کە جەنەڕاڵ ئودیرنۆ کردوویەتی. دەربارەی نامەکەی ئۆباما بۆ عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، مەکین دەڵێت:" شتێکی نا ئەخلاقییە کە ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش داوای هاریکاری لە ئێران بکات ".
rudaw:
12/11/2014
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەروەت و سامانی تایبەتی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرادەكات.
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" رۆژی سێشەممە 11 تشرینی دووەمی 2014، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فۆڕمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانی بۆ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان رەوانەكردەوە".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەروەت و سامانی هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان ئاشكراناكرێت، بەڵكو بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكرێت و تەنیا زانیارییەكان لە لای دەستەكە دەبن و ساڵانە چاودێری بەرژەوەندیی و سەروەت و سامانی ئەو كەسانە دەكرێت كە فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، نێوبراو دەشڵێت:" زانیارییەكان لە لای ئێمە پارێزراودەبن".
11/11/2014
گوتەبێژی حكومەتی توركیا وەڵامی چاوەڕوانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەداتەوە بۆ چوونە لای ئۆجەلان و دەڵێ: "لەنێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن".
رۆژی 3-11-2014 پارتی دیموكراسی گەلان بە فەرمی داواكاری پێشكەشی وەزارەتی دادی حكومەتی توركیا كردووە بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بەڵام ئەنقەرە كە بەهۆی خۆپێشاندانەكان بۆ پاڵپشتی كۆبانێ لە باكووری كوردستان، چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ HDP هەڵپەساردوون، تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی یان نەرێنی شاندی دانوستاندنكاری نەداوەتەوە.
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بولەنت ئارینچ، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "شاندی هادەپە داوایان كردووە بچنە ئیمرالی، بەڵام وەزارەتی داد وەڵامی نەداونەتەوە، هێشتا لەسەر مێزی تاوتوێكردنین و هەڵنەستاوین".
ئارینچ هەروەها گوتی: "دوای خۆپێشاندانەكانی 6و7 ی تشرینی یەكەم چاوەڕێی ئەوەین هادەپە چیدەكات، ئاخۆ پڕۆسەی ئاشتی دەوێ یان نا، دوای ئەوەی رێگایان بۆ كوشتن كردەوە، لەكاتێكدا هیچ گلەییەك لەوانە نییە كە ئەو ناوەیان شێواند ئێستا چاوەڕوانی چی لە ئێمە دەكەن؟".
جەختیشی لەوە كردەوە: "هادەپە ناچارە ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی ئەنجامی بدات، بە دۆستە هادەپەییەكانم دەڵێم، لە نێوان چەكوشی قەندیل و سندانی ئۆجەلاندا مەبن، ئازادبن و خۆتان بڕیاری خۆتان بدەن، بە ئازایەتییەوە رۆڵی خۆتان ببین".
لە دوێنێوە دەنگۆی كوژرانی باهۆز ئەرداڵ، فەرمانداری پێشووی هێزەكانی پاراستنی گەل لە میدیا توركییەكان بڵاوبووەتەوە، گوتەبێژی حكومەتی توركیا لەوبارەیەوە دەڵێ: "خۆزگە بەڵگەیەكی لەمشێوەیە دەگەیشتە دەستمان و ئێمەش بە ئێوەمان دەگەیاند، بەڵام سەرچاوەكانی (زانیاری) ئێمە ئەمە پشتڕاست ناكەنەوە، بەڵام لێكۆڵێنەوەكان بەردەوامن".
11/11/2014
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ 11/11/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد. پەیامنێرمان پێی راگەیاندین کە بارزانی گەیشتە خانەقین و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو میحوەرە کۆبووەتەوە. مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بارزانیدایە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند کە داعش روو لە شکستە.
11/11/2014
کۆشکی سپی بڕیاری ناردنی 1500 پسپۆر و راوێژکاری سەربازی بۆ عێراق دوادەخات، تا ئەو کاتەی کۆنگرێس بڕی پێنچ ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە عێراق پەسەند دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، کۆشکی سپی بڕیاریداوە ئەو پسپۆر و راوێژکارانە بەرەو عێراق جوڵەیان پێنەکرێت تاوەکو کۆنگرێس دەنگی لەسەرنەدات.
کۆشکی سپی دەسەڵاتی دەستووری هەیە کە 1500 پسپۆڕ و سەرباز رەوانەی عێراق بکات و هاریکاری و راوێژی سەربازی لە دژی داعش پێشکەش بە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.
رۆژی هەینی راگەیێندرا كە ئەم پسپۆر و سەربازانە نانێردرێن بۆ عێراق، لەبارەیەوە کۆلۆنێل ستیڤ وارین لە پێنتاگۆن بە ئاژانسەکانی راگەیاندووە،" پێویستمان بە بودجەیەک هەیە تاوەکو ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستپێبکەین. ئەو 1500 پسپۆڕ و راوێژکارانە نانێرین تاوەکو بڕی 5 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار تەرخان نەکرێت بۆ ناردنیان" .
کۆی ئەو سەرباز و پسپۆرانەی ئەمریکا لە مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا بۆ عێراقی ناردوون دەگاتە 1600 کەس، بە ناردنی 1500 پسپۆری دیکە ژمارەکە دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر ئەو بودجەیەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش تەرخانکراوە. لەم ژمارەیەدا 100 سەربازی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا تەرخانکراون لە بەغدا. سێ هەزارەکەی دیکەش بۆ هاریکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەن.
پێشبینیدەکرێت کۆنگرێس مانگی داهاتوو لەمبارەیەوە گفوتگۆ بکات و بیخاتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکان، دواتریش جەژنی سەر ساڵی بەسەردا دێت، واتا پێشبینیدەکرێت ئەو 1500 سەربازە لە دوای سەری ساڵی نوێ رەوانەی عێراق بکرێن.
سیناتۆر پاتریک مورفی بە دووری دەزانێت کۆنگرێس بە ئاسانی رەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو هێزە دەربکات، پاتریک لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن دەڵێت: " ئومێدەوارم کە گەڕاینەوە کۆنگرێس گفتوگۆی لەسەر بکەین، بەڵام لەو باوەڕەدام زۆربەی سیناتۆرەکان دودڵن لە پشتگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی وشکانی واتا 1500 کەس. بە تایبەتی عێراقییەکان هیچ پێشنیازێکی سیاسییان نییە کە تەواوکەری ئەو جوڵە سەربازییەی ئەمریکییەکان بێت" .
هاوكات سیناتۆر بوک ماکوین رەخنە لە داواکردنی ئەو بودجەیە دەکرێت و دەڵێت "داوا لە ئۆباما دەکەم بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و ئەوەمان بۆ روونبکاتەوە کە ئەو بودجەیە ئاراستەیەکی دیکە بە ئۆپەراسیۆنەکان دەبەخشێت". بەپێی راپۆرتەکانی پێنتاگۆن سپۆرە ئەمریکییەکان لە چوار پارێزگای عێراق بڵاوەیان پێدەکرێت، پارێزگاکان بریتین لە بەغداد و ئەنبار و دیالە و هەولێر.
11/11/2014