سەرۆكوەزیرانی توركیا چاودێری بیانی، یان وەك خۆی دەڵێ "چاوی سێیەم" بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی ئاشتی رەتدەكاتەوە. ئەو دەڵێ "لەگفتوگۆكانی ئۆسلۆ تاقیمانكردەوە، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام".
ئەحمەد داودئۆغڵو، لە كاتی گەڕانەوەی لە فلیپین بۆ توركیا لەنێو فڕۆكەی تایبەتی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "ئەم پرسە پرسی نێوخۆیی توركیایە و دەبێ لەنێو هاونیشتمانیانی خۆماندا باسی لێوە بكەین، ئەگەری بوونی هیچ چاودێرێكی بیانی لەئارادا نییە".
لەماوەی رابردوودا، بەتایبەت لەدوای خۆپێشاندانەكانی 6 و 7 ی تشرینی یەكەمی 2014 چەند سەركردەیەكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK و پارتی كرێكارانی كوردستان PKK رایانگەیاند كە گەریلاكانیان گەڕاندوونەتەوە نێو خاكی توركیا و بە چەكی باشتر و هێزی زیاترەوە لە ئامادەباشیدان. لەبەرامبەر ئەو لێداوانانە داودئۆغڵو گوتی: "PKK بەڵێنەكەی خۆی نەبردەسەر".
لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەوان هیچ بەڵێنێكی خۆیان نەبردەسەر، بڕیاربوو توركیا بەجێبهێڵن و چەكەكانیان دابنێن، دەبوو ئەمانە زۆر زووتر بكرابان، بەڵام ئێمە ئەوەی پێویستبوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی بەجێمانهێناوە".
لەبارەی هاتنی چەكدارانی بیانی لەرێگەی توركیاوە و چوونیان بۆ نێو ریزەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا داودئۆغڵو ئەوەی ئاشكرا كرد: "وەزیری دەرەوەی یەكێك لە وڵاتە گرنگەكانی ئەوروپا دوو ساڵ پێش ئێستا داوای لێكردم كە "رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر" منیش گوتم ئێوە رێگە مەدەن ئەو چەكدارانە لە وڵاتی ئێوەوە بێنە دەرەوە، ئەویش گوتی ئێمە وڵاتێكی دیموكراسین و ناتوانین ئازادی گەشتكردن لە خەڵك بگرین، دوای ئەم قسانە ئێمە رێگریمان لە 700 چەكداری بیانی كردووە، كە لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتوون".
"بە رژێمی سووریامان گوت ناسنامە بە كورد بدەن".
سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێ: "ئێمە ئەو كاتەی پەیوەندیمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد باش بوو پێمانگوتن ناسنامە بە كورد بدەن، بەڵام PYD دەچێت پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دادەنێ و هەماهەنگی لەگەڵ دەكات".
ئەو قسانەی داودئۆغڵو لەكاتێكدان كە هێشتا لە دەستووری توركیا "یەك زمان" و "یەك نەتەوە" هاتووە و نەتەوە و كەمینەكانی دیكە لە توركیا بۆیان نییە لە خوێندنی فەرمیدا بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن و جگە لە ناسنامەی "توركبوون" هیچ ناسنامەیەكی دیكەیان هەبێت.
19/11/2014
شێخ موعتەسەم شێخ سەعید بەرزنجی، شێخی تەریقەتی قادری ولیانی، كە لە شارۆچكەی ئاكرێ دادەنیشێت، شەوی رابردوو لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد.
تەریقەتی قادری ولیانی تەریقەتێكی گەورەی باشووری كوردستانە و دوو تەکییەیان هەیە و رۆژانە سەدان كەس سەردانی ئەو تەکییانە دەكەن، یەكێكیان لە قەزای ئاكرێ و ئەوی دیكەشیان لە شارەدێی روڤیایە.
بڕیارە تەرمی شێخ موعتەسەم لە تەکییەی شێخ ئیسماعیل ولیانی لە روڤیا بنێژرێت.
