ئەو رۆژنامەنووسە هۆڵەندییەی لەلایەن هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لە ئامەد دەستگیركرا، هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "زۆرترین پرسیاریان لەبارەی ئەو چاوپێكەوتنە لێكردم كە لەگەڵ جەمیل بایك ئەنجاممدابوو".
رۆژی سێشەممە 06/01/2014 رێدریكە گیردینك، رۆژنامەنووسی هۆڵەندی كە لەساڵی 2006ـەوە لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان نیشتەجێیە، دوای ئەوەی ماڵەكەی پشكنرا تۆمەتی "تیرۆر"ی دەدرێتەپاڵ و دەستگیركرا.
گیردینك دوای ئازادكردنی بە كەناڵی CNNturk ی راگەیاند: "ماوەی كاژێرێك یان زیاتر ماڵەكەمیان پشكنی، هەشت پۆلیس و ژنێك بوون، دواتر منیان بردە بنكەی پۆلیس و زۆرترین پرسیاریان لەبارەی ئەو چاوپێكەوتنە لێكردم كە لەگەڵ جەمیل بایك، (هاوسەرۆكی كۆماجڤاكێن كوردستان) ئەنجاممدابوو، لە وڵامدا گوتم، زۆر رۆژنامەنووسی دیكەش چوون و چاوپێكەونیان لەگەڵ كردووە".
هەروەها دەڵێ: "نە بەبێ یاسایی لە سنوور پەڕیومەتەوە، نە شتێكی نایاساییم كردووە، هەر شتێك دەكەم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویان دەكەمەوە".
هەروەها ئاشكرای دەكات بێرت كۆندەرێس، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە توركیا بووە و بەوهۆیەوە زیاتر هەستی بە ئارامی كردووە، ئاماژە بەوەش دەكات: "بەختم هەیە، چونكە هاووڵاتییەكی هۆڵەندیم و هەر كات بمەوێ دەتوانم بڕۆم، بەڵام من توركیا بەجێناهێڵم، كێشەكە لەسەر ئەو رۆژنامەنووسە تورك و كوردانەیە، ئێرە وڵاتی ئەوانە، بەڵام رەوشەكە بۆ ئەوان زۆر خراپترە".
rudaw
7/1/2015
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند:'' لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بە هاوکاری حەشدی شەعبی توانرا ناوچەی ئەبو ناسڕ لە نزیک گوندی ئەلسەجارییەی رۆژهەڵاتی روومادی کۆنترۆڵ بکەنەوە، لەو ئۆپەراسیۆنەشدا دەیان چەکداری داعش کوژراون''.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت:'' دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە هێزەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب گەڕەکەکانی ناوچەکەیان لە بۆمبی چێندراو پاککردەوە و لەماوەیەکی نزیکدا کار بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکی ناوچەکە دەکرێت''.
فڕۆكە جەنگییەکانی عێراق و هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان چەند رۆژێکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای روومادی دەستپێکردووە کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆدراوە.
6/1/2015
لە دوای ئەو گردبوونەوەیەی خەڵکی کۆریای باكوور بۆ پاڵپشتیکردن لە کیم جۆنگ ئوی سەرۆکی وڵاتەكەیان ئەنجامیاندا، پارک گیون هی، سەرۆکی کۆریای باشوور داوای لەو وڵاتە کرد کە بە خێراترین کات دەست بە دانوستاندنەکان بکەن بۆ پێکهێنانی کۆریایەکی یەکگرتوو و داوایکرد بە زوترین کات کۆببنەوە و قسەکان بخەنە بواری پراکتیکەوە.
بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی کۆریای باکوور بۆ پاڵپشتیکردن لەو قسانەی کە کیم جۆنگ ئوی سەرۆکی کۆریای باکوور لە سەری ساڵی تازە کردنی و یاساو رێساکانی کۆریای باکوور گردبوونەوەیەکی گەورەیان پێک هێنا.
