کۆمەڵێک گەورە زانا و دانای جیهان، پێناسەی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا (د. خ.) دەکەن و زۆربەیان بە پیاوێکی گەورەی مرۆڤایەتی دەیناسێنن.
گاندی:
ویستم کەسێک بناسم، کە بەبێ کێشە دڵی هەزاران کەسی داگیرکردبێت، بۆم دەرکەوت، کە محەممەد ئەو کەسەیە و لە رێگەی سادەیی، راستگۆیی و دڵسۆزی بۆ پەیامەکەی و هەروەها ئەخلاقێکی زۆر بەرز، کە لەو پیاوەدا هەبوو، دڵی خەڵکی داگیرکردووە.
فەیلەسووفی فەرەنسی لامارتین:
ئەگەر بێتو پێوەرەکانی دیاریکردنی کەسانی ناوازە دیاریبکەین بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی، ئەوا هیچ کەس جورئەت ناکات بڵێت، من لە محەممەد داهێنەرتربووم، چونکە ئەو خۆشەویستییەکی هەمیشەیی بەسەرزەویدا بڵاوکردەوە و داهێنەرەکانی دیکە چەک و داگیرکارییان بەدوای خۆیاندا هێنا.
تۆڵستۆی:
تەنها ئەوەندە بەسە بۆ محەممەد، کە شەیتانی لە میللەتەکەی دوورخستەوە و لە زەلیلی رزگاریکردن.
بێرناردشۆ:
محەممەد پیشڕەوی ئایینێک دەکات، تاهەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە. رۆژێکیش دێت لە کیشوەرەکەی مندا ئایینەکەی ئەو پانتاییەکی زۆر دەگرێتەوە.
ئێدوار مۆنتێیە:
محمەمەد عاقڵترین پیاوی عەرەب بووە لە مێژوودا.
شاعیری فەڕەنسی لامارتین:
گەورەترین رووداو لە ژیانی مندا خوێندنەوەی ژیاننامەی محەممەد، پێغەمبەرەی ئیسلام بوو، دەرکم بە گەورەیی و نەمریشی کرد.
گۆتە، شاعیری ئەڵـمانی:
لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بۆ باڵاترین مرۆڤ گەڕام، پێغەمبەرێکم دۆزییەوە ناوی محەممەد بوو.
١٢ی بەفرانباری١٣٩٣ی هەتاویی
٢ی ژانویەی٢٠١٥ی زاینی
سەرتاپای جیهان بەم دیمەنانە پێشوازی لە ساڵی نوێ کرد. بەڵام دانیشتووانی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان نەیانتوانی بە هەما شێوە ئاهەنگی سەری ساڵ ساز بکەن.
شەوی سەری ساڵ پلەی گەرما لە ئامەد کەمتر بوو لە 5 پلەی سیلیزی. لەگەڵ ئەوەدا بە هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان بۆ پیرۆزکردنی ساڵی نوێ و پێشوازیکردن لە 2015. ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا، ئۆپەراسیۆنی پۆلیس بوو بۆ بڵاوەپێکردنیان، بەڵام روویدا.
پێکدادانی نێوان پۆلیس و هاونیشتمانیان لە چەند گەڕەکێکی ئامەد بووە رێگر لە بەردەم ئاهەنگگێڕان. سەرەتا لە ناوچەی یەنیشەهیر لەو شارە دەمەقاڵە لە نێوان چەند گەنجێک و پۆلیس درووستبوو. دواتر پۆلیس بڕیاری بڵاوەپێکردنی هاونیشتمانیانی دا و بۆ ئەو مەبەستە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەکارهێنا.