ئەم تەریقەتە هەزاران شوێنكەوتە و دەروێشی هەیە، لە باشووری كوردستان، عێراق، ئێران، توركیا، پاكستان، سودان.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2014، تەرمی شێخ موعتەسەم لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێندرێتەوە باشووری كوردستان.
19/11/2014
تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەردەم پارێزگاری هەولێر خۆکوژی بووە و ویستوویەتی بچێتە نێو بینای پارێزگای هەولێر خۆی بتەقێنێتەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ خۆکوژەکە ویستوویەتی بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بچێتە نێو بینای پارێزگا و لە لایەن پاسەوانەکان ڕێگری لێکراوە و لە بەردەم دەرگای پارێزگا خۆی تەقاندۆتەوە.
PNA
19/11/2014
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ "سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەكپارچەیی خاكی كوردستان". جەختیكردووەتەوە كە پەرلەمانی كوردستان سازش لەسەر ئەو سروودە ناكات و دەڵێ "هێڵی سوورە".
د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازیكرد لە گرووپی بەرگری نەتەوەیی كوردستان، كە لە ژمارەیەك رۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و چالاكوانی مەدەنی پێكهاتوون.
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، لە سەرەتای دانیشتنەكەدا ، شاندەكە داوایان كردووە لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پارێزگاریی لە سروودی (ئەی رەقیب) بكەن و بە پڕۆژە یاسا ئەو سروودە بكەنە سروودێكی نەتەوەیی كورد.
سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندووە "كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەموومان تەباین و پێمانوایە سروودێكی گرنگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناكەین".
ئاماژەی بەوەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەهەمان تێڕوانینی نەتەوەییەوە سەیری سروودی ئەی رەقیب دەكات.
سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاندووە "ئێستا لەپەرلەمان یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە هەیە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو لە داهاتووشدا دەنگی لەسەر دەدرێت و سروودەكە وەك سروودێكی نەتەوەیی كورد دەناسێنرێت".
rudaw
18/11/2014
جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP گوتی: "بەهۆی كۆمەڵكوژی دێرسیم و هەموو ئەو زوڵمەی كە دەوڵەت لەماوەی رابردوودا لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لە كوردی كردووە، داوای لێبوردن دەكەم".
ئۆزنور چەلیك، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP لە بارەی ئەو كەشوهەوایەی پڕۆسەی ئاشتی هێناویەتییە ئاراوە گوتی: "لە هەموو توركیا گەڕاوین، لە هەموو شوێنێك تورك، كورد، عەلەوی و سوننی داوامان لێدەكەن كە پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت".
بە بۆچوونی ئەو: "بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەمی توركیا لادەچێت و پێویستە ئەو ئاستەنگە بخەینە بەردەم ئەوانەی دەیانەوێ پڕۆسەكە پەكبخەن".
لەبارەی كۆمەڵكوژی دێرسیم و داوای وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەرانی دێرسیم بۆ داوای لێبوردنی حكومەت، گوتی: "حیزبێك بێنە بەرچاوت كە خۆی لە رابردوو بێبەری دەكات، كۆمەڵكوژی دێرسیم بە كۆمەڵكوژی نازانێت، كوشتنی 13 هەزار كەس و ئاوارەكردنی 12 هەزاری دیكە وەك نەبوو دادەنێن".
جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان AKP گوتیشی: "ئەو داوای لێبوردنە وەك كەسێكی پلەباڵای نێو AKP دەكەم، ئێمە دوێنێ دێنینەوە بیر و ئەمڕۆ دەژین و داهاتوو بنیات دەنێین، هیچ كەسێكیش بۆی نییە ئینكاری رابردوو بكات".
18/11/2014
نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق رایگەیاند فەتوای جیهادی كیفائی، كە مەرجەعی سیستانی بۆ شەڕ لە دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) دەركرا سەركردە سەربازییەكانی ئێران ناگرێتەوە.
نووسینگەی عەلی سیستانی لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ: "مەرجەعییەتی باڵای نەجەف رەتیدەكاتەوە پێشوازی لە بەشداریكردنی چەند فەرماندەیەكی سەربازی ئێرانی كردبێت لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و بە بەشێك لە جیهادی كیفائی ناساندبێت، ئەو هەواڵانەی كە باس لەوە دەكەن بێبنەمان".