کیم جۆنگ ئوی، سەرۆکی کۆریای باکوور كە بە "گەنجە دیكتاتۆرەكە" ناسراوە، لە سەری ساڵی تازەدا رایگەیاند، بە تەواوی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆریای باشوور ئاسایی دەکەنەوە و لە ساڵی 2015 دەست بە دانوستاندن دەکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو کۆریا باشترببێتەوە و کۆریایەکی یەکگرتوو پێکبهێنن ، ئەو رایگەیاند هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو بنەماڵانەی کە لە ئەنجامی دابەشبوونی کۆریاوە لە یەکدی جیابوونەتەوە دووبارە یەک بگرنەوە. خەڵکی کۆریای باکووریش بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە قسەکانی سەرۆکی وڵاتەکەیان بە دەیان هەزار کەس لەو وڵاتە کۆبوونەوە و پاڵپشتیان لە قسەکانی کیم جۆنگ ئو کرد.
هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کۆبوونەوە و راستەوخۆ دوای قسەکانی کیم جۆنگ ئو دەستیان بە دانوستاندن كردووە و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پێکهێنانی کۆریایەکی یەکگرتوو.
کۆریا لە جەنگی ساڵانی 50ــاکان بۆ هەردوو کۆریای باکوور و کۆریای باشوور دابەشبوو، لەو کاتەوە تا ئێستا خەڵکی هەردوو کۆریا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە یەکەوە نەکردووە و تەنانەت هەندێک بنەماڵە هەن کە تا ئێستا یەکتریان نەبینیوەتەوە و هیواخوازن ئەم هەنگاوەی سەرۆکی کۆریای باکوور بە یەکیان بگەیێنێتەوە.
6/1/2015
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا وەکو حیزب بەشداردەبن نەوەک بەشێوەی سەربەخۆ، گوتیشی، بەربەستی لەسەدا 10ی هەڵبژاردنەکانی تورکیا تێدەپەڕێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە دەمیرتاش لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتەدا کە لە ١٠ی ئابی ساڵی رابردودا بەڕێوەچوو، تەنیا لەسەدا 9.7ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، توێژەران و رۆشنبیرانی باکووری کوردستانیش ئەو بڕیارەی هەدەپە بە مەترسیدار دەزانن.
6/1/2015
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پنتاگۆن" دواخستنی پلانی ناردنی 1500 سەربازی دیکەی ئەمریکی بۆ عێراق راگەیاند و هۆکارەکەشەی بۆ رازینەبوونی کۆنگرێس گەڕاندەوە بەهۆی نەبوونی بودجە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2015 رایگەیاند:" فەرمانی ناردنی 1500 سەربازی دیکەی ئەمریکی بۆ عێراق بەهۆی رازینەبوونی کۆنگرێس و نەبوونی بودجە، دەرنەچووە".
کێربی ئاماژە بەوە دەدات "پێدەچێت پنتاگۆن لەگەڵ ناردنی ئەو هێزە بێت بۆ عێراق لەساڵی 2015، بۆ ئەو مەبەستەش ژەنەرال لوید ئۆستن، بەرپرسی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا پشت بەو یەکانە دەبەستێت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیان".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوە كرد سوپای وڵاتەكەی بەردەوام بەدوای هێزی کاردا دەگەڕێت بە پلانی ئامادەبوونی لە عێراق، کە ئێستا 1600 سەرباز لە هێزەکانی لەرووی راوێژپێدان و پارێزگاریکردن خزمەتی وڵاتەکە دەکەن.
رۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2014 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری ناردنی 1500 سەربازی دیکەی وڵاتەکەی بۆ باشووری کوردستان و عێراق دەركرد. باراک ئۆباما بڕیاریدا 1500 سەرباز و راوێژکاری سەربازی بۆ مەشقپێکردن و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بنێرێتە باشووری کوردستان و عێراق، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.
ژەنەرال تیری، سەرپەرشتیاری هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی دەوڵەتی داعش، لە 8ی دیسەمبەری 2014 بۆ رۆژنامەنووسان کە یاوەری چاک هیگل، وەزیری بەرگرییان لە کوەیت دەکرد، دووپاتیکردەوە:" هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیمانی ئەوەیان داوە کە 1500 سەرباز بۆ عێراق بنێرن".
تیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو "ئەو 1500 سەربازە بە مەبەستی مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها پێدانی راوێژ لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەنێردرێنە عێراق". گوتیشی،" لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی نزیک بگەن".