رووداوەکان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک بەردەوام بوون. هەتا دواجار پۆلیس رێگا سەرەکییەکانی ئەو شارەی داخستن. لە یەکەم چرکەساتەکانی ساڵی نوێشدا 4 هاونیشتمانی دەستگیرکران و ئەم دیمەنانە بوون بە یەکەم دیمەنی تۆمارکراو لە ئامەد.
rudaw
2/1/2015
شەپۆلەکانی بزووتنەوەی سەوز زۆر لەمێژە خەوتووە، ئەحمەدی نژادیش لە دەسەڵات کەوتووە ، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بە دەنگی زۆرینەی ریفۆڕم خوازەکان لەسەر کورسی دانیشتووە ،بەڵام پرسیارێکی گەورە کە خواستی بەشێک لە کۆمەڵگای ئێرانیشە هەر بێ وەڵام ماوەتەوە ، داهاتووی رێبەرانی بزووتنەوە سەوز چی دەبێت ؟ ئەم پرسیارە بووەتە ژانەسەرێک بۆ لایەنگرانی رێبەری ئێران و سیاسەتمەدارانی موحافزەکاری ئێران .
لەدوایین کاردانەوەدا ، سادق لاریجانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوڵامی رەخنەی هەندێک کەس سەبارەت بە بەندکردنی رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز بێ دادگاییکردنیان رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و پێداگری بەندکراوەکان لەسەر قسەکانی خۆیان، ئاستەنگی لەبەردەم بەڕێوەبردنی دادگا کردووە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای دادوەریدا گوتوویەتی:" هەرکات بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، دەسەڵاتی دادوەری ئامادەیە دانیشتنی دادگا بەڕێوەبەرێت، هەڵبەت دەبێ بڵێم کە دادگا جێگای دەردەدڵکردن و قسەفڕێدان و کایەکردن بە دەرونی خەڵک نییە، ئەو کەسانە لە دادگا دەبێ بەرگری لەخۆیان و کردەوەکانیان بکەن ، چوون دۆسیەی ئەو کەسانە پڕە لە تۆمەت".
بەگوتەی خۆی ، لاریجانی ئەو قسانە لە وڵامی کەسانێکدا کردووە کە بەردەوام پرسیاری لێدەکەن بۆچی رێبەرانی فیتنە دادگای ناکرێن و تەنانەت دەسەڵاتی دادوەری دەبەنە ژێر پرسیار و دەڵێن کە دەسەڵاتی دادوەری توانای دادگاییکردنی ئەو کەسانەی نییە"، ناوبراو ئەو قسەیەی رەدکردووەتەوە و گوتوویەتی کە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەهێزە و دۆسیەی زۆرلەوە گەورەتری چارەسەر کردووە.
بە باوەڕی چاودێرانی سیاسی ئەو گوتانەی لاریجانی وڵامێکی ناڕاستەوخۆن بۆ عەلی موتەهەری، نوێنەری موحافزەکاری پەرلەمانی ئێران کە گوتبووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تەنیا لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییەک هەیە دەتوانێ فەرمانێک دەربکات و بەندکرانی ئەو کەسانە لە چەند ساڵی رابردوودا پێویستی بە بڕیاری دادگا هەبووە .
مێر حوسەین موسەوی و مێهدی کەڕوبی و زەهرا رەهنەوەرد، رێبەرانی بزووتنەوەی سەوز لە زستانی چوار ساڵ لەوە پێشەوە لەماڵەکانی خۆیاندا بەندکراون، بێ ئەوەی دادگایی بکرێن، ئەوە لەکاتێکدایە کە دەیان کەس لە تاوانبارانی ئەو دۆسیەیە هەر ئەوکات بە شێوەی گشتی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دادگایکران و حوکمیان بۆ بڕایەوە.
rudaw
2/1/2014
سەرۆکی پارتی حەق و حەقیقەت لە تورکیا، رەخنە لە ناوبردنی رێکخراوی داعش بە "تیرۆریست" دەگرێت و بە بزووتنەوەیەکی میللی ناوی دەبات.
دورسون گونەش، سەرۆکی پارتی "حەق و حەقیقەت"ی تورکیا لە لێدوانێکدا کە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، رەخنە لە ناوبردنی رێکخراوی داعش بە تیرۆرست دەگرێت و دەڵێت:" دەکرێ تۆ پێت وابێت داعش تیرۆريستە، بەڵام من دەڵێم تیرۆرست نییە. داعش بزووتنەوەیەکی میللییە کە مافی گەلەکەی خۆی دەپارێزێت".