نووسینگەی عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەكردووە، "پێشتر نوێنەرانی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینی لە كەربەلا لە سەر زاری ئەوەوە داوایان لە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دۆستانی عێراق كرد بەشداری لە جەنگی دژی تیرۆر بكەن، هیچ پێشهاتێكی نوێیش لەو بارەوە نەهاتووەتە ئاراوە".
ئەمە لەكاتێكدایە چەند دەزگایەكی راگەیاندن پێشوەخت وێنەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سیادی عێراق لە بەرەكانی شەڕ لە دژی داعش بڵاوكردەوە و راشیانگەیاند كە سلێمانی لەلایەن سیستانییەوە پاڵپشتی دەكرێت.
18/11/2014
لە کۆبوونەوەکەی 17-11-2014 ی نێوان شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراسی گەلان HDP و جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، داواکەی HDP بۆ پێکهێنانی شاندێکی چاودێری پەسەندکراوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، لایەنی حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی شاندی چاودێری کە لە 16 کەس پێکدێت، 8 یان لەلایەن حکومەت و 8 یان لە لایەن HDP دیاریدەکرێن.
پێکهێنانی ئەم شاندە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی HDP بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە. چاوەڕێدەکرێت شاندی چاودێری لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی هەردوو لایەنی حکومەت و کوردی بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی قۆناغێکی باش بڕدراوە لە دانوستاندنەکان، هەتا ئێستا بابەتی دامەزراندنی سکرتاریەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی یەکلا نەبووەتەوە. سەبارەت بەو شاندەش کە سەردانی ئیمراڵی دەکات، چاوەڕێدەکرێت هەردوو سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە و لەیلا زانا ببن بە بەشێک لەو شاندە.
18/11/2014
پەرلەمانی روسیا کە ناسراوە بە ( دوما) بوو بەیەکەم وڵات کە بەفەرمی دانی بەمافی کوردا ناو دژی قڕکردنی گەلی کوردو کەمایەتییەکانی تر لە سوریا وەستایەوە.
بەپێی راگەیەنراوی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەکۆی ٤٥٠ ئەندامی هێزە سەرەکییەکانی پەرلەمان بەراست و چەپەوە، ٤٤٢ ئەندام پەرلەمانیان لەگەڵ ناساندنی مافی نەتەوەی کوردابوون بە فەرمی.
ڕاگەیەنرا کە لە کۆی ٤٥٠ پەرلەمانتاری ڕووسیا ٤٤٢ پەرلەمانتاری دەنگی بەلێیان دا.
ئەو پرۆژەیە پێشکەش پەرلەمان کرابوو لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان سەرگی ناریشمین ەوە کە سەرۆک پارتی رووسیای یەکگرتووە ئامادەکرابوو.
سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی پەرلەمانی ڕوسیا ئەلەکسی پوشکۆڤ دوای بڕیارەکە بەمیدیاکانی راگەیاند " لە رۆژهەلاتی ناوەراست، دەبێت بزانرێ کە لە عێراق و سوریا تەواوی کورد لە ژێر هەرەشەی قرکردن دایە بەدەستی ئیسلامی رادیکال".
پوشکۆف وتیشی " چەتەکانی داعش دوژمنی مرۆڤایەتین و سنورناناسن ، ئەو دۆخەکە خراپە ئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتانی رۆژئاوایە دەبێ ئەو پرسە بە پێی پەیماننامەی نێونەتەوەیی ، حقوقی گەردوونی و بە ئەرێکردنی مافی گەلان و لە ژێر چەتری نەتەوەیەکگرتووەکان دا چاەرسەر بکرێ".
17/11/2014
دوای 20 رۆژ وەستانی پڕۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ جارێكیتر شاندی پارتی دیموكراتی گەلان HDP و حكومەتی توركیا كۆدەبنەوە.