6/1/2015
لە رۆژی 3/8/2014، داعش هێرشیكردە سەر دەڤەری شنگال و ناوچەكانی سەر بەو قەزایە، هەزاران كوردی ئێزدی ئەو دەڤەرە، لە ترسی داعش خۆیان گەیاندە چیای شنگال و ماوەی چوار رۆژ ئەو خەڵكە و ژمارەیەك پێشمەرگە و جەنگاوەری ئێزدی لەو چیایە گیریان خوارد. بەهۆی جوگرافیای شنگال و نزیكی و هاوسنووریی لەگەڵ روژئاوای كوردستان، گەریلاكانی هێزی پاراستنی گەل HPG كە باڵی سەربازیی PKK یە و شەڕڤانانی YPG، هاتنە ناوەوە و دواتر لەگەڵ هێزێكی پێشمەرگەدا، لە تەنیشت سنوونێ رێگەیەكیان بۆ رزگاربوونی خەڵكەكە بۆ پارێزگای دهۆك، لەگەڵ رۆژئاوای كوردستاندا كردەوە .
بەهۆی بڕیاری PKK لەسەر بایكۆتكردنی (رووداو)، هیچ بەرپرسێكیان ئامادە نەبوون بە ئاشكرا لێدوان بۆ (رووداو) بدەن، بەڵام لە كۆتاییدا بەرپرسێكی YPG رازیبوو بەبێ بڵاوكردنەوەی ناوەكەی، قسە بكات و بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی YPG ، زۆربەی ئێزدیەكانی ئەو ناوچەیە ئێستا بوونەتە لایەنگری ئەوان، ئەو دەڵێت "ئێستا زۆربەی ئێزدییەكان لەگەڵ ئێمەن. ئەوان داوایان لە ئێمە كردووە كە هاوكارییان بكەین و بەجێیان نەهێڵین
ئەو بەرپرسەی YPG لە بەرزترین خاڵی سەرچیای شنگال كە پێیدەڵێن عامودێ، گوتی "مەبەستی هاتنی ئێمە ئەوە نییە لێرە بمێنینەوە، هاتووین شنگال لە هەموو چەتەكانی داعش پاك بكەینەوە، پاشان كانتۆنێكی وەك جزیرێ و عەفرین لێرە دروستبكەین، ئەوكاتە ئەو كانتۆنە خۆی بڕیاردەدات سەر بە حكومەتی عێراق بێت، یان كوردستان".
بەرپرسەكە باسی هێزەكانی خۆیانی كرد لە شنگال و گوتی "ئێستا نزیكەی 500 گەریلا لە هێزەكانی YPG، YPJ، YBS و HPG لەناو شنگالدا بەرخۆدان دەكەن. زۆربەی ئەو هێزانە لە هێڵی پێشەوە لە شەڕدان، هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگالیش وەك كۆبانێ لە پشت هێزەكانی ئێمەوە بە چەكی گران، هاوكاری هێزەكانی ئێمە دەكەن".
ئەو بەرپرسەی YPG باسی پلانەكانی داهاتوویان دەكات و دەڵێ "جگە لە شنگال خەڵكی زۆر ناوچەی دیكەی باشووری كوردستان لەگەڵ ئێمەدان. لە ناوچەی قەندیل خەڵك لەگەڵ ئێمەدایە، دەمانەوێت لە قەندیل و سلێمانیش كانتۆن دروستبكەین. ئێستا ئێمە خەریكی شنگالین، دوای شنگال دەچینە قەندیل و سلێمانیش".
دوای رووخاندنی دەسەڵاتدارێتی سەدام لە نیسانی 2003 دا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خاوەن بەهێزترین و فراوانترین هێزی جەماوەری، لەو ناوچەیەدا بووە هێزی باڵادەست، لەسەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە دەڤەری شنگال كراون، پارتی زیاتر لە 80%ی دەنگی هێناوە. قاسم شەشۆ كە بەرپرسێكی پارتییە و سەرپەرشتی جەنگاوەرانی ئێزدی دەكرد لە چیای شنگال لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی دیكەی كوردی ئێزدی لە ناوچەكەدا دەڵێت "راستە لە سەرەتای رووداوەكانی شنگال، بەهۆی هاوكاریكردنی كوردی ئێزدی، بەشێك لە خەڵكی شنگال مەیلیان بەلای هێزەكانی PKK دا شكایەوە، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەو خەڵكە گۆڕاون و هاتوونەتەوە ناو پارتی".