گونەش سەبارەت بە (ئاک سەرای) کۆشکی سەرۆک کۆماری نوێی تورکیاش قسەی کرد و گوتی:" ئێمە لەگەڵ ئیسراف نین، بەڵام ئەو کۆشکە ئەگەر بیر بکەیتەوە کە خەلیفەی تێدا دادەنیشێت، ئەوا پێدەچێت بۆ ئەو مەبەستە بنیاتنرابێت، ئێمە ئەوەمان پێ باشە و دەمانەوێت سیستمی سەرۆکایەتی بهێنین".
پارتی حەق و حەقیقەت ساڵی 2008 لە تورکیا دامەزرێندراوە و خەبات بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەکات.
2/1/2014
نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی داعش رایگەیاند، داعش تەنیا بە شەڕ لەناو ناچێت، بەڵکو لە ناوچوونی داعش، بەندە بە چاکسازی سیاسی.
جەنەڕاڵ جۆن ئالن، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە ریکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، رایگەیاند، كە هاوپەیمانان رۆڵی سەركردایەتی دەگێڕن لە شەڕی دژ بە داعش و توانیویانە پەیوەندیكردنی چەكدارانی بیانی بە داعشەوە رابگرن و هەروەها هەندێك سەرچاوەی دارایی داعش وشكبكەن.
جۆن ئالن دەربارەی رەوشی ئێستای عێراق رایگەیاندووە، داعش بەشی رۆژئاوای عێراقی گەمارۆداوە، بەغدا هەڕەشەی لەسەرە، عێراق دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لەشكستپێهێنانی داعش ئەگەر هاتوو بتوانێت بەردەوام بێت لە چاكسازی سیاسی، چونكە داعش بە تەنیا بە جەنگ لە ناو ناچێت.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێیوایە تەنیا ئەمریكایە، كە دەتوانێت ئەم شەڕە داعش بكات.
بە گوتەی ئالن، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی توانیویانە هێز و تواناكانی داعش سنووردار بكەن، چیتر داعش ناتوانێت هێزی خۆی نمایش بكات یاخود بە ئاسانی جموجوڵ بكات، بە تایبەتی لە سوریا، كە هاوپەیمانان سەنتەری كۆنتڕۆڵ و سەركردایەتی داعشیان تێكشكاندووە.
رووداو- واشنتن
1/1/2015
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاشكرایكرد، كە دوو مانگ بەر لە گیرانی موسڵ، نێردەی تایبەتی ئەمریكایان لەپاوانخوازیی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاگاداركردووەتەوە و هۆشدارییان داوە، كە بە دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەكان، داعش ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پەكدەخات.
رۆژنامەی ماكلاتشی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، كە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەمریكای هانداوە، بەبایەخی زیاترەوە بڕوانێتە ناوچەی رۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە رەققە و شارەكانی دیكە و دەستبەسەرداگرتنیان.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، كە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هۆشداریداوە، ئەگەر داعش پێشی لێنەگیرێت پەلهاوێژیی دەكات بۆ وڵاتانی دیكەی دراوسێ، بەڵام نێردەی ئەمریكا بایەخی بە یاداشتەكە نەداوە و پشتگوێی خستووە.
نوێنەرێكی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، "رەنگە ئەگەر ئەوكات ئەمریكا دوو، تاوەكو سێ ملیۆن دۆلاری بدابووایە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئێستا بارودۆخەكە بەو شێوەیە نەدەبوو و داعش ئەو پێشڕەوەییەی نەدەكرد".
1/1/2015
نێوانگیری نێوان حكومەتی لوبنان و گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) رایگەیاند داعش سێ مەرجی بۆ ئازادكردنی سەربازە لوبنانییەكان هەیە، كە بریتین لە: پاراستنی ئاوارەكانی سووریا لە دەستدرێژییەكانی حیزبوڵڵا، دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو بۆ چارەسەركردنی برینداران و نەخۆشەكان و دروستكردنی عەمبارێكی دەرمانی پزیشكی.
شێخ ویسام میسری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبو ئەنوار لە شاری تەرابلوس، كە هاوكات نێوانگیری نێوان حكومەتی لوبنان و رێكخراوی داعشە رایگەیاند: "چەكدارانی داعش توڕەن و دەڵێن شەڕی ئێمە لەگەڵ سوپا و حكومەتی لوبنان نییە، بگرە لەگەڵ حیزبوڵڵایە كە دەست لە كاروباری گرووپەكە وەردەدات و منداڵانی چەكدارانی دەكوژێ".