ئیدریس بالوكەن، یەكێك لە ئەندامانی شاندی HDP رایدەگەیەنێت: "تاوەكو هەلومەرجی كاركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەگۆڕدرێ، ناگەینە هیچ رێككەوتنێك".
بالوكەن، كە هاوكات سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی HDPیە گوتی: "تاكە دەروازەیەك كە ئۆجەلان لێیەوە پەیوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە هەبێت، شاندی پارتەكەی ئێمەیە، بەم تێگەیشتنەشەوە ناكرێ بگەینە ئەنجامی رێككەوتنێك، ئەگەر باس لە رێككەوتن دەكرێ دەبێ سكرتاریەتێك بۆ ئۆجەلان پێكبێ كە نووسین و نامەكانی بپارێزێ".
بڕیار وایە یاڵچین ئەكدۆغان، یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا كاژێر 13:00 لەگەڵ شاندی هادەپە لە بینای ئەنجوومەنی وەزیران كۆببێتەوە، وەك چاوەڕوانیش دەكرێ شاندی هادەپە لە پەروین بوڵدان، ئیدریس بالوكەن و سری سورەییا ئۆندەر پێكدێن.
یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بارەی خۆپێشاندانەكانی 6 و7 ی تشرینی یەكەمی 2014 گوتی: "وامەزانن ئەمە جووڵانەوەیەكی دەرەوەی كۆنتڕۆڵە، ئەمە ستراتیژییەتێكی زانراو و دیاریكراوە، دەیانەوێ ئەوانەی وەك خۆیان بیرناكەنەوە لە ناوچەكە (باكووری كوردستان) وەدەربنێن".
هەروەها گوتی: "ئەو كەسانەی بە باری ئەوان ناگۆڕێن، ئەو پیاوانەی كار كە پشتگیریان ناكەن، سەندیكا، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوە ناحكومییەكان و هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە دەیانەوێ كۆچی زۆرەملێی پێبكەن".
رووداو - ئەنکەرە 17/11/2014
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی داوەتنامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی وەزیرانی راگەیاندنی وڵاتانی ئەندام لە نێو رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا گوتی: "باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری ئەنجامدانی كۆنگرەی وەزیرانی راگەیاندنی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی بەشداریكردووە، كە بڕیارە لە 3ی مانگی داهاتوو لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەبچێت".
گوتیشی: "بەمەبەستی بەشداریكردنی عێراق لەم كۆنگرەیەدا وەزارەتی رێنوێنی ئێران بە فەرمی داوەتنامەیەكی ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە".
رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی 57 وڵات و رێكخراو لەخۆدەگرێت، ئامانجی یەكدەنگی و كۆكردنەوەی سەرجەم مسوڵمانانی جیهانە كە ژمارەیان لە نێوان 1.3 تاوەكو 1.5 ملیار كەس دەبێت. رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو ئەندامی هەمیشەیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە.
17/11/2014
وەزیری دەرەوەی عوممان رۆژی یەكشەممە 16/11/2014 بە بێ راگەیاندنی پێشوەخت و لە ناكاو، سەردانی تارانی كردو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كۆدەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عوممان بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گەیشووەتە تاران. هەروەها ئاشكرای كردووە بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسی عوممان لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران كۆدەبێتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا عوممان میوانداری دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 كرد و هەندێك لە ئاژانسەكان گریمانەی ئەوە دەكەن سەردانی لەناكاوی وەزیری دەرەوەی عوممان بۆ ئێران پەیوەندی بە دانوستانەكانەوە هەبێت.
16/11/2014
گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) سێیەمین بارمتەی ئەمریکیی سەربڕی. پیتەر کاسیگ بۆ رێکخراوێکی فریاگوزاری کاریدەکرد و ساڵێک پێش ئێستا کەوتە دەست داعش.
ئەمڕۆ سەرلەبەیانی داعش ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و تێیدا پیتەر کاسیگ بە سەربڕدراوی دەردەکەوێت. تیمی فاکت چێکینگی رووداو دوای بینینی ڤیدیۆکە و لێکۆڵینەوە لێی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ڤیدیۆیە پڕ تووندوتیژیترین ڤیدیۆیە کە تاوەکو ئێستا داعش بڵاویکردبێتەوە.