قاسم شەشۆ، كە خۆیشی كوردێكی ئێزدییە سەبارەت بە داوای PKKبۆ كردنی شنگال بە كانتۆن، بە (رووداو)ی گوت "ئەو شتەی PKK بیری لێدەكاتەوە خەونە، چونكە شنگال لە هەموو روویەكەوە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە"
قاسم شەشۆ، باسی تێڕوانینی پارتی كرد، دوای دەرهێنانی شنگال لە دەستی داعش و گوتی "هیچ پارتێكی سیاسی ناتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی شنگال بدات جگە لە خەڵكی شنگال، ئێمە وەك پارتی لەگەڵ ئەوەداین كە شنگال وەك هەڵەبجە و بە رێگەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێتە پارێزگایەكی سەر بە هەرێمی كوردستان".
قاسم شەشۆ كە زیاتر لە چوار مانگە لە چیای شنگالە دەڵێت "هێزی YPGزۆر نین، لەوانەیە كەمتر لە 200 كەس بن، سێ بەشی ئەو هێزەشیان لە رۆژئاوای كوردستان هێناوە، بەشێكی كەمیان كوردی ئێزدین".
جگە لە شنگال ئەو بەرپرسەی YPG باسی قەندیل و سلێمانیشی كرد، كە بكرێتە كانتۆن، كە ئێستا PKK ناوچەی قەندیلی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە یەكێك لە ناوچەكانی (هەرێمەكانی پاراستنی میدیا) ناودەبات .
بەڵام نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت "من تێناگەم بۆ ئەوان كانتۆن لە شنگال و قەندیل و سلێمانی دروستدەكەن، چونكە ئەمە سنوورێكی دیكەیە، ئەمە عێراقە، هەتا لە رۆژئاوای كوردستانیش ئەگەر ئەو كانتۆنانە نەكەونە ناو دەستووری سووریا، نایاسایی دەبن".
6/1/2015
سەرنجڕاكێشانی كەسێك لە ماوەی تەنیا شەش چركە، سەختە، بەڵام ئەی ئەگەر پێویستبوو لە ماوەی تەنیا شەش چركە سەرنجی ئەو كەسە رابكێشی، بەبێ ئەوەی تۆی لێوە دیاربێت؟ لەوانەیە بڵێی ئەمە شتێكی مەحاڵە؟
ئەگەر تۆ بتەوێت كارێك بەدەستبهێنیت و سی ڤییەكت هەبێت، كە بەباشی نووسیوتە، ئەوەندە مەحاڵ نابێت كە سەرنجی بەڕێوەبەری داهاتووت رابكێشیت.
CV كورتكراوەی Curriculum Vitaeـی لاتینییە و بەو نووسراوە دەگوترێت، كە تێیدا شارەزایی و ژیانی پیشەیی كەسێكی تێدا نیشاندەدرێت.
تینا نیكۆلای، بەرێوەربەری ماڵپەڕی نووسەرانی "CV"، چەند ئامۆژگارییەكی هەیە بۆ ئەوەی سیڤی بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵ بنووسرێت و سەرنجڕاكێشبێت.
زانیاری دەربارەی پەیوەندیكردن
هەرچەندە وەكو شتێكی روون دیارە، بەڵام زۆر جار ئەو كەسانەی "CV" دەنووسن یان ئەوەتا زیانیاری پەیوەندی پێوەكردنیان بیر دەچێت، یان ئەوەندە دەنووسن، كە سەر لەو كەسانە دەشێوینن كە دواتر چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكەن، باشترین چارە ئەوەیە، تەنیا یەك ژمارەی مۆبایل، یەك ئەدرێسی ئیمەیڵ بنووسی و بەروونی بۆ خاوەن كارەكان دەربخەیت، كە چۆن پەیوەندیت پێوەبكەن.
ئەو شتانەی تێیدا سەركەوتووبوویت
ئەو كەسانەی سەیری سیڤییەكەت دەكەن پێویستییان بەوەیە بزانن بەهێزیی تۆ لە چی كارەكەتدایە و بە چ شێوەیەك دەتوانی كارەكەی ئەوانیش بەرەو پێشەوە ببەیت.
مێژووی كارەكانی پێشووت
سی ڤییەكەت هەرچۆنێكبێت دەبێت ئەوە بزانیت، كە پێویستە مێژووی كارەكانی پێشووتیان نیشانبدەیت، بەڵام هەوڵبدە ئەوەی باسی دەكەیت سەرنجڕاكێشبێت و لەگەڵ ئەو كارە بگونجێت، كە تۆ سی ڤیت بۆ ناردووە.