میسری گوتیشی: "داعش سێ مەرجی بۆ ئازادكردنی سەربازە لوبنانییەكان هەیە و بریتین لە پاراستنی ئاوارەكانی سووریا لە دەستدرێژییەكانی حیزبوڵڵا، بە رێگەی دروستكردنی ناوچەیەكی قەدەغەكراوی چەك، دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو بۆ چارەسەركردنی برینداران و نەخۆشەكان و دروستكردنی عەمبارێكی دەرمانی پزیشكی و ئازادكردنی هەموو ئافرەتانی سووریا كە لە بەندیخانەكانی لوبنان زیندانن".
نێوانگیری نێوان حكومەتی لوبنان و داعش دەشڵێ: "داعش داوای ئازادكردنی هاوسەری پێشووی ئەبو بەكر بەغدادی و عولا هاوسەری ئەبو عەلی چیچانی، سەركردەی بەرەی نوسرە دەكات".
31/12/2014
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێوە، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی ساڵی تازە، "هەزارن سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لەشەری دژی تیرۆریستانی داعش ئازایانە گیانی خۆیان فیدای گەل و نیشتیمان كرد" دەنێرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژە بۆ سەرکەوتنی گەلی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە "لەوە دڵنیام كە گەلی كوردستان بەو بەها باڵایانەی كە هەیەتی سەردەكەوێت".
لەپەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی، سوپاسی "خۆڕاگریی تاك تاكی خەڵكی كوردستان" دەکات، کە "لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا" لە ساڵی 2014، "تەحەمولی قەیران و ناخۆشییەكانیان كرد و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان بوون".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوایەک دەبەخشێتە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و دەڵێ، "پشت بە خوای مەزن و گەلی كوردستان، لە ساڵی تازەدا هەموویان بە سەربەرزی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە".
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هیوادارم ساڵی 2015 ساڵی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی. ئومێد دەكەم ساڵی نوێ ساڵی كۆتایهاتنی تیرۆر و نكۆلیكاری و توندڕۆیی بێت و چیتر شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ پێشێل نەكرێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و بەها مرۆڤییەكان بەسەر شەڕانگێزی و ڕقدا سەربكەون.
بەبۆنەی سەری ساڵی تازە هەزارن سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و، بۆ ڕۆحی بێگەردی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لەشەری دژی تیرۆریستانی داعش ئازایانە گیانی خۆیان فیدای گەل و نیشتیمان كرد. لەوە دڵنیام كە گەلی كوردستان بەو بەها باڵایانەی كە هەیەتی سەردەكەوێت و شكست و سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی دەمێنێتەوە.
بە پێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا سوپاسی خۆڕاگریی تاك تاكی خەڵكی كوردستان بكەم و هەروەها هەموو ئەو ئازیزانەی لە ئاوارەیی و كەمپەكاندا ژیان بەسەر دەبەن كە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا تەحەمولی قەیران و ناخۆشییەكانیان كرد و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان بوون. پشت بە خوای مەزن و گەلی كوردستان لە ساڵی تازەدا هەموویان بە سەربەرزی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.
31/12/2014
سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە دوایین وتاری فەرمی ساڵی 2014 یدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد و 3 مەرجی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسەیە خستنەڕوو.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا دوایین وتاری فەرمی ساڵی 2014 ی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا باسی لە چالاکییەکانی حکومەتەکەی و پێشهاتەکانی تورکیا کرد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2014 بەتایبەتی و درێژایی ساڵەکە بە گشتی.
داودئۆغڵو لە وتارەکەیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەریش کرد و 3 مەرجی بۆ بەرەوپێشچوونی دانان.یەکەمیان پەیوەندیدارە بە ئاسایشی گشتی، لەو بارەیەوە سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: "پرۆسەی چارەسەری ئەڵتەرناتیڤی ئاسایشی گشتی نییە، هەر چ رووداوێک وەک ئەوەی جزیرە رووبدات ئێمە رێوشوێنی ئەمنی دەگرینە بەر".