لە رۆژانی رابردوودا دەنگۆی برینداربوونی سەربڕی ئەمریکییەکان، کە بە (جۆن) دەناسرێت و گومان دەکرێت راپەڕێکی خەڵکی بەریتانیا بێت، لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لەو ڤیدیۆیەدا کە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە جۆن سەرلەنوێ دەردەکەوێتەوە و سەری سێیەمین بارمتەی ئەمریکیی بە بڕدراوی لەبەردەم خۆیدا داناوە.
پێشتر داعش هەریەکە لە جەیمس فۆڵی و ستیڤ سۆلتۆڤ-ی ئەمریکیشی سەربڕی. هەروەها جۆن کامتڵ، کە ئەویش بارمتەیەکی ئەمریکییە و لەدەست داعشدایە، هەڕەشەی سەربڕینی لەسەرە.
16/11/2014
یوسف قەرزاوی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی مسوڵمانی جیهان پێشوازی لە لێدوانەكانی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات، كە رەخنەی لە شیعە گرتبوو بەوەی قسەی نەشیاو بە هاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلام دەڵێن.
قەرزاوی لەبەیاننامەیەكدا رۆژی شەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2014 رایگەیاند، قسەكانی رەفسنجانی چاوەڕواننەكراوبوون و درەنگیش كەوتن و هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی ئەو قسە ئازادانە و ئازایەتی ئەو دەكەین.
قەرزاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە كردار شەرتە نەك گوفتار شیبكاتەوە لە رێگەی مامەڵەكردنی ئێرانی شیعە مەزهەب لەگەڵ مسوڵمانانی سوننەدا و داواشی لە پیاوانی ئایینی شیعە و دەوڵەتی ئێران كرد بێڕێزیكردن بە مسوڵمانانی سوننە حەرام بكەن.
هاشمی رەفسەنجانی رۆژی 10 تشرینی دووەم رایگەیاندبوو، كە بەهۆی ناكۆكی نێوان شیعەو سوننە و بێڕێزیكردن بەرامبەر بە پیرۆزییەكانی سوننە لەلایەن شیعەوە، گرووپەكانی وەكو قاعیدە و داعش و تاڵیبان و چەندین گرووپی هاوشێوە دروستبوون.
rudaw
15/11/2014
سەرمایەدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن ئۆتۆمبێلی گرانبەها هاوشێوەی رۆلز رۆیس و بوگاتی بکڕن، بەڵام کڕینی ئۆتۆمبێلی سەرۆکی ئۆرۆگوای لە جۆری بیتل، کە کۆمپانییای ڤۆڵکس واگن لە ساڵی 1987 بەرهەمی هێناوە ، بووەتە خەونی ئەو سەرمایەدارانە.
مۆخیکا لەم دواییانەدا رایگەیاندووە شێخێکی عەرەب بڕی یەک ملیۆن دۆلاری لە بەرامبەر فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە شینەکەی پێداوە، کە لە زۆربەی ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، بەنێو دەنگدەرانیدا دەسووڕایەوە.
مۆخیکا رۆژی هەینی لە رادیۆیەکی لۆکاڵی بڵاویکردەوە کە ئۆتۆمبێلە 3000 دۆلارییەکەی هەرگیز نافرۆشێت و هەموو داواکاری فرۆشتنەکانیش رەتدەکاتەوە.
ئەو ئۆتۆمبێلە بووەتە هێمای ژیانی ئاسایی ئەو سەرۆکەی کە رەتیکردووەتەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی ژیان بەسەر بەرێت و خانووی گووندەکەی هەڵبژاردووە و زۆربەی مووچەکەشی لە بەرنامەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی تەرخان دەکات لە وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئۆرۆگوای دەشڵێت: "نازانم ئەو رۆژە دێت کە ئۆتۆمبێلەکەم بفرۆشرێت یاخوود نا، بەڵام تامن لە ژیاندابم ئەو لەلای خۆم دەبێت".