ژمارە
بیرت نەچێت سیڤییەكەت ژمارەی تێدابیت، واتا بە خاڵ شتەكان دیاری بكە بۆ ئەوەی بۆ ئەو كەسەی سی ڤییەكەت دەخوێنێتەوە زانیارییەكان روونترببینێت.
لینك دابنێ
نموونەی كارەكانی پێشووت نیشانی خاوەن كارەكانی داهاتووت بدە. لینكی نموونەی ئەو كارانە لە سیڤییەكەتدا جێگا بكەوە بۆ ئەوەی بزانن چەندە لە كارەكەتدا لێهاتووییت هەیە.
ئەو زانیارییەت بیرنەچێت ، كە كەم لە زۆر باشترە لە سیڤی، واتا هەوڵبدە زانییارییەكان بە كەمترین وشە نیشانبدەیت.
rudaw
5/1/2015
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرەخۆشی لە هادەپ دەکات، بە بۆنەی کۆچی دوایی یەکێک لە ئەندامەکانی.
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هادەپ، پرسە و سەرەخۆشی خۆی گەیاندە ئەو پارتە کوردییە بە بۆنەی کۆچی دوایی موراد بۆزلاک، پەرلەمانتاری کورد لە ریزی هادەپ لە پەرلەمانی تورکیا.
لە تورکیا هەرچەند گرژیی و ناکۆکی لە نێوان سیاسییەکان هەبێ، بەڵام لە کاتی بۆنەی نیشتیمانی و پرسەدا پەیوەندی گرێ دەدەن.
5/1/2015
بەرپرسی مەڵبەندی پارتی دیموکراسی گەلان لە ئیستەنبوڵ رایدەگەیێنێت ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و دەڵێت:" تاوەكو ئاپۆ ئازادنەکرێت هیچ پرۆسەیەک قبوڵ ناکەین".
رۆژی 4-1-2014، پارتی دیموکراسی گەلان HDP کۆنگرەی ناوچەیی خۆی لە ئیستەنبوڵ سازکرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی ئەو پارتە بەڕێوەچوو، ئەمروڵڵا بینگۆل، بەرپرسی مەڵبەندی ئیستەنبوڵی ئەو پارتە گوتارێکی پێشکەشکرد.
بینگۆل لە گوتارەکەیدا باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "با پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەییب ئەردۆغان و دۆست و دوژمن باش بزانن، گەورەترین داوای ئێمە ئازادی ئۆجەلانە و هەتا ئاپۆ ئازاد نەکرێت بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی چارەسەری جێگەی قبووڵ نییە". هەروەها گوتیشی،" ئازادكردنی ئۆجەلان نزیکە".
لە هەمان رێوڕەسمدا دەمیرتاشیش گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند کە بەو نزیکانە گۆڕانکاری یەکلاکەرەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن و گوتی:" دەبێت خۆمان لەسەر چارەنووسی خۆمان بڕیاربدەین لەو گۆڕانکارییە یەکلاکەرەوانەدا".
4/1/2015
ئێران رایدەگەیێنێت17 نووسینگەی کەناڵی ئاسمانیان داخستوون کە دروستکراوی "دوژمنانن بەناوی شیعە" و ئەو کەناڵانەش لەپێناو بڵاوکردنەوەی رۆحی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان موسڵماناندا كاریان كردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا" لەسەر زاری پور فەلاح، یاریدەدەری وەزیری ئەمنی ئێرانی بۆ کاروباری ناوخۆ گواستوویەتیەوە، کە "سەرکردەی شۆڕشی ئیسلامی پاڵپشتی لە یەکێتیی موسڵمان لە نێوان سوننە شیعەدا دەکات و داواشدەکات دوورکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی رۆحی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان موسڵماناندا، لەسەر ئەمەش دەستمان بە داخستنی 17 نووسینگەی کەناڵی ئاسمانی کرد، کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانیاندا رۆحی دووبەرەکی و فیتنەو ناکۆکییان لە نێوان موسڵماناندا بڵاودەکردەوە".
فەلاح ئەوەشی گوتووە کە "دوژمنانی ئێران لە رێگەی ئەو جەنگە سەپێندراوەی سەر ئێران شکستیان هێناوە، ئەمڕۆ هاتوون جەنگێکی نەرم لە بەرامبەری بەکار دەهێنن و رۆحی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان موسڵماناندا بڵاودەکەنەوە وەکو یەکێک لە کەرەستەکانی جەنگ، بەڵام رێگەیان پێنادەین ئامانجەکانیان بهێتەدی لەم جەنگە".