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی داودئۆغڵو گشتگیری پرۆسەکە بوو، سەبارەت بەوەش گوتی:" پرۆسەی چارەسەری بابەتی هاوبەشی سەرجەم هاووڵاتیانی تورکیایە، هەر بۆیە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەسەر پرۆسەکە بەرزدەکەینەوە".
لە دوایین مەرجیدا سەرۆک وەزیرانی تورکیا رووی قسەی کردە ئەو کەسانەی پێیانوایە لە هەوڵی گواستنەوەی شەڕدان بۆ نێو تورکیا و گوتی: "رێگە بە کەس نادەین تورکیا بخاتە ناو ئەو ئاگرەی لە چواردەورمانە، چی پێویست بێت لەم بوارەدا دەیکەین".
لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا داودئۆغڵو باسی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی کرد کە چاوەڕێدەکرێت مانگی حوزەیرانی 2015 سازبکرێت و گوتی:" دەنگ بە هەر پارتێک بدەن، گرنگ ئیرادەی میللی و دیموکراسی میللییە".
31/12/2014
میدیا لوبنانییەكان باسی کوژرانی ژن و مێردە لوبنانییەكە لە هەولێر دەكەن و بەهۆی ئەوەی سەرەتا وازانراوە بەهۆی تەقینی غازەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەندە گرنگی بە هەواڵەكە نەدراوە.
ماڵپەڕی لیبانۆن دیبەیت-ی لوبنانی بە پشتبەستن بە گەواهیدانی چەند ئەندامێكی خێزانەكانیان، باسی كوژرانی عەبدولڕەحمان حەموزە و زەحا ریزوان-ی هاوسەری دەكات.
دایكی ژنە لوبنانییەكە دەڵێت، کچەکەی پێش كوژرانی پەیوەندی لەگەڵدا كردووە و گوتویەتی میوانێكیان هەیە، كە زۆر رەزای گرانە و بەنیازیشە شەو لە ماڵمان بمێنێتەوە. دایكەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "كچەكەم گوتی ئەوە مێردەكەم چووە چێشتخانە و ئەو دیارییە دەكاتەوە كە هاوڕێكەی هێناوییەتی".
لەكاتێكدا كچەكەی ئەو رستەیەی بە دایكی دەڵێت، دەنگی تەقینەوەیەكی بچوك دێت و پەیوەندییەكەی دەپچڕێت، دایكەكە لە پەرۆشی كچەكەی چەندین جار پەیوەندی دەكاتەوە و تاوەكو بەیانیش خەوی لێناكەوێت.
رۆژی 25ـی كانوونی یەكەم، كۆمپانیای سۆداكۆ، كە عەبدولڕەحمان تێیدا كارمەند بووە، پەیوەندی بە خێزانەكانییانەوە دەكات و پێیان رادەگەینێت، كە بەهۆی تەقینەوەی غاز ژن و مێردەكە مردوون.
كەسێكی نزیك لە عەبدولڕەحمان، بە میدیا لوبنانییەكانی راگەیاندووە، دوای سەری ساڵ پلەی عەبدولڕەحمان بەرزدەكرێتەوە لە كۆمپانیاكەی، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو بەهۆی ئیرەییەوە كوژرابێت.
عەبدولڕەحمان، كە لە بواری كیما بڕوانامەی باڵای هەبووە، پێش دوو ساڵ لەگەڵ ژنەكەی هاتووەتە هەولێر و لە كۆمپانیای سۆداكۆ بە مووچەیەكی زۆر دەوامی كردووە.
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە توانراوە لەماوەی ٤٨ كاژێر بكوژەكە، کە پێشەی ئەندازیار بووە، دەستگیربكرێت.
پۆلیسی هەولێر هۆكاری رووداوەكەی بۆ بوونی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گەڕاندەوە لە نێوان بكوژ و كوژراوەكان. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر گوتیشی "تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی ٤٠٦ یاسایی سزادانی عێراقی دادگایی دەكرێت".
بڕیارە سبەی تەرمی ئەو ژن و مێردە لوبنانیە لە رێگەی كونسوڵخانەی لوبنان لە هەولێر بگەڕێندرێتەوە وڵاتەكەیان.