15/11/2014
دوای ئهوهی ئهفسهرێكی باڵای ئێران بهشداری جهنگی داعش دهكات، ئێرانییهكان وهك ئهفسانه لهو پیاوه دهڕوانن و پێیان وایه، رزگاری ههموو ئێرانه، تهنانهت باوهڕیان وایه ئیتر دایكان له جیاتی لایه لایه و داستانه ئهفسانهیهكانی رۆستهم و زۆراب، باسی باسی ئهو ئهفسهره باڵایه بۆ منداڵهكانیان دهكهن.
به پێی ههواڵێكی پێگهی ئهلیكترۆنی بهناوبانگی(جام نیوز) تیایدا هاتووه: "قاسم سولهیمانی پیاوێكی خۆشهویسته و ئهگهر سهیری مێژووی ئهو پیاوه بكهین پڕ پڕه له سهروهری، ئهو یهكێكه له كهسایهتیه خۆشهویستهكانی ئێران ئهگهر چی له قاسم سولهیمانی لهناو كهسایهتیه هونهری و وهرزشیهكاندا نییه، بهڵام یهكێكه لهو دهموچاوانهی كه له خۆشهویسترین كهسی ئێرانه".
له درێژهی ئهو ههواڵدا هاتووه: "له كۆندا فارسهكان له داستانهكانیاندا باسی ئهوهیانكردوه چۆن پاڵهوانهكان رووبهرووی دێو و دژه پاڵهوانهكان بوونهتهوه، دواتریش ئهو داستانانه بوونهته جێگای لایه لایهی دایكان، بهڵام ئهم رۆژانه ئهفسانهیهكی زیندوو ههیه كه ناوی (سردار قاسم سولهیمانی) و له جیاتی رۆستهم و زۆراب دایكان باسی ئهویان بۆ دهگێڕنهوه".
رۆژنامهیهكی بهریتانیش له وهسفی قاسم سولهیمانی نووسیویهتی: "سهردار سولهیمانی تهمهن 57 ساڵ له لیستی رهشی ئهمریكا هێنراوهته دهرهوه و و وهك پاڵهوانێكی نهتهوهیی له ئێران دهناسرێتهوه".
لهماوهی رابردوودا هادی عامری سهرۆكی رێكخراوی بهدر، له چاوپێكهوتنێكیدا لهگهڵ گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) نكۆڵی له پهیوهندییهكانی لهگهڵ ئێراندا ناكات، بهڵكو خۆی پێوه ههڵدهكێشێت و رایدهگهینێت: "قاسم سولهیمانی جهنگاوهرێكی باش و هاورێمه و پیاوێكی باشه، رێكخراوهكهمان شانازی بهوه دهكات كه هاوپهیمانی ئێرانه، شتێك نییه بیشارێتهوه ئێمه به درێژایی 1400 كم سنوورمان لهگهڵ ئێران ههیه و دراوسێمانن، چی بكهین؟ ئێمه له عیراقدا به كرێ دانهنیشتووین و ناشكرێت بۆ شوێنێكی دیكه بگوازینهوه".
قاسم سلیمانی سیاسهتمهدار و سهركردهی سهربازی ئێران له ماوهی چهند ساڵی رابردوودا وهك ئهفسانهیهك سهیری دهكرێت و ههمیشه به پیاوه پۆڵاینهكه ناسراوه، چهند رۆژێك بهر له ئێستاش، سادق خرازی باڵیۆزی پێشووی ئێران له فهرهنسا و نهتهوه یهكگرتووهكان لهسهر پێگهی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبووك بڵاویكردووهتهوه، كه وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا ویستی خۆی به وهزیری دهرهوهی ئێران راگهیاندوه بۆ دیدار لهگهل قاسم سولهیمانی، كه "ئهگهر بۆ تهنیا جارێكیش بێت".
دیبلۆماته ئێرانیهكه له زاری جۆن كیری بڵاویكردووهتهوه: "حهزدهكهم لهگهڵ قاسم سولهیمانی كۆببمهوه، ئهگهر بۆ تهنیا جارێكیش بێت".
خهندان ـ نهبهرد فوئاد
16/11/2014