4/1/2015
یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر نووسەرێک تۆماردەکات، بەهۆی ئەوەی "سووکایەتی" بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە تۆڕی میدیایی رووداو، رایدەگەیەنێت، کە سکاڵای یاسایی لەسەر حەمەسەعید حەسەن، نووسەر تۆمار دەکات، چونکە "لە یادی مەولودی پێغەمبەری سەروەر، پۆستێكی پڕ لە سووكایەتی بەرامبەر ئەو سەروەرە" بڵاوکردووەتەوە.
ئەمڕۆ حەمەسەعید حەسەن لە پەیجی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلامی بە پێغەمبەری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ناوبردبوو و نووسیبووی، "سڵاو هاوڕێیانی فەیسبووک، هەر کەسێکتان رێکلام بۆ پەیامبەری داعش بکات، بلۆکی دەکەم".
یەکێتی زانایان پێیوایە ئەم هەڵوێستەی حەمەسەعید حەسەن، "بێرێزیكردنە بەرامبەر خەڵكی كوردستان و هەرەشەیەكی مەترسیداریشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی".
هەروەها یەکێتی زانایان، لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، کە تاوەکو "یاسا رێچكەی خۆی بگرێتە بەر"، بڕیاریانداوە "بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم پرسە دوور لە بەرپرسیارێتییە بكەین".
4/1/2014
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، كە جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە، کە وێڕای ناكۆكییەكانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ ، كیری و لاڤرۆڤ بیروڕایان دەربارەی پێشهاتە نوێیەكانی ئۆكراینا و ئەگەرەكانی دەستپێكردنی گەڕی چوارەمی دانوستاندنی نێوان ئۆكراینا و جوداخوازەكان گۆڕیوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لاڤرۆڤ لەگەڵ كیری دەربارەی پێشهاتە نوێیەكانی سووریا گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتی لەسەر كۆبوونەوەكانی مۆسكۆ لە نێوان حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، كە بە نێوەندگیری رووسیا لەكۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجامدەدرێت.
جگە لە جیاوازییەكان لەسەر ئۆكراینا و سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریكا و رووسیا بەهۆی دۆسیەی فەڵەستینەوە ناكۆكی كەوتە نێوانیان، كاتێك رووسیا دەنگی لە بەرژەوەندی پڕۆژە بڕیاری فەڵەستینییەكاندا، بەڵام ئەمریكا دژی وەستایەوە.
3/1/2015
فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمان ئەمڕۆ 23 هێرشیانكردە سەر هێزەكانی داعش لە كوردستان و عێراق و سووریا .
ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانان رایگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكان ئەمڕۆ 23 هێرشی ئاسمانییان دژی هێزەكانی داعش ئەنجامداوە .
لە راگەیێندراوەكەی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیماناندا هاتووە كە ئەمڕۆ فڕۆكەكان 12 هێرشی ئاسمانییان لە شارەكانی كۆبانێ ، رەقە و حەسەكە لە سووریا ئەنجامداون ، كە تێیدا ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان ، بەرەكانی پێشەوەی چەكدارانی داعش و بنكەیەكی گەورەی داعش لەو هێرشانەدا كرابوونە ئامانج.
هەروەها 11 هێرش لە عێراقدا ئەنجامدراون دژی هێزەكانی داعش لە دەوروبەری شارەكانی تاجی ، عەین ئەسەد ، فەلوجە ، بێجی ، قائیم و موسڵ . لەو هێرشانەدا ئۆتۆمبێلی چەكدارانی داعش ، چەكە قورسەكانیان و مەرجەبی چەكی داعش كرانە ئامانج .
rudaw
3/1/2015
کۆمەڵێک گەورە زانا و دانای جیهان، پێناسەی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا (د. خ.) دەکەن و زۆربەیان بە پیاوێکی گەورەی مرۆڤایەتی دەیناسێنن.
گاندی:
ویستم کەسێک بناسم، کە بەبێ کێشە دڵی هەزاران کەسی داگیرکردبێت، بۆم دەرکەوت، کە محەممەد ئەو کەسەیە و لە رێگەی سادەیی، راستگۆیی و دڵسۆزی بۆ پەیامەکەی و هەروەها ئەخلاقێکی زۆر بەرز، کە لەو پیاوەدا هەبوو، دڵی خەڵکی داگیرکردووە.