رووداو – هەولێر
30/12/2014
ساڵی 2014 روو لە كۆتاییە و دەچینە ساڵی نوێی 2015 . فەلەكناسێكی كورد پێیوایە، ساڵی داهاتوو بۆ كورد ساڵێكی "زۆر باشتر" دەبێت لە 2014 و ئاماژە بە مانگێكی دیاریكراویش دەكات كە كورد تێیدا سوودمەند دەبێت.
ئایار فەلەكی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گشتی ساڵی 2015 بە بەراورد لەگەڵ 2014 ساڵێكی زۆر زۆر خۆشتر و باشتر دەبێت". ئەو فەلەكناسە بەدیاریكراوی دەڵێت "بەبڕوای من نەورۆزی ئەمساڵ تایبەتمەندی خۆی دەبێت و گرینگی خۆی هەیە بۆ كورد".
ئایار فەلەكی بۆ ساڵی 2015 تیشك دەخاتە سەر مانگی 10 و پێیوایە: "مانگی 10 مانگێكی جیاوازە، ئەو مانگە لە مێژووی جیهاندا رووداوی زۆری تێیدا رووداوە لە سیاسەت و شۆڕش و ئابووری و زانستدا، من هەستدەكەم لەو مانگەدا بۆ ئێمەی كورد شتێك روودەدات".
30/12/2014
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دەکرێت ئێران ببێتە هێزێکی هەرێمی سەرکەوتوو، بەمەرجێک لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا رێککەوتنێکی ماوەدرێژ ئەنجامبدات.
ئۆباما راشیگەیاند، ئەگەر بێت و ئێران بگاتە رێککەوتنێک سەبارەت بەپرسی ئەتۆمی وڵاتەکەی، ئەوا دەکرێت ئەو سزایانەی لەسەر کەمبکرێنەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران تووشی شکستێکی گەورە ببێت.
پێشتر جۆو بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کە هیواکان بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران لاوازن و پێناچێت وڵاتان بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام باراک ئۆباما لەکاتی هەڤپەیڤینێکی رادیۆییدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەکرێت لەگەڵ ئێران رێکبکەون و هیوایەک هەیە بۆ ئەوە.
29/12/2014
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند لەسەر بانگهێشتی وەزیری بەرگریی ئێران، ئەمڕۆ (دووشەممە 29-12-2014) وەزیری بەرگریی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سەربازی سەردانی تاران دەكات.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی حەمید دەهقان وەزیری بەرگریی ئێران ئەمڕۆ خالید عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سەربازی سەردانی تارانی پایتەخت دەكات و لەگەڵ وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە كۆدەبێتەوە".
گوتیشی: "ئامانج لەم سەردانەی وەزیری بەرگری بەهێزكردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵاتە، هەروەها باسكردنی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانیش تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی وەزیری بەرگریی عێراق دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی ئێران".
عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لەمیانی سەردانەكەی بۆ عێراق گوتی "هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانای لە ناوبردنی گرووپە چەكدارەكانیان هەیەو پێویستیان بە مەشقپێكردن و ئامادەكردنیان نییە لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە، هەروەها عێراق سەركردەی خۆی هەیەو دەتوانن راهێنان بە هێزەكانیان بكەن بەبێ پەنابردن بۆ پسپۆڕانی وڵاتانی دیكە". دووپاتیشیكردەوە وڵاتەكەی ئامادەیە لەرووی لۆجستی و سەربازیەوە پاڵپشتی عێراق بكات لەشەڕی داعش.
بەپێچەوانەی ئەو قسانەوە، جۆن مەكین سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا لەكاتی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوو، رایگەیاند "سوپای عێراق، سوپایەكی تێكشكاوەو پێویستی بە مەشق و رێكخستنەوەیە"، بەڵام ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و گوتیشی: "پێشمەرگە لە سوپای عێراق بەتواناترە".
rudaw
29/12/2014
پیشە دەستییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژوو و رابردووی کۆنی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵقوڵاون، بەڵام هێشتاش بۆ بەشێک لە خەڵک سەرچاوەی داهات و دابینکردنی بژێوی ژیانن.
پیشە دەستییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رمێنی زۆریان هەیە، بەڵام کرماشان لە هەموو ناوچەکان زیاتر بەو پیشەیە ناوی دەرکردووە.
ئێرە ناوەندێکی فرۆشتنی پیشە دەستییەکانە لە شاری کرماشان، کە تێیدا دەیان بەرهەمی دەستی خراوەتەڕوو. لە چەشەنە جیاوازەکانی رایەخەوە وەکو فەرش و بەڕەوە بگرە تاوەکو تابلۆ فەرش، کەوشی کڵاش، ئامێری مۆسیقی و کەلوپەلی جوانکاری.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بڕی زیاتر لە 2 ملیۆن و 40 هەزار دۆلار، کەلوپەلی دەستساز لە پارێزگای کرماشان هەناردە کراوە، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پیشەدەستییەکانی ئەو پارێزگایە دەڵێت، سێ هێندە زیاتری ئەو بڕە پارەیە کەلوپەلی دەستساز هەناردەکراوە.
زیاترین رێژەی هەناردەکردنیش، جگە لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها وڵاتانی عەرەبی دەورووبەری کەنداو و وڵاتانی ئەوروپایە و لە زۆربەی بازاڕەکانی ئەو وڵاتانەدا پیشە دەستییەکانی پارێزگای کرماشان دەفرۆشرێن.
بەگوتەی بەرپرسانی حکومی لە کرماشان، کەرتی پیشەسازی دەستی لەو پارێزگایە سامانێکی گەورەیە کە دەبێ پەرەی پێبدرێ، بەڵام بەگوتەی ئەو کەسانەی کە ژیانیان لەسەر پیشەی دەستەکانیانە، لایەنە حکومییەکان زۆر هاوکاریان نین بۆ پەرەپێدانی کارەکەیان.
29/12/2014
دانیشتوویەكی شاری هەولێر، كە پیشەكەی ئەندازیارە، ژن و مێردێكی بە رەگەز لوبنانی بە چەكی جۆری ویزە كوشتووەو دوای كوشتنیشان تەرمەكانی لەژووری نوستنەكەیان سووتاندووە.
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە توانراوە لەماوەی ٤٨ كاژێر بكوژەكە دەستگیربكرێت.
پۆلیسی هەولێر هۆكاری رووداوەكەی بۆ بوونی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گەڕاندەوە لە نێوان بكوژ و كوژراوەكان. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر گوتیشی "تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی ٤٠٦ یاسایی سزادانی عێراقی دادگایی دەكرێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کات و چۆنێتی رووداوەکە رووندەکاتەوەو دەڵێ: "تاوانبارەکە لەشەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی ئەم مانگە دەچێتە ماڵی ژن و پیاوە لوبنانییەکە بە بیانووی بردنی شیرینی بۆیان چەکێکی پێشکەوتوو لە جۆری (ویزە) لەگەڵ خۆی دەبات و ھەردووکیان دەکوژێت، دوای کوشتنی ئەو دوو کەسە تاوانبارەکە ھەردووکیان دەباتە ژووری نوستنی ماڵەکە و بەھۆی سۆپای غازەوە ئاگر لە ژوورەکە بەردەدات و ھەردووکیان دەسووتێنێت بە ئامانجی شاردنەوەی تاوانەکەی، بەڵام دوای گواستنەوەی تەرمەکان بۆ پزیشکی دادوەری دەرکەوتووە ئەوانە کوژراون و پاشان سووتێنراون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردو توانرا بکوژەکە کە خۆی ئامادەکردووە بچێتە دەرەوەی وڵات دەستگیربکرێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی ئاشکراکرد، کە "باوکی بکوژەکە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی دەروونی و دایکی مامۆستایە. بەچەکی باوکی کە لە جۆری (ویزە) بووە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە".
بڕیارە سبەی تەرمی ئەو ژن و مێردە لوبنانیە لە رێگەی كونسوڵخانەی لوبنان لە هەولێر بگەڕێندرێتەوە وڵاتەكەیان.
rudaw
30/12/2014