فەیلەسووفی فەرەنسی لامارتین:
ئەگەر بێتو پێوەرەکانی دیاریکردنی کەسانی ناوازە دیاریبکەین بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی، ئەوا هیچ کەس جورئەت ناکات بڵێت، من لە محەممەد داهێنەرتربووم، چونکە ئەو خۆشەویستییەکی هەمیشەیی بەسەرزەویدا بڵاوکردەوە و داهێنەرەکانی دیکە چەک و داگیرکارییان بەدوای خۆیاندا هێنا.
تۆڵستۆی:
تەنها ئەوەندە بەسە بۆ محەممەد، کە شەیتانی لە میللەتەکەی دوورخستەوە و لە زەلیلی رزگاریکردن.
بێرناردشۆ:
محەممەد پیشڕەوی ئایینێک دەکات، تاهەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە. رۆژێکیش دێت لە کیشوەرەکەی مندا ئایینەکەی ئەو پانتاییەکی زۆر دەگرێتەوە.
ئێدوار مۆنتێیە:
محمەمەد عاقڵترین پیاوی عەرەب بووە لە مێژوودا.
شاعیری فەڕەنسی لامارتین:
گەورەترین رووداو لە ژیانی مندا خوێندنەوەی ژیاننامەی محەممەد، پێغەمبەرەی ئیسلام بوو، دەرکم بە گەورەیی و نەمریشی کرد.
گۆتە، شاعیری ئەڵـمانی:
لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بۆ باڵاترین مرۆڤ گەڕام، پێغەمبەرێکم دۆزییەوە ناوی محەممەد بوو.
١٢ی بەفرانباری١٣٩٣ی هەتاویی
٢ی ژانویەی ٢٠١٥ی زاینی
پرۆفیسۆر و ئهکادێمیسیهنی مارکسیست کۆرکوت بۆراتاڤ، کورد به "گهلێکی بێ وڵات" وهسفدهکات و ئاماژه بهوه دهکات، که له داهاتوودا "نهک یهک دهوڵهت، بهڵکو چهند دهوڵهتێكی کوردی دەبینین".
لهمیانی بهشداریکردنی له کۆڕی سیاسی سهربهخۆ، کۆرکوت بۆراتاڤ ههڵسهنگاندنی بۆ داهاتووی سیاسی تورکیا و رۆژههڵاتی ناوهڕاست کرد. له وهڵامی پرسیارێکدا تایبهت بە پهیوهندییهکانی تورکیا لهگهڵ کورد، بۆراتاڤ گوتی: "باشووری کوردستان دووهم وڵاته لهدوای ئهڵمانیا که قهبارهی بازرگانی و ئابووری فراوانی ههبێت لهگهڵ تورکیا، ئهمهش گرنگی ههردوو لایهن بۆ یهکتر دهردهخات".
سەبارەت بە پرۆسهی ئاشتیی لە تورکیا، کە ئایا چی کاریگهرییهکی لهسهر پرسی کورد له تورکیا و پهیوهندی سیاسی نێوان تورکیا و باشووری کوردستان دهبێت، بۆراتاڤ بهم شێوهیه وهڵامی دایهوه:
"ئهگهر سهیری جوگرافیای سیاسی رۆژههڵاتی ناوهڕاست بکهین، له داهاتوودا نهک یهک دهوڵهت، بهڵکو چهند دهوڵەتێکی کوردی دهبینین. بۆ ئهوهی چهند دهوڵهتێکی کوردی ببینین دهبێت چاوهڕوانی کۆمهڵگەیهکی سۆسیالیستی له رۆژههڵاتی ناوهڕاست بکهین و کورد سوود لهمه وهربگرێت. ئهمڕۆ رۆژههڵاتی ناوهڕاست بهرهو سۆسیالیستبوون دهچێت. باشووری کوردستانیش که کاندیدێکی بههێزه له ناوچهکه بۆ ئهوهی ببێت به دهوڵهت، بهڵام ههنگاو بهرهو سۆسیالیستبوون نانێت. ئهگهر بیهوێت ببێت به دهوڵهت نابێت پشت به تورکیای ئاکپارتی ببهستێت و دەبێت ترسی لهو کۆسپانه هەبێت که تورکیای ئاکپارتی بۆی دروستبکهن له داهاتوودا".
rudaw
3/1/2015